“دەستپێك”
ئەگەر ژیان لە ئەشكەوت و كوخەكان ئۆقرەی بە مرۆڤ نەگرتبێت و ڕەوڕەوەی شارستانی مرۆڤی بەرەو دۆڵ و دەشتەكان كەمەن كێش كردبێت و، بە گیرسانەوەیان لە دەشتەكاندا و دواتر نیشتەجێبوونیان لە گوندەكاندا كردبێت بە وێستگەیەكی قۆناغێكی گرنگی ژیان كردن. ئەوا مێژوو پێمان دەڵێت سەرەتای نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە گوندەکانەوە سەری هەڵداوە، ئەوكات بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و بڵاوبوونەوەیان بە جوگرافیا و ناوچە جیاجیاكاندا، شارەکان بوون بە نموزجی ژیاری پێشکەوتوو، جیالەوەی شارەکان لەڕووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە قوناغی باشیان بڕی لە دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییەکانی، لەهەمانکاتدا بە ناوەندێکی گرنگی “ڕۆشنبیری، زانستی، تەندروستی، ئابووری، بازرگانی، پیشەسازی …هتد) دادەنرێن. گەر لە ڕابردووی ژیانی (گوند)ی‌دا کشتوکاڵ سەنتەری ئاوەدانی و کۆکردنەوەی خەڵک بێت، ئەوا لە ژیانی (شار)ی‌دا سێکوچکەی (پیشەسازی، بازرگانی، ڕێگاکانی گواستنەوە) بە داینامۆی کۆکردنەوەی خەڵک و جێ سەرنجی گوندنیشینان دادەنرێن، هەر بۆیە کاتێک ژیان لە شارەکاندا گەشەی کرد شارستانیەت بوژایەوە، لە جیهاندا خەڵکێکی زۆر گوندەکان و کێڵگەکانیان بەجێهێشت لەپێناو ڕەفاهیەتی ژیانی شاری. ئەم دیارەدەیە بەشێوەیەکە زۆربەی زۆری خەڵکی جیهان حەز بە ژیان کردن دەکەن لە شارەکان. کۆچکردن لە لادێ وە بۆ شار، مۆرکێک بوو، بووەهۆی گەورەبوونی قه‌باره‌ی شارەکان و تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان و تێكچوونی پێكهاتەی ژینگەیی دانیشتوان و دروستبوونی ناهەوسەنگی لەنێوان دانیشتوانی شار و لادێ، بەمەش، جیا لە “شارەدێ، شارۆچکە، شار” شارە گەورەکانی وەک میترۆپۆلیتان و میگالاپۆلیس سەریان هەڵدا. کە نموونەن بۆ شاری مۆدێرن، شار گەلێک کە شار لە ناوشاردا خۆی حەشارداوە، چەندین شاری لەهەناودا قوتداوە، وەک دایک شار وێنا دەکرێن. لە ناو دایک شاردا، شارەکان تایبەتمەندی خۆیان وەردەگرن. بە نموونە (تەکنۆشار، شاری پزیشکی، شاری هونەری، شاری وەرزشی و… هتد.
لێرەدا بە كورتی ناساندنێك و گوزەرێكی خێرا دەكەین بە گرنگترین ئەو چەمكانەی كە گوزارشتن لە نشینگەی مرۆیی و شارییەكان و لە قۆناغەكانی پێشكەوتنی میژووی مرۆڤایەتیدا بوونەهۆی سەرهەڵدانی ناوەندە شارستانییەكان. و بەوەش ڕەوڕەوەی گۆڕانكاری و ژیاری مرۆڤایەتی نەك گەشەی كرد بەڵكو هەنوكە بەردەوامی دەدات بە داهێنان و گەشەكردن.
