هانا ئارێنت پێی وابوو تەنیایی بە پێچەوانەی گۆشەنشینییەوە توانا و ئازادی بیرکردنەوەمان لەنێو دەبات. تەنیایی هەستێکی ئاڵۆزە، هەرچەندە سادە دەردەکەوێت. پەیڤین لەبارەیەوە ئەستەمە و زۆرجار هاوشێوەی نووسینی بیرەوەرییە ڕۆمانسییەکان، یان ڕێنمایی پزیشکی دێتە بەرچاو. هانا ئارێنت، ئەو فەیلەسوفە بەناوبانگە سیاسییەی کە زۆر بیری لە تەنیایی دەکردەوە، پێی وابوو تەنیایی شتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو شەپۆلێکی بەربڵاوە کە باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێت، کاتێک حکوومەتە تۆتالیتارییەکان دێنە سەر دەسەڵات، بەڵام تەنیایی تەنیا بەرهەمی تۆتالیتاریزم نییە، بەڵکوو سەرچاوە و بەهێزکەریشیەتی. لە ڕاستیدا کاتێک تەنیاین، ئامادەیی قبووڵکردنی بیرکردنەوە دۆگماییەکانمان دەبێت.
ئەوەی مرۆڤەکان ئامادە دەکات بۆ قبوڵکردنی باڵادەستی تۆتالیتاریزم لە جیهانێکی ناتۆتالیتاریدا، گۆڕینی “تەنیایی”ە بۆ ئەزموونێکی ڕۆژانە؛ ئەزموونێک کە لەوەوبەر بە هەلومەرجێکی تایبەت لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا وەک بەساڵاچوون سنوورداربوو و ئێستا گۆڕاوە بۆ ئەزموونێکی گشتی. “هانا ئارێنت” بنەماکانی تۆتالیتاریزم (١٩٥١).
تکایە بەردەوام نامەم بۆ بنووسە؛ ئەگەر نەنووسیت لە بێکەسیدا لێرە دەمردم. هانا ئارێنت بەزۆری نامەکانی بۆ هاوسەرەکەی بەم شێوەیە دەست پێ نەدەکرد، بەڵام لە بەهاری ساڵی ١٩٥٥دا خۆی لە بیابانی تەنیاییدا بینییەوە. ئارێنت، دوای بڵاوکردنەوەی بنەماکانی تۆتالیتاریزم، وەک مامۆستا بانگهێشتی زانکۆی کالیفۆرنیا لە بێرکلی کرابوو، بەڵام کەشی فیکری ئەم زانکۆیەی لاپەسەند نەبوو. هاوکارەکانی گفت شیرین نەبوون و هەوری ڕەشی “مەککارتیزم”(مەککارتیزم: تێگە و چەمکێکە بۆ باسکردنی چالاکییە دژە کۆمۆنیستییەکانی سیناتۆر جۆزیف مەککارتی لە سەرەتای جەنگی سارد و ساڵانی ١٩٥٠دا، کە بەهۆیەوە باری کۆمەڵایەتی ئەمریکا لە دۆخێکی نالەبار و تاریکدا بوو و زۆربەی ڕۆشنبیرانیش بە تۆمەتی کۆمۆنیستبوون ڕووبەڕووی کێشە و ئازار بوونەوە.) باڵی بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەمریکادا کێشابوو. پێی گوترابوو وانەکانی بەکالۆریۆسی لەگەڵ ٣٠ خوێندکار دەست پێ دەکات، لە کاتێکدا لە وانەکانیدا ڕووبەڕووی١٢٠ خوێندکار ببووەوە. ئارێنت لە هەموو ڕۆژێک چوونە پۆل بێزار بوو دەیگوت: “ناتوانم لە هەفتەیەکدا پێنج جار لەبەرچاوی خەڵکدا دەربکەوم و نەتوانم لەبەرچاویان قوتاربم. هەست دەکەم دەبێت بڕۆم لەم دەرووبەرانەدا بەدوای خۆمدا بگەڕێم.” تەنیا خەمرکێک (کانی و شینایی لە بیاباندا.) لەم بیابانەدا بۆخۆی دیتبوویەوە، کرێکارێکی بارداگرتن بوو بەناوی “ئێریک هۆفەر” کە لە سانفرانسیسکۆوە و ڕووی لە فەلسەفە کردبوو. هەڵبەت ئارێنت لەمەڕ ئەویش هێندە دڵنیا نەبوو و بۆ هاوڕێ ئەڵمانییەکەی “کارڵ یاسپرس”ی نووسی؛ هۆفەر بە باشترین شت دەزانیت کە (ئەم وڵاتە لە هەگبەیدایە). بێگومان بە هاینریچ بلوچەری هاوسەریشی گوتبوو، کە هۆفەر مرۆڤێکی “زۆر خوێنگەرمە، بەڵام ئاوەزمەند نییە”.
ئارێنت بە قۆناغەکانی تەنیایی نامۆ نەبوو. هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە هەستێکی قووڵی جیاوازبوون و نامۆبوون و وەلاخرانی ئەزموون کردبوو و زۆرجار پێی باشتر بووە لەگەڵ خۆیدا تەنیا بێت و بە حاڵی خۆیەوە وازی لێ بهێنرێت. کاتێک هانا تەمەنی حەوت ساڵ بوو، باوکی بە هۆی نەخۆشیی سفلیس(سفلیس: نەخۆشییەکی سێکسییە لە ڕێگەی بەرکەوتنی سێکسی لەگەڵ کەسێکی تووشبوو یان لە ڕێگەی دایکێکی هەڵگرەوە بۆ کۆرپەکەی دەگوازرێتەوە) گیانی لەدەستدا، هەر لە منداڵییەوە بۆ ئەوەی نەچێتە قوتابخانە و لە ماڵەوە بمێنێتەوە خۆی بە هەموو جۆرە نەخۆشییەک نەخۆش دەخست. هاوسەری یەکەمی ئارێنت دوای سووتاندنی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە بەرلین لەلایەن نازییەکانەوە بە جێی هیشت و خودی ئارێنتیش نزیکەی ٢٠ساڵ دوور لە زێدی خۆی ژیا. ئەو دەیزانی تەنیایی بەشێکی مرۆڤبوونە و هەموو مرۆڤێک جاروبار ڕووبەڕووی ئەم هەستە دەبێتەوە. نووسین لەسەر تەنیایی بەزۆری بەسەر دوو شێوەدا دابەش دەبێت: نووسینی بیرەوەریی زیادەڕەوییانە، یان تێڕوانینێکی ئەقڵانی و کلینیکی بۆ تەنیایی، کە وەک شتێک دەیبینێت پێویستی بە چارەسەرکردنە. هەردوو ڕێباز و ئاڕاستەکە کەمێک خوێنەر دڵسارد دەکەنەوە. لە یەکێکیاندا مرۆڤ لە تەنیایی خۆیدا نووقم دەبێت و لە ئەوی دیکەشدا هەوڵ دەدات هەرچۆنێک بێت لەنێوی ببات. لە ڕاستیدا گواستنەوەی هەستی تەنیایی زۆر قورسە، چونکە هەر کە دەستت کرد بە قسەکردن لەسەر تەنیایی، یەکێک لە قووڵترین هەستەکانی مرۆڤ دەبێتە بابەتی تێڕامان و بیرکردنەوە. زمان توانای پێناسەکردنی تەنیایی نییە، چونکە تەنیایی زاراوەیەکی هەمەکییە کە بۆ دەربڕینی ئەزموونی تایبەت بەکاردەبرێت. هەرچەندە هەمووان تەنیایی ئەزموون دەکەن، بەڵام ئەم ئەزموونکردنە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە.
تەنیایی (loneliness)وشەیەکی تاڕادەیەک نوێیە لە زمانی ئینگلیزیدا. یەکەم بەکارهێنانی دەکرێت لە تراژیدیای هاملێتی ویلیام شکسپیردا بدۆزینەوە کە لە دەورووبەری ساڵی (١٦٠٠)دا نووسراوە. لەم دەقەدا پۆلۆنیۆس پێشنیار بۆ ئۆفیلیا دەکات “ئەم کتێبە بخوێنەرەوە، دەتوانێت ڕەنگ و ڕوو بە تەنیاییەکەت ببەخشێت”. (ئەو پیشنیار بۆ ئۆفیلیا دەکات کتێبی نزاش بخوێنێتەوە تا بەم جۆرە کەس گومان لە تەنیابوونی نەکات. لێرەدا مانای ئەم زاراوەیە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا نەبوونە، نەک هەستی دەروونیی تەنیایی). بە درێژایی سەدەی ١٦ بانگخوازانی مەسیحی “تەنیایی”یان بۆ چاوترسێنکردنی ئامادەبووان لە گوناهـ بەکاردەهێنا و داوایان لە خەڵک دەکرد خۆیان بە تەنیا لە دۆزەخ و گۆڕدا بهێننەبەرچاو، هەرچەند لە سەدەی ١٧دا ئەم بەکارهێنانە سنووردارەش بەرچاوناکەوێت. لە ساڵی ١٦٧٤دا، جۆن ڕەی کە سرووشت ناسێکی ئینگلیز بوو، “تەنیایی”ی لە لیستی وشە کەم بەکارهاتووەکاندا تۆمارکرد و بە زاراوەیەکی زانی بۆ وەسفکردنی ئەو شوێن و کەسانەی کە “دوور لە دراوسێ و هاوڕێکانیان دەژین”. سەدەیە دواتریش بەکارهێنانی ئەم وشەیە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا نەهاتبوو.
وەک “ساموێل جۆنسۆن” لە فەرهەنگنامەی زمانی ئینگلیزی (١٧٥٥)دا، هاوەڵناوی “تەنیا”ی تەنیا بۆ پەسندانی دۆخی تەنیابوون (وەک ڕێوییەکی تەنیا) یان شوێنێک مرۆڤی لێ نیشتەجێ نەبێت (بەردەڵانە چۆڵەکان) بەکاردەهێنا، کە لەگەڵ ئەو بەکاربردنەی شکسپیر کە لە نموونەیەکی هاملێتەوە وەریگرتووە، هەماهەنگ و هاوواتایە. بەم شێوەیە تا سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم تەنیایی ئاماژە بوو بۆ کردارێک، پەڕینەوە لە دەروازەیەک یا گەشتکردن بۆ شوێنێکی دەرەوەی شار و ناواخنە سۆزدارییەکەی هێندە تۆخ نەبوو. سوودیان لە وەسفکردنی تەنیایی و وەلاخران بۆ وروژاندنی ترسی نەمان لەنێو مرۆڤەکان و تێگەیشتن لە گۆشەگیریی ڕەها، خۆدابڕین لە دونیا و خۆشەویستیی خودا وەردەگرت. تێڕوانینێک کە لە ڕوانگەیەکی دیاریکراوەوە شیاو دێتەبەرچاو. یەکەمین وشە کە بە واتایەکی نەرێنی لەمەڕ ئافراندن خودا لەکتێبی پیرۆزدا سەبارەت بە ئافرێندراوەکانی بەکاری دەهێنێت لە سەفەری ئافراندندایە و لەبارەی ئادەمیزادەوە دەڵێت: (پەروەرێن فەرمووی: ناشێت ئادەم تەنیا بێت. کەواتە پێویستە هاودەمێکی بۆ درووست بکەم.)
لە سەدەی نۆزدەهەم و نێوجەرگەی شەپۆلە شێتەکانی مۆدێرنیتیدا، تەنیایی وردە وردە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئاییندا لەدەستدا و بوو بە هاوئاوازی هەستی نامۆبوونی سیکۆلار. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لە دوای ساڵی (١٨٠٠) لەگەڵ هاتنی سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند، تا دەیەی ١٩٩٠ هەروا لە فراوانبوون بەردەوام بوو و دوای داکەوتنێکی کورت، لە سەرەتای هەزارەی نوێدا بۆ لووتکەی پێشووی گەڕایەوە. بەکارهێنانی ئەم وشەیە تا ئەو جێیە ڕۆیشت کە تەنیایی لە فیلمی “بارتلێبی سەرنووسەردا: کە چیرۆکێکە سەبارەت بە وۆڵ ستریت” لەلایەن هێرمان مێلڤیلەوە لە ساڵی (١٨٥٣)دا نووسراوە و تابلۆ ڕیالیستییەکانی ئێدوارد هۆپەر و شیعری خەراباتی تی ئێس ئێلیۆت لە ساڵی (١٩٢٢)دا مانا و گرینگی پەیدا دەکات. بەمپێیە، تەنیایی لە کەشوهەوای کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم سەردەمەدا سیمایەکی ڕۆمانسی و شاعیرانە و ماتەمگێڕانەی لەخۆگرت. بەڵام هانا ئارێنت لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی دیکە لە تەنیایی دەڕوانی. لە ڕوانگەی ئەوەوە تەنیایی کارێکە بۆ ئەنجامدان و بابەتێکە بۆ ئەزموونکردن. لە دەیەی ١٩٥٠دا کاتێک ئارێنت خەریکی نووسینی کتێبێک بوو لەسەر “کارل مارکس” کە هاوکات بوو لەگەڵ لووتکەی سەردەمی مەککارتیزمدا، دەستیکرد بە بیرکردنەوە لە تەنیایی و پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیا و تیرۆرەوە. پێیوابوو ئەزموونی تەنیایی لە سایەی تۆتالیتاریزمدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە: ئەوەی مرۆڤ بۆ قبوڵکردنی هەژموون و باڵادەستی تۆتالیتاریزم لە جیهانێکی ناتۆتالیتاریدا ئامادە دەکات، ئەو ڕاستییەیە کە “تەنیایی” سەردەمانێک ئەزموونێکی دەگمەن بوو لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی وەک بەساڵاچووندا، بەڵام هەنووکە گۆڕاوە بۆ ئەزموونێکی ڕۆژانەی بەربڵاوی ژمارەیەکی زۆری هاوسەردەمەکانی ئێمە.
بەدەسەڵات گەیشتنی تۆتالیتاریزم بوو بەهۆی ئەوەی ئەزموونی ناوبەناوی تەنیایی بڕسکێت و ببێتە بوونێکی هەمیشەیی. ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بە پشتبەستن بە گۆشەگیری و تۆقاندن، هەلومەرجی پێویستیان بۆ بڵاوبوونەوەی تەنیایی خوڵقاند و پاشان لە ڕێگەی پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژییەوە پشتیان بەو تەنیاییە بەربڵاوە بەست. ئارێنت بەرلەوەی بڕوات بۆ وانەوتنەوە لە بێرکلی، لە ساڵی ١٩٥٣دا وتارێکی بەناوونیشانی “ئایدۆلۆژیا و تیرۆر” بڵاوکردەوە، بە بۆنەی حەفتایەمین ساڵیادی لەدایکبوونی یاسپرێسەوە، تێیدا گۆشەگیری و تەنیایی و گۆشەنشینی شەن و کەو کرد. ئەم وتارە لەگەڵ کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریزمدا بوو بە بنەمای وانە قەرەباڵغەکانی لە بێرکلی لەژێر ناوونیشانی “تۆتالیتاریزم”. ئەم وانانە تەرخان کرابوون بۆ چوار تەوەری جیاواز: هەرەسهێنانی دامەزراوە سیاسییەکان، گەشەکردنی جەماوەر، ئیمپریالیزم و سەرهەڵدانی پارتە سیاسییەکان وەک ئایدۆلۆژیای گرووپە بەرژەوەندیخوازەکان.
ئارێنت لە وتاری دەستپێکیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە چۆن پەیوەندیی نێوان تیۆری سیاسی و سیاسەت لە سەردەمی مۆدێرنیتیدا کەوتۆتە ژێر گومان و پێداچوونەوە. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە مەیلێکی گشتی و گەشەسەندوو بۆ وازهێنان لە تیۆر لە بەرژەوەندیی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیاکاندا هەیە. لە ڕوانگەی ئەوەوە “زۆرێک لەو باوەڕەدان دەکرێت بە تەواوی تیۆرەکە پشتگوێ بخرێت؛ کە بێگومان تەنیا مانای ئەوەیە دەیانەوێت تیۆری تایبەتی خۆیان کە بنەمای لێدوانەکانیانە، وەک هەقیقەتێکی بێ هەڵەوپەڵە قبوڵ بکرێت. ئارێنت ئاماژەی بە شێوازێک دەکرد کە “ئایدۆلۆژیا” وەک خواستێک بۆ جیاکردنەوەی کردار و بیرکردنەوە بەکاردەهێنرێت. وشەی ئایدۆلۆژیا ڕەگی لە زمانی فەرەنسیدایە و بۆ یەکەم جار لە شۆڕشی فەرەنسیدا بەکارهاتووە، بەڵام تا کاتی بڵاوبوونەوەی “ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی(١٨٤٦)” بەرهەمی مارکس و ئەنگڵس و دواتر بەرهەمی “ئایدۆلۆژیا و یۆتۆپیا’ (١٩٢٩)، کە لەلایەن “کارل مانهایم”ەوە نووسراوە، نەبووە چەمکێکی باو. لە ساڵی ١٩٣٠ دا ئارێنت ڕانانێکی بۆ کتێبەکەی مانهایم لە گۆڤاری “دی گزلشافت”دا بڵاوکردەوە. هەروەها لە ساڵی (١٩٥٨)دا نوسخەیەکی هەڵەچنکراوی وتارەکەی “ئایدۆلۆژیا و تیرۆر”ی وەک ئەنجامگیرییەکی نوێ بۆ چاپی دووەمی کتێبی (بنەماکانی تۆتالیتاریزم) زیاد کرد.
کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریزم بەرهەمێکی ٦٠٠ لاپەڕەییە و دابەشبووە بەسەر سێ بەشدا کە بریتین لە: دژە جوولەکەیی، ئیمپریالیزم و تۆتالیتاریزم. ئارێنت بە بەردەوامی کاری لەسەر ئەم دەقە دەکرد و بە تێپەڕبوونی کات و سەربارکردنی زانیاری نوێ بۆ دەقەکەی سەبارەت بە سەرهەڵدانی هیتلەر و ستالین گۆڕانکاری تێدا کرد. بەرەنجامی سەرەتایی کە لە ساڵی (١٩٥١)بڵاوکرایەوە ڕەنگدانەوەی ئەو کەتوارە بوو ئەگەر ڕژێمە تۆتالیتارییەکانیش بە تەواوی لە جیهاندا بسڕرێنەوە، توخمەکانی تۆتالیتاریزم هەر دەمێننەوە. بە بڕوای ئارێنت، ڕەنگە ڕێچارە تۆتالیتارییەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان لە فۆڕمی وەسوەسەی بەهێزدا بمێننەوە و هەرکاتێک وا بێتە بەرچاو کە ڕزگاربوون لە قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە میتۆدێکی گونجاو ئەستەمە، دووبارە سەرهەڵبدەنەوە. بێگومان دوای ئەوەی لە ساڵی (١٩٥٨)دا وتاری “ئایدۆلۆژیا و تیرۆر”ی بۆ ئەم کتێبە سەربار کرد، ناوەڕۆکی بەرهەمەکە گۆڕا و هەرچەندە ئارێنت توخمە جۆراوجۆرەکانی لە دەسەڵاتی تۆتالیتاریزمدا نیشان دەدا، بەڵام تەنیایی بە جەوهەری سەرەکیی حکوومەتی تۆتالیتاری و زەمینەی گشتیی تیرۆر و تۆقاندن دەزانی.
“بۆچی تەنیایی پرسێکی ڕوون نییە؟”
وەڵامی ئارێنت ئەمەیە کە تەنیایی لە بنەڕەتدا پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەپچڕێنێت. تەنیایی بە چەشنە چۆڵەوانییەک دەزانی کە مرۆڤ تەنانەت لە نێو ئەوانی دیکەشدا هەست بە دابڕان و دووری لە کاروباری دونیا و پەیوەندییە مرۆییەکان دەکات. ئەو وشەیەی کە بە زمانی زگماکی خۆی بۆ دەربڕینی تەنیایی بەکاری دەهێنێت Verlassenheit کە بە مانای سەرگەردانی و وەلاخرانە. ئارێنت دەڵێت تەنیایی “لە ڕادیکاڵترین و نائومێدکەرترین ئەزموونە مرۆییەکانە”، چونکە لە تەنیاییدا ناتوانین درک بە تەواوی توانای خۆمان بۆ مامەڵەکردنی مرۆڤانە بکەین. لە ئەزموونی تەنیاییدا مرۆڤ توانای ئەزموونکردنی هەر شتێکی دی لەدەست دەدات و توانای سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی نییە. ئارێنت بۆ ئەوەی پیشانی بدات بۆچی تەنیایی جەوهەری سەرەکیی تۆتالیتاریزم و زەمینەی هاوبەشی تیرۆرە، جیاوازی لە نێوان گۆشەگیری1 و تەنیایی2 لە لایەک و تەنیایی و گۆشەنشینی لە لایەکی دیکەوە دەکات. لە ڕوانگەی ئەوەوە گۆشەگیری شتێکە کە هەندێک جار بۆ چالاکییە داهێنەرەکان پێویستە. وەک چۆن بۆ خوێندنەوەی کتێبک تاڕادەیەک پەڕگیری و دووپەرەپەرێزی پێویستە. مرۆڤ دەبێت بە ئەنقەست خۆی لە جیهان داببڕێت بۆ ئەوەی جێی ئەزموونی گۆشەنشینیی خۆی بکاتەوە، بەڵام دوای ئەم ماوەیە هەمیشە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێشووی: گۆشەگیری و تەنیایی چەمکگەلێکی یەکسان نین. لەوانەیە گۆشەگیر بم- واتا بکەومە دۆخێکەوە توانای هیچم نەبێت، چونکە کەسم نییە لەگەڵم بێت- بەبێ ئەوەی تەنیا بم. ڕەنگە تەنیاش بم بەبێ ئەوەی گۆشەگیر بم، واتە لە دۆخێکدا بم وەک تاکێک هەست بە بێبەشبوون لە هەر جۆرە پەیوەندی و هاوڕێیەتییەکی مرۆڤانە بکەم.
تۆتالیتاریزم، بە کەڵک وەرگرتن لە گۆشەگیری، مرۆڤ لە هاوڕێیەتی ئەوانی دیکە و پەیوەندیی مرۆیی بێبەری دەکات و وا دەکات کردە لە جیهاندا ئەستەم بێت و هاوکات کەشی گۆشەنشینی لەنێو دەبات. بە زاراوەی ئارێنت، زنجیرە ئاسنییەکەی تۆتالیتاریزم توانای مرۆڤ لە جووڵە و کردار و بیرکردنەوەدا تێکوپێک دەدات و تاک لە گۆشەگیریی خۆیدا لە خۆیی و ئەوانی دیکەش دادەبڕێت. بەم شێوەیە جیهان دەبێتە بیابان و ئەگەری ئەزموون و بیرکردنەوە نامێنێت. بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان ئایدۆلۆژیا بۆ گۆشەگیرکردنی مرۆڤەکان بەکاردەهێنن. گۆشەگیرکردن بە مانای ” تەنیاکردنەوەی مرۆڤ و بەجیاهێشتنەوەیەتی لە کەسانی دیکە. ئارێنت بەشی یەکەمی “ئایدۆلۆژیا و تیرۆر“ی تەرخان کردووە بۆ شیتەڵکردنی ڕەوتی کاری ئایدۆلۆژیاکان، تاکوو دەریبخات کە ئەم پرۆسەیە چۆن دەڕوات:
- ئایدۆلۆژیاکان لە دونیای ئەزموونە ڕاستەقینەکانی ژیان دابڕاون و دەرفەتی ئەزموونی نوێ لەنێو دەبەن.
- ئایدۆلۆژیاکان بەدوای کۆنتڕۆڵکردن و پێشبینیکردنی ڕەوتی مێژوودا دەگەڕێن.
- ئایدۆلۆژیاکان ئەو شتەڕوون ناکەنەوە کە هەیە، بەڵکوو باسی ئەوە دەکەن کە دەبێت.
- ئایدۆلۆژیاکان لە هزراندندا پشت بەو پرۆسە لۆژیکییانە دەبەستن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە واقیعەوە نییە.
- بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژی پێداگری لەسەر “واقیعێکی هەقیقیتر” دەکاتەوە کە لە پشت جیهانی شتە بەرجەستەکانەوە شاراوەتەوە.
شێوازی جیهانبینیمان کاریگەریی لەسەر ئەو پەیوەندییانە دادەنێت کە لەگەڵ خۆمان و ئەوانی دیکەدا هەمانە. دوای بە دەسەڵات گەیشتن، بزووتنەوە ئایدیۆلۆژییەکان، بە تێترنجاندنی مانایەکی نهێنی بۆ هەر ڕووداو و ئەزموونێکی جیهان، ناچارن کەتوارەکە بگۆڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ هاشوهوشەکانیاندا بگونجێت. ئەمەش بەو مانایەیە تاک چیتر ناتوانێت متمانە بە ئەزموونە ڕاستەقینەکانی خۆی لە جیهاندا بکات، بەڵکوو تاکەکان فێردەبن متمانە بە خۆیان و کەسانی دیکە نەکەن و ئایدۆلۆژیای بزووتنەوەکە وەک تاکە ژێدەری متمانەپێکراو و درووست بە فەرمی بناسن. بەڵام بۆ ئەوەی تاکەکان بۆ ئایدۆلۆژیا ئامادە بکەین، پێویستە سەرەتا لە ڕێی گومان و بەدبینییەوە پەیوەندییان لەگەڵ خۆیان و ئەوانی دیکەدا تێک بدەیت، تا چیتر متمانە بە داوەرییەکانی خۆیشیان نەکەن:- هەروەک چۆن تیرۆر تەنانەت لە فۆرمە ناتۆتالیتاریشیەکانیدا بە شێوەیەکی ستەمکارانە هەموو پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان لەنێودەبات، خۆسەپاندنی بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژیش هەر پەیوەندییەک لەگەڵ واقیعدا تێکدەدات. ئامادەیی (بۆ قبوڵکردنی تۆتالیتاریزم) کاتێک سەردەکەوێت کە مرۆڤەکان پەیوەندییان لەگەڵ هاوچەشنەکانیان و واقیعی دەوروبەریاندا لەدەستدابێت؛ چونکە مرۆڤ بە لەدەستدانی پەیوەندیی لەگەڵ خۆی و ئەوانی دیکە، ئەگەری ئەزموونکردن و بیرکردنەوەش دەدۆڕێنێت. سوژەی ئایدیاڵ لە ڕژێمێکی تۆتالیتاری، نازی یان کۆمۆنیستیدا، سوژەیەکی باوەڕدار و قەناعەتپێکراو نییە، بەڵکوو کەسێکە کە جیاوازی نێوان واقیع و خەیاڵ (واتە ئەزموونی ڕاستەقینە) و ڕاست و هەڵە (واتە پێوەرەکانی بیرکردنەوە)ی لەدەست داوە.
تەنیایی ڕێکخراو کە بەرهەمی ئایدۆلۆژیایە، دەبێتە هۆی بیرکردنەوەی تۆتالیتاریایی و پاوانخوازانە و توانای مرۆڤ لە جیاکردنەوەی واقیع و خەیاڵ لە حکومداندا لەنێو دەبات. مرۆڤ ناتوانێت لە تەنیاییدا درێژە بە گفتوگۆ لەگەڵ خۆیدا بدات، چونکە توانای بیرکردنەوەی لەژێر مەترسیدایە. بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژی لە دونیای ئەزموونەکانی ژیان دوورمان دەخاتەوە، هێزی خەیاڵ لەو ماددانەی پێویستیی پێیەتی زەوت دەکات، نکۆڵی لە فرەیی دەکات و فەزای نێوان مرۆڤەکان کە بۆ پەیوەندییەکی مانادار لەگەڵ ئەوانی دیکەدا پێویستە لەنێو دەبات. دوای ئەوەی بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژی ڕەگ و ڕیشەی خۆی بە هەموو لایەکدا داکوتا، ئەزموون و واقیع پەیوەندییان لەگەڵ بیرکردنەوەکەدا لەدەست دەدەن و کەچی لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا دەگونجێن. هەر لەبەر ئەمەشە ئارێنت لە کاتی باسکردنی تەنیاییدا، لە ئەزموونە سۆزدارییەکەیدا سنوورداری ناکات، بەڵکوو لێکدانەوە بۆ شێوازێکی بیرکردنەوە لە بەکارهێنانی ئەم وشەیەدا دەکات. لە ڕوانگەی ئەوەوە تەنیایی کاتێک دەردەکەوێت کە بیرکردنەوە لە واقیع داببڕدرێت و جێی جیهانی هاوبەشی مرۆڤەکان بە ستەمی داواکارییە لۆژیکی و داسەپاوەکان بگیرێتەوە.
ئێمە لەسەر بنەمای ئەزموون بیردەکەینەوە و کاتێک ئەزموونی نوێمان نییە بیری لێ بکەینەوە، پێوەرە ڕێنوێنیکەرەکانی خۆمان بۆ بیرکردنەوە لە جیهانی دەوروبەرمان لەدەست دەدەین. کاتێکیش مرۆڤ ملکەچی بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژی خۆسەپێن دەبێت، ئازادی ناوەوەی بیرکردنەوەی بەدەستەوەداوە. هەر ئەم لەناوبردنی ئازادییە بۆ دەرەنجامە لۆژیکییەکەیە وا دەکات ” تاک لەبەرانبەر ئەوانی دیکەدا ئامادەی گۆشەگیری و تەنیایی” و قبوڵکردنی ستەمکاری بێت. بەم شێوەیە جووڵەی ئازادی بیرکردنەوە جێگەی خۆی دەدات بە ڕەوتی ئایدیۆلۆژیی حەتمی و تاکەکەسی. ئارێنت لە یەکێک لە نووسینەکانی ڕۆژانەیدا دەپرسێت “ئایا شێوازێکی بیرکردنەوە هەیە کە ستەمکارانە نەبێت؟ لە درێژەی پرسیارەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکی لێرەدا وەستانەوەیە بەرامبەر شەپۆلە سامناکەکانی ئایدۆلۆژیا. بەڕاستی چی مرۆڤە ئازادەکان لەگەڵ خۆیدا دەبات؟ بە بڕوای ئارێنت، ئەو ترسە نهێنییەی مرۆڤ بەرەو ئایدۆلۆژیا دەبات، ترسە لە دژوازی لەگەڵ خۆدا. ئەم ترسە هۆکاری سەرەکیی مەترسیداربوونی بیرکردنەوەیە، چونکە بە بیرکردنەوە مرۆڤ دەتوانێت هەموو بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی خۆی و ئەوانی دی لەمەڕ جیهان هەڵتەکێنێت. بیرکردنەوە دەتوانێت ئیمان و بیروباوەڕ و هەستی خۆناسین خەوشدار بکات و هەرچییەک کە بەئازیزی دەزانین، پشتمان پێ بەستووە و بۆیان بەپەرۆشین سەرەوژێریان بکاتەوە و بەم شێوەیە لە نێو نائومێدی و شکستدا نوقممان بکات.
بەڵام ژیان پڕە لە بێ سەروبەری. مرۆڤ لە نێو پشێوی و نادڵنیایی بوونی خۆیدا پێویستی بە شوێن و مانایە. مرۆڤەکان پێویستیان بە ڕەگ و ڕیشەیە، ئایدۆلۆژیاکانیش وەک ئاوازی پەرییە دەریاییەکان لە ئۆدیسێی هۆمیردا بەرەو خۆیان بانگمان دەکەن، بەڵام ئەوانەی خۆیان بە دەست ئاوازی هەڵخەڵەتێنەری بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژییەوە دەدەن، دەبێ ڕوو لە ئەزموونی ژیان وەربگێڕن. بەم ئاوایە، ئیدی ناتوانن لە پرۆسەی بیرکردنەوەدا ڕووبەڕووی خۆیان ببنەوە، چونکە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا ئەو باوەڕە ئایدیۆلۆژییانە لەدەست دەدەن کە هەستکردن بە ئامانج و پێگەی پێبەخشیون. بە زمانێکی سادەتر، ئەوانەی خۆیان بە ئایدۆلۆژیاوە دەبەستنەوە، بیرکردنەوەگەلێکیان لە سەردایە، بەڵام ناتوانن سەربەخۆیانە بیرکردنەوە. هەر ئەم بێتواناییە لە بیرکردنەوە و هاوڕابوون لەگەڵ خۆیان و مانابەخشین بە ئەزموونەکانیانە مرۆڤەکان دەخاتە تەڵەی تەنیاییەوە.
شرۆڤەی ئارێنت بۆ تەنیایی و تۆتالیتاریزم بەئاسانی هەزم ناکرێت، چونکە جۆرێک لە ژیانی ڕۆژانە و ئاساییبوونی مەیلە تۆتالیتارییەکان و دەرئەنجامەکانی، واتە تەنیایی لەخۆدەگرێت: ئەگەر لە واقیع ڕازی نیت، ئەگەر وازت لە چاکە هێناوە و هەمیشە بەدوای شتێکی باشتردا دەگەڕێیت، ئەگەر هیچ ئارەزووییەکت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان وەک ئەوەی هەیە، نییە، ئەوکات ئامادەی قبوڵکردنی بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژیت و لە بەرەنجامدا ئامادەی تەنیایی ڕێکخراویش دەبیت. کاتێک ئارێنت بۆ هاوسەرەکەی دەنووسی: “لە ڕاستیدا ناتوانم هەفتەی پێنج ڕۆژ لەبەردەم خەڵکدا دەربکەوم و واتە ناتوانم لەچاوی خەڵک دوور بم.” “هەست دەکەم دەبێت بڕۆم و لەم دەرووبەرەدا بەدوای خۆمدا بگەڕێم.” لەخۆڕا گلەیی لە دەرکەوتنی بەردەوام نەدەکرد. ئامادەبوونی بەردەوام لەبەردەم بەردەنگی گشتیدا، هاونشینی لەتەک خۆیدا بۆ ئەستەم کردبوو و نەیدەتوانی کەش و فەزایەکی دەروونی پێویست بۆ بیرکردنەوە بەدەست بخات و نەشیدەتوانی خەڵک لە گۆشەنشینییەکەی دوور بخاتەوە. ئەمە یەکێکە لە پارادۆکسە بنەڕەتییەکانی تەنیایی. گۆشەنشینیی پێویستی بە “تەنیابوون و جیابوونەوە” هەیە، لە کاتێکدا تەنیایی لە لەگەڵ ئەوانی دیکە بووندا پتر لە هەر کاتێک هەستی پێ دەکرێت. بەو ئەندازەی کە بۆ ناسینەوە پشت بە جیهانی دەرکەوتە گشتیییەکان دەبەستین، پێویستمان بە قەڵەمڕەوی خەڵوەت و تەنیاییە بۆ لەگەڵ خۆبوون و بیرکردنەوە، ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە ئارێنت بە لەدەستدانی فەزای گۆشەنشینیی خۆی لە بێرکلی لێی بێبەش ببوو. دەیگوت: “ئەوەی تەنیایی تاقەتپڕوکێن دەکات، لەدەستدانی خودێتی و خۆبوونە” کە تاک دەتوانێت لە خەڵوەت و گۆشەنشینیدا بۆخۆی دەستەبەری بکات.
مرۆڤ لە گۆشەنشینیدا دەتوانێت ببێتە هاوڕێی خۆیی و گفتوگۆ لەگەڵ خۆیدا بکات و پەیوەندیشی لەگەڵ جیهاندا ناپچڕێت، چونکە جیهانی ئەزموونەکان هەمیشە لە هزری ئێمەدا ئامادەییان هەیە. هەرچۆن ئارێنت لە زمانی سیسرۆوە دەنووسێت: “مرۆڤ هیچ کات چالاکتر نییە لەو کاتەی کە کار ناکات و هەرگیز کەمتر لەو ساتەی لەگەڵ خۆیدا لەخەڵوەتدایە، تەنیا نییە”، هەر ئەم گۆشەنشینییەیە کە بیرکردنەوەی ئایدۆلۆژی و تاکڕەوانە لەنێوی دەبات، گۆشەنشینییەک کە نەبوونی، وەک توانایی ئێمە بۆ بیرکردنەوە لەگەڵ خود و بۆ خود، سەرچاوەی تەنیایی ڕێکخراوە.
*سامانتا ڕۆز هیڵ (Samantha Rose Hill)مامۆستایە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و زانستە مرۆڤایەتییەکانی هانا ئارێنت و دامەزراوەی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکانی بروکلین لە نیویۆرک. نووسەری کتێبێکە لەسەر ژیاننامەی هانا ئارێنت.
نووسین: سامانتا ڕۆز هیڵ
وەرگێڕانی: مەهاباد حەسەن