عاریف و بیرمەندی ئیسلامی ئەبووحامیدی غەزالی(ناوی تەواوی محەممەد کوڕی محەممەد کوڕی محەممەد کوڕی ئەحمەدی تووسی شافعی غەززالییە)، یەکێکە لە دیارترین بیرمەند و خواناس و زانایانی ئیسلام، فەلسەفە و، سۆفیگەریی سەدەی پێنجەمی کۆچی: سەدەکانی ناوەڕاست. لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا لە شاری ”تووس” لەدایک بووە. نازناوی “حجة الإسلام/بەڵگەی ئیسلام”ی پێ دراوە ، ئەم بیرمەندە خاوەن پێگەیەکی گەورەیە لە جیهانی ئیسلامی کە ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین.
عەبدولحوسەینی زەرین کوپ لە ڕۆمانی هەڵهاتن لە قوتابخانە ”فرار از مدرسة”، بە وردی ژیانی ئەم بیرمەندە گەورەی بە شێوەی ڕۆمان نووسیوەتەوە تا خەڵکی بە وردەکارییەکانی ژیانی ئاشنا ببن، شێوازی نووسینەکەی بە زۆری سادەیە و دوورە لە ئاڵۆزی و گرێ، بۆ ئەوەی هەمووان و بە تایبەتی ئەوانەی عاشقی تێڕانان و قووڵبونەوەی فیکرین و لە سەرەتای تەمەنیاندان لە ژیان و بەرهەمەکامی ئەم کەڵە پیاوە ئاگادار ببن. بەڵام هەوڵمدا لە پاش خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی زەرین کوپ بە چەند خاڵ ئاماژە بە دونیابینی ئەو فەیلەسووفە بکەم.
یەکەم: غەزالی بیرمەندێکی پایەبەرزە لە ناو دونیای ئیسلامییدا و خاوەن کۆمەڵێ تێڕوانینی قووڵە و بە تەنها و لە یەک کاتا هەرچی فیکرە دژەکانە لە خۆیدا کۆی کردۆتەوە، نووسەری ڕۆمانەکەیش هەوڵی داوە ئەم جیاوازییانە بە زمانێکی سادە ورد بکاتەوە. ئەم بیرمەندە وەک نەسر حامد دەڵێ بیرمەندێکە خودان پڕۆژەی ئایدۆلۆژیای میانەڕەوە یا بە دەربڕینی ئەو ”ئایدولوجیة الوسطیة”، کە دەق هۆکاری دژیەکبوونەکەیشی هەر بۆ ئەم خاڵە گرنگە دەگەڕێتەوە، چونکە لە ڕوویەکەوە وا پێ دەچێت دەیەوێ دژیەکییەکان بە شێوەی ناوەندگیرانە کۆبکاتەوە بەڵام سەرەڕای ئەوە هەندێ جار و زۆر جار خۆیشی دەکەوێتەوە ناو بازنەی دژیەکی، هەر بۆیە لە ناو مێژووی ئیسلامییا کەمتر فەیلەسووفێک هەیە بە ئەندازەی غەززالی لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامییەوە تا ڕۆژئاواکەی زۆرترین قسەی لەسەر کرابێت.
دووەم: غەززالی بیرمەندێکی گەورەیە و کەس نکۆڵی لەوە ناکات، سەرەتاکانی ژیانی وەک کەسێکی فەقیه دەردەکەوێت و دواتر هەر زوو دەکەوێتە ناو داوی گومانەوە و لەوێوە دووچاری دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبێت سەبارەت بە هەقیقەت و شێوەی دەستڕاگەیشتن بە هەقیقەت، بۆیە پرسی هەقیقەت نیچە گوتەنی فەیلەسووفان فریو دەدات، بۆیە غەزالی فریوی هەقیقەت دەخوات و خۆی بۆ کۆ ناکرێتەوە. بینا لەسەر ئەو تێڕامانەی کە لە ژیان و نووسینیەکانی ئەم فەیلەسووفەمدا کردووە پێم وایە کە ئەم سۆفییە دژە گەنووسیەتە تا کۆتایی تەمەنی لە ناو ئەم دڵەڕاوکێییەدا ماوەتەوە . غەزالی تاکۆتایی تەمەنی هیچ ئارامی نەبوو، هەر بۆیە لە نێو تۆفانی گومان و جەنجاڵی مەعریفەدا مایەوە.
