“هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانی، شەڕ و یاخیبوونە بچووکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ١٩١٩ – ١٩٣٩”
“نەخشەی ئێراق Map of IRAQ”
“باکووری ئێراق Northern Iraq”
سەرنجی سەرەکیی بەریتانیا لە ئێراق لە سەرەتای ١٩٢٠کاندا لەسەر ناوچەی باکووری شاخاویی کوردستان بوو کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا و وڵاتی فارس (کە ئێستا ئێرانە)، کە پێویست بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە هەنووکەییانەی کە لەلایەن تەماح و چاوتێبڕینی تورکیاوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاک و هەرێمی زیاتر و جوداخوازیی کوردەوە دروستکرابوون و توانای ناسەقامگیرکردنی ناوچەکانی تری ئێراقیان هەبوو. دەرئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە شوباتی ساڵی ١٩٢٣ دەستی پێکردبوو، زۆر بە وردی لەلایەن ئەفسەری فەرماندەی هێزی ئاسمانی Air Officer Commanding (AOC)، جێگری مارشاڵی فڕۆکەوانی سێر جۆن سالمۆند، لە ڕۆژنامەی لەندەن گازێتدا London Gazette – کە بڵاوکراوەیەکی تەواو کراوەیە، باسکراوە. سالمۆند ئیددیعای لەڕادە بەدەری نەکردووە بەو مانایەی کە ئامانجەکانی بەریتانیا لە ڕێگەی تەنها هێزی ئاسمانیی سەربەخۆوە بەدیهاتبێت و نووسیویەتی: “من وام داناوە کە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینیی هاوبەش پێویستە بۆ بەدیهێنانی هەردوو ئامانجەکەم”.
Map 3. Kurdistan operations, 1923.
“نەخشەی 3. ئۆپەراسیۆنەکانی کوردستان، ساڵی 1923”
پلانەکانی سالمۆند بە ڕاوێژ لەگەڵ گەورە ئەفسەرانی خوار خۆی لەگەڵ دەسەڵاتە سیاسییە بەرپرسیارەکان دادەڕێژرا. ئەو پێکهێنانی دوو ڕەتڵی جیاوازی هەڵبژارد بە قەبارەی لیوا، یەکێکیان کۆیکۆڵ، واتە ڕەتڵی کۆیسنجەق (‘Koicol’) کە لە هێزەکانی بەریتانی و هندی پێکهاتبوو، ئەویتریان فرۆنتیرکۆڵ، واتە ڕەتڵی سنوور(‘Frontiercol’) کە لە هێزەکانی لێڤیی ئێراقی پێکهاتبوون. کۆیکۆڵ لە مووسڵەوە نێردرا بۆ کۆیسنجاق، کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی هەنووکەیی بووەوە لەلایەن ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزە ناڕێکخراوەکانی (نانیزامییەکانی) تورکیا و شوێنکەوتووانی شێخ مەحموودی کوردەوە. فرۆنتیرکۆڵ ڕەوانەی ڕەواندز کرا بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی تورکیا لە سنووری ئێرانەوە، چونکە تاکە ڕێگا بوو بۆ ناو ئێراق کە لە ماوەی مانگەکانی زستاندا بەفر نەیگرتبێت (بڕوانە نەخشەی ٣). پشتیوانیی ئاسمانی بۆ ئەو دوو هێزە (کە هەردوکیان بە دەزگا و ئامێری بێتەلی گوێزراوەی سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیی RAF تەیار کرابوون) کە سێ پۆل (سرب) فڕۆکەی جەنگیی بۆ دابینکرابوو کە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، پۆلی چوارەمیش کە لە کەرکووکەوە دەفڕی مەحموود و شوێنکەوتووانی کردبووە ئامانج لە چیاکانی ناوچەی سورداش، لە باکووری سلێمانییەوە.
