بەریتانیا هەمیشە شوێنی داهێنان بووە، بەتایبەتی کاتێک باس لە زانست دەکرێت، “ئیسحاق نیوتن و چارڵز داروین” نموونەی ئاشکران. هەردووکیان کاریگەرییەکی بەردەوامیان لەسەر بواری زانست بەجێهێشت، بەڕاستی ئەستەمە دۆزینەوەی کەسێک کە ئەم پیاوە گەورانە نەناسێت. بەڵام ناوە بەناوبانگەکان هەندێکجار دەتوانن ناوی هەندێک کەس بشارنەوە کە لە کاتێکدا ئەوانیش شایەنی ستایشن. لە سەردەمێکدا کە داهێنەری ژن نەبیستراو بوو، خانمێکی گەنجی داهێنەر بە ناوی ئادا لۆڤلێس داهێنانێکی گەورەی ئەنجامدا، کە سەلماندی خەیاڵ بەشێکی گرنگی داهێنانی زانستییە.
“منداڵی ئادا لۆڤلێس؛ سامان، کارەسات و بەهرە”
ئادا لۆڤلێس لە ساڵی ١٨١٥ لە سەردەمی شا جۆرجی سێیەم لەدایک بووە. شۆڕشی پیشەسازی کە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەمەوە دەستی پێکرد، بە باشی بەڕێوەدەچوو و ڕۆمانتیسیزمیش بەسەر جیهانی هونەر و ئەدەبدا زاڵ بوو. باوکی ئادا، لۆرد بایرۆن، شاعیرێکی بەناوبانگ بوو کە کتێبی زیارەتنامەی “چیڵد هارۆڵد و دۆن خوان”ی نووسیوە. بەڵام لەهەمان کاتدا ناوبانگێکی ئابڕووبەرانەی هەبوو. لە ساڵی ١٨١٢ پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ خاتوون کارۆلین لامب هەبوو کە دواتر هاوسەرەکەی بوو بە سەرۆک وەزیران. تەنها مانگێک دوای لەدایکبوونی کچەکەی، خاتوو بایرۆن وازی لە هاوسەرە ئابڕووبەرەکەی هێنا. دوای ماوەیەکی کەم، لۆرد بایرۆن وڵاتەکەی بەجێهێشت و بەژداری کرد لە شەڕی سەربەخۆیی یۆنان دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و لە ساڵی ١٨٢٤ دوای تووشبوونی بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ ئینگلتەرا.
لە لایەکی دیکەوە کچەکەی لە هۆڵی “کیرکبی” گەورە بووە کە خاوەنەکەی داپیر و باپیری بوو. ماڵێکی گەورە بوو کە لە سەدەی شانزەهەم لە سەردەمی شاژنە ئەلیزابێسی یەکەم دروستکرابوو، لێرەدا ئادا چەندین بابەتی خوێند، لەوانە مۆسیقا و ڕێزمان و زمان. چەندین بیرمەندی گەورە و بەناوبانگی وەک ئۆگستۆس دی مۆرگان وەک مامۆستای تایبەت هێنران بۆ فێرکردنی ئادا، ئەمەش پەروەردەیەکی زانستی ناوازەی بۆ ئادا دابین کرد. هەرچەندە زۆر کەم زانا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا ژن بوون، بەڵام ئەمە ئادای بێهیوا نەکرد. لە تەمەنی منداڵیدا خولیای زانستی پەرەپێدا و کاتێک تەمەنی تەنها دوانزە ساڵ بوو، پلانێکی سەرەتایی دروستکرد کە شتێکی وەک هاوشێوەی فڕۆکە وابوو. کاتێک ئادا تەمەنی سێزدە ساڵ بوو، بە شێوەیەکی نالەبار نەخۆش کەوت و زیاتر لە ساڵێک لە جێگادا مایەوە. سەرەڕای خراپی تەندروستی، هەستی بە بێزاری نەکرد کە گۆشەگیر بێت و خۆی بە خوێندنەوە سەرقاڵ دەکرد.