سێیەم:غەزالی پیاوێکی ئاڵۆزە، بۆیە دژیەکییەکان لە ژیانییدا وەک دەریایەکی بێ بن مەوج دەدەن، وا دەردەکەوێ کە هەموو شتێکە و هیچیشیان نییە، وا دەردەکەوێ کە دژیەکی تەنگی پێهەڵچنیوە، وەک فەیلەسووفێکی عەیارە بیست و چوار دەردەکەوێت، کەچی دژە فەلسەفەیە ”تهافت الفلاسف”، سۆفییەکە دونیایەک ئیمانی بە دڵ و سۆفیگەری هەیە بە جۆرێک کە لە بارەیەوە دەڵێن ”بە دڵ ئیمانی هێناوە پێش ئەقڵ” کەچی قسە لە ئابڕووچوونی باتنییەکان دەکات و فەزحیان دەکات ”فضائح الباطنیة”، کەلامزانێکی دژە کەلامە و پێی باش نییە کە ئەم زانستە هەمووان خەریکی بن ”الجام العوام عن علم الکلام”، لۆژیکزانێکە کە بە لۆژیکی ئەرستۆیی تەواو دڵی داناکەوێ بۆیە میزانی خۆی هەیە ”القسطاس المستقیم، میزان العمل” فەقیهێکە کە پێی وایە فیقهی فەقیهەکان بۆ دونیایە و پڕیەتی لە گرفت و کێشە، بۆیە بکوژی دینە، بۆیە هات و گوتی دەبێ زانستە دینییەکان زیندوو بکرێنەوە و لەو مەرگە حەتمییە قوتار بکرێن ”حیا علوم الدین”، وەک عاشقی ڕووناکی دەردەکەوێ و جۆرێک قسەی لێ دەکات کە هەر دەڵێی پێی گەشتووە ”مشکاة الانوار”، کەچی هێند بە وردی باسی تاریکی و گرفتەکانی دەکات و باس لەوە دەکات لە چ گرفتارییەکدا قەتیس ماوە، دەڵێی فەیلەسووفێکی بوونگەرا و پووچگەرایە ”منقذ من الضلال”، لە لایەکی ترەوە سەرتاپا بڕوای بە قورئان هەیە و پێی وایە نابێ جیاوازی لە نێوان ئایەتەکانی قورئاندا بکرێ وەک باوەڕ پێهێنان، کەچی لە لایەکی ترەوە پێی وایە ئایەتەکان فەرقیان هەیە و ئایەت هەیە پلەی لە ئایەتی دی بڵندترە و هەشیانە خوارتر ”جواهر القرآن”. تەبعەن نکووڵی لەوە ناکرێ کە غەزالی لە هەموو ئەمانەدا زۆر قووڵ و گرنگ و جێبایەخە.
چوارەم:غەزالی ئەگەرچی سەرەتا وەک فەقیهێک دەرکەوت، دواتر وەک ئوسووڵی، پاشتر وەک کەلامزان و فەیلەسووف و لە کۆتاییەکانی تەمەنیشیدا وەک عاریف و سۆفی و تا ڕادەیەکی زۆر بە ناچاری ڕێگەی سۆفیانەی هەڵبژارد و لەم بارەیشوە گەوهەرێکی زۆری هەڵڕشت، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە کاریگەری هەموو قۆناغەکان لای غەزالی لەسەر یەکتری دەمێننەوە و لە ژیانیا ڕەنگ دەدەنەوە، غەزالی یان ئەوەیە ژیانی مەعریفیی بە شێوەی هەڕەمی و خۆویست هەڵدەکشێ، یان ئەوەیە خۆی بە شێوەی خۆرسک تووشی ئەم قۆناغە هاتووە، بەڵام هەرکامیان بێت ئەوە ڕوونە کە غەزالی ڕێک بە هەمان ڕیزبەندی فەزڵی زانستەکان و قۆناغە مەعریفییەکان بەسەر یەکدا دەدات، بۆ وێنە لای غەزالی هەر ئەوە نییە کە زانستی ئوسوڵ لە زانستی فیقهـ گەورەترە، بەڵکو وەبەرهێنتریشە نیسبەت بە زانستی فیقهی کە زانستی فیقهی زانستێکی بەکاربەرە.
