بەگشتی حوکمڕانی کورد بەسەر میسردا بە سێ قۆناغی میژوویی دا تێپەڕ بووە، لە سەردەمی فیرعەونەکانەوە بگرە تا دەگاتە سەردەمی ئیسلام و میسری نوێ. واتا کوردەکان لە سەردەمی هێکسۆس هۆرییەکان و میتانییەکانەوە تا سەردەمی ئەیوبییەکان بە سەرکردایەتی پاشا سەلاحەدینی ئەیوبی ڕەوادی و دواتر سەردەمی پاشایەتی محەممەد عەلی پاشاو بنەماڵەکەی کە بە باوکی میسری نوێ ناسراوە، حوکمڕانی میسریان کردووە.
سەرەتا با بزانین هیکسۆس هۆرییەکان کێن و بۆچی لە سەت ساڵی دوایی دا واتا لە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەسازی و سەردەمی مۆدێڕن زوڵمیان لە مێژووی کورد کردووە و بە گشتی لەهەموو شوێنێک و لە هەموو لایەکەوە پەلاماری میژووی پڕشنگداری کوردیان داوەو بە ڕق و کینەوە شێوێندراوە و دزیویانە و هێندێک جاریش لەناویان بردووە و وڵاتی کوردیان پارچە پارچە کردووە. هێکسوس، هۆرییەکان بە تایبەتی ئەو مێژووە گرینگەی میللەتی کوردە کە تووشی چارەنووسی لەم شێوەیە بۆتەوە، کە بە هۆکاری سیاسی و ڕەگەزپەرەستی شێوێندراوە و تووشی چەواشەکاری بۆتەوە و تەنانەت بە عەڕەب کراوە. لە حاڵێکدا هێکسوس هۆرییەکان خەڵکی ڕەسەنی زاگرۆس بوونە. بەداخەوە کورد خۆی بەرامبەر مێژووی وڵاتەکەی کەم تەرخەم و ئیهمالەو نایەوێ لێی تێبگات. هەر بۆیە ئاشنایەتی لەگەڵ مێژووی هێکسوس هۆرییەکان دا نییەو ڕەنگه باوەڕ نەکەن و پێیان سەیر بێت کە ئەژدادی کورد هەزاران ساڵ پێش توانیویانە بچنە سەر دەسەڵاتی میسر و بۆ ماوەیەکی زۆر ببنە فیرعەونی میسر و لە دوو زنجیرە شانشین بەدوای یەکدا حوکمڕانی میسری فیرعەونیان کردووە.
بەداخەوە ئێمە لەگەڵ شاڵاوێکی سەت ساڵەی چەواشەکاری و تەزویر و جەهلی مێژوو لەلایەن و ڵاتانی نوێ و تازە دامەزراوی تورک و فارس و عەڕەبەوە بەرەوڕوو بووینەتەوە. تەنانەت زۆر لە ڕۆژئاواییەکانیش بەهەمان شێوە درحەق بە کورد ناجوامێرانە کاریان کردووە و مێژوویەکیان بۆ کورد نووسیوە کە له زاری داگیرکەران و دوژمنانی کوردەوە بیستوویانە. جا ئەو درۆو چەواشەکارییە دەرخواردی نەوەی نوێ دراوەو نەوەو بە نەوەو نەسڵ بە نهسڵ تا ئێرەکانە هاتووە و گەیشتۆتە سەردەمی ئێمە. تەنانەت بەشێکی ئێجگار زۆری کورد چووەته سەر ئەو باوەڕە کە دوژمنان و ناحەزان و نەزانەکان بۆیان داڕشتووین و ئاراستەیان کردووین. بۆیە دەبینین کە بەداخەوە وەکوو تاک و کۆ کورد خۆی لەبەر چاوی کەوتووە و خۆی به کەم سەیر دەکات. بەجۆرێک کە کاتێک کوردێک دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ فارسێک یاخود تورکێک یا عەڕەبێک ترس دایدەگرێت و خۆی بە کەم دەبینێت و ناتوانێت بەرەنگاری و بەرگری لە شوناسەکەی وەکوو کورد بکات. بەداخەوە کێشەی هەرە گەورەی ئێمەی کورد ئەوەیە کە ناخوێنینەوەو خۆمان پێ ناگەیێنین. لێرەدا وتەیەکی بە نرخی سەرکردەیەکی ناوداری کورد دوکتور “قاسملو”م کەوتەوە بیر کە لە شوێنێکدا دەڵێت: گەلێک مێژووی خۆی لە بیر بکات داهاتووی خۆی دەڕوخێنێت! بۆ ماوەی ساڵیانێکی زۆر هێندێک گرووپی سیاسی فەرهەنگی میسری و غەیری میسری بە ڕێگای جۆراوجۆرەوە حەولی چەواشەکردنی مێژووی هێکسۆس هۆرییەکانی زاگرۆسیان داوە. ئەوان بە گشتی