“چارڵز بابیج و بزوێنەری جیاوازی”
خولیای زانستی ئادا لۆڤلێس بووە هۆی ئەوەی لەگەڵ بیرکاری بەناوبانگ “چارڵز بابیج” کۆببێتەوە. بابیج لە ساڵی ١٧٩١ لەدایکبووە و لە کۆلێژی ترینیتی لە کامبریج خوێندوویەتی و زۆری نەخایاند بۆی دەرکەوتووە کە تواناکانی بیرکاری زۆر لە سەرووی زۆرێک لە مامۆستاکانی بووە. دواتر بەهاوبەشی کۆمەڵەی شیکاری دامەزراندوەو و بووەتە هاوڕێی کۆمەڵەی شاهانە. “بابیج” حەزێکی زۆری بۆ زانستی ئامێری هەژمارکردن هەبووە. هەربۆیە پەرەی سەند بە دیزاینی ئامێرێک بە ناوی بزوێنەری جیاوازی (Difference Engine). جۆزێف کلیمەنت، دروستکەری ئامێرەکە، بەرپرسیار بوو لە پێکەوەنانی بزوێنەرەکە، بەڵام تەنها بەشێکی کەم لە ئامێرەکە توانرا تەواو بکرێت. بزوێنەری جیاوازی لە دار و پینیۆن پێکهاتبوو، ژمارەکان بە تایەی کانزایی کە لەسەر ستوونەکان دانرابوو نیشان دەدرا. لەبری ئەوەی تەنها ژمێریاری ئەنجام بدات، ئامێرەکە دەیتوانی زنجیرەیەک بەهای ژمارەیی هەژمار بکات و ئەنجامەکانی چاپ بکات. ئەمەش لەو کاتەدا بلیمەتانە بوو.
لە ساڵی ١٨٣٣ بابج ئادا و چەند میوانێکی دیکەی بانگهێشتی ماڵەکەی کرد. لە میانی چالاکییەکەدا، بیرکارەکە چەندین ئامێری نمایشکرد، لەنێویاندا بزوێنەری جیاوازی. ئادا سەرسام بوو بەو ئامێرە. هەرچەندە هێشتا هەرزەکار بوو، بەڵام توانای ئەو شتانەی ناسی کە لەبەردەمیدا. لە ئەنجامدا پەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ بابیج دروست کرد. ئەم یەکەم دیدارەی نێوان ئادا و باباج ساتێکی زۆر گرنگ بوو. هەرچەندە لەو کاتەدا هیچ کامیان نەیاندەزانی، بەڵام هاوبەشییەکەی ئەوان دەبێتە بڕگەیەکی گرنگ لە مێژووی تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەردا.
“بەرنامەسازی بزوێنەری شیکاری”
سەرسامی ئادا لۆڤلێس بە ئامێرەکان هەرگیز جێی نەهێشت. بە یاوەری دایکی سەردانی زۆرێک لە کارگەکانی لە سەرانسەری ئینگلتەرا کرد و پشکنینی ئامێرەکانی کرد. هەروەها هاوڕێیەتی زانایەک دەکات بە ناوی ماری سۆمەرڤیل، کە یەکەم ژنە زانایە کە لەلایەن کۆمەڵەی شاهانە بڵاوکرایەوە. لە لایەکی دیکەوە چارڵز بابیج خەریکی دروستکردنی ئامێری داهاتووی بوو کە بریتی بوو لە بزوێنەری شیکاری (Analytical Engine). ئەم ئامێرە جۆرێکی ئاڵۆزتر بوو لە بزوێنەری جیاوازی. بزوێنەری شیکاری ئیلهامی لە ئامێرێکی قوماشی فەرەنسی بە ناوی جاکوارد لوم، وەرگرت کە تێیدا ڕێنماییەکانی لە کارتێکەوە وەردەگرێت و هەژماری بیرکاری ئەنجام دەدات. “بابیج” بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن بیرکارێکی ئیتاڵی جیۆڤانی پلانای وەرگرت بۆ ئەوەی گەشت بکات بۆ شاری تۆرین و باسی بزوێنەری شیکاری بکات. لویجی فێدریکۆ (سەرۆک وەزیرانی داهاتووی ئیتاڵیا) بەشداری لە وتارەکەدا کرد و سەرسام بوو بە ئامێری بابج. تەنانەت توێژینەوەیەکی لەسەر بزوێنەری شیکاری بۆ بڵاوکراوەیەک لە سویسرا نووسیوە.
ئادا توێژینەوەکەی وەرگێڕا بۆ زمانی ئینگلیزی و کاتێکی زۆری خۆی تەرخانکرد بۆ زیادکردنی تێبینییەکانی خۆی. ئەم تێبینیانە بەرفراوان و زۆر درێژتر بوون لە توێژینەوە ئەسڵییەکە. ئادا درکی بەوە کرد کە ئامێرەکە دەتوانێت زنجیرەیەک کار ئەنجام بدات لە دەرەوەی تەنها هەژمارکردنی ژمارەکان. ژمارەکان دەتوانن نوێنەرایەتی پیت و هێماکان بکەن و بۆ پرۆسەی داهێنەرانەتر بەکاربهێنرێن، وەک دروستکردنی ئاوازی مۆسیقی. خەیاڵی ئادا، شانبەشانی زانیارییەکانی لەبارەی زانستەوە، ڕێگەی پێدا توانای بزوێنەری شیکاری ببینێت. ئەو بیرۆکەیەی کە ژمارەیەک دەتوانێت نوێنەرایەتی شتێکی تر بکات جگە لە چەندایەتییەک، دەستپێکێک بوو بۆ گواستنەوەی جیهان لە هەژمارکردنەوە (Calculation) بۆ حیسابکردن .(Computation)
پێش بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانەکە، ئادا و بابێج ناکۆکییان هەبوو. بابێج ویستویەتی وەرگێڕانەکە بەشێک لەخۆبگرێت کە ڕەخنە لە حکومەت بگرێت کە پارەی دروستکردنی ئەو ئامێرەی نەداوە. لە کاتێک ئادا ڕەتیکردەوە ئەم کارە بکات، باباج توڕە دەبێت و هەڕەشەی ئەوەی لێدەکات کە وەرگێڕانەکە بوەستێنێت لە بڵاوکردنەوە. بەڵام وا دەرکەوت کە هەڕەشەیەکی بەتاڵە. دوای چەندین ڕۆژ لە کارکردنی هەژدە کاتژمێری، ماندووبوونی ئادا لە کۆتاییدا سوودی هەبوو. وەرگێڕانەکە لە ساڵی ١٨٤٣ لە کتێبی بیرەوەرییە زانستییەکانی تایلۆردا بڵاوکرایەوە و لەلایەن کۆمەڵگەی زانستییەوە ستایشی زۆری لێکرا.
“شوێنکەوتنی ڕێبازی باوکی”
ئادا لۆڤلێس بەم وەرگێڕانە خۆی لە کتێبەکانی مێژوودا چەسپاند. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نیازێکی نەبووە لە وەستاندنی کارە ئەکادیمییەکانی. ئادا سەرنجی خۆی خستە سەر زانستی پزیشکی، ئەزموونی خۆی لە تەکنەلۆژیای ئامێرەکاندا بەکارهێنا و پێیوابوو دەتوانرێت لە کارکردنی جەستە بە زاراوەی بیرکاری تێبگات. بەڵام بەداخەوە ئاداش شوێنپێی باوکە ئابڕووبەرەکەی گرتەبەر. ئادا هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەرێک کرد کە هیج خولیای بۆ زانست نەبوو و بێبەش بوو لە هاوڕێ نزیک کە بتوانێت نهێنییەکانی بۆ بگێڕێتەوە، لەبەر ئەوەش پشتی بە خواردنەوی کهولی بەست. هەروەها بە ئاشکرا دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵ پیاوانی دیکە، ئەمەش بووە هۆی چەندین ئابڕوچوون. لەوەش خراپتر، ئادا تووشی ئالوودەبوونی قومار بوو. حەزێکی گەورەی بۆ قومارکردن هەبوو لەسەر یاری پێشبڕکێی ئەسپ و تەنانەت پێیوابوو دەتوانرێت شێوازێک دابڕێژرێت بۆ حیسابکردنی چانسی بردنەوە. هەندێک جار بە فڕۆشتنی زێڕەکانی خۆی، پارەی خووی قومارکردنی خۆی دابین دەکرد.
ئێستا ئادا خۆی لەبەردەم بڕێکی زۆر لە قەرزدا بینیەوە، دژی خەمۆکی و نەخۆشییە جەستەییەکان شەڕی دەکرد. شانبەشانی ئازاری ڕۆماتیزم، شەڕی لەگەڵ شێرپەنجەی منداڵدان دەکرد. ئەمەش بووە هۆی ئازارێکی زۆر و خەوتنی شەوانەی قورس بوو. ئادا لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٨٥٢ لە تەمەنی سی و شەش ساڵیدا کۆچی دوایی کردوو. بەهۆی پەیوەندییە کێشەدارەکانی لەگەڵ دایکیدا، ئادا هەڵیبژارد لەگەڵ باوکیدا لە کڵێسای سانت مەریەم مەگدالین لە شاری هاکناڵ لە ویلایەتی نۆتینگامشایر بە خاک بسپێردرێت.
“کۆتا ساڵەکانی بابیج”
لە بەرامبەردا چارڵز بابیج زۆر زیاتر ژیا. هێنری کوڕی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەی لە هیندستان گەڕانەوەو هاتەنە لای بابیج بژین. بابج و کوڕەکەی پەیوەندییەکی نزیکیان هەبوو، زۆرجار بەشداری ئاهەنگەکانیان دەکرد و پێکەوە کاریان لەسەر بیرکاری دەکرد. هەروەها بابێج بەردەوام بوو لە کارکردن لەسەر پلانەکانی بۆ بزووێنەری شیکاری. لە کاتێکدا کە ئامێرەکە هەرگیز بە شێوەیەکی فیزیکی کۆ نەکرایەوە، بەڵام دیزاینە کۆتاییەکانی بۆ ئامێرەکە هێندەی تر لە چەمکی کۆمپیوتەرێکی گشتی نزیکتر کردەوە. لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیدا، بابیج زیاتر خۆڕاگری بوو، بیری لە ژیانی خۆی دەکردەوە وەک بیرکارێک. دەستی کرد بە نووسینی کۆمەڵە بیرەوەرییەک بە ناوی بڕگەی ژیانی فەیلەسوفێک Passages from the Life of a Philosopher. ئەم بەرهەمە لە ساڵی ١٨٦٤ بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵێک چیرؤک بووە لە بابیجەوە کە وردەکارییەکانی بیرکردنەوەکانی لەبارەی زانست، بیرکاری، کیمیا، جیۆلۆجی، فەلەکناسی و ئایین دەخاتە ڕوو.
بابێج لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٨٧١ لە تەمەنی حەفتا و نۆ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. هەرچەندە بزوێنەری شیکاری هەرگیز نەبووە ڕاستی، بەڵام هەڵە دەبێت ئەگەر کاروانی بابیج وەک کارێکی سەرکەوتوو نەبوو هەژماربکرێت. هەروەک ئادا، ئەم بیرکارە گەورەیە میراتێکی سەرنجڕاکێشی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە.
“شوێنی ئادا لۆڤلێس لە مێژوودا”
وەرگێڕانەکەی ئادا لۆڤلێس لە ساڵی ١٨٤٣دا بڵاوکرایەوە، بەڵام ماوەیەکی زۆری خایاند تا شتێک کە لە کۆمپیوتەرێکی مۆدێرن بچێت بێتە ئاراوە. لە ساڵی ١٩٣٦ بیرکار ئالان تورینگ توێژینەوەیەکی نووسی کە بووە بنەمای تیۆری بۆ ئەو کۆمپیوتەرانەی ئەمڕۆ بەکاریان دەهێنین. هەروەها تۆرینگ ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە جەنگی جیهانی دووەمدا بە شکاندنی ئامێری کۆدکردنی ئەڵمانی کە بە ئێنیگما ناسراوە. ئەم ئەرکەی بە هاوکاری بیرکارانی دیکە تەواو کرد، وەک گۆردۆن وێڵچمان و هیو ئەلێکساندەر. ئەم سەرکەوتنەیان بە ئەنجام گەیاند بە بەکارهێنانی ئامێرێکی میکانیکی ناسراو بە بۆمب Bombe. لە ساڵانی ١٩٥٠دا ئەو ئامێرانەی کە لە کۆمپیوتەرەکانی ئەمڕۆ دەچن و بەکاریان دەهێنین دەستیان بە دەرکەوتن کرد، هەرچەندە زۆر گەورەتر بوون و زیاتر لەلایەن کۆمپانیا و دامەزراوە و بەشەکانی زانکۆوە بەکاردەهێنران. نموونەیەکی ئاشکرا دەبێتە بێندیکس جی ١٥ Bendix G-15. ئەم کۆمپیوتەرە لەلایەن زانایەکی ئەمریکی بە ناوی هاری هاسکی دیزاین کراوە کە پێشتر لەگەڵ تورینگ کاریان کردووە لە کاتی دیزاینکردنی ئامێرێک کە بە بزوێنەری کۆمپیوتەری ئۆتۆماتیکی ناسراوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، کارەکانی ئادا لۆڤلێس و چارڵز بابیج – هەرچەندە زۆر ڕەسەنن – نابێت زیادەڕەوییان تێدا بکرێت. ڕاستە کارەکانی ئادا لەگەڵ بابیج وەک وردەکارییەکی ناڕوون مایەوە تا ئەو کاتەی بێرترام ڤی بۆودن لە ساڵی ١٩٥٣دا خێراتر لە بیرکردنەوەی Faster Than Thought بڵاوکردەوە. بە واتایەکی تر دەستکەوتەکانی ئادا لە کاریگەرییەکانی زیاتر بوون.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکی ئەم ژنە داهێنەرە هێشتا شایەنی گێڕانەوەیە. لە سەردەمێکدا کە زانایانی ژن بە شێوەیەکی ناباوەر دەگمەن بوون، ئادا بە شێوەیەکی ناوازە مێشک و خەیاڵی خۆی بەکارهێنا و هاوچەرخەکانی تێپەڕاند و جێگەی خۆی لە مێژوودا بەدەستهێنا وەک یەکەم پرۆگرامەری کۆمپیوتەر لە جیهاندا.
سهرچاوه؛
https://www.thecollector.com/ada-lovelace-first-computer-programmer/
وهرگیڕانی ئهحمهد ڕێبوار