“پێشەکی”
چین بە یەکێك لەو دەوڵەت زلهێزانە دادەنرێت کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی لە ئێستادا هەیە، هەروەک “ناپلێۆن پۆناپارت” پێش دووسەد ساڵ وتەیەکی دەربارەی چین هەیە دەڵی “چین خەوتووە، کاتێک هەڵدەستێت جیهان دەهەژێت”، چینییەکان بە مەبەستی هەستانەوهیان و دەرکەوتنیان وەکو هێزێکی جیهانی گەورە هەستان بە راگەیاندنی پڕۆژەیەکی گەورەی جیهانی کە ئەویش “پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ”یە کە لە ساڵی (٢٠١٣) لەلایان سەرۆکی چین راگەیاندرا بەمەبەستی زیندوو کردنەوەی ڕێگەی ئاوریشمی کۆن، هەروەها بەستنەوەی چین بە ناوچەکانی ئاسیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو روانینەی چین بۆ سەدەی بیست و یەک هەیەتی، هەروەک سەرۆکی پێشووی چین (سەن یات سێن) ئاماژەی پێکردبوو کە “سەدەی بیست و یەک دەبێتە سەدەی چینی”،سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گرینگییەکی زۆری بۆ چینییەکان هەیە، بۆیە چین بەهەموو تواناکانی دەیەوێت سەرنجی دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە بۆ لای خۆی رابکێشێت و لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە کاریگەری سیاسی و ئابووری و سەربازی و رۆشنبیری بەسەر حکومەتەکان و گەلەکانیان بکات، چین چەندین دەستپێشخەری خستۆتە بەردەم دەوڵەتانەی خوازیارن بەشداربن لەم پڕۆژەیە لەو ڕێگەیەوە چین دەیەوێت بەشدار بێت لە هەر گۆرانکارییەک کە لە جیهان بە گشتی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت روودەدات.
“ناساندنی بابەتەکە”
لەدوای دروستبوونی کۆماری گەڵی چین لە ساڵی (١٩٤٩) چین هەنگاوی نا بۆ چەسپاندنی بنەماکانی فەرمانڕەوایی کردن داڕشتنی ئەرکەکانی دەوڵەت، کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم چین وەکو(٥) وڵاتەزڵهێزەکەی جیهان هاتە نێو شانۆی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا چین بەهۆی بەهێزبوونی پێگەی سیاسی و ئابووری و سەربازی و تەکنەلۆژی و جۆگرافی و دیمۆگرافی، کە ئەمانە وای کردووە کە لە سەردەمی ئەمرۆماندا رۆڵ و پێگەی چین لە گۆڕانکاری و کێشەکان و رووداوەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان زیاتربێت، لێڕەدا کار لەسەر یەكێک لە پرۆژە ستراتیژیەکانی چین دەکەین کە ئەوەیش “پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ” کە بە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە “یەک ڕێگا، یەک پشتێن” ناوزەندەکرێت، پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ لە بنەڕەتدا نوێکرنەوەی ڕێگەی ئاوریشمی کۆنە، کە لە چینەوە دەستی پێ دەکرد بەرەو باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئاسیا دواتر بۆ ناوچەکانی تری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا درێژ دەبووە، بیرۆکەی زیندوو کردنەوەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ بۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوو چین “لی پینگ” دەگەرێتەوە کە لە سەردانێکی بۆ دەوڵەتانی ئاسیا ناوەڕاست ئاماژەی بەوەدا کە “گرینگە کرانەوەیەکی گشتگیر هەبێت بۆ جۆرێکی هاوچەرخی ڕێگەی ئاوریشم”،ئەمەش بە واتای ئەوە دێت چینییەکان زۆر لە مێژە هەوڵ بۆ دووبارە بوونیاتنانەوەی ئەو ڕێگەیە دەدەن، بەڵام راگەیاندنی پڕۆژەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە سێپتێمبەری (٢٠١٣) لە سەردانێکی سەرۆکی چین “شی جین بینگ” بۆ کازاغستان پشتێنەکی ئابووری هاوشێوەی رێگای کۆنی ئاوریشمی راگەیاند، دوای مانگێک سەرۆکی چین لە ئەندەنووسیا رێگای ئاورشمی دەریایی راگەیاند ناوی لە پرۆژەکان نا “یەک پشتێنە و یەک ڕێگا”، بنەمای ئەو بیرۆکەیە بۆ ئاسنکردنی بازرگانی لەگەڵ ٦٥ دەوڵەت کە نزیکەی ٪٦٠ دانیشتوانی جیهان دەگرێتەوە، ئەویش بە ڕێگەی دامەزراندنی تۆرێکی گەورەی گواستنەوەی (وشکانی،دەریایی،ئاسمانی،ژمارەیی)، بۆ ئەم مەبەستە چین لە ساڵی (٢٠١٧)کۆربەندی یەکەمی پڕۆژەکە لە پەکین بەست کە زیاتر لە (١٣٠) وڵات و سەرۆکی (٢٩) وڵات بەشداریان لەو کۆربەندە کرد، دواتر لە ساڵی (٢٠١٩) کۆربەندی دووەمی پڕۆژەکە لە پەکین بەسترا بە بەشداری (٨٠) وڵات، لەدوای هاتنی ڤایرۆسی کرۆناش چین کۆربەندی هاریکاری نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پڕۆژەکەی بەبەشداری (٢٥) وڵات بە شێوەی ڤێدیۆی بەسترا ،چین دەیەوێت لە رێگای ئەم پرۆژەوە هەژموونی خۆی بەسەر جیهان بچەسپێنێت هەم لە رێگای وشکانی هەم لە رێگای دەریا و ئاسمانیشەوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئامانجەی چین پێویستی بەیارمەتی وڵاتانی دیکە.
“ئێراق وەک شادەماری پڕۆژەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”
ئێراق خاوەن پێگەیەکی ستراتیژی بەهێزە، بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە کۆنیشدا جێگای بایەخپێدانێکی زۆر بووە، بەتایبەت لە ڕێگای ئاوریشمی کۆن، ئێراق بە ڕێرەوێکی بەستنەوەی چین بە ئەوروپا دادەنرا، بۆیە ئێراق لە پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێدا پێگەیەکی گرینگی داگیرکردووە، سەرەتا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێراق و چین دەکەین لە دوای ساڵی(٢٠٠٣)دا،پەیوەندییەکانی چین و ئێراق لە دوای ساڵی(٢٠٠٣)بەرەو پێشچوونێکی زۆری بە خۆوە بینی، بە تایبەت لە بواری ئابووری لە کۆربەندی نێوان وڵاتانی عەرەبی-چین لە ساڵی(٢٠٠٤)، چین دەستیکرد بە بەهێزی کردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەو (١١) وڵاتەی لە کۆربەندەکە بەشداربوون کە ئێراقیش یەکێک لە وڵاتانە بوو کە بەشدار بوو تێیدا، ئێراق چوارەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی بوو لە نێوان وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی(٢٠١٢)کە ڕێژەی ئالوگۆری بازرگانی نێوانیان بە نزیکەی(١٧)ملیارد دۆلاربوو، لەدوای ڕاگەیاندنی دەستپێشخەری “یەک پشتێن، یەک ڕێگا” لە ساڵی (٢٠١٣) لەلایهن سەرۆکی چیندا، لەدوای دوو ساڵ لە ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە، لە ساڵی(٢٠١٥) ئێراق بە شێوەیەکی فەرمیی بەشداری کرد لە پڕۆژەکەدا، ئەویش لە دوای سەردانێکی “حەیدەر عەبادی” سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێراق بۆ چین کە هەستا بە ئیمزاکردنی پێنج ڕێکەوتنامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، لە بوارەکانی “ئابووری، نەوت، وزە، سەربازی، تەکنەلۆژی، دیبلۆماسی”، سەبارەت بە پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ؛ چین-ئێراق یاداشتێکیان سەبارەت بەشداری دوولایەنە بۆ بوونیاد نانی پشتێنەی ئابووری پڕۆژەکە ئیمزاکرد، لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دژ بە داعش، چینیەکان هەستان بە ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە گشت ناوچەکانی ئێراق بە تایبەت ئەو ناوچانەی کە لە چوارچێوەی جەنگەکە بوون هەستا بە دووبارە بوونیادنانەوەی ژێری خانی ئابووری ئێراق وەبەرهێنەرەکانی چین لە ماوەدا چەندین کاری وەبەرهێنانیان ئەنجامداوە لە ئێراق و هەرێمی کوردستان،ئێراق وەکو شادەماری ڕێگاکان دادەنرێت، دەبێتە هۆی بەستنەوەی زۆربەی ڕێگاکانی پڕۆژەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێوان ئاسیا و ئەوروپا.