لێرەش، وەک لە وڵاتی سۆماڵ (سۆماڵیلاند)، دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە باکووری ئێراق لەم سەردەمەدا جۆراوجۆری و وریایی بوو (بە پێوەرەکانی ئەو ڕۆژە). ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی سەربەخۆ لە دژی مەحموود ئەنجامدرا و لایەنگرانی، لە زۆربەی ئەم ماوەیەدا و بە پلەی یەکەم لەبەر ئەوەی لە ناوچەیەکی دوورەدەست و شاخاویدا بوون و بەئاسانی دەستی هێزە زەمینییەکانی سالمۆند پێیان نەدەگەیشت. بە بۆچوونی ئەو، ئەم هێرشانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو بۆ ڕێگریکردن لە گردبوونەوەی خێڵە ناوخۆییەکان بۆ پاڵپشتی کردن لە مەحموود، بەڵام ئەو هەرگیز و لە هیچ کاتێکدا وای دانەنابوو کە ئەمە هۆکاری یەکلاکەرەوە بووبێت بۆ شکستی یاخیبووان.
لە شوێنێکی تری نامەکەیدا، سالمۆند باسی لەوە کردووە کە چۆن پێویستیی بە خێرایی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هێز لە قۆناغێکی بەرایی قەیرانەکەدا بۆ ناوچەکە قەناعەتی پێکردووە کە دوو فەوج لە تیپی ١٤ی سیخەکان بە فڕۆکە بگوێزێتەوە بۆ کەرکووک. ئەوجا پێش ئەوەی دوو ڕەتڵەکەی دەست بە ئەرکەکانیان بکەن، کەوتە ئەوەی کە بە فڕۆکە بەیاننامەی ئاگاداری بە لێشاو بەربداتەوە بەسەر ئەو عەشیرەتانەدا کە دەکەوتنە سەر ڕێی پێشڕەویی هێزەکان و ئەگەری ئەوەیان هەبوو چالاکیی دوژمنکارانە ئەنجام بدەن، بە مۆر و ئیمزای یەکێک لە کەسایەتییە ناوخۆییە کاریگەر و دەسڕۆکان و هانی خەڵکیان دەدا کە ڕێگریی لە پێشڕەویی هێزەکانی بەریتانیا نەکەن. دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان دەستیپێکرد، هەواڵگریی (ئیستیتڵاعی) ئاسمانی یارمەتیدەر بوو بۆ دەستنیشانکردنی ناوچە سەرەکییەکانی بەرگریی دوژمن بە درێژایی ڕێگای هێزەکانی لێڤی لە هەولێرەوە بۆ ڕەواندز، سالمۆندیش توانی چالاکیی هەواڵگریی شەخسیی خۆی لە ناوچەکەدا بخاتە کار – کە زنجیرە شاخێکن و بە سپیلیک داغ ناسراوە. ئەو نووسیویەتی ‘لە کاتی ئەم فڕینەدا’، زۆر سەرسام بووم بە هێزی سروشتیی پێگەی سپیلک و لە هەمان کاتدا زانینی ئەوەی کە دوژمن بە هێزەوە دەستی بەسەردا گرتووە و من گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە بەبێ جووڵەیەکی داخراو ناتوانرێت بەبێ زیانێکی بەرچاو دەست بەسەریدا بگیرێت.
لە بنەڕەتدا سالمۆند دیمەنێکی ناوچەی شەڕی داهاتوو لە دەستیدا بوو کە بۆ فەرماندەکانی پێشووی بەریتانیا لە ئێراقدا نەڕەخسابوو، ئەمەش وای لێکرد کە هێزە زەمینییە تەواو سنووردارەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر و کەم خەرج و تێچوو جێگیر بکات. بێجگە لەوەش فڕۆکەکان ئەو ئامرازانەی دابین دەکرد کە بەهۆیانەوە هەردوو ڕەتڵەکە بتوانن بە خێرایی و بە ئاسانی هەماهەنگ بکەن لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، چ لە خستنەخوارەوەی پەیام و بەیەننامە یان هەڵگرتنەوەیان یان بە نیشتنەوەی ڕاستەقینە لە پێگە و شوێنەکانی پێشەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئەفسەرە باڵاکان بدەن – بە سالمۆندیشەوە – بۆ ئەوەی تاوتوێی پێشکەوتن و پلانەکان