لەماوەى نزیکەى (250) ساڵى رابردوودا، تەنها بیست ساڵ ئەمەریکا لە شەڕدا نەبووە، بەهۆى شەڕەوە ئەمەریکا رووبەرى وڵاتەکەى بۆ دەهێندە زیاتر کردوە. لە ئاکامى شەڕى دژە تیرۆریشدا لە ماوەى بیست ساڵى رابردوودا، نزیکەى یەک ملیۆن کەس کوژراوە، بۆیە دەکرێت ئەمەریکا بە شەڕخوازترین دەوڵەت لە مێژووی جیهاندا ناوزەد بکرێت. پەیمانگاى شینخهوای چینى لە لێکۆڵینەوەیەکدا بەم جۆرە مێژووى ئەمەریکا دەگێڕێتەوە. چینیەکان لە راپۆرتەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەى بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە دەرەوەى وڵاتەکەیان، سێ ئەوەندەی ژمارەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیانە. هەروەها ئاشکراى دەکەن لەدواى پەلامارەکانى (11ى ئەیلولەوە)، ئەمەریکا زیاتر لە (٥.٨) تریلیۆن دۆلاری بۆ شەڕەکان خەرج کردووە، بەهۆى کاریگەرى شەڕەکانیشەوە زیاتر لە سى هەزار سەربازی ئەمەریکی خۆیان کوشتووە. لە کۆتایى باسەکەشدا دەڵێن: هەژموونی سەربازی ئەمەریکا کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و ستەمکارییە، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر جیهان دروست دەکات، یەکسانی و ئازادی بەدەست ناهێنێت، بەڵکو بەرەو کۆیلایەتی و چەوساندنەوە دەچێت.
“مێژوویەک لە شەڕ”
لە (4/تەمموز/1776) سیازدە ویلایەت لە ئەمەریکا سەربەخۆیى خۆیان لە بەریتانیا راگەیاند، لەو ساتەوە تائێستا کە (248) ساڵ دەکات، بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکەى شینخهوا، تەنیا کەمتر لە بیست ساڵ ئەمەریکا لە شەڕدا نەبووە. بۆیە دەڵێن: “دەکرێت ئەمەریکا بە شەڕخوازترین وڵات لە مێژووی جیهاندا ناوزەد بکرێت”. بەپێی ئامارەکان، لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی (١٩٤٥) تا (٢٠٠١)، لە (١٥٣) ناوچەی جیهان (٢٤٨) شەڕی چەکداری ڕوویانداوە، کە (٢٠١) شەڕیان بە دەستپێشخەری ئەمەریکا بووە کە دەکاتە نزیکەی (81%) شەڕەکان. لە ساڵی (٢٠٠١)شەوە ئەمەریکا بە بیانووی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”، شەڕ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە زیاتر لە هەشتا وڵاتی جیهاندا ئەنجامداوە، کە ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی (٩٢٩) هەزار کەس کە (٣٨٧) هەزار کەسیان مەدەنی بوون، هەروەها بووەتە هۆى ئاوارەبوون و دەربەدەربوونى نزیکەی (٣٨) ملیۆن کەس.
لەمێژوى ئەمەریکادا، شەڕی مەکسیک و ئەمەریکا لە ساڵانی (١٨٤٦-١٨٤٨) بە یەکەم ئۆپەراسیۆنی گەورەى سەربازی دادەنرێت کە ئەمەریکا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەنجامیداوە، یەکەمجاریش بووە خاکی وڵاتێکی دیکە داگیربکات. ئەمەریکا لەدوای ئەو جەنگەوە، دەستی بەسەر نزیکەی (٢.٣) ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەدا گرت و بە سەرانسەری کیشوەری ئەمەریکای باکووردا پەلیهاویشت، هەروەها دەستی گەیشتە زەریای هێمن، ئەمەش دواتر زەمینەی فراوانبوونی سەربازی و ئابووریی لە زەریای هێمن و ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا بۆ ڕەخساند. شەڕی ئیسپانی-ئەمەریکی لە ساڵی (١٨٩٨) بە لوتکەی یەکەم سەردەمی ئیمپریالیستی ئەمەریکا دادەنرێت. چونکە ئەو شەڕە یەکەمین شەڕی داگیرکارى ئەمەریکا بوو کە لە دەرەوەی ئەمەریکای باکور ئەنجامی بدات، لە ئاکامدا شکستى بە ئیسپانیا هێنا و کوبا و پورتوگال و فلیپین و دوورگەى گوامی داگیرکرد و هاوای گرتەوە.
لە مانگی ئابی ساڵی (١٩٤٥)، ئەمەریکا بۆمبی ئەتۆمی بەسەر شارەکانی هیرۆشیما و ناگازاکی لە ژاپۆن بەردایەوە. بەوەش ئەمەریکا تائێستا تاکە وڵاتێکە کە چەکی ئەتۆمی لە شەڕەکاندا بەکارهێنابێت. هێزی چەکی ئەتۆمیش بناغەیەکی گرنگی بۆ هەژموونی سەربازی ئەمەریکا لەدوای جەنگی جیهانی دووەم دانا. ئەمەریکا لە ڕێگەی شەڕەکانەوە خاکی خۆی فراوانتر کرد و دەستی بەسەر شوێنە ستراتیژییەکاندا گرت و سنورى هەژمونى خۆی درێژکردەوە. بەجۆرێک لە نزیکەی (٨٠٠) هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە سەرەتای دامەزراندنی بۆ نزیکەی (٩.٣٧) ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ئەمڕۆدا زیادى کردووە. واتە ڕووبەری خاکى ئەمەریکا زیاتر لە دە هێندە زیادی کردووە.
“هێزى سەربازیی ئەمەریکا”
ئەمەریکا بۆ زیادکردنی قەبارەی هێزی وشکانی و دەریایی، لە ساڵی (١٩١٦) یاسای بەرگری نیشتمانی و دەریایی دەرکرد. لە ساڵی (١٩١٧) هێزی سەربازی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئەوروپا جێگیر کرد. لە ساڵی (١٩١٧) ژمارەی سەربازانی سوپای ئەمەریکا لە کەمتر لە (١٣٠) هەزار کەس بۆ چوار ملیۆن بەرزبوویەوە. لەهەمانکاتدا هێزی دەریایی وڵاتەکەی بەردەوام بوو لە گەشەکردن، لە ساڵی (١٩٢٢) شانشینی یەکگرتوو باڵادەستی خۆی بەسەر ئەمەریکادا لەدەستدا. لە کۆتایی جەنگى جیهانى دووەمدا ئەمەریکا (١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار سەربازی هەبوو کە حەوت ملیۆن و (٥٠٠) هەزاریان لە دەرەوەی وڵات جێگیر بوون، هێزى دەریایشی نزیکەی (١٢٠٠) کەشتی جەنگی گەورەى لەخۆگرتبوو، لەگەڵ هێزێکی ئاسمانی کە موشەکى دوور مەودای هەڵگرتبوو، سەربارى قۆرخکردنی چەکی ئەتۆمی. لەئێستادا ئەمەریکا نزیکەی (٧٥٠) بنکەی سەربازی لە لانیکەم لە هەشتا وڵاتی جیهاندا هەیە. لەکۆى (١٩٣) وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نزیکەی (١٧٥) دەوڵەتدا سەربازی ئەمەریکی تێدا جێگیرکراوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی (2021)ی پەیمانگای کوینسی بۆ کارگێڕی دەوڵەتی بەرپرسیار، ئەمەریکا لەئێستادا (750) بنکەی سەربازی لە هەشتا وڵات و ناوچەی دەرەوەی وڵاتدا هەیە، کە نزیکەی سێ ئەوەندەی ژمارەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیەتی لە دەرەوەی وڵاتدا. بودجەى ساڵانەى ئەم بنکانە (٥٥) ملیار دۆلارە. لە ساڵی (٢٠٠١)ەوە بنکە سەربازییەکانی دەرەوەی وڵات، لانیکەم لە (٢٥) دەوڵەتدا بۆ ئەنجامدانی شەڕ یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی پاڵپشتی ئەمەریکایان کردووە. داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠٢١)دا (38%) کۆی خەرجییە سەربازییەکانى لەجیهاندا پێکهێناوە، واتە لە کۆى خەرجى ئەو دە دەوڵەتە زیاترە کە پلەى یەکەم تا دەیەمیان گرتووە. چونکە خەرجییە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى (ناتۆ) پێکەوە (55%) کۆی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان پێکدەهێنێت. ئەگەر هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە زەریای هێمن واتە ئوسترالیا، ژاپۆن، نیوزلەندا و کۆریای باشوور بخرێنە نێو ئەم ڕێژەیەوە، ئەوا بۆ (61%) بەرز دەبێتەوە.
“قوربانییەکانى شەڕ”
ئەمەریکا لە دوای هێرشەکانی (١١ی ئەیلولى 2001)، لەژێر دروشمی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” لە (٨٥) وڵاتی جیهان شەڕ یان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامداوە. بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکارى کە بارەگاکەی لە لەندەنە، لە مانگی شوباتی (٢٠٠٤) تا مانگی شوباتی (٢٠٢٠)، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، پاکستان، سۆماڵ و یەمەن لەنێوان (٩١٠ بۆ ٢٢٠٠) کەسی مەدەنیان کوشتوە کە (٢٨٣ بۆ ٤٥٤) کەسیان منداڵ بوون. ماڵپەڕى ئینتەرسێپت کە ڕێکخراوێکی هەواڵی ئەمەریکی قازانج نەویستە، لە ساڵی (٢٠١٥) ئاشکرای کرد کە لە ماوەی پێنج مانگی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکادا، نزیکەی (90%) ئەو کەسانەی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون، کەسانى بەئامانج گیراو نەبوون.
لەمێژوویەکى دوورتریشدا، شەڕەکانی هیندی ئەمەریکی بووە هۆى لەناوبردنى ژیانى ملیۆنان هاوڵاتى ڕەسەنی ئەمەریکی؛ هەروەها شەڕی فیلیپین و ئەمەریکا بووە هۆی گیانلەدەستدانی (200) هەزار بۆ یەک ملیۆن فلیپینی. شەڕی کۆریا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی. شەڕی ڤێتنام بووە هۆی کوژرانی دوو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی؛ شەڕی ئەفغانستان زیاتر لە سەد هەزار کوژراوی لێکەوتەوە. شەڕی عێراق بووە هۆی گیانلەدەستدانی (200 بۆ 250) هەزار هاوڵاتی مەدەنی.
بەگوێرەی پڕۆژەی “تێچووی جەنگ” کە زانکۆی براون بەڕێوەی دەبات، “جەنگی دژە تیرۆر” کە واشنتۆن لە ساڵی (٢٠٠١)ەوە دەستی پێکردووە تا ئەیلولى (٢٠٢١)، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی (٩٢٩) هەزار کەس کە (٣٨٧) هەزار کەسیان مەدەنی بوون، هەروەها ئاوارەبوونی (٣٨) ملیۆن کەسى لێکەوتۆتەوە. لە ڕاپۆرتێکدا کە لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٢) لەلایەن پرۆژەی تێچووی جەنگەوە بڵاوکرایەوە، ئاشکرای دەکات کە لەدوای هێرشەکانی (١١ی ئەیلول)ەوە، ئەمەریکا لەنزیکەى (54) شوێنى جیاوازى جیهاندا زیاتر لە سەد هەزار کەسى دەستبەسەر کردوە، کە زۆرینەیان موسڵمانن و ژن و منداڵیشیان تێدایە.
“لەناوبردن و شێواندنی ژینگە”
لەماوەى شەڕى بیست ساڵەى ڤێتنامدا (1955 – 1975)، سوپای ئەمەریکا زیاتر لە (٣٥٠) هەزار تۆن بۆمب و تەقەمەنی و مینی چێندراوى لە ڤێتنامدا بەجێهێشت، بۆ ئەوەى بە تەواوی لاببرێن مەزەندە دەکرێت (٣٠٠) ساڵی پێبچێت. لە شەڕەکانى یۆگسلاڤیادا (1991 – 2001)، بۆردومانەکانی ناتۆ بۆ سەر کۆماری یوگۆسلاڤیای فیدراڵی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە و شێرپەنجەی خوێن لەناو دانیشتوانی ناوچەکەدا، کە زیانێکی زۆری بە ژینگەی ئیکۆلۆژی ناوخۆیی و تەنانەت ئەوروپیش گەیاند. لە ساڵی (٢٠٠٢ تا ٢٠١٦)، لانیکەم (٢٧٠) ڕووداوی پیسبوونی ژینگە لە سێ بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە ئۆکیناوای ژاپۆن ڕوویانداوە، حکومەتی ژاپۆنیش لە زۆربەیان ئاگادار نەکراوەتەوە. سەبارەت بە پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەوی لە بنکەى سەربازیی یۆنگسان کە ئەمەریکا لە مانگی ئایاری (٢٠٢٢) بۆ کۆریای باشوورى گەڕاندەوە، بەهۆى پڕبوونى لە ماددە شێرپەنجەییەکان، زۆر لەو ستانداردانەی تێپەڕاندبوو کە بۆ ناوچەیەکی لەو شێوەیە دانرابوو، بەو پێیەی کۆی قەبارەی هایدرۆکاربۆنەکانی نەوت (٢٩) هێندە لە ستانداردەکان زیاتر بوو. لەکاتێکدا قەبارەی بەنزین و فینۆڵ بە ڕێژەی (٣.٤ و ٢.٨) هێندە ستانداردەکانى تێپەڕاندبوو.
جگە لەوەش سوپای ئەمەریکا گەورەترین بەکارهێنەری وزەی سووتەمەنی بەردینییە لە جیهاندا، بەکارهێنانی ئەو سووتەمەنیەش لە دەرەوەی سەردەمی جەنگ، لەگەڵ دەردانی کاربۆن کە لە ئەنجامیدا دروست دەبێت، لە زۆربەی وڵاتان زیاترە. هەرچەندە ئەمەریکا بە شێوەیەکی زارەکی پشتگیری لە پاراستنی ژینگە و بێلایەنی کاربۆن دەکات، بەڵام هەموو سیستمێکی سەرەکى چەک، چ فڕۆکەی جەنگی جێت بێت یان فڕۆکە هەڵگر، دەردانی کاربۆنی زۆر بەرهەم دەهێنێت. بەجۆرێک هیچ سوپایەکی وڵاتێکی دیکە ناتوانێت هاوتای ئەو وێرانکارییە بێت کە بەهۆی دەردانی گازی گەرمخانەیی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دروست دەبێت.
لەو بارەیەوە لە توێژینەوەیەکی هاوبەشى هەردوو زانکۆی لانکستەر و دۆرهام کە لە ساڵی (٢٠١٩)دا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە “شوێن پەنجەى کاربۆنی سوپای ئەمەریکا ئەوەندە گەورەیە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان زیاترە”، ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەکۆى (47) دەوڵەت کە زۆرترین گازی گەرمخانەیی دەردەکەن، سوپای ئەمەریکا لە پلەی یەکەمدایە“. بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگای واتسۆن بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و گشتی لە زانکۆی براون، لە سەرەتای دەستپێکردنی “جەنگی دژەتیرۆر”ەوە لە ساڵی (٢٠٠١)، سوپای ئەمەریکا زیاتر لە یەک ملیار و (٢٠٠) ملیۆن تۆن گازی گەرمخانەیی بەرهەمهێناوە.
“ڕووخاندنی حکومەتە شەرعییەکان”
ئەمەریکا دوای ماوەیەکی کەم لە دامەزراندنی، دەستیکرد بە ڕووخاندنی حکومەتە شەرعیەکانی وڵاتانی دیکە. لە شەڕی تەرابلوس لەنێوان ساڵانی (١٨٠١ بۆ ١٨٠٥)، کونسوڵی ئەمەریکا لە تونس بە مۆڵەتی تۆماس جێفرسۆنى سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، بەشداری کرد لە هاندانی ڕووخاندنی حکومەتی تەرابلوس، ئەمە یەکەمجار بوو کە ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی ڕژێم لە دژی حکومەتێکی شەرعی لە وڵاتێکی بیانی ئەنجام بدات. وەک لیندسی ئۆرۆرک، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە کۆلێژی بۆستن، لە کتێبەکەیدا (گۆڕینی شاراوەى ڕژێمەکان: شەڕی ساردی نهێنی ئەمەریکا) نووسیویەتی: لە ساڵی (١٩٤٧ تا ١٩٨٩)، ئەمەریکا (٦٤) دەستێوەردانی نهێنی گۆڕینی ڕژێم و شەش دەستێوەردانی ئاشکرای لە وڵاتانی دیکەدا ئەنجامداوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەو وڵاتانە دوژمنن یان هاوپەیمانن، بەبێ گوێدانە ئەو سیستمە سیاسیانەشی کە جێبەجێی دەکەن.
دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی ڕژێمی لە چەند وڵاتێکدا ئەنجامدا، لەوانە هایتی، ئەفغانستان، عێراق، لیبیا، سوریا و ڤەنزوێلا. بەپێی ڕاپۆرتێک کە زانکۆی تافتس بڵاویکردووەتەوە بەناونیشانی (نمایشکردنى پرۆژەی دەستێوەردانی سەربازی: کۆکردنەوەی زانیاری نوێ لەسەر دەستێوەردانەکانی سەربازی ئەمەریکا: ١٧٧٦-٢٠١٩)، ئەمەریکا نزیکەی (400) دەستێوەردانی سەربازی لە جیهاندا لەنێوان ئەو ساڵانەدا ئەنجامداوە، کە (34%) لە ئەمەریکای لاتین بووە و وڵاتانی کاریبی، (23%) لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن، (14%) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، (13%) لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست. لەئێستادا دەستێوەردانەکانی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و لە زیادبووندایە.
بەپێی ڕاپۆرتى ئازادی کەشتیوانی، کە ڕاپۆرتێکی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکایە، ئەمریکا لەنێوان ساڵانی (١٩٩٠ و ٢٠٢١)، بژاردەی سەربازی بەکارهێناوە بۆ تەحەدای سەروەری یان دەسەڵاتی زیاتر لە حەفتا وڵاتى کەنار دەریاکان و ئەو ناوچانەى لەسەر ئاوە هەرێمیەکانن، ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان، دوورگە و گەرووەکان، لەوانەش هاوپەیمانە نەریتیەکانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئیتاڵیا و سعودیيە. لەو دەوڵەتانەى کە هێزى سەربازى ئەمەریکاى لێیە، یەکێک لەو دیاردانەى تێبینى دەکرێت سزانەدانى سەربازە ئەمەریکییەکانە لەسەر تاوانەکانیان. بەگوێرەى توێژینەوەیەکی ئاسێف ئەفرات بەناونیشانی (ڕووبەڕووبوونەوەی فشاری دەرەوەی خاکی ئەمەریکا: هێزەکانی ئەمەریکا لە دادگاکانی دەرەوە لە کاتی جەنگی سارددا)، لەو وڵاتانەی کە پشت بە ئاسایشی ئەمەریکا دەبەستن، ئەگەری دادگاییکردنی هێزەکانی ئەمەریکا زۆر کەم بووە، بە بەڵگەى ئەوەى زیاتر لە (٣٦٠) هەزار دۆسیەی تاوانکاری کە لەسەر کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا و خێزانەکانیان لە ساڵی (١٩٥٤ تا ١٩٧٠) تۆمارکراون، تەنها نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو کەیسانە لە دادگاکانى ئەو وڵاتانە یەکلاکراونەتەوە کە سەربازەکانى ئەمەریکاى لێیە.
“زیانەکانى ئەمەریکا”
ئەو شەڕانەی کە ئەمەریکا کردویەتى یان بەشداری تێدا کردوە، بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکى زۆر سەربازى ئەمەریکی. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە شەڕی کۆریادا (1950 – 1953) نزیکەی (٣٦) هەزار سەربازی ئەمەریکی کوژراون، زیاتر لە سەد هەزار سەربازی دیکەش برینداربوون. لەکاتێکدا لە جەنگی ڤێتنامدا (٥٨) هەزار سەربازی ئەمریکی کوژران و زیاتر لە (١٥٠) هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون. پرۆژەی تێچووی جەنگ ئاشکرای کردوە کە لە شەڕەکانى دوای هێرشەکانی (١١ی ئەیلول)دا، زیاتر لە حەوت هەزار سەربازی ئەمەریکی و نزیکەی هەشت هەزار بەڵێندەری بەرگری گیانیان لەدەستداوە. جگەلەوەى، زیاتر لە سى هەزار سەربازی ئەمەریکی لە شەڕەکانی دوای هێرشەکانی (11ی ئەیلول)دا خۆیان کوشتوە، کە ژمارەیان چوار هێندە زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕەکاندا کوژراون. هەروەها ڕێژەی خۆکوشتن، تێکچون پاش شۆک، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و مەی، جیابوونەوە و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، لەناو ئەو سەربازانەى بەشدارى شەڕى عێراق و ئەفغانستانیان کردوە، زۆر لە دانیشتوانی گشتی زیاترە.
لەڕووى ئابوریشەوە، ئەو بڕە پارە زۆرەی کە ئەمەریکا بۆ پاراستنی باڵادەستی سەربازی خۆی تەرخانى دەکات، بارگرانییەکی قورس دەخاتە سەر باجدەرانی ئەمەریکی. بە پشتبەستن بە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ ساڵی (2011)، خەرجییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ جەنگی ڤێتنام (1965-1975) گەیشتۆتە (737) ملیار دۆلاری ئەمەریکی، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووری ئەمەریکا هەبووە، لە ئەنجامدا هەڵاوسانی بەرز و کورتهێنانی دارایی گەورەی لێکەوتۆتەوە. لەلایەکى دیکەوە، ئەمەریکا لە ساڵی (٢٠٠١)ەوە زیاتر لە (٥.٨) تریلیۆن دۆلاری بۆ شەڕەکان خەرج کردووە، لە ڕاپۆرتێکی میدیایی ئەمەریکیدا کە لە ساڵی (٢٠١٩) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمەریکا زیاتر لە (٣٥٠) ملیار دۆلاری خەرجکردووە، بۆ چاودێریکردن و چارەسەرکردنی ئەو سەربازانەى کە بەشدارییان لە شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراقدا کردووە. توێژینەوەکان پێشبینیان کردووە کە لە سى ساڵی داهاتوودا، ئەمەریکا (٢.٢) تریلیۆن دۆلاری دیکە لە هەمان بواردا خەرج بکات.
بەو بودجەیەى کە ئەمەریکا کە لە شەڕەکانی دوای (١١ی ئەیلول)ەوە خەرجى کردوە، دەتوانرا خەرجییەکانی چاودێری تەندروستی تا تەمەنی پیرى و دوو ساڵ خوێندنی پێشوەختە بۆ (١٣) ملیۆن منداڵی ئەمەریکی دابین بکات کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، هەروەها سکۆلەرشیپی زانکۆ بۆ (٢٨) ملیۆن خوێندکار و بیست ساڵ بیمەی تەندروستی بۆ ملیۆنێک جەنگاوەری دێرین و مووچەی دە ساڵ بۆ چوار ملیۆن کرێکار دابین بکات، کە لە پیشەسازی وزەی پاکدا کاردەکەن. لە ڕاپرسییەکدا کە سەنتەری توێژینەوەی پیو لە ساڵی (٢٠١٩)دا بڵاویکردۆتەوە، دەرکەوتووە ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەمەریکا لەنێوان ساڵانی (٢٠١٣ بۆ ٢٠١٨) بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێک ڕێژەی ئەو هاوڵاتیە بیانیانەى کە دەسەڵات و هەژمونی ئەمەریکا وەک هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبینن، لەساڵى (2013)دا (25%) بووە، بەڵام لە ساڵى (2018)دا بۆ (45%) بەرزبووەتەوە.
“ئەنجامگیرى”
پەیمانگاى شینخهوا لە کۆتایى لێکۆڵینەوەکەیدا، رایدەگەیەنێت لە ماوەی (٢٤٠) ساڵی ڕابردوودا، ئەمەریکا لە ڕێگەی جەنگ و فراوانخوازى سەربازییەوە، کاریکردووە بۆ ئەوەی خۆی لە دەوڵەتێکی دابڕاوەوە کە دەکەوێتە گۆشەیەکی ئەمەریکای باکوورەوە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێک کە هەژموونی سەربازی جیهانی هەیە. پاشان ئەمەریکا دیموکراسییەکی شێوە ئەمەریکی یان “دیموکراسی ئەمەریکی” لەسەر بنەمای زاڵبوون و چەوساندنەوەی وڵاتانی دیکە بوونیادناوە. لەکۆتاییدا دەڵێن؛ ڕاستییەکان سەلماندوویانە هەژموونی سەربازی ئەمەریکا کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و ستەمکارییە، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر جیهان دروست دەکات، ئاڵنگارى بێ وێنە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەهێنێت، ئاشتی و ئاسایش بەرەوپێش نابات، بەڵکو شەڕ و کارەسات دروست دەکات. یەکسانی و ئازادی بەدەست ناهێنێت، بەڵکو بەرەو کۆیلایەتی و چەوساندنەوە دەچێت. ڕێگە بە گەشەکردن و هاوکاری نادات، بەڵکو دەبێتە هۆی ناکۆکی و دووبەرەکی.
تێبینى؛ ئەم راپۆرتە پوختەى لێکۆڵینەوەیەکى پەیمانگاى شینخهوایە کە ناوەندێکى توێژینەوەى سەر بە ئاژانسى شینخهوایە، لە بەشى عەرەبى ئاژانسەکە بەناونیشانى (جذور و حقائق و مخاطر الهيمنة العسكرية الأمريكية) لە رۆژى (7/9/2023) بڵاوکراوەتەوە.