“لێکەوتە ئابووری و سیاسییەکانی پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ لەسەر ئێراق”
یەکەم:- لێکەوتە ئابوورییەکان، سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکان، لە ساڵی(٢٠١٩)دا سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێراق “عادل عهبدولمههدی” بە یاوەری شاندێکی فەرمی گەورە سەردانی چینیان کرد،کە هەشت ڕێکەوتننامە و یاداشتنامەی لێكتێگهیشتن و ههماههنگی ئیمزاکرد ،ئەوەی جیاوازبوو لەگەڵ شاندەکەکانی تر، ئەندامانی شاندەکە لە شهش وهزیر پانزه پارێزگاری شاره جیاوازهكانی ئێراق (به سێ پارێزگاكهی ههرێمی كوردستانیشهوه) یاوەری سەرۆک وەزیران بوون، سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕێکكەوتننامەکان خالەکانی پێکهاتبوون لەوەی کە ئێراق دەبێت ڕۆژانە بڕی(١٠٠)هەزار بەرمیل نەوتی خاو بداتە چین، لە بەرامبەردا چین کۆمپانیاکانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی لە ئێراق ئەنجامبدەن، بەتایبەت لە بواری ژێرخانی ئابووری وڵات، پڕۆژەی کۆمپانیاکانی چین لە بواری بوونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری ئەمانە دەگرێتەوە:- “ڕێگاوبان، هێڵی ئاسنین، بەنداو، قوتابخانە، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، بەندەر” هەروەها چەندین پڕۆژەی تر، هەروەها بەستنی چەندین گرێبەست بە مەبەستی دانانی وێستگەی کارەبای نوێ، دروستکردنی پێنج شاری پیشەسازی بەیەکەوە بەستراوی هاوبەش، دروستکردنی شارێکی تایبەت بۆ بەرهەمی چینی بە ستانداری جیهانی، پێدانی مۆلەتی کارکردن بە کۆمپانیان هەوای لە بوارەکانی پەیوەندی بە مەبەستی دامەزراندنی تۆری پەیوەندی نەوەی پێنجەم (G5) لە ئێراقدا، کە گوژمەی ئەو گرێبەستانەی کە لە ماوەی سەردانییەکەی سەرۆک وەزیران ئیمزای کرد بە (٥٠٠) ملیار دۆلار مەزندەدەکرێت کە ئەمەش هەموو لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێدایە، بۆیە بە گوێرەی ئەو خاڵانەی باسمان کردووە پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ لە ڕووی ئابوورییەوه سوودی گەورەی بۆ ئێراق دەبێت، بەتایبەت دەبێتە هۆی زیادبوونی هەلی کار لە ئێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها دەبێتە هۆی دروستکردنی چەندین ڕێگای خێرای و ڕێگای ئاسنین کە هەموو شارەکانی ئێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەبێتە هۆی دووبارە بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری.
دووەم:- لێکەوتە سیاسییەکان.
- پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەسەڵاتی ناوەند، چونکە چین یەکێک لە ئامانجە سیاسییەکانی بریتییە لە دووبارە بەهێزبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەند لە ئێراق بۆیە زۆربەی کارەکانی لەچوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، سەرەرای بوونی کونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی کوردستان، چونکە چینییەکان پێیان وایە کارکردن لەگەڵ حکومەتێکی بەهێز باشترە، هەروەک نموونەی سوریاشمان باس کرد، بۆیە گەر سەیری رووداوەکانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بکەین چین بە هەموو شێوەیەک دژی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بوو، چین کاریگەری هەبوو لەسەر کۆنترۆڵ کردنی کەرکوک لەلایان ناوەندەوە.
- مەترسی بوونی ئێراق بەناوچەی یەکلاکردنەوەی ملمڵانێیەکانی نێوان چین-ئەمریکا، یەکێک لە لێکەوتەکان بریتیە لە هەلوێستی ئەمریکا سەبارەت بە لێک نزیک بوونەوەی چین-ئێراق، چونکە لە دوای داگیرکردنی ئێراق لەلایان ئەمریکاوە لە ساڵی(٢٠٠٣)،ئەمریکا کاریگەری بەسەر هەموو جومگەکانی سیاسی ئێراق هەیە، ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لاوازکردنی هەژموونی چین دەدات لە گشت وڵاتانی ناوچەکەو ئێراق بە تایبەت، زۆرێک لە توێژەرانی سیاسی ئاماژە بە یەکێک لە هۆکاری سەرەکی ڕووخانی حكومەتەکەی “عادل عهبدولمههدی” دەبەستنەوە بەو ڕێکەوتنامە و گرێبەستانەی کە لە سەردانەکەی بۆ چین ئیمزای کرد.
- هەلوێستی وڵاتانی دراوسێ، ئیران و تورکیا بەهێزبوونی ئابووری ئێراق وەکو مەترسییەک بۆ سەر هەژموونی سیاسی و ئابووری خۆیان دەبینن، هەرچەندە هەردوو وڵات بەشدارن لە پڕۆژەکە بەڵام بەهەموو شێوەیەک دژی هەنگاوەکانی چینن لە ئێراقدا، هەوڵ بۆتێکدانی ئاسایشی ئێراق لە ناوخۆی ئێراق.
“دەرئەنجام”
لەدوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە ساڵی(٢٠١٣)زۆربەی وڵاتانی جیهان ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لەچوارچێوەی پڕۆژەکەدا، سەبارەت بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ وڵاتانی تری جیهان، هەم لەڕووی قەیرانەکان و کێشەکان، چونکە زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتانی تازە پێگەیشتوون لە ڕووی ئابووری و تەنانەت لە ڕووی سیاسییەوە، لێرەدا باسی دەرئەنجام دەکەین کە پڕۆژەکەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی کردووە:-
- پڕۆژەی ئاوریشمی نوێ لە بواری ئابووری بۆتە هۆی دووبارە بورژانەوەی ئابووری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و سزا ئابوورییەکان و نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهات، زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکەی تووشی قەیرانێکی سەختی ئابووری کردووە، بۆیە تاکە ڕێگەی بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانانە بەشداری کردنی وڵاتانە لە پڕۆژەکەدا، بۆیە پڕۆژەی ئاوریشمی نوێ سوودی زۆر گەورەی ئابووری بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەتایبەت لە بواری ژێرخانی ئابووری و بوژانەوەی ئابووری،هەلی کار.
- پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ بۆتە هۆکاریك بۆ زیادکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان چین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگشت بوارەکان بەتایبەت سیاسی و ئابووری و سەربازی و تەندروستی و مرۆیی، ئەمەش لە کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆس کرۆنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی ڕوون هەستی پێدەکرا، لە بابەتی هاوکاری مرۆیی و پزیشکی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چین لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزێکی نەرم توانی ڕای گشتی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لای خۆی ڕاکێشێت.
- پڕۆژەی ئاوریشمی نوێ لە بواری سیاسی دا کاریگەری نێگەتیڤی بەسەر ناوچەکەدا درووست کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو گۆرەپانێکی شەری سارد لە نێوان چین و ئەمریکا بەکارهاتووە، هەردوو وڵات هەوڵی لاوازکردنی هەژموونی یەکتر دەدەن لە ناوچەکەدا، ئەمەش بۆتەهۆی دروستکردن و بەردەوام بوونی ناسەقامگیرییە سایسییەکان و ئاسایش ،ئازادی هەڵسووکەوتی وڵاتانی لە سیاسەتی دەرەوە بەرتەسک کردۆتەوە.
- پڕۆژەکە بۆتە هۆی دووبارە گەڕانەوەی بەهێزی بوونی ناوەندەکانی دەسەڵات لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، کە ئەمەش بۆتە کێشەیەکی گەورە لەو وڵاتانە بەهۆی ئەوەی هیچ سیستەمێکی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نییە، ئەمەش بۆتە هۆی بەهێزکردن و پاڵپشتیکردن لە سیستەمەکانی ناوچەکە،کە زۆربەی کات دەسەڵات لە ژێردەستی کەسێک دا کۆدەبێتەوە، وەکو پالپشتی کردن لە رژێمی سوریا هەوڵدان بۆ بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند.
- سەبارەت بە ئێراق تایبەتمەندی خۆی هەیە لە ڕووی ئابوورییەوە سودێکی زۆری بۆ ئابووری ئێراق دەبێت،لە بواری هەلی کار و زیادبوونی خزمەتگوزاری پێویست و هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی چین بۆ مەبەستی گەشەی ئابووری، بەڵام لە پاڵ ئەمەش پێویستە حکومەتی ئێراق بە شێوەیەکی هۆشیاربن بەوەی ئێراق نەبێتە سریلانکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها مەترسی گەورەی ئاسایشی دروست دەکات بەهۆی ئەوەی وڵاتانی خاوەن هەژموون دژی بەهێزبوونەوەی عیراقن،هەروەها دەبێتە هۆی بەهێزبوونی سەروەری وڵات.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان جیهان لە گۆرانێکی گەورەدایە لە ڕووی سیاسییەوە زۆر جیاوازە لەگەڵ سەردەمی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی سەدام و سەردەمی داعش، دووبارە سنوورەکان وڵاتان سەروەریان بۆ دەگەرێتەوە، هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتەکانی ناوەند لە بەهێزبوون دایە کە ئەمەش مەترسی راستەقینەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە بکات، چونکە راستە لە ڕووی ئابوورییە سودی گەورەی بۆ هەرێم هەیە، بەڵام ناکرێت تەنها بیر لە سودی ئابووری بکەینەوە، ناکرێت دوبارە هەڵەکانی ئابووری سەربەخۆی ساڵی(٢٠١٤)،ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان ساڵی(٢٠١٧) ئەنجام بدەینەوە ،بەڵکو دەبێت لەگەڵ ئاراستەی پڕۆژەکە خۆمان بگونجێنن، هەوڵ بدەین شوێنێکی تایبەت بە خۆمان دابین بکەین لە پڕۆژەکەدا بۆ مەبەستی پاڕاستنی بەرژەوەندی نیشتمانی، چونکە ئەگەر هاتوو پڕۆژەکە بەم گوێرەی ئەو پرۆگرام و نەخشانەی دانراوە جێبەجێبکرێت مەترسی لەسەر داهاتوو هەرێم بە گشتی و کورد بە تایبەت دروست دەکات، ناکرێت بەهۆی هەڵەی چەند سیاسی و بازرگانێک زیان بە گشت هاووڵاتیانی هەرێم بکەوێت، لە کۆتایدا ئاماژە بە وتەیەکی مارکس لەبارەی دووبارە بوونەوەی مێژوو دەکەین دەڵێ (مێژووی خۆی دووبارە دەکاتەوە بەڵام بە شێوەیەکی هەزەڵی)، بۆیە ترسی دووبارەبوونەوەی جەنگێکی جیهانی لە ناوچەکەدا ئەگەرێکی کراوە و بەهێزە.
لیستی سەرچاوەکان؛
زمانی کوردی؛
١- کامەران ئەحمەد محمد (مەنتک)،کوردستان لە پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێدا،دەزگای چاپی سەردەم،سلێمانی،چاپی یەکەم،٢٠٢٠
٢- کۆمەڵێک نووسەر (ژووری توێژینەوەی سیاسی-بزووتنەوەی گۆڕان)،پرسەسیاسی و قەیرانەهاوچەرخەکان، سلێمانی،دەزگای پیرەمێرد ،چاپی یەکەم،٢٠١٥
٣- هۆشمهن عهتا ، فاكتهری كوردی له پهیوهندییهكانی عێراق-چیندا ،گۆڤاری ئایندەناسی،ژمارە ٦ ،٢٠٢٠
فرانسواز لوموان، االقتصاد الصيني ،د.صباح ممدوح كعدان، دمشق، مطبعة الهيئة العامة السورية للكتاب،٢٠١٠
رابيا ديھية و أكلي محفوظ،دور إستراتيجيات القوى الإقليمية و الكبرى تجاه الحراك في منطقة الشرق الأوسط(٢٠١١-٢٠١٦سوريا أنموذجا)،رسالة ماجستير، جامعة تيزي وزو،كلية الحقوق والعلوم السياسية،٢٠١٧
أندرو سكوبيل و عليرظا نادر،الصين في الشرق األوسط ، مؤسسة RAND هي منظمة بحثية تعد حلولا لتحديات السياسات العامة، ٢٠١٦
-ابتسام محمد عبد العامري،مبادرة الحزام والطريق الصينية وتأثيرها على العراق، ورشة عمل كلية التربية بجامعة الكوفة