تەڵەی سیوسیدیدس: حەتمەیەتی جەنگ و ململانێ لەنێوان چین و ئەمریکا و داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانی، نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لەو نێوەندەدا
شەڕی نێوان ھێزەکان شەڕی سەپاندنی بەھا و پرەنسیپەکانە بەسەر لاوازەکان. وەنەبێ ئەو بەھا و پرەنسیپانەش ئەوەندە کوێر و بێ ئامانج بن بەڵکو بەھێزەکان بەجۆرێک بەھا و پرەنسیپ و رێساکان دادەڕێژن کە زامنی بەردەوامی بەھێزبوونی خۆیان و لاوازبوونی لاوازەکان بکات. ئەمەش دروستە بۆ ھەموو ئاستەکانی تاکی و گروپی و دەوڵەت و نێودەولەتى.
قسەیەک ھەیە دەڵێ ”مێژوو سەرکەوتووەکان دەینووسنەوە” راستی ئەم قسەیە لەوەدایە چونکە ھەمیشە سەرکەوتووەکان و زاڵەکان بەھاکانی خۆیان باو زاڵ دەکەن و رەوایەتی پێدەبەخشن، ھاوکات بەھای بەرامبەرەکانیان ناشرین و دزێو دەکەن. ئەگەر لە دووەم جەنگی جیھانی بەرەی نازی ئەڵمانی و فاشی ئیتاڵی سەرکەوتوو بونایە بەسەر بەرەی سەرمایەداری لیبراڵی، یاخود جەنگی سارد بە سەرکەوتنی کۆمۆنیزم کۆتاییھاتبایە، ئێستا بەھا و پرەنسیپە نێودەولەتی وجیھانیەکان زۆر جیاوازبوون لەوەی ئێستا.
ھەرچەندە ھەوڵ و ئامانجی ھەموو دەوڵەتەکان بەھێزکردنی لایەنی ئابووریانە چونکە ئابووری داینەمۆی گەشەکردنی ھەموو کەرت و ھێزەکانیتری دەوڵەتە، بەڵام ململانێ ئابووریەکان کاتێک دەگۆرێن بۆ جەنگێکی سارد یان گەرم کە بەھاکان جیاوازبن، بۆیە کاتێک دەوڵەتی یابان یان ئەڵمانیا یاخود یەکێتیەکی وەک یەکێتی ئەوروپا لەڕووی ئابوورییەوە بەھێز دەبن ناکەونە ناو جەنگێکی ساردەوە لەگەڵ ئەمریکا چونکە بەھاکانیان یەکن، بەمانایەکیتر ئەم ھێزانە ھەرچەند بەھێزبن مەترسی دروست ناکەن بۆ سیستەمی جیھانی و یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان چونکە ئەمانەش بەھەمان شێوەی ئەمریکا پەیرەوکاری بەھا و پرەنسیپەکانی لیبراڵی سەرمایەدارین واتە پشتگیریکاری جیھانی پانی ئەمریکان یاخود ئەو جیھانگیریەی کە لەسەر بەھا و پرەنسیپەکانی سەرمایەداری لیبراڵی دامەزراوە . بەڵام کاتێک ھێزێکی وەکو چین سەرھەڵدەدات و گەشەدەکات لەڕووی ئابووریەوە ئەوا عەرشی ئەمریکا دەکەوێتە لەرزە، چونکە چین بە کۆمەڵێک بەھا و پرەنسیپی نوێ و جیاواز لە بەھا و پرەنسیپەکانی سەرمایەداری لیبراڵی دێتە مەیدانی نێودەولەتی.
چین ھەر لە سەرەتاوە کاتێک لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابردوو دەستیکرد بە ھەنگاونان بۆ گەشەسەندنی ئابووری ڕێگایەکی جیاوازی تاقیکردەوە. چونکە لە دوای دووەم جەنگی جیھانی بنیادنانی دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و سیستەمی ئابووری و بازرگانی نێودەوڵەتی بەپێی خواست و ویستی ئەمریکا و سەرمایەداری لیبراڵیەوە دامەزرا، بە جۆرێک کە بابەتی گەشەپێدانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانیان پەیوەستکرد بە پەیرەوکردنی دیموکراسی و بازاری ئازاد و پرەنسیپەکانی سەرمایەداری ئەوەی کە پێیان دەگوت ”بە مۆدێرنکردن”. واتە گەشەپێدانی ئابووریان پەیوەستکرد بە گۆرانی سیاسیەوە. بەلام چین ئەم رێچکەیەی تێپەڕاند ئەویش ھەنگاونان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری بەبێ گۆڕانی سیاسی و دیموکراسی، کە تیایدا سەرکەوتووش بوو، دەشیەوێت ئەم شێوازە تایبەتەی خۆی بگوازێتەوە بۆ وڵاتانیتری تازە پێگەیشتوو، ئەمە سەرەرای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو شکستیان ھێنا لە گەشەپێدانی ئابووری لەسەر ڕێچکەی بە مۆدێرنکردن و گەشەپێدان بە رێگای ڕۆژئاوایی و سەرمایەداری ئەمریکی.
یەکێک لەو ستراتیژیەتانەی کە چین پەیڕەوی دەکات بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی بریتیە لە پەیرەویکردنی رێچکەی ھەنگاو بە ھەنگاوی خۆیی نەک شۆکی دەرەکی، مەبەست لەوەدا ئەوەیە چین دەیەوێت بە ھێواشی ھەنگاو بە ھەنگاو گۆڕانی ئابووری تاقیبکاتەوە ئەویش بە شێوازی چینی، بە پێچەوانەوەی شۆکی دەرەکی واتە ڕێک سیستەمێکی کۆپیکراوی ڕۆژئاوایی بێنیت و لاسایی بکەیتەوە و بە تەواوی پەیڕەوی لێبکەیت، وەک ئەوەی ڕوسیا کردی لە دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت بەمەش تووشی داڕوخانی زیاتری ئابووری ھات و چەندین کێشەی ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا ھێنا.
چین دەیەوێت مۆدێلێکی تایبەت بە خۆی دابھێنێت کە تێکەڵەیەک بێت لە نێوان بازاڕی ئازاد و ئابووری ھەرەوەزی، کە خۆی لە سەرمایەداری دەوڵەتی دەبینێتەوە کە بەجۆرێکە کۆمپانیاکان لەژێر دەسەلاتی دەولەتن نەک دەوڵەت بکەوێتە ژێر دەسەلاتی کۆمپانیاکان ، بە مانایەکیتر بازاڕی ئازاد ھەبێت بەلام ھاوکات دامەزراوەی کۆمەلایەتیش ھەبێت بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. بەمەش نە ئەو سیستەمە سۆسیالیستە کۆنەکەیە کە پەیڕەویان لێدەکرد نە سەرمایەداری لیبراڵیشە.
لەڕووی سیاسیشەوە ھەر لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی ھەنگاو بەھەنگاو بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی چین خەریکی داھێنان و تاقیکردنەوەی شێوازی تازە و تایبەتن بە چین کە تێکەڵەیەک بێت لە دیکتاتۆری و دیموکراسی. بۆ ئەمەش ھەوڵی تاقیکردنەوەی جۆرێک لە دیموکراسیەتی راوێژکاری دەدەن بەڵام لەلایەن تاکە حیزبێک، بەمەش لە زۆرێک لە ھەرێمەکان بەرپرسەکان پێش ئەوەی بریارێک بدەن دەیخەنەڕوو بۆ ڕای گشتی تا بۆ چوونی خۆیان لەسەر بدەن ئینجا دواتر بڕیاری لەسەر دەدەن بۆ ئەمەش سوودیان لە ئینتەرنێت و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا وەرگرتووە. چونکە ئەوان پێیانوایە بۆ پێشکەوتن و بە ھێزبوون و بۆ سوودی گشتیش دەوڵەتی یاسا و تەکنۆکرات باشترە نەک دیموکراسیەتی پۆپۆلیستی، بەو مانایەی لە یەکەمیان دەوڵەت بە ئارەزووی خۆی کەسانی شیاو و تەکنۆکرات لە شوێنی شیاو دادەنێت بەڵام لە دووەمیان خەڵک بڕیاری لەسەر دەدات خەڵکیش زۆربەی جار کەسانی پۆپۆلیستی ھەلدەبژێرن.
جگە لەسەر ئاستی ناوخۆ کە ھەم لە ڕووی ئابووریەوە ھەم لەڕووی سیاسیەوە چین مۆدێلی تایبەت بەخۆی دادەھێنێت و ناچێتە ژێرباری مۆدێلی لیبرالیزمی رۆژئاوایی، بە ھەمان شێوە لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەکیش شێوازی تایبەت و جیای لەوەی ئەمریکا و ڕۆژئاوای گرتۆتەبەر کە ئەمەش دیسان ھەڕەشەیە لە جیھانگیری ئەمریکی و بە یونیڤێرسالکردنی بەھا و پرەنسیپەکانی سەرمایەداری لیبرالی.
بە پێچەوانەوەی ئەمریکا کە سیاسەتێکی تەدەخولی پەیرەو دەکات و بەڕووی ئەو وڵاتانە دەوەستێتەوە کە پەیڕەو لە بەھاو پرەنسیپەکانی لیبرالی ناکەن ھەم لەڕووی ئابووری ھەم لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چین زیاتر جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری تەواوەتی تەدەخول نەکردن دەکاتەوە. ئەمەش لەلایەک چین بەخۆی وڵاتێکی نا دیموکراتە و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان ناگرێت بۆیە ناشکرێت داوا لە ولاتانیتر بکات کە دیموکراسیبن بەڵکو بە پێچەوانەوە گەشەکردنی دیموکراسی لەسەر ئاستی جیھان ھەڕەشەیە بۆ خودی چین چونکە خواستی دیموکراسی زیاتر دەبێت لە نێو چینیش، لەلایەکیتر دەویەوێت سیاسەتێکی دبلۆماسی فرەڕەھەند بگرێتەبەر کە کێشەی نەبێت لەگەڵ سیستەمی سیاسی وڵاتەکان کە دیموکراسی بن یا دیکتاتۆری … بەڵکو بەبێ فشار و دەستێوەردان و مەرجدانان لەگەڵ ھەموویان ھەڵبکات بەمەش دەتوانێت سەرنجی زۆربەی رژێمە تاکڕە و دیکتاتۆرەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لاگیریان بکات، ئەمە لە کاتێکدا کە لە زۆربەی وڵاتانی تازە پێگەیشتووی دەوڵەمەند بە سامان و کانزا و سەرچاوەی سروشتی ڕژێمە تاکرەو دیکتاتۆرەکان لەسەر دەسەڵاتن.
ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، جیهانی چین و پڕەنسیپەکانی بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی نوێی جیهانی هیچ پاڵپشتی و بەرگریەکی نیە بۆ بۆ مافی کەمینەکان و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان. بۆیە هەر چۆنێک بێت جیهانی لیبڕاڵی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی باشترە بۆ نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، چونکە زۆر جار لەسەر پرسە مرۆییەکان دەستیوەردان دەکەن دژی ڕژێمە فاشی و دیکتاتۆریەکان. هەروەها جیهانی ڕۆژئاوا باوەڕیان بە مافی دەوڵەت هەیە بۆ هەر نەتەوەیەک هەرچەندە لە زەمینەی کرداریش نەتوانن پاڵپشتی لێبکەن. چونکە جیهانی لیبڕاڵی ڕۆژئاوا داهێنەری چەمکی دەوڵەت نەتەوەیە ”Nation-State” لەدوای هەردوو جەنگی جیهانی و دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشووش پاڵپشتیکاربوون بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵێک دەوڵەت و نەتەوە، هەرێمی کوردستانیش بەرهەمی ئەو دەستێوەردانەی جیهانی لیبڕاڵی ڕۆژئاوابوو. بەڵام هەرچی چین و هاوئاوازەکانیەتی وەکو ڕووسیا و ئێران و … پەرە بە چەمکێکی نوێ دەدەن کە شوێنگرەوەی چەمکی دەوڵەت نەتەوەیە، ئەویش چەمکی دەوڵەتی شارستانیە ”Civilization State” کە بریتیە لە دەوڵەتێکی گەورەو فراوان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆجی شارستانیەتی کۆن کە هەموو نەتەوە جیاوازیەکان لە خۆیدا بتوێنێتەوە. ئەمەش لە پێناو ڕێگریکردن لە سەربەخۆیی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و هەژموونکردنیان لەلایەن نەتەوە خاوەن شارستانیە کۆنەکان.
جگە لەمە بە پێچەوانەوە سیاسەتەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی کە دوو دامەزراوەی نێودەوڵەتی داردەستی سیاسەتەکانی سەرمایەداری ڕۆژئاوایین، چین قەرز بە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان دەدات. ئاشکرایە سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی بەپێی کۆمەڵێک مەرج و شەرایتە قەرز بە وڵاتان دەدەن وەک چاکسازی پەیکەری ئابووری، کەمکردنەوە و نەھێشتنی باج لەسەر کاڵای دەرەکی، کرنەوەی دەرگا بەڕووی وەبەرھێنانی دەرەکی و کۆمپانیا بێ ناسنامەکان، بە تایبەتکردنی کەرتی گشتی، کەمکردنەوەی خەرجی گشتی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بە دیموکراسی بوون و … ھتد جگە لە سوودی قەرزەکە. کە ئەم مەرجانەش زۆر قورس دەبن بۆ ئەو وڵاتانە زۆربەی جاریش ئابووریان دادەڕوخێت بە ھۆی مەرجەکانی ئەو قەرزانە و کەڵەکەبوونیان. بەڵام چین بەبێ ھیچ یەک لەم مەرجانە قەرز بە ولاتان دەدات بە تایبەتی ولاتانی کیشوەری ئەفریقیا، زۆربەی جاریش بەبێ سوود پێیان دەدات. بەمەش ئەو وڵاتانە چیتر ناچارنین گوێ لە مەرج و ڕاوێژی سندوقی نێودەوڵەتی دراو بگرن یاخود ئەوەی پێی دەگوترێ کۆدەنگی واشنتۆن.
ھەموو ئەوانە دەرخەری ئەوەن کە چین لە ئامادەکاریە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بە کۆمەڵێک بەھا و پرەنسیپی نوێ و جیاواز بەشداربێت لە داڕشتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی. گەر بەم شێوەیە بڕوات و چین بەو خێراییە لەڕووی ئابووریەوە گەشەبکات و گەشەکردنەکەش بواری تەکنەلۆجیای جەنگ و لەشکری بگرێتەوە ئەوا وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا ناچاردەبن گوێی بۆ بگرن لە پرسە جیھانیەکان و بەھا و پرەنسیپە ئابووری و سیاسیە نێودەوڵەتیەکان.
ھەر بۆیە ئەمریکا لە ھەوڵی زۆردایە بۆ ئەوەی پێش بەم گەشەکردنەی چین بگرێت و تەگەرەی بۆ دروست بکات یان ھیچ نەبێت بیخاتە چوارچێوەی بەھا و پرەنسیپەکانی لیبرالیزمی سەرمایەداری تاوەکو ئەم سیستەمە نێودەوڵەتیەی کە لەسەر بەرژەوەندی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری دامەزراوە بەردەوام بێت و درێژە بە ژیانی بدات. چونکە مانەوەی ئەمریکا بە زلھێزی پەیوەستە بە بەجیھانیکردنی سەرمایە و وەبەرھێنان ئازادی بازرگانی و بازاڕی کراوە و گشتاندنی بەھا و پرەنسیپەکانی لیبرالیزمی سەرمایەداری تا لەم ڕێگەیەوە سامانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو ھەڵوەشێت. بە مانایەکیتر کێشەی سەرەکی بریتیە لە سەرکردایەتیکردنی سیستەمی جیھانی.
بۆ ئەمەش تا دێ پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەچێتە دۆخی گرژیەوە، بە تایبەتی دوای ھاتنە سەر حوکمی ترەمپ لە ئەمریکا، چونکە بۆیان دەرکەوت کە پەیوەندی بازرگانی نێوانیان پەیوەندیەکی نابەرامبەرە و لە بەرژەوەندی چین دایە، واتە ئەمریکا تووشی کورتھێنان بووە لە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ چین. ھەر بۆیە سەرۆک ترەمپ بڕیاریدا بە سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر کاڵای ھاوردەکراوی چینی. یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو نابەرامبەریەش ئەوەیە چین کەرەستەی خاو لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو دەکڕێت و کاڵای دروستکراویش ھەناردەی ئەمریکا دەکات.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا ڕەخنەی زۆری لە سیستەمی ئابووری چین ھەیە کە کۆسپ و تەگەرە زۆر دەخاتە بەردەم وەبەرھێنانی دەرەکی و کۆمپانیا بیانیەکان، بە جۆرێک یەکێک لەو مەرجانە بۆ وەبەرھێنانی دەرەکی و ھاتنی کۆمپانیاکانی بیانی ئەوەیە کە دەبێت ھاوشان لەگەڵ کۆمپانیاکانی لۆکاڵی چین کاربکەن بەیەکەوە، وە بە سیاسەتەکانی زۆرێک لە وەبەرھێنەرانی ناچارکردووە کە تەکنەلۆجیا بھێننە نێو چین.
ھەوڵە سیاسیەکانی ئەمریکاش بۆ دژایەتیکردنی چین لە دوو ڕێگایەوەیە:
یەکەمیان ھەوڵدەدات چاکسازی و گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و ئابووری چین بکات بە جۆرێک بیکاتە بازاڕێکی تەواو ئازاد و کراوە و بێ مەرج بۆ وەبەرھێنانی دەرەکی و کۆمپانیا بیانیەکان. واتە چاکسازیەکی ڕیشەیی و خێرا بکات لە پەیکەری ئابووریەکەی. بەمەش ھەم ئابووریەکەی لاواز دەکات ھەم بەھا و پرەنسیپەکانی لیبرالیزمی سەرمایەداری بەسەردا دەسەپێنێت. کە ئەمە زۆر زەحمەتە و نزیکە لە مەحاڵ چونکە وەک پێشتر باسمانکرد چین ستراتیژیەتی ھەنگاو بە ھەنگاوی خۆیی پەیرەو دەکات واتە دەیەوێت سیستەمێکی ئابووری تایبەت بە خودی خۆی بھێنێتە کایەوە و لاسایی ھیچ سیستەمێکی دەرەکی و ڕۆژئاوایی نەکاتەوە، ئەمەش ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێی دەکات نەک لە شێوەی شۆک و کتوپڕ.
دووەمیان ئەگەرێکی مەترسیدارترە، ئەویش بە کارھێنانی سیاسەتی دەورەدانی چین و دابڕاندنیەتی لە بازرگانی نێودەوڵەتی بەڵام بۆ ئەمە ئەمریکا بە تەنھا ناتوانێت بیکات بەڵکو دەبێت زۆربەی ووڵاتان پاڵپشتی بکەن، ئەمەش زۆر زەحمەتە چونکە چین بۆ زۆربەی وڵاتان ناوەندێکی گەورەی ئابووری و بازرگانیە. لەلایەکیتریش چوونە ژێرباری سیاسەتێکی لەو جۆرە مەترسیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ھەم لەڕووی ئابووریەوە ھەم لەڕووی سیاسیەوە. بە جۆرێک وا دەکات دیسان ببێتە ھۆی گەلەکۆمەکی و جەمسەربەندی نێودەوڵەتی.
ھەموو ئەمانەش دەرخەری ئەوەن کە ئەم دوو وڵاتە دەکەونە نێو ململانێ و جەنگێکی ساردەوە ئەویش بەھۆی جیاوازی ئەو بەھا و پرەنسیپەکانەی کە دەیانەوێت سیستەمی جیھانی پێ بەرێوەببەن. ھەروەھا بەپێی ڕێسای ”تەڵەی سیوسیدیدس – The Thucydides Trap” ھەرکاتێک ھێزێک سەرھەڵبدات و ھەوڵبدات شوێنی ھێزێکی زاڵ بگرێتەوە ئەوا جەنگ لە نێوان ئەم دوو ھێزە شتێکی حەتمیە ھەر ڕوودەدات.