ئێمیل دۆرکهایم و مۆدیڕنیزاسیۆن (Emile Durkheim, 1858-1917)
دۆرکهایم یەکێکترە لە بیرمەندانی تیوری کامڵبوون. دۆرکهایم لە ڕێگەی بیرۆکەی سۆلێدارێتیەوە بە بۆچوونەکانی مۆدێرنیتەوە گرێدەدرێت (Tucker, 2002). دۆرکهایم لە ژێر کاریگەریی بیرۆکەکانی ئۆگۆست کۆنتدا بوو. ئۆگۆست کۆنت زانستی کۆمەڵناسی و بایۆلۆژی بە دوو زانستی زۆر لە یەک نزیک دەزانی. بە پێی ئەم دوو زانستە، بۆ تێگەیشتن لە بەشێک لە کۆمەڵگا یان ئۆرگانی بوونەوەرێک یان بەشێک لە جەستە، دەبێ گشت جەستە، ئۆرگان یان کۆمەڵگا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئەم بیرۆکەیە کاریگەریی قوڵی لەسەر دۆرکهایم دروست کرد. دۆرکهایم وەک زۆرێک لە بیرمەندانی سەدەی نوزدەیەم، کۆمەڵگاکانی بەسەر دوو بەشدا دابەشکردووە، ئەگەرچی هەر یەک لەم بیرمەندانە، چەمکی جیاوازییان بۆ ئەم کۆمەڵگایانە بەکارهێناوە. دەکرێت بڵێین ئەم دووانەییە، کە دواجار لە ئەدەبیاتی مۆدێرنیتە و گەشەسەندندا لە ژێر ناونیشانی کۆمەڵگاکانی ‘دواکەوتوو-پێشکەوتوو’ یاخود ‘تەقلیدیی-مۆدێرن’ کۆتایی هات، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەدەبیاتی کۆمەڵناسی سەدەی نۆزدەیەم بووە. (ماکس ڤێبر، بە دابەشکردنی کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکان بەسەر سێ جۆری تەقلیدیی، کاریزمایی و ئەقڵانی ئەم ڕێچکەیەی تێکشکاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەکرێت، خەسڵەتی ئەم سێ جۆرە کۆمەڵگایانە تێکەڵ بکرێن یاخود، لە کۆمەڵگایەکدا هەر سێ جۆری خەسڵەتەکە لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بوونی هەبێت. هەروەها لە شەستەکانی سەدەی نۆزدەیەم گابریێل ئەڵموند دان بەوەدا دەنێت کە سەختە کۆمەڵگایەک بدۆزینەوە کە بە تەواوەتی مۆدێرن یان بە تەواوەتی تەقلیدیی بێت. لۆسیان پای (1976) باس لەوە دەکات کە لە خوێندنەوەی گەشەسەندندا پێوسیتە وەها هزر نەکەینەوە کە کەمبوونەوەی ڕۆڵی بەها تەقلیدییەکان دەبێتە هۆی هاتنەدی بەها مۆدێرنەکان، بەڵکو پێویستە بزانین کە چۆن تێکەڵێک لە بەها تەقلیدیی و مۆدێرنەکان دەبنە هۆی پێشکەوتنی نەتەوەیی (Jackson, 1966). بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بە سەرنجدان بە ئەدەبیاتی مۆدێرنیتە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی دەبینین کە ڕێچکەی سەدەی نوزدەیەم ڕێچکەی زاڵە بەسەر ئەم ئەدەبیاتەدا.)
سپێنسێر یەکێکیتر لەو بیرمەندانە بوو کە کاریگەریی بەسەر دۆرکهایمدا هەبووە، بە تایبەتیش لە بابەتی ‘دابەشکردنی کار’ و تیوریی کاملبوون (Fletcher in Spencer, 1972). ئەو لە پەرتووکە بەناوبانگەکەیدا ‘دابەشبوونی کار لە کۆمەڵگەدا’ (The Division of Labor in Society)، کە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٣ بڵاوکرایەوە، تیشک دەخاتەسەر گۆڕانی کۆمەڵایەتی؛ هەر بۆیەش زۆرتر تەرکیز لەسەر فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی دابەشکردنی کار و گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەکات. ئەگەرچی وەها هەژمار دەکرێت کە دۆرکهایم سەر بە ڕەوتی کامڵبوونە، بەڵام دۆرکهایم لە چوارچێوەیەکی کارکردگەراییەوە سەیری پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان دەکات، هەر بۆیەش لە یەکەم دێڕی یەکەم بەشی پەرتووکەکەیدا وشەی کارکرد (function) بەکاردێنێت و هەوڵدەدات لە نێوان سیستەم و ئۆرگانیزمەکاندا خوێندنەوەی بۆ کارکرد و ڕۆڵ بکات و لێکیان جیا بکاتەوە. لە لایەن دۆرکهایمەوە، دابەشکردنی کار تەنیا لە بواری ئابووریدا ڕوونادات، بەڵکو گشت کایەکانی کۆمەڵایەتی، زانستی، یاسا و تەنانەت جوانناسیش دەگرێتەوە. لەبارەی زانستەوە دۆرکهایم ئاماژە بەوە دەکات کە پێش سەدەی نۆزدەیەم بۆ توێژەرێک چەندین نازناوی وەک ئەستێرەناس و فیزیکدان وماتماتیکزان بەکاردەهات، تەنانەت ئەوان شاعیر و ئەدەبناسیش بوون، بەڵام لە دوای سەدەی نۆزدەیەمەوە زۆر ئەستەمە کە مرۆڤ بتوانێت بە تەواوەتی تەنانەت لە یەک لقی زانستدا پسپۆر بێت.
دۆرکهایم بۆ گرنگیدان بە دابەشبوونی کار، پشت بە دۆزینەوە بایۆلۆجییەکان دەبەستێت کە چۆن ئەو ئۆرگانیزمانەی کە زۆرترین دابەشکردنی کارکردەکانیان هەیە، لە ئۆرگانیزمەکانیتر کە کەمتر دابەشکردنی کار تێدا بوونی هەیە، پێشکەوتووترن. هەر بۆیەش بە بڕوای ئەو دابەشکردنی کار یاسایەکی سروشتییە کە تەنانەت پێش سەرهەڵدانی کۆمەڵگا مرۆییەکان بوونی هەبووە. ئەم یاسایە سروشتییە، کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە تاکەکان پێکەوە گرێدەدات؛ بنەمای سەرەکی نەزمی کۆمەڵایەتییە و حوکمڕانی بەسەر گشت جیهاندا دەکات. واتە ئەوەی کە دۆرکهایم لە دابەشکردنی کاردا زۆرتر جەختی لەسەر دەکاتەوە، هێنانەدی ئەخڵاق و نەزمی کۆمەڵایەتییە، چونکە لە ڕوانگەی ئەودا، دابەشبوونی کار پێشتر و لە ناو سروشتدا بوونی هەبووە. تەنانەت بە بڕوای دۆرکهایم دابەشکردنی کار پەیوەندی خێزانی لە نێوان ژن و پیاو بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندییە (Conjugal Solidarity).
دۆرکهایم باس لەم پەیوەندییە دەکات و دەڵێت ڕۆڵی گشت یاساکان بریتییە لە هێنانەدی سۆلیدارێتی کۆمەڵایەتی (social solidarety). لە ڕاستیدا ئەوەی کە دۆرکهام بە مۆدێرنیتەوە گرێ دەدات بیرۆکەی سۆلیدارێتی کۆمەڵایەتییە. واتە بۆ ئەوەی کە بزانین لە کۆمەڵگادا چ جۆرە سۆلیدارێتیەک بوونی هەیە، پێویستە جیاوازی لە نێوان جۆری یاساکاندا بکەین، بەڵام ئەم جیاوازییە دەبێت ڕەنگدەرەوەی جۆری دابەشکردنی کار بێت. هەر بۆیەش دۆرکهایم یاساکان بۆ سەر دوو جۆری یاسای تایبەت (private) و یاسای گشتی (public) دابەش دەکات. یاسای گشتی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و تاک ڕێکدەخات و یاسای تایبەت پەیوەندی نێوان تاکەکان. لەگەڵ ئەمەشدا، بە بڕوای دۆرکهایم گشت یاساکان یاسای تایبەتن، مادام مامەڵە لەگەڵ تاکەکان دەکەن. هەروەها گشت یاساکان گشتین مادام کارکردی ئەم یاسایانە کارکردی کۆمەڵایەتین؛ واتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکدەخەن. لەم گۆشە نیگایەوە، یاسا لە کۆمەڵگای پێش-پیشەسازیدا، یاسای تەمبێکارن و مەبەستیان سزادانی ئەو کەسانەیە کە بە پێچەوانەی نۆرمە باوەکان هەڵسوکەوتیان کردووە، بەڵام لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا، مەبەست لە سزادان، تەکفیرکردن (expiatory) نییە، بەڵکو مەبەست چاکسازییکردنە لە هەڵسوکەتی تاکەکاندا (restitutive sanction). هەروەها ئەو تاوانەی کە تاک لە کۆمەڵگای مۆدێرندا ئەنجام دەدات، بەشێک نییە لە لێدانی وژدانی گشتی، بەڵام تاوان لە کۆمەڵگای میکانیکیدا (تەقلیدیی) بەشێکە لە لێدان و زەرەر گەیاندن بە کۆی گشتی کۆمەڵگا و وژدانی گشتی، هەر بۆیەش سزاکان زۆر توندن. دۆرکهایم یاسا سزادەرەکان بە یاسای سەرکۆتکەر (repressive law) و یاسا چاکسازیکارەکان بە یاسای هاوکاریکەر (co-operative law) ناو دەبات. هەر بۆیەش بە بڕوای ئەو یاسا لە کۆمەڵگای ئۆرگانیکدا، هەمان ڕۆڵ دەگێرێت کە عەسەب (nervus) لە ئۆرگانیزمە زیندووەکاندا دەیگێرێت. بە بڕوای دۆرکهایم هەرچەند دابەشکردنی کار ئاڵۆزتر بێت، یاساکان تایبەتتر و ئاڵۆزتر دەبن. بەم شێوەیەش نەزمی کۆمەڵایەتی نوێ کە لە دەرەنجامی دابەشبوونی کار و پێشکەوتنی ئابورە، پارێزراو دەبێت. لە ڕاستیدا، دۆرکهایم بەم بۆچوونەی خۆی یارمەتیدەری سەرەکی هزری بونیاتنانی نەتەوە بووە، چونکە بە بڕوای ئەو دابەشکردنی زۆرتری کار نابێتە هۆی لێکترازانی کۆمەڵگا، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەستێکی گشتی لە نێوان تاکەکاندا دروست دەکات، چونکە هەر تاکێک ئەرکێکی دیارکراوەی هەیە کە بە ئەرکی تاکێکیتر گرێدراوە. ئەمەش بە سوودی گشتی کۆمەڵگا-نەتەوە دەشکێتەوە.
دۆرکهایم ئاماژە بە کۆمەڵگاکانی پێش-پیشەسازیی بووەن دەکات و بە کۆمەڵگای سەرەتایی و خێڵەکی ناویان دەبات. لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا، دابەشبوونی ئاڵۆزی کار بوونی نییە، و لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا وژدانی دەستەجەمعی (collective conscience) بوونی هەیە. وژدانی دەستەجەمعی، کۆی ئەو بیر و باوەڕە هاوبەشانەیە کە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە. ئەوەی کە گرنگە، لەم کۆمەڵگانەدا یاساکان نەنوسراون، بەڵام سەرچاوی یاساکان هەمان وژدانی دەستەجەمعییە. ڕەفتار، کردار و جۆری بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی تاکەکان لەم جۆرە کۆمەڵگا سەرەتاییانەدا لێک نزیکە. دۆرکهایم ئەم کۆمەڵگایانە بە کۆمەڵگای خاوەن سۆلیدارێتی میکانیکی (mechanical solidarity) هەژمار دەکات.
ئەم کۆمەڵگایانە بۆیە میکانیکین، چونکە وژدانی دەستەجەمعی باڵی بەسەر گشت بوارەکانی کۆمەڵگادا گرتووە و هیچ دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ هەڵسوکەوتی تاکەکان نامێنێتەوە. لە کۆمەڵگای میکانیکیدا تاکەکان خاوەن شوناسی دەستەجەمعین و ئەم شوناسە کۆمەڵگا و ئەندامەکانی پێکەوە گرێدەدات. هەر بۆیەش هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان وژدانی تاکی و وژدانی دەستەجەمعیدا بوونی نییە. خێزان یەکەی پێکهێنەری ئەم کۆمەڵگایانەیە و کۆمەڵگا لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی پشت بە ئایین دەبەستێت. کار و ئەرکەکان زۆر بە کەمی دابەشکراون. کەواتە پانتای تاکەکەسی زۆر سنوردارە و کار و ئەرکەکان لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی دەستەجەمعی ئەنجام دەدرێن. یاساکان، یاسایی ئاینین و تەمبێ و سزاکانیش زۆر توندن. سەرچاوەی سەرەکی ئەم وژدانە دەستەجەمعیەش بیر و باوەڕی ئایینی و هەست و سۆزە.
بە بڕوای دۆرکهایم، ئایین و بیر و باوەڕی گشتی کاریگەریی زۆری لەسەر پێشکەوتن یان دواکەوتنی کۆمەڵگاکاندا هەیە. هەر بۆیەش بە بڕوای ئەو گرنگە کە ڕۆڵی ئایین لە گشت کایەکانی ژیاندا کەم بکرێتەوە و جۆرێک لە پشت بە خۆ بەستن لە کایەکانی ئابوری، سیاسیی و یاساکانی کۆمەڵگادا بوونی هەبێت بە تایبەتیش لە بواری کارایی ئابوریدا. لە ڕاستیدا دۆرکهایم هەوڵدەدات ئەوە بخاتەڕوو کە ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە کۆمەڵگای نائەقلانین، چونکە لە ڕووی داڕێشتنی یاساکان، سەرچاوەی یاساکان هەڵقوڵاوی پێداویستییەکانی ناو کۆمەڵگا و ئەقلی مرۆڤ نین. لە ڕووی ئابورییەوە، دابەشبوونی کار کە دەبێتە هۆی بەرفراوان بوونی جۆرەکانی کار و پسپۆرگەرایی و دواتریش تاکگەرایی بوونیان نییە. لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا، ئایین نە تەنیا دەستی بەسەر زانست، ئەخڵاق، یاسا و ڕێکخراوی سیاسییدا گرتووە، بەڵکو دەست لە وەردەکارییەکانی ژیانی تایبەتیش وەردەدات (Religion even regulates details of private life: 1965:135). هەر بۆیەش تەنانەت وژدانی ئایینیش بە یەک شێوەیە. لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە تا هەنۆکەش ئایین لە گشت کۆمەڵگاکاندا بوونی هەیە، بەڵام ڕادەی کاریگەریی ئایین لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکیتر جیاوازە و هەر وەک چۆن تێڕامانی ئایینەکان بۆ کایەکانی ژیانیش جیاوازە.
بە بڕوای دۆرکهایم، دابەشکردنی کار لە بواری کۆمەڵایەتیدا جیاوازە لە جۆری دابەشکردنی کار لە کایەی ئابووریدا. لە ڕووی ئابوورییەوە دابەشکردنی کار ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، بەڵام لە کایەی کۆمەڵایەتیدا، ئەم دابەشکردنە ئاماژەیە بە هاتنەدی سۆلیداریتی کۆمەڵایەتی. ئەم سۆلێدارێتیە لە میانەی ئەو پابەندی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەدا بە بوون دێن کە لە میانەیدا تاکەکان پێکەوە گرێ دەدرێن و ئەرکە دەستەجەمعییەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن. بە پێچەوانەی ئادام سمیس (١٧٧٦) کە لەو بڕوایەدا بوو دابەشکردنی کار لە دەرەنجامی دامەزراندنی کارگەکان و بەرهەمهێانی ئابوورییە؛ هەروەها بە پێچەوانەی هێربێرت سپێنسێر کە لەو بڕوایەدا بوو دابەشبوونی کار لە دەرەنجامی بژاردەکانی بەردەم تاکەکان و بابەتێکی بایۆلۆجییە؛ دۆرکهایم لەو بڕوایەدا بوو کە دابەشبوونی کار پشتبەستراو بە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە و لە ناو خۆدی ستراکتۆری کۆمەڵگادا ڕوودەدات (Morrison, 2010).
لەهەمبەر ئەمەشدا کۆمەڵگای پیشەسازیی هەن کە بریتین لە کۆمەڵگاگەلێک کە تێدا کارەکان بە هۆی پێشکەوتنی ئابووریی و پیشەسازییەوە دابەشکراون، پسپۆرگەرایی بوونی هەیە، کۆمەڵگا یەکدەست (heterogeneity) نییە و تاکگەرایی سەرهەڵدەدات. هەروەها، خودی مرۆڤ دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی یاساکان. لەم کۆمەڵگایانەدا، ڕوحی پێکەوە ژیان و کارکردن پشت بە سۆلیدارێتی ئۆرگانیکی (organic solidarity) دەبەستێت. واتە مەرج نییە گشت ئەو کەسانەی کە لە ناو ئەم کۆمەڵگایەدا پێکەوە دەژین و کار دەکەن سەر بە یەک خێڵ بن. ئەگەر کۆمەڵگای میکانیکی کەسانی هاوشێوە لە بیر و بۆچوون و ئەرک و کارەکان لەخۆ بگرێت، بە پێچەوانەوە، ئەندامە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگای ئۆرگانیکی تاکی خاوەن بیر و باوەڕی هاوشیوە نین. ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە بە پێی جۆری پیشەکانیان پۆلێنبەندی دەکرێن. ئەم جۆرە فۆرمگرتنەی کۆمەڵگا دەبێتە هۆی بەرفراوان بوونی پانتای تاکەکەسی و ڕوانینێکی نوێ بۆ ئایین دێتەکایەوە. ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە لە ڕووی دانیشتووان، ئابوور، بەپیشەسازیی بوون، ئاڵۆز و تێکەڵن و لە ڕووی دابەشکردنی کارەوە، پەرە دەسێنن.
بە بڕوای دۆرکهایم، لە کۆمەڵگای ئۆرگانیکدا لە پێناو ڕاگرتنی نەزمی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای دابەشبوونی کار پێویستیمان بە ڕێکارە ئەخلاقییەکانیش هەیە. لە دەرەنجامدا، کۆمەڵگا دەبێتە کۆمەڵگایەکی بەدامەزراوەیی کراو و ڕۆڵی دامەزراوەکان شوێنی ڕۆڵی ئایین دەگرنەوە (Morrison, 2010). هەر وەک گیدێنز ئاماژەی بۆ دەکات هۆشیاریی ئۆرگانیک لە ڕووی بیر و بۆچوون و هەڵسوکەوت کردن، جەخت لەسەر لێکجیاکاریی (differentiation) لە نێوان تاکەکان دەکاتەوە. هەر بۆیەش تاکگەرایی لە ئەنجامی دابەشکردنی کار و سۆلیدارێتی ئۆرگانیکی گەشەی کرد (Giddens, 2002).
دۆرکهایم بە وردی باس لەوە دەکات کە ڕەوتی کامڵبوون و دەربازبوون لە کۆمەڵگایەک بەرەو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووتر، ڕەوتێکی ئۆتۆماتیکی نییە. بەڵکو ڕەوتێکە کە پشت بە دابەشبوونی کار دەبەستێت؛ ئەم دابەشبوونەیە کە مانا بە کۆمەڵگاکانی بەپیشەسازیی بوو دەبەخشێت، چونکە کۆمەڵگاکانی پێش-پیشەسازیی، لە ڕەوتی گواستنەوە بۆ کۆمەڵگاکانی بەپیشەسازیی بوو، بە هۆی لە دەستدانی ویژدان و ئەخلاقی دەستەجەمعیان تووشی جۆرێک لە بێ شوناسی دەبەن، بەڵام دابەشبوونی کار، یاسا و بنەمای نوێی ئەخلاقی بۆ پێکەوە ژیانی تاکەکان دێنێتە کایەوە (Harrison, 2005).