يه‌كێك له‌و ڕووداوه گرنگانه‌ى سه‌ده‌ى ڕابردووى مێژووى نه‌ته‌وه‌يى كورد له باشوورى كوردستاندا، بريتى بوو له ڕێككه‌وتن ياخود به‌ياننامه‌ى ئازارى 1970، كه هه‌ندێك له مێژوونووسان و توێژه‌ران به به‌ياننامه ناوى ده‌به‌ن وهه‌ندێكى تريشيان به ڕێككه‌وتن، به‌ڵام ده‌توانين بڵێين ڕێككه‌وتنى سه‌ركردايه‌تى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى گه‌لى كورد و ده‌سه‌ڵاتدانى حكومه‌تى ئێراق بوو له چوارچێوه‌ى به‌ياننامه‌يه‌كدا، كه ئه‌نجوومه‌نى سه‌كردايه‌تى شۆڕش دانى پياداناو به فه‌رمى له وه‌قائعى ئێراقيدا بڵاوى كرده‌وه. كه بۆيه‌كه‌مجار بوو حكومه‌تى ئێراق ودهسهڵاتدارهكانى دان به مافى ئۆتۆنۆمى بۆ نه‌ته‌وه‌ى كورددا بنێن، ئه‌مه‌ش دواى قۆناغێك له ناكۆكى و ململانێ و شه‌ڕو دانووستاندان له‌نێوان بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى گه‌لى كورد، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى ئێراقه‌وه تاوه‌كوو ساڵى 1970، ئه‌مه‌ش به‌هۆى كۆمه‌ڵێك فاكته‌رى ناوخۆيى كه خۆى له لاوازى ده‌سه‌ڵاتى نوێى ئێراق ده‌بينييه‌وه، چونكه حزبى به‌عسى عه‌ره‌بى ئيشتراكى كه‌له ساڵى1968 به كوده‌تايه‌كى سه‌ربازى هاتبووه سه‌ركار، ده‌يويست خۆى به‌هێزتر بكات و په‌ندى له لاوازى و خاڵه بێهزييهكانى ساڵى1963 وه‌رگرتبوو، ئه‌مه و جگه له‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى گه‌لى كورد زۆر به‌ره‌و پێش چووبوو، به‌جۆرێك دەسەڵاتدارانى ئێراق تێگەیشتن ناتوانن بە بە کار هێنانى هێز شۆڕشى کوردستان لە ناو بەرن، بە مەبەستى ئاگربەست و دەست پێ کردنى گفتوگۆ پەنایان بردە بەر پێوەندییکردن بە سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستانەوە.
گفتوگۆ بە دوو قۆناغ دەستی پێ کرد، قۆناغی یەکەم بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کۆتایى مانگى ئاب و سەرەتاى ئەیلوول دەستیپێکرد و هەر دوو مانگى تشرینى یەکەم و دوەمى ساڵى (1969)ى خایاند، لە مانگى ئەیلوولى ئەو ساڵەدا بەعسییەکان لە ڕێگەى ڕێکخراوى یەکێتیى قوتابیانی کوردستانەوە، چەند پێشنیازێکیان سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەى کورد بۆ سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستان نارد، گرینگ‌ترینیان نیشاندانى ئامادەبوونیان بوو بە پابەندبوون بە بەیاننامەى (29ى حوزەیرانى 1966)، بەڵام سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستان دواى کۆ بوونەوە و ئەو پێشنیارانە باس لە دەست پێ کردنەوەى گفتوگۆ نەکرابوو، لە لایەکى دیکەشەوە پێیان وابوو کە سەردەمەکە گۆڕ‌انى بە سەردا هات,وە و بەیاننامەى (29)ى حوزەیران بۆ سەردەمى ئێستایان گونجاو نییە.[1]
لە (9ى تشرینى یەکەمى 1969) (ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش)ى ئێراق لە بەیاننامەیەکدا هەندێک لە مافە ڕۆشنبیرییەکانى گەلى کوردى سەلماند، کە ئەوەشى زیاتر بۆ ئەوەبوو نیازپاکیى خۆى نیشان بدات و بۆ دەست پێ کردنى گفتوگۆى ڕاستەوخۆ لەگەڵ شۆڕشى ڕزگاریخوازیى کوردستان زەمینە خۆش بکات. لە تشرینى یەکەمى هەمان ساڵیش‌دا، دەسەڵاتدارانى ئێراق لە ڕێگەى “عەزیز شەریف”ەوە پێوەندییان بە شۆڕشى کوردستانەوە کرد، بۆ ئەوەى بۆ دەستپێکردنى گفتوگۆ بیر و ڕایان بزانن، دەرئەنجامیش “مستەفا بازرانى” لەگەڵ مەکتەب سیاسى و مەکتەبى تەنفیزى پارتى کۆبووەوە، لەو کۆ بوونەوەیەش لەسەر دەستپێکردنى گفتوگۆ ڕەزامەندییان دەربڕى.[2] لە (18ى کانوونى یەکەمى1969) بەعسییەکان بۆ ئەنجامدانى یەکەمین پێوەندیى ڕاستەوخۆ لەگەڵ مستەفا بارزانى و سەرکردایەتى پارتى “سەمیر عەزیز ئەلنەجم”ى نوێنەرى خۆیان لەگەڵ “فوئاد عارف و عەزیز شەریف” ناردە کوردستان، شاندەکە ڕۆژێک لە کوردستان مایەوە و ئامادەیى حکوومەتییان بۆ ڕێککەوتن نیشاندا، هەر لەوێدا “فوئاد عارف” پێشنیارى کرد، سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستان بۆ درێژە پێدانى گفتوگۆ نوێنەرى خۆى لەگەڵ شاندەکە بۆ بەغداد بنێرێت، ئەوانیش لەو پێناوەدا (دارا تۆفیق[3])یان بە نوێنەرایەتى ڕەوانە کرد.[4]
لە ڕووى ڕاگەیاندنیشەوە بەعسییەکان وەک ڕێگە خۆشکردنێک بۆ گفتوگۆ و دانووستان لە ژمارە (404)ى ڕۆژنامەى (الثورة) لە ڕێککەوتى (22ى کانوونى یەکەمى 1969) زنجیرە وتارێکیان بە ناونیشانى (کیف السبیل الى حل المسألة الکردیة/ چۆن بەرەو چارەسەری دۆزى کورد بچین؟) بڵاو کردەوە، لەو زنجیرە وتارەدا هەر چەندە دانیان بەوەدا نابوو کە پرسى کورد پرسێکى نەتەوەییە، بەڵام هەنگاوەکانى شۆڕشى ئەیلوول و ڕابەرەکەى بەرامبەر بە حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانى ئێراق و بە تایبەت بەعسییەکان بە هەڵە و دوژمنکارانە لە قەڵەمدا.[5] بەر لە دەستپێکردنى گفتوگۆى ڕاستەوخۆى حکوومەتى ئێراق و شۆڕشى کوردستان، یەکێتى سۆڤیەت لە ڕێگەى “یەڤگینى بریماکۆڤ”ەوە لە کانوونى یەکەمى (1969)، بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد، پەیامێکیان ئاڕاستەى دەسەڵاتدارانى بەغداد کرد، هەروەها بۆ گەیاندنى هەمان مەبەست و خۆشکردنى زەمینەى گفتوگۆ لە نێوان حکوومەتى ئێراق و سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستان، ناوبراویان ناردە لاى مەلا مستەفا بازرانى.[6] لە (25)ى تشرینى دوەمیشدا، (ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش)ى ئێراق بڕیارێکیدا بوو، بۆ چاودێریى جێبەجێکردنى هەموو ئەو بڕیارانەى لە لایەن ئەنجوومەنى ناوبراوەوە سەبارەت بە کێشەى کورد دەرچووبوون، لیژنەیەک لە هەمان ئەنجوومەن بە سەرۆکایەتى “ساڵح مەهدى عەمماش” و ئەندامێتى “سەعدوون غێدان و مورتەزا ئەلحەدیسى و عەبدولڵا ئەلسەللوم” پێک هێنابوو،[7] واتە بەعسییەکان لە زووەوە پلان و نەخشەى گفتوگۆ و دانووستانیان هەبوو، تاوەکوو جێ پێى خۆیان لە سیستمى سیاسیى وڵات‌دا قایم بکەن.
