ئەوەی لە ساڵانی (١٩٨٧-١٩٨٨) بەسەر گەلەکەماندا هات، بەپێی سەرجەم پێوەر و پێودانگە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان دەچێتە بواری جینۆساید، یان کوردانە بڵێین (قڕکردن)ی نەتەوەییەوە، چونکە ئەو زنجیرە هێرشه دڕندانە و نامرۆڤانەیەی کە لە ماوەی پڕۆسەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا دژ بە گەلەکەمان ئەنجام درا ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی و لە هەمان کاتدا بەرنامە و پلان بۆ داڕێژراو بوو کە ئامانج لێی قڕکردنی تاکەکانی گەلێکی بێ تاوان بوو لەسەر خاک و زەمینی خۆی لە ڕێگای ئازاردان و کوشتن و زیندەبەچاڵکردن و…هتد، کە ئەمانه لە تێرم و ئیدیۆمی “جینۆساید” دا کۆدەبنەوە.
“کێ بوو یەکەمجار وشەی جینۆسایدی بەکارهێنا؟”
ئەو تاوانانەی کە دەچنە چوارچێوەی ئەو زاراوەیهی سەرەوە، پێش دۆزینەوەی ئەم وشەیە بە چەندین سەدە دژ بە گەلە ستەمدیدە و چەوساوەکان بەکارهاتووە، بەڵام لە پاش پێشکەوتن و گەشەسەندنی بواری یاسای نێودەوڵەتان بۆ یەکەمجار زانای ئەمریکی بە ڕەگەز پۆڵۆنی (Raphael Lemkin) وشەی جینۆسایدی لە ساڵی (1933) بەکارهێناوە، لە ساڵی (1944) کەوتە نێو نووسینەوە – “لیمکین” خۆی ڕاوێژکاری وەزارەتی جەنگ بوو له ئەمریکا و بنەماڵەکەیان بە دەستی نازییەکان لە جەنگی دووەمی جیهانیدا هەموویان قڕکران، بە گوێرەی بیر و ڕای “لیمکین” تاوانی جینۆساید کۆمەڵە کارێکە بە مەبەستی وێرانکردنی زەمینەی سەرەکی ژیانی کۆمەڵە مرۆڤێک، تاوەکو قەڵاچۆ بکرێن ئەویش بە داڕمان و وێرانکردنی پێکهاتەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و زمانەوانی و تێکدانی هەست و سۆزی نیشتمانی و ئاینی و ئابووری و هتد. بەم پێودانگە و لە سۆنگەی بیروڕاکانی “لیمکین”ەوە، دەتوانین سیاسەتی حکومەتی ئێراقی دژ بە گەلەکەمان بە تاوانی جینۆساید دیاری بکەین، جینۆسایدیش سیاسەتێکی درێژخایەنە بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی درێژخایەن کە ڕەنگە له قۆناغی شەڕ و جەنگدا ڕووبدات و دەکرێ لە حاڵەتی ئاسایی و ئاشتیشدا بەبێ هۆکار و ئامڕازەکانی جەنگ ئەنجام بدرێت .
دوای دوو جەنگی جیهانی ماڵ کاولکەر و وێرانکردنی سەرچاوەکانی ژیان و ژیار، ئیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی ئاشتی جیهانی و سەقامگیری دا و هەر لەو سۆنگەیەشەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) وەک و ڕێکكەوتنێکی یاسایی و سیاسی لەسەر خواستی دەوڵەتانی جیهان هاتە دامەزراندن، بەندی (٢٥)ی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیمانی ئەندامانی ڕێکخراوەکە تۆمار دەکات کە مل دەدەن بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و جێبەجێکردنیان بەگوێرەی دەستوورەکە، جا لەبەر ئەوەی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دروستکەری بنەمای یاساییە هەر وەک و بەڕێز “دکتۆر گوڵ” لە کتێبی “بارودۆخی کورد لە چەند بابەتێکی یاسای نێودەوڵەتاندا” باسی لێوە دەکات دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە یاسای نێودەوڵەتان لە دوو جۆرە بنەمای یاسایی پێک دێن:-
یەکەم:- بنەمای تەواوکەری یەکتر، کە دەکرێ بڕیار لەسەر جۆری جیاوازیان بدرێ.( Regle Declaratires – قواعد مکملە او متممە)
