مێژووی ھاوچەرخی چین:
لەوکاتەوەی لە ساڵی ١٩٤٩ دا حکومەتی چین دەسەڵاتی گرتەوە دەست بەسەرکردایەتی ماوتسی تۆنگ، ھەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری بنچینەیی لە ڕوی ئابووری نیشتمانییەوە، ئیشی حکومەتیش چڕببویەوە لەسەر دەست بەسەرداگرتنی دامەزراوە سەرمایەییەکان وگۆڕینی بۆ دەزگای دەوڵەتی وھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی موڵکداریەتی زەوی وئەوانەی دەێانەویت کشتوکاڵ برەو پێبدەن، لێرەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە شۆڕشی سۆسیالیستی لەچیند جودایە وەک لە شۆڕشی سۆسیالیستی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاراندا، ئەمەیش بەھۆی تایبەتمەندیی ژیانی کۆمەڵایەتی وئابووری ورامیاری کۆمەڵگای چینییەوە بوو.
سەرۆکی چین شی مین بين لەکاتی سەردانی بۆ وڵاتانی کازاخستان، بەڵێنیدا بە دروستکردنی پشتێنەیەکی ئابووری لەسەر ڕێگای حەریری کۆن، وپاش مانگێک سەرۆکی چین لەکاتی سەردانی بۆ ئەندەنوسیا ئەوەی ئاشکرا کرد كە کارکردن بۆ پرۆژەی رێگای حریری بەردەوامە وپرۆژەكەیش ناوی لێنرا (دەستپێشخەری پشتێنە وڕێگا-مبادرة الحزام والطریق) کەپێشتر ناوی (یەك پشتێن ویەك ڕێگا-حزام واحد وطریق واحد)بوو، کەئەم پرۆژە پێشنیار كراوە گەورەترین و درێژترین پرۆژەیە لەسەدەی ٢١ کە نزیکەی ٦٥ دەوڵەت دەگرێتەوە وڕێڕەوەکەی چین بە ئەوروپاو ئەفریقیا و ئاسیا دەبەستێتەوە بەرێگای خێرا وئاسنینی نوێ.
پرۆژەی پشتێنەوڕێگا بە گەورەترین دەروازەی بازرگانی جیهانی دادەنرێت بەهۆی ئەوەی تاکو ئێستا نزیکەی ٦٥ وڵات لەخۆدەگرێت، کە ئەم وڵاتانە ٦٥٪ کۆی دانیشتوانی سەرزەوی پێکدەهێنن، و هەروەها نزیکەی ٧٥٪ کۆی یەدەگی ووزەی جیهان پێکدەهێنن، ئامانجی ستراتیژییەتی چین بەستنەوەیەتی بە ئەوروپا لە ڕێگای خێرا وسکەی ئاسنین وتۆڕێکی پەیوەندی خێرا، خودی (پشتێنە) بەواتای پشتێنەی ئابووری رێگای ئاورشمی دێت.
دەستپێشخەری پشتێنە وڕێگا شەش دەروازەی ئابووری هەیە:
١- ڕێڕەوێکی ئابووری بۆ بەستنەوەی چین ومەنگۆلیا و ڕوسیا بەیەکترەوە؛ ئەم ڕێڕەوە دوو ڕێگای سەرەکی دەگرێتەوە: یەکێکیان لە هەرێمی پەکین وتیانجین وخبی لە چین بۆ مەنگۆلیا و ڕوسیا، رێگایەکەی تر لە ناوچەی دالیان بۆ چیتا ڕوسیا درێژدەبێتەوە.
٢- پردی وشکانی یۆرۆ- ئاسیای نوێ (پردی وشکانی ئۆراسیا نوێ): بەستنەوەی چینە بە هۆڵەندا وبەلجیکا وبەستنەوەی زەریای هێمن بە زەریای ئەتڵەسی، دروستکردنی سکەی ئاسنین بە درێژی ٨٠٠ .١٠ کێلۆمەتر لە کازاخستان وڕوسیا و بیڵاڕوسیا و پۆڵەندە و ئەڵمانیا کە خزمەت بە زیاتر لە ٣٠ وڵات دەکات.
٣- ڕێڕەوێكی ئابووری چین ونیمچەدوورگەی هیندی- چینی بەیەكەوە دەبەستێتەوە: ئەم ڕێڕەوە دەکەوێتە نێوان چین وهیندستانەوە، لە رێگای دەلتای ڕووباری مرواریی چین وڕیگای خێرای ناچۆنگ وکوانگانی وهێلی شەمەندەفەری خێرای نانینگ-گوانچۆ بۆ هانۆی سەنگاپوورە، ئەم پردە وشکانیە چین و نیمچەدوورگەی هیندی-چینی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها چین بە ڤێتنام ولاوس و کەمبۆدیا وتایلاند ومیانمار ومالیزیا وباشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەبەستێتەوە.
٤- ڕێڕەوێكی ئابووری لە نێوان چین و پاکستان: ئەم ڕێڕەوە درێژیەکەی ٣٠٠٠کم دەبێت، لە شاری کاشجاری چین دەست پێ دەکات لە شاری گواداری پاکستان کۆتایی دێت، کە پشتێنەی ئابووری ڕێگەی ئاوریشمی(ڕێگەی وشکانی) لە باکوورەوە، بە ڕێگای ئاوریشمی دەریایی بۆ سەدەی ٢١ لە باشورەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە لە میانەی تۆڕێکی بازرگانیەوە بە ڕێگای خێرای گشتی وهێڵی ئاسنین وهێڵەكانی بۆری وکێبڵی فایبەر ئۆپتیک.
٥- ڕێڕەوی ئابووری نێوان بەنگلادیش وچین وهیندستان ومیانمار: ئەم ڕێڕەوە لە شاری گۆنیانی چینی دەست پێدەکات تاکو هەرێمی یونان لە چین، بە مەبەستی بەستنەوەی هیند ومیانمار وبەنگلادیش بە ڕێگای وشکانی وڕێڕەوەئاوییەکان وهێڵەئاسمانییەکانەوە.
٦- ڕێڕەوێكی ئابووری لە نێوان چین وئاسیای ناوەڕاست ورۆژئاوای ئاسیا:ئەم ڕێڕەوە چین بە ئاسیای ناوەڕاست ورۆژئاوای ئاسیا دەبەستێتەوە.
ئامانجە ئابوورییەکانی دەستپێشخەریی پشتێنە ورێگا:
دەستپێشخەریی پشتێنە وڕێگا لە بنەڕەتدا ھەوڵدانێکە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە سیاسی وجێۆپۆلەتیکیەکان لە ڕێگەی ئابووریی گۆڕینی ژێرخانەوە، وەلێ لە ڕوانگەی پەكینەوە وا نیشان دەدرێت کە ئامانجی دەستپێشخەرییەکە ئاسانکاریکردنە بۆ فراوانبونی ئابووری و یارمەتیدەرە بۆ کردنەوەی بازارەکانی دەرەوە بە کراوەیی لە بەردەم بازرگانی وەبەرھێنانەکانی چین، وەک ڕۆژنامەی نێۆرک نووسیبووی بەرھەمی زێدەی پیشەسازی چینی یەکێکە لە گرنترین ئەو پاڵنەرانەی لە پشت ئەو دەستپێشخەرییەوەیە، بۆ نموونە چین ١.١ ملیار تۆن ئاسن بەرھەم دێنیت کەئەو بڕە دەکاتە کۆی ئەو ھەموو بڕەی دەوڵەتانی جیھان بەرھەمی دەھێنن بەڵام لەناوخۆی چیندا تەنیا ٨٠٠ ملیۆن بەکار دەبات، ژووری بازرگانیی ئەوروپی ڕوونی کردوەتەوە کەئەو بڕەی ئەو دەستپێشخەریە دەیگرێتەخۆ تەنیا ٣٠ملیۆن تۆنە لە بەرھەمینانی زێدە، واتە ئامانجی ڕاگەیەنراوی چین لە دەستپێشخەری پشتێنە وڕێگا باشکردنی پەیوەندی بازرگانییە لەنێوان ئاسیا وئەوروپا وئەفریقیا بە دامەزراندنی بەندەر وھێلی ئاسن وفڕۆکەخانە وکۆمەڵگەی پیشەسازی لەو دەوڵەتانەی دەکەونە چوارچێوەی تۆڕی ئەو گەیاندنەی پێشنیار کراوە، کەبە سەدان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەو پرۆژەیە ئەوروپیەکانی دابەش کردوە وئەمریکیەکانیش بەرھەڵستی دەکەن، ئەوانەی گومان لەوپرۆژەیە دەکەن ھۆشیاری دەدەن لە بارەی مەترسییەکانی قەرزداربوونی زۆرەوە کە لەو پرۆژەیە دەکەوێتەوە، لەگەڵ کێشەی بێلایەنی سیاسی ئەو دەوڵەتانەی قەرزی چینی وەردەگرن بۆ ئەوەی لەو پرۆژەیە خەرجی بکەن، یەکێتی پیشەسازییەکانی ئەڵمانی داوای لەچین کرد دەست بەرداری ھەندێک شت ببێت، لە دەستپێشخەریەکەیدا بەرێوەبەری ئەو یەکێتیە “یواخیم لانگ” بە ئاژانسی ھەواڵی ئەلمانیای راگەیاند : ئەگەر پێویست بێت واتێبگەین ڕێگەی ئاوریشمی نوێ دەستکەوتێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوا پێویستە بەشێوەیەکی نەرم و کراوە دیزاین بکرێت بۆ ھەمووان، ھاوکات گوتیشی چین بەئاشکرا ئەو دەستپێشخەرییە دەقۆزێتەوە نەک بەتەنیا بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بەڵکو دەیبەستێتەوە بەئامانجی سیاسی وجێۆستراتیژیەوە، ئەو بەرپرسە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە چین ھەوڵدەدات خۆی وەکو ھێزێکی ئابووری وبازرگانیی جیھانی بچەسپێت، لە ڕوانگەی پیشەسازی ئەلمانیاوە پێویستە ڕێگەی ئاوریشم رێگایەکی یەک ئاراستە نەبێت.
ئامانجە سیاسی و جێۆپۆلەتیکەکانی پشتێنە وڕێگا:
یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانی دەستپێشخەری پشتێنە وڕێگا گۆڕینی سیستەمی جیھانیە کە چینیەکان وەکو ڕوسەکان پێان وایە سیستەمی تاکجەمسەری سیستەمێکی نادادپەروەرانەیە وھەژمونی تاکلایەنەی ڕۆژئاوا بەتایبەتیش ئەمریکایە بەسەر ھەموو جیھاندا، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێن کە دەستپێشخەری پشتێنە وڕێگا تەنیا دەربڕینێکە بۆ سیستەمی نوێی جیھانی داھاتوو کە بەشێنەیی لەو پەشۆکاوییە گەورەیە دەردەچێت کەلە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمەوە لە ئارادابووە، لەرووی جێۆپۆلەتیکیشەوە ئەو دەستپێشخەرییە نوێنەرایەتیکردنی دوو لایەنەیە بۆ تێۆری “دڵی زەوی” زانای بواری ستراتیژ “ماکیندەر” چونكە بەستنەوەی ئاسیا وئەوروپا دەرھاوێشتەی جێۆپۆلەتیکی وجێۆ ئابووری لێ دەکەوێتەوە، لەڕوانگەی چینەوە.
دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا سێ ئامانجی ھەیە:
یەكەم: ھەناردەکردنە دەرەوەی سەرماییەی زیادە.
دووەم: سوود وەرگرتن لەمەعریفەی ژێرخان.
سێیەم: کەلە ھەمووان گرنگترە بەھێزکردنی ڕۆڵێ چین وکاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
سەرەنجام:
١. دەستپێشخەری پشتێنە وڕێگا کە سەرۆکی چین (شی چین بین)سالى (٢٠١٣) لە داغستان ڕاگەیاند، ھەرچەندە خۆی ئامرازێکە بۆ ھێنانەدی یەکێتی ئۆراسیا وجیھانگەرایی چینی، وەلێ ھاوکات دەرھاوێشتەی ئەو گۆڕانکارییە ئابووری وسیاسی وستراتیژییانەیە کەلە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا لەچین ڕوویاندا وتا ئێستایش بەردەوامن، ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ھەموو جیھان بە گشتی وئۆراسیا بە تایبەتی بەرێوەیە.
٢. زۆربەی دەوڵەتانی ئۆراسیا جگە لە ھەندێک دەوڵەت نەبێت کەھاوسێی چینن ومێژوێکی خوێناویان ھەیە لەگەڵیدا پێشوازی لەو دەست پێشخەرییەی چین دەکەن، لەلایەک بە ھۆی ئەوەی چین مێژوویەکی داگیرکاری لەو ناوچەدا نییە، لەلایەکی ترەوە دەیانەوێت لەڕێگەی چینەوە سیاسەتی ھێزێ سێیەم پیادە بکەن وچین وەکو ھێزێک لەنێوان ڕوسیا ورۆژئاوادا بەکاربێنن بۆ ڕزگاربوون لەھەژموونی ئەو دوو لایەنە.
٣. ئەم ڕاستیەی سەرەوەی دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەراستیش راستە ودەگونجێت ئەوانیش بەھۆی بووژانەوە وبەھێزبوونەوەی ڕوسیا بۆ ئەوەی خۆیان لەدوبارە گەڕانەوەی ئەزمونێکی ھاوشێوەی سۆڤیەت بپارێزن، زۆرینەیان پێشوازی لە دەستپێشخەری پشتێنە وڕێگا دەکەن، ودەستی وەبەرھێنانەکانی چین گەیشتۆتە ژمارەیەکی زۆر لەو دەوڵەتانە وەک وەبەرھێنان لە بەندەری تورکمانباشی لە تورکمانستان ووەبەرھێنان لە داغستان وتاجیکستان و ئۆزبەکستان .
٤. ئەوروپا تائیستا جۆرێک لە دڵەڕاوکێی ھەیە بەرامبەر دەستپێشخەری پشتێنە ورێگا، بۆیە ھەوڵدەدات بەمەرجی تایبەتی خۆیەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات بۆ ئەوەی لەکۆتاییدا نەکەوێتە ژێر ھەژمونی چینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا قوڵایی ستراتیژیی زۆر لە دەوڵەتە گەورەکانی ئەوروپا وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا دەگەرێتەوە بۆ ئۆراسیا.
سەرچاوەکان:
١. د.کامەران مەنتک، توێژینەوەیەک لە دیبلۆماسییەت وستراتیژییەتی چین لەدەستپێشخەری پشتێنە و رێگا.
٢. ئادیتیا ماتۆ، چین و سیستەمی بازرگانی جیھانی، وەرگێڕانی : بابان ئەنوەر
٣. دكتۆر وەجیهـ احمد عبدلکەریم، ماوتسی تۆنگ، وەڕگێرانی: گەرمیان محمد احمد