به زۆری وا بیرده‌کرێته‌وه که ئه‌خلاقی فه‌لسه‌فی به سوقراته‌وه (نزیکه‌ی 470 بۆ 399ی پێش زاین) ده‌ست پێ ده‌کات. گومانێک له‌وه‌دا نییه که خودی سوقرات –به‌و شێوه‌یه‌ی که له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌فلاتووندا باسی کراوه– بۆ جێگیرکردنی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق له پله‌ی باڵێکی سه‌ربه‌خۆی زانست به مانا کۆنه‌که‌ی، هاوکار و یارمه‌تیده‌ر بوو. به‌ڵام چاخی سوقرات، چاخی سۆفیستهکانیشه. ئه‌و باسانه‌ی که له شانۆنامه‌ی ته‌نزاویی “هه‌وره‌کان” به‌رهه‌می ئاریستوفانێس(نزیکه‌ی 448–388 ی پێش زاین)، “سوێندنامه”کانی ئۆریپیدێس(نزیکه‌ی 480–406ی پێش زاین) و مێژووی توکیدیدێس(مێژوونووسی چاخی که‌ونارایه. گه‌وره‌ترین به‌رهه‌می مێژوویی ئه‌م مێژوونووسه “مێژووی شه‌ڕی پلپپێنزی”ییه که ده‌په‌رژێته سه‌ر شه‌ڕی نێوان ئاتێن و ئیسپارت له ساڵانی 431ه‌وه تاکوو 404ی پێش زاین) گه‌یشتووه به ئێمه ده‌ریده‌خات که له دوا ده‌یه‌کانی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاین، کۆمه‌ڵێک باسی جیددی له‌باره‌ی پرسه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌خلاقی باو (normative ethics) هاتووه‌ته ئاراوه. ڕیشه فه‌لسه‌فییه‌کانی ئه‌م باسانه ده‌کرێت تا سه‌رده‌می گه‌زنه‌فۆن(540–500ی پێش زاین) و هه‌روه‌ها هراکلیتۆس(500 ی پێش زاین) به‌دواداچوونی بۆ بکرێت. شێعر به‌ر له فه‌لسه‌فه هه‌بووه؛ و هه‌ر تۆژینه‌وه‌یه‌ک له‌باره‌ی ئه‌خلاقی پێش سه‌رده‌می سوقرات ده‌بێت لانیکه‌م ئه‌م نه‌ریته ئه‌خلاقییه که پێش فه‌لسه‌فه هه‌بووه له‌به‌رچاوی بێت.
پاڵه‌وانه‌کانی شێعره حه‌ماسییه‌کانی هۆمه‌ر(نزیکه‌ی 800–700ی پێش زاین) کۆمه‌ڵێک ئامانج و ئایدیالی ئه‌خلاقیی دیاریان بۆ یۆنانییه‌کان خستووه‌ته ڕوو. ڕێبازی پاڵه‌وانێتی، له‌م ئامۆژگارییه‌دا که باوکی ئهخیلوس کردبووی کورت ده‌بوویه‌وه: “به‌رده‌وام سه‌ر و سه‌ردار به و باشترین و زاڵ به سه‌ر ئه‌وانی دیکه” (ئیلیاده 784/11؛ 208/6). پاڵه‌وانه‌کانی دوو شێعری حه‌ماسیی-ئاخیلوس دره‌وشاوه له جه‌نگ و خۆشه‌ویستی (passion) و له ئۆدیسه‌دا دره‌وشاوه له زیره‌کیی و خۆڕاگری-هه‌ر دووک سه‌رنموونی پاڵه‌وانێتی ده‌نه‌خشێنن که ژاکووب بوکهارت(1818–1897ز) به یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌کانی که‌لتووری یۆنانی ده‌زانی. به‌ڵام له کتێبی ” کار و ڕۆژه‌کان” به‌رهه‌می هێزیۆد (نزیکه‌ی 700ی پێش زاین) به‌ر دیدگایه‌کی دیکه ده‌که‌وین. هێزیۆد باوه‌ڕی به دادپه‌روه‌ریی زێنوی هێناوه که تێیدا بۆ ئه‌و مرۆڤانه‌ی که ڕاکێشی دنیای تاوان و هه‌ڵه ده‌بن به‌ڵێنی ئه‌شکه‌نجه و ئازار و بۆ ئه‌وانه‌ش که له ڕێگه‌ی سه‌خت و دژواری دادپه‌روه‌ریدا خۆڕاگر و به‌توانان، مزگێنی میهر و ڕه‌حمه‌ت، هاتووه. له به‌رهه‌مه‌کانی هۆمه‌ردا تامه‌زرۆیی و حه‌زێکی زۆر بۆ سهرترنیشاندانی پاڵه‌وانێتی به‌دیده‌کرێت؛ “له حاڵێکدا” له دژی زێده‌ڕۆیی و خۆپه‌رستی دێته ده‌نگ و هۆشداریی ده‌دات. له به‌رهه‌مه سه‌ره‌تاییه‌کانی غهزهلبێژان و حهماسههۆنانی ئاتینیدا، ئه‌م دوو بابه‌ته، سه‌ردێڕه سه‌ره‌کییه‌کانی بیردۆزه ئه‌خلاقییه‌کان پێک دێنن. هه‌ربۆیه نه‌ریتی ئه‌خلاقیی یۆنان له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری دوو چه‌مکی هێزه‌کیی دژواز له ئاریته(arete) یان فه‌زیله‌تی مرۆیین: له لایه‌که‌وه داکۆکی له خواستی پاڵه‌وانێتی و خۆده‌رخستنی زیاتر له‌ڕاده و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه بنه‌وای ڕێبازی دیلفی به مانای “نه‌خێر بۆ زیاتر له ڕاده” یه، به‌گشتی ئه‌و په‌نده حهکیمانانهی که له قسه نه‌سته‌قه‌کانی “حه‌وت فه‌رزانه” که “بیاس، شیلۆن، کۆلئۆبلۆس، پریاندێر، پیتاکۆس، سولۆن و تالێس” دا هاتوون.
بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کرێت که له ناو ئه‌م فهرزانانهدا تالێس(نزیکه‌ی 580ی پێش زاین) یه‌که‌م فه‌یله‌سووفی سرووشتهوهره. ئه‌وی دیکه‌ش واته سالێن(نزیکه‌ی 640–560ی پێش زاین) ڕچهدانهری نه‌ریتی ئه‌خلاقیی ئاتێن یان هه‌مان ئه‌سینایه. شێعره‌کانی سولۆن که له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی شه‌شه‌م واته ڕێک ئه‌و کاته‌ی که فه‌لسه‌فه و زانستی نوێ له هه‌رێمی میلێتووس (Miletus)ه‌وه سه‌ری هه‌ڵده‌دا هۆنراونه‌ته‌وه، ئامانجیشی ئه‌مه بوو که هاوسه‌نگییه‌کی گونجاو له نێوان دوو پێوه‌ری سه‌رکه‌وتن بدات به ده‌سته‌وه: “به‌ڵکوو خوداکان فراوانی و ناوی چاکه له هه‌مبه‌ر ئه‌وانی دیکه‌وه به من ببخشن؛ من ده‌مه‌وێت زه‌نگین بم، به‌ڵام نامه‌وێت له ڕێگه‌یه‌کی نادادپه‌روه‌رانه به‌م زه‌نگینییه بگه‌م؛ چونکه ئه‌مه بۆ سبه‌ینێ ئه‌شکه‌نجه‌ی ئه‌به‌دی (dike)به‌دوای خۆیدا دینێت” (سولۆن،1،8-3).
به لایه‌نی که‌مه‌وه چه‌مکێکی ئه‌خلاقی له لای فه‌یله‌سووفانی میلێتووسی پێشووه‌وه، جێگه‌ی په‌سند و دانپێدانان بووه. واته چه‌مکی ئه‌شکه‌نجه‌ی لێبڕاوانه بۆ زێده‌ڕۆیی و تاوان که له زاری سولۆنهوه گێڕامانه‌وه، و هه‌روه‌ها خوازهیهکیش بۆ ڕێکوپێکیی نه‌گۆڕیی سرووشت ده‌خاته به‌رده‌ستی ئاناکسیماندێر(نزیکه‌ی 550ی پێش زاین ژیاوه) ئه‌مانه واته بونیاته‌کانی جیهان، که به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه هه‌مان توخمه لێکدژهکانن، سزا ده‌درێن(dike) و ئه‌وی دیکه‌یان به‌هۆی نادادپه‌روه‌ری له‌پاش ئه‌و سزا ده‌دات. چه‌مکیی ئه‌خلاقیی “ڕێکوپێکیی سرووشتی” له ناونانی جیهان له ژێرناوی کاسمۆس واته –پێکهاته‌یه‌کی ڕێکوپێک– یشدا نووستووه. وشه‌ی کاسمۆس هه‌ڵگری ئاماژه‌ی جوانیناسانه و سیاسییه. فه‌یله‌سووفه سرووشتتهوهرهکان، دادپه‌روه‌ریی زیۆسیان به‌شێوه‌یه‌کی نوێ وه‌کوو حوکمڕانیکردنی ئه‌قڵانیی جیهانی سرووشت ڕاڤه کرد و ئه‌م بابه‌ته به ناچاری بوو به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئالنگاری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مانا و ڕاڤه‌کانی پێشووتر به‌نیسبه‌ت خوداکانه‌وه. به‌و شێوه‌یه‌ی هراکلیتۆس ده‌ڵێت تاقانه سه‌رچاوه‌ی حه‌کیم که ئاڕاسته‌که‌ری گه‌ردوونه و ”هه‌م ڕازییه و هه‌میش ناڕازییه، ناوی زیۆسه”. ئه‌م داڕشتن و چنینه سرووشتییه وه‌کوو چنین و داڕشتنێکی ئه‌خلاقیش وه‌رده‌گیرێ: “خۆر زیاتر له سنوور و قه‌باره‌ی خۆی ناڕوات. ئه‌گه‌ر بڕوات، خزمه‌تکارانی دادپه‌روه‌ریی (dike) پێی ده‌زانن.”هیراکلیتۆس”.
گه‌زنه‌فۆن ئامرازه ئه‌خلاقییه‌کانی خواناسیی نوێی گه‌ردوونیی ده‌ربڕی. ((هۆمه‌ر و هێزیۆد هه‌ر شتێک که له مرۆڤدا و له ناو مرۆڤدا دزێو و قێزه‌ون بوون، خستوویانه‌ته پاڵ خودا: دزی، داوێنپیسی، فرت و فێڵ و فریودان)). گه‌زنه‌فۆن چیرۆکه‌کانی هێزیۆدی له‌باره‌ی شه‌ڕی نێوان خوداکان و دۆڵپاکان و هه‌روه‌ها له نێوان جۆره جیاوازه‌کانی خودا ڕه‌ت ده‌کرده‌وه؛ ئه‌و ده‌یوت شه‌ڕ و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون له قه‌ڵه‌مڕه‌وی خودادا بوونی نییه، چونکه ئه‌وێ ده‌بێت قه‌ڵه‌مڕه‌وی دادپه‌روه‌ری و سازان بێت. گه‌زنه‌فۆن نه‌ک ته‌نها له‌گه‌ڵ لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌ی غه‌یری ئه‌خلاقیی له خوداکان، به‌ڵکوو به‌ده‌ر له‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و پێوه‌ره کولتوورییانه‌ی که تواناییه‌کانی پاڵه‌وانێتی(وه‌رزشوانیی) له سه‌رووی فێرکاری و ڕاهێنانه جێگیر و فه‌رمییه‌کاندا داده‌نا دژبه‌ریی ده‌کرد. ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌مه پێداگریی ده‌کرد که سه‌رکه‌وتن له ئۆڵه‌مپیکدا بۆ شار، بێ بایه‌ختره له حیکمه‌تی شاعیر و فه‌یله‌سووف؛ ئه‌مه‌ی دووهه‌میانه که ده‌توانێت هاوکار بێت له دروستکردنی ئاسایشی مه‌ده‌نیی و حوکمڕانیی دڵخواز(ئانۆمیا) نه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان.
