“ئهم وتووێژه به فارسی کراوه و دواتر له لایهن ئامادهکارهوه کراوه به کوردی”
پرسیارەکان1؛
- سەرەڕا و لەسەرووی هەموو ئەو پێدا هەڵگوتنە ورد و درشت بێژانە کە سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکانی ئێران دا هەیە، کە بەراستیش درووست و بەجێن، مامۆستا بێکەس تا چەندە لە ژێر تیشک و سێبەری بەرهەمەکانیدا، رووبەر و ئاسۆی دەرکەوتووە و ناسراوە؟ ئەگەر ئەم ناسراوەتییە پێویست و تەواو و شیاو نیە، هۆکارەکانی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
وەڵام: تا پێش لە کۆمەڵە و هەڵبژاردە شیعری “سلێمانی و بوولێڵی جیهان” لە زمانی فارسیدا جارناجارێ شیعرێک لە شێرکۆوە دەبیسترا “زۆرتر بیستراوانە”، ئەم کۆمەڵە هەڵبژاردە یارمەتی دەر بوو لە ناساندنی شێرکۆ بە جیهانی شیعری لە ئێران. بەشێوازێکی سەربەخۆ و یەک کتێبێکم لە مامۆستا نەدیوە. ئایا بۆ ناساندن و پێناسەکردنی “شێرکۆ بێکەس”، هەر ئەم چوارسەد لاپەڕە شیعرە بەس و شیاوە؟ ئەم کەڵە شاعیرە حەوت هەزار لاپەڕەی نووسراوەی هەیە. پەرش و بڵاو و کەم و کورت هەڵبەت بەرهەمانێک لە “شێرکۆ بێکەس” وەرگێڕدراون کە لە تیراژگەلێکی بچووک دا، کە ئەوەش تەنها گەیشتۆتە دەستی کەسایەتییە تایبەتە فەرهەنگییەکان وەکوو شاعیران، بەڵام گرینگ تەواوی خەڵکە نەک تاقمێکی کولتووری، لە ئێرانی ئێمە دا خەڵکی مێژوویی، خەڵکی کولتووری، خەڵکانی شیعردۆست هەن. شاعیرانێک (لە زمانانێکی دیکە) کە شیعرەکانیان ناودارتر و بەناوبانگتر لە کەسایەتییانە وەکوو لەنگەستۆن هیووز و شاعیرانێک هەن کە کەسایەتییان بەربڵاوتر و ناسیاوتر لە شیعرەکانیانن وەکو فیدریکۆ گارسیا لۆرکا، شێرکۆ بێکەس، ئۆکتاڤیۆ پاز.
هیوادارم هەر لەم دیالیکتیک و دانوستانە کولتوورییانە دا لە نێوان زمانی کوردی و فارسی دا، لە هەر دوولاوە زۆرتر وەربگێڕێت و لەوانەش شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس و شاعیرانیتری گەورەی هەرێمی کوردوستان، عەبدوڵڵا پەشێو، لەتیف هەڵمەت، کەژاڵ ئەحمەد، رەفیق سابیر و…هتد کە ئێستاکە لە زەینم دا نییە و ئێوە باشتر دەیانناسن.
وەرگێڕگەلێکی وەکوو رەئوف مورادی، کەریم موجاوری، حەڵەبجەیی، جەلیلییان، فەریاد شیری و(ئەم ناوانە لە دەست نووسەکە-وەڵامی پرسیارەکان- دا ساڵحی وای نووسا بوو و منیش دەسکاریم نەکردن.وەرگێڕ)… وەرگێڕان گەلێکیان کردووە کە دەبێت بە شێوەیەکی بەربڵاوتر درێژە بەو کارە بدەن. هەڵبەت هەر بەتەنها وەرگێڕان و هەڵگەڕاندن گرینگ نییە، وەرگێڕان دەبێت پڕبڕست و بەوزە، تەندرووست و کاریگەر- دەقاودەق وەکوو شیعرە رەسەنەکە- روو بدات، ئەگینا وەکوو نامیلکەیەکی لێ دێت لە تیراژێکی هەزار دانەیی و دواتریش ون دەبێت، بێ کاریگەری و لەیادچوو و فەرامۆش کراو، ئیشی لاواز لە وەرگێڕان دا بڵاو نەبێتەوە باشترە، چوونکوو هەم ئابڕووی شاعیر و هەمیش ئابڕووی خودی وەرگێڕ دەکەوێتە مەترسییەوە.
- پ:بۆچی لە ئێران ئەدەب و بەتایبەتی شیعری کوردی لەگەڵ شێرکۆ بێکەس دا گەشەی کرد و ناسرا؟ ئەمە لە حاڵەتێک دایە کە ئەگەر بە روانینی نێوان دەقیی میخاییل باختیین چاو لە دەق بکەین، شێرکۆ داهاتوو و داهێنراوی دەقەکانی پێش خۆی و بەتایبەت کەڵەشاعیرانی کلاسیکی کوردیی بوو کە جیهانی کوردییان لە سەدەگەلێکی پێشترەوە بۆی گێڕاوەتەوە. شاعیرانێک وەکوو حەزرەتی نالی، مەحوی، شێخ رەزا تاڵەبانی، ئەحمەدی خانی،حوسێن حوزنی موکریانی و حاجی قادری کۆیی و …هتد زمانی شێرکۆیان شکڵ دا و خودی شێرکۆش لە دووتوێ و ناواخنی دەقەکانی دا ئاماژەیان پێ دەدات.
وهڵام: مەبەست و واتاکانی میخاییل باختین چ پێوەندییەکی لەگەڵ خەونەکان و خەڵکی ئەم دەڤەر و ناوچەیە هەیە؟ هەر بوون و ئامادەگییەک لە جیهانی خۆماڵییانەی خۆیدا دەگاتە مەبەست و ئامانج، بەتایبەتی لە شیعر دا. من رێزم هەیە بۆ بیردۆزی و تیۆرەکانی پێکهاتەخوازانی رووسیا، بەڵام پێکهاتە قووڵ و هەراوە زەینی و زمانییەکانی ئێمەی خەڵکی ئەم دەڤەرە میکانیزم، ئامێر، ماکە و هۆکاری خۆی هەیە و هەر بەو شێوەیەش پێناسە و بەرئەنجام و شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە و هەڵدەگرێ. شیعرێک کە دەرهاوێشتە و دەرئەنجام و بەریی تیۆری ئەم و ئەو بێت، بەکەڵکی تاقیگە و لابووری تایبەت بە هیپاتیتی زەینی دێت. تیۆری ئێمە شۆڕش و هزر، ستران و یاخی بوون، داهێنان و رابوونە، ئەمەش لە هەموو ساتێک لە نێو ناخی زمان، بابەت، گێڕانەوە، شکڵ، پێکهات، لە فۆرم، لە فام و تێگەیشتن و لە بەرهەم ئانین دا هەبوونی هەیە.
لەکات و ساتی داهێنان و خەلیقەت کردن دا، وەگێڕ و دانەر بۆ ئەم و ئەوێک کە بە شوێن خۆنواندن و گیفەگیفی زانستی تیۆریک و زمانی دەسکرد و تۆپزییانەی خۆیانن، هیچ نرخ و بایەخێک دانانێت. کاتێک نالی و حافیز و شاملوو و شێرکۆ بوونیان هەیە، باختین و ئەوان دۆڕاو دادەمێنن. بەرهەمی ئەم گەورانە(باختین و…) تەنها بەکاری زانستگا دەوڵەتییەکان دێت، نەک شاعیرێکی داهێنەر و خولقێنەر! خۆگلاندن و تێ کەوتن لەم بابەتانە وەکوو ئەوە وایە کە سەرتاپا جل و بەرگی کوردی لەبەر کەین و ئەوجار بۆییناباخێکیش هەڵبەستین، ئایا منداڵانی کورد بە ئاوەها بیچم و تەرحانێک پێ کەنینیان نایەت؟ ماوەیەکی کورت یەک دوو کەسێک بە پەنابردن هەر بۆ ئەم “شۆخیی”انە، زۆر و زەبەندانێکیان لە ئێراندا پێ کەناند، بەڵام خەڵک نەیانی بینی و رەتیانی کردەوە. خەڵک بۆ من گرینگن، “خود”ی کۆیی گرینگە. شیعری مامۆستا شێرکۆ لە ئیچراندا جێگەی خۆی دەکاتەوە و وەردەگیرێت، چوونکوو زۆر و لەگوڕ سادیق و راستەقینەیە، و هەستیار لەهەمبەر رۆحی شیعر، گیانی شیعر، جیهانی شیعر. باختینەکان تیۆرەکانی خۆیان لەناخی و ناوکی شیعری شاعیرانێکی وەکوو بێکەس دەبیننەوە، نەک بە پێچەوانەوە! خەڵکی پێشڕەو و سەخت پەسەندی ئێران- لەزمانی فارسی- شیعری شێرکۆیان پەسند کردووە و داکۆکییان لەسەر کردووە. ئەمەی کە ئەو کلاسیکە خۆ کێوەکانی قەندیلیش کلاسیکن2!
- پ: تا چەندە پرس و بابەتگەلی شوناسیی و مێژووییتان لە بەرهەمەکانی شێرکۆ دا بینیوەتەوە؟جیا و جگە لەوەی کە شیعر لە گەڵ جەوهەر و کرۆکێکی ئینسانی دا بەرەوڕوویە و زمانی جیهانگیر و وەکوو دەڵێن: بەزمانی ئیسپرانتۆ(زمانێکی یۆنیڤێرساڵ و گشتی کە فەیلەسووفانی رێبازی فەلسەفەی شیکارانە لە سەودا و عەوداڵی رۆنانی دەژیان)ی ئێمە دەژمێردرێت، چاو لەم پرسیارە بکەن.
وڵام: بۆ تێگەیشتن و فام کردنی ئاوەها نیشانەگەل و هێماگەلی شوناسانە پێویست و حەوجێ بە لێ کۆڵین و شیکاری و لێک دانەوە نییە. شیعرێک کە لەبنەوەڕا و لەکرۆکی خۆیدا سەرچاوەی ئاوەها شوناسگەلێک نەبێت، شتێکە لە ئاست و رادەی “کا(پووش)”، پووش و وشە! کاتێک من دەڵێم: “شیعر” واتە هەموو شتێک لەوپەڕی بەرزی و کەماڵی خۆی دا. ئەگەر هیچ ناوونیشانێک لە کوردوستان و نەتەوەی کورد لە سەر زەوی دا نەمێنێتەوە، بە گەڕانەوە و بەسەرکردنەوەی نووسینەکان و شیعری نالی، مەحوی و شێرکۆ دەشێت و دەکرێت هەمدیس ئەم بەش و کەرتە لە جیهان و ئینسان یەک یخەینەوە و دای بهێنینەوە. لەمە گرینگتر؟ با بەرە گەنجەکانیتریش بڵێن: نەکەن بکەونە بەر شەپۆلی ترس و سامی ئەم لێکدان و رێکەوەندە هاوردەیی و غەوارە و بێهوودەیە. شیکردنەوە و لێکدانەوەی ئینسان و جیهان ئەوەندە ئاڵۆز نییە کە بڕۆینە لای بۆ نموونە (فەیلەسووفانی شیکارییەوە). خۆنواندن و بریقە وەبەر خستنی خۆ لە زماندا و لەرێگەی ئەم وشە و لێکدانانە سەپاوەوە تەنیا منداڵان رادەچەنن و دەترسێنن. مرۆڤی داهێنەر و پڕزانیاری دەبێت بە زمانێکی سادە و ساکار و بێ توێکڵ بێتە ئاخافتن.
