وەکو گۆدۆ نەبوو، لە وادەی خۆیدا گەشت. لەو نامەیەی ناردبووی، دەیووت؛ لەو هۆتێلەی لە نیوەڕۆی یەکشەممە لێی دەبم، چاومان بەیەک دەکەوێت. کە زەنگی کاتژمێر دوازدە لێی دا؛ گەشت. چاوەڕێی دەکرد. ئارەزووی چاوپێکەوتنم لەگەڵ ساموێڵ بێکیت، پاڵنەرەکەی لاپرەسەن و تێڕامانی زۆرم بوو بۆ کارەکانی. ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرەکانی ئەمریکا کارەکانی بەڕەشبینییەکی ئێجگار قووڵ دەبینن، بە هیچگەرایی (العدمية) پەسنی دەکەن.
تەنانەت ڕەخنەگرێکی وەک هارۆڵد کڵۆرمان دەربارەی “لە چاوەڕوانی گۆدۆ”دا لە “زە نیشن” وتوویەتی “شەربەتی خەمە لە ئەوروپای هاوچەرخ”. وەلێ بەلای منەوە کتێبەکانی بێکیت پڕ لە خۆشەویستی مرۆڤ و تەنزن و ناتوانم بە خەم و هیچخوازییەوە گرێی بدەم. ئاخۆ دەکرێت چاو و گوێیەکانم فریویان دابێتم؟ ئایا ئەدەبەکەی، ئەدەبێکی شکستخواردووی نەشیاوە بۆ ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییانەی ڕووبەڕووی دەبینەوە؟ یاخوود گونجاوە، لەبەرئەوەی دەربارەی خوودناسییەوە شتێکی بەسوودمان فێردەکات؟ دەمزانی ئەم چاوپێکەوتنەی نووسەر بەرسڤی ئەم پرسیارانە ناداتەوە، چونکە کەسێکی جیاوازە لە نووسینەکانی. لەڕاستیدا ئەم پرسیارانە پێویستە خۆی لەڕێگەی نووسینەکانییەوە وەڵامی بداتەوە، بەڵام هەر لاپرەسەن بووم. یەک دوو ڕۆژ پێش چاوپێکەوتنەکە، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ مامۆستایەکی خوێنەواری ئەدەب، باوکێکی عیسایی، لەکۆنگرەیەکی ئایینی نزیک پاریس کرد، ناوی بێکیتی هێنا و وتی: “بێکیت ڕقی لەژیانە”، ئەمە لاپرەسەنییەکەمی زیاتر کرد. دواتر بیرمکردەوە، بەلایەنی کەمەوە ئەمە شتێکە دەتوانم کە شەن و کەوی بکەم لە چاوپێکەوتنەکەدا.
شێوەی بێکیت، ئێرلەندییەکی تووندە، گوزارشتەکانی تایبەتن. جوان نین، دەتوت بە چەقۆیەکی کول هەڵکۆڵدراوە. قژێکی ناڕێک بۆ دواوە، شانە نەکراوە. دەتوانیت بڵێیت ڕووکاری تێکەڵەیەکە لە لوتبەرزی و خاکەڕایی، لوتبەرزییەکەی لە پەسەندکردنی خوودەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوەشە خاکەڕاییەکەی لەهەمان سەرچاوەوە بێت. خۆی بەسەر کەسی دیکەدا فەرز ناکات. چاوە شینەکانی لەناو ڕووخساریدا بە قووڵی ڕۆچوون، بەشێوەیەکی بەردەوام و چاک دەڕوانن. وادەردەکەوێت ئـەم ئەرکەشی تەنها بە چاوی داوە و هیچی تر. ئەرکەکانی دیکەی بەشێوەیەکی بێ هەست دابەشکردووە، ئەوەی کە ماوەتەوە بۆ پەیوەندیکردن جێی هێشتووەتەوە. لێوەکانی بۆ پێکەنینێکی سەرنجڕاکێش گوزارشت دەکەن. دەنگی تیژ، وەلێ گونجاوە لەگەڵ ڕووخساریدا. هەروەک ئەوەی پێشبینی دەکرێن، ئێرلەندییەکی تێکەڵ بە فەڕەنسییەکی کەمە. جلەکانی فراوانن و ڕەنگی ڕەساسی و سەوزی لەخۆ گرتووە، لەگەڵ کراسێکی وەرزشی قاوەیی بێ بۆینباخ. بە شەقامی دی لارکیدا دەڕۆشتین، کڵێسای مادلینمان تێپەڕاند و بەرەو ئەو قاوەخانەیەی لە شۆستەی بەرانبەر کڵێساکەدایە ڕێگەمان گرتە بەر. ئەو جیهانەی بێکیت دەیبینێت پەرش و بڵاوە. قسەکانی دەچێتەوە سەر شتێک کە ناوی دەنێت “بێ سەروبەری” یان هەندێک جاریش “سەرلێشوانی زەق”. هەموو تێبینیەکانم کە ڕاستەوخۆ دوای یەکتربینیمان نوسیبووم، کۆکردەوە. لەوانەیە ئەمە کورتتر بێت لەوەی کە وتی، بەڵام زۆر نزیکە لە قسەکانییەوە.