1. نشینگەی مرۆیی؛ نشینگه ئه‌و جێگا یان ئه‌و شوینه‌یه كه خه‌ڵكی لێده‌ژێت واتا ئاوه‌دانی تێدایه، وا ناسراوه “ئەو گرووپه بینا و خانوانەن دانیشتوانیان تێدا نیشتەجێیە لە هەر ناوچەیەك، ئەم نشینگانە (جێگا)یانه. بەپێی قەبارەیان جۆراوجۆرن، ڕه‌نگه نشینگه‌كه، گوندێكی بچوك یان گوندێكی گەورەبن تا دەگاتە شارێكی بچوك یاخود شارێكی(مه‌زن). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نشینگە مرۆییەكان به پێی ڕۆڵ و قەبارە و دابەشبوونی پیشەییان دەكرێن به دوو بەش كە ئەاونیش بریتین لە: نشینگە دێهاتییەكان (گوند)، لەگەڵ نشینگە شاریەكان (شار)”
2. كۆبوونه‌وه؛ چه‌مكی كۆبوونه‌وه “(تجمع)یان (Aggreation، كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كه‌سه كه یه‌كه‌یه‌ك پێكناهێنن، ته‌نها په‌یوه‌ندیه‌كی كاتی ده‌یانبەستێ به‌یه‌كه‌وه وه‌كو كۆبوونه‌وه‌یان له شوێنێك بۆ كارێك یان له‌به‌ر هۆیه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و دیاریكراو”. كۆبوونه‌وه به واتای (Community) به گرووپێك له‌خه‌ڵك ده‌وترێت له ناوچه‌یه‌كی جوگرافی دیاریكراودا ده‌ژین، خاوه‌نی ژیان و كو‌لتوورێكی هاوبه‌شن، هه‌روه‌ها خاوه‌نی یه‌ك جۆر وه‌حده‌تن و ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی ده‌سته جه‌معی دوای ئامانجه‌كانیان بكه‌ون. نمونه بۆ كۆبوونه‌وه‌كان (پایته‌خته‌كان، شاره‌كان، قه‌زاكان، لادێكان)”
3. كۆمه‌ڵ؛ یاخود (كۆلێكتیڤ)، “به‌و گرووپه ده‌گوترێت كه ڕه‌فتاری جه‌معی (به‌كۆمه‌ڵی)، ده‌نوێنن. كۆلێكتیڤ، گروپێكی ناپایه‌دار و بێ پێكهاته و بونیاده، كه هیچ جۆره دابه‌شكردنێكی كار و زنجیره‌ی پله و ئاستی تیا به‌دی ناكرێت”
4. كۆمه‌ڵگه؛ “له‌ڕووی زمانه‌وانیه‌وه كۆمه‌ڵگه (مجتمع) یاخود(Society)، به شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك له مرۆڤ ده‌وترێت”. چه‌مكی كۆمه‌ڵگه لای ئین خه‌لدون “بریتیه له‌و مه‌یدانه‌ی ئه‌و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی تێدا ڕووده‌دات كه ملكه‌چی یاساكانن، ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ڕای ئابوری ناسه كلاسیكیه‌كان كه ده‌ڵێن (له كۆمه‌ڵگه‌دا هیچ شتێكی ڕاستی له ئارادا نییه، بێجگه له تاك)” هه‌ندێكجار له كوردیدا “چه‌مكی چڤاك (Communitry)، بۆ كۆمه‌ڵگه به‌كاردێت. جڤاك به‌و گروپه خه‌ڵكه ده‌وترێت كه له‌سه‌ر هه‌مان خاك یان هه‌مان ناوچه ده‌ژین، ئه‌وانه پێشینه‌یه‌كی هاوبه‌شیان هه‌یه، خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تن. له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ندێكجار ئه‌م زاراوه‌یه بۆ خودی كۆمه‌ڵگه‌ش پێكده‌هێنێت وه‌لی ڕاستیه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌چه‌ند چڤاكێك پێكدێت (وه‌ك چڤاكی شاری و چڤاكی گوندی چڤاكی ڕۆشنبیری و… هتد)”.
5. گوند؛ جۆرێكه له ئاوه‌دانی مێژویه‌كی كۆنی هه‌یه، “گوند نشین له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان بریتیه له (خانوو، كێڵگه، بینای گشتی، په‌رستگا و هۆڵی ئه‌نجومه‌نی گوند…هتد،. گوند داڵده‌ی جوتیاران و پیشه‌گه‌رانی تر و خزمه‌تگوزاره‌كان ده‌دات”
له‌ڕووی كارگێڕیه‌وه گوند “ئه‌و ئاوه‌دانیانه‌ن به‌ر پێناسه‌ی ڕه‌سمی شار ناكه‌ون، واتا ئه‌و ئاوه‌دانیانه‌ی كه نه سه‌نته‌ری یه‌كه ئیدارییه‌كانیان هه‌یه(پارێزگا، قه‌زا، ناحیه)، نه ژماره‌ی گشتیشیان ده‌گاته (ده)هه‌زار كه‌س” پیشەی سەرەكی دانیشتوانەكەی كشتوكاڵكردن و ئاژەڵدارییە.