- پ: ساڵەحی و بێکەس شوناسی زمانییان کە دەنگدەرەوە و نواندنەوەی ئەزموونی جیهانییان بەناوی شیعرە، تا چەندە پێک تەنراو و تێک تەنراون؟ دەمەوێ وەکوو لوڕێک یان بەختییارییەک چاو لەم بابەتە بکەن. من کاتێک لە پێگەی خوێنەرێک دا شیعرانێک لە رابردووی دیرۆکی و مێژوویی خۆم دەخوێنمەوە کە کەش و هەوا و جوش و خرۆشێک لەگەڵ خۆیدا دێنێت کە ڤێکچووە لەگەڵ ئەو ساتانەی کە شیعری کچۆڵە و مانگی لۆرکا بە وەرگێڕانی شاملوو دەخوێنمەوە و ئەو نموونەیەش کە لە فۆلکلۆری لوڕی لە پێشەکی دا بۆتانم هێناوە دەشێت لەم دۆخ و حاڵەتە جێگیر و دابەشکاری بکرێن.
وهڵام: سەرەڕای لوتفی ئێوە، دان بەوە دا دەنێم کە لە نێوان من و ژیانی کورد و مرۆڤی کورد مەودایەک نییە. رەگ و ریشەکان هاوبەش نین، بەڵکوو “یەک و یەکێ”کن. لقەکان و سەر دار و سەر ریشەکانیش لە یەک هەتاو هێز و وزە دەگرن. هەمووی ئێمە گرێدراو و پەیوەستی (گوتار و وتارەکانی زاگرۆس)ین. رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکوور و باشوور، ئەم زنجیرە چیایە لە پێگەی (دایکێک) تەنها یەک داوێنی هەیە بۆ فێرکاری و پەروەردەی رۆڵەکانی.
- پ: ئایا وەرگێڕە کوردەکان رۆڵی درووست و راستەقینەی خۆیان بە ئاراستەی گەیاندنی واتا و تێم و ناوەرۆکە شیعری و ئەدەبییەکانی ئەدەبی کوردی بۆ ناو ئەدەب و کۆڕە ئەدەبییەکانی فارس گێڕاوە؟ ئەگەر نەیانگێڕاوە پەیام و قسەتان لەوبارەوە چییە؟
وهڵام: هێشتا زووە لەسەر ئەم “پێدراو و پێ بووگە3” قسە بکەین و داوەری بکەین. وەرگێڕان کارێکی ئەستەمە، بە تایبەتی وەرگێڕانی شیعر. کەسێک کە خۆی شاعیرێکی پرۆفیشێناڵ و پسپۆڕ نییە، مافی ئەوەی نییە شیعر وەربگێڕێت، ئەگەریش ئەوەی کرد دەبێت لە شاعیرە بەتواناکان کەڵک وەربگرێت، یان لانیکەم دووبارە بێژی و دووبارە داڕێژی بکرێت. کەسێک کە رێبەری ئۆرکێسترا نییە، تەنها ئەوەی کە دەتوانێت “نۆت”ەکان بخوێنێتەوە، ناتوانێت “سەمفوونی پێنجەمی بێتۆڤێن” بەڕێوە ببات و بیژەنێت. کەسێک کە دەتوانێت خۆماڵییانە هەڵپەڕێ و دیلان بکات، تەنها لەبەر ئەوەی کە دەتوانێت خۆی بجووڵێنێتەوە، ناشتوانێ سەما یان هەڵپەڕکێی “ئیزادۆرا” ئەنجام بدات و پێشکەش کات. شیعر ناسک تر و تەنک و تەرچک4 تر لە مۆسیقا و سەمایە، وەرگێڕ دەبێت جادووکار و سیحرباز بێت لە شیعر دا، ساحیر بێت لە وشەدا تا بتوانێت، راستیی و حەقیقەت بە تەواوی پێناسەکانییەوە بگوازێتەوە و بیپەڕێنێتەوە. لە بابەت و کردە و بکەرێکی وەکوو شیعر دا تەنها وەرگێڕان بەس و شیاو نییە، دووبارە داڕتنەوە و نۆژەندنەوەیەتی کە پاش وەرگێڕان گرینگە.
- پ: تا چەندە لەگەڵ زمانی کوردی دا ئاشنایەتیتان هەیە؟ ئەم ئاشنایەتییە تا کۆێندەرێ جێگەی باوەڕ و متمانەیە بە ئاراستەی خوێندنەوەی شیعرێک کە تەواو بە زمانی کوردی هاتۆتە هەڵبەستن و هۆنین؟ مەبەستم لە شیعری تەواو کوردی ئەوەیە کە شیعرێک بێت کە بە پێی توخم و ماکە و پێکهات و تەنانەت ناوەرۆکە ئینسانییەکان و بە شێوەیەکی قووڵ لە هەناوی کۆمەڵگا و مێژووی کورد هاتبێتە بەرهەم و روودان و هەر بە گوێرەی ئەوەش لە زمانی کوردیدا خۆی دەردەخات و بکەوێتە لەنجان و بریق و باق.
وهڵام: من وەرگێڕ نیم، لەگەڵ و لەتەنیشت وەرگێڕە کوردەکان دا شیعری مامۆستا بێکەسم داڕشتۆتەوە و نۆژەندوومەتەوە. کاریگەرییەکە لەوپەڕی واڵایی خۆی دا بوو. خاتوو فریشتە ساری شاعیر و رۆمان نووسی ناوداری ئێران) پاش خوێندنەوەی “سلێمانی و بوولێڵی جیهان” بە منی گوت: “لێرە و لەوێ دەمبیست کە شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی گەورەیە، بەڵام شیعرەکانی بە دڵەوە نەدەنیشتنەوە، ئێستا بە خوێندنەوەی ئەم کۆمەڵە هەڵبژاردە شیعرییە، تێدەگەم کە شێرکۆ بەراستی شاعیرێکی مەزنە، وەرگێڕان و نۆژەندن، واتە ئەوپەڕ و کەماڵی کارەکە، من لەگەڵ زمانی کوردی دا ئاشنایەتییەکی ئەوتۆم نییە بەڵام تا رادەیەک لێی تێدەگەم چوونکوو لە زاراوەی لوڕی(بەختیاری) نێزیکە، یان بە پێچەوانەشەوە.