“شێواوی لە داهێنانی من نییە، پێنج خولەک بەبێ سەرلێشێواوی ناتوانین بەردەوام بین لەقسەکردن. لەهەموو شوێنێک لە چواردەرمانە، تاکە دەرچەش ئەوەیە قایل بین پێی. تاکە دەرفەت ئەوەیە چاومان بۆ تێڕامان بکەینەوە”. ئاماژەم بەوەکرد، دەبێت پەسەندی بکەین لەبەرئەوەی ڕاستییەکەیە ” الحقیقە”، بەڵام ئەمە بێکیتی قایل نەکرد. “چ شتێک لەوی تر هەقیقەترە؟ ئەو هەقیقەتە مەلەوانی بکات و نغرۆ ببێت. هیچ نییە لەوی تر هەقیقەتر. مرۆ ناتوانێت دووبارە دەربارەی بوونەوە بدوێت، مرۆ دەبێت تەنها دەربارەی بێ سەروبەری قسە بکات. کاتێک هایدگەر و سارتەر دەربارەی جیاوازی بوون و بوونگەرایی قسەدەکەن دەکرێت ڕاست بن، من نازانم. بەلامەوە زمانیان زۆر فەلسەفییە و من فەیلەسووف نیم. مرۆ تەنها دەتوانێت دەربارەی ئەوەی لەبەردەمییەتی بدوێت، زۆر بە ساددەیی ئەوەشی لەبەردەم منە بێ سەروبەرییە”. دواتر باسی لەو ناکۆکییە کرد کە لە هونەردا لەنێوان بێ سەروبەری و شێوەوە دروست دەبێت. تا درەنگانێک، هونەر لەبەردەم گووشاری بێ سەروبەریدا خۆی گرت و لەژێر جڵەویدا بوو. بیروبۆچوونەکە ئەوەبوو دانپێدانانی، واتە شێواز بخەیتە مەترسییەوە.
“چۆن ڕێگە بە دانپێدانان بە بێ سەروبەری دەدرێت، بەتایبەت وەکو دژی شێوە دردەکەوێت و هەموو ئەو شتانەی هونەر دەیەوێت دروستی بکات دەشێوێنێت؟”. ئێستاکە ناتوانین پشتگوێی بخەین، چونکە گەشووینەتە ئەوکاتەی کە “هەموو ساتێک ئەزموون داگیردەکرێت، لێرەیە و دەبێت ڕێگەی پێ بدەین وەژووربکەوێت”. لەوەیە دانی پێدا بنێم، بەڵام دەبینم زیاتر لە دۆخی پێشووتر دەرئەنجامەکان گرنگی بە شێوە دەدەن، بۆ؟ لێم پرسی، چۆن دەتوانین ڕێگە بە بێ سەرووبەری بدەین وەژوو بێ سەروبەری بکەوێت؟ ئەمە مل بەرەو کۆتایی بیرکردنەوە و کۆتایی هونەر ناکێشێت؟ ئەگەر ببینین لەم دوایەدا هونەر لە شێوە هەڵکێشراوە، کارەکانی بێکیت نموونەن “لە چاوەڕوانی گۆدۆ، یاریی کۆتایی، کۆتا شریتی کراپ”. “ئەوەی کە دەیڵێم مانای ئەوە نییە لە هونەردا شێوە هەیە. تەنها مانای ئەوەیە شێوەیەکی نوێی هەیە، ئەم شێوەش لەو جۆرەیە ڕێگە بە بوونی بێ سەروبەری دەدات، لەڕاستیدا هەوڵنادات بڵێت بێ سەروبەری شتێکی دیکەیە. شێوە و بێ سەرووبەری هێشتا لەیەک جوودان، ئەوەی کۆتا لەوەی یەکەم کەمتر نییە. هۆکاری گەوزانی لە شێوەدا ئەوەیە وەک کێشەیەکی جیا لەو ماددەی مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بوونی هەیە. پیشەی هونەرمەند، لەئێستادا ئەوەیە کە شێوەیەکی لایەق بۆ بێ سەروبەری بدۆزێتەوە”.
بەرسڤمم دایەوە؛ ئەی شتی هاوشێوە لە ڕابردوودا لەسەر هونەرنەوتراوە؟ ئایا خەسڵەتی هونەری مەزن ئەوە نییە بە شتێک ڕوبەوومان بکاتەوە کە ناکرێت ڕوونبکرێتەوە، هەر ئەمەش لەکۆڕبەندێک داواکراوە کە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو وەڵامی بداتەوە؟ مێژووی ڕەخنە چییە؟ ئەگەر ئەوە مێژووی مرۆ نەبێت کە هەوڵدەدات پەی بە فرە ئایتمەکان ببات، بەشێوەیەک کە ڕێگە بە خۆی نادات لەیەک فەلسەفە و بیردۆز کورتی بکاتەوە؟ ئایا هونەر هەمووی تەم و مژاوی نییە؟ “ئەوە نا”، وای وت و لەکڵێسای مادلینی ڕوانی. دیزاینی کڵێساکە کلاسیکی بوو، ناپلیۆن بە پەرستگایەکی شکۆمەندی دانابوو. ڕوانینی لەسەر دیمەنەکە ئاکنجی کردبوو. شەقامی دیلا مادلین و شەقامی مالزیرب و شەقامی ڕۆیاڵ جوانییەکیان بە شوێنەکە دابوو، گوزارشتی ژیریان لە خۆ گرتبوو. “ڕوونە، ئەوە نا. ڕێگە بە نهێنییەکان نادات داگیرمان بکەن. لەگەڵ هونەری کلاسیکی، هەمووشتێک سەقامگیرە. بەڵام شتەکە لە کڵێسای شارتەر جیاوازە. شتی ناڕوونکراو دەبینیت، هونەر دەبینین کە پرسیار ئاڕاستە دەکات و هەوڵنادات بەرسڤیشی بداتەوە”. پرسیارم لێکرد دەربارەی جەنگی نێوان ژیان و مردن لە شانۆییەکانیدا. دیدی و جۆجۆ لە لێواری خۆکوشتندان، جیهانی هام مردنە، لەوانەیە و لەوانەشە کڵۆڤ نەیەتە دەرەوە بۆ لای منداڵانی گەڕەک. ئایا پرسیاری ژیان-مردن بەشێکە لە بێ سەروبەری؟
