گەشتێکمان لە وەڵاشەوە سازدا، کە بنکەی “محەمەد ئەمین بەگی” سەرۆکی کوردەکانی باڵەک بوو، لە نزیک دەربەندی گەرەوشینکێ بە ناو دۆڵی چۆرماکین و دەربەندی ئیشکارۆدا و لەوێوە بەرەو خوار بۆ دەشتی پشدەر لە سەر زێی بچووک. بە دڵنیاییەوە لە زستاندا هیچ ڕێگایەک نییە بۆ پەڕینەوە بەرەو سنووری وڵاتی فارس (ئێران) بە درێژایی ئەم ناوچەیە. تەنانەت لە هاوینیشدا، چیای قەندیل داغ بڕێک بە شاخدا هەڵزنانی پێویستە و لێرەوە شوێنی ڕێگایەکی هەمیشەیی نییە بۆ ئێران. هەر لە باسی قەندیل داغدا، ئێرە تاقە شوێنە لە کوردستاندا کە بە وشەی “داغ”ی تورکی ناونرابێت. کوردەکان خۆیان ئەم وشەیەیان لابردووە کە بە واتای “شاخ” دێت و وشە تایبەتەکەی خۆیان بەکاردێنن وەک نموونە دەڵێن شاخی قەندیل. بە هەمان شێوە ئەو ڕووبارەی کە لەسەر نەخشە ناوی “ڕەواندز سوو”ە پێویستە بکرێتە ڕووباری ڕەواندز (واتە ئاوی یان چەمی ڕەواندز کە ئەمیشیان فارسییە – و). لێرە تا زوو تورک لەبیر بچێتەوە ئەوەندە باشترە بۆ پیاوانی خێڵەکان و ناوچەکە.
کاتێ کە لە دەربەندی ئیشکارۆ بووین یەکێک لە وڵاخەکانمان لەدەستدا، چونکە قاچی خزا و لە شاخ هەڵدێرا. ئەو کوردەی کە جڵەوەکەی گرتبوو هەوڵیدا ڕزگاری بکات و ئەسپەکە لەگەڵ خۆی ڕایکێشا بەڵام خۆشبەختانە لە قووڵیی نزیکەی پانزە پێ خۆی بە دارێکەوە گرتەوە و تەنها لەشی هەندێک ڕووشابوو. ئەسپەکەش تلبووە خوارەوە بۆ ڕووبارەکە و ملی و هەردوو قاچی دواوەی شکا و کاتێ پێیگەیشتین بەتەواوی مردار بووبووەوە. لە دەشتی پشدەر جۆرە کوردێکمان بینی جیاواز لەوانەی کە پێیان ڕاهاتبووین و ئەمانیش خێڵی مەنگوڕی کۆچەر بوون، کە بۆ بەسەربردنی زستان لە یایلاخەکانی بەرزاییەکانی چیای ڤاسنێ دابەزیبوونە ئێرە. ئێمە لە پاش تاریک داهاتن گەیشتینە دۆڵەبەفرەی گوندە کاتییەکەیان و لێمان کۆبوونەوە و پێیان داگرت کە ئەو شەوە لای ئەوان لابدەین. هەرچەندە ئێمە بە نیازی ڕۆیشتن بووین بۆ قەڵادزێ کە نزیکەی حەوت میل لەوێوە دوور بووین، بەڵام من ئەو لادانەم لەوێ پێخۆشبوو. بۆ ڕۆژی دواتر تەواوی گوند لەگەڵمان دەرچوون و تا قەڵادزێ یاوەرییان کردین، بەدەم یاریی ڕمبازی و تەقوتۆقەوە. کورتەیەک لەبارەی ڕێگەوبانەوە؛ پێموایە باشترین هۆکاری هاتوچۆ و پەیوەندیکردن بۆ گەشەکردن هەولێرە بەسەر بابەچیچیکدا بۆ ڕەواندز بە ڕێگەی ئێستای سەربازیدا، کە چاککراوە و بە هاوینیش گەڕانەوە بە دەربەندی گورمەنجاندا بۆ ڕانیە. ئەم ڕێگەی دواییەیان بە هۆی بەفرەوە لە زستاندا بە لای کەمەوە بۆ ماوەی شەش هەفتە یان دوو مانگ دادەخرێت. لە ڕەواندزەوە باشترین هێڵەکانی گەشەکردن بەرەو ڕۆژهەڵاتە بە ڕاڕەوی گەرەوشینکێدا بۆ شنۆ و لەوێوە بەرەو باکوور بۆ نەهری و قەڵا زێوە و ورمێ.
ئێستا ڕەواندز لە ڕێگەی تەلەگرافەوە بەستراوە بە هەولێرەوە. ئەم خەتە لە ڕێگە سەربازییەکەوە ناڕوات بە ناو دەربەندەکەدا، بەڵکوو لە دەربەندی بێجانەوە بەرەوخوار دەبێتەوە بۆ ڕەواندز و لە کانی باتمان دەچێتەوە سەر ڕێگە سەرەکییەکە، کە یەکەم وێستگەیە لە پشتی دەربەندەکەوە. بێگومان هەولێر بەستراوە بە مووسڵ و بەغداوە و لە هەولێریشەوە خەتێکی تر دەچێت بۆ ڕانیە و دواتر بۆ قەڵادزێ و ئیتر لەوێ کۆتایی پێدێت و لە سنوور ناپەڕێتەوە. هەروەها نەهری و ڕەواندز لە ڕێگەی تەلەگرافەوە بەیەکەوە بەستراون، بەڵام زستانی ڕابوردوو خەتەکە لە چەند شوێنێک بچڕا و پەکیکەوت و چەند بەشێکی لێ لابرا و لە ئێستادا جارێکی تر ئەگەری کارکردنەوەی هەیە. خەتێکی تریش لە زستانی ڕابوردوودا بچڕا و بە دەربەندی گەرەوشینکێدا بۆ شنۆ ڕاکێشراوە. ئەگەری ئەوە هەیە کە جارێکی تر چاک بکرێتەوە و سەلامەتیی بخرێتە ئەستۆی سەرۆکە ناوخۆییەکان.