- پ: لەگەڵ ئەدەبی کوردی بە مانا بەرین و ئەوڕۆییەکەی واتە هەر لە شیعر و پەخشانەوە بگرە تاکوو دەقە زانستی و فەلسەفییەکان، تا چەندە ئاشنایەتیت هەیە؟ “ئەدەب بەم واتایە لە کتێبی تیۆری ئەدەبی یۆهان ویلم بێرتنێز، وەرگێڕانی فەرزان سجوودی کە لە زمانی ماتیۆ ئاڕنۆڵدەوە دەیگێڕێتەوە، مەبەستمە” واتا لە هەر رێگەیەکەوە کە لەم ئەدەبە ناسیاوەتیت پەیدا کردووە چ لەرێگەی خودی زمانی کوردی یان فارسی و ئینگلیزی گرینگ نییە، تەنها سنوور و کەوشەن زانیاری و ئاگاداریتان بۆمان بدرکێنن و تێڕوانین و هەڵوێستتان بۆی چۆنچۆنینە؟
وهڵام: هەر چییەک تاکوو ئێستا وەرگێڕدرا بێتە سەر فارسی(باش یان خراپ لە وەرگێڕانی دا) خوێندوومەتەوە. لە شیعرەوە بۆ رۆمان و..هتد، هەڵوێستێکی تایبەتم نییە، جگە لەوەی کە وەکوو وایە و وا دەنوێنێت کە من پێشتریش ئەم دەسکەوت و بەر(داهات) انمە خوێندۆتەوە. هەر هەمان جیهانی هاوبەش و گوتاری زاگرۆس، ئاوەها هەستێک لە من دا دەورووژێنێت، شوناسەکان “یەک و یەکێ” کن.
- پ: ئێوە وەکوو شاعیرێک، یان وەکوو مرۆڤێک کە “دەخوێننەوە و دەنووسن کەواتە هەن”، لە کڵاورۆچنەی تێگەیشتن و فامی خۆتان لە شیعر و ئەدەب و زمانی کوردی تێڕوانینتان بۆ لێکدانی ئینسان ناسانەی”شوناسی کوردی” کە بە شێوازێکیش گوتاری زاڵی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردیی تەنییەتەوە، چییە؟ ئەم پرسیارە پسپۆڕانەیە و تا رادەیەکی زۆر لە دەرەوەی بازنەی باسەکەمانە، بەڵام بە بۆنەی رەنگدانەوە و دەرکەوتنی ئەدەب و شیعر لە بەشێک لە پێکهاتی شوناس و پێوەندی دیالیکتیکیانەی ئەم دوو وتەزایە، دەتوانین بپەرژێینە سەری و لەم روانگەیەوە وەڵام بدەنەوە.
وهڵام: پێشتریش ئاماژەم پێ دا. مرۆڤ بۆ من مرۆڤە. ئەگەر سەرنجت دابێت کە حەتمەن سەرنجت داوە، وەڵامی ئەم پرسیارەم بە شێوەی ئاماژەیی و پەراوێزی لە جوابی پرسیارەکانی پێشوو دا باس کردووە. لە فرەپاتی دەبێت هەڵ بێین و خۆ ببوێرین، ئێمە ئامانجمان ئەوە نییە خوێنەر بتۆقێنین و بەردەنگ بترسێنین. لە وتووێژیش دا درووست نییە کە لێدوان و قسەوانی بەسەر خوێنەر و بەردەنگ و هۆگران دا بسەپێنین.
- پ: شێرکۆ لەیەکێک لە بەرهەمەکانی دا بەناوی “ئافات” کە بەداخەوە لە بەستێنی رەخنەی ئەدەبیی کوردیشدا بەهۆی هەندێک بۆشایی بەشێوازێک چڕوپڕ و شیاو نەپرژاوەتە سەری، بە گێڕانەوەیەکی دیرۆکی5-شیعری جەمسەرە شوناسییەکانی خۆی هەڵدەپێکێت بە زەردەشت و مەلەک تاووسەوە (کە خودای ئیزەدییەکان یان یارسانییەکانە” ئایینێکی کۆنی کوردییە کە دوای هاتنی ئیسلام و موسڵمان بوونی زۆرینەی کوردان لایەنگران و پێڕەوانی لەدەست دا و هەنووکە پێڕەوانێکی سالیک و رێڕەوی هەیە)، وا دەگێڕێتەوە کە دوای هاتنی ئیسلام کچێنەیی “ناهید”(یەکێ لە کەسایەتی و کاراکتەرەکانی ناو ئەم رۆمانە شیعرە، و تاقانە کەسی جێگەی پیرۆزی و ستایش و پەرستشی ئەهورامەزدا) و پیرۆزایی موغەکان و رووناکایی نوور، وەکوو مەسیح لەخاچ دراو دەبینێت، ناهید، کچە چاوسەوزی میدیایی لە تەنیشت مەسیح و حەللاج و ژاندارک لە یۆتۆپیا و شارەخەونێکی نادیار و بێ سڕوراز پێک دەگەن و لەم بارەیەوە تۆزێک بدوێن؟
وهڵام: پێوەندییەکی لەگەڵ شیعر و وەرگێڕان دا نییە. من ناپەرژێمە سەر ئەم باس و خواسانە تکایە لە شوێنێکی دیکە گەڵاڵەی بکە و بیخە روو.
- پ: شکڵ و پێکهاتی شیعرەکانی مامۆستا بێکەس بە رۆمان- شیعر ناوی دەرکرد و بەراستیش جێ کەوت، بەشێوەیەک واتە ئەگەر شێرکۆ ماوەی چەند کاتژمێر بۆ بەردەنگ و گوێگری گشتی شیعر بخوێنێتەوە بەدەگمەن شەکەتییان تێدا درووست دەبێت و ئەمەش بە جاروبار سەلماوە، تا چ رادەیەک ئەم پێکهات و شێوازە شیعرییە دەناسن و بەلاتانەوە باشە؟
وهڵام: شانامەی فیردەوسی و خەمسەی نیزامی گەنجەویش هەر بە (شیعر-رۆمان) ئەژماردە دەکرێن(لە شێوازناسی شیعری کۆندا)، شێرکۆ بێکەس لە چاخ و سەردەمی ئێمە و لە زمان و بیچم و پێکهاتی مۆدێڕنی شیعری نوێ دا ئەم شێوازەی بووژاندەوە و زیندووی کردەوە. شیعری درێژی “ئەفسانە”ی نیمایۆشیجیش هەر ئەمەیە. لەبنەما دا رۆحی گێڕانەوە و چێژی گێڕانەوەی هەڵگریی لە رۆژهەڵات دا، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین و نەتەوەکانی ئەم ناوچە و دەڤەرە لە پێگە و شوێنگەیەکی ئەزەلی و ئەبەدی جێ دەگرێت. شیعر-رۆمان دیاردەیەکی جیهانی و مێژوویی و بەشەرییە. ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمەریش هەر ئەمەیە. بەرهەمەکانی شیکسپییەریش(نواندنەوەی شیعر)ن. (بەردی هەتاو) ئۆکتاڤیۆ پازی مەکزیکیش دیسان هەر ئەمەیە. شاعیرانێک لە جیهانی ئەمڕۆیی دا بووگن و ئێستەش هەن کە دەستیان داوەتە وەها هەوڵ و تێکۆشانێک، بەڵام خۆ هەموویان وەکوو شێرکۆ-لەم چەشن و شێوازە ئەدەبییە دا- سەرکەوتوو نەبووگن. شیعری درێژی “میوانیی” ئەحمەدی شاملووش هەر لەم چوارچێوە و قەوارەیە دا دەگونجێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. گارسیا لۆرکاش ئەزموونگەلێکی لەم بوارە دا تاقی کردەوە.
- پ: وەکوو شاعیرێک یان بە دەربڕینێکی مارتین هایدیگەریانە وەکوو “دازاینێکی بووگ بار6” کە لە شیعر دا ماڵی خۆی رۆ دەنێت، رۆڵ و دەوری کارەسات و لێرەدا کارەساتی حەڵەبجە کە لە چەند سەد کیلۆمەتر ئەولاتری سنووری ئێران لە ساڵی 1988دا رووی دا، لە جیهان و شیعرەکانتاندا چۆن بووە و چ رەنگدانەوەیەکی هەبووە؟و ئەگەر نەیبووە بۆچی؟ ئێوە لە پێوەندی نێوان هونەر و کارەسات داکۆکیتان کردووە و پێتان وایە کارەسات وەردەگێڕێتە سەر زمان و پێکهاتی داهێنان(هونەری، ئەدەبی و …هتد)
وهڵام: شیعری “خوتبەی حەلەبجە”م لە کات و ساتی روودانی کارەساتی حەڵەبجە دا نووسی. کاریگەری ئەم خەمە ناکۆتایە هێشتاش هەر ماوە. جیهانی چارەسەرهەڵنەگری ئێمە لە گەڵ ئێش و ئۆف دا دەقی گرتووە و بە رەنج داهاتووە. هەر بەم هۆیە مرۆڤی سەرکەوتوو”هیوا”ی داهێناوە یان ئومێدی ئافراندووە. ئافراندنی هونەری رەگ و ریشەی لە تەواوی لایەنان و رەهەندەکانی چارەنووسی زەمین و زەمان و ئینسان دایە، و کارەسات و تراژێدیش بەش و پاژێکن لە جیهانی ئێمە، کە تاو نا تاوێک، دەبن بە ئاخێزگە و خواستی داهێنان و ئافراندن.
- پ: لە ئەدەبی چیرۆکی و بەتایبەتی رۆمانی کوردی چەندە ئاگاداریتان هەیە؟ شۆڕشگەل و بزووتنگەلێک لە بواری چیرۆک و رۆمان لە رێگەی نووسەرانێکی وەکوو شێرزاد حەسەن، شارام قەوامی، بەختیار عەلی، هیوا قادر، حسەین عەلی، فەرهاد پیرباڵ، عەتا نەهایی لە کوردوستانی رۆژهەڵات و باشوور هاتوونەتە ئاراوە و کاریگەرییان بە روونی لەسەر کۆمەڵگا و گوتاری کوردی دیارە.
وهڵام: پێشتریش عەرزتم کرد کە هەرچی وەرگێڕابێتە سەر فارسی خوێندوومەتەوە. بەرهەمەکانی هاوڕێم؛ فەرهاد پیرباڵم لا باشە و جێگە پەسندمە، رۆمانی بەختیار عەلی بێ هاوتایە. بەختیار عەلی چەند مانگ پێش زەنگی لێ دا، و تەلەفوونی پێکەوە قسانمان کرد و ئاشنا بووین، تا دواتر ئەگەر تەمەن و دەرفەتێک بوو، دیدارێک پێک بێت.
- پ: چەند ساڵ پێش لە کۆڕێک خۆمانی و دۆستانە دا د.فەرهاد پیرباڵ پێی گوتم کە بڕیارە سەید عەلی ساڵەحی ببینم و دانیشین پێکەوە، پێوەندیتان لەگەڵی چۆنە و رۆڵی پیرباڵ لە ناساندنی ئەدەبی کوردی دا چۆن دەبینن؟
وهڵام: فەرهاد هاتووچۆی ئێران دەکات، لە کارگەی شیعری من دا لە تاران شیعری خوێندۆتەوە، فارسی زانە. ئێمە دۆست و هاوڕێین چ تاران بێت یان سلێمانی دیدارگەلێکمان پێکەوە بووە. بێ قەراری و دانەسکنانە قەڵەمییەکانیم خۆش دەوێت. بێگومان لە ئاست و رادەی خۆیدا بۆ پێناسە کردنی ئەدەبی کوردی بە ئێمە فارس زمانگەل، کاریگەر بووە و رۆڵی باشی گێڕاوە.
- پ: ئایا ئەدەبی کوردی ئەدەبێکی چەوساوە و سیاسەت پێ کراو نەبووە؟ ئایا ئەگەر سیاسەتمەدارەکان و ئەکتەرانی پانتای سیاسەت تۆزێک بایەخ بدەن بە زمان و ئازادی و مافی کەڵک وەرگرتن و ئازادی زمانی زگماکی و “بوون” لە هەناوی ئەم زمانە، ئەدەبی کوردی لە رووبەرێکی واڵاتر و بەرزتر دا درەوشانەوەی بەخۆوە نەدەدیت؟
وهڵام: ئێمە هەر لەو کاتەوە کە دێینە دونیاوە و لەدایک دەبین “سیاسی”ین. لێکدانی “سیاسەت زەدەگی” جۆرێک بێ حورمەتییە. زمان، داهێنانێکی سیاسییە، نووسین دۆزینەوە و کەشفێکی سیاسییە. ئەدەب، دەقاودەق وەکوو سیاسەتە و سیاسەتیش دەقاودەق وەکوو ئەدەبە. گۆڵی ئەم دروشمانە مەخۆن. تەنها قوڕواقەکان لە مێرگ دا سیاسی نین، ئەدەب بە بێ سیاسەت قەت نایەتە دونیاوە، هەناسەدان و هەناسەهەڵکێشان لە هەر بارودۆخێک دا سیاسییە. مەگەر ئێمە ناڵێین:(ئازادی قەڵەم…!) دەی بۆ خۆمان لەمانە ببوێرین؟ مرۆڤ بوونەوەرێکە پەیوەستە بە بیرکردنەوەوە، ئەوەی کە لە پێوەندی و هاوپرسەکی “ئەدەب و دەربەستی” هەڵدێت، مرۆڤ تا رادەی بوونەوەرێکی بۆش و بەتاڵ لە ئیرادە و خواست دابەزاندووە و سووکی کردووە. ئەوەی کە دەبێ لێی هەڵبێین(دروشم زەدەگی)یە، دروشمە و وشە وەک دەنوێنێت، هاوڕێیان دەبێت ئاگادار بن کە دروشم تڵت و بنکڕی سیاسەتە کە نابێ رۆحی شیعری دەربەست و دەرەوەست پیس و چەپەڵ بکات، ئەگینا سیاسەت دەقاودەق وەکوو شەرەف وایە، پەیوەست و لەبارەی ئەم وتەزا و بابەتانەوە نابێت (چەواشە فامی) رووبدات.
- پ: بارودۆخی ئەدەب و شیعری ئەمڕۆی ئێران چۆنە و پێوەندی لەگەڵ ئەدەبی کوردی دا لە چ ئاستێک دایە؟
وهڵام: لەوپەڕ خۆی، تایبەت بە خۆی، بێ هاوتا، مەبەستم نییە بەراورد بکەم، بەڵام ئەدەبی ئێمە درێژەی ئەدەبی ئێوە و ئەدەبی ئێوە درێژەی ئەدەبی ئێمەیە. لە راستیدا رۆحێکین لە دوو جەستە دا. پێوەندی نێوانیشمان بەرە و پەرەسەندن و گەشەکردن دەچێت. تا بیست و پێنج ساڵ لەمەوپێش هیچ خەبەرێک لەم پێوەندی و هاویەکییە نەبوو، بەڵام هەم “هەرێم” و هەمیش ئێمە بە شێوەیەکی جیدی دیاڵۆگ و هەڤپەیڤپنمان لەگەڵ یەکدا دروست کرد. ئەدەبی کوردیی درێژە و بەردەوامیی ئەدەبی تورک یان عەرەب نییە، ئەدەبێک سەربەخۆ و کاریگەرە کە بەردەوام رۆڵ و دەوری ناوچەیی و جیهانی خۆی بووە.
- پ: ئایا شیعر بە واتا راستەقینەکەی تەنها لەو زمانانەدا روو دەدەن و دەردەکەون کە خاوەنی سەرزەمین، وڵات، دەوڵەت، رێکخراو و نووسینگە فەرمی و سیستەماتیکەکانن یان نا؟ تۆزێک لەم بارەیەوە بدوێن.
وهڵام: شیعر، بەرهەم هاتوو و زاوزێی ئینسانە و بەس، سنوور و سەرزەمینی خودی و ناخودی و دەوڵەت و رێکخراو و شتگەلی لەم چەشنە لە کردەی بەرهەمهێنانی شیعر دا رۆڵیان هەیە، بەڵام جەوهەر و کرۆک و رەسەنایەتی شیعر نین. شیعر لەسەرتا دا بەرهەم هاتوو و لەدایک بووی ئینسانە، نەک شاخ و کێو و هەرد و ئاڵا و مارش و هێڵی پەڕینەوەی رێبواران، ئەم رێکخراو و رێکخستن و رێککەوتنانە، بە دەستکردەکانی خۆیانەوە ناتوانن ئینسان و شیعر پێوەن بکەن و کۆیلەی کەن.
- پ: ئەم پرسیارەم سڕیوەتەوە بە داوای ساڵەحی.
- پ: بەرای ئێوە ئەحمەدی شاملوو بە کۆکردنەوە و نووسین یان نووسینەوەی “کتێبی کووچە” کە بەداخەوە ناتەواو بەجێی هێشت، چ مەبەستێکی هەبوو؟
وهڵام: ئەم پرسیارە پێوەندی بە وتووێژەکەوە نییە، شێرکۆ و شیعری کوردی تەوەری باسەکەمانە.
- پ: لە زەمانگەلێکی دوورەدەستەوە تاکوو ئێستا (هەڵبەت ئێستا بە شێوازێکی مۆدێڕن یان پۆست مۆدێڕن)سەرزەمین، نیشتمان و وەتەن یان خوازە و میتافۆڕانێک لەم چەشنە تان و پۆی ئەدەب و شیعری کوردییان تەنیوەتەوە، تەنانەت لە شوێنێکدا رۆمان نووسێکی کورد دەڵێت: شێرکۆ نیشتمانە پارچەپارچە کراوەکەی لە شیعر دا یەک خستەوە و درووستی کرد و لە راستیشدا وا بوو (شیعری شیرکۆ هیچ سنوورێکی دەسکردی لە نێوان کوردان دا نەهێشتەوە)، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو داهێنان و تازەگەرییانە کە لە ئەدەب و شیعری کوردی دا دێتە ئاراوە یۆنیڤێرساڵ و ژوورەنیشتمانی نین، بەڕای ئێوە بۆچی ئەمەندە سەرزەمین یان”نیشتمان” لە گوتاری کوردی دا دەگێڕدرێتەوە؟ ئەگەرچی ئەمڕۆکە لە ژێر کاریگەری کەش و هەوایەکی کراوە و جیهانی ئەدەبی کوردیی مەدلوول و خاڵە ئاماژە پێدراوەکانی و خوازە و واتاکانیشی ئاڵووگۆڕیان بەسەر هاتووە و من هەندێ جار واتێ دەگەم لە شیعری شێرکۆ، بەختیار عەلی و جەماڵ غەمبار و…نیشتمان مانایەکی دەرهەست و ئەوپەڕ سەرزەمینی هەیە، یۆتۆپیایەکە کە لەوێندەرێ نیشانە و مانا و مەجاز و خوازەکان ئیمپراتۆر و سالارن نەک ئەو فۆڕم و بیچمانەی کە لە جیهانی بەرهەست و کۆنکرێت بوونی ئێمەیان گەمارۆ داوە.وا تێدەگەم گەیشتن بەو نیشتمانە گشتییە یۆتۆپییاییە لە روانینی ئەم “نووسەرانەدا” بە هەناو و دەقی سەرزەمین و هەرێمێکی راستەقینە بەناوی کوردوستان دا دەچێت و تێدەپەڕێت. لە ژێر تیشکی ئەم باسکاری و خوێندنەوەیەم بۆ پرسیارەکە بڕوانن.
وهڵام: ئەمە پرسیار نییە، لێدوانێکی زۆرە.
- پ: بۆچی سەید عەلی ساڵەحی سەردانی بنکە ئەدەبی و زانستگاکانی کوردوستان ناکات و کۆڕ و تێیان دا کۆبوونەوە ناگێڕێت؟
وهڵام: بڕیار بوو لە سلێمانی لە رۆژی دەی پووشپەڕ دا کۆڕێکم بۆ بگرن، ئەو کوردە بەشەرف و گەورانە هەموو شتێکیان تەیار کردبوو، بەڵام داخۆ، من نەمتوانی بڕۆم. سەد مەخابن کە نەمتوانی بڕوم، ناخۆشی و هەزاران کوفت و زەهری ماری دیکە منیان شەکەت کردووە و لە گۆیان خستووم، بەشێوەیەکی بەردەوام “هەرێم” بۆ من لوتفی هەبووە، بەتایبەتی خاوەن قەڵەمان و رۆشنبیرانی سەربەخۆی ئەو سەرزەمینە. هەر ساڵ بۆ فیستیڤاڵی گەلاوێژ داوەت دەکرێم، دەی دەبێت بتوان و لەش ساغ و تەندرووست بم.
21- پ: لەخۆتان و دونیای شیعری و هیوا و خەونەکانتان چیمان بۆ و پێ دەڵێن؟
وهڵام: هێشتا زیندوو و پڕهیوا کار دەکەم. پێنج هەزار لاپەڕە شیعر لەمن بڵاو کراوەتەوە، کە هەندێک لەم بەرهەمانە گەیشتوونەتە چاپی بیست و یەک. شەش هەزار لاپەڕە “نۆژەنین”م هەیە کە لای خۆم وتوومە و بڕیارم داوە کە دواتر چاپ دەبێت. مرۆڤ یان دەبێت دۆڵپائاسا و بەزەبر و لەگوڕ ئیش بکات یان وەکوو مێروولە بڕوات بە شوێن بژێوی ژیانی دا.
- پ: جگە لە سەید عەلی ساڵەحی و کەسانێکی وەکوو شارام نازری ود.قوتبەدین سادەقی و سەعدوڵلا نەسیری و هەندێک لەو کوردانەی دانیشتووی تاران (تەنانەت بە کوردە فارس و قارسبێژەکانیش وەکوو د.جەلالەدین کەزازی) کە لە هۆڵی وەحدەتی تاران ئەم سەفەرەی شێرکۆیان بە شین گێڕایەوە، چ کەسانێکی تر لە کۆمەڵگای ئەدەبی ئێران مەرگی شێرکۆیان شین گێڕی کرد؟
وهڵام: من لە شوێن و جێگە دەوڵەتییەکان دا ئامادە نابم، نەڕۆشتم بۆ هۆڵی وەحدەت، بەڵام لە ئەنجوومەنی(غەزەل) کە ئەنجوومەنێکی سەربەخۆیە، لەبارەی شێرکۆ بێ کەسەوە قسەم کرد، لەگەڵ رادیۆی سەرانسەریی بەلژیک و هەروەها رادیۆ سۆید و هەروەهاش لەگەڵ… وتووێژم کرد، بابەتەکانی من لە ئێراندا لەبارەی شێرکۆ بێ کەسەوە بە گشتی لە پێنج رۆژنامەی پێشڕە و سەربەخۆ بڵاو کرایەوە و دەنگدانەوەی هەبوو، هەڵبەت ئەمە جگە لە گۆڤارەکانە. هەڵبەت دۆستان و هاوڕێیانێکیش بوون لە ئێراندا کە یادی شێرکۆیان بەرز راگرت و ئەم یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنانەش گرینگ بوو. با ئەوەش بڵێم کە من لە مەرگی شاعیرانێکی وەکوو مامۆستا شێرکۆ نە رەشپۆش دەبم و نەیش شین دەگێڕم. نە شاملوو مردووە و نە شێرکۆ بێ کەسیش! مەگەر نالی و گۆران و حافز و مەولانا مردوون؟
- پ: پەیامتان بۆ کومەڵ و کۆڕیی ئەدەبی و شیعریی کوردی چییە؟ رەخنە و باس و خواستان کامەیە؟
وهڵام: چ پەیامێک دڵنشین تر و باشتر لەم وتووێژە؟ سەلماندن و چەسپاندنی هۆگری و خۆشەویستی پێویستی بە سوێند خواردن نییە. پێشنیارم ئەمەیە کە “خەڵاتێکی بەرز و بەشکۆ و پڕحورمەت” بە ناوی شێرکۆ بێ کەسەوە-لە هەرێمی کوردوستان- رۆبنرێت.
- پ: ئێوە دوابەدوا و چەند رۆژ پاش مەرگی مامۆستا بێکەس یادداشتێکتان لەمەڕ ئەم کۆچەوە نارد بۆ رۆژنامە “شەرق” و دواتر شیعرێکتان بەناوی “شێرکۆ…!” بۆ “ئەو” هەر لەم رۆژنامەیە دا بڵاو کردەوە، من بە خوێندنەوەی ئەم شیعرە تێگە و فامی ئێوەم لە “بنەوەڕا” یان بە وتەی دەروون شیکاران لە “رەوان بنە(ئیسکیما)”ی شێرکۆ و بە شێوازێک کۆمەڵگا و سەرزەمینی کوردوستانم بینییەوە، بەتایبەتی کەڵک وەرگرتن لە وشەگەلێکی وەکوو پێشمەرگە، دەربەندی پەپوولە، تاریکایی، بوولێڵ و سەرزەمین و… لەمەڕ ئەم شیعرەوە بۆمان بدوێن.
وهڵام: شیعرەکانی من دەرهاوێشتە و لەدایک بووی کت و پڕ و بەهەڵکەوتی جیهانن. لە پشت مێزی کار و نووسینەکەم دانیشتبووم و بابەتێکی ترم دەنووسی، لەناکاو و بەرێکەوت ئەو شیعرە لە دایک بوو، تەنانەت فاریزەیەکیشم ئەم لاو لا پێ نەکرد. پێویستی نەبوو دووبارە بینووسمەوە، چوونکوو ئەم شیعرە بەتەواوی و ئامادەیی لە دایک بوو، رەشنووسی نەبوو، سپی نووسێک بوو بە بێ پرد و گوێزەرەوەیەک بە ناوی رەش نووس. رۆژنامەی شەرق لەمن بابەتی ویست، منیش گوتم: فەرموون چ لەرێگای تەلەفۆنەوە و چ لە نێزیکیشەوە پێشوازی لەم شیعرە بەراستی سەیر و سەرسووڕهێنەر و لەوپەڕی خۆی بوو، تەنانەت لە رۆژئاوا و ناوخۆی ئێران دەنگدانەوەکەی هێشتا درێژەی هەیە. ژمارەیەکیش هەن کە دەڵێن: ساڵەحی و شێرکۆ لە لایەن و رووی سیاسییەوە هاوتەریب و هاوڕێ نین، ئاخر چۆنچۆنی دەبێت دۆست و هاوڕێ بین و لە تێڕوانین و روانگە دا دژ بە یەک؟! بە دەنک و دووان و تاک و تەرایەک لەو ژمارەیە کە لەپێگەی وەڵام دابوون و بایەخی وەڵام دانەوەیان بوو، گوتم: “ئێوش رۆژێک باڵق و گەورە دەبن”
- پ: قسە و بابەتی کۆتایی و ئاخرتان چییە؟
و: قسەیەکم نییە و هەر بژین کاک عادڵ.
شێرکۆ…!
شیعر: سهید عهلی
و: عادڵ قادری
شەو، تاریکایی، تاراوی
مرۆڤ
پەژارە، ئازادی، هیوا!
(بە درێژایی تیلماسکی رێگا
تارمایی
بەدووی تەونەگەری دەربەندی پەپوولە دا دەکشا.)
دەیان گوت: وەیسی قەرەنی بەخەو دیتوویە
لە زووتر
شاعیرێک
لە سپێدەی سلێمانییەوە هەڵ دەسێت
دەبێتە پێشمەرگی رووبار و باران و بەنەوشە.
نوشتەنووسی خەونەکان
دەستێکی گۆرانی بۆ تاریکایی
دەستێکی ستران بۆ تارا”و/ی” ی:
دەمیشق، بەسرە، ئیستەمووڵ
مۆسکۆ، واشەنگتۆن، تاران، ئۆستۆکهۆلم
سەفەر کردووی وشە شەهیدەکان
تەوافچی بێ زەوین،
لەم سەرزەمینەوە
بۆ ئەو سەرزەمین…!
هەڵبەت، هەنووکەش بۆ شوێنێکی دوور نەڕۆشتووە،
دەست بخەنە سەر دڵی منداڵانی کورد:
شێر…کۆ…شێر…کۆ…شێر…کۆ!
*ئەم وتووێژە لە مانگی خەرمانانی ساڵی 2013(1392ی کۆچی) و کەمێک پاش مەرگی شێرکۆ بێکەسی شاعیر ئەنجام دراوە.
1-“پ” واتای پرسیار و “و” واتای وەڵام.
1- وادیارە مەبەستی ئەو رەخنە رادیکاڵ و ئینقلابییانەیە کە لەسەر شێرکۆ گیراون و ئەمیش بیستوویەتی(من لێرە باسی خاسی یان خراپی رەخنەکان ناکەم).
3- هاوتای (دادە و داشتە) لە فارسی دا.
4-تەرچک” واتە هەم ناسک و هەم شیمانەی شکان و شەکانەوەی زۆرترە. لە دەڤەری کرماشان بۆ کچان ناسکی منداڵ دەکار کراوە!
5- مێژوو لە سەر بنەمای ئەفسانە.
6-واتە ئەو دازاین و سووژەی کە بە وتەی هایدیگەر “تووڕ دراوەتە” ناو وجوود و “بوون” بۆتە بار بەسەرییەوە.بڕواننە بڕگەی 23.
ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری