“چۆنێتی سەرهەڵدانی سینەما”
ئێستاکێ لەچوارچێوەی تواناکانی ئەو مۆبایلەی کە هەڵیدەگرین کامێرای ڤیدیۆ بەدەستی هەموو کەسێکەوە هەیە، بۆ مرۆڤ گەلەک سەخت بووە کە ئەندێشەی ئەوە بکات کە چۆن داهێنانی سینەما شتێکی ناوازە و سەرسوڕهێنەر بوو بۆ جیهان و چۆن ئەو شتانەی کە لەنێو سینەمادا هەبوون و هاوکات نمایش کردنیش دۆخێکی جادوویی و کەمەندکێش دروست دەکات، بەکردەنی سینەما لەمیانەی ئامێری “وێنەگرتن” و “پرۆژێکتۆر”ی سینەماییەوە دەستیپێکرد، لێ وەکو هەر داهێنانێکی دی سەرەتا بە خەون و خەیاڵ و بیرۆکەوە دەستیپێکرد، ڕەنگە سەرەتاکانی وێنەی سینەمایی بگەڕێتەوە بۆ ئەو وێنە کێشراوە یەک لەدوای یەکانەی کە لەسەر دیواری سەردەمی فیرعەونەکاندا دەکێشران، وەکو ئەوەی دەبینین وێنەی سەر ئەو دیوارانە لە کۆمەڵێک ” گرتە وێنە “ی فیلمی سینەمایی پەیوەست بەیەکەوە دەچێت، هاوکات ڕەنگە هەوڵە سەرەتاییەکانی زانای عەرەبی “حسن بن الهيثم “(۹٦٥ – ۱۰٤۰) و تێبینییەکانی کە بوونە هۆی داهێنانی “کامێرای فۆتۆگرافی” کە وێنەی جێگیر(وەستاو)ی دەگرت، ئەمەش شۆڕشێک بوو لە جیهاندا لەم کایەدا و مەگەر تەنها ئەو کامێرا سینەماییەی کە وێنەی جوڵاو دەگرێت لە گرنگی شۆڕشی ئەو کامێرایە تێبگات.
“ابن الهيثم” تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بە گواستنەوەی وێنەی ئەو درەختە سەرەوبنەی کە لەڕێگای ڕووناکی کونی کامێراکەوە دەچێتە ژوورەوە بە وردی داڕشت و یاساکانی ڕووناکی ئەم حاڵەتەی ڕوون کردووەتەوە، ناوبراو ئەم دۆزینەوەیەی لە کتێبی (المناظرة)دا تۆمار کردووە، کاتێک ئەم کتێبە بۆ سەر زمانی لاتینی وەرگێڕدرا، بۆ یەکەمجار وشەی ” کامێرا ” لە زمانی لاتینیدا پەیدا بوو، ئەمەش لە ئەنجامی وەرگێڕانی وشەی “قمرة” بۆ “کامێرا” لە لە زمانی عەرەبییەوە بۆ لاتینی. لە ساڵی (۱۸٥۰)دا زانای ئەڵمانی (فریدریک سکۆت – Frederick Scott)، بیرۆکەی دەرکەوتنی ” وێنە لەسەر “شوشە”ی داهێنا کە پێی دەگوترا (کۆلۆدیۆن – Collodion). “قمرة)” یاخود “کامێرای فۆتۆگرافی” لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لەلایەن زۆرێک لە زانایانەوە پەرەی پێدرا و لەنێویاندا زانای فەرەنسی “ئەندریێ ئەدۆڵڤ” کە ڕێگای (CDV کە کورتکراوەی (Carte de viste)یە داهێنا کە پێویستە فیلمەکە لەسەر کارتێکی بچوک بێت و بە بچوکی و بە ڕیز وێنەکانی لەسەر بن، لێ ئەوەی کە شوێنی گومان نییە ئەوەیە کە لە قۆناغێکی دیاریکراوی سەردەمی هاوچەرخدا و لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا و بەدیاریکراوی لە ساڵی (۱۹۲۰)دا خەونی بەدیهێنانی “وێنەی جوڵاو” یان “سینەماتۆگرافی” یاخود ئەوەی کە دواتر بە کورتی پێی گووترا “سینەما” بەدیهات، وێنەی سینەمایی لە تاقیکارییەکی زۆر سەرەتاییەوە کە دکتۆرێکی بەریتانی کە بە “پاریس ” بانگ دەکرا پێی هەستا دەستیپێکرد، ناوبراو وێنەی باڵندەیەکی لەسەر ئەمدی و ئەودیوی مقەبایەکی بچوکی خڕ کێشا و هەردو سەری مقەباکەی بە داوێک بەستەوە و کاتێک ئەم داوەی بەخێرایی سوڕاند بینی وەکو ئەوەی باڵندەکە بجوڵێتەوە، ئەمە تاقیکارییەکی زۆر سەرەتایی سینەما بوو لێ ئەم بیرۆکەیە دواتر گەشەی کرد و بوو بەو کایەیەی کە پێی دەگووترێت “سینەما” کە کۆڵەکەی هونەرەکانی دیکەی هەژاند لە سەدەی بیستدا.
دواتر ڕووداو و داهێنان و شاکار و بیرۆکەکان بەردەوام بوون، لەگەڵ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی ئامێری وێنەگرتن وردە وردە شێوەی وەرگرت و، لەنێوان زانا جیاوازەکانی وڵاتاندا کێبڕکێیەکی چڕ پەیدا بوو ئەویش لەمەڕ شێوەی ئامێری وێنەگرتن، زانای فەرەنسی (ئیمیل ڕینارد) لە نێوان ساڵانی (۱۸۷۷ – ۱۸۸۰)دا شێوەیەکی زۆر سەرەتایی ئامێری وێنەگرتنی خستەڕوو، بەڵام بەبەراورد بە شێوەکانی دی زۆر پێشکەوتووتر بوو، ناوبراو وێنەی چەند ئەسپێکی بە شێوەیەکی بازنەیی لەسەر تەوەرێکی جوڵاو دانا و کاتێک ئەم تەوەرە دەسوڕێتەوه ئەوا وەکو ئەوەی ئەسپەکەکان بجوڵێنەوه و غار بدەن دەبینیت، بەڵام لە ڕاستیدا یەکەمین هەوڵی جددی لەلایەن “ئەدیسۆن”ەوە درا کە ناوبراو پێشوتر ئامێری (فۆنۆگراف) ی داهێنابوو کە لە ڕێگای ئەم ئامێرەوە “دەنگ ” (تەلەفون)ی دروست کرد، ناوبراو هەر لەسەر هەمان ڕەوت بیری لە دەستکاری کردنی وێنە کردەوە ئەویش لە ڕێگای ئامێرێکەوه بەناوی “کنتۆگراف” کە یەکەمین ئامێری سینەمایی بو لە ساڵی (۱۸۹۰ – ۱۸۹۱) کە وێنەیەکی سەرەتایی سینەمایە بەبێ (پڕۆژێکتۆر) .
“یەکەمین نمایشی فەرمی”
“برایانی لۆمێر” سوودیان لەم داهێنانە وەرگرت و پەرەیان پێدا و زۆر شتیان بۆ زیاد کرد، ئەو ئامێرە سەرهکییەیان داهێنا کە “تۆماس ئەدیسۆن ” بیری لێ نەکردبووەوە، ئەو ئامێرەش “پڕۆژێکتۆر ” بوو، کە بووەهۆی لەدایکبوونی سینەما، یەکەمین نمایشی فەرمی لە (۱۲ – ۱۲ – ۱۸۹٥) لە هۆڵی هیندی لە “گراند کافێ” لە پاریس ئەنجام درا، فیلمەکە هاوڕێ لەگەڵ ئاوازی “پیلانۆ” و لە بەردەم بینەرانێکی سنوورداردا نمایشکرا کە ماوەکەی (۲۰) خولەک بوو، ئەم داهێنراوە بەس بوو بۆ ئەوەی کە شۆڕشێک لە تەکنەلۆژیای وێنەدا بەرپا بکات و ئەم بەروارە بکاتە بەرواری فەرمی دەستپێکی سینەما لە جیهاندا، لێ سەربارەت بەو فیلمانەی کە ئەو ڕۆژگارە نمایش دەکران تێکەڵەیەکی جیاواز بوون لە بەڵگەنامەیی و خێزانی، لەم قۆناغەدا کامێرا جێگیر(وەستاو) بوو، ئەوەی کە دەجوڵا شتەکانی بەردەم کامێرا، سەرەتای سەراسیمە بونی بینەر دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین وێنە کە وێنەی شەمەندەفەرێکە و بەرەو وێستگە دەڕوات و بەڵام ڕووەو بینەر دەهات، ئەمەش بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ هاوار لەنێو بینەراندا، دواتر بینەران بە چەپڵەیەکی جۆش و خۆش و سەرسامکەرانەی بێ هاوتا ئەم پێشوازییان لەم داهێنانە کرد، بەم شێوەیە سینەما (بەنزیکەیی) بە تەواوترین شێوەی خۆی دەرکەوتنی بۆ مرۆڤایەتی ڕاگەیاند، وەک داهێنانێکی پەرجوو ئاسا دەهاتە پێشچاو و جیهانی سەرسام کرد.
بۆیەکەمجار وێنەی مرۆڤ و شتە جۆراوجۆرەکان لە حاڵەتی جوڵەدا خرانەڕوو، لەم قۆناغەدا چۆنێتی و کوالێتی ماددەی وێنەی پێشکەش کراو بۆ بینەر گرنگ نەبوو، بۆ بینەر هەر هێندە بەس بوو ببینێت ئەم ئامێرە ئەفسوناوییە ژیان لە حاڵەتی جوڵەدا دەخاتەڕوو، لە سەرەتادا ئامانجی فیلم گەیشتن بوو بە جوڵە، جوڵەی ئەو شت و تەنە جوڵاوانەی کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا دەجوڵێنەوە، پاشان توانستی دروست کردنی ئامێرێک بۆ نمایش کردنی ئەو شتانەی کە وێنەیان گێراوە لەبەردەم بینەردا، ئەم نمایشە سەرکەوتنێکی بێوێنەی بەدەست هێنا، سەرکەوتنێک تەریب بو بە سەرسامی و هەژەندە، دواتر سینەما وردە وردە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەردەوام بو، لە ساڵی (۱۸۹٦) بەدواوە سینەما بۆ مەبەستی بازرگانی بەکارهێنرا، لە فەرەنسا لە شاری (لیۆن) خەڵکی پارەی نەقدیان بۆ بینینی فیلمەکان دەدا واتە چیدی بینینی فیلم بەخۆرایی نەبوو، لە مانگی (۲)ی ساڵی (۱۸۹٦)دا داهێنانی سینەما گوازرایەوە بۆ “لەندەن” و هەر لە هەمان ساڵیشدا گوازرایەوە بۆ “نیۆڕک”، هەر بۆ ئەم وڵاتانە نا بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەی دونیاش لەوانە “میسر” ئەم داهینانە گوازرایەوە، هاوکات لەتەک ئەم گواستنەوەیەشدا دروستکردن و فرۆشتنی ئامێری کامێرا و پڕۆژێکتۆر بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر پەرەی سەند، سەرەتای وێنەی جوڵاو سەرەتایەکی سنووردار بوو بەڵام بەس بۆ تێرکردنی ڕەزامەندی داهێنەران و تەماشاکەران. ئەکتەرانی یەکەم(هی ئەم قۆناغە) تەنها ئەوەی لێ داواکرا بوو کە بابەتێکی جوڵەیی واقیعی پێشکەش بکات و هیچی تر واتە پتر لەمەی لێ داوا نەکراوە، ئەکتەرەکەش کامێراکەی بەرامبەر خۆی جێگیر دەکرد و دەستی دەکرد بە جوڵە هەتا ماددەی خاوەکەی ناو بەکرەی فیلمەکە تەواو دەبوو، شریتی فیلمەکە پارچەیەکی درێژی بچوکی دیاریکراو بو لە سندوقی ئامێری فیلمەکەوە دەهاتە دەرەوە، بەڵام وردە وردە ئەم داهێنانە قەشەنگی و هێزی سەرسامی لەدەست دا بەهۆی ئەوەی کە بۆ بینەران دەرکەوت ئەو وێنە جوڵاوانەی کە پێشکەش دەکران هیچ پەیام و مانا و ئامانجێکییان نەبوو، ئەمەش بووە هۆی بێزاریی و وەڕزی بینەران و پاڵنەرێک بوو بۆ جێهێشتنی هۆڵی سینەما، هەر لەسەرەتاوە هەندێک کەس پەنایان بردەبەر نمایش کردنی یارییە جادووییە تەڕدەستییەکان لەسەر پەردەی سینەما بەمەبەستی ئاشتکردنەوەی بینەر بە هۆڵی سینەما، بەڵام فیلمسازان هەر زوو بۆیان دەرکەوت کە پیشاندانی ئەم یارییە جادووییانە لەسەر پەردەی سینەما بە بەراورد بە دیتنی ئەم یارییەنە لە واقیعدا بینەر سەرسام ناکات، پاشان هەندێک پێیان وابوو کە ڕەنگە شریتی سینەمایی(فیلم ستریپ) ئامڕازێک بێت بۆ ساز کردنی نمایشە شانۆییەکان، چونکە نمایشی شانۆیی لێوڕێژە بە درامای سەرکەوتوو و هاوکات بوونی ئەکتەری بەناوبانگ، بەخێرایی ئەوە پشتڕاست کرایەوە کە چێژی بینینی نمایشە شانۆییەکان لە سەر سەحنە زیاترە لە بینینی نمایشە شانۆییەکان لەسەر پەردەی سینەما.
بەڵام وردە وردە بۆ هەندێک دەرکەوت کە ئەم ئامێرە هەڵگری ئامڕازگەلێکی نوێ و جیاوازی گوزارشت کردنە و ئەم چێوە جێگیرە خێرایی و ئازادی سنووردار دەکات و ڕەگەزەکانی شاراوە و دەرکەوتن و هەروەها تەوزیفکردنی سنووری چێوە و شێوازکانی گواستنەوەی وێنە لە توانایدا هەیە جادوو دروست بکات کە تەنها و تەنها بەم ئامێرە سەیروسەمەرەیە بەدیدێت، هەروەها بوونی ئەکتەر لەسەر پەردەی سینەما دەتوانێت سەرکەوتن و کەریگەریەکی گەورە دروست بکات، بەڵام نەوەک بە وێنەگرتنی ئەکتەرەکە کە لەسەر سەحنەی شانۆ نمایش دەکات، بەڵکو هەڵبژاردنی گۆشەی گونجاو و عەدەسەی ڕاست و دروست و قەبارەی ئەو گرتەیەی کە کاریگەری “ویستراو” بەدیدەهێنێت، هەندێکیش درکیان بەوە کرد کە هونەرەکانی دراما و گێڕانەوە دەتوانن پاڵپشتییەکی گەورەی سینەما بکەن، ئەویش لەمیانەی گەڕان بەدوای بابەتگەلێکی گونجاو بۆ سینەما، دەبوو نووسەران ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بابەتەکانیان لەگەڵ ئەم ئامڕازە نوێیەدا بگونجێنن و هاوکات ئەوەش بزانن کە سینەما تایبەتمەندی خۆی هەیە وەکو میدیایەکی نوێی گوزارشت کردن کە تەواو جیاوازە لەڕووی توانست و توخم و ڕەگەز و ئامڕازەکانییەوە بە بەراورد بە چیرۆک و ڕۆمان و تەنانەت بە نمایشی شانۆییش. سینەما گەشتی خۆی بۆ بوون بە هونەر لەو ساتانەدا دەستپێکرد و ژمارەیەک لە سینەماکاری بلیمەت لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان(بەبێ هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختە) بیرییان لەوە کردەوە کە چۆن ماددەیەکی خاو پێشکەش بکەن کە توانای ڕاکێشانی بینەری هەبێت و کاریگەریی لەسەر ڕۆح و ئاوەز و ویژدانی جێبهێڵێت، پێویستە ئەم ماددەیە توانای ئەوەی هەبێت کەڵک لە توانستەکانی ئەم ئامڕازە وەربگرێت و ڕێکارگەلێک بدۆزێتەوە کە بتوانێت چەشنە چێژێکی تایبەت بە بینەر ببەخشێت.
هاوکات نابێت ڕۆڵی “ڕێکەوت” نادیدە بگرین لە دەرخستنی توانستەکانی کامێرادا لە ساتەوەختی وێنەگرتندا، بۆ نموونە تێکچوونی کامێرا لە ساتەوەختی وێنەگرتندا و دواتر بەردەوام بوونی وێنەکە(وێنە جوڵاوەکە) هەر لە هەمان ئەو شوێنەی کە وەستا بوو، واتە ون بوون و نەمانی بەشێک لەو وێنەیەی کە پێشوتر گیرابوو بووە هۆی خاڵیبوونەوەی بەشێک لە ناوەڕۆکی وێنەکە بەبێ مەبەست (واتە وێنە تۆمارکراوەکە پچڕانی تێدەکەوت کامێرا توانی وێنەی دواتر پەیوەست بکاتەوە بە پێشوترەوە) بە چەشنێک وەکو ئەوەی وێنەی پەیوەست کراو (پێکەوە لکێنراو)ی نمایش کراو جاودووی لێکرا بێت و ئەو پچڕانەی تێدا نەبووبێت، ڕێکەوتە خۆش و داهێنانە ئیلهام بەخشەکان بەردەوام بوون لە وەرگرتنی کاردانەوە ئەرێنییەکانی جەماوەر و تاڕادەیەکی زۆر سەرنجی داهێنەرە ڕاستەقینەکان و بەرهەمهێنە زیرەکەکانی ڕاکێشا، لە هەمانکاتدا سینەماکارانیش بەهرەکانی خۆیان لەتەک تواناکانی ئەم ئامێرەدا دۆزییەوە کە هێشتا بەتەواوی ڕووخساری خۆی وەکو ناوی هونەرێکی نوێ دەرنەخستبوو.
هەڵبەتە هونەرەکانی دی(جگەلە سینەما) پشت بە ئامڕازگەلێکی دیکەی جگە لە “کامێرا” دەبەستن وەکو (مونتاژ، چاپ کردن، نمایش کردن) و ڕەگەزە هونەرییە جیاوازەکانی وەکو (دیکۆر، مەکیاژ)، بەڵام سینەما نا، سینەما هاوڕێ لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پشت بە کامێرا دەبەستێت، بەهەرحاڵ سینەما وەکو داهێنانێک هێشتا لەبەرە و پێشچوون و فراوان بووندایە و زۆر توانست و داهێنانی دیکەی بۆ زیاد دەکرێت .
سەرچاوە: ما السينما
پێشکەشە بە: هێمن عوسمان
نوسینی: د. وەلید سەیف
وەرگێڕانی : شڤان نەوزاد