” بەڵێ، ئەگەر ژیان و مردن خۆیانیان بۆ ئێمە دەرخستبایە، تەموژاوییەک نەدەبوو. هەموو شتێک ڕوون دەبوو، ئەگەر تاریکی نەبوایە. بەڵام لەبەرئەوەی لە پاڵ تاریکی ڕووناکیش هەیە، پێگەمان تەمومژاوی دەکات. لە بیردۆزی ئۆگستین دەربارەی بەخشین و خۆ بەدوورگرتن بڕوانە، سەیری تایبەتی ئەم باوەڕەت کردووە؟ دوو دز لەگەڵ مەسیح لە خاچ دران، یەکێکیان ڕزگارکرا و یەکێکیان بە نەفرەت کرا. چۆن دەتوانین ئەم دابەشکارییە ڕوونبکەینەوە؟ لە شانۆیی کلاسیکی ئەم کێشانە دەرناکەون، چارەنووسی ڤیدرای ڕاسین هەر لەسەرەتاوە دیاربوو[1]، بەرەو تاریکی هەنگاوی خۆی دەنێت، لە هەنگاوەکانیشیدا بۆی ڕوون دەبێتەوە. لەسەرەتایی شانۆییەکە بەشێکی لا ڕوونە، وەلێ لەکۆتایدا هەمووی بۆ ڕوون دەبێتەوە. هیچ پرسیارێک لە گۆڕ نییە، بەرەو تاریکی دەڕوات، ئەمەیە شانۆییەکە. لەناو ئەم فکرە ڕوونکردەوە ئەگەری هەیە، بەڵام بەلای ئێمەوە، ئێمە کە نە یۆنانین نە جانسینینییەکانیشین ئەم جۆرە ڕوونکردەوانەمان بۆ دەستەبەر نابێت، ئەگەر بڕوامان بە ڕزگاربوون هەبێت، پرسیارەکە نامێنێت. بەڵام هەتا تاریکی و ڕووناکیمان هەبێت هێشتا تەم ومژاوییە. وشەی دەسپێکی شانۆییەکانم بە ” لەوانەیە”.
پرسیارم لێکرد ڕای چییە لەسەر ئەوانەی ئاماژەی دینی لەشانۆییەکانیدا دەبینن. “باشە، لەڕاستیدا هیچ ئاماژەیەک بوونی نییە. هەستی ئایینیم نییە، لە ڕابردوودا کەیەکەم پیرۆزییەکانمان کرد، هەمبوو. وەلێ چیتر نا. دایکم زۆر بڕوادار بوو، براکەشم وابوو. هەتا وەختێک بیتوانیبایە کڕنووش بەرێت، لە تەنیشت تەختەخەوەکەی کڕنووشی دەبرد. باوکم هەستی ئایینی نەبوو، پڕۆتستانتیی بووین، بەڵام بەلای منەوە تەنگەبەری بوو، بۆیە جێم هێشت. کاسۆلیکی ئێرلەندی هیچ سەرنجڕاکێش نییە، بەڵام قووڵە. کاتێک لە ئۆتۆیسی ئێرڵەندی بەلای کڵێسایەکدا تێدەپەڕی، دەبینی هەموو دەستەکان بەرزکراونەتەوە و خاچ دەکێشن. ڕۆژێک لەڕۆژان سەگەکانی ئێرلەنداش هەمان شت دەکەن، لەوانەیە بەرازەکانیش”. بەڵام حەتمەن شانۆیی هەمان ئەزموون شەن و کەو دەکات کە ئاین شەن و کەوی دەکات؟ “بەڵێ، چونکە شەن و کەوی خەم دەکەن، هەندێک لە خەڵکی لە کتێبەکەمدا دژایەتی ئەمە دەکەن، لە ئاهەنگێکدا ڕۆشنبیرێکی ئینگلیزی هەبوو، لێی پرسیم: بۆچی هەمیشە دەربارەی خەمەوە دەنووسم. وەک ئەوەی هەڵەبێت، دەیویست بزانێت باوکم لەسەر لێدانم ڕاهاتبوو یان دایکم ڕایکردووە تا لەم خەمەدا من بە جێبهێڵێت. وتم نا، منداڵییەکی زۆر خۆش ژیاوم. لە نزیکترین دەرفەتدا ئاهەنگەکەم بەجێهێشت و سواری تەکسی بووم، لەسەر بەربەستە شوشەییەکەی نێوان من و شۆفێرەکە سێ لافیتە هەبوو. یەکێکیان داوای یارمەتی بۆ نابینایان دەکرد، یەکێک بۆ بێنازەکان، سێیەمیش بۆیارمەتیدانی پەنابەرانی جەنگ. تۆ پێویست ناکات بە دوای خەمدا بگەڕێیت، هەر خۆی تەنانەت لە تاکسییەکانی لەندەن هاوارت بەسەردا دەکەن”.
