“سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئەیوبی”
یەکەمین گۆڕانکاری و ڕێنێسانس کە سەردەمی ئەیوبییەکان شایەتحاڵی بوون لەسەر دەستی ڕێبەری مەزنی کورد پاشا سەلاحەدین ئەیوبی بوو کە یەکەمین دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆری ئەیوبی بوو دوای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ لەشکرکێشی بەربڵاوی ئەوروپی لە ساڵی ١١٦٠ی زایینی کە بە هەڵمەتە خوێناوییەکانی گەیشتە لوتکەی خۆی. حوکمڕانی فاتمییەکان لە میسر ئەوکات لە ساڵانی کۆتایی خۆیدابوو و تا ئەو ڕادەیە لاواز ببوو کە خاچپەرستەکان توانیان نیوەی میسر داگیر بکەن و بگەنە قاهیرە. دوابەدوای سەرکەوتنی سەلاحەدین بەرامبەر خاچ پەرەستان و شکستی ئەوان له وڵاتی میسر، کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتایی حکومەتی شیعی فاتمی له میسر لە ساڵی ١١٧١ی زایینی دا، سەلاحەدین حکومەتی کوردانی ئەیوبی ڕاگەیاند. دوابەدوای سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکی دەوڵەتی ئەیوبی به سەرکردایەتی پاشا سەلاحەدین، هەردوو وڵاتی ئەوکاتی یەمەن لە ساڵی ١١٧٤ی زایینی و وڵاتی شام له ساڵی ١١٨٠ی زایینی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوەو بەمشێوەیە پانتایی دەسەڵاتی خۆی فراوانتر کرد. لە تەواوی دەورانی فەرمانڕەوایی سەلاحەدین دا شەڕ لەگەڵ خاچەپەرەستان درێژەی هەبوو و تا ئەوکاتەی شەڕی نێوان کوردانی ئەیوبی و مەسیحییەکان گەیشتە لوتکەی خۆی و لە ساڵی ١١٨٧ی زایینی دا سوپای ئەیوبی بە سەرکردایەتی شا سەلاحەدین توانی ئۆرشەلیم لەچەنگ خاچ پەرەستان ڕزگار بکات و بیهێنێتە ژێر ڕکێفی کوردان، ئەو شەڕە بەناوبانگە بە شەڕی “حەتین” ناسراوەو کە تێیدا سوپای ئەیوبی توانی بەسەر شەش سوپای مەسیحی دا سەربکەوێت. بە گشتی ئەیوبییەکان لە جەنگی سێیەمی مەسیحییەوە تا جەنگی حەوتەمی مەسیحی یا خاچ پەرەستان ڕۆڵێکی یەکلایی کەرەوەیان هەبووە.
پێش سەردەمی دەسەڵاتی ئەیوبی، میسر لە دۆخێکی خراپی دەسەڵاتداری و ئەمنی و ئابووری دابوو لە سەردەمی خەلیفەی دووەمی فاتیمی شێعەدا واتا خەلیفە “المستنصر باللە” کە وای لە میسر کرد تا ئەوەی کە مەجبور بوو لە ساڵی ١٠٧٣ی زایینی دا بۆ هێور کردنەوەی ڕیزەکانی سوپای فاتیمی بە تایبەتی کە شیرازەیان تێک چوو بوو و هەروەها ڕێکخستنەوەی دەسەڵات وبەڕێوەبەری وڵات یارمەتی لە “بەدرەدین جمال”ی واڵی شاری عەکا وەربگرێت. هەربۆیە بەدرەدین جەماڵ داواکەی خەلیفە “المستنصر” قەبوڵ دەکات و دەسەڵات و هەژمۆنی بۆ دەگەڕێنێتەوە کە له ڕاستیدا دەسەڵات و هەژمۆنی کەوتبۆ دەست “بەدرەدین جەماڵ” و دواتر لەلایەن خەلیفەوە بە سەرۆک وەزیران دانراو بەومشێوەیە وردە وردە لە حکومەتی فاتیمی دا وەزیرەکان بە جێگای خەلیفە ببوونە خاوەن هێزی سەرەکی و حوکمیان دەکرد.
“بەدرەدین یا بەدرولجەماڵ”، ئەبو نەجم ناسراو بە امیر الجیوش، وەزیر و سوپاسالاری میسر لە سەردەمی فاتیمی موستەنسار باللە بووە. بەدرەدین له ڕاستی دا کۆیلەیەکی بەڕەچەڵەک ئەرمەنی بووە و لەخزمەتی جەماڵ دەولە ئەبو حەسەن عەلی ئیبن عەمار حاکمی تەرابلۆس لە سوریای ئەوکاتی ژێر دەسەڵاتی فاتیمی دا بووە و دواتر نازناوی جەماڵی هەڵگرتووە و تەڕەقی کردووە و بۆتە واڵی شاری عەکا لە میسر و بۆتە وەزیری دەسەڵاتداری فاتیمی له میسر و بە گۆڕانکاری میسری سەردەمی فاتیمی دادەنرێت کە کۆتاییەکەی بوو به ڕووخانی فاتیمی بە دەستی هێزی ئەیوبی بە سەرکردایەتی شێرکۆ و سەلاحەدین ئەیوبی. سەردەمی بەدرەدین جەماڵ لە ساڵی ١٠٧٣ی زایینی دا دەستی پێکرد تا ئاخر وەزیری خاوەن هەژمۆن واتا ئەسەدەدین شێرکۆ مامی سەلاحەدین ئەیوبی لە ساڵی ١١٦٩ی زایینی دا درێژەی کێشا کە دەورانی پڕ لە دووبەرەکی و کێبڕکێی ناساڵمی سیاسی و دەسەڵات بوو لە نێوان خەلیفەو وەزیرو کاربەدەستانی دەوڵەت. ئەو دۆخە تا ئەو جێگای ڕۆیشت کە تەواو دەوڵەت و دەسەڵاتی شپڕزەو لاواز کرد، هەر بۆیە خاچپەرەستەکان/مەسیحییەکان ئەو هەلەیان قۆستەوەو تەواو نفوزیان کردە نێو دەسەڵات لە ئاستێکی بەرزدا، تا ئەوەی کە دوو ساڵ دوای ئەم دۆخە بە هاتنە سەرکاری سەلاحەدین ئەیوبی بۆ سەر پۆستی وەزارەتی میسر ئیتر دەسەڵاتی خەلیفە بە تەواوەتی کۆتایی پێهات و کوردانی ئەیوبی دەسەڵاتیان بەسەر میسردا فراوان و بەهێز کرد و بە یەکجاری کۆتاییان بە حکومەتی فاتیمی لە ١١٧١ی زایینی هێناو دەوڵەتی کوردی ئەیوبیان دامەزراند. دوابەدوای جێگیر بوونی ڕێبەری کورد شا سەلاحەدین لە میسر و بەدەست هێنانی وەزارەتی ئەو وڵاتە، چالاکی و بزوتنەوەیەکی بەهێزی کوردانی ئەیوبی بە یارمەتی حکومەتی عەباسی دەست پێکرد و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو هێزی زیاتر دەڕۆیشت. لەو ڕێگایەشدا تووشی تەنگ و چەڵەمەی زۆر هات کە گرینگترینیان لەسەرەتای کارەوە بێ سەرەوبەرەو ناکۆکی و ناڕێکی سوپای میسر بوو کە زۆربەیان سەربازانی سودانی بوون، هەر بۆیە سەلاحەدین خێرا سوپایەکی کوردی پۆشتەی درووستکرد و دواتر سوپاکەی شێرکۆی مامیشی لەگەڵ سوپای خۆی تێکەڵ کرد و بەمشێوەیە هێزێکی تۆکمەی بونیات نا.
دواتر سەلاحەدین توانی بەسەر هەموو میسردا دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و بەرەو یەمەن و شام و حیجاز و ئێڕاق و باشور و ڕۆژئاواو باکوری کورستان تا سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو بنێت و پاشان فەلەستین داگیر بکات و بوو بە گەورەترین لەمپەر لەبەردەم هێزی خاچ پەرەستانی ئەوروپی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. سەلاحەدین کەسێکی لێزان و حەکیم و هاوکات شەڕکەرێکی لێهاتوو و پسپۆڕێکی بە توانای جەنگ بوو. دوابەدوای هاتنە سەرکاری سەلاحەدین لە میسر ماڵیات و باجی سەڵانەی لەسەر خەڵک لابرد که پێشتر حکومەتی فاتیمی بەڕێژەیەکی زۆر بەسەر خەڵکیدا فەڕزی کردبوو. ناوبرا بازرگانی ئازاد کرد و دەستی کرد بە ئاوەدانی و پێشکەوتن و بەڕێوەبردنی یاسای خەڵکی و دێموکڕاتیانەو عەداڵەتی کۆمەڵایەتی. هەربۆیە توانی ڕای گشتی هەموو پێکهاتەکانی میسر بۆ لای خۆ ڕابکێشێت و خۆی بەهێزتر بکات. بەمشێوەیە دوای بەهێزکردنی پێگەی کۆمەلایەتی و ئابووری خۆی، پاشا سەلاحەدین بەهەموو توانای خۆیەوە بەرگری لە میسر کرد و هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی سوپای مەسیحییەکانی بۆ سەر میسر شکست پێهێناو ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزی خۆی زیاتر دەکرد و دواتر چاوی بڕییه وڵاتانی حیجاز و یەمەن و شام و ئێڕاق و ،،، هتد. و لە کۆتایی دا توانی لە شەڕی حەتین (گوندی حەتین یا شاخەکانی حەتین لە فەلەستین) لە هاوینی ساڵی ١١٨٧ی زایینیدا شکستێکی زۆر قورس بە سوپا یەکگرتووەکانی مەسیحی بگەیێنێت و فەلەستین و لوبنان داگیر بکات.
میسر لە سەردەمی پاشا سەلاحەدین دا لەبواری بوژانەوەی زانست و دۆخی ئابوری و خۆش بژێوی و عەدەڵەتی کۆمەڵایەتی پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیەوە. سەرەڕای ئەوەیکە ئەیوبییەکان مەجبور بوون زۆرترین کات و فکرو وزەی ئابوری و مرۆیی خۆیان بۆ شەڕی دژ بە خاچپەرەستان و شکستی هەژمۆنی ئەوروپاییەکان بۆ سەر ناوچەکەدا تەرخان بکەن، لەهەمان کاتدا ئەوان لە زانست و پێشکەوتن و پیشەسازی نەوەستان و زانست و کەسانی زاناو پسپۆر لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆری ئەیوبی دا گەشەی بەرچاویان بەخۆیەوە بینی. هەر بەو هۆیەوە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەیوبی دا ئێجگار زۆر قوتابخانەو شوێنی فێربوونی زانست درووستکرا کە ژنانی دەسەڵاتداری ئەیوبی لەو نێوەدا پشکی شێریان بەرکەوتبوو.
لە سەردەمی ئەیوبی دا کەسانی خاوەن پسپۆڕ و زانا کارو پلەو بەرپرسیارەتی دەوڵەتی بەرزیان پێ بەخشرا. لێرەدا هێندێک لە کەسانی زناو خاوەن پسپۆر لە دەوڵەتی ئەیوبی دا ناو دەبەین:- بارام شا فەڕوخ شا، شاعیر و نووسەر و فەرمانڕەوای بەعلبەک. زانای بەناوبانگی کورد و جیهان ئەبو فیدا کە جوگرافی ناس و مێژووناس و ئەستێرەناس بووە و شوێنێک لە مانگ بە نێوی ئەو زانا کوردە کراوە(Abulfeda)و هەروەها پاشا و فەرمانڕەوای شاری حەما بووە. زاناو دادوەری بەناوبانگ “ئەبوعەلی محێدین” لەخمی وەزیری شا سەلاحەدین کە دەستنووس و بەرهەمی زۆری لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. “عیمادەدین ئەسپەدانی” نووسەر و مێژوونووس، نووسەر ئیبن شەداد، نووسەر زیائەدین ئیبن ئەسیر، مێژوونووس عیزەدین ئیبن ئەسیر، نووسەر جەماڵەدین قەفتی، مێژوونووس شەهابەدین ئەبو شامە مەقدیسی، زاناو نووسەری ناودار شەمسەدین ئیبن خەلەکان کوردی، مێژوونووس جەماڵەدین ئیبن واسل حەماوی، نووسەر ئیبن ئەبی ئوسایبە و …هتد. هەروەها دەیان نووسەرو کەسایەتی ناوداری تر کە لێرەدا ناتوانین باسی گشتیان بکەین.
ئێمە لە سەردەمی ئەیوبیەکاندا شاهیدی بووژانەوەیەکی زمانەوانین کە دیارترین ئەو کەسانەی کە لەم زانستەدا سەرکەوتوو ببوون، “محەممەد بن باری، ئەبو فەتاح ئەلبەلتی، ئیبن عەبد موعتی زواوی و ئیبن حاجیب”ن. هەروەها شاعیران لە ئیمپڕاتۆری ئەیوبی دا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە کە لە بواری شێعری حەماسی و شۆڕشگێڕی دا زاڵ بوون و زۆربەی شاعیرەکان بە ستایشی سەرکەوتن و ئازایەتی سوپای بەهێز و چاونەترسی ئەیوبیدا دەستیان بەشێعر نووسین کردووە و کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ورەی سوپای ئەیوبی دا هەبووە. ئیبن سینا، نووسەری کتێبی (دار الطرز)، ئیبن شەمس خەلافە، کەماڵەدین ئیبن نەی میسری، سۆفی عومەر بن ئەلفەرید، جەماڵەدین یەحیا بن مەتروح، بەهائەدین زوهێر کە لە خزمەت پاشا سەلاحەدین و ئیمپڕاتۆری ئەیوبی دابوونە. لەڕاستیدا پاشاکانی ئەیوبی لە ئامادەکردنی کتێب و گرینگی دان به بواری زانستی سیاسی و سەربازی، فەلسەفە، ئەندازیاری، فەلەکناسی، مۆسیقا و پزیشکی جگە لە کتێبی ئایینی دەستی باڵایان هەبوو و بە بایەخەوە سەیری زانستیان کردووە. هەروەها ژمارەی قوتابخانەکان لە سەردەمی ئەیوبیەکاندا زۆر زیادی کردووە، جا هەر لە قاهیرەو دیمەشقەوە بگرە تا دەگاتە کوردستان. کتێبخانەکانی ئەیوبی لە ئامەد و دیمەشق و قاهیرە بە ملیۆنان جهڵدیان لە خۆیان گرتووە. یەکێک لە گرینگترین ئەو کتێبانەی لە سەر ئیمپڕاتۆری ئەیوبییەوە نووسراوە کتێبی “تاریخ دولة الاکراد” واتا مێژووی دەوڵەتی کوردانە کە نزیکەی هەشت سەت ساڵ لەمەوبەر لە لایەن مێژوونووسێکی بە ڕەچەلەک یەمەنی بە نێوی “محەممەد بن ئیبڕاهیم بن محەممەد بن ئەبو فەواریس عەبدولعەزیز ئەنساری خزرەجی”یەوە نووسراوە. کە باس لە مێژووی دەوڵەتی ئەیوبی دەکات. واتا ئەیوبییەکان خۆیان کورد زانیوەو تەنانەت خەڵکی بێگانەش بە کوردی ناسیون و دەوڵەتەکەیان بە دەوڵەتی کوردی ناسراوە، کەچی دوای سەتان ساڵ ئیمڕۆ بەشێکی بەرچاو لە کوردی ناسیۆنالیست لە ڕووی نائاگاهی و نەخوێندەواییەوە دەڵێن سەلاحەدین هیچی بۆ کورد نەکردووەو کوردی کردۆتە کۆیلەی عەڕەب! هاوکات کۆمەڵێک کوردی ئیسلامیش بەهەمان شێوە سەلاحەدین چەواشە دەکەن و ڕەنگ و ڕوخسارێکی غەیرە کوردی پێ دەدەن و دەیخەنە خزمەت ئایدای سەقەتی خۆیانەوە. لەلایەکی تریشەوە عەڕەب کە هیچ کەسایەتییەکی ئەوتۆیان نییە لە سەردەمی شەڕی بەرفراوانی جیهانی خاچ پەرەستی/مەسیحی لەگەڵ جیهانی ئیسلامی ئەوکات، بەوپەڕی چەواشەکاری و نازانستی و نا لۆژیکییەوە دێن بەرگێکی عەڕەبی بەر سەلاحەدین دەکەن!
پێشتر باسمان کرد کە لە ئیمپڕاتۆری ئەیوبی دا ژنان ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە لە بەڕێوەبەری دەسەڵات و ئاوەدانی و گەشەی ڕووناکبیری لەنێو کۆمەڵگادا. یەکێک لەو ژنە بە ناوبانگانە “خاتوو بابە” کچی ئەسەدەدین شێرکۆ حاکمی شاری حەلەب بووە. ناوبراو ژنێکی خوێندەوار، جەنگاوەرو بەڕێوەبەرێکی زاناو دەسەڵاتدارێکی عادڵ بووە. دووهەم “دەیفی خاتون ئەیوبی” بووە کە بۆ ماوەی شەش ساڵان فەرمانڕەوای شاری حەلەب بووە. ناوبراو ژنێکی شاعیرو نووسەر و هاوکارت کەسێکی جەنگاوەرو بە فەرماندەیەکی شەڕکەر ناوی هاتووەو وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لە مێژووی کورد و وڵاتی سوریەدا ناوی تۆمار کراوە. سێیەم “خاتوو عیسمەتەدەین ئوم خەلیل ناسراو بە شجر الدر” شاژنی میسر و هاوسەری مەلیک ساڵح نەجمەدین ئەیوبییە کە دیارە ناوبراو بە ئەسڵ لە تورکەکانی مەمالیکی بەحری بووە، کە بە دووهەم پاشای ژن و یەکەم شاژنی میسر لە مێژووی ئیسلام دا ناسراوە. هەروەها کۆمەڵێک لە ژنانی ناوداری ئیمپڕاتۆری ئەیوبی بریتین لە: “سیت عەزرا خاتوون ئەیوبی”، “سەفیە خاتوون ئەیوبی”،”زوهرە خاتوون ئەیوبی”، زومڕود خاتوون ئەیوبی ناسراو بە سیتو شام”، “عیسمەتەدەین خاتوون ئەیوبی، “سیتول خاتوون ئەیوبی”، “نیسبەت خاتوون ئەیوبی، “فاتیمە خاتوون ئەیوبی”، “خەدیجە خاتوون ئەیوبی” مەلیکە خاتوون ئەیوبی”، “کوتلومەک خاتوون ئەیوبی”، “ڕابیعە خاتوون ئەیوبی”، “غازی خاتوون ئەیوبی” و … هتد. بە گشتی لە ئیمپڕاتۆری ئەیوبی دا بەشداری ژنان لە دەسەڵات و بەڕێوەبەری و تەنانەت لەبواری ئایین و شەرعەوە زۆر بەرچاو بووە، هەروەها ئئیمپڕاتۆری ئەیوبی سیستەمێکی کۆنفیدڕاسیۆنی دێموکڕاتیک بووەو بە گشتی دەسەڵاتێکی ناوەندگەراو تاکڕەوو دیکتاتۆڕ نەبووەو هەموو خەڵک و نەژاد و ئایینێک جێگای ڕێز بووەو مافی پێکهاتەکان زۆر بەجوانی پارێزاوە. لەخۆڕا نییە جگە لە وڵاتانی مسوڵمان تەنانەت ڕۆژئاواییەکان بە تایبەت زۆر ڕێز بۆ پاشا سەلاحەدین ئەیوبی وەکوو پاشایەکی عادڵ و پیاوچاک دادەنێن، کە بەوپەڕی هێزو دەسەڵاتەوە پاشایەکی ئارام و دڵفراوان و خاوەن لێبوردە بووە، هەر بۆیە دەیان پەرتووک و شێعرو ئەفسانەیان بۆ دووست کردووە، تەنانەت هێندێک جار بە ئەفسانەوە ڕەچەڵەکی سەلاحەدین دەبەستنەوە بە ئهوروپاوە. خاچ پەرەستەکان بە سەلاحەدین-یان گوتووە: دوژمنی لە دین دەرچووی خاوەن ڕێزو شکۆ!
“ناوی پاشاکانی ئەیوبی”
١. سەلاحەدین ئەیوبی، حوکمڕانی لە ١١٧١ تا ١١٩٣ی زایینی
٢. مەلیک عەزیز ١١٩٣ تا ١١٩٨ی زایینی
٣. مەلیک مەنسور ١١٩٨ تا ١٢٠٠ی زایینی
٤. مەلیک عادڵ ١٢٠٠ تا ١٢١٨ی زایینی
٥. مەلیک کامیل ١٢١٨ تا ١٢٣٨ی زایینی
٦. مەلیک عادڵی دووهەم ١٢٣٨ تا ١٢٤٠ی زایینی
٧. مەلیک ساڵح ١٢٤٠ تا ١٢٤٩ی زایینی
٨. مەلیک توران شا ١٢٤٩ تا ١٢٥٠ی زایینی
٩.عسمەتەدەین ئوم خەلیل/ شجرالدر ١٢٥٠ی زایینی بۆ ماوەی ٣ مانگ
١٠. مەلیک ئەشڕەف ١٢٥٠ تا ١٢٥٤ی زایینی
“کۆتایی دەوڵەتی ئەیوبی”
هەروەک ئاگادارن لە سەردەمی زێڕینی دەسەڵاتداری ئەیوبییەکان بە تایبەتی لە دەورانی شا سەلاحەدین داو دوای مەرگی ناوبراو و واژۆ کردنی ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ خاچ پەرەستان دوابەدوای شەڕی سێیەمی مەسیحییەکان، ئیتر وردە وردە دەسەڵاتی ئەیوبی تووشی شپڕزەیی و لاوازی بوو، بەڵام بەو هۆیەشەوە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی هێندێک کەسی لێوەشاوە تا ڕادەیەک باڵانسەکە ڕاگیرابوو، یەکێک لەو کەسه دڵسۆزانە مەلیک عادڵ بوو کە لە ١٢٠٠ـەوە تا ١٢١٨ی زایینی لەسەر تەختی دەسەڵات بوو. ناوبراو بەردەوام لەحەولدا بوو کێشەی نێوان شازادەکانی ئەیوبی لە شام و میسر و کوردستان و ناوچەکانی تر کەم بکاتەوە، کە زۆر ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە تەبایی و یەکگرتوویی ئەیوبییەکان و هەروەها هێندێک جوڵەی جوداخوازی له سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان تێک شکاند. دواتر کوڕەکەی “مەلیک کامیل” دێتە سەر دەسەڵات. کامیل بۆ پیاوچاکی و ئاشتەوایی و بوێری لە باوکی خۆی دەچوو و توانی دەسەڵات زۆر باش بەڕێوە ببات. بەڵام دوای مەرگی مەلیک کامیل لە ساڵی ١٢٣٨ی زایینی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسی شازادەکانی ئەیوبی لەسەر دەسەڵات و قودرەت تێک چوو. ئەوان ڕێنماییەکانی باپیرانی خۆیان بە تایبەت شا سەلاحەدین-یان لەبەرچاو نەگرت و گیرۆدی زێدەڕۆیی و ئیسڕاف و خۆشگوزەرانی ببوون و بەڕاستی شکۆی ئیمڕاتۆری ئەیوبیان شکاند.
ئەوان پێش ڕووخانی دەوڵەت تووشی لێکترازان و شێواوی و بێ بەندو باری ببوون. یەکێکی تر لە هۆکارەکانی لاواز بوونی ئەیوبییەکان دوای شا سەلاحەدین، نەبوونی ستڕاتیژی درێژ ماوە و نەبوونی کەسانی پسپۆڕ و لێزان و ڕێفۆڕم خواز لە نێو دەسەڵاتدا بوو. هەروەها کۆتا زەبر کە لە ئەیوبییەکان کەوت بەدەستی مەمالیکی بەحری بوو کە تورانشای ئەیوبیان لە خوانێکدا بە دەستی فەرماندەیەک بە نێوی زاهیر بەیبەرس و کۆمەڵێک سەربازی بەکرێگیراوی مەملوکی بەحری تیرۆر کرد. مەمالیکەکان یا مەملوکی بەحری کۆمەڵێک تورکی بەکرێگیراوی قەپچاق و ئاغوز و هەروەها چەرکسی بوون کە بە تێپەڕ بوونی زەمان ببوونە خاوەن پێگە کە گەورەترین هەڵەی ئەیوبییەکان بوو ڕێگەیان بۆ ئاوەڵا کردبوون. دیارە ئەو تورکانە لە درێژماوەدا کە وەکوو کۆیلەو شەڕکەری بەکرێگیراو گەیشتبوونە ئەو ناوچەیەو لە سەدەمی عەباسی و پێش عەباسیش دا هاتبوون و له دەورانی مەملوکی ساڵحی و ئەیوبیش دا بەردەوام بوون. بەو پێیە دوای کوشتنی تورانشای ئەیوبی کۆتایی بە دەسەڵاتی فراوانی ئەیوبی هات و سەرەتای دەسەڵاتداری مەملوکە تورکەکان لە ١٢٥٠ی زایینی دەستی پێکرد. دیارە دوای تورانشا بۆ ماوەی سێ مانگ زڕ دایکی واتا عیسمەتەدین ئوم خەلیل ناسراو بە شجرالدر حوکمی بە دەستەوە گرت، بەڵام دواتر بە هۆی دژایەتی پیاوانی حکومەت و هەروەها عەباسییەکانیش لەسەر دەسەڵات لادراو کوڕەکەی واتا مەلیک ئەشڕەف تا ساڵی١٢٥٤ی حوکمی کرد، بەڵام لەڕاستیدا دەسەڵاتی سەرەکی لەبەر دەستی مەملوکە بەحرییەکاندا بوو. یەکێکی تر لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوخانی دەسەڵاتی ئەیوبی کەسایەتی تورانشای ئەیوبی بوو کە کەسێکی ناپوختەو خۆ بە زل زان بوو و زیاتر خەریکی خۆشگوزەرانی و سەرگەرمی کەسی خۆی بوو و وەک باس دەکرێت کەسێکی هەڵەشەو تووڕە بووەو بە گشتی کەسێکی نا سیاسی و نەزان لە شێوەی حوکمڕانی و بەڕێوەبەری و مودیریەت بووە.
تورانشا لەگەڵ زڕ دایکەکەی ناتەباو ناسپاس بوو چۆن “شجرالدر” پاڵپشتی باشی تورانشای کردبوو، ئیتر زڕ دایکی ڕقی لێ دادەگرێت و دواتر هەر بە ڕەزایەتی ئەو تورانشا تیرۆر دەکرێت. یەکێکی تر لە هەڵەکانی موعەزەم تورانشا ئەوەبوو کەدوای شکستی خاپەرەستان بە ڕێبەری لۆڤی نۆیەم لە شەڕی حەوتەمی خاچپەرەستان، بە فەرمی ناسینی هاوسەرۆک بوو بۆ جێگرەوەی خۆی. هەروەها زۆر ڕەفتارێکی خراپ و دژایەتی لەگەڵ زڕ دایکەکەی واتا “شجرات الدر”دا هەبوو کە ژنێکی زیرەک و بەتوانا بوو و بەمشێوەیە شیرازەی بنەماڵەکەشی تێک دابوو و کەسی دڵسۆزی لە دەورو بەری خۆی نەهێشت. هەروەها دژایەتێکی زۆر نابەجێ و زەقی ڕێبەران و فەرماندەکانی مەملوکەکانی دەکرد، بۆ نموونە لە کاتی شکستی سوپای خاچپەرەستان بە ڕێبەری لۆڤی نۆیەم کە دوو ڕێبەری دیاری مەملوکەکان تێیدا بەشدار ببوون و دەستێکی باڵایان لە سەرکەوتنی سوپای ئەیوبی دا بە سەر سوپای خاچ پەرەستەکاندا هەبوو، تورانشا نەک هەر دەستخۆشی لێ نەکردن بەڵکوو گاڵتەی پێکردبوون و بەردەوام کەسایەتی دەشکاندن و بەرپرسیارەتی لێ زەوت کردوون و زۆر ناسیاسیانە ویستوویەتی لە دەسەڵات لایانبدات. بەوشێوە ڕێبەران و فەرماندەرانی مەملوک و هەروەها زڕ دایکەکەی ڕقی لێهەڵدەگرن.
کەوابوو دوو کەسایەتی دیاری مەملوکی بەنێوی فەریسەدین “ئۆکتای و ڕوکنەدین زاهیر بایبارس” و کۆمەڵێک سەرباز بە هاوکاری زڕ دایکەکەی بە پیلانێک لە ساڵی ١٢٥٠ی زایینی دا تورانشا تیرۆر دەکەن. بەگشتی وەک باس دەکرێت دەسەڵاتی ئەیوبی تا ساڵی ١٢٦٠ درێژەی هەبووەو دواتر بە یەکجاری دەڕوخێت و دواتر هێندێک دەسەڵاتی ناوچەیی و نیوە سەربەخۆیان دەمێنێت، بۆ نموونە “ئیماڕەتی حەسەن کێف کە تا سەدەی شازدەهەم بەردەوام بووە، ئیماڕەتی خاناتی خۆی/کەلا خوێ لە پارێزگای ئورمیە، ئیماڕەتی شەڕوان، ئیماڕەتی کیلیس، ئیماڕەتی بینگول، ئیماڕەتی حەما و هیتد…. بەمشێوەیە و بەگشتی کوردانی ئەیوبی ڕەوادی هەزەبانی بۆ ماوەی نزیکەی یەک سەدە پاشاو حاکمی میسر و یەمەن و لیبی و حیجاز و فەلەستین و شام و لوبنان و سێ بەشی کوردستان و بەشێکی ئێڕاق بوونە.
له کۆتایی ئەم بەشەدا دەمهەوێ لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بۆچوونە کە گۆیا ئەیوبییەکان هیچ هەستێکی کوردانەیان نەبووە، بە کورتی بەسەرهاتێکی ئەیوبییەکان باس بکەم بۆتان:
لە ساڵی ١١٩٤ی زایینی دا موعەزەدین ئیسماعیل کوڕی عەزیز زاهیرەدین تەختەکین ئەیوبی دەبيته فەرمانڕەوای یەمەن. پێشتر زاهیرەدین تەختەکینی باوکی فەرمانڕەوای حیجاز و یەمەن دەبێت، که دواتر کوڕەکەی ئیسماعیل ناسراو به موعەزز یا موعەزەدین ئیسماعیل دەبێته جێگرەوەی باوکی و حاکمایەتی وڵاتی یەمەنی پێ دەسپێردرێت. موعەزز کەسایەتییەکی سەیرو سەمەرەو سەر شێت و نامۆو بەد ڕەفتار بووە. ناوبراو دوای ماوەیەک به پشتیوانی عەباسییەكان هەوڵی ئەوە دەدات تا له ئیمپراتۆری ئەیوبی جیا بێتەوەو سەربەخۆ بێت و لە میللەتی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە. ئەو دواتر لە ١٢٠١ی زایینی دا خۆی وەکوو خەلیفەی مسوڵمانان دەناسێنێت و بانگەشەی ئەوه دەکات که کورد نییەو سەر به بنەماڵەی هاشمی و پیغەمبەرە، هێندێک سەرچاوهش دەڵێن کە خۆی بە بەنی ئومەیە بەستۆتەوە. هەمان ساڵ سەردانی بەغدا دەکات و دەگەڕێتەوە یەمەن و لەهەموو مزگەوتەکان دەست دەکات بە پڕوپاگەنداو چەواشەکاری و هەڕەشە. ئیتر بەو کارانە شازادەکانی بنەماڵەی ئەیوبی سەبریان نامێنێت و زۆر توڕە دەبن. هەربۆیه ڕاسپاردەیەک دەنێرن بۆلای ئیمپڕاتۆر عادڵ ئەیوبی و داوا دەکەن بەهۆی ئەوەیکه موعەزەدین له كورد بوون هەڵگەراوەتەوەو بۆته مەترسی بۆسەر دەسەڵات و ئابڕوی بنەماڵەی ئەیوبی، دەبێت به تووندترین شێوه سزا بدرێت. بۆیه به سوپایەکی بەرچاو به بێ شەڕ یەمەن کۆنتڕۆل دەکەنەوە و له سالی ١٢٠٤ی زایینی دا موعەزز دەکوژن و سەری دەپەڕێنن و به ڕمێکەوه هەڵیداوەسن و بەنێو شاردا دەيسوڕێننەوه و دەڵێن: هەر کەسێک بیهەوێ سوکایەتی به ڕەچەڵەکی كورد بكات ئەوه عاقیبەتی دەبێت، گرینگ نییه ئەو کەسه كێیەو له چ پلەو پایەیەک دایه. دوای کوشتنی مەعەزەدین، به فەرمانی ئیمپڕاتۆر مەلیک عادڵی یەکەم، ناسر ئەیوبی تەختەکین براکەی موعەزیز بوو به فەرمانڕەوای بەشی یەمەن و حیجاز له ئیمپراتۆری ئەیوبی دا.
“سێیەم؛ دەسەڵاتداری کورد لە سەردەمی میسری نوێ دا”
شۆڤێنیسمی عەڕەب و تورک و فارس وەک هەمیشە بەردەوام حەول دەدەن دەسەڵات و حکومەتداری کورد لەم قۆناغەش چەواشە بکەن و حاشا لە کورد بوونی خانەدانی “محەممەد عەلی پاشا” دەکەن و بنەچەی دەگەڕێننەوە بۆ کۆزۆڤۆ کە عوسمانییەکان بە ئارناوت ناویان دەبرد. با بزانین “محەممەد عەلی پاشا (١٧٦٩ _ ١٨٤٩ ز)” کێیە؟ محەممەد عەلی پاشا کوڕی برایم ئاغا، حاکمی میسر و بزوێنەری ڕێنێسانسی هاوچەرخ و دامەزرێنەری خانەدانی خەدیو. ساڵی ١٧٦٩ لە ئامەدی باکوری کوردستان لەدایک بووە و هەمان ساڵ باوکی مردووە. دواتر لای مامی واتا “توسون یا توسەن ئاغا” دەبێت کە دواتر مامی دەکوژرێت و ئینجا هاوڕێیەکی باوکی لەئەستۆی خۆی دەگرێت. محەممەد عەلی بە نەخوێندەواری و بێ باوک گەورە دەبێت، بەڵام لاوێکی زیرەک و وشیار بووە. ناوبراو لەسەردەمی لاوەتی دا وەکوو چاوساغ و خزمەتکاری سەربازی دەچێتە نێو سوپای عوسمانی و لە شەڕی فەڕانسییەکاندا لە میسر(١٧٩٨ بۆ ١٨٠١) بەشدار دەبێت و دواتر لەوێڕا وردە وردە پلەکانی سەرکەوتن دەبڕێت. کاتێک سوپای عوسمانی لە شەڕی “ٲبي قیر” دا لە ساڵی ١٧٩٩ شکست دەخوات، فەرماندەی سوپا دەگەڕێتەوە ئیسلامبوڵ و بە فەرمانی دەسەڵات محەممەد عەلی لە جێگای ئەو دادەنرێت و بە پلەی بەگباشی دەگات.
دوابەدوای چوونە دەری فەڕانسە له میسر لە ساڵی ١٨٠١ی زایینی دا لەو سەردەمەدا واڵی و حاکمی میسر کەسێک بوو بە نێوی “خورشید پاشا” کە خەڵک لە دەستی وە زالە هاتبوو و قەبوڵیان نەبوو، هەر بۆیە سوپا و سەربازەکان خوازیاری دەست بەسەرداگرتنی میسر و لادانی حاکمەکەی بوون. بەو پێیە ساڵی ١٨٠٥ لەلایەن حکومەتی عوسمانییەوە فەرمانی بۆ دەرکراو محەممەد عەلی جێ بە جێی کرد. دواتر هەر خێرا “محەممەد عەلی” کۆتایی بە دەسەڵاتی مەمالیکی بەحری هێناو بە بیانووی ماڵئاوایی و خواحافیزی لەگەڵ توسون پاشا که سوپای بەرەو حیجاز بۆ شەڕی وەهابییەکان دەبرد، گشتیان بانگهێشت دەکات بۆ قەڵاکەی خۆی و هەر لەوێدا هەموویانی کوشت و وەک باس دەکەن تەنیا یەک کەسیان توانیوێتی خۆی ڕزگار بکات. بەو پێیە “محەممەد عەلی” توانی تۆڵەی تورانشای ئەیوبیش بکاتەوە کە لەلایەن مەمالیکی بەحرییەوە تیرۆر کرابوو. “محەممەد عەلی” تا ساڵی ١٨١١ مەمالیکەکانی بەحری و دەست و پێوەندییەکانی بە تەواوی لەناوبرد و دەستی کرد بە چاکسازی و یاسای نوێ بۆ میسرو زۆر سیاسیانە توانی پێوەندی خۆشی لەگەڵ حکومەتی عوسمانی بپارێزێت. “محەممەد عەلی” لە ساڵی ١٨٢١ تا ١٨٢٣ توانی حکومەتی خۆی تا سودان درێژ بکاتەوە. هەروەها پێشتر له ساڵی ١٨١١ بە هاوکاری توسون پاشای کوڕی کە فرماندەیەکی بەهێزو بە توانا بوو توانی سەرهەڵدانەکانی ناوچەکانی عەڕەبستان بە تەواوی سەرکوت کات و له ساڵی ١٨١٨ یەکەم دەوڵەتی سعودیا لەناو بەرێت.
محەممەد عەلی پاشا له ماوەیەکی کورت دا توانی سوپایەکی بەهێزو هەروەها هێزێکی دەریایی پتەو بە کەرەستەی جەنگی باش پێک بهێنێت. هەروەها وڵاتی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەبواری پیشەسازی، زانستی پزیشکی، کشت و کاڵ و ئاوەدانی و هیتد….. بەرەو پێش برد.
محەممەد عەلی پاشا بەدوای خەونی دەسەڵاتی پاشا سەلاحەدین ئەیوبییەوە بوو، هەر بۆیە بە میسر و سودان و حیجاز ڕازی نەبوو و چاوی بڕیبۆ وڵاتی شامی کوردان. بەم بۆنەیەوە سوپایەکی بەهێزی پێکهێناو به سەرکردایەتی برایم پاشای کوڕی توانی لە ماوەیەکی زۆر کەم دا دەست بەسەر وڵاتی پان و بەرینی شام دا بگرێت. محەممەد عەلی ڕۆژ بە ڕۆژ خەریک بوو بەهێزتر دەبوو، ئەوەش ببۆ هۆی ترس و دڵەڕاوکێی حاکمانی عوسمانی. دوای داگیرکردنی وڵاتی شام بەتایبەتی بە هاوکاری کوردەکان، تەماعی پڕ نەبوو و فکری گرتنەوەی باکوری کوردستان و ئیستامبوڵی دەکرد. هەر بۆیە “محەممەد عەلی” بە فەرماندەیی برایم پاشای کوڕی توانی زۆر لە ناوچەکانی باکوری کوردستان بەدەستەوە بگرێت و هەروەها توانی شارەکانی ئادانا، کۆنیا و کوتاهیە داگیر بکات و لە ساڵی ١٨٣٣ ڕووە و ئیستامبوڵ هەڕەشە لە تاج و تەختی خەلافەتی عوسمانی بکات. برایم پاشا لە دوو شەڕدا بە تایبەتی زۆر بە سەختی سوپای عوسمانی تێکشکاند. عوسمانییەکان بە دانی باجێکی زۆر توانیان ئەوروپیەکان ڕازی بکەن تا هاوکاری دەوڵەتی عوسمانی بکەن بۆ لاواز کردن و شکستی محەممەد عەلی پاشا کوردی. لە کۆتایی دا بە پشتیوانی ئەوروپییەکان محەممەد عەلی ڕازی بوو بەوەیکە هێزەکانی بەرەو میسر بگەڕێنێتەوەو ڕێکەوتنامەی ١٨٤١ی لەندەنی واژۆ کرد. بەو شەرتەی کە دەسەڵاتی میسر و هێندێک ناوچەکانی دەوروبەری دوای خۆی بە کوڕەکانی بگات. ئیتر بەمشێوەیە وازی له داگیرکردنی ئیستامبوڵ هێناو بە نا بە دڵی بەرەو میسر گەڕایەوە. بەوشێوەیە “محەممەد عەلی” پاشا کوردی بە ناچاری و بە ناعیلاجی فەرمانی بە برایم پاشای کوڕی دا تا ناوچەکانی تورکیا و شامی کوردان بەرەو میسر جێ بهێڵت و حەولی و کۆششی خۆی بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن و خۆش بژێوی وڵاتی میسر تەرخان بکات. ئیتر دوای ئەو ڕووداوە “محەممەد عەلی پاشا” پیر بوو و تووشی نەخۆشی دەروونی و خەمۆکی و بەدگومانی ببوو بەرامبەر دەورو بەرییەکانی خۆیەوە. هەر بۆیە ساڵی ١٨٤٨ دەسەڵات و حکومەتی ڕادەستی برایم پاشای کوڕی کرد و ساڵی ١٨٤٩ی زایینی لە شاری ئەسکەندەرییەی میسر کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی گەورە بە خاک سپێردرا. بەڵام حوکمڕانی برایم پاشا زیاتر لە حەفتا ڕۆژی نەخایاند و لە تەمەنی شێست ساڵی دا زووتر لە باوکی کۆچی دوایی کرد. دواتر نەوەی محەممەد عەلی پاشا کوڕی توسەن پاشا بە ناوی عەباس پاشای یەکەم دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. توسەن پاشا کوڕی بچوکی محەممەد عەلی بوو کە لە برایم پاشا بچوکتر بوو، وەک باس دەکەن بە هۆی لێوەشاوەیی و گوێ ڕایەڵی و خۆشەویستی قەرار وا بووە محەممەد عەلی پاشای باوکی وەکوو جێنشینی خۆی دیاری بکات، بەڵام لە ساڵی ١٨١٦ بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە. بە گشتی زنجیره پاشاکانی بنەماڵەی محەممەد عەلی پاشا و ماوەی دەسەڵاتداریان بەمشێوەیەی خوارەوەیە:-
١. محەممەد عەلی پاشا ١٨٠٥ تا ١٨٤٩
٢. برایم پاشا ٢ی ماڕسی ۱۸۴۸ تا ۱۰ی نوامبری ۱۸۴۸
٣. عەباس پاشای یەکەم ١٨٤٨ تا ١٨٥٤
٤. سەعید پاشا ١٨٥٤ تا ١٨٦٣
٥. سمایل پاشا ١٨٦٣ تا ١٨٧٩
٦. تۆفیق پاشا ١٨٧٩ تا ١٨٩٢
٧. عەباس پاشای دووهەم ١٨٩٢ تا ١٩١٤
٨. حوسێن کامیل پاشا ١٩١٤ تا ١٩١٧
٩. ئەحمەد فوئادی پاشای یەکەم ١٩١٧ تا ١٩٣٦
١٠. فاڕوق پاشای یەکەم ١٩٣٦ تا ١٩٥٢
١١. ئەحمەد فوئاد پاشای دووەم کوڕی فاڕوق پاشای یەکەم کۆتا پاشای بنەماڵەی محەممەد عەلی پاشا لە ڕێکەوتی ٢٦ی ژوئیەی ساڵی ١٩٥٢ تا ١٨ی ژوئەنی ساڵی ١٩٥٣ی زایینی کە دوای کودەتای سەربازی ئەفسەرو پلەدارانی نیزامی بە سەرکردایەتی محەممەد نەجیب و جەماڵ عەبدولناسر و لادانی فاڕوق پاشا بۆ ماوەی شەش مانگ حکومەتی کرد و دواتر دەسەڵاتی میسر بوو بە کۆماری و محەممەد نەجیب بوو بە سەرۆک کۆماری نوێی میسری کۆماری.(عەباس مەحمود العقاد گەورە نووسەری میسری دەڵێت: کوردەکان دوو پاڵەوانی مەزن و نەمریان بۆ وڵاتی کوردستان و جیهانی ئیسلام پەروەردە کرد: پاشا سەلاحەدین ئەیوبی و محەممەد عەلی پاشا).
لە کۆتایی دا ئاوڕێکی کورت و پوخت دەدەینەوە لەسەر حوکمڕانی کورد لە وڵاتی میسر. بە گشتی کورد لە سێ قۆناغی جیاوازدا لە پێش زایین و دوای زایینەوە لە میسر حکومەتی کردووەو شوێن پەنجەی بە تانوپۆی میسرەوە دیاره. یەکەمجار لەسەردەمی فیرعەونەکانی ناوەڕەست لە لەلایەن کوردانی هۆری واتا هێکسۆس هۆرییەکان(پاشا شوانکارەکان) کە لانیکەم دووسەت ٢٠٠ ساڵ درێژەی کێشاوە. هەروەها میسر لە سەردەمی ئیمپداتۆری کوردانیپاڕسوماد و کوردانی ساسانییەوە بەردەوام له ژێر داگیرکاری و هەژمۆنی و باج و ماڵیاتدا بووە.
دوای ئەوان واتا هۆرییەکان جارێکی تر ئەمجارە کوردانی ئەیوبی دوای نزیکەی سی هەزار ساڵ دووبارە دەگەڕێنەوە میسرو بۆ ماوەی ٩٠ ساڵ حوکمڕانی دەکەن. دوای ئەوان کوردەکان بۆ جاری سێیەم لە سەردەمی میسری نوێ دا گەڕانەوە سەر تەختی پاشایەتی میسر و بۆ ماوەی ١٤٩ساڵ حوکمی میسریان کرد. واتا لە سەردەمی “محەممەد عەلی” پاشا کە بە باوکی میسری نوێ ناوزەد کراوە. بە گشتی کورد بۆ ماوەی پێنج سەدە واتا لانیکەم ٤٣٩ ساڵ حوکمی میسریان کردووە. زۆر بەداخەوە زۆربەی کورد ئەو ڕاستییە نازانێت و ئاگاداری مێژووی خۆی نییە! بۆیە بەردەوام بەرامبەر داگیرکەران و نەیارانی خۆی هەست بە کەمی دەکات. کورد نازانێت کە بەشێکی بچوک لە مێژووەکەی حوکمڕانی لە میسرە کە بۆ ماوەی پێنج سەدە درێژەی هەبووە. کوردەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە لەگەڵ چەواشەکارێکی بەرفراوانی شۆڤێنیزمی عەرەب و فارس و تورک کە دەستەواژەیەکی نوێی درووستکراوی ڕۆژئاوان بە تایبەتی ئینگلیز. لە کۆتایی دا بە پێویستی دەزانم هێندێک لە کەسایەتییە کوردەکانی میسری نوێ کە لە بوارە جیاوازەکاندا دەرکەوتوون ناو ببەم کەبریتین لە:- ئەحمە تەیمور پاشا، محەممەد عەلی عەنی، محەممەد عەبدە، قاسم ئەمین، عەباس مەحمود عەقاد، ئەحمەد شۆقی، نەجیب ڕیحانی، عایشه تەیموری، مەحمود تەیمور، عەبدولباست سەمەد، ئەدهەم سەیف وانلی، محەممەد سەیف وانلی،سوعاد حوسنی، نەجات ساغیره، ڕوشدی ئەبازا، مەحمود مەلیجی، فەرید شەوقی، دوریا عەونی، مەحمود زایید، مستەفا محەممەد عەوێز و… هتد.
سەرچاوەکان:
١. “شازادە خاتوونی میتانی” له نووسینی لۆرێن لی مێرێوێزەر
٢. “فیرعەونەکانی خۆر: ئەخناتون، نێفرتیتی” ب. فرید، ڕ.ئی دی ئاوریا، س. مارکۆڤیتز ١٩٩٩
٣. “نێفرتیتی خۆری میسر”، تایلدێسلی جۆیس ١٩٩٨
٤. “مێژووی مەملەکەتی میتانی” لە نووسینی ئەحمەد مەحمود خەلیل. بڵاوکراوەی موکریان هەولێر ٢٠١٣
٥. “دەقی نامەی توشتڕاتا پاشای میتانی بۆ ئەخناتۆن فێرعونی میسر و هاوسەرەکەی شازادە تاتوخیپا/دادێ هێڤی. مۆزەخانەی لەندەن
٦. ویکیپێدیای عەڕەبی هێکسوس هورییەکان
٧. “خەڵکی ئاڤاریس: شیکاری مەودای زیندەیی نێوان ناوچەیی بە بەکارهێنانی تایبەتمەندییە ناپێوەرەکانی ددان”. شوێنەوارناسی زیندەیی ڕۆژهەڵاتی نزیک
٨. “ستانتیس، کریس؛ خەرۆبی، ئاروە؛ مارانێن، نینا؛ نۆوێڵ، جۆف م.؛ بیتاک، مانفرێد؛ پرێل، سیلڤیا؛ شوتکۆڤسکی، هۆڵگەر (2020-07-15). “هیکسۆسەکان کێن؟ تەحەدای گێڕانەوەی نەریتی بە بەکارهێنانی ئایزۆتۆپی سترۆنتیۆم (87Sr/86Sr) شیکاری پاشماوەی مرۆڤ لە میسری کۆن”.
٩. کتێبخانەی نیشتمانی پزیشکی ئەمریکا
١٠. “لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ڕەچەڵەک و نێوی پاشاکانی هێکسۆس هۆری(پاشا شوانکارەکان)ی میسری کۆن”. جەواد موفرەد کەهلان ٢٠١٥
١١. ئینسایکلۆپیدیای میسری کۆن، ماڵپەڕی فەرمی پەیمانگای ئەلهینداوی، قاهیرە (بەشی چوارەم): سەردەمی هیکسۆس و دامەزراندنی ئیمپراتۆریەت
١٢. “مێژووی وێناکراوی میسری کەونارا” لە نووسیی کارڵ ڕیۆردا له وەرگێڕانی ئیبتسام محەممەد عەبدولمەجید، چاپی وەزارەتی گشتی میسر بۆ ئاسەواری مێژوویی، قاهیرە، بەرگی یەکەم ٢٠٠٩
١٣.”مێژووی مرۆڤایەتی لە سەرەتاوە تا ئێستا” لە نووسینی ئارنۆڵد جی تۆینی، ١٩٧٦
١٤. “الکامل في التاریخ” لە نووسینی ئیبن ئەسیر، چاپی دار سادری بەیروت ساڵی ١٩٧٩
١٥. “مێژووی ئەژدادی کورد” لە نووسینی ئەحمەد مەحمود خەلیل، چاپی موکریان، هەولێر ٢٠٠٣
١٦.”الله تاريخ مصر القديمة” لە نووسینی محەممەد عەلی سەعد. بڵاوکراوەی ناوەندی کتێبی ئەسکەندەریەی میسر ٢٠٠١
١٧.”ئینسایکلۆپیدیای میسری کۆن” – بەشی چوارەم، سەردەمی هێکسۆس و دامەزراندنی ئیمپڕاتۆری”. لە نووسینی سەلیم حەسەن. چاپی دامەزراوەی هینداوی بۆ پەروەردە و ڕوناکبیری، قاهیرە ٢٠١٢
١٨. “کارەساتی نیشتەجێ بوونی هێکسۆسەکان، کارەساتی میسر”، لە نووسینی ئیفتیخار ئەلبەنداری ئەلسەید ٢٠١٩
١٩. “مێژووی میسری کۆن” لە نووسینی نیکۆلاس گریمال، بڵاوکراوەی ناوەندی فکری و لێکۆڵینەوەو چاپی قاهیرە ساڵی ١٩٩١، وەرگێڕانی بۆ عەڕەبی ماهیر جویجاتی
٢٠.”ئاریای کۆن و کوردستانی ئەبەدی/کورد یەکێکە لە گەلە کۆنەکان”، لە نووسینی سەڵەوات کۆلیامۆف. وەرگێڕانی بۆ عەڕەبی ئیسماعیل حەساف و مارگارێت حەساف. چاپ و بڵاوکراوەی موکریانی، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠١١
٢١. “شکستی هێکسۆسەکان، یەکەم شۆڕشی بۆ ئازادی لە مێژوودا” لە نووسینی محەممەد ئەلعەزب موسا، چاپ و بڵاوکراوەی دارالکاتبی عەڕەبی-قاهیرە ١٩٦٧
٢٢. “کۆنترین شارستانییەتەکانی ڕۆژهەڵاتی نیزێک”، لە نووسینی جەیمس میلارت. بڵاوکراوەی: ماڵی دیمەشق بۆ چاپکردن و چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە – چاپی یەکەم ساڵی ١٩٩٠
٢٣. “میسری فیرعەونی” لە نووسینی ئەحمەد فەخری. بڵاوکراوەی ئیدارەی گشتی کتێبی میسر، ساڵی ٢٠١٢
٢٤. “شوێنەوارە ناسراوەکانی هیکسۆسەکان له میسری کۆن دا”. ڕیمۆند وایل ١٩١٨
٢٥. “میسری فیرعەونەکان” لە نووسینی سێر ئالێن گاردنەر. لێکۆلەر: نەجیب میخائیل ئیبڕاهیم، عەبدولمونەعەم ئەبوبەکر. بڵاوکراوەی ئیدارەی گشتی کتێبی میسر، قاهیرە ١٩٧٣
٢٦. “ژیاننامەی سەلاحەدین ئەیوبی”، لە نووسینی ئەبو مەحاسن بەهائەدین ئیبن شەداد. بڵاوکراوەی بنکەی فەرهەنگ و پەروەردەی هینداوی/قاهیرە ٢٠١٥
٢٧. “سەلاحەدین ئەیوبی”، لە نووسینی جۆرجی زیدان. بڵاوکراوەی دارالجیل-ی بەیروت، چاپی دووهەم ٢٠٠٧
٢٨. “مێژووی ئەیوبییەکان و مەمالیک”، لە نووسینی سەفوان تەها حەسەن. بڵاوکراوەی دارالفکر-ی عەمان، ئۆردۆن ٢٠١٩
٢٩. “ئەیوبییەکان دوای سەلاحەدین- شەڕی خاچ پەرەستان”، له نووسینی عەلی محەممەد سەلابی. بڵاوکراوەی دار ابن الجوزی، قاهیرە ٢٠٠٨
٣٠. “مێژووی ئەیوبییەکان لە میسر و شام و ناوچەی جزیره”، لە نووسینی محەممەد سیهال تەویل. بڵاوکراوەی دارالنفایس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوه، چاپی دووهەم بەیروت ٢٠٠٨
٣١. “سەلاحەدین و ڕووخانی شانشینی قودس” لە نووسینی ڕۆژهەڵاتناس ستانلی لەین پاوڵ. ساڵی ١٨٩٨
٣٢. سوڵتان سەلاحەدین ئەیوبی لە زانستنامەی بریتانیکادا
٣٣. گۆڤاری میسری (المصور). ٢٥ی سەرماوەزی ١٩٤٩ز، لاپەڕەی ٥٦
٣٤. “سەرکردەکانی جیهانی کۆن، سەلاحەدین ئەیوبی براوەی جەنگە خاچپەرستەکان”. نووسەر: جۆن داڤێنپۆرت. وەرگێڕ: ڕەزا جۆلایی، چاپی دووهەم 2013
٣٥. “مێژووی شارستانییەت”، لە نووسینی ویل دۆڕانت لە نێوان ساڵانی 1935 بۆ 1975
٣٦. “محەممەد عەلی پاشا، ژیاننامەو بەرهەم و کاریگەرییەکانی”، لە نووسینی ئەلیاس ئەیوبی. بڵاوکراوەی بنکەی هێنداوی، چاپی یەکەم، قاهیرە ٢٠١٤
٣٧. “پیشەسازی و قوتابخانەی سەربازی لە سەردەمی محەممەد عەلی پاشا”، لە نووسنی عومەر توسەن. بڵاوکراوەێ بنکەی هینداوی، چاپی یەکەم، قاهیرە ٢٠١٥
٣٨. “مێژووی وەزیر محەممەد عەلی پاشا”، لە نووسینی خەلیل ئیبن ئەحمەد ئەلڕەجەبی. پێداچوونەوە دانیاڵ کێرسیلیۆس. بڵاوکراوەی دارالآفاق العربیە، چاپی یەکەم، قاهیرە ١٩٩٧
٣٩. “سەردەمی محەممەد عەلی پاشا”، لە نووسینی عەبدولڕەحمان ڕافیعی. بڵاوکراوەی دارالمعارف-ی قاهیرە، چاپی پێنجەم ١٩٨٩
٤٠. “میسری سەردەمی محەممەد عەلی پاشا”، لە نووسنی عەفاف لوتفی سەید مارسو. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ عەڕەبی عەبدولسەمیع عومەر زەینەدین و پێداچوونەوەی ئەمین شەبلی. بڵاوکراوەی شوڕای باڵای فەرهەنگی، چاپی یەکەم، قاهیرە ٢٠٠٤
٤١. “ئاراستەی سیاسی میسر لە سەردەمی محمد عەلی”، لە نوویسنی هێنڕی دۆدوێڵ. وەرگێڕانی بۆ عەڕەبی: ئەحمەد محەممەد عەبدولخالق و عەلی ئەحمەد شەکری. بڵاوکراوەی بنکەی هینداوی سی ئای سی، قاهیرە ٢٠١٧
٤٢. “عەڕەبەکان و کوردەکان- ململانێ یا هاوئاهەنگی؟”، لە نووسینی دوریا عەونی. بڵاوکراوەی دارالهلال، میسر ١٩٩٣
٤٣. “کوردەکان لە میسر بە درێژایی مێژوو”، لە نووسینی هاوبەشی دوریا عەونی، مەحمود زایید، مستەفا محەممەد حەوێز. بڵاوکراوەی تایبەت چاپی ٢٠١١
٤٤. “مێژووی میسری کەونارا”. زانکۆی ئەکسفۆرد ٢٠١٧
٤٥. “مێژووی میسر لە داگیرکردنی عوسمانییەکانەوە تا کەمێک پێش ئێستا”. سەلیم حەسەن ٢٠١٤
٤٦. ” میسری عوسمانی”. جۆرجی زێدان. بڵاوکراوەی دارالهیلالی میسر ٢٠٠٧
٤٧. “لێکۆڵینەوە لە مێژوو و مێژوونووسانی میسر و شام لە سەردەمی عوسمانیدا”. نووسینی لەیلا عەبدوللەتیف ئەحمەد. بڵاوکەرەوەی کتێبخانەی ئەلخانجی، ١٩٨٠. چاپی ئەسڵی زانکۆی میشیگان ٢٠٠٦
٤٨. “ئیبراهیم پاشا لە سوریا”. سلێمان ئەبو عیزەدین. ٢٠٠٩
٤٨. “هێرش یا داگیرکردن ؟… ئیمپراتۆری عوسمانی لە هاوسەنگی میسر و عێراق و شامدا”. ئەحمەد عەبدولکەریم سەحاغی ٢٠٢٠
٤٩. “ناوەندی عەرەبی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی سیاسی، کتێبێک لەسەر سیاسەتی ئیمپراتۆری عوسمانی لە میسر لە نێوان ساڵانی ١٨٠١ تا ١٨٠٥”. محەممەد عەبدولعەتا ٢٠٢٣
٥٠. “سەردەمی محەمەد عەلی”. عەبدولڕەحمان ڕافیعی. بڵاوکراوەی ناوەندی گشتی کتێبخانەی میسر، قاهیرە ٢٠٠٠
٥١.” فەتحکەری قارەمان ئیبراهیم پاشا و داگیرکردنی سوریا لەلایەن ئەوەوە لە ساڵی ١٨٣٢. داود بەراکات ١٨٩٩
٥٢. “سەرچاوەی مێژوویی میسری ئیسلامی لە سەردەمی ئەیوبییەکاندا”. ئەحمەد فواد سەید
بڵاوکەراوەی دار النهضة عەڕەبی. قاهیرە ١٩٩٩
٥٣. “دۆخی سوریا پێش جەنگە خاچپەرستەکان و لە کاتی جەنگی خاچپەرستان(سەردەمی زەنگی و سەلاحەدین ئەیوبی ١١٨٧-١٠٩٤ز).
ئومەی غازی
گۆڤاری ئەلبەعس، زنجیرە زانستە مێژوویی و جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکان. بڵاوکراوەی زانکۆی ئەلبەعسی سوریا، بەرگی ٤٥، ژمارە ١٠ لاپەڕەی ٤٩ تا ٨٤