پێنجەم: بینا لەسەر تێڕوانینەکەی سەرەوە غەزالی بەم شێوەی خوارەوە هێڵبەندی بۆ زانستەکان دەکات:
ئەو پێی وایە فیقه لە ئسووڵ وەردەگرێت، ئسووڵیش لە زانستی کەلتم، بەم پێیە زانستی کەلام نیسبەت بە زانستی ئسووڵ وەبەرهێنەرە، هەر چۆن زانستی ئسووڵ نیسبەت بە زانستی فیقه وەبەرهێنەرە، دوای زانستی کەلام، فەلسەفە دێت، کە فەلسەفە دایکی هەموو زانستەکانە و نیسبەت بە زانستی کەلام وەبەرهێنەرە، زانست هەرچی پتر هەڵکشێ پتر نیسبەت بە زانستی دوای خۆی کاریگەترە. لە میانەی ئەم هێڵبەندیبەدا زانستی سینە بە سینە و سۆفیگەری دێتە پێش کە غەزالی ئەمەیانی ناوناوە زانیتی دڵ و سینە و پێی وایە دڵی پیاوچاکان گۆڕی نهێنییەکانە و لێوان لێوە لە حیکمەت، بەڵام سوهرەوەردی و شارەزووری پاش ئەم دێن و ناوی دەنێن حیکمەتی چەشەیی زەوقی. غەزالی پێی وایە چەشە هەمان دیتنە یان وەک ئەوە.
شەشەم: غەززالی لە کتێبی”مشکاة الانوار”هەندێ هێڵی گرنگی ئیشراقی دەخاتە ڕوو بەمەیش پێش سوهرەوەردی و شارەزووری هەندێ نهێنی ئیشراقی دەدرکێنی و من لە پەرتووکی هێمالاهووتییەکان ئاماژەم بە گرنگی غەزالی و کاریگەرییەکانی کردووە. خوێنەر دەتوانێ لەوێ بیبینێت. غەزالی کاریگەری لەسەر ئیبن عەرەبییش داناوە کە زەقترینی ئەو کاریگەریانە بریتین لە پرسی سیفات و ئەسمائی ئیلاهی و دوالیسمی نوور و زوڵمەت و دەرکەوتنی ڕووناک و وردەکاری سۆما و چۆنیەتی دەرکەوتنی ڕووناکی و هتاد.
حەوتەم: ئەبوحامدی غەزالی دڵی وەک سەنتەرێک تەماشا دەکرد و دژی ئەقڵ و حیکمەتیش نەبوو، هەربۆیە بەجۆرێک لە جۆرەکان تەواوی نووسینەکانی ئەو پۆڵێنکردن و دانانی سنوورە بۆ چەمکەکان و پێداچوونەوەیەکی گشتییشە بۆیان. واتە هەر زانستەکان پۆڵێن ناکات، بەڵکو چەمکەکانیش پۆڵێن دەکات و ڕەخنەکانی بە وردی دەخاتە ڕوو، باس لە کاریگەری خراپ و باشی هەموو زانستەکانی سەردەمی خۆی دەکات، لە ماتماتیکەوە بیگرە تا زانستی سیاسەت و عیلمی کیمیا و سیمیا و فیزیا و هتاد.
