”له وێرانه‌کانی تۆدا، من خۆم له په‌نا و پهسیوهکاندا هه‌ست پێ ده‌که‌م”
سامۆئیل بێکێت له‌باره‌ی سیۆران
ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه له جیهانی ئیم‌یل سیۆران؛ نووسه‌ر و بیرمه‌ندی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ڕۆمانیایی که ساڵانێک له پاریس ژیاوه و گرینگ‌ترین به‌رهه‌مه‌کانی خۆی به زمانی فه‌ره‌نسی نووسیوه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئهفورسیمهکانی”aphorisms” ئه‌و بیرمه‌نده‌یه، شێوازێکی تایبه‌ت له داڕشتن و بیرکردنه‌وه که ئه‌وی پێ ده‌ناسینه‌وه.
ڕه‌چه‌ڵه‌کی وشه‌ی ئهفوریسم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زمانی یۆنانی و به واتای ”پێناسه‌کردن” دێت. ناساندن و پێناسه‌کردنی شتێک یان دۆخێک بۆ فه‌یله‌سووفه‌کان و پیتۆڵانی یۆنانی که‌ونارا به واتای ده‌ربڕینی کرۆک”جه‌وهه‌ر-زات”ی ئه‌و شته یان ئه‌و دۆخه به زمانێکی پوخت و چڕ و پڕه و ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتن له لانیکه‌می وشه‌کان بووه. کورتبێژی و پوختبێژی خۆی ڕۆح و زاتی ئهفوریسم واته پێناسه‌کردنی ”پێناسه‌کردن”ه. جیاوازیی گرینگ و بنه‌ڕه‌تی له نێوان ئه‌کسیۆم”axiom” له‌گه‌ڵ ڕیشه یۆنانییه‌که‌ی ”که به لێکدانی “بنه‌مای ڕوون” وه‌رگێڕدراوه” و ئهفوریسم، له شێواز و زه‌مینه‌ی به‌کارهێنانیان دایه. ئه‌کسیۆم ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی که دیاریکراوی، ڕاشکاوی و لێبڕاوه‌یی تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کییانه، له حاڵێکدا که له‌باره‌ی ئهفورسیم ئه‌م سێ تایبه‌تمه‌ندییه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ون و نادیاره. له یۆنانی که‌ونارادا، بواری به‌کارهێنانی ئه‌کسیۆم، بیرکاری و لۆژیک بووه و ئهفوریسمیش له زانسته سرووشتییه‌کاندا به‌کار هاتووه. ئۆقلیدۆس؛ بیرکاریی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ک به‌ناوی خۆی بونیات نا و بوقرات یه‌کێک له یه‌که‌مین نامیلکه‌کانی پزیشکیی مێژووی به شێوه‌ی کۆمه‌ڵێک له ئهفوریسمهکان نووسی. دواتر، له مێژووی ئه‌ورووپادا، ئهفوریسم تایبه‌ت کرا به قه‌ڵه‌مڕه‌و و پانتای زانستێک که زیاتر له هه‌موو شتێک ده‌بێت له‌گه‌ڵ ونبوون و نادیاریی ئه‌م سێ تایبه‌تمه‌ندییه- دیاریکراوی، ڕاشکاوی و لێبڕاوه‌یی-ده‌سته‌ویه‌خه بێت: زانستی سرووشتی مرۆڤ و بابه‌ته مرۆییه‌کان. پاسکال، موونتانی، ڕووژفوکۆ، و دواتر بیرمه‌ندانێکی وه‌کوو نیچه و کییه‌رکی گارد، له ئهفوریسم بۆ ده‌ربڕینی جۆره ئه‌ندێشه‌یه‌ک که‌ڵکیان وه‌رگرتووه که هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێگه‌ی وشیاری و ئاگایی کامڵه‌وه له سه‌ر ئه‌م تهمومژاویبوونهی بابه‌ته مرۆییه‌کان، بیر بکاته‌وه. له‌م ڕووه‌وه، سیۆران، درێژه‌پێده‌ری ئه‌م نه‌رێته فه‌لسه‌فییه‌یه.
بۆ وشه‌ی ئهفوریسم تاکوو ئێستا هاوتایانێکی وه‌کوو بژاردهبێژی، کورتهپهیڤ، ده‌ربڕینی پوخت، قسه‌ی حه‌کیمانه و وته نهستهقهکان و…هه‌ڵبژێردراوه. به‌ڵام سیۆران بۆ کاره‌کانی له ده‌ربڕینی ”بڕگه” یان ”بڕگه‌کان” که‌ڵک وه‌رده‌گرێت: بڕگه‌کانی من، بیرکردنه‌وه بڕگه‌ییه‌کان، نووسه‌ری بڕگه‌کان، مرۆڤی بڕگه‌یی و…بۆیه منیش وام به باش زانی بۆ ئه‌م شێوازه بیرکردنه‌وه‌یه “بڕگه‌کانی بیرکردنه‌وه” هه‌ڵبژێرم، نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندیی فه‌لسه‌فی و په‌یوه‌ستبوونی نێزیکی ئهفوریسم له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌ندێشه‌دا به‌ڵکوو زیاتر به‌هۆی نێزیکایه‌تی له‌گه‌ڵ دونیای بیرکردنه‌وه‌ی سیۆراندا. ”بڕگه‌ی بیرکردنه‌وه” ده‌ربڕینێکه ته‌واونه‌کراو؛ هزرێکه وا درێژه‌ی ده‌بێت؛ خاڵی کۆتایی نییه، یان قه‌ت خاڵێکی کۆتایی هه‌بوونی نییه. ”بڕگه‌ی بیرکردنه‌وه”، سه‌رچاوه و هه‌وێنی بیرکردنه‌وه‌یه و ته‌نها کاتێک ده‌توانێت ئه‌رکه‌که‌ی به‌باشی ڕاپه‌ڕێنێت که بتوانێت زرمه‌یه‌ک له زه‌ین هه‌ڵسێنێت و گوڕ و ڕه‌وتێکی تازه له زه‌یندا ده‌ست پێ بکات. هه‌روه‌کوو خۆی ده‌ڵێت: “هیچ به‌رهه‌مێکی هونه‌ریی نییه که له تاریکیدا، به هه‌مان وردبینیی و به هه‌مان که‌ڵکه‌ڵه‌ی تاوانبارێک که پلانی تاوانه‌که‌ی داده‌ڕێژێت، ئاماده نه‌بووبێت. له هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌که‌دا، ئه‌وه‌ی وا گرینگ‌ترین بایه‌ختی هه‌یه ئیراده‌ی لێدانه.” به‌م حاڵه‌شه‌وه بڕگه‌ی بیرکردنه‌وه به دڵنیاییه‌وه بۆ زه‌ین ئه‌زموونێکی نامۆ نییه، به‌ڵکوو به‌زۆری ئاماژه به شتێک ده‌کا که ڕه‌نگه هه‌میشه ئاگامان لێ بووبێت یان به‌شێوه‌یه‌کی ناوشیار له‌سه‌ری وشیار بووبین به‌ڵام هه‌رگیز به خۆمان نه‌وتووه‌ته‌وه و له‌باره‌یه‌وه بیرێکی ئه‌وتۆمان نه‌کردۆته‌وه.
بڕگه‌کانی سیۆران، کۆمه‌ڵێک پرسیاری ”به‌ڕواڵه‌ت” ساده بۆ ئێمه گه‌ڵاڵه ده‌که‌ن که ڕه‌نگه خۆمان به ته‌نها هه‌رگیز بۆماننهلوابا بیریان لێ بکه‌ینه‌وه. ”بیرکردنه‌وه، هه‌ڵکۆڵینه، هه‌ڵکۆڵینی خود”. کاریگه‌ریی کۆتایی و دواجاری بڕگه‌ی بیرکردنه‌وه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گرێ ده‌درێت به‌م دیالیکتیکه‌ی نامۆبوون و ئاشنابوونه‌وه یان به ده‌ربڕینێکی دیکه به‌م دیالیکتهی وشیاری و ناوشیارییه‌وه.
بڕگه‌کانی سیۆران به دوای پێناسه‌کردنی دۆخه مرۆییه‌کانن، به‌ڵام ئه‌م پێناسهکردنانه ته‌واو و ڕه‌ها نین. ئه‌م پێناسانه ”به‌رته‌سک، نیوه‌چڵ و ناته‌واون”. هه‌ر وه‌کوو خۆی له بڕگه‌ی “به‌دواداهاته‌کانی له‌دایکبووندا” ده‌ڵێت: ”هه‌ر باوه‌ڕ و هه‌ر بیروڕایه‌ک، به‌دڵنیاییه‌وه به‌رته‌سک، نیوه‌چڵ و ناته‌واوه. چ له فه‌لسه‌فه‌دا و چ له هه‌ر شتێکی دیکه‌دا، ڕه‌سه‌نایه‌تی له پێناسه‌کردنه ناته‌واوه‌کاندا خۆی ده‌بینێته‌وه.” ته‌مومژاویبوون و پوختبوونی ئه‌م بڕگانه، له ڕۆح و شیله‌ی شیعر نێزیکیان ده‌کاته‌وه. زایه‌ڵه و چریکه‌ی سیۆران هه‌میشه تاکه‌که‌سیانه و سۆزاوییه، ته‌نانه‌ت کاتێک قسه له‌سه‌ر دهرههستترین بابه‌ته‌کان ده‌کات. بیرکردنه‌وه‌ی سیۆران وتووێژێکه له‌گه‌ڵ خود و بۆ تێگه‌یشتن له خود-ئه‌گه‌رچی ڕێگای ئه‌م تێگه‌یشتنه ڕه‌نگه به هه‌موو هه‌وراز و نشێوه‌کانی جیهاندا تێپه‌ڕێت. له ڕووی بابه‌ت و ته‌وه‌ره‌وه پانتای بڕگه‌کانی سیۆران به‌ربڵاون: له بێخه‌وی و دڵشکانهکانی هاوڕێیه‌تی و عه‌شقه‌وه بگره تاکوو تێڕامانه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان…تاکوو کێشه‌ی کات و مانای بوون ده‌گرێته خۆ. له‌م شه‌پۆله ماناییهدا هه‌ندێ جار به‌ر کۆمه‌ڵێک بڕگه ده‌که‌وین که وا دێته پێش چاو جۆرێک ئامۆژگاریی حه‌کیمانه‌یه، هه‌ندێ جاریش به‌ر پاژگه‌لێک ده‌که‌وین که شوێنگه‌ی ده‌رکه‌وتنی بیرکردنه‌وه‌ی وهسواسئامێزن، و هه‌ندێ جار به‌ر ئه‌وانه‌ش ده‌که‌وین که له ڕووی هه‌ست و سۆزه‌وه هێنده خه‌ست و خۆڵن که له شیعرێکی دانسقه ده‌چن… ده‌ربڕینی سیۆران له ناو ئه‌م به‌ربڵاوییه‌ی بابه‌ته‌کاندا له‌گه‌ڕدایه و سه‌رگه‌ردانه. سیۆران له شوێنێکدا ده‌ڵێت له گه‌نجێتیدا مه‌به‌ستی گه‌یشتن به جۆرێک هزرینی فه‌لسه‌فیی شاعیرانه بووه. من خۆم له گه‌ڵ زۆرێک له‌و شتانه‌ی که سیۆران نووسیویه‌تی هه‌ست به نێزیکایه‌تیی له ڕووی فیکری و بیرکردنه‌وه ناکه‌م، به‌ڵام باوه‌ڕیشم وایه که که‌م که‌سێک توانیویه‌تی به ڕاده‌ی ئه‌و له‌م مه‌به‌سته نێزیک بکه‌وێته‌وه. سیۆران و بیرکردنه‌وه‌ی له قاڵب و چوارچێوه‌یه‌کی تایبه‌ت و دیاریکراودا جێ ناکرێنه‌وه. وه‌کوو له سه‌ردێڕی وتاری ڕۆژنامه‌کان به بۆنه‌ی مه‌رگییه‌وه، ده‌خوێنینه‌وه، سیۆران به فه‌یله‌سووف، نووسه‌ر، شاعیر، بیرمه‌ندی عارف، سوڵتانی ڕه‌شبینان، فه‌یله‌سووفی نائومێدی و…ناوی هێنراوه. به‌ڵام وادیاره هه‌ر ئه‌م ”هزرینه فه‌لسه‌فییه شاعیرانه”یه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جیاکه‌ره‌وه‌یه که باشتر له هه‌موو سه‌ردێڕه‌کانی دیکه پێناسه‌یه‌ک له ئیش و به‌رهه‌می ئه‌و پێشکه‌ش ده‌کات. بۆ تێگه‌یشتن، چێژبردن و حه‌زکردن له بڕگه‌کانی ئه‌و، ده‌بێت هه‌م هه‌ستیارییه‌کی فه‌لسه‌فی و هه‌میش هه‌ستیارییه‌کی شاعیرانه له مرۆڤدا ئاماده بێت. شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌و و تێڕوانینی ئه‌و بۆ ژیان، زیاتر له هه‌مووان، خه‌ییام؛ شاعیر و حه‌کیمی ئێرانی و فارسمان به بیر دێنێته‌وه، بیرمه‌ندێک که سیۆران ده‌ڵێت ده‌کرا خۆی قوتابیی ئه‌و بایا!
ئه‌وه‌ی وا ئاڵۆزی و ڕاکێشه‌ریی ئه‌م بڕگانه به‌شێوه‌یه‌کی هاوکات زیاد ده‌کات، شریخه‌ی پێکه‌نینێکه که ده‌ڵێی به‌رده‌وام له پشت شانۆکه‌وه ده‌گاته گوێ. سیۆران فه‌یله‌سووفێکه ده‌توانێت پێبکه‌نێت. ته‌وس و ته‌نزی سیۆران ناسک، تاڵ، نقورچکگیر، کاری و تێکده‌رن و به‌شیوه‌یه‌کی شۆکهێنه‌ریش دڵڕه‌قانه‌یه؛ هه‌ندێ جار به ئاسانی ده‌بیسرێت و هه‌ندێ جاریش ته‌نها پاش تێڕامان و قووڵبوونه‌وه له‌سه‌ر بڕگه‌یه‌ک ڕێی تێ ده‌به‌ین. نیگای ته‌وسئامێزی سیۆران هه‌موو شتێک ده‌گرێته به‌ر: و ئه‌مه‌ش هه‌ندێ جار بووه‌ته هۆی دڵئێشه و خراپ لێک تێگه‌یشتن. له هه‌ندێک له بڕگه‌کاندا، ته‌وس و ته‌نزی ئه‌و به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ست پێنه‌کراو یان ناباوه که به ئه‌سته‌م سنووره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی که ته‌نز نییه ده‌ناسرێته‌وه. سیۆران له هه‌مبه‌ر جدیترین و سامناکترین پرس و دۆخه مرۆییه‌کاندا بیر ده‌کاته‌وه و پێده‌که‌نێت. ئه‌و خوێنه‌ره‌ی که له‌گه‌ڵ نووسراوه‌کانی ئاشنایی و سه‌روکاری نییه ده‌بێت ئه‌م دووفاقییه‌ی هه‌ڵسووکه‌وتی سیۆران هه‌میشه له‌به‌ر چاو بگرێت.
ئامانجی ته‌نزه‌که‌ی سیۆران، ڕاکێشه‌ری له نووسین و له هه‌مان کاتدا دروستکردنی که‌شێکی دژه دۆگمایه که ئه‌گه‌ری بزووتنی ئازادی بیرکردنه‌وه ده‌خاته به‌رده‌م. ته‌نز؛ خوێنه‌ر له خۆی هه‌ڵده‌که‌نێت؛ له نێوان خوێنه‌ر و هه‌سته‌کان و باوه‌ڕه‌کاندا مه‌ودا دروست ده‌کات تاکوو گومان ئهندێشییهک که مه‌به‌ستی سیۆرانه بتوانێت تییدا له‌دایک بێت.
ئه‌م گومانئهندێشییه ڕۆحی جیهانبینی و بنه‌مای میتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌ی سیۆرانه. سیۆران له‌و فه‌یله‌سووفانه‌یه که باوه‌ڕی به‌و سیسته‌م و ده‌زگا فیکرییه یه‌کده‌ست و خۆبژێوانه نییه که ڕهنگدانهوهیهکن له یه‌کانگیریی جیهان. جیهان” و به تایبه‌تی جیهانی مرۆیی” نه کۆمه‌ڵه‌یه‌کی شێواو و به‌سه‌ریه‌کدا پرژاوه که نه‌شێت هیچی له‌سه‌ر بگوترێت و نه پێکهاتێکی داخراویشه که پێوه‌ندییه ناوه‌کییه‌کانی به ته‌واوه‌تی دیاریکرابێت، ڕێک و پێک و له‌بار بێت و له هه‌مبه‌ر زه‌یندا له‌دواجاردا ڕوون و هاوسه‌نگ ده‌رکه‌وێت. به وته‌ی فه‌یله‌سووفی هاوسه‌رده‌می سیۆران: ”جیهان بڕگه‌بڕگه‌یه، به‌م حاڵه‌شه‌وه لێک هه‌ڵناوه‌شێته‌وه.” کۆرنێلیوس کاستۆریادیس ”Cornelius Castoriadis” فه‌یله‌سووفی هاوسه‌رده‌می سیۆران له پێشه‌کیی کتێبه‌که‌یدا واته جیهانی پارچه‌پارچه ”Le monde morcele”ده‌ڵێت: جیهان-و هه‌ڵبه‌ت نه‌ک به ته‌نها جیهانی ئێمه-بڕگه‌بڕگه‌یه. به‌م حاڵه‌شه‌وه لێک هه‌ڵناوه‌شیته‌وه. بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له یه‌که‌مین ئه‌رکه‌کانی فه‌یله‌سووفانی ئێستایه. ئه‌ندێشه‌ی سیۆران لێوانلێوه له سه‌رسووڕمان له هه‌مبه‌ر ئه‌م دۆخه؛ و هه‌ڵبژاردنی ده‌ربڕینی بڕگهییانه، ڕه‌نگه ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بێت بۆ بیرکردنه‌وه له‌باره‌ی ئه‌م جیهانه بڕگه‌ییه.
ئیم‌یل سیۆران له ساڵی 1911 له گوندی ڕازیناری ”Rasinari” له وڵاتی ڕۆمانیای ئێستا له‌دایک بوو. منداڵیی ئه‌و هه‌ر له‌م گونده‌دا و له داوێنی سرووشت و له گه‌ڵ شوانه‌کاندا به‌سه‌ر ده‌بات که چیرۆکه کهونینهکانیان تا ئه‌به‌د له یاده‌وه‌ریدا ده‌مێننه‌وه. ژیانی ئه‌و شادومان، ئازاد و سرووشتییه. دواتر له‌م سه‌رده‌مه وه‌کوو ”به‌هه‌شت”ی ژیانی ناو ده‌هێنێت. له ساڵی 1921 باوکی به مه‌به‌ستی خوێندن ده‌ینێرێت بۆ شاری سیبوو”Sibu” و سیۆران به‌هه‌شته‌که‌ی له کیس ده‌دات، ئه‌گه‌رچی بیره‌وه‌ریی ته‌سک و ته‌نک و ته‌مومژاویی ئه‌و به‌هه‌شته، ئه‌م ”حه‌سره‌ته‌ی به‌هه‌شت”که دواتر ده‌بێت به توخم و ڕه‌گه‌زه بنه‌ماییه‌کانی جیهانناسی ئه‌و، بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنێته‌وه. هه‌ر وه‌کوو خۆی له بڕگه‌ی “دانپێدانانه‌کان و نه‌فره‌ته‌کان”دا ده‌ڵێت: تاقانه ڕووداوی به‌رچاو و دیاری ژیان دابڕانه که دره‌نگتر له هه‌ر شتێکی دیکه له یادگه‌ی ئێمه‌دا کاڵ ده‌بێته‌وه و ده‌سڕدرێته‌وه.” و به ده‌ربڕینێکی دیکه ”ته‌نها ڕووداوانی به‌رچاوی ژیان دابڕانهکانن”. دابڕانی ئه‌و له گوند و منداڵیی به‌هه‌شتئاسای یه‌که‌مین ڕووداوی چاره‌نووسسازی ژیانی ئه‌وه. ئه‌و (له نامه‌یه‌کدا بۆ براکه‌ی)دا ده‌ڵێت: ”بۆ ماوه‌ی ده ساڵ له جۆرێک له به‌هه‌شتدا به ئازادی ده‌سووڕامه‌وه. کاتێک بڕیار بوو ئه‌وێ به‌جێ بهێڵم، له ناو پاسه‌که‌دا تووشی وه‌ها قه‌یرانێک له نائومێدی بووم که بیره‌وه‌رییه‌که‌ی بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵ مندا ماوه‌ته‌وه.” ئه‌وه‌ی که له ڕاستیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌مێنێته‌وه نه‌ک ته‌نها ”بیره‌وه‌ری” به‌ڵکوو جۆرێک ”قه‌یرانی نائۆمێدی”ی به‌رده‌وام و سێبه‌رئاسایه که ناکرێت کاریگه‌رییه‌که‌ی له‌سه‌ر ژیانی نکۆڵیی لێ بکرێت. ئه‌گه‌رچی به ڕای من دابه‌زاندنی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و بۆ سه‌ر ئه‌م نائۆمێدییه فه‌لسه‌فییه شتێک نییه جگه له ساده‌کردنه‌وه‌ی دیارده‌یه‌کی ئاڵۆز بۆ سه‌ر یه‌کێک له توخمه‌کانی جیهانی ئه‌و ته‌نانه‌ت-ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌کی-یش بێت.
له ژینگه‌ی شار و ئه‌زموونی ژیانی شاریدا سیۆران خوێندن ده‌بینێته‌وه. ئه‌و دواتر ته‌مه‌نی گه‌نجیی خۆی له دوو جۆر سهوداسهریدا کورت و پێناسه ده‌کات: سه‌وداسه‌ریی بۆ ژنانی جوان و سه‌وداسه‌ریی بۆ کتێبه‌کان. له به‌رده‌ست نه‌بوونی بابه‌تی یه‌که‌م ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که بخوێنێته‌وه و بخوێنیته‌وه و بخوێنێته‌وه. هێشتا ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه که زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی دیدرۆ، تاگوور، لیشتێن بێرگ، دۆستۆفسکی، فلۆبێر و به تایبه‌ت شووپێنهاوه‌ر و نیچه‌ی خوێندووه‌ته‌وه و خوێندوویه‌ته‌وه. له ساڵی 1928 بۆ خوێندنی فه‌لسه‌فه ڕێگه‌ی بوخارهستی گرته به‌ر. له زانکۆی بوخارهست له‌گه‌ڵ ئوژن یونسکۆ (1909-1994ز)، نووسه‌ر و شانۆنامه‌نووسی به‌ناوبانگ و میرچیا ئه‌لیاده Mircea Eliade”1907-1986”ز یه‌کێک له گرینگ‌ترین تۆژه‌ران و دیاردهناسه ناوداره‌کانی مێژووی ئایینه‌کان. ئاشنا ده‌بێت و تا کۆتایی ژیانی له‌م هاوڕی و بیرمه‌ندانه دانابڕێت. هه‌ر سێکیان وه‌کوو زۆرێک له ڕۆشنبیرانی هاوسه‌رده‌می خۆیان له ژێر کاریگه‌ریی بیرکردنه‌وه دانسقه‌کانی نائی یونسکۆ؛ Nae Ionesco، (1890-1940) شوێندانه‌رترین ژێده‌ری فیکریی ڕۆمانیا له‌و سهردهمهدان. نائی یونسکۆ فه‌یله‌سووفێکی نه‌ته‌وه‌خواز بوو که به‌رگریی له جۆرێک فه‌لسه‌فه‌ی ژیانتهوهر”Vitalisme”له هه‌مبه‌ر ئاوه‌زمه‌ندیی مۆدێڕن و گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ها نه‌رێتییه‌کانی ئایینی ئه‌رتۆدۆکس له هه‌مبه‌ر هێرشی کو‌لتووریی ڕۆژئاوا و بناژۆخوازیی بولشویسم ده‌کرد. سیۆرانی گه‌نج له ساڵی 1932دا به پێشکه‌شکردنی تێزێک له‌باره‌ی شهوودگهرێتی بێرگسۆن له زانکۆی فه‌لسه‌فه‌ی بوخارهست خوێندن ته‌واو ده‌کات. ئه‌گه‌رچی هه‌ر زوو به زوو له بێرگسۆنیش داده‌بڕێت، چونکه وه‌کوو سیۆران له وتووێژێکدا ده‌ڵێت: ”ئه‌و هیچ تێگه‌یشتنێکی له‌باره‌ی تراژیدیای ژیان نه‌بوو.”
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا سیۆران ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاره‌که‌ی خۆی واته سیبوو و له‌وێ تووشی کێشه و ڕووداوێک ده‌بێت که کاریگه‌رییه‌که‌ی له‌سه‌ر ژیانی که‌متر له ڕووداوی ده‌رکردنی له گوند و به‌هه‌شته‌که‌ی منداڵیی نه‌بوو. ئه‌گه‌ر ڕووداوی یه‌که‌م ته‌مێک له نائۆمێدی به‌سه‌ر وجوودی سیۆراندا داخست، ئه‌وا ڕووداوی دووهه‌م که‌م تا زۆر فه‌یله‌سووفێکی لێ دروست ده‌کات. سیۆران تووشی بێخه‌وی درێژخایه‌ن ده‌بێت. خه‌و له چاوه‌کانی ده‌تارێت و بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ ناگه‌ڕێته‌وه گلێنه‌ی چاوه‌کانی. ”به درێژایی شه‌و له شه‌قامه‌کانی شاردا وێڵ و به‌ره‌ڵڵا ده‌گه‌ڕام…له شاری چۆڵ و خاڵیدا جگه له من و چه‌ند سۆزانییه‌ک که‌سی دیکه په‌یدا نه‌ده‌بوو…دایکم به بێهیواییه‌وه ده‌گریا، خودی خۆمیش به تازه‌یی بووبووم به 21 ساڵ و بیرم له خۆکوژی ده‌کرده‌وه.” ”وه‌رگیراو له وتووێژهکانییهوه”. به‌ڵام سیۆران خۆی ناکوژێت. له به‌رامبه‌ردا، گوێ بۆ ئامۆژگارییه‌که‌ی نیچه ڕاده‌گرێت و بێخه‌وی ده‌کات به ڕێگایه‌ک بۆ مه‌عریفه و ناسین. ”له شه‌وێکی پڕ له بێخه‌ویدا زیاتر له یه‌ک ساڵی ئاسایی ده‌کرێت فێری شت بی…هه‌ر چییه‌ک که دواتر نووسیم له درێژایی ئه‌م شه‌وانه‌دا گۆڕاوه و له‌دایک بووه” ”له وتووێژه‌کانه‌وه”.
به‌روبووم و ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌م شه‌وانه‌ی بێخه‌ویی و ته‌نهایی سیۆران یه‌که‌مین کتێبی واته “له‌سه‌ر به‌رزاییه‌کانی نائومێدی”یه که هاوکات له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین شانۆنامه‌ی هاوڕێکه‌ی واته ئوژن یونسکۆ له ژیر ناوی “نا” له 1934 بڵاو بوویه‌وه. یه‌که‌مین کتێبی سیۆران ده‌بێت به براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین نووسه‌ری گه‌نج له ئاکادیمیای پاشایه‌تیی ئه‌وکات. سیۆران له کۆڕ و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیرییه‌کاندا ناوبانگێک بۆ خۆی په‌یدا ده‌کات و وه‌کوو یه‌کێک له هیواکانی داهاتووی وڵات ناوی ده‌چێته نێو ناوانه‌وه و باسی لێوه ده‌کرێت. “له‌سه‌ر به‌رزاییه‌کانی نائومێدی”، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که لهناوهکهیڕا دیاره کتێبێک نییه به ناوه‌رۆک و کاکڵی بێهیواییه‌وه. کتێبێکه له‌باره‌ی قه‌یرانی ڕۆحی و فیکریی گه‌نجێک که به شوێن مانا و مانهوییهتێکی نوێ بۆ ژیانیدایه. به‌ڵام ئه‌م ناوه‌رۆکه تایبه‌ت نییه به‌م کتێبه‌ی ئه‌و. هه‌ر شتێک که سیۆران پاش ئه‌وه نووسیویه‌تی به شێوه‌ی جۆراوجۆر دووپاتبوونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌م ناوه‌رۆکه و درێژه‌ی هه‌مان گه‌ڕان و دانه‌سه‌کنان و پشکنینێتی. شێوازی ده‌ربڕینی سیۆران له کتێبی یه‌که‌میدا هه‌مان شێوازێکه که تا کۆتایی ده‌یگرێته به‌ر و پێی وه‌فادار ده‌مێنێته‌وه. هه‌مان شێوازێک له نووسین که فه‌یله‌سووفانی دیکه‌ی وه‌کوو پاسکال، مونتینی، نیچه و کییه‌ر کی گارد پێش ئه‌و هه‌ڵیان بژاردووه و پەیڕهوییان لێ کردووه: ده‌ربڕینێکی ئه‌ده‌بی که ده‌یه‌وێت بۆ هه‌موو که‌س فام بکرێت و هه‌ر بۆیه به شێوه‌یه‌کی وشیارانه له زمانی پسپۆڕانه‌ی فه‌لسه‌فی دابڕاوه؛ حه‌ز و تاسه بۆ شیوازێکی بڕگهئاسا، ته‌نانه‌ت کاتێکیش وا ناوه‌رۆکی ده‌قه‌که پێویستی به یه‌کانگیری و لێک هه‌ڵپێکراوی هه‌یه.
سیۆران له پێشه‌کییه‌کدا که ساڵانێکی دواتر زیادی کردووه‌ته سه‌ر وه‌رگێڕانی فه‌ره‌نسیی “له‌سه‌ر به‌رزاییه‌کانی نائومێدی” ئه‌م کتێبه به”جۆرێک له ڕزگاریی و ته‌قینه‌وه‌یه‌کی ڕزگارکه‌ر” ده‌زانێت که ئه‌گه‌ر نهینووسابا بێگومان کۆتایی به شه‌وه‌کانی هێنابوو. مه‌به‌ست له شه‌وه‌کان هه‌مان کات و ساته‌کانی ”بێداریی به‌رده‌وام…ئه‌م کاره‌ساته قورس و گهمارۆدهره، ئه‌م نه‌بوونه هه‌میشه‌یی”یه‌یه. هه‌ر بۆیه‌شه سیۆران له یه‌کێک له بڕگه‌کانی به‌ناوی “پێوانه لۆژیکییه‌کانی تاڵێتی” له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ”به‌و ده‌مارانه‌ی که لێوانلێون له شه‌وه‌کان، جێگه‌ی تۆ له نێو مرۆڤه‌کاندا زیاتر له کێلهنووسراوێکی سه‌ر گۆڕێک له ناوه‌ڕاستی سیرکێکدا نییه.” کتێبه‌که بێگومان له ڕووی فیکری و ئه‌ده‌بییه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ی سیۆران به‌راورد ناکرێت. گرینگی و بایه‌خی ئه‌م کتێبه بۆ هۆگرانی بیرکردنه‌وه‌ی سیۆران له‌مه دایه که ئامیان و تۆوی هه‌موو کاره‌کانی سیۆرانی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه. له لایه‌ک ده‌سپێکه‌ری بیرکردنه‌وه‌یه‌کی گومانئهندێشانه و دانهسهکناوه که مانای بوون و نه‌بوون و هه‌ر شتێک که له ئاسمان و زهویندایه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه گه‌ڕان و پشکنینێکی شێلگیرانه‌یه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌ک که له‌سه‌رووی هه‌موو گومانه‌کان دایه. ڕه‌وت و بزووتنی ئه‌ندێشه‌ی سیۆران هه‌ر له یه‌که‌مین تا دواهه‌مین نووسراوه‌ی له ڕێگه‌ی ئه‌م دووفاقێتییه دژوازه‌وه دیاری ده‌کرێت، ئه‌گه‌رچی به پێی دۆخی بیرکردنه‌وه‌ی، هه‌ندێ جار ئه‌میان و هه‌ندێ جار ئه‌ویان زیاتر ده‌رده‌که‌وێت.
شه‌وه‌کانی بێخه‌وی شه‌وه‌کانی تهنهاییشن. مێشک له‌گه‌ڵ هه‌موو ماندووبوونێکیدا له هه‌موو کات و ساتێکدا زیاتر چالاکه و مرۆڤ زیاتر له هه‌میشه پێویستی به به‌رده‌نگێک هه‌یه تاکوو لێی تێ بگات. ”کاتێک مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها ته‌نهایه و دونیا به ته‌واوه‌تی له هه‌موو شتێک به‌تاڵ بووه‌ته‌وه، له دواجاردا ده‌گات به‌جۆرێک کۆتایی له هه‌موو شتێکدا” ”له یه‌کێک له وتووێژه‌کانه‌وه” و ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م کۆتاییه‌یه که قسان ده‌کات و هه‌موو شتێکیش ده‌ڵێت. قه‌یرانی بێخه‌وی ده‌بێت به قه‌یرانێکی ئیگزیستانسیالیستی”وجوودی” که خودی سیۆران پێی ده‌ڵێت قه‌یرانی”مه‌زه‌وی”. بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ من جگه له خوێندنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی قیدیس و پیاوچاک و پیرۆزه‌کان هیچ کارێکی دیکه‌م نه‌کرد…وه‌کوو شێتێک ته‌نها ده‌مخوێنده‌وه،…بڕوا ناکه‌ن، به‌ڵام من کتێبی ژیانی تێرێز داڤیلیا”Therese d ’Avilia” ی قیدیسم پێنج جار خوێنده‌وه.” تێرێز داڤیلیا قیدیسێکه که هیچ کات له ژیانی ئه‌و ناچێته ده‌ره‌وه. دووەمین بڕگه “فرمێسکه‌کان و قیدیسهکان”، کتێبێک که سێ ساڵ دواتر و له ته‌شق و ئه‌وپه‌ڕی ئه‌م قه‌یرانه مه‌زه‌وی و مانهوییهدا ده‌ینووسێت ستایشێکی سۆزدارانه و عاشقانه‌ی ئه‌م قیدیسهیه، ناو و یادی ئه‌و تا کۆتا نووسراوه‌کانیشی درێژ ده‌بنه‌وه و به‌دیده‌کرێن. هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی ماترێ ئیکهارت؛ ”Maitre Eckhart” یه‌کێک له گرینگ‌ترین بیرمه‌ندانی فه‌لسه‌فه‌ی عیرفانی ئاشنا ده‌بێت، که ئه‌ویش کاریگه‌رییه‌کی قووڵ و به‌رده‌وامی له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌کانی سیۆران ده‌بێت. سیۆران به بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێک له میتۆدی گومان ئه‌ندێشانه‌ی خۆی پاشه‌کشێ بکات، مه‌فتوون و سه‌وداسه‌ری ئیشراقی مه‌سیحی ده‌بێت. فرمێسکه‌کان و قیدیسهکان دواهه‌مین نووسراوه‌ی ئه‌و له ڕۆمانیادا ده‌مڕاست و نوێنه‌ری ئه‌م دووفاقێتییه له کار و به‌رهه‌مه‌کانی سیۆران دایه. ئه‌م دووپاژی و برینه له هیچ کوێ زیاتر له ناڵه و بزه تهوساوییهکانی ئه‌م کتێبه‌دا هه‌ست پێ ناکرێت.
له ساڵی 1933دا سیۆران بۆ درێژه‌دان به خوێندن له به‌رلین کۆرسی خوێندن وه‌رده‌گرێت. له‌وێ سێیه‌مین ڕووداوی چاره‌نووسسازی ژیانی ڕوو ده‌دات. له ژێر کاریگه‌ریی ژینگه و کات و سات و ده‌وروبه‌ر، بۆ ماوه‌یه‌ک به‌رگری له فاشیزم ده‌کات، و به بێ ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ست بێت به گرووپێکی دیاریکراوه‌وه له‌و وتارانه‌ی که له ڕۆژنامه‌کانی وڵاته‌که‌یدا چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه پشتگیریی له گرووپێکی سیاسیی به ناوی ”پاسه‌وانی پۆڵایین” ده‌کات که له ڕۆمانیدا چالاکه. پشتگیریی ده‌کات. ئه‌م هه‌ڵوێست و ڕێگایه ده‌بێته هۆی ئه‌و دابڕانی نێوان سێ هاوڕی و بیرمه‌ند واته سیۆران، ئه‌لیاده و یونسکۆ ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه ببینێت و ئاقاری دیکه ببڕێت. به گشتی ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که بۆ یه‌که‌مین جار و بۆ دواهه‌مین جار له نێوان سێ هاوڕێدا دابڕان دروست ببێت. له پشتگیریی له گرووپی فاشیستیی”پاسه‌وانی پۆڵایین” ئه‌لیاده له سیۆرانیش گه‌رموگوڕتر و بهحهماسهتتره! یونسکۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆی ده‌پارێزێت به‌ڵام دواتر و تا کۆتایی له هه‌مبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که ژیانی هه‌ر سێ هاوڕیکه داده‌به‌زێننه سه‌ر ئه‌م قۆناغه به‌رگری له هاوڕێیانی ده‌کات. ”پاسه‌وانی پۆڵایین”، گرووپێکی نیوهئایینی-نیوهفاشیستی بوو که به ئیلهاموه‌رگرتن له بیروڕاکانی هیتله‌ر نیازی بووژاندنه‌وه و و زیندووکردنه‌وه‌ی به‌ها نه‌ریتی و کۆنه‌کانی ڕۆمانیا و گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌سه‌نایه‌تیی له‌کیسچووی نه‌ژادی ڕۆمانیی هه‌بوو. دواتر سیۆران به جار و بار و به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌وه‌ی وا له‌م قۆناغه‌ی ژیانیدا ڕووی داوه، هه‌ستی په‌شیمانی ده‌ده‌بڕێت. به‌ڵام ڕابردوو قه‌ت به ته‌واوه‌تی ناسڕدرێته‌وه و ئه‌وه‌ی که کراویشه له بیر ناچێته‌وه، نه بۆ ئه‌و و نه بۆ ئه‌وانی دی. ئه‌م مۆرکی ڕیسواییه هه‌م له سه‌ره‌مه‌رگ و هه‌میش له سه‌ر ژیانی پاش مه‌رگی ئه‌و کاریگه‌ریی داده‌نێت. کاریگه‌ریی ئه‌م قۆناغه‌ی ژیانی له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی سیۆران تا کۆتایی ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام به داخه‌وه په‌ژیوانیی و هه‌ستکردن به گوناه، ئه‌و ناوه‌رۆک و مانا وجوودیانهن که ئه‌ندێشه‌ی سیۆران به دهوروخولیاندا ده‌سووڕێته‌وه و په‌یوه‌ندیی ئه‌و له‌گه‌ڵ ڕابردوویدا دیاری ده‌که‌ن؛ بێگومان ئه‌مه ته‌نها قۆناغ و سه‌رده‌می ژیانی سیۆرانه که ئه‌و گومانئهندێش نییه.
به‌داخیشه‌وه پاش مه‌رگی سیۆران گێرمه‌وکێشه له‌باره‌ی ڕابردووی ئه‌م بیرمه‌نده به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام درێژه‌ی هه‌یه. له ڕۆژی مه‌رگیدا، به شایه‌تیی میلان کۆندێرا، میدیاکانی فه‌ره‌نسه وا ده‌جووڵینه‌وه که وه‌ک بڵێی هه‌موو بڵاڤۆک و چاپه‌مه‌نیی فه‌ره‌نسه له بیری ده‌که‌ن که ئه‌و که‌سه‌ی ڕۆشتووه و ئێمه‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایه به‌جێ هێشتووه نووسه‌ر و بیرمه‌ندێکی گرینگ بووه نه‌ک ته‌نها پیاوێک که له گه‌نجێتیدا تووشی هه‌ڵه‌یه‌ک بووبێت و تا کۆتایی ته‌مه‌نیشی باجه‌که‌ی دابێت. کۆندێرا له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ”سیۆران له 1995 کاتێک 94 ساڵ ته‌مه‌نی بوو کۆچی دوایی کرد. یه‌کێک له ڕۆژنامه گه‌وره‌کانی پاریس ده‌که‌مه‌وه: دوو لاپه‌ڕه‌ی له‌باره‌ی مه‌رگی سیۆران نووسراوه. به وشه‌یه‌کیش چییه له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی قسه ناکرێت. قسه ته‌نها له‌سه‌ر سه‌رده‌می گه‌نجێتی ئه‌وه که له ڕۆمانیادا به‌سه‌ری بردووه…ئه‌م وتارنووسانه جلوبه‌رگی خۆماڵی ده‌که‌نه به‌ر ته‌رمی نووسه‌ری گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی و پێملیان کرد تاکوو له ناو تابووته‌که ده‌ستی به‌رز بکاته‌وه و سڵاوێکی فاشیستی بنێرێت.”
وێستگه‌یه‌کی دیکه‌ی ژیانی سیۆران پێش له مه‌رگی ئه‌و کاته‌یه که ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ڕۆمانیا. ئه‌و له ساڵی 1936دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆمانیا و خه‌ریکی وتنه‌وه‌ی وانه‌ی فه‌لسه‌فه ده‌بێت. دووه‌مین به‌رهه‌می ئه‌و “فریوه‌کان” له هه‌مان ساڵدا بڵاو ده‌بێته‌وه. فرمێسکه‌کان و قیدیسهکان که ساڵی دواتر بڵاو ده‌بێته‌وه له فه‌زای که‌لتووریی ڕۆمانیادا هه‌را و کێشه‌یه‌کی گه‌وره دروست ده‌کات. هه‌ندێک له ڕه‌خنه‌گران وه‌کوو یه‌کێک له شاکاره ئه‌ده‌بییه‌کانی ڕۆمانیا باسی ده‌که‌ن و گرووپێکی دیکه-له‌وانه‌ش میرچیا ئه‌لیاده‌ی هاوڕێی-به توندی ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت. به‌ڵام سیۆران ئیتر له ڕۆمانیادا نییه. به هاوکاری و پشتیوانی ئه‌نیستیتۆی فه‌ره‌نسه که کۆرسێکی بۆ درێژه‌دان به خوێندن له فه‌ره‌نسه‌ی پێ داوه له پاریس ده‌ژی. هۆده‌یه‌کی بچووک له کارتیه لاته‌ن؛ له گه‌ڕه‌کێکی ڕۆشنبیری پاریس به‌کرێ ده‌گرێت؛ پاره‌یه‌کی وه‌های نییه؛ له ڕیستۆرانتێکی خوێندکارییدا خواردن ده‌خوات؛ شه‌وان به درێژایی هه‌موو شه‌و به ناو پاریس‌دا ده‌سووڕێته‌وه و ڕۆژانه به چڵێسییه‌وه ده‌خوێنێته‌وه و ده‌نووسێت. ئه‌م دۆخه بۆ ماوه‌ی پانزه ساڵ تا کاتێک که به‌هۆی ته‌مه‌ن ڕێگریی لێ ده‌کرێت بچێته ڕیستۆرانتی خوێندکارییه‌وه، درێژه‌ی ده‌بێت. له مه‌ودای سێ ساڵدا سێ کتێب ده‌نووسێت، دواتر ڕۆژێک له حاڵێکدا که خه‌ریکه شیعره‌کانی مالارمه وه‌رده‌گێڕێت له پڕێکدا بڕیار ده‌دات زمانی نووسینی به‌هه‌مه‌کانی واته ڕۆمانیایی بۆ هه‌میشه بگۆڕێت. ئه‌مه ڕه‌نگه چواره‌مین ڕووداوی چاره‌نووسسازی ژیانی ئه‌و بووبێت. زمانی فه‌ره‌نسه ده‌ربڕینی سیۆران ده‌گۆڕێت. ده‌ربڕینی لیریک و پڕهه‌ست و سۆزی کتێبه ڕۆمانیاییهکان به‌ره‌به‌ره جێگه‌ی خۆی ده‌دات به نه‌سر و په‌خشانێکی کورت و پوخت و لیریکیی نووسه‌رانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌می فه‌ره‌نسه به بێ ئه‌وه‌ی گه‌رم و گوڕی و تین و تاوی خۆی له‌کیس بدات. زایه‌ڵه و نه‌وای ئه‌ده‌بیی سیۆران به فه‌ره‌نسی بێ وێنه‌یه: تێکه‌ڵه‌یه‌ک له ده‌ربڕینێکی به‌جۆش و خرۆش و سۆزاوی ڕۆمانتیکه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و ئاوه‌زمه‌ندی و ته‌نز و ته‌وسی دڵڕه‌قانه‌ی ڤۆڵته‌ر و دیدرۆش. ”گومانئهندێشهکانی یۆنان و ڕۆمانتیکه‌کانی ئاڵمان چۆن ده‌توانن له ڕۆحێكدا یه‌ک بگرن و لێك بدرێن؟ ئازارچه‌شتن له ناو مه‌ته‌ڵه لیریکییه‌کان” ”یادداشته‌کان-ل 76”. زایه‌ڵه‌ی ئه‌ده‌بیی سیۆران ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆحه‌یه، و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسیدا تا ڕاده‌یه‌که که دواتر سێن ژان پرێس؛”Saint John Perse”؛ شاعیری گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی سیۆران به گرینگ‌ترین نووسه‌ری په‌خشانی فه‌ره‌نسه پاش پۆل ڤالیری Paul Valerie” ناو ده‌بات”
بڕیاری گۆڕینی زمان بۆ سیۆران مانایه‌کی گه‌وره‌تری هه‌بوو. ”له‌گه‌ڵ گۆڕینی زمان، من له به‌شێکی گه‌وره له خۆم، و به هه‌رحاڵ له‌گه‌ڵ به‌شێکی گه‌وره له ژیانم دابڕام.” ” له یه‌کێک له وتووێژه‌کانه‌وه” ئه‌نجامی ئه‌م ئاڵووگۆڕه یه‌که‌مین کتێبی ئه‌و به زمانی فه‌ره‌نسی له ژێر ناوی “پوخته‌ی پووچه‌ڵبوونه‌وه”بوو.
ژان فرانسۆیس ڕێڤێل؛ ”Jean Francois Revel” ڕه‌خنه‌گری ناودار، له‌م دواییانه‌دا له‌باره‌ی سیۆران ئاوه‌های وتووه: سیۆران له په‌خشانی خۆیدا ”گه‌یشتووته‌وه ئاستێک که هاوتای که‌ماڵی شاعیرانه‌یه” ئه‌م داوه‌ریکردنه به ڕای من ئه‌گه‌ر بۆ کاره‌کان و به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ی سیۆران به ڕاست نه‌گه‌ڕێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه بۆ “بڕگه‌کانی بیرکردنه‌وه”ی به‌ڕاست ده‌گه‌ڕێت. زمانی سیۆران له هیچ کام له نووسراوه‌کانی دیکه‌یدا ناگات به پوختهییهکی شاعیرانه که له یه‌که‌مین به‌رهه‌میدا که به زمانی فه‌ره‌نسی نووسراوه، هه‌یه. ده‌ربڕینی ئه‌و ئیدی هێنده و هه‌رگیز ئاوه‌ها تووڕه، تاڵ و ڕووخێنه‌ر نابێت. وه‌کوو بڵێی سیۆران ده‌یه‌وێت له “بڕگه‌کانی بیرکردنه‌وه”دا له ڕابردووی خۆی و مرۆڤ به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان تۆڵه بکاته‌وه. “بڕگه‌کانی بیرکردنه‌وه” به‌شێوه‌ی پاژگه‌لێکی تاڕاده‌یه‌ک درێژ نووسراوه: به پاژێک به ناوی”ڕه‌چه‌ڵه‌کناسیی دۆگم باوه‌ڕی” ده‌ست پێده‌کات (که ده‌کرا سه‌ردێڕی سه‌ره‌کیی کتێبه‌که بێت)، و دواتر سه‌رنموونه و سه‌رچه‌شنی زه‌ینی و ئاکارییه بنه‌ماییه‌کانی مرۆڤ ده‌خاته ئالنگارییه‌کی هزرییه‌وه و به تێڕوانینێکی ورد و شوێندانه‌رانه ده‌ست ده‌کات به ڕووخاندنیان. ”هه‌ندێ جار” تووشی سه‌رسووڕمان ده‌بم که “بڕگه‌کانی بیرکردنه‌وه” تا چ ڕاده‌یه‌ک پوخته‌ی کتێبێکی ڕووخێنه‌ره. خوێندنه‌وه‌ی “بڕگه‌کانی بیرکردنه‌وه” ده‌بێت به هه‌مان ڕاده‌ی نووسینه‌وه‌ی سه‌خت و دژوار بێت” ”یادداشته‌کان-ل 319” سیۆران ده‌ڕووخێنێت تاکوو ڕه‌نگه خاڵێکی ده‌سپێکی نوێ بدۆزێته‌وه. نووسینی ئه‌و وه‌کوو بایه‌کی زستانی وایه که گیاکان وشک ده‌کات به بێ ئه‌وه‌ی هیوایه‌کی ئه‌وتۆ بۆ هاتنی به‌هار هه‌بێت. له هیچ به‌رهه‌مێکی دیکه‌دا، گومانئهندێشیی سیۆران ئاوه‌ها دڵڕه‌قانه به‌کار نه‌هاتووه. گالیمار؛ گرینگ‌ترین بڵاوگه‌ی فه‌ره‌نسه له 1947دا قبووڵ ده‌کات که پوخته‌ی پووچه‌ڵبوونه‌وه بڵاو بکاته‌وه. به‌ڵام سیۆران هێشتا له کاره‌که‌ی خۆی ڕازی نییه. چوار جار ده‌ینووسێته‌وه و له ئه‌نجامدا دوو ساڵ دواتر بڵاو ده‌بێته‌وه. کتێبه‌که؛ سه‌رکه‌وتنیکی مادی و بازرگانی ئه‌وتۆ به‌ده‌ست ناهێنی به‌ڵام له کۆر و کۆمه‌ڵه ئه‌ده‌بییه‌کاندا پێشوازییه‌کی زۆر و به‌رفراوانی لێ ده‌کرێت. نووسه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانی گرینگی فه‌ره‌نسه وه‌ک کلۆد مووریاک، ئاندرێ مورۆڤا، گابرییه‌ل مارسێل، مووریس نادۆ و پێیدا هه‌ڵده‌ڵێن و ساڵی دواتر خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی ڕیڤارۆل ”Rivarol” ی پێ ده‌به‌خشرێت. ”تاقه خه‌ڵاتێکی ئه‌ده‌بی که سیۆران قبووڵی ده‌کات” دۆخی سیۆران و کتێبه‌کانی نێزیکه‌ی بیست ساڵ هه‌ر به‌م شێوه‌یه ده‌مێنیته‌وه: خۆشه‌ویستبوون له ناو ده‌سته‌یه‌کی تایبه‌ت له ڕۆشنبیران و خۆشهویستنهبوون له ناو کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌شۆکی خوێنه‌راندا. کتێبه‌کانی نافرۆشرێن و سیۆران تووشی هه‌ژاری و ناهومێدی و خه‌مۆکی ده‌بێت. له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌ی که ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامبوون و بزاوتنی، پاڵپشتیی هاوڕێیانێکی وه‌کوو یونسکۆ، ئه‌لیاده، بێکێت، گابرییه‌ل مارسێل و پشتیوانیی ژماره‌یه‌کی که‌م له خوێنهرانێتی که کۆمه‌ڵێک نامه‌ی ستایشئامێز و هه‌ندێ جار سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی بۆ ده‌نووسن. بۆ براکه‌ی ده‌نووسێت: ”ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌بێت من بۆیان سه‌رنجڕاکێش بم، حه‌تم ده‌بێت تۆزێک شه‌رمنۆک بن”
له ساڵی 1965دا پوخته‌ی پووچه‌ڵبوونه‌وه له قه‌واره‌ی کتێبێکی بچووکی گیرفانیدا دیسان له‌چاپ ده‌درێته‌وه و ئه‌م جاره ده‌که‌وێته به‌ر سه‌رنجی بڵاڤۆک و ڕۆژنامه‌کان. ڕۆژنامه‌ی لۆمۆند ڕه‌خنه‌یه‌کی دوور و درێژ و ستایشئامێز له گابرییه‌ل مارسێل له‌باره‌ی کتێبه‌که‌وه چاپ ده‌کات و ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بیی گۆڤاری ئیسکسپرێس ده‌نووسێت: ”باشترین په‌خشاننووسی فه‌ره‌نسی که‌سێکی خه‌ڵکی ڕۆمانیایه.” (ئیسکپرێس ژماره‌ی 34، ژانڤییه‌ی 1965). سیۆران به‌ره‌به‌ره ناوی ده‌چێته ناوانه‌وه. دوو ساڵ دواتر “وه‌سوه‌سه‌ی بوون” واته سێیه‌مین کتێبی فه‌ره‌نسیی سیۆران وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و سووزان سانتاگ؛ ڕه‌خنه‌گری ناودار و شوێندانه‌ری ئه‌مه‌ریکی به پێشه‌کییه‌کی شیکارانه و دوور و درێژ که له‌سه‌ر کتێبه‌که ده‌ینووسێت، سیۆران ده‌ناسێنێت به دونیای ئینگلیزی زمانه‌کان. ئه‌و ده‌نووسێت: ”وه‌ڵامێکی دیکه که بۆ ئه‌م داڕمانه له‌ناکاوه‌ی ده‌زگا و نیزامه فه‌لسه‌فییه‌کان خراوه‌ته ڕوو، جۆرێکی نوێ له فهلسهفهئهندێشییه: فهلسهفهئهندێشییهکی تاکه‌که‌سییانه”ته‌نانه‌ت ژیاننامهئاسا”، بڕگهییانه، لیریک و دژه پێکهاته‌یی و دژه سیسته‌م. گرینگ‌ترین سیما و نوێنه‌ره‌کانیان کییه‌ر کی گارد، نیچه و ڤیتگینیشتاینن. سیۆران دیارترین که‌سایه‌تییه‌که که هه‌نووکه ئه‌م نه‌ریته له نووسراوه‌کانی خۆیدا پێڕه‌و ده‌کات. ”پێشه‌کیی سووزان سانتاگ له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی ئینگلیزیی وه‌سوه‌سه‌ی ژیانکردن، ل 11” و هه‌روه‌ها : ”له نووسراوه‌کانی سیۆراندا” فه‌لسه‌فه ده‌بێت به‌جۆرێک له بیرکردنه‌وه‌ی هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌شکه‌نجه‌دا. له‌م هاوکێشه‌یه‌دا فه‌یله‌سووف هه‌م پاڵه‌وانه و هه‌م دژه پاڵه‌وان؛ هه‌م پرۆمیتیۆسه که ئازار ده‌کێشێت و هه‌م ئه‌و هه‌ڵۆ دڵڕهقهیه که ڕیخۆڵه‌کانی ئه‌وه که به‌رده‌وام درووست ده‌بنه‌وه، حهپهلوو ده‌کات…سیۆران هه‌نووکه له‌و ناسکترین زه‌ینانه‌یه که به هێزێکی ڕاسته‌قینه‌وه ده‌نووسێت. ورده‌کاریی، ته‌نز و ناسکی و ژیری، جه‌وهه‌ر و کرۆکی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌یه. ”هه‌مان سه‌رچاوه، ل 14 و 15.”له ده‌یه‌ی حه‌فتادا و له دواجاردا سیۆران له ئاستێکی به‌ربڵاو و پانتایه‌کی به‌رفراواندا به دونیا ده‌ناسرێت. هه‌موو کتێبه‌کانی بۆ سه‌ر زمانه‌کانی ئینگلیزی، ئیسپانی، ئیتالی، ئاڵمانی و ته‌نانه‌ت ژاپۆنیش وه‌رده‌گێڕدرێن. له فه‌ره‌نسه کتێبه‌کان به ماوه‌یه‌کی کورت دیسانه‌وه چاپ ده‌کرێنه‌وه و له هه‌ر جاره چاپکردنهوهشیاندا ژماره و تیراژیان ده‌چێته سه‌ره‌وه. سیۆران له وتووێژێکدا ده‌ڵێت: ”ئه‌مه خوێندکاران و قوتابیانی پاش مانگی مای ساڵی 68 بوون که بوونه هۆی سه‌رکه‌وتنی من” (سیتی مه‌گه‌زین؛ 1968).
به‌ناوبانگ یان بێ ناوبانگ، سیۆران هه‌ر وه‌کوو ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه که هه‌بوو. له ناسراوبوون ده‌ترسێت و له هه‌واڵنێران هه‌ڵدێت، هیچ کام له‌و خه‌ڵاتانه‌ی که پێشکه‌شی ده‌کرێت، قبووڵیان ناکات و له قبووڵکردنی پله‌ی مامۆستایی و وانه‌وتنه‌وه له زانکۆکانیش خۆ ده‌بوێرێت. هێشتا له هه‌مان هۆده‌ی “کارتییه لاتێن”دایه، به سه‌ختی ده‌خه‌وێت و شه‌وه‌کانی به‌زۆری له شه‌قامه چۆڵ و هۆڵ و خامۆشه‌کاندا به‌سه‌ر ده‌بات. (هه‌ر له یه‌کێک له‌م هاوینانهدا بوو که به پاسکیل هه‌موو فه‌ره‌نسه، ئیسپانیا و ئیتالیا به ته‌نهایی ده‌گه‌ڕێت. و وادیاره ته‌نها پاش ئه‌م گه‌شته دوور و درێژه‌یه خه‌وی سرووشتی ده‌بینێته‌وه و هێمنیی خه‌و بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه).
پاش پوختهچهڵبوونهوهی پوو، سیۆران دووه‌مین به‌رهه‌می خۆی واته پێوانه لۆژیکییه‌کانی تاڵێتی .Syllogismes d ’amertume (له ساڵی 1952دا بڵاو ده‌کاته‌وه. کتێبه‌که گه‌ڕانه‌وه‌ی سیۆران بۆ فۆرم و شکڵی ته‌واوی بڕگهنووسیی و زمانێکی نوێیه که بژارده، و شێوه ده‌ربڕینێکه که هه‌وڵ ده‌دات هه‌رچی زیاتر له په‌خشان و شێوه‌نووسینی لیریکیانهی نووسراوه‌کانی ڕابردوو دوور بکه‌وێته‌وه. پوخته، له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ودا قووڵه‌ی که له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی به زمانی ڕۆمانیی هه‌یبوو هێشتا به‌شێوه‌یه‌ک درێژه‌ی ئه‌وانه، ترۆپک و که‌ماڵ و پێگه‌یشتوویی و ئه‌وپه‌ڕی ناسکبوونه‌وه‌ی ئه‌وانه. پێوانه لۆژیکییه‌کانی تاڵێتی زیاتر له مه‌شق و ڕاهێنانێک ده‌چێت. سیۆران به شوێن دۆزینه‌وه‌ی زایه‌ڵه و نه‌وای خۆیه‌تی. له لایه‌که‌وه، شیعرسڕینهوه و له لایه‌کی دیکه‌وه گه‌یشتن به جۆرێک ده‌ربڕینی شاعیرانه‌یه که توخمی بیرکردنه‌وه تێیدا جێگه‌ی توخمی لیریک بگرێته‌وه. ئه‌وه‌ی که سیۆران سۆراخی ده‌کات هه‌مان شیعری ڕه‌سه‌نه که ئیمیلی دیکێنسۆن له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ”له هه‌مبه‌ریدا وه‌ها سه‌رمایه‌ک هه‌موو گیانی ده‌ته‌نێته‌وه که هه‌ست ده‌کات ئیتر هیچ ئاگرێک ناتوانێت تینی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه”. سیۆران هه‌وڵ ده‌دات ئاوا بنووسێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م پێناسه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ک پانتای به‌رین و به‌ربڵاوی په‌خشان و نه‌سری ئه‌و له‌خۆ ناگرێت. هه‌ر بڕگه‌یه‌ک بۆ ئه‌و ئه‌زموونێکه؛ گه‌ڕانێکه بۆ فۆرمێکی ئایدیال. له نووسینه‌کانی دواتردا بابه‌ت و پرسی شێواز وه‌ها گرینگییه‌ک بۆ سیۆران په‌یدا ده‌کات که به وته‌ی یه‌کێک له باشترین ڕاڤه‌کارانی ئه‌و، واته پاتریک بۆلۆن Patrice Bollon, heretique, Gallimard 1997 cioran ”بیرکردنه‌وه شێوازه و شێوازیش بیرکردنه‌وه‌یه…چونکه شێواز له به‌رهه‌مه‌کانی سیۆراندا په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ناسکێتی به‌هۆی ناسکبوون، یان جوانی به‌هۆی جوانبوونهوه نییه. شێواز هه‌توانێکه بۆ نه‌بوون. هه‌ڵوێستێکه که به‌پێی ئه‌وه مرۆڤ خۆی له هه‌مبه‌ر دونیادا پێناسه ده‌کات.”
ئه‌گه‌رچی له ده‌یه‌ی 70دا پێوانه لۆژیکییه‌کانی تاڵێتی ده‌بێت به یه‌کێک له پڕفرۆش‌ترین کتێبه‌کانی، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی خودی سیۆرانه‌وه ئه‌مه شکستێکه. ”پێوانه لۆژیکییه‌کان له لایه‌ن گه‌نجه‌کانه‌وه په‌سه‌ند ده‌کرێت. به‌ڵام ئه‌وانی دی به تایبه‌تی هاوڕێکانم به کتێبێکی بێ نرخ و ڕووکه‌شی ده‌زانن. من خۆم به چاوپۆشییه‌کی زیاتره‌وه چاوی لێ ده‌که‌م، به‌هۆی هۆگرییه‌کی هه‌میشه‌ییم به‌و کتێبانه‌ی که باش نهگووراون.”(نامه بۆ براکه‌ی). سیۆران ده‌بێت 21 ساڵی دیکه ڕاوه‌ستێت تاکوو بتوانێت کتێبێک بنووسێت که به ڕاستی گوورا بێت؛ کتێبێک که تێیدا گه‌یشتووه‌ته کۆتایی ئه‌زموونه‌کانی خۆی و له ئه‌نجامدا ئه‌و زایه‌ڵه و نه‌وایه‌ی که به دوایدا ده‌گه‌ڕا، دۆزیبێته‌وه. سیۆران له‌م به‌رهه‌مه‌دا به چه‌ند فاقێتی و ئازادییه‌ک ده‌گات که به‌ر له هه‌ر شتێک ڕه‌نگه ته‌نها هونه‌ری مۆدێڕن ( و به‌تایبه‌تی ڕۆمان) بۆ دۆزینه‌وه‌ی واقیع که‌ڵکی لێ وه‌رگرتووه. زایه‌ڵه‌یه‌کی شاعیرانه، فه‌لسه‌فی، ڕه‌خنه‌گرانه، سۆزدارانه، حهنهکئامێز و خۆڕسک ئه‌م ئه‌گه‌ره له به‌رده‌می ئه‌ودا ده‌کاته‌وه تاکوو بگات به‌و بزۆزییهی وا هه‌وڵی ده‌دا له هه‌ناوی ده‌ربڕینی بڕگهییانه و پاژییانهی خۆیدا جێگیری کات. ئه‌م فۆرمه بزۆزه، ئه‌گه‌رچی شتێک له لاوازیی له بیرکردنه‌وه‌ی ئایدیال و کامڵی فه‌لسه‌فیی تێدایه به‌ڵام گه‌ره‌نتییه‌که دژ به خواست و تامه‌زرۆیی زاتیی ئه‌ندێشه بۆ داخران و دابهستران له ناوه‌وه‌ی خۆیدا. هه‌ر بۆیه له” پێوانه لۆژیکییه‌کانی تاڵێتی”دا ده‌ڵێت: بیرکردنه‌وه‌یه‌ک که خۆی له هه‌موو پێشداوه‌ری و بڕیاره پێشوه‌خته‌کان ڕزگار و ئازاد ده‌کات، لێک هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، ده‌بێت به ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی په‌رته‌وازه‌یی و دابڕانگهلی”هه‌مان”ئه‌و شتانه‌ی که ده‌یه‌وێت لێی تێبگات. له‌ڕێگه‌ی ئایدیاگه‌لێکی ”بزۆز”، ئێمه به‌سه‌ر واقیعیدا پاڵ ده‌که‌وین؛ پێکه‌وه جووت ده‌بین، ”به‌ڵام” ڕوونی ناکه‌ینه‌وه. به‌م شێوه‌یه باجێکی قورس بۆ ”سیسته‌مێکی”فیکری” که ده‌مانه‌ویست خۆمانی لێ بپارێزین، ده‌ده‌ین.” به‌دواداهاته‌کانی له‌دایکبوون له ساڵی 1973دا بڵاو ده‌بێته‌وه، تا کۆتایی وه‌کوو یه‌کێک له خۆشه‌ویستترین کتێبه‌کانی سیۆران، بۆ خۆی و هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه ”من له‌گه‌ڵ وشه به وشه‌ی ئه‌م کتێبه‌دا هاوڕام، کتێبێک که له هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ک که بتانه‌وێ ده‌توانن بیکه‌نه‌وه و هیچ پێویست به خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانی ناکات”. بهدواداهاتهکان ڕێک ده‌که‌وێته جه‌مسه‌ری دژی “پوخت”ه‌وه. هه‌ر دووک وه‌کوو شاکاره‌کانی سیۆران هه‌ژمار ده‌کرێن. له هه‌ر کامه‌یاندا قۆناغێک له ژیان، بیرکردنه‌وه و شیوازی بوون و بیرکردنه‌وه و داڕشتنی سیۆران کامڵ ده‌بێت. گۆڕانی ڕوانگه‌ی بوونناسانه یان ئۆنتۆلۆژیکی سیۆران له‌و کتێبه‌وه بۆ ئه‌م کتێبه گۆڕانێکی بنه‌مایی و به‌رچاوه. ناگهرێتی و نهرێخوازیی به‌ربڵاو و بنه‌مایی کتێبی پوخته، به بێ ئه‌وه‌ی تاڵێتی و نقورچکگرتنی خۆی له کیس بدات، بووه به جۆرێک له ڕیالیزمی دوودڵ و دڵهڕاوکێهێنهر. وا دێته به‌رچاو ئه‌و ئاگره شه‌یتانییه‌ی که له هه‌مبه‌ر بوون و مرۆڤدا ”نا”ی ده‌وته‌وه، تا ڕاده‌یه‌ک دامرکاوه‌ته‌وه. ئێستا سیۆران ته‌نها ”ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی خۆش ده‌وێت که وه‌کوو گڕکانێک خامۆشن”. (بڕگه‌ی 97). (ئه‌گه‌رچی هێشتا گڕکانبوون مه‌رجی سه‌ره‌کیی بابه‌ته‌که‌یه!). له مه‌ودای نێوان پێوانه‌کان و بهدواداهاتهکاندا سیۆران وازی له بڕگهنووسی هێناوه و چوار کتێب وه‌کوو وتار ده‌نووسێت. یه‌که‌میان وه‌سوه‌سه‌ی بوونه که بڵاوبوونه‌وه‌ی به زمانی ئینگلیزی له ساڵی 1968 به پێشه‌کییه‌ک له لایه‌ن سووزان سانتاگ له ئه‌مه‌ریکاوه بوو به‌هۆی ناوبانگی ئه‌و له دونیای ئینگلیزی زمانه‌کان. ناودارترین وتاره‌کانی بریتین له: ”بیرکردنه‌وه دژی خود” (که له‌وێدا بۆ یه‌که‌مین جار سیۆران بنه‌ما و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی په‌ره پێ ده‌دات)؛ ”ئه‌ودیو ڕۆمان” (که تێیدا فه‌یله‌سووفێک وا شێوازی بیرکردنه‌وه و ده‌ربڕینی له هه‌موو شتێک زیاتر له ڕۆمانی مۆدێڕن نێزیکه له‌باره‌ی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی له ڕۆمان قسه ده‌کات)؛ ”شارستانییه‌تی لهههناسهکهوتوو” ( ڕێک و پێکترین ڕه‌خنه‌ی سیۆران له شارستانییه‌تی ڕۆژئاوایه)؛ ”نه‌ته‌وه‌ی ته‌نیاکان” تێڕامانێک له چاره‌نووسیی نه‌ته‌وه‌ی جووله‌که، و له دواجاردا ”وه‌سوه‌سه‌ی بوون” که بێگومان جوانترین وتاری فه‌لسه‌فیی سیۆرانه و ده‌توانین له هه‌ناویدا له باشترین ده‌ربڕین و ده‌رکه‌وته‌ی گۆڕانکاری به‌سه‌ر ڕوانگه‌ی بوونناسانه‌ی سیۆراندا تێبگه‌ین.
له وتاری ”وه‌سوه‌سه‌ی بوون”دا سیۆران هه‌وڵ ده‌دات وه‌لامی یه‌که‌مین و بنه‌ماییترین پرسیارێک که فه‌لسه‌فه بۆ فه‌یله‌سووف و به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاوتر بیرکردنه‌وه بۆ هه‌ر که‌سێک دیاری ده‌کات بداته‌وه: ”ئایا بوون پاساوهه‌ڵگره؟” وه‌ڵامی سیۆران زۆر ئاڵۆزه، ئه‌و ده‌ڵێت: ” بوون خووگرتنێکه که من قه‌ت له وه‌رگرتنیدا بێهیوا نابم”. ئه‌م جووڵه هزرییه، توخمێکی ئه‌رێنی، ئه‌گه‌رچی له‌رزۆک و خاو و خلیچک له بوونناسیی سه‌رتاپا نه‌رێنیی ئه‌ودا ده‌گونجێنیت و جێگیری ده‌کات. ئه‌م هه‌ڵکردنه نه‌رمونیانه‌ی شه‌ماڵی بوون، تا کۆتایی، له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی ئه‌ودا هاوڕێ و هاونه‌وایه.
له ده‌یه‌ی شه‌ستدا سیۆران سێ کتێب بڵاو ده‌کاته‌وه که ناویان لێ ناوه سێیانه‌ی فه‌لسه‌فیی-مێژوویی (یان گێڕانه‌وه‌کانی دابه‌زین)ی سیۆران (مێژوو و ئۆتۆپیا، 1960؛ داکه‌وتن له کاتدا، 1964؛ و ئافرێنه‌ری خراپ، 1969) ئه‌م سێ کتێبه گرینگ‌ترین هه‌وڵه‌کانی سیۆرانن بۆ تێگه‌یشتنی مرۆڤ له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له سه‌رچاوه و مێژووی خۆی. هه‌ر سێ کتێبه‌که جگه له خوێندنه‌وه‌ی ئوستووره کۆنه‌کانی ئافراندن و به‌دیهاتنی جیهان و مرۆڤ( به‌تایبه‌تی کاره‌کان و ڕۆژه‌کانی هیزیود)” ئه‌م چیرۆکه ئوستووره‌ییه له گێڕانه‌وه‌کانی هێزیوود و هۆمه‌ردا هاتووه” به گشتی خوێندنه‌وه و ڕاڤهیهکن له کتێبه پیرۆزه‌کان.
سیۆران بۆ ته‌واو و کامڵکردنی ئیشه‌که‌ی خۆی گه‌ڕایه‌وه بۆ گنۆسییه‌کان ”Gnostics” و فه‌لسه‌فه عارفانهییهکهیان و له ڕێگه‌ی تێکه‌ڵکاری و وه‌رگرتنی ئه‌م تێڕوانینه‌وه، یه‌کێک له شهقڵنهشکاوترین، (ئه‌گه‌رچی ڕه‌شترین و بهدبینانهترین ڕاڤه‌یه‌ک که تاکوو ئێسته له‌م کتێبانه خراونه‌ته ڕوو،) ڕاڤه‌کان پێشکه‌ش ده‌کات. له خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌ی سیۆران بۆ هه‌لومه‌رجی مرۆیی، گوناهی یه‌که‌م هاوواتای ”ژانی یه‌که‌م”ه و دابه‌زینی مرۆڤ لێکه‌وته‌یه‌کی جگه له نه‌توانین و نه‌بوونی شایسته‌یی مرۆڤ بۆ به‌خته‌وه‌ربوون، نییه. به‌پێی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌کانی سیۆران، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که له کتێبه پیرۆزه‌کاندا هاتووه یان ده‌گێڕدرێته‌وه، خودای چاکه له ئافراندنی جیهاندا ڕۆڵێکی نه‌بووه. جیهان له ڕێگه‌ی ئافرێنه‌رێکی خراپه‌وه داهاتووه و ئافرێندراوه. ”ئێمه له نێوان ده‌سته‌کانی خودایه‌کی چاره‌ڕه‌ش و شه‌ڕانی، خودایه‌کی نه‌فره‌تکراو، فیچقهمان کردووه‌ته ده‌ره‌وه.” ”ئافرێنه‌ری خراپ” ڕیشه‌ی دابه‌زین”داکه‌وتن” له خودی ئێمه‌دایه، له تاکێتی، خودئاگایی و ئاماده‌یی خۆمان که له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری ئهویدیبوون”ئه‌ویتر”دا دژه. ئه‌نجامی دابه‌زین ده‌رد و ژانی دابڕان و جوداییه، له خۆمان و له دونیا. به‌ڵام سیۆران له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕهشبینییهکدا له دواجاردا مل نادات به نائومێدی یان نیهیلیزمێکی ته‌واو و ڕه‌ها. له ئه‌ندێشه‌ی ئه‌ودا دابه‌زینی ڕاسته‌قینه زۆر پێش ئه‌وه‌ی که ئافراندنێک ڕوو بدات که خودای خراپ ده‌ستی پێ کردووه، هاتووه‌ته ئاراوه. چرکه‌ساتێك له‌و چرکه‌ساته ڕازاوی و دووره‌ده‌ستانه! چرکه‌ساتێک که ئێمه له‌و تیشکه‌ی پێش چرکه‌ساته‌کان، که ته‌نانه‌ت ناتوانین ناوێکیشی له‌سه‌ر دابنیین و بێ ئه‌وه‌ی بزانین قه‌ت چییه، ههڵبڕاوین (بڕگه‌کان 218). هۆکاری هه‌بوونی هیوا له هه‌بوونی کزهتیشکێکه که هێشتا له ئێمه‌دایه و له‌وه‌ی-له‌بیرمان نه‌چێت-خودای خراپ له کاری به‌تاڵووکه و سهرسهرییانهی خۆیدا، ئافراندن کامڵ و ته‌واو ناکات-یانی داهاتوویه‌کی کراوه بۆ ئێمه به‌جێ دێڵێت.
له کتێبی “مێژوو و یۆتۆپیا”دا سیۆران هه‌وڵ ده‌دات دووفاقێتی میکانیزمی یۆتۆپیا شی بکاته‌وه. بۆ تێگه‌یشتن له شوێن و شوێنگه‌ی چه‌مکی یۆتۆپیا له مێژوو و دڵی مرۆڤه‌کان، سیۆران به‌رهه‌مه‌کانی نووسه‌رانی یۆتۆپیست(کامپانلا[1]، فووریه[2]، سان سیمۆن[3]، جان مووریس[4] و ئه‌وانیتر) له پاڵ ئاخرزه‌مان[5]ی کتێبی پیرۆزدا ده‌خوێنیته‌وه. بێگومان کۆمه‌ڵگایه‌ک که باوه‌ڕی به جۆرێک له یۆتۆپیا نه‌بێت، کۆمه‌ڵگایه‌کی مردووه (ئه‌و شته‌ی که له تێڕوانینی سیۆراندا له کۆمه‌ڵگا ڕۆژئاواییه‌کاندا ڕووی داوه و ڕوو ده‌دات) ئه‌گه‌رچی ناکرێت له‌مه‌ش گومانمان هه‌بێت که ئایدیالی کۆمه‌ڵگایه‌کی کامڵیش له خه‌ونی بێ جووڵه‌یی، مه‌رگ و کۆتایی هه‌موو شتێک دانابڕێت. به‌دیهاتنی ڕزگاریی دواجاری مرۆڤه‌کان، نه‌ک له ئاسمانه‌کان به‌ڵکوو له سه‌ر زه‌وی دێته ئاراوه؛ کۆتایی دژایه‌تی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، و مرۆڤ و سرووشت، که که‌م تا زۆر ئامانجی غایی و کۆتایی وێنا یۆتۆپیاییهکانن هه‌ر له کامپلانا تاکوو لێنین و ستالین و له هه‌مبه‌ر شاراوه‌ترین، کۆنترین، ناوه‌کیترین و نه‌گونجاوترین خواستی ده‌روونیی مرۆڤه‌کان ده‌وه‌ستێته‌وه که هه‌مان گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌هه‌شتێکه که لێی ده‌رکراوه. له‌و بهرهوهش له‌باتی ئه‌مه دیارییه‌ک دراوه به مرۆڤ که که‌سانی ته‌وقیتکراو و به‌رنامه‌بۆداڕێژراوی کۆمه‌ڵگای یۆتۆپییاییهکان لێی بێبه‌شن. ئه‌م دیارییه، ئازادیی حه‌ز و ئازادیی کرده‌وه‌یه: ”له ئانوساتی ئه‌وه‌ی که مرۆڤ له به‌هه‌شت ده‌رکرا، بۆ ئه‌وه‌ی چی دیکه بیری لێ نه‌کاته‌وه و ئازار نه‌چێژێت، بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ساره توانستی ئه‌مه‌یان دایه که بیه‌وێت، کردارگه‌را بێت، و خۆی به جۆش و خرۆش و تامه‌زرۆیی و دره‌وشانه‌وه له کرداردا نابوود بکات” (مێژوو و یۆتۆپیا). ڕێک هه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی و چؤنێتییهی مرۆڤی داکه‌وتووه که ئه‌ندێشه‌ی یۆتۆپیایی هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی بۆ ده‌دات. وێنای یۆتۆپیا، ئه‌م به‌خته‌وه‌رییه ده‌سکرده گشتییه، له هه‌مبه‌ر وێنه‌کانی ئاخرزه‌مانی و جه‌هه‌نه‌می کتێبی پیرۆز له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا قوت بوویه‌وه. به‌ڵام به‌ره‌به‌ره ئه‌و خاڵی کۆتایه‌ی پێی گه‌یشتن ئه‌مه بوو که پێویست به نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی زاتی کۆمه‌ڵگا و مرۆڤ هه‌یه، له‌باتی ئه‌وه‌ی ببێت به جێگره‌وه‌ی کۆتایی مه‌زه‌ویی و ئوستووره‌یی، له‌گه‌ڵی هاوسان ده‌بێت. ”هه‌نووکه که ئێمه له‌گه‌ڵ تۆقیندا ئاشتمان کردووه‌ته‌وه، شایه‌تی ئالووده‌بوونی یۆتۆپیا به‌هۆی ئاخرزهمانین. ئه‌و وڵاته نوێیه‌ی که به ئێمه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نن هه‌ر چی زیاتر و زۆرتر شێوازی جه‌هه‌نه‌م ده‌گرێته خۆی. به‌ڵام ئێمه له چاوه‌ڕوانی ئه‌م جهههنهمهداین. ئێمه ته‌نانه‌ت به ئه‌رکی خۆمان زانیوه که بۆ هاتنی ئه‌م جه‌هه‌نه‌مه یاریده‌ر بین.” مێژوو و یۆتۆپیا”. بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مکی یۆتۆپیا ده‌بێت له لایه‌ک سرووشتی دووفاق، و له لایه‌کی دیکه ڕۆڵی دووفاقی ئه‌م سرووشته له مێژوودا فام بکرێت. یۆتۆپیا له لایه‌که‌وه به وێنه و ئاره‌زووی به‌هه‌شته‌وه گرێ دراوه و له سه‌رێکی دیکه‌وه به جهههنهمێکهوه که ئه‌نجامی ئیراده‌ی سوڵته‌ی بێسنووره له‌سه‌ر هه‌موو شتێک بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م به‌هه‌شته. ”گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌هه‌شتی کۆن یان هه‌ڵاتن به‌ره‌و {به‌هه‌شت}ی داهاتوو: دوو کاری بۆش و به‌تاڵ. چون یه‌که‌مینیان ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتوو و دووه‌مینیان نه‌پۆڕاو و به‌دینه‌هاتوو.(مێژوو و یۆتۆپیا).
1-Campanella
2– Fourier
3– Saint Simon
4-.John Morris
5-.Apocalypse
مێژووی یۆتۆپیا، مێژووی توندوتیژییه، مێژوو به بێ یۆتۆپیا، مێژوویه‌کی بێمانایه. ”تا کاتێک که مرۆڤه‌کان باوه‌ڕیان به یۆتۆپیا هه‌یه یه‌کدی له‌ناو ده‌به‌ن و کاتێکیش باوه‌ڕیان پێی نییه خۆیان له‌ناو ده‌به‌ن” (میژوو و یۆتۆپیا). به‌هۆی ئه‌و ئایدیایانه‌ی که له‌م کتێبه‌دا خرانه ڕوو ڕه‌خنه‌ی توند ڕووبه‌ڕووی سیۆران کرایه‌وه. بێگومان سه‌رچاوه‌ی زۆرێک له ڕه‌خنه‌کان ئه‌مه‌یه که سیۆران هه‌رگیز نووسه‌ر یان فه‌یله‌سووفێکی مه‌زه‌وی نه‌بووه و له چه‌مک و گێڕانه‌وه مهزهوییهکاندا جگه به‌هۆی قورسایی و به‌های ڕه‌مزییان بۆ تێگه‌یشتن له ڕووداو و به‌سه‌رهاته مرۆییه‌کان، که‌ڵک وه‌رناگرێت. له به‌شانێکی زۆر له کتێبه‌که‌دا دیار نییه که گێڕانه‌وه به‌رباسه‌کان ده‌بێت به بابه‌تانێکی واقیعی و ڕاسته‌قینه‌ی مێژوویی(یان پێش مێژوویی) وه‌رگرین یان کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ره‌مزی که مرۆڤ له زه‌ینی وشیار و ناوشیاری خۆیدا بۆ تێگه‌یشتن له واقیع دروست کردووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش به ڕای من سیۆران قه‌ت ناتوانێت له پانتای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هه‌نگاوێک زیاتر له نیچه که به شێوه‌یه‌کی خه‌ست له ژێر کاریگه‌رییه‌تی، بچێته پێشه‌وه. ئه‌ویش وه‌کوو سارته‌ر و مێرلۆپۆنتی و ڕۆشنبیرانی دیکه‌ی چه‌پی فه‌ره‌نسه که هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌یاننوسی، زانست و تێگه‌یشتنێکی وردی له‌سه‌ر دیموکراسی نییه، و ئه‌م تێنه‌گه‌یشتن و باوه‌ڕنه‌بوونه به دیموکراسی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که سیۆران هه‌رگیز نه‌توانێت له بنبه‌ست و چهپهڕێگهی کۆمه‌ڵگای یۆتۆپیایی و کۆمه‌ڵگای نایۆتۆپیایی-واته توندوتیژی و بێ مانایی-ده‌رباز ببێت و بێته ده‌ره‌وه. دیموکراسی تاقانه سیسته‌مێکی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تییه که تێیدا خۆبزووتنی کۆمه‌ڵگا قبووڵ کراوه و به شێوه‌یه‌کی وشیارانه جێبه‌جێ ده‌کریت. یۆتۆپیا ئیتر کۆمه‌ڵگایه‌کی وێناکراو و ئایدیالی ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێسته و ئاماده نییه که بۆ گه‌یشتن پێی ده‌بێت هه‌موو شتێک خراپ بکرێت و له نوێوه تێی ههڵبچنینهوه و دروستی که‌ینه‌وه، به‌ڵکوو له شێواز و قه‌واره‌ی ئایدیاله گشتی و کاتییه‌کانه که به شێوه‌یه‌کی ئازادانه له لایه‌ن مرۆڤه ئازاده‌کان وێنا کراوه و له لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه ده‌بێت به ئه‌مری واقیع. به ده‌ربڕینێکی دیکه دیموکراسی له هه‌ر کات و ساتێکدا(لۆژیکانه) کامڵ و ناکامڵه، ناشوێنێکه که هه‌میشه لێره‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ناکرێت ئه‌مه ئینکار بکه‌ین که کتێبه‌که‌ی سیۆران له کات و ساتی خۆیدا ڕۆڵێکی گرینگی له ئاشکراکردنی پێکهات و نیزامه تۆتالیته‌ره‌کاندا هه‌بووه. ده‌سه‌ڵاتی ناکۆتا و بێ‌سنوور له‌سه‌ر هه‌موو شتێک بۆ هه‌ڵدانی هه‌واری به‌هه‌شت هه‌مان ئه‌و شته‌یه که بۆ نموونه ساڵانێک دواتر له وڵاتی کامبووج بینیمان.
پێکهات و نیزامی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ک که له پێناسه و کارکردی دروستدا له هه‌مبه‌ر ناشوێنی نووسه‌رانی یۆتۆپیست و خودی ئه‌ودا جێ ده‌گرێت. به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ش که له‌گه‌ڵ ئایدیاکانی سیۆراندا ناکۆکن، دانده‌نێن به‌مه‌دا که شه‌یدای تیژی، سهرزیندووی و مۆسیقا و کێشی سهرگێژهکهری په‌خشان و نه‌سری سیۆران بوونه که به‌پێچه‌وانه‌ی ڕواڵه‌ته‌که‌ی هێشتا ڕاهێنان و مه‌شقێکه له بڕگهبێژیدا.
سیۆران له 1973دا به‌دواداهاته‌کانی له‌دایکبوون بڵاو ده‌کاته‌وه، ئه‌م کتێبه ئه‌وپه‌ڕ و ترۆپکی هێزی ده‌ربڕین و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وه. له 1986دا لۆمهڵێک ڕاهێنان له پێداهه‌ڵگوتندا بڵاو ده‌کاته‌وه که له پڕخوێنه‌رترین کتێبه‌کانێتی. ئه‌م کتێبه وێنه و نه‌خشاندنی چه‌ند نووسه‌ر و بیرمه‌نده که بۆ سیۆران خۆشه‌ویست و ئازیز بوون و گرینگییه‌کی تایبه‌تیان هه‌یه، له‌وانه ژوزێف دو مایسته‌ر،[1] پۆل ڤالیری، میرچیا ئه‌لیاده، سێن ژان پریس، سامیۆل بێکیت و ئیسکات فیتز جراڵد و…ه.
1-.Josef de Maistre
2– E’cante’lement، له بنه‌مادا جۆرێک له‌سێداره‌دانی هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌شکه‌نجه‌یه که به‌پێی ئه‌وه چوار ده‌ست و پێی تاوانبارێک به‌هۆی چوار ئه‌سپه‌وه ده‌کێشن. کتێبی سیۆران له دوو به‌شی وتار و بڕگه‌کان پێک هاتووه. به‌شی بڕگه‌کان پاش مه‌رگی ئه‌و له ژێرناوی گه‌ڵاله‌ی سه‌رگێژه E’bauche de la vertige چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه.
3-.Aveux et Anathemes –
نووسین: به‌همه‌ن خه‌لیقی
وه‌رگێڕان: موحسین عه‌لیڕه‌زایی