ئێرلەندا وا دەناسرێت کە نەتەوەیەکە بە هەموو خەسڵەتەکانەوە (خاک – زمان – ئاین – ڕەگەز – مێژووی هاوبەش)واتە بە هەموو پێوەرەکان نەتەوەیەکی سەربەخۆیە. کەواتە ئەگەر ئێمە سەیری خۆمان بکەین بە بنەرەتی لوژیک و زانست دەبینین کە کوردستان بە هەموو پێوەرەکان (خاک – زمان – ئاین – ڕەگەز – مێژووی هاوبەش)، نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و جیاوازن لەوانی تر.
ئەمە وەک دەستپێکێک بوو بۆ ئەوەی تێبگەین ئەو دوو نەتەوەیە چۆن لە سەدان خاڵدا هاوبەش و هاوخەباتن، بە شێوەیەکی تێروتەسەل باسیان دەکەین:
١. ئێرلەندا بەهۆی ئەوەی فشارێکی یەکجار زۆری لەسەربووە لە هەموو بوارەکان تەواو ماندوو بوون لە ئاستی نەتەوەیی، تەنانەت لە دۆخی نەتەوەیی خۆشییان بێ ئاگا مابوون. کوردستان بەهەمان شێوە بەهۆی ئەو فشارە گەورەی لە هەموو ئاستەکان کە تێیپەڕاندووە چی لە ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوور، چی لە ئاستی رۆحی و دەروونی کە داگیرکەران بەرهەمیان دەهێنا، تەواو ماندو و شەکەت بوون و لە دۆخی نەتەوەیی بەرەو نامۆبوون ڕۆیشت بوو.
٢. ئیرلەندا هەمیشە ڕووبەڕووی کاری دڕندانەی داگیرکەران بۆتەوە، یەکەمجار لە سەدەی دوانزدە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی (ئەنگلۆ نورماندۆوە) داگیرکراوە، بەڵام لە کوردستان داگیرکردن و ڕووخاندن و لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتی (ساسانی) بەهۆی لەتبوونی ئیمپراتوریەکە و تاڵانکردنی لەلایەن عەرەبەکانەوە کە ئەمە سەرەتای داگیرکردنی کوردستانە بووە.
ئێرلەندا لە سەردەمی بنەماڵەی تیودور لە کاتی حوکمڕانی ئێلیزابێس و خانەوادەی ستیوارت لە ئینگلتەرا، ڕژێمی داگیرکەر بە تەواوەتی دەستی بەسەر هەموو جومگەکاندا گرت، بە ئاگر و ئاسن حوکمی دەکرد، دەستدرێژیکردن لە خەڵک زۆر لە هەڵکشان بوو، بۆ نمونە لە سەردەمی ئیلیزابیس لە ناوچەی ئولستەر لە ئێرلەندا نزیکەی بیست تا سی هەزار ئیکوسی لەم ناوچەیە نیشتەجێ کران وخرانە شوێن هاووڵاتیە دەرکراوەکانی ئیرلەندا. لە كوردستانیش گەلی کورد بوو بە یەکێک لە قوربانیانی ئەو کوشتارگە جیهانییەی کە ( ئیمپریالیزم )بۆ دابەشکردنی جیهان ئەنجامیدا، هاوکات کوردستان و خاکەکانی دەورووبەری کە کورد تێیدا دەژیا، بوون بە گۆڕەپانی شەڕی سەربازی، لەلایەن سوپاکانی ڕووسیا و تورکیا و ئینگلتەرا” لە هەڵمەتی پلان بۆ دانراوی عوسمانییەکانیش، بە نزیکی (٧٠٠.٠٠٠) کورد لە ماڵەکانیان ڕاگوێزران بۆ ئەنادۆڵی رۆژئاوا، بۆ ئەوەی کە لە وێدا ببنە تورک و تێکەڵ بن ئەمەش وەک بەشێک لە زنجیرەیەکی درێژی جینوساید و ڕاگواستنی نەتەوەیی کوردە. لە گوڤاری “وەقت” لە ساڵی ١٩٢٥ باسێک هەیە کە ئەڵێن (لە هەر جێگایەک سەرەنێزی تورکان دیاربێ، مەسەلەی کورد نامێنی)، ئەمەش زادەی مینتالیەتی تورکی بوو لە ئاستی سیاسی و نەتەوەیی. بە گوێرەی دوو بەڵگەنامەی گرنگی کوردی لە سالانی ١٩٢٨ و ١٩٣٠ بڵاوکرانەوە، ئەم دوو بەڵگەنامەیە باسیی ئەوەدەكەن کە لە زستانی (١٩٢٦-١٩٢٧) دووسەد گوند کە زیاتر لە سێزدە هەزار کەسیان تێدا دەژیا، وێران کران و زیاتر لە ١٥ هەزار کەس کوژران و نیو میلیۆن کەسیش راگوێزران و لەم ژمارەیە نزیکەی ٢٠٠،٠٠ هەزار کەسیان لەناوچوون
ئەمانەی سەرەوە نیشاندەری گەورەیی کارەساتی کوردستانە و هاوتای ئیرلەندا، بەڵام ئێستا بەدرێژی دەگەرێینەوە سەر باسی ئێرلەندا کە بەهۆی سەپاندنی سیستەمی داگیرکاری لەلایەن ئینگلیزەوە دۆخیان هاوتای کوردستان کە لە سەردەمی عوسمانی بەرەو کارەسات ڕۆیشت.
“ئەم سیستەمە لە ساڵی ١٦٤١پیادەکرا، بووە مایەی لەیەک گیربوون و بەگژداچوونی ئیرلەندی و ئینگلیزەکان کە چەندین کاری دڕندانە و ناڕەوای لێکەوتەوە، لە کوشتن وبڕین. ئەم یاخیبوون و بەگژداچوونەوە بەردەوام دەبێ تا ئەوکاتەی “کرومول” لە ساڵی ١٦٤٩ بە دەستێکی بێ بەزەییانە لە ئیرلەندا دەدات، لە ئەنجامی ئەم کارە توندوتیژانە لە سەردەستی چەتەکان لە ماوەی یازدە ساڵدا (٦١٦٠٠٠) کەس کوژران و بێ سەرو شوێن بوون، لە کۆی دانیشتوانەكەی كە خۆیان (١٤٦٦٠٠٠ ) كەس بوون، بۆ مەبەستی درێژکردنەوەی ئەم کوشتارگەیە لە ئیرلەندا دادگایەکی تایبەتی بە ناوی (دادگای کوشتارگەکان) دامەزرا، کە بەهۆیەوە سی تا چل هەزار کەس لە ئیرلەنداوە بەرەو ئەمریکا ڕایانکرد، ئینگلیزەکان هەر لەو ماوەیەدا شەست هەزار ژنی ئیرلەندیان بە جامایکا فروشت” ئەگەر بۆ کوردستان بگەرێینەوە هەر لە ١٩٢٥ تا ١٩٣٠ لە شۆڕشی ئاراراتەوە بۆ دەرسیم دوای سەرهەڵدانی کوردان، بارودۆخ گۆڕا، شکەست بە سەرهەڵدانەکان ئەهێنرا و دواتر ئەبینین لێپرسراوان لە ئەرزەرووم و شوێنەکانی دیکەش بە توندی کەوتبوونە گرتنی ئەو کەسانەی گومانی پشتیوانی كوردیان لێدەکرا. گەلێ لەوان بەدارەوە هەڵواسران وهێزەکانی تورک ئەو ١٥٠٠ کوردەشیان گولەبارانکرد کە بە دیلیان گرتبوون. تا دواتر لە عەمەلیاتی ( پاککردنەوە)ی دەورووبەری ئەرجێش ودەشتی زیلان ٣٠٠٠ ژن و پیاو ومنداڵی بێ چەکیان کوشتبوو، بە هەر جێگایەک دەڕۆیشتن گوندەکانیان وێراندەکرد” .
لێرەوە هاوبەشی ئەبینین لە مێژووی پڕ لە کارەساتی هەردوو نەتەوەی کورد و ئێرلەندی، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێستا بزانین داگیرکەران تەنانەت لە ئامرازەکانی بەکارهاتوو لە دژی هەردوو نەتەوە هاوبەشن.
ئامرازەکانی حوکمڕانی ئینگلیز لە ئیرلەندا چین؟
١. سیستەمی سیاسی (سیستەمی سیاسی سەپێندراو بەسەر ئێرلەندا نیشانەی دەستڕۆیشتویی ئینگلیزەکان بوو. یاسای بوینینگ ساڵێ ١٤٩٥ دەسەڵاتی یاسادانی ئینگلیزی گەیاندە ئێرلەندا و بەو هۆیەوە پەرلەمانی ئێرلەندا خرایە ژێر سایەیی کۆشکی پادشایەتی ئینگلیزەوە).
٢. کەلیسای ئینگلیزەکان (ئەم کەلیسایە ئامرازی دووەمی دەسەڵاتەکانی ئینگلیز بوو، کەلیسایەکی بێ ئیمان بوو، بەهۆیەوە دەستی بەسەر جومگەکانی ژیانی ئێرلەندیەکاندا گرتبوو).
٣. موڵکدارەکان (فاکتەر و ئامرازی سێیەمی دەسەڵاتی ئینگلیز لە ئێرلەندا موڵکدارەکان بوون، ئەوان لە هەردوو ئامرازەکانی دیکەی دەسەڵاتداری ئینگلیز بەهێزتر و کاریگەرتربوون، چونکە زەویە کشتوکاڵیەکان هەمووی موڵکی ئینگلیزەکان بوون یا موڵکی تایبەتی دەستبەسەردا گیرابوون).
لە باسی هۆکاری نوشوستی کورد و ئامرازەکانی شکتپێهێنانیان لەلایەن داگیركەرانەوە، توێژەران ومێژوونوسێكی وەك ساڵح قەفتان ئاوا هۆكار وئامرازەكان دەخاتە ڕوو:
١- کینە ،ئاین و مەزهەب (بەپێی دەستووری ئاین لەسەر سیاسەت ڕۆیشتن و پێشخستنی قسەی مەلاكان بەسەر بەرژەوەندیدا، كە ئەوان کە لە سیاسەت بێ خەبەر بوون).
٢- لە تەک دەسەڵاتداری خۆیەتییدا پەیمان و یەکیەتی بەستن نابێ فەراموش بکرێت، با ئەو دەسەڵاتە دراوسێش بێت.
٣- ڕکابەری و ناهەمواری كاربەدەستەكان لەناو یەكتردا.
ئەمەش پێمان دەڵێت لە کۆمەڵگای کوردیش هەمان فاکتەری موڵکدار و دەرەبەگ بەکارهێندراون تا کورد پارچە پارچە و بندەست بێت و دژی یەک بێت، لە ئاستی تر ئاین بۆ ئاراستەکردنی کوردان لە چەندین کاتی مێژوویی بەکارهێندراوە.
هەموو ئەوانەی سەرەوە پێمان دەڵێن هەردوو نەتەوەی ئێرلەندی و کورد، هاوبەش و هاوکارەساتن، کوردان ئەتوانن سوود لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی ئیرلەندا وەربگرن کە توانییان لە دۆخی بێ ئاگایی نەتەوەیی بێنە دەرەوە و داگیرکەر لە وڵات ببەنە دەرەوە و دەوڵەت و سەروەری بۆ خۆیان سازبکەن.
لەڕوی جوگرافییەوە ئێرلەندا دوورگەیەکە دەکەوێتە باکووری ئەوروپا. دوو وڵاتی تێدایە، کۆماری ئێرلەندا کە زۆرینەی کاسۆلیکی تێدایە و ئێرلەندای باکوور کە زۆرینەی پرۆتستانتی تێدایە کە بەشێکە لە شانشینی یەکگرتوو. مرۆڤ بۆ یەکەمجار نزیکەی ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئێرلەندا نیشتەجێ بووە؛ مێژووی ئێرلەندا چیرۆکی هەیە، بەشدارییەکی قووڵی لە کەلتوور و خەڵکی ئێرلەندا کردووە.
بە نیسبەت كوردستانەوە، ئینفلۆپێدیای ئیسلامی ئەڵێ ” وشەی کوردستان بۆ ئەو جێگایانە ئیجادکراوە کە کوردی تیایدا ژیاوە و دەژی” کوردستان لە ئێستادا دابەشکراوە بۆ چوار پارچە و داگیرکراوە، بەڵام شارستانی کوردی مێژووەکەی بۆ زیاترلە ٦ بۆ ٨ هەزار ساڵ دەگەڕیتەوە. کە سۆمەرییەکان سەرەتا تا دامەزراندی میدیا و دواتر…
زۆرجار مێژووی ئێرلەندا سێبەری شەڕ و ململانێی لەسەر بووە – لە ڕکابەری نێوان خێڵەکانی شانشینە سەرەتاییەکانی سێلتیکەوە تا دەگاتە خەباتی درێژخایەن بۆ سەربەخۆیی لە بەریتانیا و دواتر کێشەکانی ئێرلەندای باکوور، بەڵام مێژووی ئێرلەندا زۆر شتی تر لەخۆدەگرێت. نەریتە زارەکییە درۆیدییەکانی بەو مانایە بووە کە ئێرلەندا کۆمەڵێک فۆلکلۆری بێ ڕکابەری هەیە کە جێگەی ئیرەیی جیهانە – پاڵەوانە ئەفسانەییەکانی وەک کوچولاین و فیۆن ماک کامهایل وەبیر دەهێنێتەوە.
ئەمین زەکی بەگ لە مێژووەکەیدا تیرە قەومەکانی (گۆتی، لۆلۆ، کاسی سۆباری) داناوە بە (پۆلی یەکەمینی مەنزومەی زاگرۆسی)، هەر یەک لەمانەش بەردەوام شەر و جەنگ و ململانێیان هەبووە لە نێوانیاندا. پەیوەندی خێزانی و خێڵەکی ناوچەیی و ئاینییەکان لە کوردستاندا ڕێگای زاڵن، کە تاکەکان خۆیانی پێ دەناسن و لەسەر ئەو بنەمایەش هاوکاری گرووپەکان دەکەن” کوردستان لە تێكشکانی میدیا تا روخانی ئیمپراتوریەتی ساسانی و دابەشکردنی یەکجاری کوردستان لە سەدەیی بیستەم، چەندین گۆڕانی زۆری بەخۆیەوە بینیوەوە لە ئاستی کەلتووری و نەتەوەییەوە.
بێگومان مێژووی درێژ و ئاڵۆزی ئێرلەندا بە قووڵی کولتوورەکەی لە قاڵب داوە. ئایینی کاسۆلیکی ئایینی زۆرینەیە، هەرچەندە کەمینەی پرۆتستانت هەیە بەهۆی کاریگەریی ئینگلیزەکانەوە. لە ڕاستیدا کاریگەری ئینگلیزی وایکردووە کە ئینگلیزی زۆرترین زمانی قسەکردن بێت، کەمینەیەکیش هێشتا توانیویانە بە زمانی ڕەسەنی “سێلتیکی گەیلیک” قسە بکەن. خەبات بۆ سەربەخۆیی و ناسنامەی نەتەوەیی، تەوەری ڕۆمان و گۆرانییەکانی ئێرلەنداشی لە قاڵب داوە. بۆ نموونە مۆسیقای نەریتی ئێرلەندی لە ساڵانی ڕابردوودا سەرهەڵدانەوەی بەخۆیەوە بینیوە لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ سەروەری وسەربەخۆیی، ئاڵای ئێرلەندا کە سێ ڕەنگی سەوز و سپی و پرتەقاڵییە، هێمای هەمەجۆریی دوورگەکە بوو: سەوز هێمای گەلی کاسۆلیکییە، پرتەقاڵی هێمای گەلی پرۆتستانت و سپی هێمای هیوایە بۆ ئێرلەندایەکی یەکگرتوو.
تاکی کورد، بە درێژایی مێژووی دەیان هەزار ساڵەی خۆی، بە چەندان قوناغی جۆراوجۆردا تێ پەڕێوە، هەر یەک لەو قۆناغانە لەسەر ئاستی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەری خۆی لەسەر تاکی کورد بەجێ هێشتووە. بە تێپەڕینی هەموو سەردەمەکان، نەریت و کەلتوور و شارستانییەتی کوردی، ڕەنگڕێژ بووە، کورد یەکێکە لە میللەتە هەرەکۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کورد لە مافە نەتەوەییەکانی خۆی بێبەشە و لە تێكوشان دایە. ڕەگەکانی ڕەوشی ئاینی لە کوردستانی سەردەمی ئێستە دەگەرێنەوە بۆ ئەو پەرستن و باوەڕە ئاینیانەی بە ماوەیەکی زۆر پێش دروستبوونی میللەتی کورد لە ناوچەکە لە ئارادابوون. ئەم رەوشە ئاینییە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی دوورودرێژی ئێتنۆکەلتووری و ئێتنۆگنێزدا سەری هەڵداوە. هاتنی ئاینی ئیسلام بۆ کوردستان بەهۆی غەزا و هێڕشی مۆوسلمانانەوە بوو.
هەردوو نەتەوەی کورد و ئیرلەندی خاڵی هاوبەشی کەلتووری و ڕەسەنیی تایبەت لەخۆدەگرن. ئەوەی ئەم دوو نەتەوەیە لە نەتەوەکانی تر جیادەکاتەوە، کورد هێشتە لە قوناغی تێكوشان و خەبات دایە کە وەک مرۆڤ ونەتەوەی خاوەن ماف دانی پێدا بنرێتت و ببێت بە نەتەوەی خاوەن دەوڵەتی خۆی. گەلی ئیرلەندایش بە چەندین قوناغی هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لە ڕێگەی سوپای رێكخراو و بە دیسپلین ڕۆیشتووە تا گەیشتن بە لێدان لە دوژمن بە هێزی چریکی و پارتیزانی، بردنی جەنگ بوو ناو مالی داگیرکەرەكانی، بەوانە لە کوتایدا ئیرلەندەکان سەرکەوتوبوون لەوەی سەروەری و دەوڵەت و نەتەوە بۆ خۆیان ساز بکەن.
یەک جیاوازی گەورە هەیە کە لە مێژووی ئیرلەند و تێکوشانی ئەم نەتەوەیە شکومەندە، ئەتوانێتن ببێت بە خاڵی یەکلاکەرەوە بوو کورد، ئەم خاڵە ناسین و ناساندنی داگیرکەر وەک خۆی، وەک داگیرکەر و ترسێنەر بە ئەقڵی تاک بە تاکی هەموو ئەندامانی نەتەوە، ئەبێت تاک بزانێت کە خاك و وڵاتەكەی داگیرکراوە، وە بزانێت كە داگیرکەرەكەی كێیە؟ چۆن داگیرکراوە؟ تا بتوانێت خۆی بناسێت و دوژمن بناسێت، وە پێداویستیەکانی ڕزگاربوون دابین بکات.
سەرچاوەکان
١. مێژووی بزوتنەوە نەتەوەییەکان لە ئەوروپا، نورالدین حاطوم، وەرگێرانی- خالید هەرکی، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٨.
٢. مێژووی بنەچەی کورد، عەبدوڵلا دارتاش، ٢٠١٧.
٣. گرانیی گەورە لە کوردستان، محەمەد جەمال توتمەیی- بەختیار محەمەد ئەمین، ٢٠٢٢.
٤. نەتەوەیک بەبێ دەوڵەت کوردەکان لە سەرهەڵدانی ئیسلامەوە بۆ کازیوەی ناسیۆنالیزم، مایکڵ ئیپێل، وەرگێرانی – بادینان محەمەد، چاپخانەی تاران، ٢٠٢٠.
٥. مێژووی هاوچەرجی کورد، دیڤید مەکداوال، وەرگێرانی ئەبوبەکر خۆشناو، ناوەندی ئاوێڕ بۆ چاپ و بلاوکردنەوە، ٢٠١٩.
٦. مێژووی نەتەوەی کورد، ساڵح فەفتان، چاپخانەی چوارچرا، جاپی سێیەم ٢٠٢١
٧. خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان، محەمەد ئەمین زەکی، شوێنی چاپ تاران. ٢٠٢١.
٨. مێژووی نەتەوەی کورد، ساڵح فەفتان، چاپخانەی چوارچرا، جاپی سێیەم ٢٠٢١.
٩. نەتەوەیک بەبێ دەوڵەت کوردەکان لە سەرهەڵدانی ئیسلامەوە بۆ کازیوەی ناسیۆنالیزم، مایکڵ ئیپێل، وەرگێرانی – بادینان محەمەد، چاپخانەی تاران، ٢٠٢٠.
١٠. پرسی کورد لە دیدگەی لۆبۆنەوە، عبدالرزاق مهدی عبدالرزاق، ٢٠٢٣.
١١. ڕەوشی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستاندا، ڕەشاد میران، چاپخانەی رۆژهەڵات، چاپی سێێەم، ٢٠١٧.
١٢. https://study.com/academy/lesson/history-ireland-overview-founding-culture.html#quiz-course-links
١٣. https://www.thehistorypress.co.uk/irish-history/