ڕێگەوبان و تەلەگراف دوو مەسەلەی پێویستن ئەگەر بخوازرێت ئەم وڵاتە گەشە بکات. لێرە تووتن بە شێوەیەکی بەرفراوان چێنرابوو و دارستانیش بۆ بەرهەمهێنانی تەختەدار تا ڕادەیەک لە سەنگی زێڕدایە لە میزۆپۆتامیادا. گوندەکانی شەقڵاوە و هیران و نازەنین لە ئێستادا خاوەنی دار و دەوەنی چڕن. دار و دەوەنی بەڕووی کورتەباڵا زۆر زۆرە لە هەموو لایەکی ئەم وڵاتەدا و داربەڕووی وا هەیە بەرزییەکەی دەگاتە ٣٠ پێ و زیاتر لە هەندێ شوێندا. هەروەها دارچنار یان سوورەچناری ڕۆژهەڵاتی باون لە چەندین دۆڵ و شیودا و داری گوێز و توو لە گوندەکاندا دەچێنرێت. دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ و پاقلەمەنی و لۆکە و کونجی بە فراوانی دەڕوێنرێت و ڕەزە ترێیش لە نزیکی گەلێ گوند هەن. هەموو ئەمانە بەزۆری وێران بوون لە سەردەمی جەنگدا. من پێموایە قیر لە چەند شوێنێک هەیە و ڕەنگە نەوتیش هەبێت. کەشوهەوا تا ڕادەیەک تووند و پەڕگرە، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەرگەی دەگیرێت. زستانی هەموو ساڵێک بەفر لە شاخی سەفین و ناوچەکانی باکووری دەبارێت. پلەی گەرمیی شەو بە شێوەیەکی ئاسایی هێندە نزم نییە کە بواری مانەوەی بدات لە وەرزی بەهاردا لە بەرزایی کەمتر لە پێنج هەزار پێ تەنانەت لەو هەوراز و لێژاییانەش کە ڕووەو باکوورە بەدەر لە هەندێ دەربەند و ڕاڕەو، کە تێیاندا بەفر کۆدەبێتەوە بە هۆی با و ڕاماڵین و هەرەسی بەفری زستانەوە. پێدەچێت کەشوهەوای زستانە ساڵ بە ساڵ جیاوازیی زۆری تێبکەوێت تا بەرەو باکوور بچیت، بەڵام وا دیارە وەرزە زۆر سەختەکانی زستان هەڵاواردنی دەگمەنی تێدابێت. بە چەشنی هەموو وڵاتانی شاخاوی، کەش بۆی هەیە بشکێتەوە بە هۆی نۆرەی کەشی خراپەوە کە ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر بەردەوام دەبێت. لە میانەی یەکێک لەم ماوانەی زستانی ڕابوردوودا ئێمە ڕاپۆرتێکمان لەبارەی کەشوهەواوە نارد بۆ بەغدا و بوو بە یارمەتیدەریان لە خۆئامادەکردندا بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زۆری ڕووبارەکان کە بەدوایدا هات. وا دیارە هێڵی سرووشتیی بەفر لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا لەو قەدپاڵانەی بەرەو ڕووی باکوورن دەگاتە نزیکەی ٣٥٠٠ پێ، لەکاتێکدا کە بەفرەکە تا ڕادەیەک قووڵە لەسەر پێچ و تەڵانی ئەو شاخانەی کە بەرزییان نزیکەی ٥٠٠٠ پێ دەبێت. لاپاڵەکانی باشوور لەم ماوەیەدا پاش چەند ڕۆژێک لە بەرکەوتنی هەتاو لەم بەرزاییەدا بەفرەکەی دەچێتەوە. مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات و مارت مانگی بەفر بارینن و بەعادەت وەرزی بەهار فێنکە، بەڵام ڕاڕەوە بە بەفر داپۆشراوەکان و ئەو ڕووبارانەی ئاوی سێڵاویان زیادی کردووە کۆسپی زۆر دەخەنە سەر ڕێی گەشت و سەفەر. کەشوهەوای دۆڵ و دەشتەکان لە هاویندا هێجگار گەرمە، بەڵام لەو هەوراز و لاپاڵانەی ڕوویان لە باکوورە کەش زۆر فێنکە.
بێگومان ئەو کاتە دێتە پێشەوە کە دەبێ لە شوێنێکی ئەم بەرزاییانەدا وێستگەی شاخاویی هاوینەمان ببێت، بۆ ئەوەی خێزانی بەرپرس و کاربەدەستانی میزۆپۆتامیا لە دەست گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوینی دەشتەکان بۆی هەڵبێن. باوەڕ ناکەم شوێنیش هەبێت لە شەقڵاوە و هیران فێنکتر بێت، کە هەردوکیان ڕوویان لە باکوورە و دەکەونە ناوچەی کوردەکانی خۆشناوەوە. هەروەها تا ڕادەیەک ئاسانە لە هەولێرەوە بگەیتە شەقڵاوە، ئەگەرچی کوردەکانی ئێرە کەمتر لە ئاسایی متمانەیان پێدەکرێت. نازانم ئاخۆ سنووری باشووری ئەرمینیا جێگیر کراوە یان نە، بەڵام پێویستە مەسەلەکە بڕابێتەوە، چونکە دوو ڕێککەوتننامە ڕەزامەند نەبوون لەسەر ئەو بابەتە و ئەڵمانەکان شوێنێکیان بۆ دەستنیشان کردووە و دەسەڵاتی مەدەنیی مووسڵیش شوێنێکی تر (واتە دەسەلاتی بەریتانییەکان لە مووسڵ – و). “عەلی ئیحسان پاشا”ی فەرماندەی لەشکری (فەیلەقی – و) شەشی تورک لە مووسڵ لە سێهەمدا خەتێکی سەوزی لەسەر نەخشە کێشاوە. پێدەچێت سروشتیترین سنووری باکوور ناوچەی کۆکەرەوەی ئاو بێت لە نێوان حەوزی وان و لقەکەنی ڕووباری دیجلەدا. بەڵام زنجیرە چیای باشی – ڕوان ئاستەنگێکی جیددییە و ناوچەی نەهری و ئەوانی دیکە لە باکووری ئەم زنجیرە چیایەوە لە زستاندا بەتەواوی دابڕاون.
هەڵبەت بۆ من گونجاو نییە باس لەوە بکەم کە چۆن دەتوانین دەسەڵات لەم خاک و وڵاتە دوورانەدا بپارێزین. ڕەنگە لیچمەن کاتێک دەگەڕێتەوە پێتان بڵێت ئەوە چۆن ئەنجام دەدرێت، چونکە ئەو نهێنییەکە دەزانێت و هەروەها زۆرێک لە ئەفسەرە سیاسییەکانیش کە لە ژێر دەستیدا کار دەکەن. هیچ بوارێک بۆ هەڵەکردن نییە و ئەو کەسانەی ڕەخنە دەگرن زۆر جار ئەو ڕاستییە لەبیر دەکەن کە هەندێک جار خلیسکانێک ژیانی ئەفسەری سیاسی بەفیڕۆ دەدات. خودی لیچمەن لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی خۆیدا بۆ قەدەغەکردنی چەک هەڵگرتن، زۆری نەمابوو تیابچێت. پیاوێک سووڕایەوە و تەقەی لێکرد بەڵام ٢٠ یاردە سەریکرد و دەرباز بوو. پشتیوانی سەربازی لە وڵاتێکی وەک ئێرەدا ئەگەری هەیە زۆر درەنگ بگات بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەفسەرێکی سیاسی بدات کە لە گۆشەیەکی تەنگدا گیریخواردبێت. بەڵام فڕۆکەکان دەتوانن هەم پشتگیریی مۆراڵ و هەم پشتگیریی ماددی بکەن ئەگەر پێویست بکات، هەرچەندە کارەکانیان سنووردارە بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتنەوەی گونجاو لەم وڵاتە ناڕێکخراوەدا. باشترین شوێن لە نزیک ڕەواندز تیرەکەی ٢٥٠ یارد بوو و بەهۆی نزیکیی شاخەکان و گۆڕانی تەوژمی هەواوە نیشتنەوەیان سەخت بوو.
تەنها خاڵێکی تر هەیە کە باسی بکەم، ئەویش ئەوەیە کاتێ لەم وڵاتە بووین لە کاتێکی سەرەتای ئەمساڵدا، زۆر بە نەرم و نیانی مامەڵەمان لەگەڵ کرا. کوردەکان یارمەتییان دەویست و ئامادە بوون متمانەمان پێبکەن. یەکێک لە سەرۆکەکانیان بە نۆئێڵی گوتبوو کەوا لە بەردەم پێشڕەویکردنی بەریتانییەکاندا هیچ ئاوارەیەک نەبووە، لەکاتێکدا کە بە لێشاو دانیشتووانی برسی لەبەر ڕووس و تورکەکان هەڵدەهاتن. کاتێ کە من گەیشتمەوە بەریتانیا بیستم کەوا کوردەکانی ناوچەی سلێمانی دژ بە داگیرکردنی ئێمە ڕاپەڕیون و دەیان ئەفسەری بەریتانییان لەوێ بە دیل گرتووە. ڕاپەڕینەکە بە سەرکردایەتیی شێخ مەحموود بووە، کە لەسەر داوای خێڵەکانی ناوخۆ، بەریتانییەکان بە سەرۆکی باڵا دایانمەزراندبوو. پاشان لەشکرکێشییەکیان کرایە سەر و دیلەکان ئازاد کران. شێخ مەحموود لە ڕێگەی فڕۆکەوە بەسەختی بریندار بوو. ڕەنگە هیچ گومانی تێدا نەبێت کەوا کێشەکە بە هاندانی بریکار و کرێگرتەی تورکەکانەوە بووبێت و بە ڕادەیەکیش بە هۆی سەرەڕۆیی و ملهوڕییەوە بووبێت لەلایەن شێخ مەحموودەوە. پێدەچێت کێشەکە تەشەنەی نەکردبێت بۆ ناوچەی ڕەواندز و وا دیارە وڵات سەرلەنوێ سەقامگیر بووەتەوە. پرۆسەی ڕاهێنانی دز و جەردە بە مێتۆد و شێوازی کۆمەڵەی گەلان کارێکی ئاسان نییە و ئەرکێکی تا بڵێی گران لە بەردەم ئەفسەرە سیاسییەکانماندایە لە کوردستاندا.
لە پێش کارنامەکەدا سەرۆک گوتی: لە دوا کۆبوونەوەماندا مایەی داخە بڵێم ئێمە ناچار بووین کەوا شوێنە کۆنەکانمان لە باخچەکانی بیرلینگتۆندا چۆڵکرد، پاش ئەوەی کە بۆ ساڵانێکی زۆر ڕاهاتبووین کۆبوونەوەکانمانی تێدا ببەستین (لێرەدا مەبەست بنکە و بارەگای کۆمەڵەی جوگرافیی شاهانەی بەریتانییە – و). من ئەوە ناڵێم کەوا چەند ساڵ تێپەڕیوە لەو دەمەوە کە بۆ یەکەمجار موحازەرەیەکم لەوێ دا و دەزانم کەوا ژمارەیەکی زۆرتان وەک من یادەوەریی خۆشتان هەیە لەسەر کۆبوونەوەی گەورە لەو شانۆ کۆنەدا. بۆ بەدبەختی چیتر حکوومەت ناتوانێت بەردەوام بێت لەوەی کە خانەخوێمان بێت، چونکە خانووەکە دەگۆڕن و ئێمەش ناتوانین کۆبوونەوەکانمان لەوێ ببەستین. ئێمە هەموو شوێنێکی لەندەن گەڕاین بەدوای شوێنێکی کاتیدا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانمان و جێی داخە بڵێم کە لەندەن ئەو ژمارە هۆڵە گشتییە پێویستەی تێدا نییە، لەگەل ئەوەشدا باوەڕم وایە کە بۆ ئەم دانیشتنە لە هۆڵی ئیلیان ئاسوودە دەبین و لەکۆتاییدا هیوادارم هۆڵێکی تایبەت بە خۆمانمان هەبێت. ئێمە ئۆفەرێکمان هەبووە بۆ بەشی کۆتایی باخچەی خانووی ئێستامان، لۆجی لووسەری کۆن و هەر کە کڕینەکە تەواو بوو و دەتوانرێت دەست بە کارەکانی بیناسازی بکرێت، هیوادارین هۆڵێکی موحازەرەدان دروست بکەین وەک بەردەوامییەک بۆ پلانی بینای تایبەت بە خۆمان. ئەو کاتە چیتر لە ژێر ڕەحمەتی وەزارەتەکانی حکوومەتدا نابین.
ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنی “مێجەر ماسۆن” دەکەین، کە ئەم ئێوارەیە موحازەرەیەکمان دەداتێ لەبارەی کوردستانەوە، کەوا کارێکی نایابی تێدا کردووە لە ماوەی جەنگدا. ئەو لە پێش جەنگدا هەندێ کاری جوگرافیی بەنرخی ئەنجامداوە لە تێکەڵکردنی ڕووپێویی سێگۆشەیی هندستان لەگەڵ ئەو ڕووپێوییەی کە ڕووسەکان لە ناوچەی پامیر ئەنجامیانداوە، کە بەشێکە لەو جیهانەی من پێش چەندین ساڵ زانیاریم لەسەر بەدەستهێناوە. ئەوە ساڵانێکی زۆرە مێجەر ماسۆن دەستبەکار بووە لە میزۆپۆتامیادا. بەهیواین وردە وردە ئاگاداری پەیدا بکەین لەسەر ئەو کارانەی کە ئەفسەرەکانمان ئەنجامی دەدەن لەسەر شانۆکانی دیکەی جەنگ. ئەو پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەم کۆمەڵەیەدا قسەی نەکردووە و من دڵنیام ئێوە بە پەرۆشییەکی زۆرەوە گوێی لێدەگرن. من ئێستا بەختەوەرم بەوەی کە مێجەر ماسۆنتان پێشکەش بکەم”.
پاشان مێجەر ماسۆن پەیپەرە چاپکراوەکەی سەرەوەی خوێندەوە و بە دوایدا گفتۆگۆ دەستیپێکرد؛ سەرۆک، بە خۆشحاڵییەوە ئەم ئێوارەیە بەخێرهاتنی “جەنەراڵ سێر ئەلیکسەندەر کۆب” دەکەین، کە سەرۆکی “مێجەر ماسۆن” بووە. چەند ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر دوا دیداری نێوان من و جەنەراڵ کۆبدا، کە لە قەڵای شیتراڵ بوو لە ساڵی ١٨٩٥دا و جەنەراڵ کۆب ڕۆڵێکی تەواو تایبەتمەند و جیاکاری هەبوو لە لەشکرکێشیی فریاکەوتندا و وەک هەمووان دەزانن کەوا ڕۆڵێکی زۆر تایبەتیشی هەبوو لەم جەنگەدا (واتە جەنگی جیهانیی یەکەم – و) و فەرماندەی ئەو فەیلەقی سوپایە بوو کە یەکەمجار بەغدای گرت. ئێستا من داوای لێدەکەم بفەرمێت بۆ قسەکردن.
جەنەراڵ کۆب؛ موحازیرەکە تەنها ئاماژەی بۆ هەندێ لەو کارانە کرد کە ئێمە داوامان لە ئەفسەرە سیاسییەکانمان دەکرد جێبەجێی بکەن، بەڵام لە میانەی موحازەرەکەیدا بێئاگایانە وێنەیەکی گەورەتری پێداین لەسەر کارەکەیان. کۆمەڵەکەی ئێوە (واتە کۆمەڵەی جوگرافیی شاهانەی بەریتانی – وەرگێڕ) لە هەموو کەس زیاتر دەزانێت کەوا ئەفسەران و سەربازانی گەنجی ڕەگەزی ئێمە چییان کردووە لەو وڵاتانەی کە کەمیان لەبارەوە دەزانرێت لە ناو ئەو هۆز و خێڵانەدا کە هەندێ جار هەڵوێستیان دوژمنکارانە بوو لەگەڵمان و چ زانیارییەکیان هێناوەتەوە بۆمان و چ هەست و متمانەیەکیان بە بەریتانییەکان بەجێهێشتووە لەدوای خۆیان. ئێوەش تەقدیری ئەوە دەکەن کەوا فەرماندەی مەیدانی لە ڕۆژهەڵاتدا هەموو دەم لە پیاوەکانی ڕادەبینێت بۆ هەر کارێک ڕایانبسپێرێت، بەڵام لە پاڵ بوێری و سەرچاوەکانی تردا پێویستە زانیاریت هەبێت لەپێناوی دەستکەوتنی باشترین ئەنجامدا. من بەختەوەرم بەوەی کە موحازیر ماوەی سێ ساڵ ئەفسەرێکی ئەرکانی هەواڵگریی ئێمە بوو لە میزۆپۆتامیا و بە هۆی ڕاهێنان و ئەزموونیەوە لە بواری ڕووپێویدا ئەو ئەنجامە باشانەی ئیستیتڵاعی بەدەستهێناوە کە ئەم ئێوارەیە باسی لێوە کردن. هەروەها پاش ئەوە بە ماوەیەکی کورت توانیم دەرفەتی گەشتێکی تری سەرنجڕاکێشی بدەمێ لە ناوچەی فوراتی ناوەڕاستدا کە بە بیاباندا بچێت بۆ دیمەشق و بە تەدموردا گوزەر بکات.
ئەو توانی بە ئۆتۆمبیل ئەم ئەرکە بەجێبێنێت لە کەشوهەوایەکی گەرمدا و هیج گومانم نەبوو کە ڕێز لەو جیاوازییە دەنێت و دەتوانم بڵێم کە دڵنیام مەترسییەکانی لە گەشت و گەڕانی پێشووی کەمتر نەبووە. بەداخەوە ئێمە کاتێ گوێبیستی دەستدرێژکاری دەبووین بۆ سەر ئەفسەرە بەریتانییەکانمان لەم ناوچە دوورەدەستانەی جیهاندا، جێی خۆی بوو بپرسین باشە بۆ لەوێ بوون و چۆن گەیشتوونە ئەوێ و ئەی بۆچی لەوێ شەڕمان دەکرد؟ لە حاڵەتی کوردستاندا، دەتوانم پێتان بڵێم کە چۆن گەیشتینە ئەوێ و بۆچی لەوێ بووین. کاتێ کە ئاگربەست ڕاگەیەنرا و ئێمە ڕۆیشتین بۆ مووسڵ، دەبوو هەلومەرجەکانی ئاگربەستەکە بگەیەنینە عەلی ئیحسان پاشای فەرماندە تورکەکە. بە پێی مەرجە بنەڕەتییەکان، دەبوو ئێمە تەواوی هێزەکانی تورکیا پاک بکەینەوە و دەبوو میزۆپۆتامیا چۆڵ بکەن. لە ڕاستیشدا، باوەڕم وایە قسە و باس ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە ئەوان خۆیان ڕادەست دەکەن. بەهەرحاڵ، ئێمە لە بارودۆخێکدا نەبووین کە ئەوە جێبەجێ بکەین، چونکە ئەو کاتە چەندین هەزار دیلمان گرتبوو و پێمانڕاگەیاندبوون کە لە وڵاتەکە بکشێنەوە و چۆڵی بکەن. سنوورەکانی وڵاتی میزۆپۆتامیا زۆر بە باشی نازانرێت و بە پێی گێڕانەوەیەکی ئەڵمانی کە لای ئێمەیە وای پیشان دەدا کە درێژ دەبیتەوە بۆ ڕووباری فورات لە ڕۆژاوای مووسڵەوە. هێڵی پەیوەندییەکانی ئێمە تا ١٣٠ میل لە مووسڵەوە درێژ دەبووەوە و ڕاستییەکەی سەربازگەی مووسڵ لەسەر کۆگا و عەمبارەکانی تورکەکان دەژیا کە ئێمە دەستمان بەسەردا گرت و بەسەر تورکەکاندا دابەشمانکرد تا ڕزگارمان بوو لێیان.