له پاڵ ئه‌م چه‌مکه ئه‌قڵگه‌رایانه بۆ خوێندنه‌وه‌ی سرووشت و خوداکان، دیسان له کۆتایی سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زایین‌دا بیرۆکه‌یه‌کی نوێ له‌باره‌ی ڕۆحی مرۆڤ ده‌دۆزینه‌وه، بیرۆکه‌یه‌ک که له ژێر کاریگه‌ریی باوه‌ڕ به دۆنادۆن بوو. پیتاگۆراس (نزیکه‌ی 560–500ی پیش زاین) یه‌که‌مین بیرمه‌ندی ناسراوه که ئه‌م بیردۆزه‌ی پێشکه‌شی یۆنانییه‌کان کردووه. له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا له “خاوێنییهکان” به‌رهه‌می ئومپیدۆکلێس(نزیکی 450 ی پێش زاین) دۆنادۆن زه‌مینه‌ی بۆ ده‌رکه‌وتنی وێنه‌یه‌ک له دۆخی مرۆڤ درووست کرد که تێیدا مرۆڤ له حاڵه‌تی سه‌ره‌تایی به‌خته‌وه‌ریدا به‌ره‌و دنیای پڕکاره‌سات و کێشه داکه‌وتووه. ئێمه به دروستی نازانین که له بنه‌مادا چ ئه‌نجامگه‌لێکی ئه‌خلاقی له‌م ڕوانگه ئوستووره‌ییه له‌باره‌ی ڕۆحه‌وه به‌دیهاتووه، به‌ڵام وا ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م ئه‌نجامانه له‌خۆگری باوه‌ڕ به گیاخۆری و ڕقی گشتیی له تووندوتیژی و خوێنڕشتن بووه. له به‌رهه‌مه‌کانی پینداردا(نزیکه‌ی 520–440ی پێش زاین) و هه‌روه‌ها نووسینه‌کانی ئومپێدۆکلێسیشدا چاره‌نووس له پاش مه‌رگ، بابه‌تێک بووه که گرینگیی ئه‌خلاقییانه‌ی جیددی هه‌بووه. وا ده‌رده‌که‌وێت که هۆگرانی پیتاگوراس و ئورفئوسییهکان له سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایین‌دا، فێرکاریی شتێکی نزیک له باوه‌ڕی هیندییه‌کان واته “کارما” یان کردوو؛ به‌ڵام تاکوو ئێستاش ورده‌کارییه‌کانی بابه‌ته‌که هێشتا لێڵ و پێڵن. ماوه‌یه‌کی زۆر تێپه‌ڕی تاکوو ئه‌م نه‌ریته له ئوستووره‌کانی داوه‌ریکردنی ئه‌فلاتووندا خۆی له شێوه‌ی نووسیندا ده‌ربخات. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌م بیردۆزه نوێیه له هه‌ندێک له گوتاره ڕازاوییهکانی هیراکلیتۆسدا هاتوو: “نه‌مره‌کان فانی و فانییه‌کان نه‌مرن؛ ژیان له مه‌رگی ڕۆحه‌کان و مه‌رگ له ژیانی ڕۆحه‌کان دایه” “له‌گه‌ڵ ڕۆیشتندا، سنوورداێتی ڕۆح ناناسیته‌وه ته‌نانه‌ت هه‌ر ڕێگایه‌ک بپێوی؛ چه‌نده مانا و بیرکردنه‌وه لێی قووڵ و بێبنه”. و هه‌ر له ده‌ربڕینێکی هاوشێوه له زمانی ئوریپیدۆسهوه هاتووه: “که‌س چ ده‌زانێت؟ ڕه‌نگه ژیان له راستیدا مه‌رگ، و مه‌رگیش له دنیای ژێره‌وه‌دا ژیان بێت”.
“هیراکلیتۆس” یه‌که‌مین فه‌یله‌سووفه که هه‌ندێک سه‌رنج و خاڵی سه‌رنجڕاکێش–ئه‌گه‌رچی رازوی–له‌باره‌ی ماهییه‌ت و چییه‌تی ئه‌زموون و داهاته ئه‌خلاقییه‌کان دوای خۆی به‌جێهێشتووه. بۆ مرۆڤ ئه‌مه باش نییه که وا هه‌رچی ده‌یه‌وێت به‌ده‌ستی بهێنیت. ئه‌مه نه‌خۆشی، برسێتی و شه‌که‌تییه که ته‌ندروستی، تێری و پشوودان خۆش و چێژبه‌خش ده‌کات. بیرکردنه‌وه‌ی بێخه‌وش (یان خۆڕاگریی ئه‌خلاقی، سوفورنین) باڵاترین که‌ماڵ و حیکمه‌ت، قسه‌کردن به پێی پێوه‌ری ڕاست و کردهنواندنی وشیارانه به‌پێی کرۆکی سرووشته. هیراکلیتۆس ئه‌م چهمکههڵگۆزییهی له جیهانی سرووشت(فیزیا) که سهرنموونێکه بۆ وتاری چاکه و کرده‌ی چاکه، له جیهانناسانی پێش خۆی قۆزتۆته‌وه. ئه‌م ڕاڤه ئه‌خلاقییه، سامانی ئه‌و بووه بۆ بیرمه‌ندانی دواتر به‌تایبه‌ت ڕه‌واقییه‌کان. لێبڕاوانه‌ترین داهێنانی هیراکلیتۆس ئه‌مه بوو که یاسا گه‌ردوونییه‌کانی به سه‌رچاوه و زامنی جێبه‌جێکاری یاساکانی مرۆڤ ده‌زانی: “خه‌ڵک ده‌بێت بۆ یاساکانی خۆیان شه‌ڕ بکه‌ن، به هه‌مان شێوه که بۆ دیواری شاره‌که‌یان شه‌ڕ ده‌که‌ن”. ئه‌وانه‌ی که له ڕووی ئاوه‌زه‌وه قسه ده‌که‌ن ده‌بێت وه‌فادار بن به‌و شته‌ی که له هه‌موو شتێکدا یان(بۆ هه‌موو که‌سێک، هاوبه‌شه، ڕێک به هه‌مان شێوه که دانیشتوانی شارێک پێبه‌ندی یاساکانن ته‌نانه‌ت سه‌رووتر و زیاتر له‌وه‌ش. چونکه هه‌موو یاسا مرۆییه‌کان له یه‌ک یاسای ئیلاهییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و ئه‌م یاسایه هه‌ر شتێکی بوێت ده‌یهێنێته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه؛ و ئه‌مه بۆ هه‌مووان به‌س و پێویسته و ته‌نانه‌ت زیاتر له ڕاده‌ی پیویستیشه. وێنای هیراکلیتۆس له یاسا(نۆمۆس) وه‌کوو بنه‌مایه‌ک بۆ ژیانی شارستانیی، ڕێگه و زه‌مینه‌ی بۆ بیردۆزه‌ی ڕه‌واقیی “یاسای سرووشتی” خۆش کرد.
وا دیار بوو “هیراکلیتۆس” له به‌رگریی خۆی له یاسا مرۆییه‌کاندا په‌رچه‌کردارێکی له هه‌مبه‌ر یه‌که‌مین داڕشتن له ڕێژه‌گه‌رێتیی کو‌لتووریی پیشان ده‌دات که به‌هۆی په‌یوه‌ندیی به‌ربڵاوی یۆنانییه‌کان له‌گه‌ڵ شارستانییه‌ته کۆنه‌کانه‌وه به‌دیهاتبوو و له سه‌رده‌می ڕۆژههڵاتگهری(سه‌ده‌ی هه‌شته‌م و حه‌وته‌می پێش زاین) ده‌ستی پێ‌کردبوو. له سه‌رده‌می خودی هیراکلیتۆسدا، هێکاتاکوس(نزیکه‌ی 550–480ی پێش زاین) مێژووناس و جوگرافیزانی خه‌ڵکی مێلێتووس چیرۆکانێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی له‌مه‌ڕ دابونه‌ریتی وڵاتانی بێگانه و بیانی ده‌گێڕایه‌وه و هه‌ندێک له‌وانه‌ی له به‌رهه‌مه‌که‌ی خۆی به ناوی” کۆمه‌ڵه گه‌شتێک به ده‌وری دنیادا” بڵاو کرده‌وه. هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا گه‌زنه‌فۆن ده‌یزانی که حه‌به‌شییه‌کان خوداکانی خۆیان به لووتێکی گه‌وره و ڕه‌شه‌وه وێنا ده‌که‌ن له حاڵێکدا که خه‌ڵکی تراکیانس “گه‌ڕه‌کێک له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی نیمچه دوورگه‌ی باڵکان له سه‌رده‌می کۆن” خوداکانیان به چاوی شینی و قژی سوورباوهوه وێنا ده‌کرد. یه‌ک یان دوو نه‌وه دواتر له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێنجمی پێش زاین سه‌رنجدان به‌م جۆراوجۆرییه کولتوورییه له داڕشتن و فۆرمووله‌کردنی “مرۆڤ-پێوه‌ری” ی پرۆتاگۆراس(نزیکه‌ی 490–421ی پێش زاین) ده‌ربڕین و زایه‌ڵه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی په‌یدا کرد. ئه‌گه‌ر بکرێت پشت به ڕاڤه و شرۆڤه‌کانی ئه‌فلاتوون ببه‌ستین له ڕاستیدا پرۆتاگۆراس وتویه‌تی: “هه‌ر شتێک که دانیشتوانی شارێک له سه‌ر دادوه‌رانه بوون و پشتپێبهسترابوونی بڕیار بده‌ن تا کاتێک که ئه‌و شته به شێوه‌ی دابونه‌ریت و باوه‌ڕ لایان بمێنێته‌وه، له ڕاستیدا بۆ ئه‌وان دادپه‌روه‌رانه و پشتپێبه‌ستراوه”. له‌م تێڕوانینه‌دا جگه له نۆمۆس واته نۆرم و هه‌ڵسوکه‌وته باوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی بێخه‌وش، هیچ پێوه‌ر و پێودانگێکی دیکه بۆ ڕاستی و هه‌ڵه بوونی نییه. ڕێک هه‌ر ئه‌م ده‌ربڕین و داڕشتنه ئه‌رێنی و پارێزخوازانهیه له ڕێژه‌گه‌رێتیی کولتوورییه که که‌سایه‌تیی هاوچه‌رخی پرۆتاگۆراس واته هیرۆدۆتی مێژوونووس (نزیکه‌ی 485–425ی پێش زاین)، دانی پێداناوه و په‌سه‌ندی کردووه. ئه‌و له گێرانه‌وه‌یه‌کی خۆی له شێعرێکی ناوداری پینداردا ئاوه‌ها ده‌نووسێت: “نۆمۆس به سه‌ر هه‌موو شتێکدا زاڵه”. هه‌ر بۆیه هیرۆدۆت ڕه‌تدانه‌وه‌ی به‌ئه‌نقه‌ستی دابونه‌ریتی ئایینی میسرییه‌کانی که‌ونارای له له‌یان که‌مبووجیه (له‌دایکبووی 522ی پێش زاین) ده‌گه‌ڕانده‌وه بۆ سه‌رشێتیی ئه‌م پاشایه‌ی فارسه‌کانه‌وه.