6. گونده‌كانی شار؛ “لە دونیادا ئەم جێگایانە بە ناوی ترەوە ناسراون. لای تورکەکان کاپیلی سایتە. وشەی قاپی لە زمانی کوردیش‌دا بەکاردێت کە تورکیەکی عوسمانیە. بەمانای جێگا یان شوێنە قاپیدارەکان دێت، ئەم چەمکە نزیکە لە ئەو ناوە بڵاوەی لە زمانە ئەوروپیەکاندا کە گەیتد کۆمینیتیە: بە مانای (جڤاتە دەروازەدارەکان) لە گوندی شار، پەیوەندی نیە، کەسەکان لە ماڵەکانیاندا کۆیلەی ئامێرە تەکنەلۆجیەکانیانن. پەیوەندییان لە گەڵ کەسانی دوور هەیە، بە زۆری یەکتر ناناسن. بەڵام ئەم دیاردەیە لەوە زۆر زیاتر ئاڵۆزترە. ئەگەر تەنها میتۆی چاودێری، ئۆبزێرڤەیشن، بەکاربەرین دەبینین گوندەکانی شار ئەو پانتاییانەن کە بە شورا و دیوار دەورە دراون، یەک یان دوو دەروازەیان هەیە. گوندەکانی شار بەشێکن لەو وەرچەرخانە گەورەیە، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پیایدا تێدەپەرێت، لە دەوڵەت نەتەوەوە بۆ جیهانگەریی. بۆ ئەوەی ئێمە لە دیاردەی گوندەکانی شار تێبگەین دەبێت لەو وەرچەرخانە تێبگەین کە جیهانگەریی لە سەر دەوڵەت نەتەوە دایناوە. دەوڵەت نەتەوە هەڵگری کۆمەڵێک خەیاڵ و ئامانج بون، لەوانە: بە یەککردنی سەرجەم خەڵکی ناو پانتایی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی سنوری دەوڵەت لە گەڵ وڵاتانی تردا، دروستکردنی هۆمۆجینییەتی.”
7. گه‌ڕه‌ك (Ghetto)؛ له‌زۆر باردا شاره‌كان دابه‌شده‌كرین بۆ یه‌كه‌ی بچوكتر كه پێی ده‌ڵێن (گه‌ڕه‌ك)، هه‌ر شاره و له چه‌ند گه‌ڕه‌كێك پێكدێن. گه‌ڕه‌كیش” به‌شێك له به‌شێكه له شارێك كه‌وا نیشته‌جێبوون تێیدا كورت ده‌بێته‌وه بۆ ته‌نها گرووپێك له دانیشتوان، كه خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌لایه‌تی و ئابووری و رۆشنبیری خۆیانن. ئه‌م گوزارشته له بنه‌ره‌تدا به گه‌ره‌كێكی جوله‌كه‌كان وتراوه. یان ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه جوله‌كه‌كانی تیدا ده‌ژین له شاره‌كه‌دا. دواتر گوزارشته‌كه گشتینرا. وه‌ك گه‌ڕه‌ك(گیتۆ)ی ره‌شپێسته‌كان له هه‌ندیك له شاره‌كان. كه له (هارلم)ی ناوه‌راستی شاری نیۆركدا گه‌وره‌ترین گیتۆ(گه‌ره‌ك)یان هه‌یه له جیهاندا”. له‌ڕووی مۆڕفۆلۆژییه‌وه ده‌كرێت ئاماژه بگوترێت” گه‌ڕه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه له شوێنی نیشته‌جێبوونه‌كان، یان به‌شێكه له شارێك.”
8. شار(City)؛ “شار پێكهاته‌یه‌كی مرۆجیۆگرافی سیاسیه، كه له كرۆكیدا ده‌رهاویشته‌ی كۆكردنه‌وه‌ی (شارستانیه‌ت، یاسا، كو‌لتووری باڵا، سیستم، ده‌سه‌ڵات، مه‌ده‌نیه‌ت، هونه‌ر و بازرگانی و پیشه‌سازیه)”
یاخود شار به یه‌كه‌یه‌كی داموده‌زگایی كارگێڕی و ئیداری سه‌یر ده‌كرێت، وه‌یان ڕێژه‌ی دانیشتوان ده‌كریت به پێوه‌ر”مه‌به‌ست له شار ئه‌و ئاوه‌دانیانه‌یه كه مه‌ركه‌زی ئه‌ستانه یان قه‌زا، یاخود ناحیه‌ن، ژماره‌ی دانیشتوانیان له (20) هه‌زار كه‌متر نیه). وەیان شار بە‌و شوینە دەوترێت كە دانیشتوانەكەی بە جگە لە پیشەی كشتوكاڵیەوە خەریكن.
9. شارنشینی (Urbanisme)، (الحضریه)؛ مه‌یلی نیشته‌جێبوون جیگیربوون و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ شار، ئاویته‌بوونه له ناو ئیكۆی شار و مانه‌وه‌یه له‌ناو ژیانی شاردا. له‌ساده‌ترین مانادا، “پرۆسه‌ی شارنشینی كاتێك ڕووده‌دات ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خه‌ڵكی، ناوچه گوندنشینه‌كان چۆڵ بكه‌ن و شوێنی نیشته‌جێبوون له شاردا بۆ ژیانیان دروستبكه‌ن، شارنشینی به‌شێوه‌یه‌كی پله به پله هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی پیشه‌سازی و بازرگانیدا ڕوویداوه، ئێستا زیاتر له 70% دانیشتوان له شارنشینان پێكدێن”. ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به پێناسه‌ی شارنشینی، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات “شارنشینی بریتیه له ڕێژه‌ی ئه‌و دانیشتوانه‌ی كه له ناوه‌نده شارستانیه‌كاندا ده‌ژین”.
10. به‌شاریبوون(تمدن)، به‌شارستانیبوون(التحضر)، (Urbanization)؛ چه‌مكی به‌شاریبوون “(تمدن)، له چاوگی شار(مه‌دینه)ه‌وه هاتووه. شار و شارستانیه‌ت به‌واتای (هاوپه‌یوه‌ندارێتی=انتساب) و خۆدانه پاڵ و پشت پێبه‌ستن و وابه‌سته‌بوونه، كه‌واته (تمدن) واته هه‌ست و ئیحساسی وابه‌سته‌بوون به شار(مه‌دینه) و نمایشدانی ئه‌و.”
به‌ڵام به‌شارستانی بوون به ڕوانگه كۆمه‌یه‌تیه‌كه‌ی “ڕەفتاركردن و گۆڕینی داب و نەریت وەك داب‌ونەریتی شار، یان بەشاریبوون وەك چەمك بریتیە لە پرۆسەیەكprocess)) ، كۆمەڵێك گۆڕاو هۆكاری جیاواز بەشداری دەكەن لە پێكهێنانیدا، كە دەكرێت (ئابووری، كۆمەڵایەتی، دیمۆگرافی، تەكنیكی یان تەنانەت ڕامیاری یاخود كو‌لتووری) بن. زاراوەی بەشاریبوون واتە پرۆسەی فراوانبوونی شارنشینی لە ڕێگەی كۆمەڵێك قۆناغ و زنجیرە پرۆسە‌و ئامراز‌و گۆڕانكاری و گرفتی پەیوەست بە‌و دیاردەیە، جوگرافی ناسی بەرازیلی (Milton Santos)دەڵێت: (بەشاریبوون چەمكێكی تەواو ئاڵۆزە، كە ڕێژەی بەشاریبوون یان پلەی بەشاریبوونیش دەگرێتەوە، یان دەكرێت بڵێین پرۆسەیەكە لە پرۆسەكانی گۆڕانی كۆمەڵایەتی كە ڕوودەدات بەهۆی جوڵەی خەڵكی لە دێهاتەكانەوە بۆ شار و پاشان بەشێوەیەكی پلەبەندی شێوازەكانی شارنشینی وەردەگرن، ڕاستەوخۆ چڕبوونەوەی شارنشینی ڕوودەدات ئەگەر هاتوو شێوازەكانی ژیانی شارنشینی وەربگرن)”.
11. شارستانی (Urban)؛ پله‌یه‌كی ژیانیه له شاره‌كاندا و “كرداری گۆڕانكاریه جۆریه، له سیسته‌می ژیاندا، له شاره‌كان جۆری ڕه‌وشت و داب و نه‌ریتی گرووپه ڕێكخراوه‌ییه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه له شاره‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون، هه‌ندێك له زانایان ده‌ڵێن (ڕاده‌ی شارستانی له شاره‌كان، به‌نده به جۆری سیسته‌می ژیانی دانیشتوانه‌كه‌ی)” خاڵی جیاوازی نێوان هه‌رسێ چه‌مكی (شارشنینی و به‌شاریبوون و شارستانی)، په‌یوه‌ندی به جۆر و شێوازی ژیانه‌وه هه‌یه. واتا مه‌رج نیه هه‌موو نیشته‌جێبووان(دانیشتوانی شار)، شارستانی بن، ڕاسته له شاردا ده‌ژین، به‌ڵام ڕه‌نگه ته‌نها گۆڕان له شوێندا ڕووی دابێت، نه‌ك جۆری ژیان یاخود شێوه(ستایل)ی ژیانكردن له شاردا. ڕاده‌ی شارستانی بوون، په‌یوه‌سته به هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ت و تایبه‌ت‌مه‌ندیه ژیانیه‌كان له شاریه‌كاندا.
12. شارستانیه‌ت(Civilization)؛ شارستانیه به عه‌ره‌بی (الحضارة) و به ئینگلیزی (Civilization)، هێمایه بۆ ژیانی شاری و “دژ به ده‌شته‌كی بوون و ژیانی كێویانه‌یه، قۆناغێكی باڵایه له قۆناغه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی مرۆیی”. ساموێل هانتینگتۆن چه‌مكی شارستانیه‌ت به “باڵاترین گرووپی كو‌لتووریانه‌ی خه‌ڵك و به‌رزترین ئاستی شوناسی كو‌لتووری گه‌لانه. مرۆڤه‌كان له بوونه‌وه‌ره‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه. هه‌ر شارستانیه‌تێك به هۆی كرۆك و سه‌قامگیری خۆیه‌وه پێناسه‌ده‌كرێت به (به‌هاكان، پێوانه و نه‌ریته‌كان، دام و ده‌زگاكان شێوازی بیركردنه‌وه”. هه‌رچی جوگرافیای شارستانیه “ئاوێنه‌یه‌كه ڕوكاره فیكری و ده‌سكه‌وته مادیه‌كانی كۆمه‌ڵگا مرۆیه‌كان به درێژایی قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنیان ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌و شێوازه شارستانیه‌ش ده‌خاته پێش چاو له‌ناو چوارچێوه‌ی ژینگه‌ی شوێنه جیاوازه‌كاندایه، به‌هۆی جیاوازی به‌هاكان و دابونه‌ریت و ئادابه‌كانه‌وه جوگرافیای كه‌لتوری پێكده‌هێنن”.
سەرچاوەكان؛
بروس كوهین، و: هێمن شه‌ریف، سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵناسی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی چوارچرا، سلێمانی، 2010..
فواد به‌علی، و: زیره‌ك ئه‌حمه‌د و سنور عه‌بدوڵڵا، ئیبن خه‌لدون و كۆمه‌ڵناسی نوێ، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2006.
فارس نه‌ورۆڵی، مانا‌و چه‌مكه‌كانی چه‌ند زاراوه‌یه‌ك، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی بزافی ڕۆشنبیری سلێمانی، سلێمانی، 2006.
پ. د. خه‌لیل ئیسماعیل محه‌مه‌د، د. ئه‌یوب خه‌لیل ئیسماعیل، گوندنشین له هه‌رێمی چیایی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی په‌نجه‌ره، تاران، 2015.
د. عه‌بدوڵڵا غه‌فور، جوگرافیای كوردستان، چاپی پێنجه‌م، چاپخانه‌ی خانی، دهۆك، 2008.
د. حسام ا‌لدین جاد الرب، و: محه‌مه‌د چیا، فه‌رهه‌نگی زاراوه جوگرافیه‌كان، چاپی یه‌كه‌م، چاپه‌مه‌نی چوارچرا، سلێمانی، 2012.
محه‌مه‌د چیا، فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فی، چاپی سێیه‌م، چاپخانه‌ی مه‌هارات، تاران، 2006.
محمد الخزامی، نظم المعلومات الجغرافیە: اسس وتطبیقات للجغرافیین، ط 1، منشأە المعارف، الأسكندریە 1998