وەکو مەسیحییەک لەگەڵ هەڵوێستەکەی بێکیت نیم، بەڵام لەوەی ئەو دەیبینێت منیش زۆر دەبینم. وەکو نووسەرێکی شانۆیی، زۆر گرنگیم بەشانۆییەکانی داوە. “هاڕۆڵد کۆرمان” ڕاستیکرد کاتێک وتی (لە چاوەڕوانی گۆدا)دا تێڕامانە (وتی تێڕامانێکی شێواوە). “بە چەقبەستووی و پشێویی سیاسی و ئەخلاقییەکان و شێوازی هاوچەرخی ئەوروپا “شانۆییەکە تەنها ئاماژە بە ئەوروپا ناکات. (لە چاوەڕوانی گۆدۆ)دا لە ئەمریکا زیاتر دەفرۆشێت وەک لە ئەوروپا. لە شانۆییەکانی بێکیت، کات بەرەو پێشەوە ناڕوات. ئێمە هەمیشە لە کۆتاییەکەداین، لە (چاوەڕوانی گۆدا)دا ڕووداوەکان خۆیان دووبارە دەکەنەوە. یان لەسەر هیچ شتێک دەسوڕێنەوە (کۆتایی)، یاخوود دەگەڕێنە و بۆ ساتێکی دوور کە ژیان چالاکە. گەڕانەوەیە بۆ کردار، لەوانەیە ئەو کەسانەی بڕوایان بە ڕووداوە ڕاستییەکانی جیهانە و هێشتاکە دەتوانرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بێ ئومێد بکات. لەگەڵ ئەمەشدا هەڵەیە بڵێین کارەکانی (ڕەشبینن)، لە شانۆیدا بڵێیت (لەوانەیە) جیاوازە لەوەی بڵێین (نا). شانۆییەکان ناڵێن داهاتوو نییە، بەڵکە دەڵێن نایبینین، متمانەی پێناکەین و بە بێ ئومێدی بەرەو ڕووی دەڕۆین. ئەو دیوارانەی گەمارۆی ئەکتەرەکانی بێکیت دەدات هەمان ئەو دیورانەنین. سەڕەڕای بڕیارەکانی مرۆڤ، سرووشت و مێژوو بوونیادی ناوە. دیواری ئەتواری مرۆڤە بەرانبەر هەڵوێستی.
لە (لە چاوەڕانی گۆدۆ)دا، بێکیت وەسفێکی سادە و کاریگەری لەسەر تێپەڕاندنی مرۆڤ بەسەر خوود دا هەیە. ڤلادیمێر و ئاستراگۆن شەن و کەوی دۆخی مرۆ کە (خاچێکی بچووک)ی هەڵگرتووە. لە بڕگەیەکی جواندا کە خۆی لە گەنگەشەی دوو کەس بەدەستەواژەی کورت دەبینێتەوە، ئەو دوو گەمژە باس لەنەتوانینیان بە بێدەنگی دەکەن. هەروەک جۆجۆ دەڵێت: بەم شێوەیە ناتوانین ببیستین. هەموو دەنگەکان مردوون، مردووەکان وەکو باڵ و خۆڵ و گەڵا دەنگ دەردەکەن، هەموویان لەیەک کاتدا قسە دەکەن، هەموو دەنگەکان بۆ خۆیانن. چپە و خشەخش و گڵمەگڵم دەردەکەن.
ڤلادیمێر: چی دەڵێن؟
ئەستراگۆن: باسی ژیانی خۆیان دەکەن.
ڤلادیمێر: هەر ئەوەندەی ژیان، بەس نییە بۆیان.
ئەستراگۆن: دەبێت قسەی لێوە بکەن.
ڤلادیمێر: هەر ئەوەندەی مردن بەس نییە بۆیان.
ئەستراگۆن: بەس نییە.