“دارا تۆفیق” دواى چەند ڕۆژێک مانەوەى لە کۆشکى کۆماریى لە بەغداد، گەڕایەوە کوردستان و بە سەرکردایەتى سیاسى کوردى ڕاگەیاند کە فەرمانڕەوایانى ئێراق بە ڕاستى دەیانەوێ گفتوگۆ بکەن و ئۆتۆنۆمى بدەنە کورد، دوا بە دواى ئەوەش لە (31ى کانوونى یەکەمى 1969) شاندێکى گەورەى حیزبى و حکوومى ئێراق بە سەرۆکایەتى “حەماد شەهاب”، ئەندامێتى هەر یەک لە (عەبدولخالق سامەڕایى و مورتەزا ئەلحەدیسى و تاریق عەزیز و سەمیر عەزیز ئەلنەجم و محمەمەد عەلى سەعید) و هاوڕێیەتى (عەزیز شەریف و فوئاد عارف) سەردانى سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستانیان کرد و لەگەڵ ڕابەرى شۆڕش و حەبیب محەمەد کەریم و دکتۆر مەحموود عوسمان و ساڵح یوسفى و نوورى شاوەیس و عەلى عەبدولڵا و محەمەد مەحموود عەبدولڕەحمان (سامى) و ئیدریس بارزانى و دارا تۆفیق) کۆبوونەوە و گفتوگۆیان دەستپێکرد، شاندى دەسەڵاتدارانى ئێراق، نامەى سەرۆک کۆمارییان دایە دەست “مستەفا بارزانى”، ئەویش لە ڕێگەى شاندەکەوە بە نامەیەک وەڵامى سەرۆک کۆماریى دایەوە.[8]
لە (4ى کانوونى دوەمى1970)شدا سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستان بۆ ئامادەکردنى پرۆگرامى گفتوگۆ و ڕێکخستنى شاندێک بۆ بەغداد، کۆ بوونەوەیەکى بەست و لە (7)ى هەمان مانگدا، بۆ گفتوگۆکرن لەگەڵ ڕ‌ژێمى فەرمانڕەوای ئێراق، شاندێکیان بە سەرۆکایەتى دکتۆر “مەحموود عوسمان” و ئەندامێتى هەر یەک لە (نوورى سدیق شاوەیس و ساڵح یوسفى و محەمەد مەحموود عەبدولڕەحمان و نافیز جەلال و موحسین دزەیى و دارا تۆفیق) نادرە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕ‌ژێمى بەعس.[9] بەو شێوەیە گفتوگۆ درێژەى کێشا و سەرەڕاى بیروڕاى جیاوازیى هەر دوولا لە سەر هەندێک پرسى گرینگ و چارەنووسساز، بە تایبەتیش دیاریکردنى سنوورى ناوچەى ئۆتۆنۆمى، جگە لە دەستێوەردانى هەندێک لایەنى هەرێمیى وەک ئێران، شەوى (10/11ى مارتى ساڵى 1970) هەر دوولا لە سەر ڕاگەیاندنى بەیاننامەیەک بە ئەنجام گەیشتن و ڕۆژى دواترییش لە بەغداد بە ناوى (ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش)ى ئێراق ڕاگەیەندرا.[10] به‌كورتى ده‌توانين بڵێين به‌يانى ئازار دۆكۆمێنت و پڕۆتۆكۆلێكى ياسايى و پێناسهيى كوردبوو، به‌ناساندنى كورد و مافى خۆبه‌ڕێوه‌بردنى له‌ڕووى سياسى و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى و ئابوورى و فه‌رهه‌نگييه‌وه به‌گه‌لانى وڵاتانى جيهان به‌شێوه‌ى ئۆتۆنۆمى، چونكه تا ئه‌وكاته‌ش دۆزى كورد و گيروگرفتهكانى به مهسهلهيهكى ناوخۆيى و پلان و كۆنه‌په‌رستى ناوده‌برا. به‌يانى ئازار، به‌رهه‌مى ڕه‌نج وماندووبوون و فيداكارى وخوێنى هه‌زاران ڕۆڵه‌ى كوردى به‌وه‌فا به‌كوردستان و ئاره‌ق و فرمێسكى (9)ساڵ خه‌باتى بێووچانى گه‌لى كورد بوو.
هه‌ر بۆ زانيارى خوێنه‌رانى ئازيز ده‌قى به‌ياننامه‌كه به‌كوردى وه‌كوو خۆى ده‌خه‌ينه‌ڕوو:-
“به‌ياننامه‌ى (11ی ئازارى 1970) و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى پێوه‌ندييان پێيه‌وه هه‌يه”
تا (11ى ئادارى 1974)
ده‌قى به‌ياننامه‌كه؛
به هۆى شۆڕشى حه‌ڤده‌ى تهمووز ئه‌وه بوو وه‌ك ده‌ربڕينێكى ڕقى هه‌موو جه‌ماوه‌رى عه‌ره‌ب له هۆ و ئه‌وانه‌ى بوونه هۆى شكستى حوزه‌يران و يه‌كده‌نگى ڕاى ميللى له ئێراق به هه‌موو حكوومكردنى كۆنهپهرستيى تاكڕه‌وى پێشوو له‌به‌ر به‌شداريكردنى له‌و ده‌ورى بهزينهى ئه‌م مهينهتييه نهتهوهييهدا هات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر گۆشهگيریى ته‌واوى له گه‌ڵ و دهستهوسانيى ڕه‌هاى له چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گيروگرفته نيشتمانييانهى به قه‌واره‌ى نيشتمانيدا ده‌چوونه خوارێ و كلۆريان ده‌كرد، چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و پێشه‌كييه پێويستييهك بوو ده‌بوايه ببێت بۆ هه‌موو نيازێكى ڕاستگۆييانه بۆ ته‌يار و ئاماده‌كردنى هه‌موو وزه‌يه‌كى مرۆيى و ماددى له ئێراقدا، به بێ هيچ خهريككردنێك له شوێنى خۆى دابنرێت، به پله‌ى يه‌كه‌ميش له سه‌نگه‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕى چاره‌نووسسازى ميللهتى عه‌ره‌بدا.
له‌به‌ر ئه‌وه، شۆڕش هه‌ر له ڕۆژه‌كانى ههوهڵیيهوه ئه‌ركى وهديهێنانى يه‌كێتيى نيشتمانيى بۆ گه‌لى ئێراق له به‌رچاوى خۆى دانا بێ هيچ جياوازييه‌ك به هۆى ڕه‌گه‌ز و زمان و ئايين و شوێنى پێگه‌يشتنه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كه‌ى، ڕه‌خساندنى هه‌موو مه‌رجێكى پێويستى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئابوورى كه بنه‌ماى يه‌كێتى دهيانخوازێت و پێويستى پێيانه بۆ ئه‌وه‌ى ئێراق به هه‌موو وزه و توانايه‌كى بتوانێت ڕوو بكاته شه‌ڕه نه‌ته‌وه‌ييه چارهنووسسازهكهى، كه به‌ديدى شۆڕش لووتكه‌ى ململانێى تاڵ و سه‌ختى نێوان ئيمپرياليزم و زايۆنيزم و چاوچنۆكييه شهڕخوازهكهى له نيشتمانى عه‌ره‌بيدا ده‌نوێنێت له لايه‌ك، له نێوان به‌رژه‌وه‌ندى ڕزگارى و خه‌باتى ميللهتى عه‌ره‌ب له پێناوى ئامانجه پێشكهوتنخوازييه مرۆييه‌كانى له لايه‌كى تره‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و ميراتى گيروگرفته زۆره و ئاڵۆزه‌ى كه شۆڕش هه‌ر به له دايكبوونى ڕووبه‌ڕوويان بوه‌وه، به توانا و بڕواوه هه‌ر به ڕيگه‌ى خۆي‌دا ڕۆيشت له پێناوى ڕزگاركردنى ئێراق له پاشماوه و خاپهرۆكى ئيمپرياليزم و به كرێگيراوى و ديكتاتۆريى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى، بۆ كاركردن بۆ ڕه‌خساندنى هه‌موو مه‌رجێكى پێويست بۆ بنياتنانى ئێراقێكى تازه، كه به شێوه‌يه‌كى جدى، يه‌كسانيى ڕاسته‌قينه‌ى ماف و ئه‌رك و هاوههلى له نێوان هاووڵاتيیاندا تێدا دێته‌دى، چه‌ندان ئاسۆ له به‌رده‌مى هه‌موو گه‌لدا ده‌كرێنه‌وه له ڕێگه‌ى پابه‌ندبوونى نيشتمانى به كۆمه‌ڵ بۆ يه‌كێتى خاكى نيشتمان و يه‌كێتى گه‌له‌كه‌ى و ئامانجه بنه‌ڕه‌تييه گه‌وره‌كانى يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى و ئازادى و سۆسياليزم.
چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد له ئێراق له پێشه‌وه‌ى ئه‌و گيروگرفته نيشتمانييانهى كه شۆڕش ڕووبه‌ڕووى بوه‌وه، به تايبه‌تى بێ توانايی سه‌رده‌مه‌كانى پێشوو له تێگه‌يشتنى ئه‌و گيرگرفته. بگره نه‌بوونى ئاره‌زووى ڕاستگۆييانه بۆ چاره‌سه‌ركردن و دانانى ڕێگه چاره‌ى ڕاستودروست بۆى له‌و سه‌رده‌مانه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا به كار هێنانى له لايه‌ن ئيمپرياليزم و نۆكه‌ر و بهكرێگيراوانييهوه، بوونه هۆى ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵێكه نواندنى تووندوتيژى بۆ چاره‌سه‌كردنى، جێگه‌ى گفتوگۆى ديموكراتيى برايانه و بابهتييانهى گرتوەته‌وه، ئه‌و گفتوگۆيهى سروشتى گيروگرفته نيشتمانييهكه و ئه‌و مافه ڕه‌وايه عاديلانهى به‌شێكى گه‌لى ئێراق به پێويستى ده‌زانێت.
شۆڕش هه‌ر له ڕۆژانى يه‌كه‌می هه‌وڵیدا ئه‌و گيروگرفته به گيانێكى پڕ له به‌رپرسيارێتى و ئه‌و په‌ڕى سنوورى پابه‌ندبوون به بيروباوه‌ڕى ديموكراتيى شۆڕشگێڕانه چاره‌سه‌ربكات. شۆڕش كه لە سەرچاوهى تيۆريى حيزبى به‌عسى سۆسياليستى عه‌ره‌به‌وه ئاو ده‌خواته‌وه، بڕواى به‌وه هه‌يه كه مافى نه‌ته‌وه‌يى، له گه‌وهه‌ردا مافى ديموكراتى و زيندوو كردنه‌وه‌ى كهلهپوورى ڕۆشنبيرى و زمان و داب و ڕێوڕه‌سم و پێڕه‌وكردنى خواست و ويستى ئازاده، پته‌وكردنى ئه‌و مافانه له نێو نه‌ته‌وه‌ى جيا جيادا، به تايبه‌تى له يه‌ك وڵات‌دا، وا پێويست ده‌كات ڕێگه‌ى ئه‌وتۆ بدۆزرێته‌وه بۆ پێوه‌ندى نێوان ئه‌و نه‌ته‌وانه به شێوه‌يه‌ك كه يارمه‌تى ههڵستانهوهى هه‌موويان بدات، ڕێكى بخات. هه‌موو ئه‌و پڕۆژه و پلانانه‌ى ئامانجييان بێ هێزكردنى پێوه‌نديى نێوانيان و چاندنى تۆوى دووبهرهكييه، خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌نديى ناوكۆيى ڕۆڵه‌كانى ناكات و له هه‌مان كاتيشدا ڕێكخستن و به‌هێزكردنى ژيانى نيشتمانيى و مرۆيى له نێوانياندا و دانانيان بۆ خزمه‌تى پێشكه‌وتن هه‌ر ئه‌وانن هۆى يه‌كێتى ژيانى نيشتمانى له كهشوههوايهكى پڕ له برايهتيى نه‌ته‌وه‌يى ئاشتى، ده‌ڕه‌خسێنن.
له سرووشى ئه‌و بيروباوهڕانه بوو كه كۆنگره‌ى قوتريى حيزبى به‌عسى عه‌ره‌بى سۆسياليستى كه له كۆتايى ساڵى (1968) و سه‌ره‌تاى ساڵى (1969)دا گيرا، ده‌ستپێشخه‌رى هه‌ڵوێستى ئايدۆلۆجى و تيۆريى حيزبى به‌رامبه‌ر ئه‌م گيروگرفته نيشتمانييه دياریكرد و ڕيگای چاره‌سه‌ركردنى له به‌رده‌مى شۆڕش و دهسهڵاتداريى شۆڕشگێریى دانا، ئه‌مه‌ش له‌و بڕيارانه‌ى دواى ئه‌و كۆنگره‌يه ده‌رچوون، له بڕياره‌كه‌دا ده‌ڵێت: “كۆنگره جه‌ختى لە سەر ئه‌وه كرده‌وه كه مه‌سه‌له‌ى ئاواتى نه‌ته‌وه‌يى كورد له ئێراقدا ده‌كه‌وێته پێش ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ى ڕووبه‌ڕووى بزاڤى شۆڕشى عه‌ره‌بى ده‌بنه‌وه و چه‌ند ساڵێكيش تێ پهڕیين بێ گه‌يشتن به چاره‌سه‌رێكى دروست بۆ ئه‌م مهسهلهيه و له ئه‌نجامى سته‌مكاریى نواندن له چارهسهكردنيدا، به‌دبه‌ختى و مه‌رگه‌ساتێكى ترسناك هاوڵاتیيانى عه‌ره‌ب و كورد گهيشت و هێزه‌كانى ئيمپرياليزم و كۆنه‌په‌رستى و ده‌سته‌ى بهكرێگيراو و هه‌لپه‌رستان، هه‌ميشه دهيانخسته كار و سهرنهكهوتنيشيان له چاره‌سه‌ركردنى وهبهردێنا بۆ ده‌ست خستنه ناو كاروبارى ئێراق و پاڵه‌په‌ستۆ خستنه سه‌رى و پيلانگێڕان بۆ سه‌ر مافه‌كانى عه‌ره‌ب و كورد، گه‌ياندنى زيانى زياتر به‌و پێگه و ده‌سكه‌وته نه‌ته‌وه‌يى و ديموكراتيى و پێشكهوتنخوازانهى له ماوه‌ى سه‌رده‌مانێكى دوورودرێژى خۆبه‌ختكردن و قوربانيدان و خه‌باتى ناوكۆيى پێى گهيشتنوون، هه‌ر وه‌ك كۆنگره جه‌ختى لە سەر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه حيزبهكهمان له خه‌بات و سياسهتيدا له بيروباوه‌ڕه نه‌ته‌وه‌ييه مرۆييه سۆسياليسته ديموكراتهكهيهوه ته‌كان ده‌دات… و هه‌ميشه ڕێزى له ئاواته نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى جه‌ماوه‌رى كورد به ناوه‌رۆكه نيشتمانييه پێشكهوتنخوازييهكهى ده‌گرت و به مافى مرۆڤانه‌ى ڕه‌واى داده‌نا، و، پێوه‌ندييه بهتينهكهشى له نێوان وهديهێنانى ئه‌و مافانه و نێوان هێز و دروستيى ڕێڕه‌وى جه‌ماوه‌ریى گه‌ل له ئێراقدا به ڕووكار ئاڕاسته‌ى پاكتاوكردنى پاشماوه‌ى ئيمپرياليزم و خۆتهرخانكردنى ته‌واو بۆ شه‌ڕه نه‌ته‌وه‌ييه چارهنووسسازهكهى ئێستا له فه‌له‌ستين و به‌رده‌وامبوونى تێكۆشانى مێژوويى له پێناوى وهديهێنانى يه‌كێتى عه‌ره‌ب و ئازادى و سۆسياليزمدا”.
له‌به‌ر ئه‌وه شۆڕش كه هه‌ر له ئه‌وه‌ڵه‌وه پابه‌ندى بيروباوه‌ڕى حيزب و برياره‌كانى ده‌بێت، دانى نا به مافه نه‌ته‌وه‌ييه‌كان و په‌ره‌پێدانى خاسيه‌تى نه‌ته‌وه‌يى هاوڵاتييه كورده‌كان له چوارچێوه‌ى يه‌كێتى گه‌ل و نيشتمان و سيستمى دهستووریيدا. له كاتێكيشدا كه ميللهتى عه‌ره‌ب پێ ده‌نێته نێو خه‌باتێكى به‌رفراوان دژى ئيمپرياليزم و زايۆنيزم و كۆنهپهرستيى نێوخۆ، ئه‌و خه‌باته له هێڵه‌كانى يه‌كه‌مى خه‌باتى گه‌لانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى داده‌نێت. تهباى خه‌باتى تووند گرێدراوى گه‌لى ئێراق له‌گه‌ڵ خه‌باتى ميللهتى عه‌ره‌ب له پێناوى ديموكراسى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه كۆنهپهرستهكانى ناوچه‌كه. بهجيهانى و ناوخۆشه‌وه، بۆيه شۆڕش واى داده‌نێت كه بنچينهى يه‌كه‌مى يه‌كێتیى نيشتمانيى عه‌ره‌بى_كوردى له ئێراقدا ئه‌وه‌يه كه بزاڤى نهتهوهييى كوردى وه‌ك بزاڤى نه‌ته‌وه‌يى عه‌ره‌به، بزاڤێكى ديموكراسيى دژ به هه‌مان ئه‌و هێزه كۆنهپهرستانهيه له لايه‌نى و بابهتييهوه، كه له ئێراقدا، يه‌كێتى تێكۆشانى دژ به هه‌مان ئه‌و هێزه كۆنه‌په‌رسته هاوپه‌يمانه‌كانى تر و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانى به بزاڤى ڕزگاريخوازانهى عهرهبييهوه ده‌به‌سێته‌وه.
هه‌روه‌ها دابونهريتى برايهتيى مێژوويى و يه‌كێتى به‌رژوه‌ندى ئابوورى پهرەسهندنى هاوئاهه‌نگ له نيوان هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب و كورد، به خه‌باتى گه‌لى عهرهبييهوه ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌ر تێكدان و نا هاوسه‌نگيى ئه‌و هاوئاههنگييه سه‌ره‌نجام ده‌بێته زيانگه‌ياندن به‌و تێكۆشانه هاوبه‌شه و ڕابوونى نيشتمانيى پێشكه‌وتنخواز به شێوه‌يه‌كى گشتى. ئيمپرياليزم ده‌ركى به‌وه كردوه كه يه‌كێتیى تێكۆشانى عه‌ره‌ب و كورد، بزاڤى ڕزگاريى عه‌ره‌ب و كورد به‌تين ده‌كات و تواناى ئه‌وه‌ى پێ ده‌به‌خشێت كه پێگه‌ى گرينگ له ڕووى پڕۆژه‌ى دوژمنكاريى ئيمپرياليى زايۆنيى ئيسرائيليى له ناوچه‌كه‌دا وه‌ده‌ست بێنێت، به تايبه‌تى سه‌باره‌ت به‌و شه‌ڕە نه‌ته‌وه‌ييه چاره‌نووسسازه‌ى ئێستا له فه‌له‌ستين و ئه‌و وڵاته عهرهبييانهى دهوريان داوه، له ئارادايه، له‌به‌ر ئه‌وه دام و ده‌زگا ئيمپريالى و بهكرێگيراوهكان خۆيان كوشت و هه‌وڵياندا بۆ دۆزينه‌وه‌ى زياتر له هۆيه‌ك بۆ لێك ترازاندنى پێوه‌ندى لێك گرێدان و برايه‌تى له نێوان جه‌ماوه‌رى عه‌ره‌ب و كورد به مه‌به‌ستى بێ هێزكردنى به‌ره‌ى خه‌باتى نيشتمانيى شۆڕشگێڕیى له ئێراقدا. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شۆڕش له تێگه‌يشتنى بۆ مه‌سه‌له‌ى كورد له‌وه بۆى ده‌چێت كه به‌شێكه له شۆڕشى دژ به ئيمپرياليزم و زايۆنيزم و كۆنهپهرستیى. گومان له‌وه‌دا نييه كه شۆڕش له هه‌موو هه‌نگاوێك كه دەيهاوێت پابه‌ند ده‌بێت به ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى نيشتمانيى كورد، به‌و شێوه‌يه‌ى كه ده‌بێته هۆى به‌هێزكردن و چه‌سپاندنى خه‌باتى نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌يى دژى تێكڕاى ئه‌و هێزه مرۆييانه.
له‌به‌ر ئه‌وه پێڕه‌وكردنى جه‌ماوه‌رى كورد بۆ سه‌رجه‌م مافه نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى، بەديهێنانى هاوكوفيى ڕه‌ها له هه‌لى په‌ره‌پێدانى ئازاد، هه‌ر دووكيان ڕێگه‌ى پێويستن بۆ يهكخستن و بهتينكردنى تێكۆشانى نيشتمانيى له عيراقدا دژى دوژمنانى گه‌لان و دوژمنانى ميللهتى عه‌ره‌ب و گه‌لى ئێراق، ئيپمرياليزم و زايۆنيزم و كۆنهپهرستيى بهكرێگيراو. كات دانانه‌وه بۆ پيلانه ئيمپرياليسته زايۆنييه كۆنه‌په‌رسته‌كان و بۆ سه‌ر كۆمارى ئێراق هه‌ر به ڕێكه‌وت نه‌بوو، له هه‌مان ئه‌و كاته‌دا ده‌ستى پێ كرد، كه مژده‌ى ئاشتى له هه‌موو لايه‌كى باكوورى خۆشه‌ويستمان به هۆى ئه‌و هه‌وڵه دڵسۆزانهيهى حكوومه‌تى شۆڕش ئه‌نجامى دا، ئه‌و به‌ده‌نگه‌وه هاتنه دڵسۆزانه‌ى له لايه‌ن مسته‌فا بارزانيى به‌ڕێزه‌وه پيشان درا. شتێكى شاراوه نييه، كه شۆڕش له لايه‌ن خۆيه‌وه ده‌ستپێشخه‌ريى كرد بۆ ئه‌نجامدانى هه‌موو كارێكى پێويست بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هۆى متمانه و ئاشتى له هه‌موو لايه‌كى باكوورى ئێراق، كارى بۆ ئه‌مانه‌ى خواره‌وه كرد:-
1. به پێى بڕياره‌كانى كۆنگره‌ى حه‌وته‌مى قوتريى حيزبى به‌عسى سۆسياليستى عه‌ره‌ب و له ڕێگه‌ى هه‌موو ئه‌و به‌يانه ڕه‌سمى و ڕۆژنامهوانييانهى له لايه‌ن دهسهڵاتداريى شۆڕشگێڕييهوه ده‌رچوون، دان به بوونى شه‌رعيى نه‌ته‌وه‌ى كورد دا نراوه و ئه‌م ڕاستييه‌ش به شێوه‌يه‌كى ئێگجارهكى له ده‌ستوورى ههميشهييدا دا ده‌نرێت.
2. ئهنجوومهى سهركردايهتيى شۆڕش بڕيارى دامه‌زراندنى زانكۆى سلێمانى و كۆڕى زانيارى كوردى دا، هه‌روه‌ها دانى نا به هه‌موو مافێكى ڕۆشنبيرى و زمانى نه‌ته‌وه‌يى كورد، ده‌بێت خويندن له هه‌موو قوتابخانه و په‌يمانگا و زانكۆ و خانه‌ى مامۆستايانى كوڕان و كچان و كۆلێجى سه‌ربازى و كۆلێجى پۆليسى به زمانى كوردى بێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت نووسرا و كتێبى دانراوى كورديى زانستى و ئه‌ده‌بى و سياسى كه ته‌عبير له ئاواتى نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌يى گه‌لى كورد ده‌كه‌ن، به هه‌موو لايه‌كدا بڵاو بكرێته‌وه و بۆ ئه‌وه‌يش كه ئه‌ديب و شاعير و نووسه‌رانى كورد بۆيان بكرێت يهكێتييهك بۆ خۆيان دابمه‌زرێنن تا دانراوهكانيان چاپ بكه‌ن و بۆ ڕه‌خساندنى هه‌موو هه‌ل و توانايه‌ك له به‌رده‌مياندا بۆ گه‌شه‌پێدانى توانا و به‌هره زانستى و هونه‌رييه‌كانيان و دامه‌زراندنى خانه‌يه‌كى چاپ و بڵاو كردنه‌وه به زمانى كوردى و پێك هێنانى بهڕێوهبهرايهتييهكى گشتى بۆ ڕۆشنبيريى كوردى له نۆژه‌نه‌وه و ده‌ركردنى ڕۆژنامه‌يه‌كى هه‌فتانه و گۆڤارێكى مانگانه به زمانى كوردى، زيادكردنى به‌رنامه‌يه‌كى كوردى له ته‌له‌ڤزيۆنى كه‌ركووك تا ئێستگهيهكى تايبه‌ت به بڵاو كردنه‌وه‌ى ته‌له‌ڤزيۆنى به زمانى كورد داده‌مه‌زرێت.
3. بۆ داننان به مافى هاووڵاتييه كورده‌كان به زيندوو كردنه‌وه‌ى داب و ڕێوڕه‌سم و جه‌ژنه نهتهوايهتييهكانيان و له پێناوى بهشداريیكردنى هه‌موو گه‌ل له جه‌ژنه‌كانى ڕۆڵهكانيدا. ئه‌نجوومه‌نى سهركردايهتيى شۆڕش بڕياریدا كه‌وا جه‌ژنى نه‌ورۆز به جه‌ژنێكى نيشتمانى دابنرێت له كۆمارى ئێراقدا.
4. هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نى سهركردايهتيى شۆڕش ياساى پارێزگاكانى ده‌ركرد كه (لامركزى)ى كارگێڕيى ناوخۆ ده‌گرێته خۆى و بڕيارى پێك هێنانى پارێزگاى دهۆكى دا.
5. هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى شۆڕش لێبووردنێكى گشتيى گشتگيرى ده‌ركرد بۆ هه‌موو ئه‌و مه‌ده‌نى و سه‌ربازييانه‌ى به‌شدارييان له كارى تووندوتيژيدا له باكوور كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو شوێنه‌وارێكى بارودۆخى نه‌رێنيى نائاساييى پێشوو له ناو ببات و نه‌هێڵێت و نيشانه‌ى ژيانى نيشتمانيى تازه لە سەر زه‌مينه‌يه‌كى پته‌وى ئاسايشى گشتى و برايهتيى نه‌ته‌وه‌يى گشتگير دابمه‌زرێنێت.
جه‌ماوه‌رى عه‌ره‌ب و كوردى ئێراق به پشتگيرى و به پيرهوهبوون پێشوازييان له‌و بڕيار و كارانه‌ى ئه‌نجوومه‌نى سهركردايهتيى شۆڕش كرد، ئه‌م كاره‌ش بارودۆخى له‌بارى ساز كرد بۆ به‌رده‌وامبوون له وهديهێنانى ئه‌و ئامانجه نموونهييانهى يهكدهنگيى گهليان لە سەره و خواست و هێز و وته‌ى ئێراق له دهوريان يه‌كيان گرت. به پێى ئه‌وه‌ى پێشه‌وه ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى شۆڕش پێوه‌ندييه‌كى سازدا له نێوان خۆى و هێژا “مسته‌فا بارزانى” سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان، ئاڵوگۆڕى ديد و بۆچوون كرا و هه‌موو قه‌ناعه‌تيان به‌وه كرد كه پێويسته ناوه‌ڕۆكى ئه‌م به‌ياننامه‌يه قه‌بووڵ و جێبه‌جێ بكه‌ن و جه‌ختيش لە سەر خواست و بڕيارى خۆى ده‌كاته‌وه به قه‌بووڵ و فراوانكردنى كارى چالاكانه، بۆ ته‌واوكردنى هۆى هه‌ڵسانه‌وه‌ى ڕۆشنبيرى و ئابوورى و په‌ره‌سه‌ندنى گشتى له ناوچه‌ى كورديدا و ئامانجى پله‌ى يه‌كه‌مى ئه‌وه‌يه، كه جه‌ماوه‌ر بتوانێت پێڕه‌وى مافه ڕه‌واكانى خۆى بكات، ئه‌و جه‌ماوه‌ره به كرده‌وه له هاوبهشيكردنى جدييانه له بنياتنانى نيشتمانی و تێكۆشان، له پێناوى ئامانجه نه‌ته‌وه‌ييه مه‌زنه‌كاندا به‌شداريى پێ بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌نجوومه‌نى سهركردايهتيى شۆڕش بڕياريدا:
1. زمانى كوردى زمانى ڕه‌سمى ده‌بێت له‌گه‌ڵ زمانى عه‌ره‌بى له‌و ناوچانه‌ى كه زۆربه‌ى زۆرى دانيشتوانيان كوردن و زمانى كورديش له‌و ناوچانه‌دا زمانى خوێندن و فێركردن ده‌بێت، زمانى عه‌ره‌بيش له هه‌موو ئه‌و قوتابخانانه‌دا ده‌خوێنرێت كه به كوردى ده‌خوێنن، له هه‌مان كاتيشدا زمانى كوردى وه‌ك زمانى دوه‌م له‌و سنووره‌ى ياسا دايدهنێت له هه‌موو لايه‌كى ئێراقدا ده‌خوێندرێت.
2. به‌شداريكردنى برا كورده‌كانمان له حوكم، جياوازیى نه‌كردن له نێوان كورد و كه‌سانى تر له فه‌رمانى گشتى گرتنه ده‌ستدا، له‌وانه‌ش پايهى گرينگ و بايه‌خدار له ده‌وڵه‌تدا وه‌ك وه‌زاره‌ت و سوپا و هى تريش… ئه‌وانه هه‌موويان له‌و كاره گرينگانهن كه ئامانجى شۆڕش بوون بۆ وهديهێنانيان، وهديهێنانى ئه‌و بنه‌مايه به ڕێژه‌يه‌كى عاديلانه ده‌كاته‌وه، له‌گه‌ڵ له به‌رچاو گرتنى بنه‌ماى لێهاتوويى و ڕێژه‌ى دانيشتوان و ئه‌و بێ بهشييهى برا كورده‌كانمان له ڕابردوودا دووچارى بوون.
3. له‌به‌ر ئه‌و دواكهتووييهى كه له ڕابردوودا له هه‌ر دوو لايه‌نى ڕۆشنبيرى و په‌روه‌رده‌يى به سه‌ر نه‌ته‌وه‌ى كورد هاتوه، پلانێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م دواكهوتوویيه داده‌نرێت له ڕێگه‌ى:
ا. په‌له‌كردن له جێبه‌جێكردنى بڕياره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى شۆڕش له ڕووى زمان و مافى ڕۆشنبيرييه‌وه بۆ گه‌لى كورد، به‌ستنه‌وه‌ى ئاماده‌كردن و ئاڕاسته‌كردنى به‌رنامه‌ى تايبه‌ت به كاروبارى نه‌ته‌وه‌يى كورد له ڕاديۆ و تهلەڤزيۆن به به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتيى ڕۆشنبيرى و ڕاگه‌ياندنى كوردى.
ب. گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و قوتابييانهى ده‌ركراون يان له‌به‌ر بارودۆخى تووندوتيژى له ناوچه‌كه ناچاربوون واز له خوێندن بێنن، بۆ قوتابخانه‌كانيان به چاوپۆشیكردن له ته‌مه‌نيان يان دۆزينه‌وه‌ى ڕێگهچارهيهكى له‌بار بۆ گيروگرفتهكانيان.
ج. كردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌ى زۆر له ناوچه‌ى كورديدا، به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى په‌روه‌رده و فێركردن و قه‌بووڵكردنى قوتابيى كورد له زانكۆ و كۆلێجى سه‌ربازى و (به‌عسه و زه‌ماله)ى خوێندن به ڕێژه‌يه‌كى عاديلانه.
4. ده‌بێت فه‌رمانبه‌ره‌كان له‌و يه‌كه كارگێڕييانهى كه به‌شى زۆريان كوردن، كورد بن يان له‌و كه‌سانه بن كه كوردى باش ده‌زانن ئه‌گه‌ر ژماره‌ى پێويستيان لێ په‌يدا بوو، به‌رپرسه بنچينه‌ييه‌كان (پارێزگار، قايمقام، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆليس، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايش(ئه‌من) و هى تر‌ى له‌م جۆره) داده‌مه‌زرێن و ليژنه‌ى باڵاى سهرپهرشتياریى جێبه‌جێكردنى ئه‌م به‌ياننامه‌يه به‌و شێوه‌يه‌ى كه جێبه‌جێكردنى مسۆگه‌ر ده‌كات و يه‌كێتیى نيشتمانى و ئارامى له ناوچه‌كه‌دا به تين ده‌كات.
5. حكوومه‌ت دان به مافى گه‌لى كورد دا ده‌نێت له پێك هێنانى ڕێكخراوى قوتابييان و لاوان و ئافره‌تان و مامۆستايانى تايبه‌ت به خۆيان و ئه‌و ڕێكخراوانه ئه‌ندامى ڕێكخراوه نيشتمانييه ئێراقييهكانى هاوشێوه‌ى خۆيان ده‌بن.
6. بڕگه‌ى (ا) كاركردن به هه‌ر دوو بڕگه‌ى (1) و (2)ى بڕيارى ژماره (59)ى مێژووى (5/8/1968) ى ئه‌نجوومه‌نى سهركردايهتيى شۆڕش هه‌تا مێژووى ده‌رچوونى ئه‌م به‌ياننامه‌يه و ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌شدارييان له كارى تووندوتيژى ناوچه‌ى كورديدا كردوه ده‌گرێته‌وه.
بڕگه‌ى (ب): كرێكار و فه‌رمانبه‌ر و خزمه‌تگوزاره مه‌ده‌نى و سه‌ربازييه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خزمه‌ت، ئه‌مه‌ش به بێ خۆبه‌ستنه‌وه به بوونى (ميلاك) جێبه‌جێ ده‌كرێت و سووديیش له خه‌ڵكى مه‌ده‌نى له ناوچه كوردييه‌كان به پێى پێويستيى ئه‌و ناوچانه پێيان، وه‌رده‌گيرێت.
7. بڕگه‌ى (ا) دهستهيهك له كه‌سانى خاوه‌ن تايبهتمهندیيهتى پێك ده‌هێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وپه‌ڕى خێراييهوه ناوچه‌كه له هه‌موو ڕوويهكهوه هه‌ڵبستێته‌وه و قه‌ره‌بووى ساڵانى ئه‌م دوايييهى به‌سه‌رهاته‌كانى بكرێته‌وه، بوودجه‌يه‌كى تهواويشى بۆ ته‌رخان بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م كاره، ئه‌و دهستهيهش سه‌ر به وه‌زاره‌تى كاروبارى باكوور ده‌بێت.
بڕگه‌ى (ب) ئاماده‌كردنى پلانى ئابوورى به شێوه‌يه‌ك كه په‌ره‌سه‌ندنى هاويهكى و يه‌كسانى له هه‌موو لايه جيا جياكانى ئێراق دابين بكات به چاودێريكردنى بارودۆخى دواكه‌وتوويى له ناوچه‌ى كورديدا.
بڕگه‌ى (ج) ته‌رخانكردنى مووچه‌ى خانه‌نشينى بۆ خێزانى ئه‌و كه‌سانه‌ى له بارودۆخى داخبارى شه‌ڕ به شداربوانى بزاڤى چه‌كداريى كورددا شه‌هيد كراون و بۆ خه‌ڵكى تر و بۆ ئه‌وانه‌ى به هۆى ئه‌و بارودۆخه توشى شێواویى هاتوون، به پێى ياسايهكى تايبه‌تى لە سەر شێوه‌ى ياسا كارپێكراوه‌كان.
بڕگه‌ى (د) كاركردنى خێرا بۆ فرياكه‌وتنى خه‌ڵكى زيان لێكه‌وتوو و ده‌ستكورت له ڕێگه‌ى ته‌واوكردنى پڕۆژه‌ى خانوو دروستكردن و شتى تر كه كار بۆ بێكاران دابين ده‌كات و پێشكه‌شكردنى يارمه‌تى كه‌لوپه‌ل و پاره به شێوه‌يه‌كى گونجاو و قه‌ره‌بوويه‌كى ماقووڵ بدرێت به‌و زيان لێكهوتوانهى پێويستييان به يارمهتييه، ئه‌مه‌ش به ليژنه‌ى باڵا ده‌سپێردرێت و ئه‌وانه‌ى لێ ههڵدههاوێژرێت كه بڕگه‌ى پێشوو گرتوونيیهوه.
8. گه‌ڕاندنه‌وه‌ى دانيشتوانى گونده عه‌ره‌بى و كوردييه‌كان بۆ شوێنه‌كانى پێشوويان، به‌ڵام ئه‌و گوندانه‌ى كه‌وتوونه‌ته ئه‌و ناوچانه‌ى ناكرێت بكرێن به ناوچه‌ى لێ نيشته‌جێبوون، ئه‌وا حكوومه‌ت بۆ مه‌به‌ستى سوودى گشتى به پێى ياسا ده‌يانكات به موڵكى خۆى و له ناوچه‌ى نزيك ئه‌وێ نيشته‌جێيان ده‌كات و هه‌ر زه‌ره‌ر و زيانێكيش به هۆى ئه‌وه‌وه لێيان كه‌وتبێت، قه‌ره‌بوويان بۆ ده‌كاته‌وه.
9. په‌له‌كردن له پيادهكردنى ياساى چاككردنى كشتوكاڵ له ناوچه‌ى كوردى و هه‌مواركردنى به شێوه‌يه‌ك كه پاكتاوكردنى پێوه‌ندى دهرهبهگايهتى مسۆگه‌ر بكات و هه‌موو جووتيارهكانيش پارچه زهويى گونجاويان پێ ببڕێت و له‌و باجه كشتوكاڵييهش كه له ماوه‌ى ساڵانى شه‌ڕى داخبار لە سەريان كۆبوەتهوه، ببه‌خشرێن و لێيان خۆش بن.
10. ڕێككه‌وتن لە سەر هه‌مواركردنى ده‌ستوورى كاتى وه‌كوو ئه‌مه‌ى خواره‌وه كرا:-
ا. گه‌لى ئێراق له دوو نه‌ته‌وه‌ى سه‌ره‌كى پێك دێت: ئه‌وانيش نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌ى كوردن و ئه‌م ده‌ستووره دان ده‌نێت به مافى نه‌ته‌وه‌يى گه‌لى كورد و مافى هه‌موو كهمايهتييهكان له چوارچێوه‌ى یه‌كێتیى ئێراق.
ب. زيادكردنى ئه‌م بڕگهيهى خواره‌وه بۆ ماده‌ى چواره‌مى ده‌ستوور:- “زمانى كوردى زمانى ڕه‌سمى ده‌بێت له ناوچه كوردييه‌كاندا شان به شانى زمانى عه‌ره‌بى”
ج. چه‌سپاندنى ئه‌وه‌ى پێشه‌وه له ده‌ستوورى ههميشهييدا.
11. گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئێستگه‌ى ڕاديۆ و چه‌كه قورسه‌كان بۆ حكوومه‌ت و ئه‌مه‌ش به‌ند ده‌بێت به جێبه‌جێكردنى قۆناغه كۆتاييه‌كانى ڕێككه‌وتنامه‌كه.
12. جێگرێكى سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد.
13. ياساى پارێزگاكان به شێوه‌يه‌ك هه‌موار دهكريت كه له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ياننامه‌يه‌دا بگونجێت.
14. دواى ڕاگه‌ياندنى به‌ياننامه‌يه‌ك، به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ليژنه‌ى باڵاى سه‌رپه‌رشتيارى جێبه‌جێكردنى بهيانهكه، كارى پێويست ئه‌نجام ده‌درێت بۆ يه‌كخستنى ئه‌و پارێزگا و يه‌كه كارگێڕييانهى زۆربه‌ى زۆرى كورديان تێدا داده‌نيشن به پێى ئه‌و ئاماره ڕهسمييانهى ده‌كرێن، ده‌وڵه‌ت هه‌وڵ ده‌دات بۆ په‌ره‌پێدانى ئه‌و يه‌كه كارگێڕيیانه و قووڵكردنه‌وه و فراوانكردنيان، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌لى كورد پێڕه‌وى سه‌رجه‌م مافه نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى خۆى بكات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى شادبوونى به ئۆتۆنۆمى، تا ئه‌و يه‌كه كارگێڕييهش دێته‌دى، هاوئاهه‌نگيى كاروبارى نه‌ته‌وه‌يى كورد له ڕێگه‌ى كۆ بوونه‌وه‌ى ده‌ورى ده‌كرێت له نێوان ليژنه‌ى باڵا و پارێزگاره‌كانى ناوچه‌ى باكوور ده‌به‌سترێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه ئۆتۆنۆمى له چوارچێوه‌ى كۆمارى ئێراقدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، بێ گومان وه‌به‌رهێنانى هه‌موو سامانێكى سروشتى له‌م ناوچه‌يه‌دا تايبه‌ته به دهسهڵاتداريى ئه‌م كۆماره.
15. گه‌لى كورد به ڕێژه‌ى دانيشتوانى له چاو دانيشتوانى ئێراق، به‌شداريى له ده‌سه‌ڵاتى ياساداناندا ده‌كات.
هاوڵاتييه كورده‌كان؛ هه‌ر خواستى ئێوه سه‌باره‌ت به يه‌كێتیى نيشتمانى سه‌رده‌كه‌وێت، هه‌موو هه‌وڵ و تهقهلايهكيش بۆ بێ هێزكردنى پێكه‌وه گرێدانى تێكۆشانتان، لە سەر تاوێره به‌ردى هۆشياريى به‌رپرسيارێتيى مێژووييتان وردوخاش ده‌بێت، كۆمه‌ڵه خهباتگێڕهكانتان ئه‌مڕۆ ته‌پوتۆزى فڕوفێڵى دوژمنه‌كانتان و ئه‌وانه‌ى چاويان تێ بڕيوون، لە سەر شانى خۆيان داتهكێنن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو يهكپارچه پڕ هێز و هۆشيارى ورده‌كار و بۆ وهديهێنانى ئامانجه باڵاكانتان له يه‌كێتیى و ئازادى و سۆسياليزم.
ئه‌ى جه‌ماوه‌ره خهباتگێڕهكهى ميللهتى عه‌ره‌بمان؛ به‌م شێوه‌يه لاپه‌ڕه‌يه‌ك له لاپه‌ڕه‌كانى مێژووى ئه‌م وڵاته خه‌باتگێڕه كۆتاييى دێت، بۆ ئه‌وه‌ى به ده‌ستى شۆڕش و به ده‌ستى هه‌موو خه‌باتگێڕه ئازاده‌كان له ڕۆڵه‌ى ئه‌م وڵاته لاپه‌ڕه‌يه‌كى تازه‌ى پرشنگدار بكرێته‌وه، تا جارێكى تريش لە سەر ئه‌م خاكه پيرۆزه، مه‌رجى خۆشه‌ويستى و ئاشتى و برايه‌تى تازه ده‌بێته‌وه له نێوان هه‌ر دوو نه‌ته‌وه كه مێژووى تێكۆشانى هاوبه‌شى دوورودرێژيان به درێژايى مێژوو هه‌يه و ئه‌مڕۆ و سبه‌ينێ و هه‌تا هه‌تايه شه‌ره‌فى زيندوو كردنه‌وه‌ى خه‌باتى هاوبهشيان ده‌بێت له پێناوى له نێو بردنى دوژمنانى هه‌ر دوو نه‌ته‌وه.. دوژمنانى تێكڕاى گه‌لان و مرۆڤايه‌تى، ئمپرياليزم و زايۆنى و دواكه‌تن، شه‌ره‌فى به‌شداريیكردن له پشتگيركردنى تێكۆشانى مرۆيى له پێناوى ڕزگارى و پێشكه‌وتن و چه‌سپاندنى ژيارى سه‌رده‌م لە سەر بنچينهى ماف و يه‌كسانى و دادپه‌روه‌ریى له نێوان هه‌موو گه‌لێكدا.
بۆ خه‌باتى هاوبه‌ش… و ئاواتى هاوبه‌ش و سه‌ركه‌وتنى نه‌ته‌وه‌يى و مرۆيى هاوبه‌ش
ئه‌نجوومه‌نى سهركردايهتيى شۆڕش
11/3/1970
[1] فەرەیدوون عەبدولڕەحیم عەبدولڵا، بارودۆخى سیاسى کوردستان-عێراق 11ى مارتى 1970-11ى مارتى 1974، چاپخانەى منارە، هەولێر،2008، ل39-40.
[2] سەرچاوەى پێشوو، ل40-41.
[3] دارا تۆفیق: ساڵى 1932 لە سلێمانى لە دایک بوە و ساڵى 1957 لە بەریتانیا کۆلێژى ئەندازیاریى- بەشى مەدەنى تەواو کردوە، دۆستێکى نزیکى مستەفا بارزانى بوە و لە کۆنگرەى هەشتەمى پارتى کە لە ساڵى 1970 بەسترا، بوەتە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى، دواى ئەوەش لە ڕاگەیاندنى پارتى ڕۆڵێکى گرینگى گێڕاوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارى برایەتى کارى کردوە و ماوەیەکیش سەرنووسەرى ڕۆژنامەى (التأخى) بوە، لە 5/11/1980 شوێن بزر بوە، کە هەندێک نووسەر پێیان وایە بەعس کوشتوویەتى.
[4] هەمان سەرچاوە، ل43.
[5] بڕوانە نامیلکەى : کیف السبیل الى حل المسألة الکردیة، دار الثورة للنشر والطباعة، بغداد، د.ت، ص7-27.
[6] فەرەیدوون عەبدولڕەحیم عەبدولڵا، بارودۆخى سیاسى کوردستان، ل41.
[7] هەمان سەرچاوە، ل41.
[8] هەمان سەرچاوە، ل45-46.
[9] فەرەیدوون عەبدولڕەحیم عەبدولڵا، سەرچاوەى پێشوو، ل46-47.
[10] هەمان سەرچاوە، ل47.