ئه‌م ڕێژهگهرییه پارێزکارانهیهی پرۆتاگۆراس و هیرۆدۆت، ده‌رخه‌ری تێڕوانینی سیاسیی هیراکلیتۆس به بێ بوونی بنه‌مای میتافیزیکییه. یاسا و سزا، پێوه‌ره په‌سندکراوه‌کانی ڕاستیی و هه‌ڵه، ده‌کرێت له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنیکی دیکه جیاواز بن؛ به‌ڵام به‌گشتیی ئه‌م دووه (یاسا و سزا) ژیانی مه‌ده‌نیی مرۆڤ له‌کۆمه‌ڵگادا به‌دیده‌هێنن. “به بێ هیچ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ ڕێژه‌گه‌رێتی، ئه‌مه ڕێک هه‌مان ئه‌و بیردۆزهیهیه که له دیالۆگێکدا له ئه‌فلاتوون به‌ناوی پرۆتاگۆراسه‌وه تۆمار کراوه”. به‌ڵام ئاوه‌ها ڕیژهگهرێتییهکی پارێزکارانه له هاوسه‌نگییه‌کی ناجێگیردایه؛ ئه‌م تێروانین و بیردۆزه له چاخی به‌ناو ڕۆشنگه‌ریی له سێ ده‌یه‌ی کۆتایی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاین به‌ره‌و لاوازبوون و کاڵبوونه‌وه ڕۆیشت. هه‌ڵگۆسته‌یه‌کی زۆر گومانبینانهتر به نیسبه‌ت نه‌ریته ئه‌خلاقی و ئایینییه‌کانی یۆنان له دژایه‌تییه‌کی باوی نێوان یاسا و سرووشتدا ده‌رکه‌وت، له‌و شوێنه‌یدا که سرووشت نوێنه‌ر و ده‌رخه‌ری کۆمه‌ڵێک ڕاستیی ناخۆشن له ماهییه‌تی مرۆڤ (وه‌کوو شههوهتخوازی، چڵێسی و ده‌سه‌ڵاتخواز) که له هه‌مبه‌ر سنووردارێتییه ده‌سکرده‌کانی یاسا یان ڕێکه‌وتنه‌کان دایه. له پشته‌وه‌ی ئه‌م تێڕوانینه نه‌رێنییه بۆ یاسا، نه‌ریتێکی مه‌عریفه‌ناسانه هه‌یه که پێشینه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پارامیندێس(نزیکه‌ی 500ی پێش زاین)، که به‌پێی ئه‌و بیردۆزه باوانه، مرۆڤه بمر و فانییه‌کان ته‌نها نوێنه‌ر و ده‌رکه‌وته‌ی پووچهڵبوونهوهن یان ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی جگه له هه‌ندێ ده‌رکه‌وته و ڕووکار هیچی دیکه نین، له حاڵێکدا که سرووشت نوێنه‌ری واقیعه، ڕێک به‌هه‌مان شێوه که شته‌کان هه‌ن.
دیموکریتۆس(نزیکه‌ی 460–370ی پێش زاین) له ناو ئه‌م نه‌ریته ئیلیاتیکه دایه و هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌ڵێت: به بوونی یاسایه که شیرینی هه‌یه، به بوونی یاسایه که تاڵیی هه‌یه، به بوونی یاسایه که سارد و گه‌رم هه‌یه و به یاسایه که ڕه‌نگه‌کان هه‌ن؛ به‌ڵام له جیهانی واقیعیدا ئه‌تۆمه‌کان هه‌ن و بۆشایی. ئازادباوهڕانی کۆتایی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاین له‌م بیردۆزه نه‌رێنییه له‌باره‌ی یاسا که‌ڵکیان وه‌رگرتووه و هێرشیان کردووه‌ته سه‌ر فه‌زیله‌ت و سهرێتییه بهرپرسیارێتیدارهکان( وه‌کوو میانه‌ڕۆیی و دادپه‌روه‌ری) له سۆنگه‌ی سنووردارێتییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که ئازادی و به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌کان سه‌رکوت و به‌رته‌سک ده‌که‌نه‌وه. گرنگترین به‌ڵگه بۆ ئه‌م بیردۆزه زێده‌ڕۆیانه له بڕگه‌گه‌لێک له به‌رهه‌مه‌کانی ئانتیفۆنی سۆفیستدا “که به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه هه‌مان که‌سی به‌رگریکار له حوکمڕانیی که‌مینه‌یه که له 411ی پێش زاین له‌سێداره درا و توسیدیدێس ستایش کرد” هاتووه. ئه‌م ده‌قانه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ”پێویستییه‌کانی سرووشت(فیزیا) بابه‌تانێکی حه‌تمی و پێویستن و پێویستییه‌کانی یاسا بابه‌تانێکن به‌پێی ڕیکه‌وتن و هاوکۆکی”. “زۆر جار ئه‌و شته‌ی وا دادپه‌روه‌رانه‌یه به‌پێی سرووشت تووندئاژۆیانهیه”. ژیان و چێژ له جه‌وهه‌ردا سوودمهندکهرن، به‌ڵام یاسا و ڕێکه‌وتنه ئه‌خلاقییه‌کان ڕۆشتن به‌دوای ئه‌م خواست و ئامانجانه به‌رته‌سک و سنووردار ده‌که‌نه‌وه. “ئه‌وه‌ی وا یاسا به سوودمه‌ندی ده‌زانێت زنجیرێکه له سه‌ر هه‌یکه‌لی سرووشتی ئێمه؛ به‌ڵام ئه‌و شته‌ی وا سرووشت به سوودمه‌ندی ده‌زانێت ڕێک ئازادییه”. په‌ره‌سه‌ندنی به‌ربڵاوی ئاوه‌ها ئامۆژگاری و بنه‌وایه‌ک بوو که به ڕوونی له شانۆنامه‌ی “هه‌وره‌کان” به‌رهه‌می ئهریستۆفانێس لاسایی کرایه‌وه؛ تایبه‌تمه‌ندییه‌ک که وه‌کوو به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه‌کی نادادپه‌روه‌رانه (unjust argument) ناوبانگی ڕۆشتووه و ده‌گات به قۆناغیک که فێرکاریی نوێ له دووتوێی باس یان نموونه‌ی فه‌زیله‌تی نه‌ریتیدا ده‌خاته ڕوو: لای خۆتانه‌وه وای وێنا بکه‌ن که ئه‌خلاق ئێوه له چ چێژگه‌لێک بێبه‌ش ده‌کات: ژن، منداڵ، قومار، چێشته خۆشه‌کان، خواردنه‌وه، شادی و ڕابواردن. ڕێز بۆ پێویستی و حهوجێکانی سرووشت (وه‌کوو تێکه‌ڵاویی سێکسی و تێکه‌ڵبوون) دابنێن و پێڕه‌ویی له من بکه‌ن، سه‌ر بۆ سرووشت دانه‌وێنن، هه‌ڵپه‌ڕن و شادی بگێڕن، و هیچ شتێک به شه‌رم و شووره‌یی مه‌زانن.)) هه‌وره‌کان.
ئه‌فلاتوون به‌شێوه‌یه‌کی جیددی‌تر هاته ناو زۆرانبازییهکهوه. بانگه‌شه و ده‌عیه دژه ئه‌خلاقییه‌کان به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام له دیالۆگه‌کانی ئه‌ودا ده‌خرێنه ڕوو. سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ی پۆلووس و کالیکلێس له گێرگیاسدا و دواتر به‌هۆی تراسیماخۆس له به‌شی یه‌که‌می کتێبی کۆمار‌دا و له کۆتاییشدا له‌ڕێگه‌ی برایانی خۆیه‌وه واته گلاوکۆن و ئادیمانتۆس له به‌شی دووه‌می کتێبی کۆمار‌دا ئه‌م بانگه‌شه و دهعیانهی خسته ڕوو. باس و وتارێکی گرینگ که ده‌خرێته پاڵ کالیکلێس ده‌یسه‌لمێنێت که له‌م بیروڕایانه له بڕگه‌کانی به‌رهه‌مه‌کانی ئانتیفۆندا به باشی که‌ڵک وه‌رگیراوه. کالیکلێس ئاوه‌ها به‌ڵگه ده‌هێنێته‌وه که: “هه‌ندێک شت به‌گوێره‌ی یاسا جێگه‌ی ڕێزن نه‌ک به گوێره‌ی سرووشت؛ له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا سرووشت و ڕێکه‌وتن پێکه‌وه دژن”. “ڕهشووڕووتهکان” یاساکان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌سڵه‌حه‌تی خۆیان داده‌ڕێژن، و هه‌ر بۆیه بنه‌ماکانی ویژدان و هاوسانی وه‌کوو دادپه‌روه‌رییه‌ک به‌پێی ڕێکه‌وتن ده‌سه‌لمێنن. له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وه‌ی وا لای سرووشت دادپه‌روه‌رانه‌یه ئه‌مه‌یه که “به‌تواناکان” ده‌بێت به سه‌ر ڕهشووڕووتهکاندا زاڵ و حوکمڕان بن و مرۆڤه سه‌رتره‌کان ده‌بێت پشکێکی زیاتر له سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت.(گێرگیاس،). دیاره ئه‌فلاتوون ئه‌م وێنایانه‌ی دانه‌هێناوه به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک بیروبۆچوون ده‌داته پاڵ کالیکلێس که له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاینندا باو بووه. هه‌ربۆیه توسیدیدێس له دیالۆگی مێلیاندا ئه‌م وته ئاتێنییه ده‌ڵێت؛ له‌باره‌ی خوداکانه‌وه باوه‌ڕمان پێیان هه‌یه و له‌باره‌ی مرۆڤه‌کانیشه‌وه دڵنیاین که به‌پێی خواست و پێداویستییه‌کانی زاتی خۆیان، له هه‌ر بابه‌تێکدا، له هه‌ر شوێنێکدا که به‌ڕاده‌ی پێویست هێزیان بۆ حوکمڕانیی هه‌بێت، ئه‌وا حوکمڕانیی ده‌که‌ن.(توسیدیدێس.).
ئانتیفۆن به قسه‌کردن له‌باره‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی که به‌پێی ڕێکه‌وتن داڕێژراون و کالیکلێس به قسه‌کردن له‌باره‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی که ڕهشووڕووتهکان جێگیری ده‌که‌ن، هه‌ر دووک ئاماژه به بیردۆزه‌یه‌کی ڕێکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌که‌ن که سه‌رچاوه‌ی یاسا و ئه‌خلاقن. له به‌شی دووه‌می کتێبی کۆمار‌دا، گلاوکۆن به ڕاشکاوی ده‌ڵێت که مرۆڤه‌کان یاسا و بنه‌ماکانی دادپه‌روه‌رییان له چوارچێوه‌ی جۆرێک له په‌یمان یان ڕێکه‌وتن به‌دی هێناوه. ئێمه شێوازی سه‌ره‌کیی ئه‌م بیردۆزه‌یه نازانین، به‌ڵام هاوتای سه‌ده‌ی پێنجهمییهکهیمان له بڕگه‌ی شانۆنامه‌ی سیسیفۆسدا که به مه‌زه‌نده ده‌خرێته پاڵ ئوریپیدێس یان کریتیاسی خۆپه‌رست(نزیکه‌ی 465-403) له به‌رده‌ستمان دایه: “سه‌رده‌مانێک هه‌بوو که ژیانی چه‌شنی مرۆڤ به بێ هیچ ڕێکوپێکییه‌ک و هه‌ر وه‌کوو ژیانی دڕنده‌کان، به‌پێی یاسای دارستان بوو، و هیچ جۆره پاداشتێک بۆ چاکه‌کاران و هیچ جۆره سزایه‌کیش بۆ خراپه‌کاران له‌ئارادا نه‌بوو. و وا بیر ده‌که‌مه‌وه، پاش ئه‌مه، مرۆڤه‌کانی یاساکانیان داهێنا، تاکوو دادپه‌روه‌ریی جێگیر ببێت و تووندوتیژی (hybris) ملکه‌چ ببێت”. نووسه‌ر له درێژه‌دا باوه‌ڕ به خوداکان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئاوه‌ها ئاوه‌ز و تێڕوانینێکی هاوبه‌ش که به‌هۆیه‌وه کرده‌وه تاوانکارانهکان له‌قاو ده‌درێن و هاوکات هۆکاری به‌دیهاتنی ئاکاری شیاویشه له‌سۆنگه‌ی ترس له سزای ئیلاهییه‌وه.
ڕیشه‌کانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یاسا و سرووشت له مژاری ئه‌خلاقدا، ڕێک وه‌کوو بیردۆزه‌ی ڕێکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی جاران که به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵیدا له‌په‌یوه‌ندیدایه، نابه‌ڵگه‌مه‌ند و نه‌ناسراو ماوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی وا له تێڕوانینی دژهئهخلاقخوازانهی به ته‌واوه‌تی داڕێژراو و گووراوی که‌سانێکی وه‌کوو کالیکلێس و تراسیماخۆس ده‌رده‌که‌وێت ئه‌مه‌یه که ئامانج و خواستی دڵڕه‌قانه‌ی خۆخوازی، چه‌مکی پاڵه‌وانانه و کۆنی به‌خته‌وه‌ری(arete) به‌شێوه‌یه‌کی داماڵراو و ههڵتهکێنراو له نه‌ریته‌کانی دادپه‌روه‌ری و میانه‌ڕۆیی ده‌خاته ڕوو، چونکه ئه‌م دووه ئێسته به ڕێکه‌وتێکی مرۆیی هه‌ژمار ده‌کرێن که بێبه‌رین له هه‌ر جۆره بنه‌مایه‌کی سرووشتیی و فرمانێکی ئیلاهی. که‌شی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایینیش، به‌و هه‌مووه دژبه‌رێتی و لێکدانانه خه‌ست و خۆڵهیهوه له ماوه‌ی سی ساڵ شه‌ڕی به‌رده‌وامدا، ده‌بوو له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و داڕمانی ئه‌خلاقی نه‌رێتیدا یارمه‌تیده‌ر بووبێت. ئاوه‌ها شتێک لانیکه‌م باوه‌ڕی توسیدیدێس بوو.
هه‌ڵبه‌ت بێگومان سۆفیسته‌کان به‌هۆی ئه‌م داڕمانه ئه‌خلاقییه‌وه جێگه‌ی سه‌رزه‌نشتکردن و لۆمهبوون و سوقراتیش له‌گه‌ڵیان هه‌ر ده‌که‌وته به‌ر ئه‌م لۆمه و سه‌رزه‌نشته. هه‌ڵبه‌ت بێگومان سوقرات بابه‌تێکی جیاوازه، به‌ڵام به باشی ده‌کرێت پرسیار بکه‌ین که تا چ ڕاده‌یه‌ک که‌سانێکی وه‌کوو پرۆتاگۆراس و گێرگیاس (نزیکه‌ی 470–380ی پێش زاین) به‌رپرسن له شۆڕشێکی ئه‌قڵانی دژی فه‌زیله‌ته نه‌ریتییه‌کانی دادپه‌روه‌ری و داوێن‌پاکی. به‌دڵنیاییه‌وه پرۆتاگۆراس له‌باره‌ی بوونی خوداکان که‌سێکی ئاگنۆستیک(نازانمخواز)ی ڕاشکاو بوو. به‌ڵام له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقدا وه‌کوو هیرۆدۆت که‌سێکی پارێزکار و کۆنسێرڤاتیڤ بوو. ئه‌فلاتوون پرۆتاگۆراس به‌م شێوه‌یه ده‌ناسێنێت: ده‌یه‌ویست قوتابییه‌کانی وه‌کوو کۆمه‌ڵێک مرۆڤی سه‌رتر و کامڵ و هاووڵاتیانێکی شایسته په‌روه‌رده بکات.(پرۆتاگۆراس.) ئه‌م بابه‌ته له‌مه‌ڕ گێرگیاسهوه جیاوازه. به‌پێی وته‌ی ئه‌فلاتوون، گێرگیاس هێنده تێگه‌یشتبوو که بانگه‌شه‌ی فێرکاریی به‌ها به‌رزه‌کان نه‌کات؛ ئه‌و ته‌نها به‌ڵێنی ئه‌مه‌ی ده‌دا که مرۆڤه‌کان ده‌کات به قسه‌که‌ران و ئاخێوه‌رانێکی باش بۆ کۆمه‌ڵ. ئه‌م پشتگوێخستنه‌ی غایه‌ته ئه‌خلاقی و نائه‌خلاقییه‌کان که له ڕێگه‌ی هێزی قه‌ناعه‌تپێکردنه‌وه به‌دیده‌هات، بێگومان یه‌کێک له‌و هۆکارانه بوو که ئه‌فلاتوون نامیلکه‌ی گێرگیاس به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت داڕیژێت و تێیدا به‌م ئه‌نجامه بگات که: “ئامۆژگاری و فێرکارییه‌کانی گێرگیاس نه‌مامی دره‌ختێکه که به‌روبوومه ژه‌هراوییه‌که‌ی، شێوه‌ی ژیانی کالێکسیانهیه” و له به‌رهه‌مه نووسراوه‌که‌ی گێرگیاسیشدا ده‌بینین که ئه‌و ده‌یه‌وێت به وشه و بیردۆزه‌کان به‌شێوازێک یاری بکات که له ڕووی ئه‌خلاقی و ئاوهزمهندێتییهوه نابه‌رپرسانه دێته به‌رچاو. نامیلکه‌که‌ی ئه‌و به‌ناوی “له‌باره‌ی سرووشت یان له‌باره‌ی نه‌بوون” مه‌به‌ستێتی بیسه‌لمێنێت؛ ئهلف:- هیچ شتێک واقیعی یان حه‌قیقی نییه. ب:- ئه‌گه‌ر شتێکیش واقیعی یان حه‌قیقی بێت ئه‌وا به نه‌ناسراوی ده‌مێنێته‌وه. ج:- ئه‌گه‌ریش بتوانین شتێک بناسین ئه‌وا ناتوانین بیهێنینه زمان و باسی بکه‌ین. بێگومان ئه‌م بهراوهژووکردنه ڕوونه‌ی به‌ڵگاندن و ئارگۆمێنته‌که‌ی پارمێندێس له‌باره‌ی وجوود، زیاتر بۆ یاری و خۆشی بووه تاکوو بۆ پووچخوازییهکی ڕاسته‌قینه. و له‌باره‌ی به‌رگری له کتێبی هیلین به‌رهه‌می گێرگیاسیش ده‌کرێت هه‌ر ئه‌مه بڵێین چونکه؛
ئهلف:- یان خوداکان هیلینیان پێمل کردبوو.
ب:- یان به تۆپزی ناچار به ئه‌نجامی کار کرابوو.
ج:- یان به‌هۆی کاریگه‌ریی ده‌ربڕینی ملکهچکهرانه(logos)وه پێی سه‌لما، و هه‌ر بۆیه نابێت ئه‌و به به‌رپرس بزانرێت.
گێرگیاس به‌رگریی خۆی له هیلین وه‌کوو یاری یان کایهکردنێک باس ده‌کات (paignion). به‌ڵام به ئه‌سته‌م ده‌کرێت بیانوویه‌کی باشتر له‌مه بۆ تاوانێکی قبووڵکراو دژی سۆفیسته‌کان هه‌بێت که: ئه‌وان به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و ئارگۆمێنته لاوازه‌کان پته‌و و به‌هێز ده‌نوێنن و هه‌ر بۆیه به هێزی سه‌لماندن و قه‌ناعه‌تپێهێنان، دادپه‌روه‌ریی له ڕاسته‌ڕێی خۆی لا ده‌ده‌ن.
به‌م حاڵه‌شه‌وه، به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه سۆفیسته لێهاتووه‌کان بۆ دژایه‌تیی ڕاشکاو له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی نه‌ریتی، به ته‌واوه‌تی پشتبه‌ستوو به لایه‌نگریی گشتیی شه‌قام بوون. له مشتومڕه‌کانی ئه‌فلاتووندا، کالیکلێس، سیاسه‌تمه‌داره پله و پایهپهرستهکهیه –نه‌ک پۆلیس یان گێرگیاسی سۆفیست–که ڕوانگه‌ی خه‌ست و خۆڵی دژه ئه‌خلاقیی ده‌رده‌بڕێت. واته هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌یه‌کی هاوشێوه که تراسیماخۆسیش له کتێبی کۆمار‌دا و له به‌شی یه‌که‌مدا گرتوویه‌تییه به‌ر که به هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆوه که په‌یوه‌ندیدار بێت به‌م سۆفیستهوه پشتڕاست نه‌کراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر له ڕاستیدا ئانتیفۆنی”سۆفیست” به‌و شێوه‌یه‌ی که ئێسته زۆرێک له تۆژه‌ران باسی ده‌که‌ن، هه‌مان ئانتیفۆنی لایه‌نگری حوکومه‌تی که‌مینه له ساڵی 411ی پێش زایین بێت، هه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌باره‌ی ئه‌ویشه‌وه به‌ڕاست ده‌گه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر بڕگه‌ی “سیسیفووس” له لایه‌ن کریتیاسی خۆپه‌رسته‌وه نه‌نووسرابێت و له لایه‌ن ئوریپیدووسهوه نووسرا بێت ئه‌وا له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا گریمانه‌ی نووسه‌ره‌که به شێوه‌ی سۆفیستێک نییه. خواست و لایه‌ندارێتیی دژهئهخلاقیی له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاین له بنه‌مادا ئیش و کاری ئینسانگه‌لی پراکتکی و کردهوهخوازه که ده‌یانه‌ویست بێباکانه و دڵڕه‌قانه ده‌ست بده‌نه کردار و خۆشحاڵ بوون که له ئامۆژگاری و فێرکارییه نوێکانه‌وه فیر ده‌بن که پابه‌ندبوونه نه‌رێتییه‌کانی سزادان و یاسا، ته‌نها هه‌ندێک مه‌سڵه‌حه‌ت ئه‌ندێشی و تێڕوانینه له سه‌ر بنه‌مای ڕێکه‌وتن و داهێنراوی ئه‌و مرۆڤانه‌یه که بوێریی کردار و کردهگهرێتییان نییه.
نووسه‌ر: چارلز. ئه‌یچ. کان
وەرگێڕان: حه‌مید شه‌هریاری
وەرگێڕان: له فارسییه‌وه:موحسین عه‌لیڕه‌زایی