گەمژەترین وێنەگریی سەرزەوی!
مارک سایکس، مل باریکێک، چی مل ئەستوور بوون، کێشانی بە تەنگەی زەویدا.
“وتاری یەکەم”
دەوترێ کۆمەڵگە و کولتووری خۆرئاوا، خێزانی فەرامۆشکردووە. هەڵبەتە هەندێک لە بیرمەندانی خۆشیان خەریکن وا دەڵێن. جیا لەوان لەم ڕۆژهەڵاتە پان و بەرینەدا هەر دەمێکتان دی کرابێتە، بچن گوێبگرن، خەریکە خێزانی خۆرئاوا شیدەکاتەوە و دەڵێت:-
-کەس کەس ناناسێتەوە.
-سەرت بێت بەژێر لاشەتەوە، بۆت ڕاست ناکەنەوە.
-نیوەیان لە شوقەکەیاندا دەمرن و پاش چەند ڕۆژێ بە بۆنەکەیدا سوسەی سڕڕی مردننەکەی دەکەن.
-باوکەکە دەچێتەوە ماڵێ، سەیر دەکات کچەکەی لەباوەشی ڕەشپێستێکدایە، ناشبێ ورتەی لێوە بێت.
-دانەیەک دەیوت:- هاوڕێیەکی شوێنکارەکەم بانگهێشتی شەوە ئاهەنگێکی کردم، بەیەکەوە غەسلمان هەیە، بۆنەی بێرسدەی کیژەکەی بوو. چی دەبینم زەلامێکی زرتەبورزی زیمبابۆی، تاتۆی تێڕەکۆسەیەک تەپڵی سەری کوڕەی نەخشاندبوو. دەبینم کیژێکی باریکەلەی خۆیان گوتەنی سلیمی (٤٠)کیلۆیی کردۆتە قەڵادۆشکانی و قاقا هەڵدەقونێتەوە، باوکەش سورلەیەکی سیسەڵەی درێژکۆلە دەستیکردە دەنسێکی سەیر. ئەی خودا، حزابوومە سوچێکەوە سمێڵی خۆم تاڵ تاڵ دەکرۆشت و دەقرتاند.
-کاکە کەس نازانێ باوکی کێیە، کابرا دەچێتەوە، دەبینێ یابوێک بە شۆرتێکی پەممەییەوە پۆپکۆرنی پێیە و لەتەک ژنەکەیدا خەریکی عەتارییە.. هێشتاش دەبێت بەوپەڕی میهرەبانییەوە بە دەنگێکی تێکەڵ بە سمایڵەوە و بە ئاوازێکەوە کە لە کۆتاییدا تاڕڕدەی مەقامێکی دەشتی لەیلانی کەرکوک درێژیدەکاتەوە و دەڵێ هااییییییی، هەڵبەنە بە سێ پەنجەی دەستی ڕاستیشی کە کەمێک دەیان لەقێنێ!
ئەم چیرۆکانە زۆرن، شتێکی نوێ نیین، ئەو کوردانەش کە لەوێن فرەترینیان بێ لەم باسانە، باسێکی تری ئەو کیشوەرەیان کۆنەکردووەتەوە.. دڵنیام چی ترش و خوێی ئەو مەملەکەتی غوربەتەش هەیە. پێوەی دەکەن. باسەکان بە نیسبەت ئێمەوە، ڕاستبن یان نا، نینۆکێکان نادەین لە خوم! چون هەر کۆمەڵگەیەک کولتوور و هەر وڵاتێک وێردێکی وابەستە بە بوونی نەتەوەیی خۆی دەخوێنێ.
هەموو ئەو باسانەی سەرێ تاسەر ئێسقان ئازارێکن لە وێژدانی مرۆڤانە و موسڵمانێتی ئێمەدا. دەمەوێ بڵێم، بەنیسبەت ئەوانەوە ئەو خەسڵەت و خواستانە مانای ملشکاندنی خێزان نییە. ئێمە شوناسی خێزانی خۆرئاوامان لە تیۆرە کۆمەڵناسی و سایکۆلۆجی و پەروەردەییەکانی ئەوانەوە ئاشناین. ئەزانین ئورزەی ئینسان لە چ چەپۆکێکی پڕ بە تەوقی سەری نەوەی ئیمڕۆیاندایە. خۆیان خەریکی ڕەخنەن لە خۆیان، خۆیان خەریکن دەقاتی توانج و تیکەژندنەکانمان تیۆریان ڕیزکردووە و ڕازی خێزانی سەرکەوتوو و سالم دەهۆننەوە.
خۆرئاوا یەکپارچە یادەوەری ڕۆژانێ لە ڕۆحی نەوەی ئامڕۆدا دەچێنن، دەیانەوێ کیژەکانیان ئیستیغلال نەکرێن، ئەزانن چەند شورەییە لەنێو پاس و پەیکانەکانی ئیسلامئاباد و قاهیرەو جاکارتا و تاراندا ئێسناش چۆن چڕنوک لە لاقننی باڵاپۆشەکان دەگیرێ. بەڵێ ئەوان بە یاسا، بە پەروەردەی زارەکی، بە زمانی سەردەم، بە تۆپزی و تیۆری ترادیسیۆن و یادگاریی یۆنان و ڕۆمانی ڕەخنە دەگرن. بەڵێ لەوێ:- دەستدرێژی سێکسی، خیانەتی هاوسەریی، نەخۆشی دەروونی، گۆشەیریی، ژیانی تەنهایی، کەمی ڕێژەی هاوسەرگیریی، گرفتی هەرزەکاریی، هۆگربوون بە هۆشبەرەکان و زۆربوونی خانەی خەڵوتگەکان خەریکن زیاد دەبن.
بەڵام بابەتەکە پشتگوێ نەخراوە. تەنها ئەوانەی لە هەندەرانن باش دەزانن قەدر و قیمەتی خێزان لە میتۆدی مەدرەسەکاندا و لە پەروەردەی پەیمانگاکان و لە ڕیکلامی ڕۆمان و شانۆ و هونەرو ئەدەبدا چەندەباڵایە. دەزانن دنیابینی و دەسەڵات چۆن چارەنوس و ئایندە ئەهێننە پێشچاوی تاک بەتاک.
کێبی ئەلیزا مارکوس، کیژێکە کولتووری ئەمەریکایە، لەبارەی مێژووی پەکەکە بەشێکی زۆری تەمەنی، لە بیستەکاندا لە چیاو چۆڵەکان بەڕێ کردووە. ئەو کارەی کچێکی ئەمریکی بۆ مێژووی هاوچەرخی ئێمە کردوویەتی، سی ساڵە زانکۆکانی خۆمان نەیانکردووە.
“ئەوان ئەزانن”
ژیانی تاتۆن مارک سایکسم خوێندەوە. لاوێک لە تەمەنی بیست ساڵیدا لە هندستانەوە هاتووەتە کوردستان. یەک ساڵ پێش سەدەی بیستەم، ساڵی ١٨٩٩، چووەتە وان و شرناخ، چووەتە هەکاری و بۆتان، چووەتە خۆرئاوای کوردستان و لەوێشەوە حەلەب و ڕەققە و موسڵ و کوردستانی خۆمان. گەنجێکی بیست ساڵی ئەوکات، خۆی فێری تورکی و عەرەبی و فارسی و کەمە کەمە کوردی کردووە. بڕواتان بێ کە میشکی لەسەر لای خۆمانی دواندووە، وەک ئەوە وابووە باب و باپیری لێرە بووبن. کابرا یەک دەستەی دوانزەکەسیشی ڕاسپاردوون وەرگێڕانی بۆ بکەن. سایکس لە کتێبەکەیدا ساڵی ١٩١٥ وەشاندی! دوایین میراتی ئیمپراتۆرە تورکییەکە، هیچ وەشاندنێک وەها ورد و خاشکەر نەبووە. ئەوێک ئەیزانی هۆز بە هۆزی کورد چی لەژێر سەریاندایە. گەنجێک گرەوی دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتێک و دروستکردنی دەیان وڵات وێربکات، کە سەد ساڵە خشتێکی بیناکەی نەجوڵاوە، دەبێ چ ئەندازیارێک بێ. ئەمەوێ بڵێم، ئەوانێک گەنجێکی بیست ساڵیان نەخشەی نەتەوە بەنەتەوەی ناو سەدان ڕیشسپی و پیالەی بە ئەزموونی ئێمەی داڕشتبێ، یانی ئەوان نازانن خێزان چییەو ئێمە دەیزانین. ئایا ئێمە دەزانین دەستی خێزانێکی خاوێن بگرین و ئەوان نازانن. ئایا کوڕ و کچی ئێمە ئەزانن بژین؟ ئایا لێرە بنەماکانی پەیوەندی و پێکەوەیی پتەون؟
کام ژن و پیاوەی کورد لە ناخەوە بە ژیانی خێزانی خاترجەمە؟ چەندە لە چێژ و سێکس و ئەدەبیاتی ئیرۆتیک و ڕۆمانسییەت ڕۆحی تێکەڵە؟ لەکام دامەزاراوەی میریدا مەشهەدی ماستاو و میزاجی تڕومنەت و تڕحی ئیستیغلالی خانمان خێسە ناکات؟ کام شەقامی شاری کوردی هەیە کیژێک بە ئازادی بەنێویدا بچێت بەڕێوە و ڕووبەڕوی پێڕێ لە گەجەرو گوجەری گیرفانخاڵی نەبێتەوە؟ کامە کیژی کورد هەیە مۆتەکە و مێمڵی مەوسیمی گەنجێتی گڕی بەرنەدابێتە شعوری برینداری و لە ترسی قەدەری قەیرەییدا قورئانی نەبردبێتە حاجەت؟ کامە ملشکاندنی خێزان هێندەی چەمکی قەیرەیی قیژەی لە ویژدانی کیژی کورد هەستاندووە. کامە گورز هێندەی گورزی دایکێک بۆ کیژەکەی دەتوانێ ئاو و فرمێسک لە زەوی چاوانی کیژەکەی هەستێنێ، وەختێ لەگەڵ پێلاردانانی پێی ئێژێ تاماوی ئەوە شوێنتە. ئایا لە تەواوی توراسی زمانەوانی غەربدا، وشەیەکی ویژدانکوژی وەکو ئەوەی کورد بە کیژەکانی دەڵێ: لەماڵەوە ترشاون، بوونی هەیە. ئایا هیچ مانگێک هێندەی بەختی تاری کورد، کەوتووەتە داوی گیرانی خیانەتی هاوسەرگیرییەوە؟ نەخێر.. ئەزانن جیاوازییەکەی ئێرەو ئەوێ لە قێزەونی قودسییەتی خێزاندا یەک شتە، کە هەزار لقی لێدەبێتەوە.
لەوێ بەخۆدا چوونەوە چرایەکە لە دەستیاداو تاکە کەوشە ونبووەکەیانی پێدەدۆزنەوە. بەڵێ لەوێ هەرچی زانکۆ و دامەزراوەو دەسەڵاتە، حەسەن زیرەک گوتەنی دەڵێن چەخماخ لێدەن، چراکەم هەڵنەکردووە، کەوشم بۆ یار کڕیوە، تایێکیم ون کردووە! ئەی لێرە. لێرە نا. بابەتی کۆمەڵناسی و خێزان، نەبووەتە پرسێکی زانستی، هێشتا نەخزاوەتە ناو توێژینەوەکانەوە. لێرە وەکچۆن مەلا هەڵۆ دەڵێ زەوی تەختە و تیۆری فیزیاوی فێری شاگردەکانی دەکات، هەر ئەوانەش ئیشی خێزان و ئامۆژگاری خێزان ڕادەپەڕێنن. بەڵێ لێرە خێزان بەندە بە ئامۆژگاریی لۆژیکی لەتیف و وێردی واحیدولقەهارەوە! لەکاتێکدا وەک چۆن بۆ تێگەیشتن لە نەخۆشی دڵ و گیرانی بۆری شاخێبەر، نیازی بە نەشتەرگەریی و قرس و قەستەرەیە، دەی دڵی خێزانیش نیازی بەزانستی کۆمەڵناسی و تیۆری پەروەردەییە.
“تێبینی یەکەم”
وێنەکە و وتارەکە دوو بابەتی جیان، جوان جوانێ ورد بنەوە، لەو گردبوونەدا گەرە گەلحۆبم یان حەکایەتەکە حاڵی نابم، چونکە:-
١- ئەو منداڵە زیڕەلێکەوتووە لە گۆشەیەکی کردبوونەوەکەدا و لەپێش ئەو هەموو پشتوێنە مڕومۆچانەدا چۆن گوی نەکردووە بەخۆیدا.
٢-یانی چی لەو ئاپۆرای ئاواییەدا، لەنێو ئەو خەڵکە خۆفناکەدا، یەکێکیان زاری نەکردووەتەوە، تۆ سەیری ڕیزی ئەو بێدەنگییە چەندە دوور و درێژە. سەیری ئەو هەموو خشەی تەسبیح و هەڵمی هەناسانە بکە.
٣-بێ لەیەک دانەیان، کەس سەیری کەس ناکات، هەموو بە گۆشەیەکی تیژ بۆ پێشخۆی دەڕوانێ، هیچ کەسیش هیچی بەدەستەوه نییە، هەرچی شت هەیە کردویانە بەخۆیاندا.
٤-وێنەکە لە کتێبی دواین میراتی ئیمپراتۆرییەتی تورکیادا، کە لە نوسینی مارک سایکسە، بینیومە، کە نوسراوە باکووری کوردستانەو ساڵی ١٩١٩، ئەو ساڵەی جوڵانەوەی قۆچکیریی لەناو زازاکییەکان وخت بوو خەونی دەوڵەتەکەی ئەتاتورک ئاوت کات. ڕێک لەو دەمەی چی کوردی سوننی و کرمانج ەەبوون لەبەرەی ڕۆژهەڵاتەوە دژی ئەرمەن تا نۆڕەی ڕۆژئاوا دژی یۆنان یەسیەمیان دەکرد. ئەوکات لە کۆنگرەکانی ئەرزڕۆم و سیواسدا بە دوهێندەی ئەو کابرای ناوەڕاستەوە پشتوێنی کوردی بەسترا بوو، بەڵام بەندێک لە ساڵحی سیاسەتی کوردیدا کاریپێنەکرا.
٥-زۆربەیان لە تافی لاویدان، ئەو ڕیزە کیژ و کوڕەی بەڕیز وەستاون، واریسی وێنایەکە زیاتر لەنێو کوردەکانی دەرسیمدا، یانی عەلەوییەکاندا عینوانی پێدەدرا. کوردەکانی ئەملا، ئورفە بەولاوە بۆنی ڕەشبەڵەک ڕۆژە ڕێیە لێیانەوە دوور بوو.
٦-ئاخۆ لەو وێنەگرە گەمژەتر لەسەر زەویدا هەبێت، تۆ وەرە لەنێوان ڕووی ڕەزاگرانێکی جامانە بەسەردا و ڕیزێ کیژی فریشتەئاسادا، بچیت کابرا تڕکەنەکە وێنەبگری.
٧- تێناگەم، نمایشی سەربازییە، یان گۆڤەند و شایی. شین و ڕۆڕۆیە یان ڕەشبەڵەک و ڕووخۆشی؟
٨-ئایا ئاواییەکە درەختێ، چیمەنێ ، گوڵزارێ، کانیلەیەکی تێدا نەبوو، ئەدی بۆ ترنجاونەتە تەویلەکانەوە.
٩-وێنەی دووەم، لاوێکی لوتنە، لاتۆڵەیەکی هەژار نشینە و ئەگەری زۆرە سبەی شەو شەنوکەوێکی بکەم. ئێستە هەقم پێوەی نییە.
“تێبینی دووەم”
١- بۆخۆم هیچکاتێک هەڵپە و هەرای بابەتێکی وەها وێنا ناکەم، بە پێچەوانەوە، ئەوان ئیسپاتی ئازادییەکانی تاک، تیۆرێکی سەرچڵانەی سەرلەبەری مێژوویانە.
٢-مێژوویەک ماناکانی لۆژیکی لیبڕاڵیزمی لەو پێناوەدا بەخەرجداوە.
٣-مارک سایکس مەیلی دابوویە پێی پاڵە و جوتیاری جوڵانەوە کوردییەکە.
دوور و نزیک ناسنامە کۆمەڵایەتیەکەی کوردی وێنەگرتووەتەوە و کۆپییەکانیشی لە زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا بڵاوکردووەتەوە.