جەنەراڵ مارشاڵ بڕیاریدا کە ئەوپەڕی ئێمە بتوانین بیکەین دەرکردنی تورکەکانە لە ویلایەتی مووسڵ، کە زۆر بە وردی دیاری نەکرابوو. بەڵام ئێمە داوامان لە عەلی ئیحسان کرد کە هێڵەکە لەسەر نەخشە بکێشێت، کەوا تا ڕادەیەک لەگەڵ خەتە خاڵ خاڵەکەدا یەکدەگرێتەوە لەسەر نەخشەیەکی یەک لەسەر ملیۆنێک و ڕەواندز و زاخۆ دگرێتەوە لە باکووری مووسڵەوە. ئێمە وامان ڕێکخستبوو کە ئەو تەواوی هێزەکانی لە هەموو بنکەکانی ئەم ناوچەیە بکێشێتەوە. ئەو بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک فێڵبازانە لێیپرسین ئاخۆ ئێمە بەرپرسیارێتیی چاودێری کردن و ئاسایشی هەموو ئەم بنکانە دەگرینە ئەستۆ و بیرۆکەیەکی زۆر زیرەکی هەبوو کە ئاخۆ ئێمە دەتوانین بە کردەوە هەموو ئەو کارانە بکەین. بێگومان ئەزموونی شەخسیی ئەو لەم وڵاتەدا خۆش نەبوو، چونکە کاتێ پاش ماوەیەکی کورت ئەوێی بەجێهێشت و ڕۆیشت بۆ نسێبین داوای لێکردین دوو ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی بدەینێ بۆ پارێزگاری لێکردنی و لە ئۆتۆمبیلەکەی خۆیشیدا تفەنگێکی ڕیزی (ڕەشاشی) هەڵگرتبوو. جەنەراڵ مارشاڵ پێیگوت “بەڵێ، لیستێکمان بدەرێ بەو بنکانەی لەئەستۆی تۆدا بوون و ئێمەش هێزەکانمانی تێدەبەین”. ئێمە مەفرەزەیەکی بچووکمان نارد بۆ ئاڵتوون کۆپری و ئەفسەرێکی سیاسی لەگەڵ هێزێکی سوارە بۆ هەولێر و ئەفسەری سیاسی بۆ هەر یەک لە سلێمانی و ڕەواندز. ئەوان هەر کە گەیشتنە ناوچەکانیان هەندێ لە خەڵکی خۆوڵاتییان وەک پۆلیس چەکدار کرد و کەوتنە ئیدارەدانی وڵاتەکە. ئا بەم شێوەیە بوو کە ئێمە گەیشتینە ئەو بەسانەی کوردستان. کاتێ کە عەلی ئیحسان گەیشتە نسێبین ڕاستەوخۆ کەوتە پیلانگێڕان لەگەڵ کوردە خۆوڵاتییەکاندا و هەوڵی کێشەنانەوەی دەدا. بەهەرحاڵ، ئێمە پاش ماوەیەکی کورت توانیمان لەوێ بیگوێزینەوە، بەڵام ئەم پیلانگێڕییە بەردەوام بوو و هەڵبەت دواخستن و تەگەرە دروستکردن لە بەردەم جێگیر کردنی ئاشتیدا کارەکەی بەرەو خراپتر برد. کوردەکان پێیان وابوو کە ئێمە تۆڵەیان لێدەکەینەوە و دەیاندەینە دادگا بە هۆی بەشدارییانەوە لە کوشتاری ئەرمەندا کاتێ کە لە ژێر حوکمی تورکدا بوون و تورکەکانیش کاریان لەسەر ئەم مەترسییەیان دەکرد، بۆیە مەسەلەیەکی سروشتی بوو کەوا کێشە و گرفتمان بۆ دروست بکەن و بەداخەوە لەم سۆنگەیەوە هەندێ لە ئەفسەرانمان لەدەستدا. من باوەڕم وایە کەوا کوردەکان بە هیچ شێوەیەک سەر بە تورکیا نین و بەتەواوییش بە لای بەریتانیادا دایدەشکێنن، بەڵام دژ بە ئەرمەنن و بەدڵنیاییەوە نایانەوێ بچنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەرمەنییەوە یان لە ژێر حوکمی ئەرمەندا بن. هەر کاتێکیش بزانن کە مەسەلەکە بەو بارەدا ناشکێتەوە ئەوە بە زووترین کات هیچ پەیوەندییەکیان بە تورکەوە نامێنێت. خۆ ئەگەر بگەینە چارەسەرێکی ئاشتییانە لەگەڵ تورکیادا، هیوام وایە ئاشتی و خۆشگوزەرانی باڵ بکێشێت بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەدا کە لە تورکەکان سەندراوە.
سەرۆک؛ ئەمشەو بەڕێز دی گراف هەنتەرمان لەگەڵە، کە ڕواێژکاری ماتماتیکی ڕووپێویی هندستانە و بە سێگۆشە سنووری کوردستانی لەگەڵ سنووری تورکی – ئێرانیدا جیاکردووەتەوە و پێمخۆشە بەڕێزیان ئەزموونی خۆیمان بۆ بخاتەڕوو.
کاپتن دی گراف هەنتەر؛ لە نێوان نۆڤەمبەری ١٩١٨ و تەمووزی ١٩١٩دا من دەستم دایە ڕووپێویی ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە نێوان ڕووباری دیجلە و سنووری تورکیا و ئێرانەوە. هەڵبەت خۆشحاڵ بووم بە دیداری “مێجەر ماسۆن” لە کۆتایی گەشتەکەیدا و ئەوەی کە کردبووی پیشانیدام و سەرسام بووم بەو بڕە زۆرە نەخشەیەی کە ئەنجامیدابوو، پاشان ڕێکخستن و سەروبەرگرتنی تەواوکردنی کارەکەم لەو خاڵەوە و بچمە سەر کارەکەی ئەو بە درێژایی کەناری باشووردا و ئەوەش بە شێوەی پارچە پارچە لە مانگەکانی دواتردا جێبەجێکرا. کاتێ کە مێجەر ماسۆن لە ڕەواندز بوو من لە سلێمانی بووم و برووسکەیەکم پێگەیشت پرسیاری خاڵەکانی یەکتربڕی دەکرد لە ناوچەی ڕەواندزدا. هەشت یان دە خاڵی گونجاو هەبوو کە من لە نێوان کەرکووک و سلێمانیدا یەکتربڕم پێکردبوون و دەکەوتنە دووریی دەوروبەری ٨٠ میلی باشووری ڕەواندزەوە. بە هۆکاری سستیی پەیوەندییەکانەوە ئەو داتا و زانیارییانەی کە ناردبووم تەنها لە پاش گەڕانەوەی گەیشتبووە مێجەر ماسۆن، بەڵام توانی نەخشەکە لەگەڵ ئەواندا ڕێکبخات. کاتێ لە مایسی ١٩١٩دا سەردانی ڕانیەم کرد و لە ڕێگەی بە سێگۆشەکردنەوە نەخشەکەیم جێگیرکرد و نزیکەی دوو میل جیاوازی هەبوو لەنێوان ئەنجامەکەی من و ئەوی مێجەر ماسۆندا لە ڕێگەی ڕووپێویی کۆمپاسەوە (ئاڕاستەنوما) و پێموایە دەبێ ئەمە بە کارێکی ورد بژمێردرێت بۆ ڕووپێویی کۆمپاس. ناوچەکانی نێوان هەولێر و ڕانیە بە شێوەیەکی بەرچاو جێگیر بووبوون و بارودۆخی ئەو هەژارییە سەختەی پێشتر زۆر باش بووبوو.
لەم ماوەیەدا ئەفسەرێکی سیاسی بەناوی “کاپتن پارکەر” نێردرابوو بۆ ڕانیە. بە گەیشتنم لە کۆیسنجەقەوە حاکمی شار دۆستانە و گەرموگوڕ پێشوازیی لێکردم. وا دیاربوو کوردە ناودارەکانی ئەو ناوچەیە زۆر دۆست بن لەگەڵ بەریتانییەکاندا. لە پاش دوو ڕۆژی بەجێهێشتنی ڕانیە هەواڵی ڕاپەڕینەکەی شێخ مەحموودم لە کۆیسنجەق بیست، بەڵام پێدەچێت وەرگرتنی ڕێوشوێنی دەسبەجێ ڕێگەی گرت لە هەر ئاژاوە و پشێوییەک لە باکووری ڕووباری زێی بچووکەوە. پاشان موحازیرەکە ئاماژەی کرد بۆ شکستخواردنی سیاسەتی تورکی بە ئاڕاستەی هەڵوەشانی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی گوندەکان. شۆڕشەکەی شێخ مەحموود لە ٢١ی مایسدا بەرپابوو و لە هەمان کاتدا سێ کەس لە تیمەکانی ئەنجامدانی ڕووپێوییەکەم بە دیل گیران کە لە مەودای دووریی ٥٠ میل لە سلێمانییەوە کاریان دەکرد و لە دوای دوو ڕۆژ دوو کەسی تریان خوێنساردانە گیران. هەموو ئەم پیاوانە بۆ ماوەی زیاد لە مانگێک لە ناوچەکانی خۆیان کاریان دەکرد بێ هیچ یاوەری و پاسەوانییەک و بە دۆستایەتییەکی بەرچاو مامەڵە دەکران تا ساتەوەختی پێش دەسگیر کردنیان. بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک سلێمانی لە ژێر دەستی شێخ مەحمووددا مایەوە تا ئەو کاتەی هێزەکانی فریاکەوتن لە ١٨ی حوزەیراندا هاتنەوە ناوشار. لە ١١ی تەمووزدا، کە دوا ڕۆژی من بوو لەوێ، وا دیاربوو هەموو شتێک جارێکی تر سەقامگیر بووبێتەوە لەوی. من لەگەڵ تێبینییەکانی مێجەر ماسۆندا بەتەواوی کۆکم لەبارەی بەکارهێنانی ناوی تورکی بۆ چیا و چەم و ڕووبارەکان .. تاد. پێویستە ناوی سەر نەخشەکان ئەوانەبن کە لە ناوخۆدا بەکاردێن، بێجگە لەوەش، پێویستە بە شێوەیەک گۆبکرێن کەوا کەسی خوێندەوار بتوانێت بە شێوەیەک گۆی بکات وەک هاووڵاتیی ڕەسەنی ناوچەکە. لێرە هیچ کەسێک دەرفەتی نییە ئەوە بکات ئەگەر ناوەکان بەهەڵە نووسرابێت. گرنگترین شت ئەوەیە کە دەبێ “سلێمانی” ئاوها گۆ بکەم، نەک بە شێوەی سلێمانییە کەوا گۆکردنێکی هەڵەیە و ئەم جۆرە گۆکردنانە هەر کوردێک گوێی لێبێت لێی تێناگات و لەم بیست ساڵەی دواییدا نزیکەی هەموو نەخشەکان بەم شێوە هەڵەیە بڵاوکراونەتەوە. سەرەنجام دەمەوێ ئەوە بڵێم کە پەیپەرەکەی مێجەر ماسۆن وێنەیەکی ڕاستەقینەی داوەتە وڵاتەکە وەک ئەوەی کە بە ماوەیەکی کەم لە مۆرکردنی ئاگربەست لەگەڵ تورکیادا پەیڕەوی دەکرا.
سەرۆک؛ کاپتن بێڵ، یەکێکە لەو ئەفسەرە سیاسییانەی کە لەلایەن موحازیر و جەنەراڵ کۆب ئاماژەی پێدراوە. ڕەنگە ئەو نهێنییەمان بۆ باس بکات کە ئەفسەرە سیاسییەکان پەنایان بۆ بردووە لە کارەکەیاندا.
کاپتن چارڵس تی. بێڵ؛ جەنەراڵ کۆب زۆر باشی کرد کاتێ گوتی دەتوانێ هەمیشە ئەو ئەفسەرانە بدۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەی پێی دەسپێردرێت، بەڵام ئەوەی نەگوت کە ئەوان لە کارەکەیاندا بەرەوپێش دەڕۆن چونکە متمانەیەکی گەورەیان هەیە بە سەرکردەکانیان و ئەوەش بزانرێت کەوا هەموو پاڵپشتییەکیان دەکرێت. ڕەنگە بوارم پێبدرێت بۆ تەواوکردنی باسەکەی مێجەر ماسۆن بە گێڕانەوەیەکی کورتی ژیانی یەکێک لە ئەفسەرە سیاسییەکان لە کوردستان. من لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەوە، وەک دەکرێ وای ناو بهێنم، بە فەرماندەیی مێجەر نۆئێڵ نێردرام بۆ سلێمانی و نێردەکە شەش ئەفسەری سەربازی و سیاسیی لەخۆگرتبوو. ژمارەی دانیشتووانی شاری سلێمانی لە پێش جەنگدا ٤٠ هەزار کەس بوو، بەڵام لە مانگی دیسەمبەری ڕابوردوودا بە حاڵ و نەحاڵ دەگەیشتە ٩ هەزار کەس و زۆرێک لەوان لەبرسا دەمردن و هەموو بەیانییەک تەرمەکان لە بازاڕدا کۆدەکرانەوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا خەڵکی گۆشتی منداڵە مردووەکانی خۆیان دەخوارد. لە پاش مانەوەیەکی کەم لە سلێمانی، گوێزرامەوە بۆ کۆیسنجەق. یەکەم شەوم لە مزگەوتێکدا بەسەربرد، کە بریتی بوو لە کۆڵیتێکی قوڕ و وەک میوانخانە و تەویلەی وڵاخیش بەکاردەهات. مەلای مزگەوتەکە کاتەکەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی زۆر جێی گومان بە زمانی فارسی لەگەڵم بەسەربرد و پاشان چووە لای ئاپۆرەی نوێژخوێنان و بە دڵگەرمییەوە کەوتە دۆعاکردن و نوێژخوێندن. لە ڕەواندز هەندێ لە سەرۆک خێڵەکان داوایان کرد ڕۆژێك بیانبینم. ئەوان کۆچەر بوون و بە مەڕوماڵاتەکانیانەوە بە چیاکاندا دەسووڕانەوە. نزیکەی دە کەسیان هاتنە لام و بەوپەڕی تەبایی و گونجاوییەوە کەوتینە قسە و دەمەتەقێ لەگەل یەکتر، کاتێ کەوا کوتوپڕ کوڕی یەکێک لە سەرۆکەکان بە تفەنگەکەیەوە خۆی دا بە زەویدا و کەوتە تەقەکردن لە بەردێک کە نزیکەی ٥٠٠ یارد لە ماڵەکەمەوە دوور بوو. پاشان هەموو سەرۆکەکان بە هەمان شێوە کەوتنە تەقەکردن و نیشان شکاندن و هەستم کرد کە دەبێ منیش هەمان شت بکەم و لە پاش نمایشەکە خەڵاتم پێدان.
ئەمە پەسەندترین ڕێگە بوو بۆ دانوستان کردن لەگەڵ سەرۆکە کوردەکاندا. من دوای سێ مانگ ڕەواندزم بەجێهێشت بەرەو باکوور بۆ نەهری بە یاوەریی سەرۆک خێڵێکی خۆوڵاتی بە ناوی سەید تەها، کە لە نەوەی پێغەمبەرە و بەو پێیەش پیرۆزیی بەمیرات بۆ ماوەتەوە. ئەگەرچی ئەم پیاوە خۆی بە کەسێکی هێجگار گرنگ دەزانێت، بەڵام ئەم دوانزە ساڵەی دوایی لە زیندان بەسەربردووە یان هەوڵیداوە لێی هەڵبێت لە ئێران و ڕووسیا و دوو جاریش لە قوستەنتینییە (ئیستانبوڵ – و). ئەو لەوێ شتێک لە شارستانییەت فێربووە، چونکە کاتێ کە من گەیشتمە نەهری، ئاودەست و گەرماوێکی زۆر پوخت و خاولیی بۆ دابینکردم، کە پێشوازییەکی تا ڕادەیەک لەناکاو بوو بۆ سەرۆک خێڵێکی ڕێگر و جەردە لە چیا کێوی و دەست پێڕانەگەیشتووەکانی کوردستانی ناوەنددا. مێجەر ماسۆن باسی لە کریستیانەکانی کوردستان کرد کە لە کوردستانی ناوەڕاستدا گوندێک هەیە لە شەشسەد ماڵ پێکهاتووە و نیوەیان کریستیانن و هەردوو لا بە تەبایی پێکەوە دەژین. لە نزیکی کۆیسنجەق گوندێک هەیە کە دانیشتووانی تەواو کریستیانن. ناوچە دێهاتییەکانی باکووری ڕەواندز تەنانەت زۆر وێرانترە لەوانی کە لە باشووری کوردستاندان و چەندین ڕۆژ ڕێبکەیت گوندێک یان کەسێک نابینیت و لەوە دەچێت وڵاتەکە بەتەواوی نغرۆ بووبێت، یەکەم لەسەر دەستی هێزەکانی ڕووسدا و دواجاریش لەسەر دەستی تورکەکاندا. لە ڕاستیدا، لە باکووری کوردستاندا و لە باشووری زیاتر، وا دیارە بۆنی مەرگ وڵاتی بەتەواوی پڕکردووە. من بۆ ماوەی هەفتەیەک لە نزیکی نەهری هەوارم خست و خێوەتمان هەڵدا. هێزەکانی تورک لەو ناوچەیەدا هەبوون و هێزێکیان ناردە سەر سەربازگەکەی من. لەبەر ئەوە من گواستمەوە بۆ ئێران و لە ورمێ مامەوە. دەشتی ورمێ زۆر بەپیتە و گەلێ جار ڕووس و کورد و تورک و کریستیانەکان لەسەر ئەو دەشتە دەبێت بە شەڕیان و پێش ئەوەی من بگەمە ئەوێ بە دوو هەفتە قەتڵوعامێکی کریستیانەکان ڕوویدابوو. جێی سەرنجە ئەوە بزانن کەوا شێخ محەمەد ئاغا، کە وێنەکەتان بینیوە بە شەرواڵێکی دەڵب و پانوپۆڕەوە، ئەوەی سەلماندووە کە دۆستێکی دڵسۆزی ئێمە بوو لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا. ئەو ئۆتۆمبیلە تورکییەی کە توانی لە هەولێرەوە بگاتە ڕەواندز کەوتە خەرەندی ڕەواندزەوە. من باوەڕم وایە کە ڕاپەڕینەکەی سلێمانی بەگشتی شکستخواردوو بوو و جەماوەری بوونی زیاتری حوکمی بەریتانیی لێکەوتەوە بەپێچەوانەی حوکمی تورکەوە. مەسەلەکە بۆ کورد چەند مانگێکی خایاند تا ئەوە تێبگات و کاتێ ئەو ڕاستییەی بۆ دەرکەوت چیتر گومانی نەما لە جەماوەری بوونی ئێمە. ئەمەش لەو ڕاستییەوە ڕووندەبێتەوە کەوا شەش ئەفسەری سیاسیی – سەربازیی زیندانی، کە یەکێکیان پێش ماوەیەک بەردرا و گەڕایەوە بۆ وڵات، چۆن تێکڕا مامەڵەیەکی زۆر باش کراون.
سەرۆک؛ مێجەر ستیوارت موڕای، ئەفسەرێکی سیاسیی ترە و ئێستا لێرەیە و مایەی سوپاسگوزارییەکی زۆرمانە ئەگەر بفەرمێت و وتەیەکمان بۆ بدات.
مێجەر س. موڕای؛ من لە هەولێر بە یەکەم ئەفسەری سیاسی دامەزرام و بە پێی ئەم سیفەت و پۆستەم مامەڵەم لەگەڵ خەڵکدا دەکرد لە سلێمانی و ڕەواندز و هەموو شوێنەکانی تر. لەبەر ئەوە زۆر بە گرنگییەوە گوێم لە موحازەرەکەی “مێجەر ماسۆن” گرت و هەروەها بۆ قسەکانی کاپتن هەنتەر و کاپتن بێڵیش. من لە کاتی ڕاپەڕینەکەی سلێمانیدا لەسەر تەلەگراف بووم لە هەولێر و ئاگام لەو ڕۆژە پڕ ناخۆشی و مەترسییانە بوو کە خەڵک تێیدا دەژیان. ئەوان لە ڕاستیدا زۆر دوور نەبوون لەو ڕووداوانەوە، بەڵام ڕەنگە دوورییەکەیان لە مەودای هەزاران میلەوە بووبێت بۆ ئەو هاوکاری و یارمەتییەی کە دەبوو ئێمە پێیان بگەیەنین. بەڵام بە هۆی بوونی پیاوەکانمانەوە لەو شوێنە دوورەدەستانە، ڕاپەڕینەکەی سلێمانی، وەک بەرپاکرا، مەودایەکی گەورەی وەرنەگرت و زۆر تەشەنەی نەکرد. من کاتێ سێ مانگ لەمەوبەر هەولێرم بەجێهێشت وا دیاربوو تەواوی ناوچەکە سەقامگیر بووبێت و پێموایە کوردەکان ئێستا لەوە تێگەیشتوون کە ئێمە نەهاتووین خوێنیان بمژین، وەک دەگوترێ، بەڵکوو هەوڵ دەدەین چیمان لەتوانادا بێت یارمەتییان بدەین. ئێمە خواردن و جلوبەرگ و شتی تری پیویستمان بۆ ناردوون وزۆر شتمان بۆ کردوون. من زۆر دڵنیام کەوا شتەکان جێگیر دەبن و کاتێ ئەگەر ئاشتی بەرقەرار بوو، هەموو کەس دەزانێت کە شتەکان لە چاو ئەوەی کە ساڵی پار بینیتان بەتەواوی دەگۆڕێن.
سەرۆک؛ مایەی ئەوپەڕی خۆشحاڵیمانە بۆ ئەوانەمان کە دەبوو لە ماوەی جەنگدا لە لەندەن بمێنینەوە و ئەو پیاوانە ببینین کەوا لە ناوچە دوورەکانی ئەم جیهانە بۆ بەرژەوەندیی ئێمە کاریان دەکرد وا جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ وڵات. ئەو کەسانەی ئێمە کە بەناچاری مامەڵەیان لەگەڵ گەلە کێوییەکاندا کردووە دەبێ لەو گرفت و ئاستەنگانە تێبگەن کە بەرەوڕووی ئەفسەرەکانمان دەبنەوە و ئێستا زۆر زیادیان کردووە بە هۆی ئەو نادڵنیاییەوە کە لە دەمی مۆرکردنی ئاگربەستەوە باڵی کێشاوە بە سەر دۆخەکەدا سەبارەت بە چارەنووسی داهاتووی ئەو هەرێم و وڵاتانەوە کەوا ئەو ئەفسەرانە کاریان تێدا دەکەن. ئێوە گوێتان لە باسوخواسی ئەو ئەفسەرانە گرت و گەیشتوونە ئەو باوەڕەی کە دۆخێکی ناجێگیر و نادڵنیایی هەیە سەبارەت بەوەی ئاخۆ کوردستان لە داهاتوودا دەکەوێتە ژێر حوکمی بەریتانی یان دەگەڕێتەوە سەر تورکیا و یان دەبێتە بەشێک لە دەوڵەتی داهاتووی ئەرمینیا. کەواتە تا ئەم مەسەلەیە بەتەواوی یەکلادەبێتەوە، ئەوە کاری ئەفسەرەکانمان لەوێ دەکەوێتە بەر هەڕەشە و مەترسیی هێجگار گەورەوە و ئێمە بە تەواوی لەو مەترسییانە تێدەگەین کە بەرەوڕووی ئەفسەرەکانمان بووەتەوە. پێموایە کاتێ کە ئێمە گوێمان لە موحازەرەکەی “مێجەر ماسۆن” دەگرت، بیرکردنەوەی سەرەکیمان کە تووشی سەرسوڕمانی کردبووین ئەو ڕاستییە بوو کەوا ئەو وێرانکارییە سامناکەی باسەکەیمان بیست بەبێ هەڵەی ئەو خەڵکە خۆیان ڕوویداوە و ماڵی ئەو خەڵکە چارە ڕەشە بەجارێ کاول و ویران بووە و خەڵکی وڵاتەکە لەناوچوون نەک بە هۆی شەڕێکی تایبەت لەنێوان خۆیاندا، بەڵکوو بە هۆی شەڕی نێوان ئەوروپییە دوورەکانەوە بووە لە ناوەڕاستی ئەوروپادا. لە باسەکەی “مێجەر ماسۆن” و لەو سلایدە نایابانەوە کە پیشانیداین، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی نائاسایی وشک و چۆڵە و لە ئێستادا پێناچێت ئاستەنگی زۆر هەبێت لە بەردەم پەیوەندیکردندا.
لەگەڵ ئەوەشدا؛ موحازیر وتەکەی بە تێبینییەکی پڕ لە هیواوە کۆتایی پێهێنا و وایبۆچوو کە وێستگەیەکی نایابە بۆ هێزەکانمان ئەگەر پاسگا و سەربازگە لە میزۆپۆتامیادا دابنێین. هەروەها باسی لە ئەگەری چاندنی دار کرد، بەتایبەتی داری میوە و چاندنی ڕەزەترێ و دانەوێڵە و لۆکە و تووتن و پێموایە باسی لە ئەگەری دۆزینەوەی خەڵووزی بەردین و نەوتیش کرد. بەهەرحاڵ، ڕەنگە پاشەڕۆژێک هەبێت بۆ ئەم وڵاتە کڵۆڵ و بەدبەختە و بەهیواین لە کاتێکی نزیکدا سەقامگیر ببێت لەپێناوی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیدا بە شێوەیەکی تۆکمە و چەسپاو. ئەوە ماوەتەوە بڵێم کە داواتان لێدەکەم سوپاسی گەرم بۆ بەڕێز مێجەر ماسۆن دەرببڕن لەپای موحازەرە زۆر سوودبەخش و پڕ لە زانیارییەکەی.
سەرچاوە؛
گۆڤاری جوگرافی (سەر بە کۆمەڵەی شاهانەی جوگرافیی بەریتانی – وەرگێڕ)
بەرگی ٥٤، ژمارە ٦، دیسەمبەری ١٩١٩
The Geographical Journal
Vol. LIV No. 6
December 1919
CENTRAL KURDISTAN
Major Kenneth Mason, M.C., R.E.
Read at the Meeting of the Society, 3 November 1919.
مێجەر کێنێس ماسۆن؛ ئەفسەری سیاسیی بەریتانی لە کوردستان
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق