ئوستورە چییە؟ ئایا ئەفسانە و ئوستوورە، دوو واژەی هاوواتای یەکترن، یان لێکجیان؟ لە زۆربەی سەرچاوە و نووسینەکوردییەکاندا جا چ دانراو و نووسراو، یان وەرگێڕدراو بن، ئەفسانە بەکار هاتووە و پتر ئەفسانە بەردیدەمان دەکەوێت تا ئوستوورە. هەروەها تێکەڵکردنێک لە نێوانیاندا کراوە بە جۆرێک هەندێک سەرچاوە (legend) بە حەکایەتی پاڵەوان ئامێز دادەنێن و بەرامبەر (myth)یش ئەفسانە. هەروەها هەیشە ئەفسانە و ئوستوورەی بەدوای یەکتریدا نووسیوە، جاریش هەیە لە جێیەک ئەفسانە و لەجێیەکی دی ئوستوورە داندراوە، وەک ئەوەی هەمان شتبن. یان میتۆلۆژیا(mythology) و ئەفسانە بەیەک واتا بەکاردێنن. بە شێوەیەکی گشتی، لە نووسینی کوردییدا، تێکەڵوپێکەڵییەک بەدیدەکرێت و یەکلایی نەکراوەتەوە داخۆ هاومانای یەکن یان سەربەخۆ و جیاوازن.
ئوستوورە و ئەفسانە گەرچی لە ڕووی فۆڕمەوە لێکبچن، ئەوا لە بنەڕەت و ناوەڕۆکدا و کارەکتەرەکانیشیان تەواو لێکجیان. ئوستوورە بوونەوەری میتافیزیکی(خوا و نیمچەخواکان) ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. ئەفسانە بە ئینگلیزی (legend) و بە واتای شت بۆ خوێندنەوە دێت. ئوستوورە بە ئینگلیزی(myth)ە. هەریەکەشیان چەندین پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە. بەگشتیی ئەفسانە بریتییە لە گێڕانەوەی ئەکتە پەسەندکراوەکانی کۆمەڵێک مرۆڤی ناوچەیەک، کە لە ڕێگەی پاڵەوانی داستانی داینامیکییەوە، نەوە بە نەوە ئەو داستانە دەگێڕنەوە، لەسەر هەردوو ئاستی ئەفسانەی زارەکی و ئەفسانەی نووسراو. بەڵام ئوستوورە بەسەرهاتێکی پیرۆزە، ناوەڕۆکێکی قووڵی هەیە، ئەو مانایانە دەردەخات کە پەیوەندی بە گەردوون، بوون، ژیانی مرۆڤەوە هەیە. ئامانج و گرنگی ئەم جیاکارییەکەش هەڵەتێگەیشتن نەخاتەوە و تێکەڵکارییەکەش لەم کورتەنووسینەدا، ڕەنگنەداتەوە. چەشنی “ئیدیس هامیلتۆن”، کە گوایە ئەم ژنە نووسەرە، ئوستوورەی خوڵقاندنی جیهان و چیرۆکی خۆشەویستی کوڕ و کچانی لە کتێبێکدا بە ناونیشانی میتۆلۆژیا کۆکردۆتەوە.
ئوستوورە بە هۆی فرەچەشنی و جۆراوجۆری و فرەلایەنی، گۆڕانکاری و لێکدووریی سەردەم و چاخەکان (مەودای نێوانیان)ی ئوستوورە، یەک پێناسەی دیاریکراو و تایبەتی نییە، بەڵکو چەندین پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە. هەر ئوستوورەناسێک بەگوێرەی یەکێک لە توخمەکانی ئوستوورە کە خۆی کاری تێدا دەکات، پێناسەی ئوستوورە دەکات. لەکن “جۆزیف کەمبڵ”، ئوستوورەکان کلیلی توانا ڕۆحییەکانی ژیانی مرۆڤن. پێناسەیەکیتر؛ ئوستوورە بە خەیاڵ و سۆزی کۆمەڵ ناودەبات. گەر ئوستوورە ڕووە نادیار و نا ئەقڵانییەکەی مرۆڤ لەخۆبگرێ، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: داخۆ ئوستوورەکان خزمەت بە مرۆڤایەتی و ژیانی مرۆیی دەکەن، یان دژی مرۆڤایەتین و ژیانی مرۆیی دزێو دەکەن؟ هەڵبەت بە پێی ئەرک و فەرمانەکانی ئوستوورە، ئوستوورەکان جووتڕەهەند دیارن. واتا دوو ڕەهەند لەخۆدەگرن؛ ڕەهەندی باش و ڕەهەندی خراپ. ڕەنگە وا باشتر بێت، بڵێین مرۆڤ دوو ڕەهەندی پێداون. بە هەمان شێوەی تەلەفۆن، مۆبایل و ئینتەرنێت (هەرچەند ئەمانە خۆشیان شێوە ئوستوورە یەکن). گەرچی مرۆڤ خۆی داهێنەریانە و لە بنەڕەتیشدا بۆ خزمەت و سوککردنی باری قورسی ژیانی خۆی بەرهەمی هێنابن، ئەوا ئەمڕۆ هەر مرۆڤ ڕەهەندی خراپیشی لێبارکردوون. مەترسییەکانی ئوستوورەش لە دەسەڵاتەکەیدایە، بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە جادووییەی هەیەتی، توانای داگیرکردنی مرۆڤی هەیە. چونکە ئوستوورە دەتوانێت هێزی جادوویی زمان تا ئەوپەڕی سنوور بەکاربهێنێت. دەسەڵاتی بەسەر نەفسی مرۆڤدا هەیە و توانای پشتڕاستکردنەوەی بیر و ڕاکانیی هەیە. لە کۆندا دەسەڵاتی ئوستوورە گەیشتۆتە ئەوپەڕی، توانای بەسەر ڕۆح و ئەقڵی خەڵکدا هەبووە. بەپێی کەمبڵ ئەمڕۆ ئێمە لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیایەدا بێ ئوستورەین ئوستورەمان نییە. ئەمڕۆ لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتیش لە کن ئێمەی کورد، بابەتگەلێک کراونە ئەلتەرناتیڤ بۆ ئوستوورە و بوونە ئوستوورەی سەردەمی بێ ئوستوورەیی. لکێنراون بە لایەنێکی ئوستوورەوە و ڕۆڵی ئوستوورە دەگێڕن.
لەلایەکی دیکەوە پەیوەستکراون بە ئەرکە سۆسیۆلۆژییەکەی ئوستوورەوە، کە “جۆزیف کەمبڵ” بە ئەرکێکی بەسەرچووی داناوە. ئەرکە پەروەردەییەکەیان لێداماڵیون و بەلایانەوە ناوە. هەڵبەت پەروەردە بە واتای فێربوونی ژیانی مرۆییانە، نەک ئەو دەزگا سەرکوتکەر و هاککەرەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەدا باوە. ئایین بە ئیزنی دەسەڵاتی سیاسی، کۆمەڵگایەکی سازاندووە دڵخوازی وی. بەردەوام هەوڵی ڕێکخستن و دیسپلینکردنی دەدات. شێوە و جۆری پۆشاکیان بۆ دیاری دەکات، خواردنێک ڕێپێدەدا و یەکێک قەدەغە و حەرام دەکات، ئەخلاق دەبەخشێتە چ کەسێک و لەکێی دەستێنێتەوە، دیاردە و ڕووداوێکیان بۆ بۆ ڕافەدەکا، بڕیار دەدا کێ مافی ژیانی هەیە و کێ نیەتی…هتد. ئوستوورەش کار بۆ دەوڵەمەندکردن و ڕوونکردنەوەی بڕوای ئایینی دەکات. ئەمەش ئەو ساتەیە کە ئوستوورە هیچ فێری مرۆڤ نەکات، چونکە تەنیا هاوئاوازی و هاودەردی و هاوشوناسییەک دروستدەکات.
شیعر؛ ڕاستەوخۆ لە ئوستوورەوە هەڵقووڵاوە. وەرگر یان خوێنەری شێعر، هەستدەکات زیاتر هاوئاواز بووە لە خۆی و جیهاندا. نیگایەکی زۆرسادە بکەین؛ زۆرجاران شاعیر ڕاستەوخۆ بێزاری لە تەنیایی خۆی دەردەبڕێت و بانگی ئەویتر دەکات. شیعری ڕۆمانسی و ئەدەب بەگشتی ئەدەبیاتی ڕۆمانتیک، جگە لە بێهیوایی و دەستخەرۆیی چیتر بۆ مرۆڤ ناهێڵێتەوە. ئاخر ژیانە واقیعییەکەی مرۆڤی شەرقی بەتایبەت ژن، تەواو جیاوازە. ئوستوورە پشت بە سێبەرە جادووییەکانی وشە دەبەستێت. شیعر سودی لەم تایبەتمەندییە جادووییەی زمان وەرگرت، هەروەها لەو تایبەتمەندییە جادووییەی زیاددەکات، زمان بۆ دەربڕینی بەکاردێنێت. شیعر شێوازی گواستنەوەی ئوستوورەیە. و ڕێی لەبەردەمدا خۆشدەکات. ئاخر هێرشی فەلسەفە بۆ سەر شێعر و وەدەرنانی شاعیران لە کۆمارەکەی پلاتۆندا لە خۆڕا نەبوو.
ئینتەرنێت، میدیا، دراما؛ بەگشتی لەهەوڵی داگیرکردن و هاککردنی خەڵکدا دەخرێنەگەڕ. ڕۆشنبیری کورد مەسعود محەمەد دەڵێت: “هەرچی ئەدەبە ئەوا لە شێوەی فەرمیی خۆیدا ملکەچی سیاسەتە و دەرفەتی سنووردارە. بە گشتیش ئەدەب لای ئێمە خەسڵەتی جیهانی سێیەمی پێوەیە بە دواکەوتن لە ئەدەبی جیهانی، هەم بە شێواز هەم بە نێوەڕۆک”. سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی چەوسێنەر، هەمان دەسەڵاتی ئوستورەی گرتۆتە دەست و بۆ ئەم مەبەستەش پەنای بردۆتە بەر ئایین، شێعر و ئەدەب، دراما، میدیا، فێمینیز و کردوونیە سرووتی خۆی، بۆ مانەوە و درێژەدان و ڕەوایەتی دان بە دەسەڵات و حوکمڕانی خۆیان. جادووئاسا هەمووان دەخەنە گریان و شینگێڕان، پێکەنین و شایی، پێکەوە جنێو دەدەن، نزادەکەن، زۆرجاریش دابەش دەبن بەسەر دووبەرەو چەند بەرەیەک و تێکبەردەبن، هەر دەڵێی سەردەمی پیرۆزی ئوستوورە و ساتی ڕوودانیەتی، خواکان شەڕ و هەرا و ئاژاوەیانە. هەریەک لەمانە بەجیا و بەکۆ-ش لەژێر چەتری دەسەڵاتی سیاسییدا ئوستوورە بۆ بەرگری لە بیروباوەڕی خۆیان بەکاردێنن و بەم جۆرەش خودی ئوسترە دەپارێزن. سەرەنجام هیچ کام لە سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرێتییەکە نالەقن و هیچ گۆڕانکارییەک نایاتە کایەوە. بەبێ گۆڕانکاری ئەو سیستەمانەش شێوەژیانە چەقبەستووەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و دەپارێزرێت ناگۆڕێت کە هەمووان لێی ناڕازین. ئەمەش پارادۆکسانەیە.
سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی ڕێڕەوی توڕەیی خەڵک دەگۆڕن بە ئاڕاستەی جیا و هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی دەدەن. تووشی جۆرە هەڵگەڕانەوەیەکی لیبیدۆییان دەکەن. گەر لە نارسیسیزمدا ئەڤین ئاڕاستەی ئیگۆی خۆی بکات، ئەوا لێرەدا ڕق و توڕەییە، کردە وێرانکەرییەکە دەبێتە دووقات، بەڵام لەسەر ئاستی کۆ(خەڵک) نەک تاک. کردنەوەی دەیان فێرگە، زانکۆ، پەیمانگە، نەخۆشخانە، موەلیدە و بەتایبەتکردنی سەرجەم کەرتە گشتییەکان بەرهەمی ئەو هەڵگەڕانەوە لیبیدۆییەیە، کە دیسانەوە خۆیشیان دەکاتەوە بە چەوسێنەر(چەوسێنەری چەوساوە). هەر وەک لە دەقی (شاماران)دا باس لە مرۆڤێکی ژیر و دانا دەکرێت بەناوی زریال. زریال خاوەنی کتێبێکە بە ناوی سرووشتی جیهان، زۆر پرس و باسی گرنگی تێدا وروژێنراوە. پاشای وڵاتیش کە زاڵم و زۆردارە و دەسەڵاتێکی چەوسێنەری هەیە، کاتێک هەستدەکات خەڵکی دەیانەوێ یەکبگرن دژی ستەم و چەوسانەوە، شۆڕشبکەن بۆ گۆڕینی شێوەژیانیان، کۆبوونەوە بە وەزیرەکان دەکا و بڕیار دەدەن بەر لەهەر شت دەبێ دەستبەسەر کتێبەکەدا بگرن چونکە خەڵکی وشیاردەبێتەوە پێی. گۆرینی شێوازی ژیانکردن بەڕێی فیکر و فەلسەفەوە دێتەکایەوە.
سەرچاوەکان؛
– جێڕاڵدین پینچ، ئوستوورەی میسر پێشەکییەکی زۆر کورت، و. زەردەشت نورەدین، چاپخانەی تاران.
– فراس السواح، ئەفسانە و مانا، و. سەڵاح حەسەن پاڵەوان، چاپخانەی تاران.
https://mamosta.net/Kteeb/Kteebi_PDF/Nuser_Nusin_u_Azadi.pdf?fbclid=IwAR0REBdeSLIU6cSUd5EhizoMPIV-jXdz31EbaKf56HsRMq-l3uwN_COYUEo&mibextid=Zxz2cZ.
– هۆشەنگ شێخ محەمەد یوسف، ئەفسانەی شاماران، ئەنستیتویا کەلەپوورێ کوردی.
– بتی سوفلاورز، دەسەڵاتی ئەفسانە- گفتوگۆی بیڵ مویرز لەگەڵ جۆزیف کەمبڵ، و. سەڵاح حەسەن پاڵەوان، بڵاوکراوەی ئاراس.