هەشتەم: غەزالی بیرمەندێکە کیشوەربڕە، لە ناو ناوچەیەکدا نەماوەتەوە، هەندێ لە پەرتووکەکانی جیهانین و وەک توحفە ماونەتەوە و کاریگەری زۆریان لەسەر جیهانی ئیسلامی داناوە. بەڵام لەبارەی کەسایەتی خۆیەوە لە ڕووی مەعریفی هەندێ وەک سۆفی و عاریف هەژماری دەکەن و هەندێ وەک فەیلەسووف و هەندێ وەک موجتەهید و هەندێ وەک ئوسووڵی، ئەوەتا ئیبن خەلدوون دەڵێ تا سەردەمی ئەو، واتە ئیبن خەلدوون_ یەک کتێبی ئسووڵی لەوەی غەزالی باشتری پێ شک نایەت. لە ناو فەرهەنگە ڕۆژئاواییەکاندا غەزالی وەک فەیلەسووف ناوی نایەت، ئەمەش ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە پابەندی فەلسەفە مەششائییە ئەرستۆییەکەی نەبووە و پتر ئیبن ڕوشد بە ناوی ئەڤیرۆس گرنگی پێدراوە و لە فەهرستە ڕۆژئاواییەکان ناوی هاتووە، هەم لەبەر ئەوەی لە ئەوروپا ژیاوە و هەم لەبەرئەوەیش پابەند بووە بە پەیڕەوبەندە ئەرستۆییە مەششائیەکەوە.
نۆیەم: لای غەزالی زەوق هەمان شهوودە و شهوود پلەیەکی باڵاتر لە ئەقڵ و ئەقڵانییەتی هەیە، لای ئەو خودا وەک ڕووناکیی باڵا یان ”نور الانوار”ە و باقی شتەکان لە ژێر تیشکی ئەو ڕووناکییەن، بەم شێوە لای غەزالیش ڕووناکیی پلەبەندیی هەیە، هەمان شتێ کە دواتر بە شێوەیەکی فراوانتر و بە پانتاییەکی گشتگیر تر لای سوهرەوەردی و شارەزووری دەیبینینەوە.
دەیەم: غەزالی بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێو کڵێشەی مەجووسییانەوە ئەوا شرۆڤەیەکی قووڵ بۆ ڕووناکی و تاریکی دەکات و پێی وایە ڕووناکی هەبوونە و تاریکی نەبوون، بەمەش دەقیقەن دەرگایەکی فراوان بەسەر قوتابخانەی ئیشراقدا دەکاتەوە.
یانزەیەم: کڵێشەیەک کە غەزالی لە کتێبی جواهر القرآندا بۆ قورئانی دەکات تایبەتە و جیاواز، چونکە ئایاتی ئیلاهی لە قورئاندا قەتیس ناکات و ئایاتی قورئانیش پۆڵێندەکات بۆ پلەی جیایا کە ئەم کڵێشە دواتر کاریگەرییەکی زێدە گەورەیان هەبووە لەسەر ئیبن عەرەبی و دەرگایەکی زلەیان بەڕوویدا کردۆتەوە کە ناشاردرێتەوە.
دوانزەیەم: غەزالی چونکە بۆ چینە جیاجیاکان کتێبی نووسیوە و چاوی لەسەر چڤات و نوخبەش بووە ئەوا لە جێیەک شتێک بە ڕەوا و لە جێیەکی تر کوفر و ناڕەوا هەژمار دەکات، بۆیە دژیەکییەک لە نووسینەکانییدا دەبینرێتەوە کە تەنها مەگەر لە چوارچێوەی کۆی کڵێشەکانییدا بۆ چەمکەکان و پرسەکان بتوانی قوتاری بکەی لەم دژیەکیانە، هەر بۆیە غەزالی کۆکەرەوەی هەموو چەمک و زانستە دژیەکەکانیش بووە.
سێزدەیەم: ڕاستە دوای غەزالی هەندێ فەلسەفە ڕووی لە پاشەکشێ کردووە بە شێوەی گشتی بەڵام ڕوانگە و سەرنج و دونیابینییەکانی غەزالی کەم کاریگەریان نەبووە لەسەر جموجووڵی بیرمەندانی پاش ئەو، واتە ئەوە فەلسەفەی مەششائی بوو بە تەحدید کە پاش غەزالی لێی درا و کەلێنەکانی دۆزرایەوە نەک عەقڵانییەت و عەقڵکاری بە شێوەی گشتی، بەڵام ئەمە دوو سەرەیە و هەرچی بێ بە هەردوو بارەکەدا غەزالی ڕۆڵی بینیوە و کاریگەری جێهێشتووە.