هێندێکجار بە خراپەکار و خوێنڕێژ و بێ بەزەیی و وەحشی ناویان بردوون کە گۆیا میسریان بە زۆر داگیر کردووەو زوڵمیان لە خەڵکەکەی کردووە و ئەوانیان چەوساندۆتەوە. هێندێک جاریش بوونی هۆرییه کوردەکان ئینکار دەکەن و چاوپۆشی لەو دەورە دەکەن کە ئەژدادی کوردانی ئیمڕۆن و دوو دەور فیرعەونی میسر بوونە. لەڕاستی دا هیچ کەس ناتوانێت کە چاوپۆشی لەوە بکات کە شوێن و وڵاتی هۆرییەکان، زاگرۆس و شاخەکانی کوردستان بووە، کە هەزاران ساڵ پێش زایین لە کوردستان ژیاون و خەڵکی ڕەسەنی وڵاتی کوردان بوونه. لەم قۆناغەدا بەشێکی زۆر لە هۆرییەکان لە کاتێکدا کە تووشی زەخت و گوشار دەبنەوە لە لایەن کوردانی هیتی و قەومی ئەکەدی و ئاشورییەوە، ئیتر وردە وردە کۆچ دەکەن بەرەو باشوور و ناوچەکانی فەلەستین و میسر. مانای ناوی هێکسوس واتا حوکمڕانە ناوچەییەکان یا پاشا ناوچەییەکان یاخود فیدڕاسیۆنی حاکمان و پاشای ناوچەکان یا پاشا شوانکارەکان. بەشێکی زۆر لەوان لەفەلەستین و لە شاری “سارۆکین” نیشتەجێ بوون و دواتر بەرەو میسر و شاری “ئاواریس” له پەراوێزی ڕووباری نیل (تل الدبعە لە کۆما/پارێزگای شارکییە) نیشتەجێ بوون و دواتر بە بێ خوێن ڕشتن میسریان داگیر کردووە و ناوەندی دەسەڵاتیان لەوێ بنیات ناوە. هۆکاری ئەوەیکە هێکسوس هورییەکان توانیان بەبێ خوێن ڕشتن و شەڕی قورس میسر داگیر بکەن، دوو هۆکاری هەبووە:
یەکەم: ئەوەیکە دەسەڵاتی فیرعەون له دەورانی زنجیرەی سێزدەهەم دا زۆر لاواز بووە .
دووەم: ئەوەی کە هێکسوسەکان زۆ زیرەکانە توانیان لە داب و نەریت و فەرهەنگی میسرییەکان نیزێک و تێکەڵاو ببن و ڕێزو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خوداکانی میسر زۆر باش و لێزانانە بووەو بەم شێوەیە ڕخنەی باشیان کردۆتە نێو فەرهەنگی کۆمەڵگاو دەسەڵات و متمانەی خەڵکیان بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە. کوردانی هێکسۆس هۆری توانیان زنجیرەی شانشینی پازدەهەمی میسر دابمەزرێنن کە زنجیرەی پازدەهەمی میسر زۆر بەهێزو بە توانا و پێشکەتوو بووە، هەر بۆیە بە “هێکسۆسی مەزن” ناسراوە و شاری “ئاواریس”ـیان کردووە بە ناوەندی دەسەڵاتی خۆیان. دواتر زنجیرە شانشینی شازدەهەمیان دامەزراندووە کە بە هۆی لاوازی بەرامبەر زنجیرەی پازدەهەم بە “هێکسۆسی بچوک” ناوزەد کراوە. زنجیرەی چاردەهەم وەک باس دەکرێت هاوکات بووە لەگەڵ دەسەڵات گرتنی هۆرییەکان کە گۆیا ڕیشەی کەنعانیان هەبووەو کە دواتر لەکەڵ گرتنه دەستی دەسەڵات لەلایەن هێکسۆسەکانەوە لەناو دەچن و شانشینی پازدەهەم لەسەر دەستی کوردانی هۆری بونیات دەنرێت و تا سەرەتای شانشینی حەڤدەهەم درێژەی دەبێت. یەکەم پاشای هێکسۆس ناوی “ساڵتیش” بووە. ئەو پاشایەی کە ناوی لەسەر پولە قوڕینەکان و بەردەنووس و کەتیبەکانی میسر بە “شیشی” هاتووە کە لە ناوچەی “کارما” دۆزراوەتەوە. لەڕاستی دا هێکسۆسەکان وردە وردە نە بە یەکجار چوونەتە نێو میسر و زۆرترین و بەرفراوانترین کۆچی ئەوان لە سەردەمی ڕووخانی زنجیرەی سێزدەهەم واتا دەورانی فیرعەونەکانی نێوەڕاست لەنێوان ٢٠٤٠ تا ١٧٨٢ی پێش زایین بووە، دواتر زۆر چالاکانەو زیرەکانە بەشداری ژیانی سیاسی بوونە.
ئەوکات یا ئەو سەردەم دوو پاشایەتی فەراعەنە هەبوون کە یەکیان لە باکوور لە پەراوێزی ڕووباری نیل و ئەویتریان لە باشوور بووە. هێکسۆس هۆرییە کوردەکانی زاگرۆس لە سەدەکانی نێوان هەژدەوحەڤدە تا پازدەی پێش زایین لانیکەم دووسەت ساڵ حوکمڕانی میسری فیرعەونی بوونە. یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی سەرکەوتن و باڵادەست بوونی هۆرییەکان بەسەر فیرعەونەکانی میسردا داهێنان و کەڵک وەرگرتن لە عاڕەبە و کالسکەی شەڕو ئەسپ بوو کە پێشتر میسرییەکان هەرگیز ئەو چەکە پێشکەوتوویەیان نەبوو و نەیاندەزانی بۆ شەڕ کەڵک لە عاڕەبە و ئەسپ وەرگرتن. جگە لەوە هێکسۆسەکان توانای داهێنانیان باش بووە و بە کەڵک وەرگرتن لە شمشێر و خەنجەرو ڕمی قایم و نوێ و هەروەها تیرو کەوانی پێشکەوتوو کە لە مەودایەکی دوورەوە دەیتوانی دوژمن بپێکێت توانیان زۆر ئاسان بەسەر فیرعەونەکانی میسردا سەرکەون. بە حوکمی ئەوەیکە هێکسۆس هۆرییەکان خەڵکانی شاخ و چیای کوردستان بوون و جەنگاوەرێکی لێهاتوو و هەڵسووڕ بوونە هەمیشە خاڵی ستڕاتیژی و قایم و پتەویان دەست نیشان دەکرد و لێی دادەمەزران، کە میسرییەکان بە ئاسانی دەستیان وێڕانەدەگەیشت. جودا لەمەش ئەوکات دەسەڵاتی میسری فیرعەونی تووشی بشێوی و هاڵۆزی ببوویەوە. پاشاکانی هێکسۆس هۆری دوای داگیرکردن و چوونە سەر دەسەڵاتی میسری فیرعەونی بەشێوەی خۆیان کە فێری پاشایەتی ناوچەیی ببوون بە شێوەی فیدڕاسیۆن دەسەڵات و وڵاتیان بەڕێوە دەبرد. ئەوان هەم فەرهەنگ و داب و نەریتی زاگرۆسی خۆیان پاراست و هەم لەنێو فەرهەنگ و نەریتی میسرییەکاندا قاڵ بوونەوەو دڵی خەڵکەکەیان ڕاگرت. ئێمە دەتوانین ئەو فەرهەنگە تێکەڵاوە له کۆشک و قەڵاو بیناو نووسراوەکانی بە تایبەت “تل آل یهود”دا ببینین. هەروەها فیرعەونە هۆرییەکان خەتی نووسینی هیرۆگلیفی میسر و نازناوی پاشایەتی میسریشیان بۆ خۆیان قەبوڵ کرد .
زۆرێک لە مێژووناسانی میسر لەسەر ئەو باوەڕەن کە شارستانییەت و مێژووی میسر لە کاتی دوازدە زنجیرە پاشایەتی یەکەمی فیرعەونەکان بە لوتف و بە دەستی خەڵکانی کۆچەری سۆمەری لە ناوچەکانی نێوان دوو ڕووبار یا مێزوپۆتامیا هاتۆتە کایەوە. ئەوان بیرو ڕای خۆیان لەسەر ئەساسی لێکۆڵینەوە و دەرئەنجامی کنەوپشکنینی زانایانی بواری مێژوو لەسەر کەلە سەری فیرعەونەکانی زنجیرەی یەکەمی پاشایەتی میسر ئەنجام داوە. کە لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا بۆیان دەرکەوتووە کە جیلی دەسەڵاتداری میسر واتا فیرعەونەکان لە ڕەچەڵەک و نەژادی خەڵکانی هێندو ئەورووپی ناوچەی دیجلەو فوڕات و مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس بوونە. لە حاڵێکدا پشکنینی کەلە سەری قشری کۆیلە و خزمەتکارەکانی میسر ئەوەی دەرخستووە کە ئەوان بە پێچەوانەی فیرعەونەکان خەڵکی ڕش پێستی ئەفریقا بوونە. ئەو لێکۆڵینەوانە جودا لەوەن کە مەسەلەی زمانەوانیش بەرچاوە و نێوی شەش فیرعەونی میسر کوردی بووە و بۆماوەیەکی زۆر حوکمڕانیان کردووە و زنجیرەی پازدەهەمی پاشایەتی میسریان بوونیاد ناوە. کەوابوو ڕیشەی کورد لە میسر بۆ شانشینەکانی یەکەمیش دەگەڕێتەوە.
جیا لە بەشداری بەرچاوو چالاک و پۆزەتیڤی کوردەکانی هۆری هێکسۆس و میتانییەکان لە بونیادنانی شارستانییەتی میسری فیرعەونی و هێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی وەکوو عاڕەبە و ئەسپی شەڕ و ڕم و تیرو کەوانی پێشکەوتوو و شێوەی نوێی کشت و کاڵ و ئاودێری و بەرهەم هێنانی کشتوکاڵی نوێ کە پێشتر میسرییەکان نەیاندەزانی. هەروەها کوردانی هۆری پێشتر ئاسنیان دۆزیبۆوە و بەکاریان دەهێنا کە میسرییەکان نەگەیشتبوونه ئەو دەستکەوتە گرینگە کە شۆڕشێکی نوێی له مێژووی مرۆڤایەتی دا درووست کرد. بۆیە لەکاتی شەڕ و بەرەنگاری ئیمپڕاتۆری میتانی لەگەڵ میسرییەکان کەرستەی شەڕی میسری بەرگەی کەرەستەکانی میتانی نەدەگرت و زوو دەشکان. کوردانی میتانی یەکەم کەس بوون کەدوای سێ هاوسەرگیری سەرەکی شازادەکانی میتانی لەگەڵ فیرعەونەکانی میسر کە بە ناوبانگترینیان شازادە “تاتوهیپا/تاتیهیڤا” ناسراو بە نێفرتیتی بوو کە ئایینی خۆرپەرەستی هۆری بە میسر ناساندووە و دواتر میسرییەکان هاتنە سەر ئایینی “هۆری/خۆری” کوردی. دەستپێکی ئاشتی میتانی و میسر لە دوای مەرگی ڕێبەر و سەکردەی بەهێزی سەربازی میتانی بەنێوی “ئۆساداتاڕ” لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی ئاشوورییەکان بووە هۆی ئەوەی کە میتانیەکان پەیمان ئاشتی لەگەڵ میسرییەکان ببەستن کە پێشتر بەردەوام لە جەنگ دابوون. ئەو جەنگانە دوای فراوانبوونی خاکی ژێر دەسەڵاتی میتانییەکان بۆ کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست بوو کە لە باشوورەوە هاوسنوور بوون لەگەڵ میسر و شەڕ لە نێوان ئەم دوو شارستانییەتە ڕوویدا. لە سنووری سوریاو میسر، ململانێی نێوان میسر و میتانی بۆ چەند نەوەیەک بەردەوام بوو تا پەیمانی ئاشتی لەنێوان ئامونهۆتپی سێیەم و پاشا شوتەرنای دووهەمدا ئەنجامدراو لە کۆتاییدا سنووری نێوان ئەم دوو ئیمپراتۆرییە کەوتە نزیک سنووری نێوان سوریا و لوبنانی ئیمڕۆ. ئەو ڕێکەوتنە دواتر گەیشتە لوتکەی خۆی و بوو بە هۆی ئەوەیکە فیرعەونەکانی میسر لەگەڵ میتانییەکان خزمایەتی بەردەوام بکەن. بەلای فیرعەونەکان گرینگ بوو کە هاوسەرگیری لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس بکەن، چۆن پێیان وابووە ئەوان خەڵکێکن لە ڕەگەزی خوداکان و جیاوازن لەگەڵ خەڵکی ڕەش و ڕووتی ناوچەی خۆیان، واتا ئەوانیان بۆ خۆیان بە گونجاوتر دەزانی. ناوەندی دەسەڵاتی میتانییەکان شاری “وەشوکانی/ سەریکانی” بووە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٥٠٠ بۆ ١٢٥٠ی پێش زایین. جێگای ئاماژەیە کە ناوی یەکەم پاشای میتانی “کێرتا/کورتی” بووە کە یەکێکە لە ناوەکانی کورد لە ڕووی ئاخاوتنەوە، وەکوو کوردۆویچ، گوردیەن، کاردۆ،کاردۆخ،کاردا،قاردو،قیرتی،کیرتی،گورد،گوتی و هیتد…
بە گشتی سێ شازادەی کوردانی میتانی لەگەڵ فیرعەونەکانی میسر هاوسەرگیریان کردووە کە بریتین لە:-
یەکەم: کچی پاشا شەوشتاری یەکەم کە هاوسەرگیری لەگەڵ فیرعەون ئەمون هۆتپی دووەم کردووە.
دووەم: کچی پاشا شوتەرنای دووەم بە ناوی “کێلۆ هێب” هاوسەرگیری لەگەڵ ئەمون هۆتپی سێیەم کردووە. ئەو شازادەیە لەگەڵ ٣١٧ قەرەواش و نۆکەر بەرەو میسر بەڕێ کراوە، بۆ درێژەدان بە هاوپەیمانەتی وڵاتەکەی لەگەڵ میسرییەکان. دواتر فێرعەونی ناودار ئامون هۆتپی چوارەم کە بە ئەخناتون ناسراوە لەم شازادەی میتانییە لەدایک بووە.
سێیەم: “تاتیهیڤا/تاتوهیپا” کە نازناوی نەفەرتای یان نفرتیتی لێنراوە، کچی پاشا “تۆشراتا/توشتڕاتا” بووە. توشراتا کوڕی ئارتشومێرا، کوڕی شوتەرنا بوو، کە باوکی بە پیلانی کوردە هیتیەکان کوژرا و جێگەی خۆی لە تەختی پاشایەتیدا گرتەوە، بۆ درێژەدان بە خزمایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ میسر، توشڕاتا کچەکەی لەگەڵ ئەمون هۆتپی چوارەم واتا ئەخنئاتۆن هاوسەرگیری کردووە. نەفەرتای یان نێفرتیتی یان تاتیهیوا (دادە هیوا/هێڤی)ی میتانی بە جوانترین شاژنی میسر و مێژوو ناسراوە. جێگای ئاماژەیە کە شاژن تاتیهیڤا کاریگەرییەکی ئێجگار بەرچاوی بەسەر میسر و دەسەڵاتدا هەبووە و ئاڵوگۆڕی بەرچاوی لە فەرهەنگی کۆمەڵگای میسر به تایبەت دەسەڵاتداران دا هەبووە. هەروەها کاریگەری تاتیهێڤی لەسەر ئەخناتۆن بۆتە هۆکاری ئەوەی کە بۆ یەکەمجار فیرعەونی میسر واتا ئەخناتۆن ئایینی خۆری کوردانی هۆری بکات بە خودای سەرەکی میسر و ئیتر میسرییەکان دەستیان کرد بە پەرستنی خودای کوردانی هوری میتانی. هۆرییەکان لە سەردەمی خزمایەتی لەگەڵ فیرعەونەکانی میسر هەژمونی سیاسی و فەرهەنگی بەرچاویان بەسەر میسردا هەبووە کە بەرچاوترینیان لەسەردەمی شاژنی ناودار و مەلەکەی دەسەڵاتداری میسر و هاوسەری ئەخناتۆن واتا دادێ هێڤی/تاتیخیپا یا بە زمانی میسری نێفرتیتی بە مانای ژنە جوانەکە بووە . هێندێک لە مێژوونووسانی سەدەی بیستەمی زایین تا ڕادەیەک لەبارەی هێکسۆس هۆرییەکاندا بە ئینسافەوە نووسیویانەو باسیان لەوە کردووە کە لە کاتی گواستنەوەی دەسەڵات لە میسری فیرعەونی دا بۆ زنجیرە پاشایەتی هێکسۆسەکان خوێنڕێژی نەکراوە و حکومەتی ئەوان تووشی بشێوی و بێ سەرەوبەری بووە، بۆیە لەبەرامبەردا دەسەڵات بە ئارامی و بە شێوەیەکی ئاشتیانە گواستراوەتەوەو هۆرییەکان چوونەتە سەر تەختی دەسەڵات. کاریگەری دەسەڵاتی کوردە هۆرییەکان تا ڕادەیەک بووە کە تا ئێبیدۆس واتا ڕۆژئاوای پارێزگای سوهاکی ئیمڕۆ و ناوچەی میسری سەروو بۆ باشور درێژەی هەبووە.
کاتێک کە ناوەندی دەسەڵاتی هێکسۆسەکان لە شاری ئاواریس بوونیاد نرا، ئەوان هەموو حەولی خۆیاندا تا وڵاتی نوێی خۆیان واتا میسر لە ڕێگای بازرگانی و توجاڕەتەوە بەرەو پێش ببەن، کە لە سەردەمی زنجیرەی سێزدەهەمی پاشایەتی میسر دا لاواز ببوو. هێکسۆسەکان زۆر بە جوانی و سیاسیانە داب و نەریتی و فەرهەنگ و جل و بەرگی میسرییەکانیان وێڕای پاراستنی فەرهەنگی خۆیان بەکار هێناو ئاوێتەی ژیانی خۆیان کرد، تا بەمشێوەیە خەڵکی میسر بەرامبەریان نەوەستنەوە. دوای تێپەڕبوونی دووسەت ساڵ حوکمڕانی هۆرییەکان بە سەر میسردا وردە وردە پاشایەتی باشور واتا تەبەس و نوبی و خەڵکەکەیان بەهۆی ماڵیات و باجی زۆرەوە بەفکری هەڵگەڕانەوه لە هێکسۆسەکان لە باکور بوون. بۆیە بە هێواشی خۆیان ڕێکخست تا پاشایەتی باکورو خاکە بە پیتەکەی لە دەست هۆرییەکان کە بێگانە بوون دەربهێننەوە. هێکسۆس هۆرییەکان بێگانە و داگیرکەری وڵاتەکەیان بوون و هەژمۆنیان بەسەر وڵاتدا کردبوو، هەر بۆیە کە حاکمانی “تەبەس” خۆیان بەهێز کرد و توانیان قودرەت بگرن، خێرا بە فەرماندەیی شا “کامۆس” و شا “تائۆی دووهەم”دەستیان کرد بە جەنگێکی بەربڵاو دژی هێکسۆسەکان کە ئەو شەڕە سی ساڵ درێژەی کێشاو لە کۆتایی دا پاشا “ئەحموسی یەکەم” توانی کۆتایی بە حوکمڕانی هێکسۆسەکان لەو ناوچەیە بێنێت و ناوەندی دەسەڵاتیان واتا شاری ئاواریس کۆنتڕۆڵ بکات. دوای هێکسۆسەکان ئەحموسی یەکەم دامەزرێنەری شانشینی هەژدەیەم بوو. ئەحمۆس کوڕی تائۆی دووەم و برای کامۆس بوو کە لە نێوان ساڵانی ١٥٥٠ یا ١٥٥٥ بۆ ١٥٢٥ی پێش زایین حوکمڕانی کرد.
بەردەنووسەکانی گۆڕی “ئەحموسی یەکەم” لە دیر البحری لە ڕۆژئاوای ڕووباری نیل یا شاری مێژوویی تەبەس، ئەوە نیشان دەدات کە دوو جەنگە له شاری ئاواریس پێتەختی هێکسۆس هۆرییەکان ڕوویداوە تا ئەوەیکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە و هێکسۆسەکان بە یەکجاری دەسەڵاتیان لە میسر له دست داوە. بە پێی هێندێک نووسراوە کە لە نێو گۆڕی جەنگاوەرێکی میسری بە نێوی “ئەحموس بن عێبانا” دۆزراوەتەوە، ئەوە دەردەخات کە خەڵکێکی زۆر و بەرچاو لە هێکسۆس هۆرییەکان توانیویانە بە سەلامەت لە جەنگ دەرباز ببن و بەرەو شاری “شاروهین” لە باشووری فەلەستین کۆچ بکەن و لێی نیشتەجێ بوونە. هەمان ئەو شارەی کە پێشتر لەوێوه چووبوونە میسر. هەروەها بە پێی ئەو نووسینانەی کە مێژوونووسی جوولەکە “جۆزێفوس” باسی دەکات، کە لە زاری مێژوونووسی میسری کۆن واتا “مانیتۆ/مانیدۆ یا مانتۆن” وەریگرتووە ئەڵێ کەدوای ڕێکەوتنێک لە نێوان هێکسۆسەکان لەگەل پاشا “ئەحموسی یەکەم”، هێکسۆس هۆرییەکان وێڕای بنەمالەو ماڵ و سامانیان میسریان بە جێ هێشتووە. ئەوان دوو سەت و چل هەزار کەس بوونە کە بە سەحراو بێئاوان دا تێپەڕیون و بەرەو باشووری فەلەستین واتا شاری شاروکین یا ساروکین و بۆ جارێکی تر لەوێدا نیشتەجێ بوونەتەوە. “جۆزیفۆس” تەنانەت حەولی داوە کە دەرکردن و کۆچی هێکسۆس هۆرییەکان پێوەند بدات بە ڕاکردن و کۆچی جولەکەکان لەژێر کۆیلایەتی میسرییەکان، بەڵام لێکۆلەران و پسپۆڕانی مێژوو لەسەر ئەو باوەڕەن کە ناوبراو بە ئەنقەست یاخود لە ڕووی نەزانی و نائاگاهی دەستی بۆ ئەو کارە بردووە. چۆن لە نێوان میژووی شکست و دەرکرانی هێکسۆسەکان لە میسر و گێڕانەوەو ڕیوایەتی مێژوویی تەوڕات لەبارەی جولەکەکانی میسر کە وەکوو کۆیلە بەندیان کردبوون و بێگاریان پێ دەکردن مەودایەکی زۆر هەیە. شکستی هێکسۆسەکان و دەرکردنیان له میسر سەتان ساڵ بەر لە دەرکردن یاخود ڕاکردنی جوولەکەکان له میسر ڕوویداوە، مەگەر ئەوەیکە جوولەکەکان بە هێکسۆس هۆری و لە نەژادی کورد بزانین !
سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی پاشاکانی کوردانی هیکسۆس هۆری لە میسر “گەیشتووەتە ٨١ پاشا. مێژوونووس و قەشە بەناوبانگەکەی میسری” مانتۆ وشەی “هیکسۆس”ی بۆ ئەو بێگانانە بەکارهێناوە کە گەیشتوونەتە خاکی میسر. مانتۆن لەم بارەیەوە نووسیویەتی؛ “تووڕەیی خودا بەسەرماندا هات.” نازانم بۆچی و لەناکاو ئەو خەڵکەی کە لە ڕەگەزێکی نادیارەوە هاتبوون و لە ڕۆژهەڵاتەوە(مەبەست ناوچەی میزۆپۆتامیاو زاگرۆسە) هاتبوون و وڵاتەکەمانیان داگیرکرد و بەبێ سەختی و بەبێ شەڕ هەموویان داگیرکرد” هەموو ئەم خەڵکە پێیان دەگوترا (هیکسۆس) و ماناکەی پاشا شوانەکان بوو، چونکە “هیک یا هیس” بە زمانی پیرۆز بە واتای پاشا دێت و سوس بە زمانی هاوبەشی خەڵک بە واتای شوان دێت، کە بە تێکەڵکردنی ئەم دوو وشەیە، هیکسۆس دروست دەبێت بە زمانی میسری کۆن واتا ئەو شوانانەی بوون بە پاشا، پاشا شوانەکان یاخود پاشا شوانکارەکان. ناوبراو پاشاکانی میسری لە سەردەمی هیکسۆسدا دابەش کردووە بەسەر سێ بنەماڵەدا کە لە زنجیرە شانشینی پازدەهەمەوە کە لە نۆ پاشا پێکهاتبوو و یەکەم پاشا ناوی “سالیتیس” بووە دەست پێدەکات تا دەگاتە زنجیرەی پاشایەتی شازدەهەم کە ژمارەیان سی و دوو کەس بووە تا سەرەتاکانی زنجیره پاشایەتی حەڤدەهەم کە ئەوانیش بریتی بوونە لە چل و سی پاشا.
ناوبراو دەڵێ دوو پاشای هێکسۆس ناسناوی “ئاپۆفیس”یان لێنراوە. مەبەستیان لە ئاپۆفیس ئەوە بووە کە ئەو دوو پاشایەتی هێندە بەهێزو زاڵم بوونە کە ڕۆژگاری میسریان تاریک کردووەو پێشی تیش و ڕوناکی خۆری میسریان گرتووە. جێگای ئاماژەیە کە بەهێزترین و گرینگترین پاشاکانی هیکسۆس، پاشا “خیان”ـه. ناوبراو لەو کەسانە بوو کە لە لیستی مانتۆدا ناوی بە “گۆڕانخواز و دەنگدەری ڕاستەقینە” هاتووە و چەندین نیشانەی بۆ دۆزراوەتەوە. جگە لەوەش سەرۆکی بەهێزی سوپا بووە و بە کوڕی خۆر و خودای باش ناسراوە. پێشتر ئاماژەمان پێکرد کە شانشینی پازدەهەمی میسر یەکەمین شانشینی هیکسۆسەکان بووە لە میسر، کە لەلایەن پاشا سالیتیسەوە دامەزراوە و نزیکەی سەت ساڵ واتا لە ١٦٥٠ بۆ ١٥٥٠ یا ١٥٠٠ پێش زایین، لە شاری ئاواریسەوە حوکمڕانیان کردووە. لەڕووی ڕێکەوتی پاشاکانی هیکسۆس ڕای جیاواز هەیە، بە گشتی بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان ژمارەی پاشاکانی شانشینی پازدەهەم گەیشتووەتە نۆ پاشا کە بریتین لە:-
١. شا سالیتیس ٢. شا سەمقان ٣. شا ئیپیرانات ٤. شا ساکرهەر ٥. شا خیان ٦. شا یاناسی ٧. شا ئاپۆفیسی یەکەم ٨. شا ئاپۆفیسی دووهەم ٩. شا خمودی.
تێبینی: جیا لە هەژمۆنی و دەسەڵاتی کوردانی هۆری هێکسوس و میتانی بەسەر میسردا، کوردەکان لە سەردەمی حوکمڕانی ئیمپڕاتۆری پاڕسوماد ٥٥٠ تا ٣٣٠ پێش زایین(کوردانی پاڕس و پاڵەو مادی بچوک) کە میسر له سەردەمی شانشینی بیست و حەوت و سی و یەک، هەروەها لە سەردەمی ئیمپڕاتۆری کوردی ساسانی (٦٥٠ تا ٢٢٥ی زایینی) میسر لە ساڵی ۶۱۸ تا ۶۲۸ی زایینی لەژێر حوکم و هەژمۆن و باج و خەراج و ماڵیاتی کوردانی پاڕسوماد و ساسانی دا بووە.
“دووەم سەردەمی حوکمڕانی کورد لە میسر؛ داگیرکردنەوەی میسر بە دەستی کوردانی ئەیوبی بووە”
دوای بە دوای شکست و کۆچی زۆرەملێی هیکسۆس هۆرییەکان لە میسر کە دوو سەت ساڵ حوکمڕانیان کرد و گۆڕانکاری ئێجگار بەرچاویان لە میسری فیرعەونی پێکهێنا، بۆ جارێکی دیکه کوردەکان دوای تێپەڕبوونی سەتان ساڵ گەڕانەوە میسر. کە ئەمجارەیان کوردانی ئەیوبی بە سەرکردایەتی سەرکردەی مەزن شا سەلاحەدینی ئەیوبی هاتنە سەر تەختی دەسەڵاتی میسر. سەلاحەدین لە خێزانێکی کوردی سەر بە یەکێک لە ھۆزە کوردییە ناودارەکان بە نێوی ڕەوادی لەدایک بووە. ڕەوادییەکان و شەدادیەکان وەچەی کوردانێ هەزەبانی هۆرین کە بۆ ماوەی سەتان ساڵ حوکمڕانی وڵاتانی بەناو ئازەربایجان، ئەرمێنیا، پارێزگاکانی ئیمڕۆی وڵاتی بەناو ئێران واتا پارێزگاکانی تاوڕێژ، زەنجان، ئەردەبێڵ، قەزوین، ئورمیە و هیتد، تا سنووری جۆریا بوونە. شوێنی نیشتەجێبوونی ھۆزی ڕەوادییش لە نزیک شارۆچکەی دوین لە ئەرمێنیای ئێستا بووە. ئەییووبییەکان دەگەڕێنەوە سەر ئەیووبی کوڕی شادی لە هۆزی ڕەوادی یا ڕەوەندی. شادی یا شازی باپیرە گەورەی سەلاحەددین ھەندێک پۆستی کارگێڕیی لە قەڵای تکریت لە باشووری کوردستاندا پێ سپێردرا، کە لەو کاتەدا موڵکی بێهروز خزمەتکاری سوڵتانی سەلجوقی محەممەدی کوڕی مەلیکشا بوو. شادی لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا واتا “نەجمەدین ئەیوب و ئەسەدەدین شێرکۆ”، ماڵی هاتووە بۆ ئەوێ و پلە بە پلە لە کارە حکومەتییەکاندا سەرکەوت تا پۆستی بەرپرسی شاری وەرگرت. کاتێک کۆچی دوایی کرد نەجمەدین ئەیوب بوو بە جێنشینی و بەھۆی جوامێری و دەستپاکییەوە سوڵتانی سەلجوقی قەڵای تکریتی پێ ئەسپارد و ئەویش بە باشترین شێوە بەڕێوەی برد. ھەروەها ئەسەدەدین شێرکۆی مامی سەلاحەدین لە ڕیزی پێشەوەی ئەمیرەکانی سەلجوقی دا بووەو لە تکریت و دەوروبەریدا ناوچەیەکی بەرفراوانیان بۆ تەرخان کردبوو و دەسەڵاتی بەرچاوی هەبوو. پاشا سەلاحەدین لە ساڵی ١١٣٦ی زاییی لە تکریت لەدایک بووەو ساڵی ١١٩٣ بە هۆی نەخۆشییەوه له تەمەنی ٥٧ ساڵیدا له شامی کوردان لە شاری دیمەشق کۆچێ دوایی کردووە. ڕۆژی لەدایکبوونی سەلاحەدین ھاوکات بووە لەگەڵ ئەو ڕۆژەی کە موجاھیدەدین بێهروز، واڵی بەغدا، بەھۆی کوژرانی یەکێک لە فەرماندەکانی قەڵای تکریت لەلایەن شێرکۆی مامی سەلاحەدینەوە، فەرمانی دا بە نەجمەدین ئەیوب و ئەسەدەدین شێرکۆی برای کە تکریت بەجێ بهێڵن. بەوهۆیەوە تکریتیان بەرەو موسڵ بەجێ هێشت. ھەردوو برا، واتا نەجمەدین و ئەسەدەدین، لە موسڵ لەلایەن عیمادەدین زەنگییەوە پێشوازییان لێ کرا.
ئیتر لەوکاتەوە بوو کە بنەماڵەی ئەیوبی گەشەیان کرد و نەجمەدین و شێرکۆی برای بوونە یەکێک لە باشترین سەرکردەکانی “عیمادەدین زەنگی”. ماوەیەک دواتر عیمادەدین لە ساڵی ١١٤٦ کوژرا و “نورەدین زەنگی” کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەویش بە یارمەتیی ئەیوبییەکان توانی دیمەشق بهێنێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. سەلاحەدین دواتر لە دیمەشق جێگیر بوو و فێری زانستە ئیسلامیی و ئایینییەکان، ھونەری سوارچاکی، ڕاو، تیر ھاوێژی و پێداویستییەکانی تری پاڵەوانێتی و جەنگاوەری بوو. کاتێک نوورەدین زەنگی بەعلبەکی داگیر کرد، نەجمەدین ئەیوبی کرد بە واڵی ئەو ناوچەیە. دواتر نەجمەدین چوو بۆ دیمەشق و بەم شێوەیە سەلاحەددین تەمەنی مناڵیی لە بەعلەبەکدا بەسەر برد. لە سەرەتای تەمەنی گەنجێتیدا دەچێتە حەلەب و پەیوەندی بە ئەسعەدەدین شیرکۆی مامی دەکات کە یەکێک بووە لە پیاوەکانی نورەدین زەنگی سوڵتانی حەلەب و دیمەشق. دوای ماوەیەک نورەدین زەنگی سەلاحەدین لەگەڵ شیرکۆی مامی دەنێرێتە میسر بۆ پاراستنی میسر لەبەرامبەر هێرشی سوپای خاچ پەرەستان کە گەیشتبوونە دەروازەکانی قاهیرە. ئیتر شێرکۆ و سەلاحەدین بە سوپایەکی پۆشتەو ڕێک و پێک کە نزیکەی دە هەزار سەباز دەبێت بەرەو قاهیرە بەڕێ دەکەون و خاچ پەرەستان لە ترسان پاشەکشە دەکەن. دوای ئەو ڕوداوە قودرەت گرتنی ئەیوبییەکان دەست پێدەکات.
بەڵام هەروەک هەمیشە عەرەبە ڕەگەزپەرەست و شۆڤێنییەکان وێڕای تورکەکان و فارسەکان، بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵیانداوە کە شوناسی نەتەوەیی کورد لە ئەیوبیەکان بستێننەوە. عەڕەبەکان سەرچاوەی ئەوانیان بۆ “عەلی بن ئەحمەد ئەلمەری” گەڕاندەوە، بەڵام ئەیوبییەکان ئەو ڕەچەڵەک و نازناوەیان قبوڵ نەکردووەو بەڕاشکاوی ڕەتیان کردۆتەوە، بۆیە ئەمجارە ناچار بوون درۆیەکی تر ساز بکەن و وتیان: بنەچەی ئەیوبیەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بەنی ئومەیە، ئەیوب بن شادی (یان شازی) بن مەروان بن ئەلحەکیم بن عەبدولڕەحمان بن محەممەد بن عەبدوڵڵا بن محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن حەکیم بن هیشام بن عەبدولڕەحمان ئەلدەخیل بن مەعاویە بن هیشام بن عەبدولمەلیک بن مەروان دەگەڕێتەوە. کاتێک پاشا مەلیک عادڵی ئەیوبی ئەوەی بیست وتی: ئیسماعیل درۆ دەکات ئێمە بەهیچ شێوەیەک لە بەنی ئومەیە نین! تورکەکانیش ئەوان بە تورک ناو دەبەن و فارسەکانیش بە عەڕەب ناویان دێنن و زۆریان ڕق لە پاشا سەلاحەدینە چۆن دەوڵەتی شێعەی فاتیمی ڕووخاند. جا ئەو ڕق و کینەی کە ئەو بێ ڕەوشتانە لە گەلی کورد و باوباپیرانی ئێمەیان هەیە، هۆکارەکەی بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە بەرامبەر بە مێژووی کۆن و دێرینی گەلی کورد هەست بە کەمی و بچوکی و پوچی دەکەن. ئەوەیکە دانپێدانان بە بوونی کوردیش هەموو درۆو چەواشەکاری و چیرۆکی خەیاڵی جیهانی عەڕەبی و فارس و تورکی دەستکرد ڕەتدەکاتەوە کە هیچ بنەمایەکی زانستیان نییە.