بکەن. لە ١٥ی نیساندا سالمۆند ڕێنمایی هێزەکەی کۆیکۆڵی کرد کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بە هەماهەنگی هێرشێک ئەنجام بدات بۆ سەر سپیلک و هەڕەشەی دابڕینی تورکەکان دەکەن بە ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی پاشەکشە كردن بەرەو ڕەواندز. فرۆنتیرکۆڵ دەبوو بەردەوام بن لە پێشڕەویی خۆیان لەم ماوەیەدا لە باشووری ڕۆژئاوا و لە هەمان کاتدا دوژمنی لە شوێنی خۆیدا چەقاند. دواتر، دوو ڕەتڵەکە دەبوو پێکەوە یەکبگرن پێش ئەوەی هێرشێکی هەماهەنگ بۆ سەر سپیلک دەست پێبکەن. لەم دوو هێزە، کۆیکۆڵ ڕووبەڕووی ئەرکی قورستر بووەوە لە کاتی پێشڕەویی بەرەو باکوور بە ناوچەیەکی هێجگار سەخت و هەڵەتدا – شاخی سەخت و تووش، لووتکەی بەرز و چەم و دۆڵی قووڵ – بەدرێژایی ڕێگایەک کە بەرزاییەکانی دەوروبەری بەسەریدا زاڵن و لە هەندێ شوێندا تەواو بەرتەسک و سنووردار دەبێت. لێرە دەبوو هەموو سوود وباشییەکانی هی بەرگریکاران بوایە و لەگەڵ ئەوەشدا، دوای ئەوەی لە ١٧ی نیساندا کۆیکۆڵ لە پێشڕەوییەکەیدا گەیشتە خاڵی یەکگرتنەوەی چاوەڕوانکراو تەنها دوو ڕۆژ دواتر. هۆکاری سەرەکی لە خێرایی جموجووڵەکەیدا سوود وەرگرتنی هاوبەش بوو هەواڵگریی هێزی ئاسمانی و ئامادەگیی فڕۆکە بوو – کە جێگرەوەیەکی کاریگەر بوو بۆ ئۆپەراسیۆنە کوتوپڕەکانی دەورێ و ئێشکگرتن ئەگەرنا دەبوو لەلایەن سەربازە زەمینییەکان خۆیانەوە ئەنجام بدرێن، لە خەرج و تێچووی بەرچاو لە هەردوک کات و سەرچاوەدا. بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩ی مانگ، تورکەکان لە شوێنی خۆیاندا دامەزران و سەنگەریان لێ گرتن، کۆیکۆل کەوتە بەر ئاگری دەستڕێژی بەرگریکاران و لە گرد و کێوەکانی دەوربەریانەوە بە خەستی دایانگرتنەوە. بەڵام ڕەتڵەکە تەنها زیانی پێنج قوربانیی لێکەوتەوە (کە هەموویان بریندار بوون)، لە کاتێکدا دوژمنەکانیان ٣٠ سی کوژراویان لەدوای خۆیان بەجێهێشت کاتێ کە دوای نزیکەی سێ کاتژمێر شەڕکردن کشانەوە. فڕۆکەکان کاریگەرترین هاوکارییان کرد و بە درێژایی شەڕەکە دوژمن لە سەنگەر و خەندەقەکاندا بۆردمان کرا و بە چەکی ڕیز (ڕەشاش) داگیرانەوە و پەیامی هۆشداری بەسەر ڕەتڵەکەدا خرایە خوارەوە و ئەو شوێن و حەشارگانەی دەستنیشان دەکرد کە بە دەست دوژمنەوە بوون و تێیاندا خۆی قایمکردبوو.
لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا کۆیکۆل هەڕەشەی گرتنی ڕێگای هەڵهاتنیان دەکات لە سپیلیکەوە، تورکەکان هیچ بژاردەیەکیان نەما بێجگە لە کشانەوە و لە ٢٠ی مانگدا فرۆنتیرکۆڵ لە ناوچەکەدا پێشڕەویی کرد بەبێ ئەوەی کەس بەرانبەری لێبگرێت. سالمۆند پێشبینی دەکرد بەرگریی زیاتری بەرەوڕوو بێتەوە لە کاتی ڕێپێوانی کۆتاییدا بۆ ڕەواندز، بەڵام هەم ئیستیتڵاعی ئاسمانی و هەم هەواڵگری مرۆیی (HUMINT) لە ٢١ی مانگدا ئاماژەیان بەوەدا کە تورکەکان لە شارۆچکەکە کشاونەتەوە و چۆڵیانکردووە و شوێنە نزیکە سەرەکییەکانیش لای باشوورەوە تەواو پاککراونەتەوە. هەر زووش زانرا کە سنووریان بەزاندووە و چوون بە دیوی ئێراندا و لەوێیش لەلایەن دەسەڵاتە سەربازییەکانی ئێرانەوە چەککراون.
