حکومەتى ئێراق لە چوارچێوەى سیاسەتى بە عەرەبکردنى کەرکوکدا، زیاتر لە دە هەزار کیلۆمەترى لە ڕووبەرى پارێزگاکە دابڕى و هەزاران خێزانیشى لەو شارە راگواست، بەهۆکارى ئەوەى وەکو سەدام حسێن دەیووت: کورد رۆژێک دێت هەوڵى دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى دەدات، کەرکوکیش دڵى ئەو دەوڵەتە دەبێت، بۆیە دەبێت زۆرینەى دانیشتوانى بکرێتە عەرەب. ئەو ستەمکارییانەى حکومەتى ئێراقیش دەچنە چوارچێوەى جینۆسایدى کولتوورییەوە. حیزبى بەعس لەماوەى دەسەڵاتیدا لە (1963 – 2003)، بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى کورد لە کەرکوک، بەدەر لە کۆمەڵکوژى، ستەمکارییەکانى بە عەرەبکردن و راگواستن و گۆڕانکارى دیمۆگرافى ئەنجامدا، ئەو تاوانکارییانەش دەچنە چوارچێوەى جینۆسایدى کولتوورییەوە.
مهبهست له جینۆسایدی كولتووریی و نهتهوهیی بریتییه له قهدهغهكردنی زمان و رۆشنبیری و شێواندنی مێژوو، فهوتاندنی تایبهتمهندێتی نهتهوهیی و نههێشتنی یهكێتی هاوبهشی نێوان خهڵك و وێرانكردنی شوێنهواره دێرینهكان وهكو رووخاندنی ئهشكهوت و مزگهوت و كڵێسه و ههموو شوێنهوارێك كه پاشماوهی كۆن یان نوێ بێت و بهرههمی جۆری ژیانی ئهو خهڵكه بێت. هەروەها یایر ئاورۆنى پسپۆڕى بوارى جینۆساید، لەپێناسەى جینۆسایدى کولتووریدا دەڵێت: وێرانکردنى ناسنامەى گشتى گرووپێکى ئیتنیکیە بەبێ ریشەکێشکردنى ئەندامانى گرووپەکە، یان بەشێوەیەکى تر بگوترێت، وێرانکردنى نافیزیکى گرووپێکى ئیتنیکیە، ئەم دیاردەیەش زۆرجار وەک جینۆسایدى کلتورى ناودەبرێت.
“سڕینەوەى کورد لە کەرکوک”
ناوى کەرکوک بەم شێوەیەى ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى “تەیمورى لەنگ”. بۆ یەکەمجار لە کتێبى “شەرەفەددین عەلى یەزدى” (ظفرنامە) کە لە دەوروبەرى ساڵى (1424 / 1425ز)دا نووسراوە، بەم شێوەى ئێستاى ناوى هاتووە. بەگوێرەى سەرژمێرییەکانیش کە لە سەردەمى پادشایەتى و کۆماریدا ئەنجامدراون، کورد زۆرینەى دانیشتوانى پارێزگاکە بووە، بۆیە دەسەڵاتدارانى ئێراق بەتایبەتى بەعسیەکان لە هەوڵى کەمکردنەوەى ڕێژەى کورد و زیادکردنى پێکهاتەى عەرەبیدا بوون. بەر لەگەیشتنى بەعس بە دەسەڵات، تەنها یەک گەڕەک و دوو کۆڵانى عەرەبى لە شارى کەرکوکدا هەبوون، بەڵام بەعس بۆ ئەوەى سیماى راستەقینەى کەرکوک تێکبدات و بشێوێنێ، لەماوەى چارەکە سەدەیەکدا (36) گەڕەکى تازەى بۆ عەرەبى هاوردە لە شارى کەرکوک و دەیان نیشنگە و کۆمەڵگەى عەرەبى لە پارێزگاکە دروستکرد، هەرچى ناوى تۆخى عەرەبى و دروشمى تایبەت بەخۆى هەبوو لەو گەڕەکانەى نا، وەک: (کرامە، البعث، 17 تموز، الوحدە، الحریە، العروبە، النصر، القادسیە، واحد اذار، واحد حزیران، المیلاد، المنصور، 7 نیسان، قرطبە، تونس، عدن، صدام، المعتصم، الامین، الشهداء، الواسطى، النخوە، الصقور، الرشید، المأمون، الحجاج، المجزرە، الفاروق، الخضراء، الزوراء، غرناطە، الخلفاء، بدر، عدنان، تسعین و سعد).
لە ساڵى (1968) پارێزگاى کەرکوک بریتى بوو لە: قەزاى ناوەندى کەرکوک کە ناحیەکانى قەرەحەسەن، پردێ، شوان و تازەى لەسەر بوو، قەزاى کفرى کە ناحیەى قەرەتەپەى لەسەر بوو، قەزاى چەمچەماڵ هەردوو ناحیەى ئاغجەلەر و سەنگاوى لەسەر بوو، قەزاى خورماتوو ناحیەکانى داقوق و قادرکەرەمى لەسەر بوو، قەزاى حەویجە ناحیەى ڕیازى لەسەر بوو.
کەرکوک لە تەواوى ماوەى دەسەڵاتى بەعسییەکاندا بەردەوام لەبەردەم هەڕەشە و سڕینەوەدا بوو. بە بەڵگەى ئەوەى بە مەرسومى کۆمارى ژمارە (608) لە (6/11/1975) قەززاکانى چەمچەماڵ و کەلار لە کەرکوک کرانەوە و خرانە سەر سلێمانى، کفریش برا بۆ سەر دیالە. پاشان بە مەرسومى کۆمارى ژمارە (41) لە (29/1/1976) خورماتوو دەوروبەرەکەى بەبێ داقوق لە کەرکوک دابڕێنرا و خرایە سەر سەڵاحەدین (تکریت). دواتر بە مەرسومى کۆمارى (514) لە (1/1/1984) ناحیەى زاب لە قەزاى شەرگاتەوە هێنرایە سەر قەزاى حەویجە لە کەرکوک. هەروەها بە مەرسومى کۆمارى ژمارە (434) لە (25/9/1989) پردێ و چەند یەکەیەکى دیکەى کارگێڕى سەر بە کەرکوک گوازرانەوە سەر هەولێر. بە مەرسومى کۆمارى ژمارە (508) لە (1/1/1987) قادرکەرەم هەڵوەشێنرایەوە و کرایە ناوچەیەکى یاساغکراو. هەر لە هەمان ساڵدا ناحیەکانى (شوان، قەرەحەسەن، قەرەهەنجیر، یایچى) هەڵوەشێنرانەوە. ساڵى دواتر و لە چوارچێوەى شاڵاوەکانى ئەنفالدا ناحیەکانى (قادرکەرەم، سەنگاو، ئاغجەلەر، نەوجول) تەخت کران.
بەشێوەیەکى گشتى بەر لە ساڵى (1976)، ڕووبەرى شارى کەرکوک (پارێزگاکە) بریتى بووە لە (19.543 کم2)، هەروەها کەرکوک بریتى بووە لە حەوت قەزا و (23) ناحیە و (1438) گوند. دواى ئەو مێژووە بووەتە سێ قەزا و نۆ ناحیە و (590) گوند، ڕووبەرەکەشى بووەتە (9426 کم2)، واتە بەگشتى (10.117 کم2) لە ڕووبەرەکەى دابڕێنراوە. لەماوەى هەردوو ساڵى (1987 – 1988)دا لە سنوورى کەرکوک (781) گوند ڕوخێنراوە، شەش ناحیە وێرانکراوە و هەڵوەشێنراوەتەوە کە لەو گوندانەدا (37726) خێزان ژیاون. (39187) خانوو ڕوخێنراوە. (45777) خێزان راگوێزراوە و بەشێکى بەر شاڵاوى دڕندانەى ئەنفال کەوتووە. (381) قوتابخانە، (657) مزگەوت، (69) بنکەى تەندروستى و شوێنى چارەسەر، (47) پەلەوەرگە، (75) ئاشى ئاو، (135) کارێزى ئاو، (157) تەکیە و پیرۆزگە وێران کران و لەناودران. بەکۆى گشتى (60%) کوردى کەرکوک بەر ستەمکارییەکانى ئەنفال و (ڕاگواستن، دەرکردن و هەڵوەشانەوە) کەوتوون، هەروەها (49%) خەڵک و خاکى کەرکوک بەر پەلامارى تەعریب و ڕاگواستن کەوتووە.
“ستەمى راگواستن”
هەنگاوێکى دیکەى بەعسیەکان لە کەرکوک، دەرکردن و راگواستنى کورد بووە لە کەرکوکەوە بەرەو ناوچەکانى هەرێمى کوردستان یان بەرەو ناوچەکانى دیکەى ئێراق. لەو چوارچێوەیەدا حکومەتى بەعسیەکان لە ناوەڕاستى حەفتاکانەوە بە ئاشکرا ڕێگەى نەدەدا کورد لە کەرکوک و دەوروبەریدا دابمەزرێ، زۆربەى ئەوانەیشى کە ساڵانێکى زۆر لە کەرکوک فەرمانبەر و مامۆستا بوون، بۆ هەولێر و سلێمانى و تەنانەت بۆ ناوەڕاست و باشوورى ئێراق دەگوێزرانەوە. هەر لە هەفتاکانى سەدەى رابردووەوە، کڕینى زەوى و خانووبەرە و تەنانەت نۆژەنکردنەوەى ماڵە ڕوخاوەکان لە کورد قەدەغەکرابوو. لە سەردەمى دەسەڵاتدارێتى بەعسیەکاندا، کورد لە کەرکوک مافى ئەوەى نەبوو زەوى یان خانوو بکڕێت، تەنانەت ئەگەر ماڵەکەشى بەر ڕێگەوبان بکەوتایە، کە ئەویش بەمەبەستى تێکدانى گەڕەکە کوردییەکان بەنێوەڕاستى ئەو گەڕەکانەدا دەبران و تا بکرایە فراوان دەکران بۆ ئەوەى زۆرترین ماڵى کوردى بەر بکەوێت. لەم حاڵەتەیشدا بۆیان نەبوو لە هیچ شوێنێکى شارەکە زەوییەک یان خانوویەک بکڕن، بۆیە ناچار دەکران شارەکە بەجێبهێڵن. هەروەها کوردى کەرکوک بۆى نەبوو ماڵەکەى چاک بکاتەوە، بۆیە خانوەکانى کورد وەک کەلاوەیان لێدەهات و کەڵکى ژیانیان تێدا نەدەما.
بەپێى نووسراوى ژمارە (30433) دیوانى پارێزگاى تەئمیم (کەرکوک) لە (12/کانوونى دووەمى/1998) لە ماوەى (15/4/1998 تا 15/6/1998) واتە تەنها لەماوەى دوو مانگدا (1468) خێزانى کورد دەرکراون. لە بەڵگەنامەیەکى دیکەدا بە ژمارە (589) لە (16/8/1997) کە ئیمزاى ئەیاد فتەیح خەلیفەى پارێزگارى کەرکوکى بەسەرەوەیە، ئاماژە بە ڕەزامەندى جێگرى سەرۆک کۆمار دەکات کە لەهەمانکاتدا سەرۆکى لیژنەى کاروبارى باکوور بووە، بۆ ئەوەى ئەو خانوانەى ژمارەکانیان دیارکراوە لەگەڵ ناوى خاوەنە دەرکراوەکانییان، بکرێن بەناوى ئەو سوودمەندانەوە کە “عەرەبى هاوردەن بۆ کەرکوک”. لەم لیستەدا ناوى (29) کوردى دەرکراوى تێدایە لەگەڵ ژمارەى خانوەکانیان و ناوى ئەو عەرەبە هاوردانە کە ئەو خانوانەیان بەسەردا دابەشکراوە.
پارێزگارى سەربازى کەرکوک لیوا روکن نەوفەل ئیسماعیل خدر لەسەر داواى وەزارەتى ناوخۆ / کاروبارى ئەمنى، بە نووسراوى ژمارە (563) لە (10/کانوونى دووەمى/2000) داواى لیستى ناوى (300) خێزانى کورد و تورکمانى کردوە لە دانیشتوانى سنوورى نێوەندى پارێزگا بۆ ئەوەى لەو ساڵەدا دەربکرێن. هەروەها فەرمانگەى کاروبارى ناوخۆیى لە پارێزگاى کەرکوک لە نووسراوێکدا بۆ نووسینگەى تایبەت / دیوان بە ژمارەى (9/9/713) لە (24/کانونى دووەمى/2000) کە ناوى پلانى پێنج ساڵەى ڕاگوێزانى لێناوە، دەڵێت: “حەزدەکەین بەڕێزتان ئاگادار بکەینەوە لە جێبەجێکردنى پلانى پێنج ساڵەى وەزارەتى ناوخۆ/ کاروبارى ئەمنى لەگەڵ هەموارکردنەکانیدا کە تایبەتە بە دەرکردنى هاووڵاتییانى ناعەرەب بۆ دەرەوەى پارێزگاى کەرکوک. بەپێى خەمڵاندنى ڕێکخراوەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردودا لە کوردستان کاریان دەکرد، ژمارەى کوردانى دەرکراو و ئاوارە و ڕاگوێزراو لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى دیکەى دەرەوەى هەرێم بەر لە لەناوچوونى ڕژێمى سەدام حسێن، گەیشتبووە (800) هەزار کەس.
“قەدەغەکردنى زمانى کوردى”
حکومەتى بەعسیەکان لە ساڵانى نەوەدەکاندا، زمانى کوردى لە قوتابخانە و دەزگاکانى دەوڵەتدا قەدەغەکرد، کە لەمێژووى دەوڵەتى ئێراقدا هەنگاوى لەو جۆرە نەنرابوو. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو ناوى کوردیى قوتابخانە، گەڕەک و دووکانەکانیشى بەناوى عەرەبى گۆڕى. ئەوەیشى قەدەغەکرد باوکان و دایکان ناوى کوردى لە منداڵەکانیان بنێن. لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا خەڵکى ناچاردەکرد خۆیان بە عەرەب ناونووس بکەن. ئەم هەنگاوانە ڕێژەى کوردیان لە کەرکوک بەشێوەیەکى دراماتیکى هێنایە خوارەوە. بەپێى سەرژمێرى (1997) لە پارێزگاى کەرکوک تەنها (21%) دانیشتوان بە کورد نووسرابوون، لەکاتێکدا چل ساڵ بەر لەوە، ڕێژەى ئەوانەى زمانى کوردییان بە زمانى دایکى خۆیان دانابوو لە لیواى کەرکوکدا (48%) دانیشتوانیان پێکدەهێنا.
لەو چوارچێوەیەدا، پارێزگارى کەرکوک بە نووسراوى ژمارە (145) لە (21/9/1999)، ڕێنمایى تایبەتى دەرکردوە کە پشتى بەستووە بە رێنماییەکانى دیوانى سەرۆکایەتى بەنووسراوى زۆر نهێنى ژمارە (13721) لە (8/8/1998) لێى ئاگادار کرابوەوە لەگەڵ نووسراوى ئەنجومەنى وەزیراندا / دەستەى پلان و بەدواداچوون بە ژمارە (4/5/14302) سەبارەت بەوەى ناوى لێ نابوو (بارودۆخى نەشاز لە قوتابخانەکانى پارێزگاى التأمیم). لێرەدا مەبەست لە بارودۆخە نەشارەکان قسەکردنى قوتابیان بوو لەنێوان خۆیاندا لەکاتى پشوى نێوا وانەکاندا بە زمانى کوردى یان تورکمانى یان سریانى. دژایەتیکردنى کورد لەلایەن بەعسیەکانەوە، گەیشتبووە ئەو ڕادەیەى وەزارەتى بازرگانى تەنها ڕێگەى دەدا بە “رۆڵەکانى نەتەوەى عەرەب لە کەرکوک کارى بازرگانى بکەن، بەپێى مەرجى تایبەتى”. لەلایەکى دیکەوە (ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش)ى بەعس بە بڕیارى ژمارە (76) لە (7/2/2000) بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى نەوتى باکورى سەرپشک کردوە بۆ ئەوەى “فەرمانبەرانى کەمینە نەتەوەییەکانى ناعەرەب – لە کورد و تورکمان، خانەنشین بکات لەبەر هۆکارى بارودۆخى ئەمنى”. ئەم بڕیارە ئیمزاى سەدام حوسێنى بەسەرەوەیە، تەنانەت ئەو کەسانەشى دەگرتەوە کە نەتەوەى خۆیان گۆڕیبوو، خۆیان بە عەرەب نووسیبوو.
راگواستنى کورد لە کەرکوک تەنها زیندوەکانى نەگرتەوە، بەڵکو گەیشتە مردوەکان و گۆڕستانەکانیش، چونکە بەعسیەکان زۆرجار خێزانە کوردەکانیان ناچار دەکرد گۆڕى مردوەکانیان هەڵبکەنن و تەرمەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن، بۆ ئەوەى هیچ شتێک نەمێنێت بە کەرکوکەوە بیانبەستێتەوە. بەنمونە جارێکیان هاوڵاتیەکى کوردى بەتەمەنى دانیشتوى کەرکوک هەوڵى زۆرى دا قەناعەت بە پارێزگارە بەعسیەکە بهێنێت بۆ ئەوەى دەرینەکات، چونکە هەردوو کوڕەکەى لە (قادسیەى سەدام)دا گیانیان لەدەستدابوو. وەڵامى پارێزگار بۆ ئەو پیاوە لێقەوماوە ئەوە بوو کە دەتوانێت تەرمى کوڕەکانى لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ (ناوچەى ئۆتۆنۆمى!).
“گۆڕینى بارى نەتەوەیى”
یەکێکى دیکە لە ستەمکارییەکانى بەعس بەرانبەر بە کوردى کەرکوک، ڕێگەدان بوو بە هاووڵاتیان بۆ ئەوەى نەتەوەى خۆیان بگۆڕن بۆ عەرەب. سەدام حسێن بەبڕیارى ژمارە (199) لە (6/9/2001) بەناونیشانى (ڕاستکردنەوەى بارى نەتەوەیى) ڕێگاى ئاوەڵا کرد بۆ هەموو ئێراقییەک کە هەژدە ساڵیان تەواوکردوە، تاوەکو نەتەوەى خۆیان بگۆڕن بۆ عەرەب. بەپێى بەڵگەنامەکان لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعسدا (1968 – 2003)، لە چوارچێوەى سیاسەتى زۆرەملێى (راستکردنەوەى بارى نەتەوەیى-تصحیح قومیە)دا، (38147) کورد کراون بە عەرەب یان خۆیان کردوە بە عەرەب، هەروەها (42386) تورکمان خۆیان کردوە بە عەرەب یان کراون. واتە بەگشتى (80533) کەس ناسنامەى نەتەوەییان گۆڕدراوە. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى هەر لەو ماوەیەدا کۆى گشتى عەرەبى هاوردە بۆ کەرکوک (26476) خێزان بووە کە (214696) کەس بوون. لەو ژمارەیەش (16104) کەسیان فەرمانبەر بوون و هێنراونەتە ناو کەرکوک، زۆربەشیان خراونەتە کۆمپانیاى نەوتەوە.
“کورد لە دیدگاى بەعسییەکان دا”
بۆچى بەعس بەم جۆرە رەفتارى لەگەڵ کوردى کەرکوکدا دەکرد؟ وەڵامەکەى لە لێدوانى سەرکردەکانى بەعسدا هەیە. بەنموونە سەدام حسێنى دیکتاتۆرى ئێراق زۆرجار باسى ئەوەى کردوە کورد نەتەوەیەکى دابەشکراوە و رۆژێک دێت هەوڵى دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى دەدات، کەرکوکیش دڵى ئەو دەوڵەتە دەبێت، بۆیە دەبێت لە ناوچە کوردییەکان دایببڕن و زرینەى دانیشتوانى بکەن بە عەرەب، بەو کارەشیان ئامانجى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى دەکەن بە شتێکى مەحاڵ. عەلى حەسەن مەجید (عەلى کیمیایى) بەرپرسى نووسینگەى باکوورى حیزبى بەعس، واتە دەسەڵاتدارى یەکەمى بەعسیەکان لە کەرکوک و کوردستان، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانى حیزبى بەعس، ئەمن و سوپا لە کەرکوک لە (15/4/1989)، دەڵێت: کاتێک هاتمە ئێرە ژمارەى عەرەب و تورکمان لە (51%) دانیشتوانى کەرکوک زیاتر نەبوو. بۆ ئاگاداریتان شەست ملیۆن دینارم خەرجکرد تا گەیشتینە ئەم دۆخەى ئێستا. هەموو ئەو عەرەبانەى کە هاوردمان بۆ کەرکوک، ڕێژەکەیان نەگەیاندە (60%)، لەبەرئەوە لە کوردانى کەرکوک و دەوروبەرەکەى قەدەغەم کرد لە دەرەوەى ناوچەى ئۆتۆنۆمى کاربکەن.
تارق عەزیز وەزیرى دەرەوەى ئێراق کە سەرکردەیەکى مەسیحى بەعسیەکان بوو، لەبارەى کەرکوکەوە یەک مافى بە کورد بەخشیبوو، ئەویش ئەوەبوو کە دەتوانن بۆ ئەو شارە بگرین کاتێک پێیدا تێدەپەڕن، هەروەک چۆن عەرەب بۆ لەدەستدانى ئەندەلوس دەگرین.
“کورد و عەرەب لەدواى بەعس”
لە دەستوورى هەمیشەیى عێراقدا کە لە ساڵى (2005) پەسەندکرا، ماددەى (140) تایبەت کرا بە چارەسەرى پرسى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، بڕگەیەکى ئەو ماددەیەش تایبەت بوو بە قەرەبووکردنەوەى ئەو کوردانەى بەر راگواستن کەوتن، هەروەها پێدانى بڕێک پارە بە عەرەبە هاوردەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانەى لێوەى هاتوون. بۆ هەر خێزانێکى کورد بڕى دە ملیۆن دینار و بۆ هەر خێزانێکى عەرەب بڕى بیست ملیۆن دینار تەرخانکرابوو. لە کەرکوک لە (1/7/2007) تا (31/8/2014)، ژمارەى ئەو خێزانە ئاوارانەى بۆ قەرەبووکردنەوە ناویان نووسرابوو، کە لە سەردەمى بەعسدا بەر شاڵاوى ڕاگواستن و تەعریب و سڕینەوە کەوتوون (130) هەزار خێزان بوون. ئەو خێزانە عەرەبانەش کە فۆرمى قەرەبوویان بۆ پڕکرابوەوە تا بگەڕێنەوە شوێنى پێشوویان (30384) خێزان بوو.
سەرچاوەکان؛
- دکتۆر جەبار قادر: کەرکووک نەفرەتى نەوت و ستەمى دیمۆگرافیا، لەبڵاوکراوەکانى ئەکادیمیاى کوردى، چاپى دووەم، هەولێر، 2022.
- لەتیف فاتیح فەرەج: برینەکانى قودس و دڵ، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى رۆشنبیرى جەمال عیرفان، چاپى یەکەم، چاپخانەى تاران، 2021.
- یایر ئارۆن: جینۆساید ڕووە تیۆرییەکانى لێکۆڵینەوە لە جینۆساید، وەرگێڕانى مەهاباد قەرەداغى، لە بڵاوکراوەکانى زانکۆى ئەریبلى نێودەوڵەتى، چاپى یەکەم، هەولێر، 2019.
- گۆڤارى ئەنفالناسى: ساڵنامەیەکى تایبەتە بە بڵاوکردنەوەى تویژینەوەى زانستى لەبارەى جینۆساید و ئەنفالى کورد، ژمارە ( 6 و 7)، چاپخانەى پاندا، سلێمانى، (14/4/2024).