لە بەشی چوارەمدا باسێکی دراو (پارە) دەکەین، کە دەبێتە دوو بەشەوە “دراوی دەستی-ملموس و دراوی ئەلیکترۆنی”
“پارە (دراو) چیە؟”
پارە یان یەکەی ئاڵوگۆڕکردن بە Money( مال، فلوس یان نقود ) ناو زەددەکرێت (سیستمێکی بەهایە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا). بریتییە:- لە هەر شتێک یان تۆمارێکی پشتڕاستکراوە کە بەگشتی وەکوو پارەدان بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و گەڕاندنەوەی قەرزەکان، وەکوو باج، لە وڵاتێکی دیاریکراو یان چوارچێوەی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا وەرگیراوە. بە دریژایی مێژوو دەسەڵاتە خۆجێیەکان و حکومەتەکان شێوەی جیاوازی پارەیان گرتە بەر وەک زێر زیوو دراوی کانزایی تر. مێژووی دروستبوونی دراو وەك پرسیارێکی ئاشکرانەکراو لەلای زۆرێك لە خەڵکی ماوەتەوە، نەك پرسیارێکی پەراوێز خراو، بەڵکو نەبوونی دەرفەت بۆ دەستکەوتنی وەڵامێك دەربارەی هۆکاری دروستبوونی دراو، یان ئەو ڕووداوانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی دراو. یەکەم بیرۆکەی دروستبوونی دراو تا نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بوو کە گەلی میزۆپۆتامیا “شیکلیان” دروست کرد کە بە یەکەم جۆری ناسراوی دراو دادەنرێت. مێژووی دراوی زێڕ و زیو دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵانی ٦٥٠ بۆ ٦٠٠ـی پێش زایینی، کاتێک پارەی مۆرکراو بۆ پارەدانی سوپاکان بەکاردەهێنرا. هەندێک بەڵگە ئەوە پیشان دەدەن کە ڕەنگە پارە کانزاییەکان تەمەنیان بگاتە ١٢٥٠ ساڵی پێش زایینی.
پاشان لەلایەن چینییەکانەوە دراو سەریهەڵداوە، دایناستێکا لەنێوان ساڵانی (٦١٨ بۆ ٩١٧) پێش زاین هەستیان بە گرنگیبوونی کاڵایەکی هاوبەشکردووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەرهەمەکانیان، ئەمەش ڕزگاربوونە لە وەرگرتنی کاڵایەکی ناچار بەرامبەر بەرهەمێكی دی. لە نیوەی دووەمی سەدەی یەکەمی پێش زایین، سوود لە درەختی شاتوو وەرگیراوە بۆ دروستکردنی کاغەز بەشێوەیەکی بەرفراوان، بەڵام ئەم هەوڵە بۆ وەبەرهێنانی کاغەز کورتخایەن بوو، کاتێك نەتوانراوە پەڕاوێکی دروست لە گەڵای ئەم جۆرە درەختە دروستبکرێت، پاش سوودوەرگرتن لە درەختی دی، کاغەز بەشێوەیەکی باشتر دروستکراوە کە بۆ مەبەستی جودا بەکارهێندراوە، یەكێك لە بەکارهێنانە گرنگەکانیش دروستکردنی دراو بووە. شێوازی قەدکردنی دراوی کاغەزیش دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەی چینیەکان تاکو کەمترین شوێن لەناو گیرفانەکاندا بگرێت. لەنێوان ساڵانی 960 بۆ 1276 لەسەردەمی سۆنگ دایناستی بازرگانی لەنێوان ناوچە جوداکانی چین گەشەی کردووە، سەرباری مامەڵەکردنی دراو لەنێوان چین و شوێنەکانی تر بەشێوەیەکی بەرچاو.
لەپاش ئەم گەشەکردنە، دراوی مس دروستکراوە تەنها بۆ مامەڵەی بچووك بەکار نەهاتووە، بەڵکو چەندین جۆر دراوی فرە شێوە دروستکراوە و هەریەکەیان نرخی جیاوازی هەبووە. لەلایەکی ترەوە دراوی کاغەز بەردەوامبووە لە گەشەکردن، هۆکاری گەشەکردنەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەخشاندنی دراوەکە بە مۆرك و وێنەی تایبەت، مۆرك یان دروشمی جودای لەسەر نەخشێندراوە و ئەمەش دواتر گەشەیکردووە بۆ دەربڕینی ماکە گرنگەکانی ئەو وڵاتە لەسەر دراوەکان. نرخی دراوەکان سەرەتا بەشێوەیەکی زیادەخۆ دروستکراوە، بۆ نموونە، بەشێك لە دراوەکان بە بەهای (100، 200، 300) زیادیکردووە، بەها بچووکەکان بەشێوەی گۆڕینەوەی کاڵا ماوەتەوە، بەڵام دواتر ئەم کێشەیە چارەسەرکراو بەهای بچووکتر بۆ دراوەکان دروستکراوە. پێش ئەوەی پارە دابهێنرێت، خەڵک ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزارییان دەکرد کاتێک پارە نەبوو، خەڵک بازرگانییان بە کاڵا و خزمەتگوزارییەوە دەکرد بەو شتانەی کە پێویستیان بوو. ڕەنگە جووتیارێک ئاژەڵ بە سەوزە بگۆڕێتەوە، لە کاتێکدا جووتیارێکی تر دەتوانێت دار بە ئاژەڵ بگۆڕێتەوە. ئەم مامەڵانە بنەمای سەرەتایی ئابووری مۆدێرنمان بوون و لێرەوە بەرەوپێشچوون و بوون بەو پارەیەی ئەمڕۆ دەیناسین. لە کوردستانی خۆشماندا تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش ئاڵوگۆڕ باو بووە ئەو ناوچانەی کە شاخاوی بوونە و کشتووکاڵی دانەوێڵەی تیادا نەبووە خەڵکی بە باخداریەوە خەریک بوونە بەرووبوومی باخەکانیان بە دانەوێڵەی گەنم و جۆ لەگەڵ ناوچە گەرمە سێرەکان ئاڵوگۆڕ پێ کردووە وە لەناوچەکانی گەرمیانیش ئاڵوگۆڕی ئاژەڵیان بە میوە و بەرهەمە خۆراکیەکانی تر کردووە. مێژووی ئاڵوگۆڕکردن دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠٠ساڵ پێش زاین. کاتێک هۆزەکانی میزۆپۆتامیا چەمکەکەیان بە فینیقییەکان ناساند. لە نەبوونی پارەدا کەلوپەل بە یەکتری ئاڵوگۆڕ دەکرا، لەوانە شتگەلێکی وەک چا، خوێ، چەک و خواردن. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئاڵوگۆڕکردن بەردەوام لە پەرەسەندندا بوو، ئەمریکییە داگیرکارەکان بازرگانییان بە پێست و بەرهەم و تفەنگەوە دەکرد.
“دراوە کاغەزییەکان”
دراوی کاغەزی دراوی فەرمیی هەر دەوڵەتێکە لە ئێستادا، ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت بۆ مەبەستی پەیوەست بە کاڵا و خزمەتگوزارییەکانەوە، زۆربەی کات چآپکردنی دراوە کاغەزییەکان لە لایەن بانکی ناوەندی (خەزێنە)ـی وڵاتەکەوە ڕێکدەخرێت بۆ پارێزگاریکردنی لە دەرچوونی پارە بەپێی ئەو سیاسەتە داراییەی کە وڵات پەیڕەوی دەکات، هەروەها دراوە کاغەزییەکان هەمیشە پەرەپێدان بە خۆیانەوە دەبینن لەو بەشە نوێیانەی کە دەردەچن لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دانانی هۆکارەکانی سەلامەتی بۆ دراوەکە و سەختکردنی کاری ساختەکاران بۆ دروستکردنی کۆپیی ساختەکراو لە پارەکە. دەوڵەتە گەورەکان هەڵدەستن بە دروسکتردنی پارە کاغەزییەکانیان لە نێو وڵاتەکەی خۆیاندا، وەک ئەمریکا و ڕووسیا و چین و فەرەنسا چەند دەوڵەتێکی تر بەڵام زۆربەی کات ئەم وڵاتانە بە وردی شوێنی دروسکتردنی دراوەکان ئاشکرا ناکەن لەبەر هۆکاری ئەمنی، هەندێک دەوڵەتی دیکەش هەن دراوە تایبەتییەکانیان لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان چاپ دەکەن یان پشت بە کۆمپانیای تایبەت بە چاپکردنی پارە دەبەستن لەبەر بێ توانایی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، زۆر وڵات هەن هەڵدەستن بە سپاردنی دروستکردنی پارەکانیان بە کۆمپانیای دەرەوەی وڵات، هەروەها هەریەکە لە سویسرا و شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) پیشەسازیی چاپکردنی تایبەت بە دراوە کاغەزییەکانیان هەیە کە تێبینیی نوێ بۆ زۆر لە وڵاتان پێشکەش دەکەن، بەڵام بێگومان ڕێژەی دروستکردن و تایبەتمەندی دروستکردنەکان هەر لە ژێر فرمانی بانکی ناوەندیی دەوڵەتی خاوەن دراوەکەیە، بۆ نموونە ئێراق کاتێک بڕیار دەدات بەشێک لە دراو لە دەرەوەی وڵات دروست بکات ئەوا خۆی خاوەنی بڕیارە کە چەندێک چاپ دەکات یان جۆڕی دراوەکە چیە ( ٥٠٠٠ یاخوود ١٠٠٠٠ یاخوود هەر جۆرێکی تر).
“لێرەدا پێویستە ئاوڕێک لە دراوی ئێراقیش بدەینەوە”
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، سیستەمی دراوی لە لایەن بەڕیتانیەکانەوە لە ئێراق پەیڕەو کرا تا ساڵی ١٩٣١ کە دراوێکی هیندی بوو ئەویش بەهۆی ئەوەی ئێراق و هیندستان ولاتی ژێردەسەڵاتی بەڕیتانیا بوون و پێکەوە یەک جۆر دراویان بەکاردەهێنا دواتر هەر لە ساڵی ١٩٣١دا دەستەی دراوی نیشتیمانی عێراقی لە لەندەن پێکهێنرا بەمەبەستی چاپکردنی دراوێکی ئێراقی و پارێزگاریکردن لە یەدەگەکەی سەرەتا دراوە نوێیەکەی تایبەت بە ئێراق لە کانزاکانی مس و نیکڵ و زیو بەرهەمدەهێنران کە لەسەر دیوێکی وێنەی مەلیک فەیسەڵ نەخشێندرابوو، کە یەکەم پاشای ئێراق بوو، لە دیوەکەی دیکەشی ژمارەی دراوەکەی لەسەربوو دواتر و پاش ساڵێک یەکەمین دراوی ئێراقی لە کاغەز دروستکراو ،لەسەر دیوێکی ئەم دراوە کاغەزە بەهەمان شێوە وێنەی مەلیک فەیسەڵ نەخشێندرابوو لەگەڵ نوسینی عەرەبی، دیوەکەی دیکەشی نوسراوی ئینگلیزی لەسەر بوو ئەوەیش لەبەر ئەوەی لە هەموو جیهاندا بەکاردەهێنرا لەگەڵ چاپکردنی دراوی ئێراقیدا، دراوی عانە و روبیەی هیندیش بەهەمان شێوە بەکاردەهێنران تا دواتر لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٢ مامەڵکردن تەنها بە دراوی ئێراقییەوە بوو دەستەی دراوی نیشتیمانی سیاسەتێکی پارێزراوی پەیڕەودەکرد کە ببووە هۆی رێژەیەکی زۆر لە یەدەگ لە پشت دینارەوە و پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ پاوەندی بەڕیتانییدا ببووە هۆی زیاتر بەهێز کردنی بەهاکەی.
“ئایا زۆری پارە نیشانەی ئابوورییەکی باشە بۆ وڵات؟”
زۆری پارە و بوونی بە دەستی هاووڵاتیانی هەرچ وڵاتێکەوە نیشانەی خۆشبەختی و هەرزانی وڵات نیە چونکە بنچینەیەکی ژمێریاریمان هەیە دەڵێت:-
(کەمی دراو = هەرزانی شتوومەک)
(زۆربوونی پارە = کەمی شتوومەک و گرانی)
لە ڕابردوودا زۆربەی حاڵەتەکانی چاپکردنی پارە (زیاد لەڕێژەی گەشەکردنی ئابووری) ئەنجامەکەی هەڵاوسانێکی بێشوماربووە و بە بێنرخ مانەوەی ئەو دراوە کۆتایی هاتووە. هەروەک دەڵێن دروستکردنی متمانە تەمەنێکی دەوێت بەڵام ساتێک بەسە بۆ لەدەستدانی، ئەمە بۆ دراویش ڕاستە دراوی کاغەز هیچ بەهایەکی سەربەخۆی نییە جیا لەمتمانەی خەڵک پێی، ئەویش بەهۆی پشتگیریکردنی لەلایەن حکومەتێکەوە. کاتێک حکومەت تووشی تەنگژەیەکی ئابووری دەبێت ئەگەربانکی ناوەندی ئەو وڵاتە پەنای برد بۆ چاپکردنی دراوو بڕیاری چاپکردنی دا لەئاکاما نرخی ئەو دراوە بەرامبەر بەدراوەکانیتر بەقەدەر ڕێژەی زیادی چاپکراو دادەبەزێت و هەڵاوسانی ئابووری دروست دەکات. زیادکردنی ڕێژەی پارە متمانەی دراوەکە لە بازاڕدا لاواز دەکات و هێنانەوەی ئەو متمانەیە لە داهاتوودا ئاسان نابێت. جا ئەگەر بانکی ناوەندی چەند جارێک لە سەریەک بە هەمانشێوە ئەو کارە بکات ئەوە ڕەنگە کۆتایی بە متمانەی دراوەکەی بهێنێت.
ئایا لە کاتی زیاد کردنی ڕێژەی پارە، توانای کڕینی دراوەکە چەند کەم دەکات بە یەکسانی بەسەر شتومەکەکاندا؟ بە گشتی لەدەستچوونی بەهای دراوەکە نزیکە لە ڕێژەی زیادبوونی پارەکە (ڕێژەی چاپکردن) بەڵام زیاتر ئەو شتومەکانە نرخەکەیان بەرزدەبێتەوە کە هاوردەن، بەتایبەتتریش ئەوانەی کە پێویستین، لەڕاستیدا ئەمە خراپە چونکە پێویستییەکان ئەوانەن کە بەکارهێنانی ڕۆژانەی خەڵکن و خۆیان لێنابوێردرێت، تایبەت بە ئێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە خراپتر ئەوەیە کە ئێمە وڵاتێکی بەرهەمهێن نین، واتە زۆربەی زۆری پێداویستییەکانمان لەدەرەوە بۆدێت و نرخەکەیان بێگومان بەرزدەبێتەوە. هاوکات نرخی ئەو بەرهەمانەی لەناوخۆ دروست دەکرێن یان وەک خۆی دەمێنێتەوە، یان زۆر کەم دەگۆڕێت. ئەمەش وادەکات بەرهەمی ناوخۆ کەمێک ببوژێتەوە چونکە لە کاتی گرانبوونی نرخی کەلوپەلی هاوردە خەڵکی پەنا بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان دەبەن، لە کاتی گرانبوونی کاڵای هاوردەدا کاڵا ناوخۆییەکانی هاوشێوە بووژانەوە بە خۆیانەوە دەبینن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم باسێکی بانکی ناوەندی بکەین:-
“بانکی ناوەندی چیە؟”
دامەزراوەیەکی داراییە کار دەکات بۆ ڕێکخستن و چاودێری کردنی جموجوڵە داراییەکان لە وڵاتدا، بانکی ناوەندی بە دامەزراوەیەکی حکومی دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێری کارەکانی حکومەت دەکات و پێویستە سەربەخۆیانە کارەکانی بکات بەبێ هیچ لایەنگیرییەک، لە حاڵەتە نەخوازراوەکاندا سیاسەتی تایبەت بە خۆی دەگرێتە بەر، بە ئامانجی گەشەدان بە لایەنی ئابووری و ڕێگرتن لە ڕوودانی هەڵئاوسان لە وڵاتدا، بە (دایکی بانکەکان) دەناسرێت بە هۆی ئەوەی چاودێری هەموو بانکە حکومی و تایبەتەکان دەکات. ساڵی 1906 یەکەم بانکی ناوەندیی دامەزراوە لە شاری ئەمستردام لە وڵاتی هۆڵەندا، زۆربەی زۆری وڵاتان بانکی ناوەندی تایبەت بەخۆیان هەیە، لە ئێستادا و لە جیهاندا ژمارەی بانکە ناوەندییەکان دەگاتە نزیکەی 172 بانک. بۆ یەکەمین جار لە ئێراقدا لەسەردەمی پاشەیەتیدا لە ساڵی 1947 بانک دامەزراوە، کە ناوی بانکی نیشتیمانی بوو، دواتر و لە ساڵی ١٩٤٩ بووە شوێنگرەوەی دەستەی دراوی نیشتیمانی ئێراقی، پاشان لە ساڵی ١٩٥٦ بانکی نیشتیمانی ئێراقی. گۆڕدرا بۆ بانکی ناوەندی ئێراقی بەڵام لەم هەنگاوەدا، بانکی ناوەندی توشی خراپ بەڕێوەبردن بووەوە کە لە ئەنجامدا دراوێکی ناجێگیری بەرهەمهێنا بە ڕادەیەک بۆماوەی چەند ساڵێک لە بۆڕسەی نێودەوڵەتیدا مامەڵە و ئاڵوگۆری پێوەنەکرا.
دواتر لە ساڵی ،٢٠٠٣ و لە ١٨ی ئاداری ئەو ساڵەدا، واتە رۆژێک پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بچنە ناو بەغداد، نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە بانکی ناوەندی ئێراقی دزرا، کە بە گەورەترین دزی لە بانک لە مێژوودا لەقەڵەم دراوە تا ساڵی ٢٠١١ کە لەو ساڵەدا ئەو تۆمارە شکێندرا دوای چەند رۆژێک هەر لەو مانگەدا، نوسراوێکی دەستنوسی سەدام حسێن بڵاوبووەوە کە تێیدا فەرمان کرابوو بە راکێشانی ٩٢٠ ملیۆن دۆلار و دانی ئەو بڕە پارەیە بە قوسەی کوڕی سەدام، بەوتەی کارەمەندانی بانکەکە لەو کاتەدا، قوسەی و کەسێکی دیکە سەرپەرشتی وەرگرتنی پارەکەیان دەکرد و جۆری دراوەکە بە ١٠٠ دۆلاری راکێشرا و دەخرایە ناو سنوقەوە و بە بارهەڵگر گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار بەڵام دواتر قوسەی لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرا و شوێنەواری پارەکە دیارنەما ئەمە بووە هۆی زیانێکی زۆرلە ئابووری ئێراق. دوای رووخانی رژێمەکەی سەدام حسێن، بانکی ناوەندی ئێراقی وەکو دەزگایەکی سەربەخۆ ناسێندرا بە پێی یاسای بانکی ناوەندی، کە سەرمایەکەی پێکهاتبوو لە ١٠٠ ملیار دیناری ئێراقی ،بە پێی یاساکە خاوەندارێتی ٪١٠٠ی سەرمایەکە دەگەڕایەوە بۆ حکومەت و توانای ئاڵوگۆڕ پێوەکردنی نەبوو بە پێی دەستووری ئێراقی، حکومەتی فیدڕاڵی تەنها دەسەڵاتی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی هەیە، بەڵام بەپێی دەستوور لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرپەرشتی و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ دا، دادگای باڵای فیدڕاڵی ئێراق بڕیاریدا بەوەی کە دەبێت بانکی ناوەندی ئێراق لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی بکرێت، بەڵام پارێزگاری ئەو کاتی بانکی ناوەندی هۆشداری دا لەبارەی ئەم هەنگاوە و وتی دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆسەر سەربەخۆیی دامەزراوەکە بانکی ناوەندی ئێراقی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٤ پارێزگاری هەبووە.
بانکی ناوەندی بنکەی سەرەکی لە بەغدادی پایتەختە و لە پارێزگاکانی ( بەسڕە و موسڵ و سلێمانی و هەولێر) لقی هەیە، بەڵام لقەکانی (سلێمانی و هەولێر) تەنها لە رووی تەکنیکییەوە بە بنکەی سەرەکیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام لە ڕووی بەڕێوەبەردن و سەرپەرشتیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە و هەر خۆشی ئەرکی پارەدارکردن و تەرخانکردنی سەرمایەی لەسەرە.
“بەهێزترین و لاوازترین دراوەکانی جیهان”
لە ئێستادا دراوگەلێکی زۆر لە جیهاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت هەر وڵاتێک خاوەنی دراوی تایبەت بە خۆیەتی و لە هەندێک وڵاتیشدا چەند دراوێک کاری پێدەکرێت. هێزی دراوی هەر وڵاتێک، گوزارشت لە ئاستی ئابووریی وڵات و سەقامگیری و توانای ئابووری لەسەر ئاستی جیهاندا دەکات. ئەو دراوە بەهێزانەی رۆژانە ناوەکانیان دووبارە دەبێتەوە، هەمیشە بریتین لە پاوەندی ئیستەرلینی، دۆلاری ئەمریکی و یۆرۆ و هەندێک دراوی دیکەش. ئەگەر هێزی دراوەکان پەیوەندی بە ئاستی توانای کڕینی کاڵا و رکابەریی دراوەکانی دیکەوە هەبێت، ئەوا بێهێزترین دراوەکانی جیهان، دراوی ئەو وڵاتانەن کە ئابوورییەکی خراپیان هەیە، ئابڵوقەیان لەسەرە. ماڵپەری “fxssi.com” پێیوایە زۆر قورسە، پۆلێنبەندی لاوازترین دراوەکانی جیهان بکرێت بەپێی ریزبەندییەکی دروست، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی خێرای دۆخی ئابووری سەرجەم وڵاتان، کە دەبێتە گۆڕانکاری لە بەهای دراوەکاندا، وەک ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە، ریزبەندی لاوازترین دراوە جیهانییەکان بەمشێوەیەیە:-
١-بۆلیڤاری ڤەنزوێلی.
٢-ریاڵی ئێرانی.
٣-دۆنگی ڤێتنامی.
٤-روپێی ئیندۆنیزی.
٥-سوومی ئۆزبەکی.
٦-لیوانی سیرالیۆنی.
لاوازی دراوەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، بە هۆی گۆڕانی ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی بەرزوو نزمی نرخی دراوەکە هەندێک لەو هۆکارانە لە چەند خاڵێکدا دەخەینە ڕوو:-
١- زۆر جار پەتایەک لە وڵاتێک یان لە چەند وڵاتێک بڵاو دەبێتەوە و کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە و دابەزینی نرخی دراوەکەی وەک ئەوەی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا ڕوویدا.
٢- نا دڵنیایی کۆمپانیا دەرەکیەکان لە کارکردن لە وڵاتدا و کشانەوەی کۆمپانیا دەرەکیەکان خاڵێکی سەرەکی دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتەیە وەک ئەوەی لە ئێراندا ڕوویداوە.
٣- سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر وڵاتێکدا ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بەهای دراوەکەیی و دابەزاندنی نرخی دراوەکە.
٤- نەبوونی سەرچاوەی سرووشتی کە ببێتە هۆی پاڵپشتی بۆ ئابووری وڵات خاڵێکی تری لاوازی دراوی وڵاتە.
٥- گەندەڵی بەڕێوەبەرانی وڵات خاڵێکی سەرەکی داڕووخانی نرخ و بەهای دراوی وڵاتە.
٦- کەمی یەدەگی دراوی بیانی لە وڵاتدا دەبێتە هۆی لاوازی ئابووری وڵات کە سەرمایەگوزاران سڵ دەکەنەوە لە کار و بزنس لە وڵاتەکەدا.
ئەمانە چەند خاڵێکە بۆ لاوازی نرخی دراوی وڵاتیک هەرچەندە دەیان هۆکاری تر هەن کە دەبنە هۆی لاوازی نرخی دراوی وڵات.
“بەهێزترین دراوەکانی جیهان”
زۆربەی خەڵکی دۆلار وەک بەهێزترین دراوی جیهان سەیر دەکەن، بەڵام ئەوەی ڕاستە ئەوەیە کە دۆلاری ئەمریکی مامەڵە پێوەکراوترین دراوی جیهانە، بەڵام دۆلار بەهێزترین دراو نییە، بەڵکو یەکێکە لە بەهێزترینەکان، لە بەرامبەر دۆلاردا چەند دراوی دیکە لە جیهاندا هەن کە لەرووی هێزەوە لە دۆلار لەپێشترن ئەمە بەپێی پۆلێنبەندی بەهێزترین دراوەکانی جیهان لە لایەن ڕێکخراوی ئابووری جیهانیەوە. لێرەدا ڕیزبەندییەکی دراوەکان دەکەین و باسی هەندێکیان دەکەین:-
١-دیناری کوێتی.
٢- ڕیاڵی عومانی.
٣- یەنی یابانی.
٤- پاوەندی ئیستەرلینی.
٥- دیناری ئوردونی.
٦- دۆلاری دورگەکانی کایمان.
٧- یۆرۆی ئەوروپی.
٨- فرەنکی سویسری.
٩- دۆلاری ئەمریکی.
١٠- دۆلاری کەنەدی.
ئەم دە جۆرە لە دراو بە بەهێزترین دراوەکانی جیهان دادەنرێن “دۆلاری ئەمریکی” لە پلەی نۆهەمی دراوەکانی جیهاندا دێت، بە کورتی باسێک سەبارەت بە هەریەکە لەم دراوانە دەکەین و خاڵی بەهێزییان دەخەینە ڕوو:-
١-دیناری کوێتی:- کوێت هەرچەندە وڵاتێکی قەبارە بچووک و رووبەر کەمە، بەڵام خاوەنی ئابوورییەکی یەکجار بەهێزە بەهۆی هەناردەکردنی زۆری نەوتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ئێستادا بەهای هەر دیناریکی کوێتی (٣$ – ٣.٥$) ئەمریکیە.
٢- ڕیاڵی عومانی:- ریالی عومان دراوی وڵاتێکی دیکەی گەورە هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا. هێزی کڕینی دراوەکە بەشێوەیەکە، حکومەتی عومان ناچاربوو دراوی زۆر بچووک لە شێوەی چارەگ و نیوە ریال چاپ بکات و بیخاتە بازاڕەوە.
٣- یەنی یابانی:- دراوی فەرمی وڵاتی یابانە سێیەم دراوە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت لە جیهاندا سێیەم گەورەترین یەدەگی دراوە لە جیهاندا ئەم دراوە پشت بە هێزی ئابووری یابان دەبەستێت بە تایبەت پیشەسازییە گۆڕاوەکان کە بەشێوەیەکی سەرەکی هەناردە دەکرێن ئەوانیش وەک: ئۆتۆمبیل و پارچەکانی ئۆتۆمبێل، کوتاڵ، کەشتییەکان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
٤- پاوەندی ئیستەرلینی (بەریتانی):- پاوەند بە دراوی فەرمی و ئاڵوگۆڕکراوی شانشینە یەکگرتووەکان و چەند ناوچەیەکی دیکەی سەر بە شانشینەکە دادەنرێت مێژوویەکی کۆنی هەیە و تاکوو ئێستاش بە کۆنترین دراوی جیهان دادەنرێت، لە ڕیزبەندی چوارەمی ئەو دراوانەیە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت چوارەم گەورەترین یەدەگی دراوی جیهان پێکدەهێنێت.
٥- دیناری ئوردونی:- بەیەکێک لە دراوە بەهێز و بەبەهاکانی جیهان دادەنرێت بە پێچەوانەی کوێت، بەحرەین و عومانەوە، ئوردن سەرچاوەی گەورەی هەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوە نییە. نهێنی هێزی دیناری ئوردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە بیست ساڵی رابردوودا بە دۆلاری ئەمریکییەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش سیاسەتێکە پێناچێت لە داهاتووی نزیکدا، لەبەهای دراوە ئوردنییەکە کەمبکاتەوە.
٦- دۆلاری دورگەکانی کایمان:- دوورگەکانی کایمان خاوەن دراوێکی بەهێزە، ئەمەش بەهۆی بوونی دوورگەکە بەیەکێک لە پێگە باجییەکانی جیهان و یەکێک لە گەورەترین پێنج سەنتەری دارایی لە جیهاندا. ئەو دەوڵەتە مۆڵەتی کارکردنی سەدان بانک لە جیهاندا دەدات، هەروەها مۆڵەتێکی زۆری سندووقەکانی ‘هێج فاوند’ و کۆمپانیاکانی دڵنیایی دەدات.