“Map 4, Sulaimaniya operations, 1923. نەخشەی ٤، ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی، ١٩٢٣”
وا ئێستا سالمۆند دەتوانێت سەرنجی خۆی بخاتەوە سەر شێخ مەحموود کە پاڵپشت و لایەنگری سەرەکیی دەکەوێتە کوردستانی باشوورەوە، لە نێوان سلێمانی و سوورداشدا. لەم ماوەیەدا کۆیکۆڵ کشابووەوە بۆ کەرکووک و لێرە سەرلەنوێ ڕێکخرابووەوە و چەک و جبەخانەی نوێی بۆ دابینکرابوو و سێ بەتالیۆنی (فەوجی – و) تازەشی پێدرابوو. لەم ماوەیەشدا ئەو جاڕنامانە لە فڕۆکە خرابوونە خوارەوە کەوا هێزەکانی حکوومەت بەو زووانە سلێمانی دەگرنەوە و جاڕنامەکان ڕاستەوخۆ بەسەر ناوچەکانی دەسەڵاتی مەحمووددا بەردەدرانەوە و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی سەربەخۆ دژ بەو گوندانە ئەنجامدران کە هێزەکانی ئەویان تێدا جێگیر بووبوو. لە ١٢ی مایسدا ڕەتڵە نوێیەکە لە کەرکووکەوە پێشڕەویی کرد و چاوەڕوانیی گشتیی ئەوەبوو کە مەحموود هەوڵی وەستاندنی هێزەکە بدات لە دەربەندی بازیان – کە تاکە دەروازە بوو بەناو زنجیرە چیاکانی قەرەداغدا تێپەڕێت و وەک قەڵغانێک بوو بۆ سلێمانی و سەنگەر و قایمکارییەکی تری تۆکمەی بەرگریی بوو (بڕوانە نەخشەی 4). نەخشە و پلانەکان ئامادەکرابوون بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی زەمینی و ئاسمانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەربەندەکە، بەڵام هەواڵگریی فڕۆکەوانی لە ١٤ی مانگدا ئەو زانیارییەی دەرخست کە مەحموود کاتی تەواوی بەدەستەوە نەبووە بۆ خۆسازدان و بەرگریکردن لە ناوچەکە، هەروەها بوونی سەرچاوەیەکی ئاویشی پشتڕاست کردەوە لە نزیک دەربەندەکەوە. بەو پێیە پلانی هێرشکردنەکە هەڵوەشایەوە و لەبری ئەوە ڕەتڵەکە کەوتە ڕێپێوانێکی زۆرەملێ بە درێژیی ٢١ میل بۆ ئەم شوێنە. لێرەوە دەستەیەکی پاسەوانی نێردریە پێشەوە بۆ جێگیربوون و سەنگەر گرتن و خۆئامادەکردن لە ناو دەربەندەکە و دەوروبەریدا.
ئێستا تەنها یەک زنجیرە شاخ دەکەوێتە ڕێیان کە بە دەربەندی تاسڵووجە لەتکراوە و دەکەوێتە نێوان سلێمانی و ڕەتڵەکەوە. لە ڕۆژی ١٥ی مانگدا هەواڵگریی زیاتر ڕاپۆرتی بوونی سوارەکانی دوژمنی سەلماند لە دەربەندەکەدا و وایکرد کە فەرماندەی ڕەتڵەکە فەرمان بکات دووەم ڕێپێوانی زۆرەملێی هێز پێشڕەویی بکات و بە هەمان شێوە ئەمیشیان سەرکەوتوو بوو. نامە و نامەکاریی دەستبەسەرداگیراوی دواتر ئەوەی سەلماندووە کە مەحموود بەنیاز بووە دەربەندەکە بگرێت، بەڵام ئەم خولیا و پلانەی بە هۆی خێرایی پێشڕەویی ڕەتڵەکەوە پووچەڵ کرانەوە و لە ماوەی دوو ڕۆژدا هێزەکە ٤٣ میلیان بڕی. ئەو ئێوارەیە، بڵاوکراوە و ئاگادارینامە بۆ ناو شاری سلێمانی خرانە خوارەوە کە تێیاندا فەرمان درابوو بە کەسایەتییە ناوخۆییەکان بچنە دەرەوەی شار بۆ پێشوازی کردن لە ڕەتڵەکە، بەڵام ژمارەیەک لە لایەنگرانی مەحموود لە شەودا هەڵهاتن و دەورێی ئاسمانییان کردە سەریان لە دەرەوە بۆ دۆزینەوەیان بەڵام بە هۆکاری خراپیی کەشوهەواوە لەم ئەرکەیان بەتەواوی نائومێد بوون و کارەکە سەری نەگرت. لە ١٦ی مانگدا (واتە مایس – و) ڕەتڵەکە بێ هێچ بەرگرییەک چووە ناو شاری سلێمانییەوە. پاشان سالمۆند باس لەوە دەکات کە چۆن دواتر ڕۆیشتبوونە باکوور بۆ ناوچەیەکی تری شاخاویی سەختتر بۆ تەواوکردنی ئەرکی نەهێشتن و لەناوبردنی بنکەی دەسەڵاتی مەحموود.