بێدەنگی
ڤلادیمێر: ئەوان وەکو پەڕ دەنگ دەردەکەن.
ئەستراگۆن: وەکو گەڵا
ڤلادیمێر: وەک خۆڵەمێش
لەم بڕگەیەدا، دیدی و جۆجۆ وەکو مردووەکانن، مردووەکانیش وەک زیندوو. لەبەرئەوەی هەموویان ناتوانن بە بێدەنگی بمێننەوە، وەسفکردنی دەنگی مردووەکان هەمان دەنگی زیندووەکانە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا نە مردن نە ژیان بەس نین. مرۆ پێویستە لەبارەیەوە بدوێ، دۆخی مرۆڤ گوزارشتە لە تێڕامان و خۆبەزلزانینی. زۆر بە ساددەیی شانۆییەکانی بێکیت چپە و خشە خش و گڵمەگڵمی مرۆڤێکی ڕەتکراوە.
ڕاست نییە کە خۆبەزلزانینی خوودی ئازادی لە خۆ دەگرێت، ئازادی یان گەورەترین ڕاستییە یان سامناکترینە. ئەمە کەوتووەتە سەر ئەو هێزی ڕۆحەی لێ ڕادەمێنی؟ گرنگە تێبینی ئەوە بکەین بێ ئومێدی بێکیت زۆربەی جار لە دۆگما لیبڕاڵییە مرۆڤایەتییەکانەوە دێت. کە زۆربەی جار زیاتر لە خۆشەویستیان بۆ ئازادی حەزدەکەن جەخت لە یەقینەکان (بڕوا) کان بکەنەوە. بە پەی بردنیان بەوەی ژیان بەس نییە، دەیانەوێت دوگما وەک ئـەوەی ژیانە دەبێ بژی دیاری بکەن. بێکیت شتێک زیاتر لە ئازادی پێشکەش دەکات، ئەم ژیانەی دەبێ لێی بڕوانین و لەبارەیەوە بدوێین و ئەو شێوازەی دەژین بەبێ تەمومژاوی دیاری ناکرێت، وەلێ دەبێت وەک کاردانەوەیەکی بینینی مرۆ بە (بێ سەرووبەری) بێت. بە شێوەیەک کارەکانی نوسیووە، وادەزانی، هەرکەسێک خۆی بەمدا هەڵواسیووە، لەڕاستیدا خۆیان هەڵدەواسن بە خۆیاندا. مرۆ ناتوانێت بڵێت: ” بێکیت وای وت و وای وت”. چونکە بێکیت وتی: ” لەوانەیە”، ئەگەر ئاپۆڕا و ڕەخنەگران وێنەیەکی بێ ئومێدی دەبینن، دەتوانین بگەینە ئەم دەرئەنجامە : بێ ئومێدییەکەی بێکیت ئەوانە.
بێکیت خۆی یان بە بڕوای من، وازی لە ویستی درکپێکردنی یەقین هێناوە. بەڵام ئاماژەی ئەرێنی لێ بەدی دەکرێت، ئەمەش زۆربەی شیکەرەوەکان درکی پێناکەن. ئەو وا لە گوزارشتی شانۆییەکانی و پێکەنینەکانی دەکات گەرم و گوڕ بن، لە گرنگیپێدانی ئەکتەرەکان هاو دەردە. هاودەردییەکەشی شکست نییە، بەڵکە دەرئەنجامی ئەوەن کە پۆڵ تیلیچ دەیڵێت ” بوێرییە هەبیت”.
[1] شانۆیی ” فیدرا” ی ڕاسینی فەڕەنسی (١٦٣٩-١٦٩٩). کەسایەتیی فیدرا بۆ میسۆلۆژیایی یۆنانی دەگەڕێتەوە، شانۆییەکی تراژیدیاییە دەربارەی خۆشەویستی فیدرا بۆ زڕ کوڕەکەی سیسۆس. خۆشەویستییەکە شکست بەسەریدا سەپێنراوە، ڵەکۆتایدا فیدرا خۆی دەکوژێت.
وەرگێڕانی : مەدینە ئەحمەد