دووەم:- بنەمای (ئیمپرەیتیڤ Regle Impertives ) (قواعد آمرە) کە ئەم جۆرەیان خەسڵەتێکی باڵای هەیە و ناکرێ بە پێچەوانەیان ڕەفتار بکرێت؛ بۆ نموونە ئەو بنەما یاساییەی کە کوشتن قەدەغە دەکات پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت و دەبێ هەموو کەس و لایەنێک پێوەی پاپەند بن و هیچ کەسێکیش دەسەڵاتی ئەوەی پێ نادرێ خۆی لە پابەندێتی بنەمای “ئیمپرەتیڤ” دوورخاتەوە – واتە سیفەتێکی (ئیلزامی) هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێڕایەڵ و پابەندی بن، بەڵام حکومەتی ئێراق ئەگەر چی ئیمزای لەسەر چەندین دۆکیۆمێنت و ڕێکكەوتننامەی جیهانی و نێودەوڵەتی کردبوو، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ پابەندبوونێکی ڕاستەقینەی پیشاننەدا و بەپێچەوانەی بەند و بڕگەکانی ڕێکكەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە دەجوڵایەوە و لێرەشەوە دەتوانین بڵێین کە ئێراق بەتەواوی بنەما ئیمپیرتیڤەکانی یاسای نێودەوڵەتانی پێشێل کردووە و جینۆسایدی دژ بە گەلەکەی خۆی ئەنجامداوە. لە کتێبی (مختصر دائرە المعارف الاسرائیلیە)دا پێناسەی جینۆساید بەم شێوەیە دەکات ؛”جینۆساید، یان لەناوبردنی ڕەگەزی قەڵاچۆکردن و لەناوبردنی ڕێژەیی، یاخود تەواوەتی، کۆمەڵە خەڵکێکە بە هۆکاری ڕەگەزی، یان نەتەوەیی، یان ئایینی” کە ئەمەش لە ڕاستیدا زۆر نزیکە لە پێناسەی جینۆساید کە بەپێی “بەڵگەنامەی لەندەن” ی ساڵی ١٩٥٤ لەنێوان کۆمەڵێک وڵاتاندا لە پاش جەنگی جیهانی دووەم ئیمزا کرا، کە بهپێی ئەو بەڵگەنامەیەش هەموو ئەو تاوانانەی کە دەچنە ڕیزی تاوان، دژ بە مرۆڤایەتی و کوشتنی بەکۆمەڵ و فەوتاندنی ڕەگەزی، لە مڕۆدا لە ژێر چەمکی (جینۆساید)دا هەژمار دەکرێت.
حکومەتی ڕووخاوی بەعس دەمێک ساڵ بوو نەخشە و پلانی بۆ لەناوبردنی میللەتەکەمان داڕشتبوو کە دژ بوو لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ڕێكکەوتننامەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٤٨) و ڕێکەوتننامەی بەربەندکرن، یاخود قەدەغەکردنی جینۆساید لە ساڵی (١٩٥٤). پڕۆسەکانی دەرکردن و ڕاگواستنی بەکۆمەڵ و بەندکردنی هاووڵاتییانی سڤیل بە هەزاران و دواتر کوشتنیان بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژ بە خەڵکی سڤیل و پاکتاوی نەژادی کۆمەڵە نموونەیەکی دیار و بەرچاون لە پراکتیزەکردنی جینۆساید دژ بە گەلی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە.
“شێوازەکانی پراکتیزەکردنی جینۆساید”
وەکو پێشتر ئاماژەمان پێکرد کە جینۆساید نەخشە و پلانی پێش وەختی هەیە درێژخایەنە و شێوازەکانی پیادەکردنیشی جیاوازن بڕگەکانی ماددەی دووەمی “پەیماننامەی بەربەندکردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر ئەنجامدەرانی” کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ٩-١٢-١٩٤٨ دەرچوو شێوازەکانی پیادەکردن و پراکتیزەکردنی تاوانی جینۆساید بەم شێوەیە پۆلێن دەکات کە خۆی دەبینێتەوە لە:-
- کوشتنی بە کۆمەڵ.
- گەیاندنی زیانی گیانی و دەروونی ترسناک بە ئەندامانی کۆمەڵێک .
- بەمەبەست دانانی ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە لەژێر بارودۆخێکی سەختی ئەوتۆدا کە ڕووبەڕووی مەرگیان بکاتەوە.
- ڕێگەگرتن له زیادبوون و زاووزێیان.
- جیاکردنەوەی منداڵ لە خانەوادەکانیان و ناردنیان بۆ کۆمەڵگەیەکی تر.
لێرەدا ئەگەر وردببینەوە، دەبینین ئێراق هەر وەکو ویستبێتی تەواوی شێوازەکانی جینۆساید پیادە بکات سەرجەم ئەو ڕەفتار و تاوانانەی ئەنجام داوە کە دەچنە خانەی جینۆسایدەوە .
دکتۆر “نوری تاڵەبانی” سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەریتانیاوە مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی بواری جینۆساید لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی (جرائم نظام العراقی ضد الشعب الکردی التی تدخل ضمن مفهوم جرائم الٲبادە البشریە)دا بەکورتی شێوازەکانی جینۆسایدی حکومەتی ئێراقی دژ بە گەلی کورد هەژمارکردووە، بۆ نموونە:-
- کاولکردنی هەزاران گوند و شار و شارۆچکە و کوشتنی بەکۆمەڵی دانیشتووانەکەی .
- بەعەرەبکردنی ناوچەکانی کەرکوک و خانەقین و مەخمور و ناوچە کوردییەکانی پارێزگای موسڵ.
- ڕاگواستنی دەیان هەزار خانەوادە لە کوردە فەیلییەکان بەزۆر.
- کیمیاوی بارانکردنی شاری هەڵەبشیمای کوردستان.
سەبارەت بە خاڵی یەکەم؛ حکومەتی ئێراق هەر لە ساڵانی حەفتاکانەوە هەستا بە خاپوورکردنی گوندەکانی هاوسنوور لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و دوایی لەناوبردنی بەشێکی دانیشتووانەکەی و ڕاگواستنی بەشێکی تریان بۆ ناوەڕاست و باشووری ئێراق و هەندێکشیان له کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا نیشتەجێ کرد و بڕیاری دا کە ئەو ناوچانە قەدەغە بکرێ لە هاتووچۆکردن و لەلایەن دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانەوە چاودێری وورد دەکرا و بەڕێوە دەبرا، تاکو ئەم پڕۆسەی کاولکاری و وێران کردنە لە ساڵی (١٩٨٧)دا گەیشتە لوتکە، ئەویش پاش ئەوەی (ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش)ی ئەو کات کە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بوو مەرسومێکی دەرکرد لە بەرواری ٢٩-٣-١٩٨٧ بەگوێرەی ئەو بڕیارە تەواوی دەسەڵاتە سەربازی و ئەمنی و مەدەنییەکانی بەخشییە عەلی حەسەن مەجید ی ئامۆزای سهدام بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکانی ئەنفال له ناویشیاندا دەسەڵاتی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بۆ ناچارکردنی دانیشتووانی کوردی پارێزگاکانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکوک، موسڵ، دیالی) بۆ جێهێشتنی ناوچەکانیان و تەسلیمبوونیان بە ڕژێم، ئەگەر بەشێکی ئەو ناوچانە توانیبێتیان خۆیان بگەیەننە سەر سنوورەکان، ئەوا بەشێکی زۆرتریان لە ناچاریدا خۆیان بە دەستەوەداوە لەلایەن دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانەوە ڕەوانەی بیابانەکانی خوارووی ئێراق کراون و زۆر دڕندانە دوور لە هەموو بەها مرۆییەکان بە ژن و پیاو و پیرەوە زیندەبەچاڵ و گولە باران کران کە سەرجەمیان لە هەر (٨) قۆناغەکەی ئەنفال بە (١٨٢٠٠٠) سەد و هەشتا و دوو هەزار مرۆڤی بێ تاوان خەمڵێنراون، بەڵام عەلی حهسهن مهجید لە ساڵی (١٩٩١) دانی ناوە بە لە ناوبردنی تەنها (١٠٠) هەزار مرۆڤی کورددا کە لە پڕۆسەکانی ئەنفال فەوتێنراون، لەم پڕۆسەیەدا نزیکەی (٤٠٠٠) چوار هەزار گوند وێران کران کە پێشتر لەم گوندانەدا (١٧٥٧) هەزار و حەوت سەد و پەنجا و حەوت قوتابخانەی سەرەتایی هەبوون لەگەڵ (٢٧١) دوو سەد و حەفتا و یەک بنکەی تەندروستی.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە هەنوکە بەپێی عورفی دەولماستەری و یاسا و ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان حکومەتی ئێراقی نوێ کە وارسی حکومەتەکانی پێش خۆیەتی، دەبێ پابەندی قەرەبووی ماددی کەسوکاری ئەنفالەکان بێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەرچی لە دەسەڵاتی دایە و پێی دەکرێ بۆ خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال و جینۆساید بیکات و دەوڵەتی ئێراقیش داوای لێبوردن لەگەلی کوردستان بکات و ئیلزام بکرێ بەو ئەرکە یاساییانەی کە دەکەوێتە ئەستۆی لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ماددەی ۱۳۲ ی دەستوری هەمیشەیی ئێراق.
سەرچاوەکان:
- قضایا کردیه معاصرە – للدکتور جبار قادر ۲۰۰٦
- جرائم الحرب و جرائم ضد السلام و الٲبادە العنصریە – جرجیس فتح الله – ٢٠٠٤
- بارودۆخی کورد لە چەند بابەتێکی یاسایی نێودەوڵەتیدا – دکتۆر (مارف عمر گوڵ) ۲۰۰٥
- جرائم النظام العراقی ضد الشعب الکردی التی تدخل ضمن مفهوم جرائم الٲبادە البشریة – للدکتور نوری طالباني ۱۹۹۷ .