وا ئێستا ئەرکی تێکوپێکدانی ئەو ڕێکخراوە نیمچە سەربازییە ماوەتەوە کە شێخ مەحموود لە ناوچەی سوورداش- مەرگە دروستی کردبوو. بۆ تێکشکاندن و دەرپەڕاندنی ئەو هێزانەی کەوا لەو گوندانە دامەزرابوون و قەناعەت پێهێنانی خەڵکی ناوچەکانی پشدەر و شیلانە کە ئەو بە سەنگەر و قەڵای قایمی خۆی هەڵیبژاردبوون … ئەوە ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆی ئاسمانی دژ بە شێخ مەحموود بە درێژایی ئەم ماوەیە بەردەوام بوو و بە پاڵپشتیی جووڵەی خێرای ڕەتڵەکە هیچ هەل و دەرفەتێکی بۆ نەمایەوە کە بەرگریی ڕێکبخات یان چارەسەری ئەو لێکهەڵوەشانە بکات کە لەم کاتەدا گوڕ و تینی هێزە نانیزامییەکەی بەتەواوی شەکەت و لاواز بووبوو.
لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەدا، هەردوو هێزی ئاسمانی و زەمینی وریا و بەئاگا بوون بۆ جیاکاری کردن لە نێوان توخم و ڕەگەزی دۆست و دوژمندا. وەک سالمۆند دەڵێت، “هیچکام لە گوندەکان دەستیان لێنەدرا و زیانیان بەرنەکەوت بێجگە لەوانەی هۆزەکانی شیلانە کە لە سەرەوە باسمان کردن، کە ڕەنگە بەدەر لەوانیتر بە بەردەوامی و چالاکانە دوژمنایەتیی حکوومەتیان کردبێت. دانیشتووانی گوندەکانی تر ڕێگەیان پێدرا بگەڕێنەوە و بەردەوام بن لە سەر زەوی چاندن و کشتوکاڵی خۆیان”. لە ٢٥ی مانگدا هەواڵمان پێگەیشت کە مەحموود لە سنوور ڕۆیشتووە بەودیودا و هەڵاتووە بۆ ئێران.
