بزووتنەوەی تاڵیبان لە ڕوانگەی ڕووسیاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی هەژمار دەکرێت، کاتێک بزووتنەوەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی 2021، کابوولی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کرد و دەسەڵاتی گرتە دەست، مۆسکۆی خستە بەردەم دوو بژارەی دژ بەیەک؛ یەکێكیان پەیوەست بوو بەوەی کە ڕووسیا دڵخۆشە بەم دۆخەی کە لە ئەفغانستان هاتە ئاراوە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە لەڕوانگەی مۆسکۆ وەک شکستی ئەمریکا بەدی کرا لە بواری سیاسی و ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی لەدوای 20 ساڵ مانەوە لە ئەفغانستان، بە جۆرێک، وەک ڕووداوی شکستی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1990 سەیر کراوە.
لە سەرووی هەمووشیانەوە، ئەلێکساندەر دۆگین، فەیلەسووف و جیۆپۆلیتیکناسی ڕووسی، خاوەنی تیۆری تایبەتە بۆ سیستمی نوێی جیهانی بە ناوی (تیۆری چوارەمی سیاسەت)، کە گوزارشتە لە شکستی تیۆری لیبڕالیزم و سیستمی تاکجەمسەری لە جیهان. ئەم تیۆرە لە دژی هەریەکە لە (پۆست مۆدێرنیزم، کۆمەڵگەی بان پیشەسازی، لیبڕالیزم و گلۆبالیزەیشن) دەوەستێتەوە. سەردەمی نوێ، یان سەردەمی فرەجەمسەری لەسەر بنەمای ئەوەی هەر نەتەوەیەک خاوەن شێوازێکی تایبەت بەخۆیەتی لە حوکم و سەروەریی یاسا و سیستم، کە سەرچاوەی گرتووە لە بنەما کولتوورییەکان.
دووەمیان؛ مۆسکۆ ئاسوودە نییە لە پێشهاتە سیاسییەکانی ئەفغانستان، لەژێر ڕۆشنایی دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، ئەم ئاراستەیە پشت بە چەند شیکردنەوەیەک دەبەستێت و دەڵێت، ڕووداوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە (تیۆری پیلانگێڕی) و (تیۆری پشێوی) وەسف دەکرێت، ئەمەش لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ. هەروەها بۆ داهاتووی پێگە و هەژموونی مۆسکۆ لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و باکووری، کاریگەریی نەتەگەتیڤ بەدوای خۆیدا دێنێت.
دوای چەندین ساڵ لە گرژی و ململانێ لەگەڵ تاڵیبان، ڕووسیا دەستی کرد بە گۆڕینی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەو بزووتنەوەیە، بە هەڵگرتنی سنووردارکردنی یاسایی و یەکلاییکردنەوەی پەیوەندییەکان، هەنگاوەکان، کە پرسیاری زۆر لەسەر هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت ئەم نزیکبوونەوەیە نوێیە دەوروژێنن.
پێشهاتە سیاسییەکان لە ئەفغانستان جارێکی دیكە سەپاندی، کە بژارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا بەرەو ڕووی گۆڕانکاری بکاتەوە. توێژەران و شارەزایانی ڕووسی شکستی سۆڤیەت بە پیلانگێڕیی ئەمریکی لێکدەدەنەوە. بە هۆی پێشنیاری بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان بۆ شۆڕشەکان لە دژی سیستمی سۆسیالیستیی ڕووسی لە ئاسیای ناوەڕاست، مۆسکۆی ڕاکێشی نێو شەڕێکی قووڵ کرد لە ساڵی 1979 لە ئەفغانستان، کە ماوەی 10 ساڵی خایاند، دەرەنجامەکانی ئەو شەڕە وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو هەژمار دەکرێت.
لە راپۆرتێکد،ا دامەزراوەی کارینگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی لەلایەن ڕۆژنامەنووس کیریل کریڤۆشێف بڵاو کراوەتەوە، لەم راپۆرتەدا چۆنیەتیی گۆڕانی هەڵوێستی مۆسکۆ لەبەرامبەر تاڵیبان باس کراوە، کە لەلایەن هەریەکە لە وەزارەتەکانی دەرەوە و داد پێشنیاری جۆراوجۆر بۆ فلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا، خراونەتە ڕوو، بۆ ئەوەی ئەو سزایانەی لەلایەن مۆسکۆ خراونەتە سەر بزوتنەوەی تاڵیبان، پێداچوونەوەیان تێدا بکرێت، لە هەموویان گرنگتر، دەرهێنانی بزووتنەوەی تاڵیبانە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان.
ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ بە خاڵێکی گرنگ لە وەرچەرخانی سیاسەتی دەرەوەی هەژمار دەکرێت لەبەرامبەر بزوتنەوەی تاڵیبان. سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ هەستیارە لەبەرامبەر بەهێزبوونەوەی داعش لە ئەفغانستان، لەبەرئەوەی هێرشە تیرۆرستییەکەی مانگی ئاداری ڕابردوو لە مۆسکۆ لەلایەن داعشەوە ئەنجام درابوو. ئەمە لەکاتێکدا، کە کرێملین بەفەرمی کیێڤ بە هۆکاری ئەو هێرشە دەزانێت. ڕوانگەی مۆسکۆ بۆ تاڵیبان و هەوڵەکانی دوورخستنەوەی تاڵیبان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە لە شەڕی دژی داعشدا بەدوای هاوکارییەکی نزیکتر لەگەڵ کابوولدا دەگەڕێت، بەڵام بەدیهێنانی ئەمە ئەستەم دەبێت، بەتایبەتی تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە، کە هیچ هێزێکی بیانی لەسەر خاکەکەی هەبێت.
جگە لە پرسە ئەمنییەکان، مۆسکۆ هیواخوازە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ تاڵیبان پەرە پێبدات. بەرپرسانی ڕووسیا جارێکی دیکە دەستیان کرد بە قسەکردن لەسەر بەکارهێنانی ئەفغانستان وەک ناوەندێکی ترانزێت بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتیی ڕووسیا بۆ هیندستان و گواستنەوەی کاڵای دیکە بۆ بەندەرەکانی پاکستان.
ڕۆژنامەنووس کریڤۆشێڤ پێی وایە، هەرچەندە ڕێڕەوی باکوور -باشوور لە ڕووسیا بۆ زەریای هیندی لە ڕێگەی ئازەربایجان و ئێرانەوە چانسی بەدیهێنانی هەیە، بەڵام هێڵی شەمەندەفەر لە ئەفغانستانەوە بۆ پاکستان خەونێکی دوور و ئەستەمە لە بواری كردەییدا بۆ هەریەکە لە ئۆزبەکستان، ڕووسیا، کازاخستان و ئەفغانستان.
بە وتەی ڕۆژنامەنووس کریڤۆشێڤ، وەبەرهێنان هێشتا لە ئەفغانستان بۆ مۆسکۆ وەک ئاڵنگاری بەدی دەکرێت، چونکە هەرچەندە تاڵیبان سێ ساڵە دەسەڵاتدارە، بەڵام دامەزراوەكانی حکوومی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە و هێشتا دیار نییە کێ وڵات بەڕێوە دەبات، بەڵام ڕووسیا و کازاخستان و وڵاتانی دیكەی ئاسیای ناوەڕاست پێویستیان بە دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ کابوول.
کاتێک باس لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەفغانستان لەگەڵ دراوسێکانی دەکرێت، زۆر شت هەیە، کە تا ئێستا نادیارە. بە گوێرەی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، هاوردەی ئەفغانستان لە ساڵی 2023دا 7.8 ملیار دۆلار بووە، هاوکات هەناردەی ئەفغانستان 1.9 ملیار دۆلار بووە، ئەم ڕێژەیەش بڕێکی کەمە بۆ وڵاتێک، کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 40 ملیۆن کەسە. ناوەندی بازرگانیی ڕووسیا ئاماژە بەوە دەکات، قەبارەی بازرگانیی نێوان ڕووسیا و ئەفغانستان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بە جۆرێک، ساڵانە ئێستا نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 پێنج قات بووەتەوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا، کریڤۆشێڤ دەڵێت، سەیر دەبێت ڕووسیا وەبەرهێنانی زیاتر لە ئەفغانستاندا بکات وەک لە چین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، کە ئەمەی دووەمیان سەرچاوەی زیاتری هەیە و هاوکات سنوورێکی وشکانیی لەگەڵ ئەفغانستاندا هاوبەشە، بەڵام تەنانەت پەکینیش لەم ساڵانەی دواییدا ئامادە نەبوو پارە بنێرێ بۆ ئەفغانستان. تاکە وەبەرهێنانی گەورەی چین کە ناسراوە، ئەو 49 ملیۆن دۆلارەیە کە کۆمپانیای نەوت و غازی ئاسیای ناوەڕاستی چین بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی نزیک هێرات خەرجی کردووە. گومانی تێدا نییە، کە ئەمە پڕۆژەیەکی گەورەیە بۆ ئەفغانستان، بەڵام بۆ چین بڕێکی کەمە.
پەراوێزەکان
1- ئەلێکساندەر دۆگین، تیۆری چوارەمی سیاسەت، وەرگێڕان: وریا غەفووری، 2017، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا.
2- المرکزالمقاتل، الازمة الافغانية (تاريخيا، وسیاسیا، وعسکریا)، https://shorturl.at/CN9YQ
3- من العداء إلى التعاون.. كيف تحولت السياسة الخارجية الروسية تجاه طالبان؟ https://shorturl.at/I8O0u
4- Kiril Krivosheev, Why Is Russia Legalizing the Taliban? https://shorturl.at/DpiqG