٧- یۆرۆی ئەوروپی:- یۆرۆ دراوی فەرمی دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپایە، دووەم گەورەترین دراوی یەدەگە لە جیهاندا و زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت لە ساڵی ١٩٩١ یۆرۆ چووەتە ناو بازاڕی جیهانەوە یۆرۆ بە دراوی فەرمی وڵاتانی ئەوروپا دادەنرێت و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقا دراوەکەیان بە یۆرۆ وە پەیوەست کردووە ئەمەش بۆ جێگیری نرخی ئاڵوگۆڕکراوی یۆرۆ دەگەڕێتەوە.
٨- فرەنکی سویسری:- دراوی فەرمی وڵاتی سویسرایە، ئەم دراوە بەوە جیا دەکرێتەوە کەدراوێکی قورس و متمانە پێکراوە بە پێچەوانەی هەندێک دراوی تر، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی فراوان ئاڵوگۆڕی پێوەبکرێت، فڕانکی سویسری یەکێکە لەو دراوانەی دەتوانرێت وەک یەدەگ پارێزگاری لێبکرێت لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت.
٩- دۆلاری ئەمریکی:- بە یەکێک لە دراوە گرنگەکانی جیهان دادەنرێت لە ڕیزبەندی ئەو دراوانە هەژماردەکرێت کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت بەشێوەیەک دەتوانرێت لەگەڵ سەرجەم دراوە سەرەکییەکانی تر بە ئاسانی ئاڵوگۆڕی پێوەبکرێت دۆلاری ئەمریکی بە دراوێکی جیهانی یەدەگی نافەرمی دادەنرێت لە وڵاتان، بەڵام زۆرێک لە وڵاتان لەبری دراوی ناوخۆیی پشت بە دۆلاری ئەمریکی دەبەستن، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دۆلاری ئەمریکی دراوێکی پەسەند کراوە لە جیهاندا، سەرەڕای ئەمەش هەندێک لە وڵاتان لەبری دراوی فەرمی وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی نا فەرمی پشت بەم دراوە دەبەستن ئەمەش هۆکارێکە بۆ پارێزگاری کردن لە دراوە فەرمییەکەی وڵات.
١٠- دۆلاری کەنەدی:- دراوی فەرمیی وڵاتی کەنەدایە هێزی دۆلاری کەنەدی بۆ سەرچاوە سرووشتییە گەورەکانی کەنەدا دەگەڕێتەوە، کە پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە.
کەنەدا یەدەگی یەکجار گەورەی نەوتی خاوی هەیە، دووەم بەرهەمهێنەری یۆرانیۆمە لە جیهاندا. دۆلاری کەنەدی هەستیارە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا، چونکە زۆرینەی مامەڵە داراییەکانی کەنەدا، لەگەڵ ئەمریکادایە و بەهای دۆلاری ئەمریکی، کاری لێدەکات. تا ئێرە ئەوەی کە باسمان کرد بریتی بوو لەو دراوەی کە لای هەموان ناسراوەو کاری پیوە دەکەین ڕۆژانە مەمەڵەی پێوە دەکرێت بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆجیا و ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان و سیستمی بانکی دراویش گۆڕانکاریەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە لە ئێستادا دراوی ئەلیکترۆنی بازاڕی گەرم بووە و جیهان بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت کە دراوی کاغەز و کانزایی وازلێبهێنێت و دراوە ئەلکترۆنیەکان بخاتە مامەڵەکانەوە کە لە ڕووی ئابووریشەوە خەرجیەکی زۆر لە ئابووری وڵاتان کەم دەکاتەوە.
پشت بە خوا لە زنجیرەی داهاتوودا بە درێژی باسی ( دراوە ئەلیکترۆنیەکان) و مێژوو نرخ و داهاتوویان دەکەین.
سەرچاوەکانی ئەم باسە؛
- النقود والبنوك محمد احمد الافندي
- النقود والبنوك والتجارة الدولية سامي السيد
- النقود والبنوك د. ميراندا زغلول رزق
- کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕووداو
- پێگەی ئەلیکترۆنی خەندان