تەواوی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی کە بۆ پشتیوانیی ئەم هەڵمەتە ئەنجامدران هێرشی گەمارۆدان، پشتگیریی ڕاستەوخۆی هێزی ئاسمانی، بەرپەرچدانەوە، هەواڵگری (ئیستیتڵاع)، ئامادەیی بەردەوامی فڕۆکە، نامیلکە و بڵاوکراوە و گواستنەوەی ئاسمانی، کە خۆی لە پەیوەندییەکانذا دەبینییەوە، جموجووڵی دەستە و تاقمی ڕاییکردنی کاروبار، دووبارە دابینکردنەوە بە هەردوو باری خستنەخوارەوە و نیشتنەوە، فریاگوزاریی مەسەلەی پێکران و کشاندنەوە و گواستنەوەی پزیشکی. هەڵبەت مەحاڵە کاریگەریی ئەو هێرشە ئاسمانییە سەربەخۆ زۆرانە بپێورێت کە بە پلەی یەکەم ئاڕاستەی مەحموود و شوێنکەوتووانی دەکرا لە نێوان شوبات و ئایاری ١٩٢٣دا، بەڵام پێدەچێت و زۆر بەدوور نازانرێت کە ئەوانە بوونە هۆکارێکی بەرچاو بۆ ئەو ئاسانکارییە ڕێژەییەی کە هێزەکانی بەو ئاسانییە شکستیان هێنا. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێک ڕێگە هەیە کە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی بە شێوەیەکی دەرکەوتوو ڕێگەی دا ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان بە خێراییەکی زیاتر ئەنجام بدرێن و لە ڕووی ئابوورییەوە کەمخەرجتر بێت بەراورد بە ڕابوردوو. ئاشکراکردنی زانیاریی هەواڵگریی کەوا دوژمن ڕێگایەکی تایبەت یان دەربەندێکی نەگرتووە، بەڕاستی کاریگەرییەکی دوور مەودای هەبوو بۆ شێوازی پێشڕەویکردنی هێزی زەمینی. ئەمە بنەمای بۆ جموجووڵێکی خێرای شەڕەنگێزانە دابینکرد، بەبێ بەکارهێنانی خۆپارێزی پێشوەختەی پاسەوان و دەورییە و ئێشکچی. هەروەها هەواڵگریی ئاسمانی یارمەتیدەر بوو بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی جێگیربوونی دوژمن لە ناوچە دوور و بەربڵاوەکانی وڵاتدا، کە دەستی پێ ڕانەدەگەیشت مەگەر لە ڕێگەی هێزە زەمینیی زۆر گەورە و تێچووی زۆرەوە بوایە و زانیاریی تاکتیکیی زۆر بەنرخی بە فەرماندەکانی سوپا دەدا سەبارەت بە دوژمن و نەیارەکانیان و بەشدارییەکی زۆری لە شکستی کۆتاییدا کرد. هێزی ئاسمانیی هێرشبەر پێویستیی خستنەگەڕی یەکە سەربازییە زەمینییەکانی کەمکردەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هەمان ئەندازەی پشتگیریی ئۆرگانیکیی تەقە دەسڕێژ وەک ئەوەی لە ڕابردوودا دەیکرد، لە کاتێکدا پەیوەندیی ئاسمانیی تەشکیلاتە جوگرافییە جیاوازەکانی توانادار کرد بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاڵوگۆڕ کار بۆ پاڵپشتیی یەکتر بکەن – کە ئەمەش فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ گرتنی ڕەواندز.
ئایا هێزی ئاسمانی دەیتوانی یان دەبوو بەو شێوەیە کاریگەر و گشتگیر بێت لە غیابی فەرماندەیی گشتیی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیRAF لە ئێراق و ئەمە تەنها مەسەلەی مەزەندە و خەمڵاندنە، بەڵام مەسەلەیەکی پیشەیی گەورەیە. لانیکەم بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی لە ئاستە باڵاکاندا پێویست دەبوو ئاستی فەرمانەکان بۆ بەدیهێنانی توانای ڕاستەقینەی ناوەندی ئاسمانی. ئەمە بە شێوەیەکی پێشبینیکراو بەسە و لە نامەکەیدا، سالمۆند حەزی دەکرد تیشک بخاتە سەر بەشداریی هێزی ئاسمانی لەم ئۆپەراسیۆنانەدا. ئەو نووسیویەتی “بە درێژایی ڕەوتی کاریان من بە تایبەتی سەرسام بووم بەو سوودە زۆر و تایبەتانەی کە بەکارهێنانی ئاگادارانەی دەسەڵاتی هێزی ئاسمانی پێی دابووم بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە جەنگە”.
بەڵام ئەو هەڵەی وای نەکرد بە ئیددیعا کردنی ئەوەی کە هەموو باشەیەک بۆ هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا بگێڕێتەوە و ڕێزێکی تایبەتی دانا بۆ فەرماندەی کۆیکۆل، کۆڵۆنێڵی فەرماندە ب. ڤینسێنت. بێ گومان تا ڕادەیەکی زۆر بە هۆی کەسایەتییە ماندوو و لێبڕاو و لێهاتوویی سەربازی بووە و بەو ڕێڕۆیشتنە جیددییەی کە بە هۆیەوە ڕەتڵەکەی بە خێرایی بەرەو پێشەوە دەبرد بەسەر ئەو هەموو بەربەست و کۆسپەدا، ئەویش گرتنی ڕەواندز بوو بەبێ هیچ زیانێکی جیددی بۆ هیچ کام لە ڕەتڵەکان … لە ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانیدا، بە هۆی خێرایی جموجووڵیەوە، دوو پێگەی بەهێزی گرتبوو پێش ئەوەی دوژمن کاتی بۆ بڕەخسێت و بپەرژێتە سەری و لە ئەنجامدا نەخشە و پلانەکانی تێکبدات.١
هێرش و لەشکرکێشیی ساڵی ١٩٢٣ی بەریتانیا نە توانیی یاخیبوونەکەی شێخ مەحموود لەناوببات و نە تەحەدا کردنی تورکیاش بخاتە لاوە، بەڵکوو تورکەکان داواکارییە هەرێمییەکانیان هەڵپەسارد پاش ئەوەی لە ساڵی دواتردا جارێکیتر تووشی شکست بوون و پەیماننامەیەکی فەرمی ناکۆکییەکانی ئەنگلۆ – تورکیی لە ناوچەکەدا چارەسەر کرد لە ساڵی ١٩٢٦دا. بەپێچەوانەی ئەوەشەوە، هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی مەدەنیی نوێ لە سلێمانی لە دوای کشانەوەی کۆیکۆڵ لە حوزەیرانی ١٩٢٣دا بە شکست کۆتایی پێهات و پاش بەینێک مەحموود لە ئێران گەڕایەوە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی. بەهەرحاڵ، ئەو هەڕەشە دوولایەنەی کە بەرەڕووی سالمۆند بووەوە – بەوەی کە لەوانە بوو مەحموود تورکەکان ڕابکێشێت یان ئاژاوە و پشێوی لە ناوچەی تری ئێراقدا بەرپا بکات – تا دەهات مەترسییەکی ئەوتۆی نەدەما و بە شێوەیەکی کاریگەرانە مەحموودیان ترنجاندە ڕووبەرێکی بچووکی کوردستانەوە بە هۆی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هەردوو هێزی زەمینی و ئاسمانییەوە.
لە ساڵی ١٩٢٧دا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مەحموود شکستی هێنا و ناچار بوو ئێراق بەجێبهێڵێت. لە پاش کۆتایی هاتنی ماندێتی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٣٠دا، دیسانەوە هەوڵیدا لایەنگرانی خۆی لە باشووری کوردستان بجووڵێنێت و هێزێکی سوپای ئێراق بە پاڵپشتی چوار پۆل فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی بەریتانیا ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی دەستپێکردەوە. دواجار لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣١دا خۆی ڕادەست کرد.٢
پەراوێز:
١ ئەم بڕگەیە پشتی بە ڕاپۆرتەکەی سالمۆند بەستووە لە پاشکۆی ڕۆژنامەی لەندەن گازێتە London Gazette، ١٠ی حوزەیرانی ١٩٢٤.
٢ س د ٩٢، ڕاپۆرتی ئۆپەراسیۆنەکان لە باشووری کوردستان دژ بە شێخ مەحموود، ئۆکتۆبەر ١٩٣٠ – مایس ١٩٣١، وەزارەتی کاروباری ئاسمانی، نیسانی ١٩٣٢ (کۆپیی AHB). ئەم ڕاپۆرتە تێبینییەکی بایۆگرافیی بەسوودە لەبارەی شێخ مەحموودەوە، لەلایەن کاپتن ڤ. هۆڵت ی سکرتێری کاروباری ڕۆژهەڵاتی کۆمیسیاری باڵا لە ئێراق.
Notes
1 This section is based on Salmond’s report in the Supplement to the London Gazette, 10 June 1924.
2 CD 92, Report on the Operations in Southern Kurdistan against Shaikh Mahmoud, October 1930 – May 1931, Air Ministry, April 1932 (AHB copy). This report contains a useful biographical note on Mahmoud by one Captain V. Holt, the Oriental Secretary to the High Commissioner of Iraq.
بەشێک لە کتێبی: Royal Air Force Air Historical Branch
The RAF, Small Wars and Insurgencies
in the Middle East, 1919 – 1939
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق