“پێشەکی”
ژان فرانسوا لیوتار، فەیلەسوف و بیرمەندی هاوچەرخی فەرەنسی، لە ناوەندی فەلسەفەی فەرەنسی و ئەوروپا ناوێکی گەورەیە، بە گشتی ناوی ئەم زانایە بە فەلسەفەی پۆست مۆدێرنە لکاوە، هەروەها ناوی لیوتار ناوی نەوەکانی ساڵانی ١٩٦٠- ١٩٧٠ بیردەخاتەوە “ئالتوسێر، دولۆز، دێریدا، فۆکۆ، بۆدریار، شاتلێ” کە گۆڕەپانی فەلسەفەی فەرهنسییان بە تێکست و نووسینە فەلسەفییە جیاواز و ناوازەکان تەنیبوو. لیوتار لە توێژینەوە سەرەتاییەکانیدا بە بایەخدان بە تیۆری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و کولتووری دەستیپێکردووە، وردەوردەش کاری لەسەر نووسینە فەلسەفییەکانی بیرتیژە گەورەکانی رۆژئاوا کردووە وەک “کانت، مارکس، هوسرهڵ، هایدیگەر” ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییەش بەشدارییەکی کاراشی لە ڕووداوەکانی ئایاری ١٩٦٨، پاریس دا کردووە، هەر لەم کاتەشدا خۆی لە شۆڕشگێرە مارکسییە فەرەنسییەکان بە دوور گرتووە و ماوەیەکیش بەر لەم ڕووداوانە لە گرووپەکانی ترۆسکییەکان نزیک بووەتەوە و ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ بوونیادنان و کردنەوەی دەرگای ڕەخنەکان لە بیری ڕەها و دۆگما.( حەمە،٢٠٢١،ل ٣٣٧ ).
بەشدارییە کارا و سەرەکییەکانی لە فەلسەفەدا خۆی دەبینێتەوە لە ڕەخنەی مۆدێرنێتە و تێکستەکانی لەسەر دارمانی هزر و ئایدیۆلۆژیا مەزنەکان، کە بە گێرانەوەی چیرۆکە مەزنەکان ناوی بردوون، هەروەها لە هەمان کاتیشدا ڕەخنەی لە ڕۆشەنگەری گرتووە یەکێک بووە لە کەسانەی، کە هەڵشاخاوە بە شاکارەکانی ڕۆشەنگەریدا، بوارەکانی مۆدێرنە بەشیکاری و شرۆڤە بە پێشنیارە نوێیەکانی قەڵس کردووە.( خۆرانی، ٢٠١٧ ).
“ژان فرانسوا لیوتار و پۆست مۆدێرنێتە”
لیوتار وەک فەیلەسوفێکی پۆست بوونیادگەرا، گەڵاڵە کاریگەر و باڵاکەی پۆست مۆدێرنیزم، باشترین ناوبانگی لە کایە و بواری پۆست مۆدێرنەدا پێبەخشی، هەر ئەو گەڵاڵەیەش بوو کە هێنایە پێشەوە بە بڕوا سەرنجڕاکێشەکانی، توانی بەشێکی بەرفراوانی نووسەران توێژەرانی بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بهێنێتە ناو بازنەیەکەوە، کە خودی خۆی پێشەوایەتی و سەرکردایەتی هەموویانی دەکرد. (کۆمەڵە نووسەرێک، ٢٠١٦، ل ١٦-١٧ ). هەرچەندە لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە شێوەیەکی سادە باسی ژیان و کارەکانی ئەم فەیلەسوفە کراوە، کە فەیلەسوفی بە ناوبانگی ناو بوارەکانی جوانناسی و ڕامیاری و فەلسەفەیە، ئەزمونێکی باڵای هەیە لە ڕەوت و ڕێبازەکان، بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت کارەکانی ئەم بیرتیژە بەسەر سێ جۆر کاری سەرەکیدا دابەش بکەین؛ تێکستە سەرەتاییەکان بریتین لە تێکستەکان دەربارەی (دیاردەناسی، ڕامیاری، ڕەخنە لە بوونیادگەرایی، فەلسەفەی ئارەزووی شێلگیر، کاری دواتریشی فەلسەفەی چێژو ئارەزووی شێلگیربوو، پاشان کاری لەسەر پۆست مۆدێرنیزم و جیاوازیی کرد، هەرچەند زۆرترینی کارەکانیشی هاوتای ڕوانگەیەکی جێگیرە، کە لە واقیعدا پێکدێن لە ڕووداوگەلێکی دەگمەنە. کە ناتواندرێت لە ڕووی تیۆری ئەقڵانییەوە فرە بەوردی نومایان بکرێن، کە ئەمەش لە لای لیوتار مانایەکی سیاسی قوڵی هەیە. (هێنری، وود وارد ، ٢٠١٦، ل ١٦-١٧ )
“دادپەروەری لە دۆخی پۆستمۆدێرن”
لە ماوەی دەیەی حەوتەمی سەدەی ڕابردوودا، ژان فرانسوا لیوتار ڕووی لە چەمکەکانی دادپەروەری کرد، کە دەتوانرێت لە نێوان سیستەمی جیاوازی چڕیدا جیا بکرێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا دان بەو گۆڕانکارییانەدا دەنێین کە لەم سەردەمەدا ڕوویداوە کە تێیدا دەژین. ئەو، پێگەی پۆستمۆدێرنیزم بە پێناسەکردنی پۆستمۆدێرنیزم بە “گومان بەرامبەر بە گێڕانەوەی گەورەی دەسەڵاتدار” دەستپێدەکات، ئەمەش جێگەی خۆیەتی بەو پێیەی باسێکە لە زانین لە جیهانی هاوچەرخدا. بەم مەبەستە لیوتار مەبەستی ئەوەیە کە چەمکەکانی مۆدێڕنیتە سەبارەت بە پەروەردە وەک ڕزگاربوون و گەشەسەندنێکی خاو و هێواشی مرۆڤ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشدا کە لە کۆتاییدا هەموو جۆرەکانی زانین تێیدا یەکگرتوون، داڕماون. (موسوعة ستانفورد للفلسفة،٢٠١٩، ١٠ ) لیوتار دەڵێت؛ “من دەستەواژەی مۆدێرنیستی بەکاردەهێنم بۆ جیاکردنەوەی هەر زانستێک کە بە پشتبەستن بە گوتارێکی دەسەڵاتدار خۆی شەرعیەت بدات. بە ڕاشکاوی پەنا بۆ ئەم یان ئەو گێڕانەوەی گەورەیە دەبات، وەک دیالێکتیکی ڕۆح، یان هێرمێنۆتیکی مانا، یان ڕزگارکردنی خودی ئەقڵانی و کارکەر، یان خوڵقاندنی سامان، من پۆستمۆدێرنیزم وەک گومان بەرامبەر بە گێڕانەوەی دۆخی پۆستمۆدێرن” (موسوعة ستانفورد للفلسفة،١٠،٢٠١٩).
“پاشخانی فیکری”
ژینگەی کولتووری لیوتار، لیوتار لەگەڵ ڕووداوە گرنگ و سەرەکییەکانی فەلسەفەی فەرەنسی و مێژووی جیهاندا یەک دەگرێتەوە، بەگشتی نووسینەکانی ئەم فەیلەسوفە ڕووبەڕووی ئەو مارکسیەنە دەبنەوە کە زاڵە بەسەر چوارچێوەی ئەکادیمی و ڕامیاری فەرەنسیدا، لە گەڵ بە شێکی زۆری ژیانی پیشەی خۆیدا و لەگەڵ، ئیگزیستانسیالیستەکانی فینۆمینۆلۆژی، ستراکتورالیستەکان و دواجاریش پۆست ستراکتورالیستەکانیشدا ململانێی دەکرد، هەرچەندە بەرهەمەکانی بەزۆری لە پۆلی دووەمدا پۆلێن دەکرێن. (موسوعة ستانفورد للفلسفة). یەکەم بەرهەمی کتێبی لیوتار بە ناونیشانی “فینۆمینۆلۆژی” بوو لە ساڵی ١٩٥٤، لە بیرکردنەوە سەرەتاییەکانیدا، گرنگی و کاریگەری ئەم بزووتنەوەیەی نیشاندا. دیاردەناسی هوسرهل، وەکو ئەوەی ژان پۆل سارتەر (1905-1980) و مۆریس مێرلۆ پۆنتی (1908-1961) فۆرمولەیان کردبوو، بەسەر سەردەمی بزووتنەوە بوونگەراییەکاندا زاڵ بوو، کارەکانی لیوتار هەوڵیدا پێگەیەک بۆ دیاردەناسی بدۆزێتەوە لە ژێر ڕۆشنایی مارکسیزمدا کە بەسەر چەپدا زاڵ بوو، بە تایبەتی زانستە مرۆییەکان وەک “کۆمەڵناسی، مێژوو و زمانەوانی”. (موسوعة ستانفورد للفلسفة،٥-٦ ) ئەویش وەک سارتەر هەوڵیدا کەمنەکردنەوەی بوونگەرایی بە ئەزموونی سوبژێکتیڤ لەگەڵ شیکاری مارکسیستیدا ئاشت بکاتەوە. کە لە ئەنجامدا کتێبی (ڕەخنە لە ئەقڵی دیالکتیکی) (١٩٦٠)، لیوتار پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئایا ڕێگەیەکی گونجاو هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو دیاردەناسییەی کە لە فەلسەفەی فەرەنسیدا باڵادەستە، بە پابەندبوونێکی چەپگەرایی بە شیکاری مارکسیستییەوە؟ لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەرکی دیاردەناسی بریتییە لە قسەکردن لەسەر ئەزموونەکان کە لەوە زیاتر دەڕۆن کە لە زمانەوە دیارە. بە شوێنکەوتنی شوێنپێی دامەزرێنەرەکەی ئێدمۆند هوسرهل (١٨٥٩-١٩٣٨) لە وتنی ئەوەی کە فینۆمینۆلۆژی دەتوانێت ئیدیعاکانی خۆیان سەبارەت بە گەڕان بەدوای جەوهەری ئەو بابەتانەی کە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، بۆ زانستەکان دابین بکات؛ مانای مێژوو بۆ زانستە مێژووییەکان چییە؟ کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵناس چییە، لیوتار پێی وابوو ئەم جۆرە پرسیارانە بە خودی ئەم زانستانە ناتوانن وەڵام بدرێنەوە. (موسوعة ستانفورد للفلسفة،٢٠١٩، ٥-٦-٧)
ژان فرانسوا لیوتارد بە پێچەوانەی سارتەرەوە هەوڵی نەداوە دیالێکتیکی ئازادیی بوونگەرایی لەگەڵ ئەو پێویستییەی کە لە یاسا بابەتییەکاندا هەیە کە زانستە جۆراوجۆرەکان دۆزراونەتەوە، تێکەڵ بکات. بەڵکو بەدوای “رێگای سێیەم”ی بیرکردنەوە لە مێژوودا دەگەڕا، کە بەو ئەنجامە دەگات کە فینۆمینۆلۆژیا لە کۆتاییدا ناتوانێت باس لە بزووتنەوەی مێژوو بکات کە لە مارکسیزمدا دەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەو پێکهاتەگەراییەش ڕەتدەکاتەوە کە لەو قۆناغەدا سەرهەڵدەدات؛ کە مرۆڤ لە پێگەی چالاکانەی لە مێژوودا زەوت دەکرد (دیدەناسی، ١٣١). سەبارەت بە پێکهاتەگەرایی، وەک چۆن لە پانزە ساڵی داهاتوودا خۆی لە بەرهەمەکانی لاکان، کلۆد لیڤی-شتراوس (١٩٠٨-٢٠٠٩) و ئەوانی دیکەدا دەخاتە ڕوو؛ مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەم/کاریگەری ئەو پێکهاتە بڵاوبوونەوە/فراوانگەرایانەیە کە تێیدا بەرهەم دەهێنرێت. بەڵام ئەوەی لە کارەکانی دواتردا گرنگە، ئارگومێنتەکەی لیوتار کە فینۆمینۆلۆژیا یەک کلیل بۆ گەڕان بەدوای مێژوودا دابین ناکات، واتە یەک مانا کە لە ڕێگەیەوە مێژوو دەبێت وەڵاممان بداتەوە یان ئاگادارمان بکاتەوە، بەڵام بۆ ئەو، مێژوو لە بەرامبەردا هەڵگری“ هەندێک مانا” (دیدەناسی، ١٣١، جەختکردنەوەکانی) بەڵام لە کۆتاییدا لیوتار فینۆمینۆلۆژیای بە کاردانەوە زانی، نەیتوانی وەڵامی ئەو ئامرازانە بداتەوە کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی بەرهەمهێنان بەهۆیانەوە دۆخی هۆشیار بەرهەم دەهێنن، واتە چۆن سوبژێکتیڤ لە ئامانجەکەدا زەمینەسازی کراوە.
بەم شێوەیە کارەکانی لیوتار لە ماوەی دەیەی داهاتوودا لەسەر جیاکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئەم پەیوەندییە بەرهەمهێنانانە چڕ دەبێتەوە؛ بەتایبەت لە دۆخی جەزائیردا. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، لیوتار دژی سادەکردنەوەی مارکسیزم بووەوە کە جیاوازییە کولتوورییەکان وەک کاریگەرییەکی لاوەکیی هێزە ئابوورییەکانی هەموو شوێنێک ڕەتدەکردەوە. ڕووداوەکانی مانگی ئایاری ١٩٦٨ – و سەردەمی ڕۆشنبیری زیندوو لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا-کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر کارەکانی لیۆتارد دەبێت، چونکە پێی وابوو مارکسیزم لە بەرامبەر هاوپەیمانی خوێندکاران و کرێکارانی بۆرژوازی بۆ ڕزگاری، شکستی هێناوە و لایەنگری حزبی شیوعی فەرەنسا بەرامبەر بە حکومەتی چارڵز دیگۆل، بەشداریکردن لە کۆتاییهێنان بەو ڕووداوانەی کە زۆرێک لە چەپەکانیان فەزیحە کرد. لیوتار پێی وابوو مارکسیزم نەیتوانیوە حساب بۆ ئەو خواستە بکات کە لە پلەی یەکەمدا ئەم خوێندکارانەی بۆ سەر شەقامەکان ڕاکێشاوە. لە کاتێکدا پێکهاتەگەرایی، لای خۆیەوە، وەک لیوتار جەختی لەسەر دەکاتەوە؛ زۆر زیرەکانە، بە بەراورد بەو ئاماژانە هەستیار و ڕەمزیانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر پێکهاتەیەکی ئەنارشیزمی مانگی ئایاری ١٩٦٨ بوون، خۆپیشاندەران بە بیانووی ئەوەی کە پێکهاتەکان مرۆڤ ناهێننە سەر شەقامەکان، دژایەتی ئاغا ستراکتورالیستەکانیان دەکرد. ژان فرانسوا لیوتار جەختی لەسەر ڕەهەندە وێنەیی و جوانکارییەکانی بوونی مرۆڤ کردەوە-لە بەرامبەر ئەوەی کە پێی وابوو پابەندبوونێکی ستراکتورالیستییە بە گوتاری فیکری، دژی گوتاری ئارەزوومەندانە، سەروو زمانەوانی و ئەزموونی هەستیاری. ئەوەی دەبێتە هۆی نووسینی نامەیەک، فیگەر (١٩٧١). ئەمەش وای لێکرد کە لەگەڵ جەختکردنەوە پێکهاتەیی و پۆست-ستراکتورالیستەکان لەسەر زمان ناکۆک بێت و لە کاتێکدا حەفتاکان بە بێهیوایی ٦٨ی ئایار دەستیپێکرد بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی، لیۆتارد وەک ئەوانی دیکە، دەستیکرد بە گرنگیدان بە جوانیناسی و پەیوەندییە هەستیارەکان بەپێی ئەوان پۆتانسێلی شۆڕشگێڕانە. (موسوعة ستانفورد للفلسفة،٢٠١٩،-٦-٧)
ئەمەش وای لێکرد کە تووندترین ئیدانەکردنی مارکسیزم لە کتێبی (ئابووری لیبیدینال) (١٩٧٣)دا. لەگەڵ پێشکەوتنی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو و گواستنەوەی فەرەنسا لە حکومەتێکی تەکنۆکراتیکەوە بۆ حکومەتێکی دیکە، لیوتار دەستی کرد بە داڕشتنی ڕەخنەکانی خۆی لە زانستی تەکنۆکرات، سرووشتی بچووککەرەوەی بوونەکەی بەو پێیەی ڕەنگدانەوەی زۆرەملێی پۆست ستراکچەرالیستی جیاوازیشە. وەک دواتر لە بەرهەمەکانی وەک هەڵوێستی پۆستمۆدێرن (١٩٧٩)، قوماری دادپەروەری (١٩٧٩) و مشتومڕ (١٩٨٣)دا ئاماژەی پێکرد، ئەوەی گرنگە- لە لەدەستدانی گێڕانەوە گەورەکانی مۆدێرنیتەدا- کێبڕکێکانی نێوان یارییە زمانییە جیاوازەکانن، کە کەمکردنەوەیان نییە ڕێگاکان لە ڕێگەیەوە ئەوانەی لە پاشخانی جیاوازەوە کارلێک دەکەن کە دەستیان بە هیچ سیستەمێکی گشتگیر ناگات کە بتوانن گفتوگۆ بکەن سەبارەت بەوەی چی دادپەروەرانە، ڕاستە و هتد. ئەم گرنگیدانە بە یارییە زمانییەکان، کە لە کارەکانی دواتری لودڤیگ ویتگنشتاین (١٨٨٩-١٩٥١) وەرگیراوە، بەڵام لە ژێر کاریگەری کەسایەتییەکانی وەک ساول کریپکە (١٩٤٠-)، بووە هۆی ئەوەی بەرەو ئەو وەرچەرخانە زمانەوانییە بگات کە پێشتر وەک ئایدیالیزمی زمانەوانی سەیری دەکرد. لێرەوە نووسینەکانی ژان فرانسوا لیوتار هەمیشە زەحمەتە، چونکە ئەستەمە گێڕانەوەیەکی گەورە یان وشەی نهێنی پێکبهێنرێت کە هەموویان بە یەک دیدگا، یان سیستەمێکی بەرژەوەندییەوە ببەستێتەوە. هەرچەندە ئەو وەک کوڕێکی ڕاستەقینەی سەردەمی خۆی دەمێنێتەوە-هەمیشە وەڵامی قوتابخانە باڵادەستەکانی بیری فەرەنسی دەداتەوە و پێشدەکەوێت کە ئەزموونی کردووە-کارەکانی بەردەوامن لە قسەکردن لەگەڵ ئەوانەی سەرقاڵی ئەو بوارانەن، هەروەها بزووتنەوە نوێیەکانی ناو ڕیالیزمی کیشوەری، جوانیناسی و پۆست مرۆڤایەتی. (موسوعة ستانفورد للفلسفة، ٦،٢٠١٩-٧ ).
“سنووری نوێنەرایەتی”
دادپەروەرانە دەتوانین بڵێین بەرهەمەکانی ژان فرانسوا لیوتار لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەو کاتەدا کەمتر کاریگەرییان هەبووە لە چاو، بۆ نموونە نووسینەکانی میشێل فۆکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤) یان جاک دێریدا (١٩٣٠-٢٠٠٤)، بەڵام وەک… جولیا کریستیڤا (1941–)، ئەو وتارە ناسراوەکانی پێشکەش کرد، بە کتێبی شۆڕشی زمانی شیعری (1974) کۆتایی هات، کە جیاوازی نێوان نیشانەگەرایی (پاڵنەری ئارەزوومەندانەی چالاکیی جەستەیی) و ڕەمزی (یاساکانی ڕێکخستنی زمان و بیرکاری مۆدێلی ئایدیاڵی خۆی) کە پێکەوە زمان دەکاتە مەمکین، لیۆتارد حەزی لەوە بوو کە چی لە گوتار ڕزگاری دەبێت بەڵام هێشتا پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە بوون، بە تەواوی. لە کتێبی (گوتار، فۆرم) (١٩٧١)دا، لیۆتارد جیاوازی لە نێوان گوتاردا کردووە؛ واتە دەقی نووسراو بە بەکارهێنانی سیمیۆتیک و ستراکتورالیزم و لە نێوان فۆرمدا، واتە بینراودا، پشکنینی بۆ دەکرێت. کە لە ڕێگەی فینۆمینۆلۆژیای مێرلۆ-پۆنتیەوە باسی کرد. کارەکانی لیوتار فیشەکێکی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ پێکهاتەگەرایی، جا لە خوێندنەوەی لاکان بۆ سیگمۆند فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩) یان لە پێکهاتەگەرایی مارکسیستی لویس ئاڵتۆسێر (١٩١٨-١٩٩٠)دا دۆزرایەوە. لیۆتارد لە چاوپێکەوتنێکی دواتردا دەریخست؛ “من دژی ئەم شێوازە بیرکردنەوە بووم” و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کتێبەکە “لەو کاتەدا پشتگوێ خرا، چونکە بە ئاشکرا دژایەتی پێکهاتەگەرایی دەکرد” (بەرەنگاربوونەوەی گوتارێکی شارەزایی، ١٩١). لای لیوتار، جەختکردنەوەی پێکهاتەگەرایی لەسەر دەقی نووسراو نوێنەرایەتی بەردەوامی نەریتی ڕۆژئاوایی دەکرد کە جەختکردنەوە لەسەر فیکری بەرامبەر بە هەستکردن بوو.
بۆ ئەو، بینراو هێزی تێکدەرە، کەم ناکرێتەوە بۆ هەر یەک مانا یان نوێنەرایەتییەکی زمانەوانی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ژان فرانسوا لیوتار ستایشی چاو و شێوازەکانی بینینی فۆرمەکان دەکات -یان سێبەری مانا وەک خۆی باسی دەکات-کە ناتوانرێت لە یەک مانا یان نوێنەرایەتییەکی زمانەوانیدا کورت بکرێتەوە. فۆرم ئەوەیە کە زمان نەتوانێت بگۆڕێت بۆ مانای پاک، یان ئەوەی کریستیڤا پێی دەڵێ ڕەمزی و هەر ئەمەشە کە گۆڕانکاری لە ناو زماندا دەکاتە مەمکین، وەک لە شیعر و ئەدەبدا بینیمان. بەڵام گوتار و فۆرم لە ململانێدا نین بەڵکو پێکەوە پەیوەستن چونکە دەقەکان هەمیشە فۆرم (مێتافۆر و ئەوەی بەگشتی شیعرییە) لەخۆدەگرن، لەکاتێکدا میدیای بینراو بەبێ گوێڕایەڵی فۆرماتێک کە مرۆڤ بتوانێت تێڕوانینی خۆی بۆ جیهان ڕێکبخات، دەبێتە ئاژاوەگێڕ. بەم شێوەیە هەستیاری و هەستیاری وەک زمان داڕێژراو نین، وەک لاکان دەیگوت. نووسینەکانی لیۆتارد بانگەشە بۆ پێکهاتەی ڕووداوە وێنەییەکان دەکەن کە واتاسازیی پێشگریمانەکراو تێکدەدات. (موسوعة ستانفورد للفلسفة،٢٠١٩، ٨)
سهرچاوهكان؛
کتێبە کوردییەکان
- حەمە، ئازاد، ٢٠٢١، چیەتی فەلسەفە یان چی بەفەلسەفە ناودەبرێت( توێژینەوە لەسەر سروشتی پرسیاری فەلسەفەیی، بیرکردنەوەی فەلسەفیی و کرداری فەلسەفاندن ، دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، سلیمانی.
- هێنری، چارلس. وود وارد،ئەشلێ. ، ٢٠١٦، ئاشنابوون بە لیوتار(ژان فرانسوا، لیوتار پاسەوانی فەلسەفە و بانگخوازی پۆستمۆدێرنە، و/ ماجد خلیل، چاپخانەی دلێر سلێمانی.
سەرچاوە ئەلیکترۆنیە عەرەبییەکان
- موسوعة ستانفورد للفلسفة، ٢٠١٩، جان فرانسو ليوتار، ت/ امین حمزاوی، حکمە.
file:///C:/Users/R-TEC/Downloads/جان-فرانسو-ليوتار.pdf
Last visit: 14-1-2024/ 1:00AM
سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان
- خۆرانی، ژیڤان، ٢٠١٧، لیوتار فەیلەسووفی پۆست مۆدێرنە، ،ماڵپەری وشە.
https://wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=25571&Jor=5