“تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی هەموو جیهان؛ بەشداری لە بڵاوبوونەوەیان دەکات”
میشێل فۆکۆ، فەیلەسووفی فەڕەنسی بڕوای بەوە بوو کە کۆمەڵگای مرۆیی بە چەند قۆناغێکی جیاوازی بەرەوپێشچوونی ڕۆشنبیریدا تێدەپەرێت. بە شێوەیەک هەموو کۆمەڵێک بە درێژایی مێژووەکەی، بە ئاستی هۆشیاری زانستی و فەلسەفی و سیاسی و ئایینی جیادەکرێتەوە، ئەمە لە پاڵ کاردانەوە و هەڵسوکەوت کردنی لەگەڵ کۆمەڵانی تردا. لەسەر ئەم بنچینەیەش، فۆکۆ وای دەبینێت هەر کۆمەڵێکی مرۆیی وا بەستەیە بە وتارێکی زانستی کە ئەویش لەژێر کاریگەری ئاستێکی ڕۆشنبیری چەقبەستووە لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی کۆمەڵەکە، فۆکۆش ئەم وتارە بە Episteme ناودەبات، بە واتای “وتاری زاستی باو”. کەواتە، وتاری باو لە کۆمەڵگە ناوخۆییەکان کارلێک لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تر دەکات، بە شێوەیەک ئەم کارلێکە جۆرێک لە کۆنترۆڵ یان پەسەندکردن و هاوکاریکردنی لێ دروست دەبێت لە مەیدانی کولتوورە جیاوازەکان لەسەر ئاستی جیهان. گومانی تێدا نییە تەکنەلۆژیای ئێستا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بڵاوکردنەوەی فیکرە باوەکان لەسەر ئاستی جیهان.
لەم وتارەدا، هەوڵدەدەین گرنترین ئەو فیکرە باوانە باس بکەین کە کاریگەی لە سەر ڕۆشنبیری ئێستای ڕۆژئاوای هەیە، بە پشتبەستن بە گۆڤاری “زانستە مرۆییەکان” دەرچووی فەڕنسا ٢٠١٩، کە فایلێکی تایبەتی بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردبوو، لێرە بە ئەلفبێی فەڕەنسی دانە بە دانە باسیان دەکەین. بە بیرۆکەی Apocalypse کە مژدەی کۆتایی جیهان یان ڕۆژی قیامەت دەدات. ئەم بیرۆکەیە باس لە داڕمانی جیهان دەکات، پشتبەستن بە توێژینەوەکانی پسپۆڕانی حکومی سەبارەت بە کەش و هەوا و چالاکی مرۆیی کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی. خاوەنانی ئەم ڕاوبۆچوونە سەرنجی مرۆڤ بۆ ئەوە ڕادەکێشن کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەو ڕۆژەی ئەم هەسارەیە توانای ژیانکردنی تێدا نامێنێت. بیرۆکەی داهاتوو Antuspecisme بە پێچەوانەی ڕەچەڵەکی چەشنە، کار لەگەڵ تێۆری سەرکەوتنی مرۆیی دەکات کە لە ڕەگەزپەرەستی و جەندەر دەچێت. خاوەنانی ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ گیانلەبەران هاوشێوەی مرۆڤ هەڵسوکەوت دەکەن، ڕەچەڵەکی چەشن تاوانبار دەکەن، داوای ڕزگارکردنی گیانلەبەرانیش دەکەن.
بیرۆکەی دواتر Asperger یان کۆنیشانی ئەسپرجر کە بە واتای ئۆتیزم Autisme دێت، بە هەڵە وا لێکدەدرایەوە کە هەوڵێکی پەسندکراوە بۆ گۆشەگیری لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان، گەیشتن بەوەی لەو خزمانە دووربکەونەوە کە شایەنی خۆشەویستی نین. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیست (کۆنیشانی ئەسپرجر) هەوڵیدا خۆی بسەپێنێت، کە ئەمیش ناوی پزیشکێکی مناڵانی نەمسایی هەڵگرتووە، کە پێش چل ساڵ مناڵانی گۆشەگیری بەوە جیاکردووەتەوە کە لە گەشەی مێشک دوانەکەوتوون، تەنانەت خاوەن زمانێکی زۆر باشن، بەڵگەش لەسەر ئەوە؛ ئەو منداڵە گۆشەگیرانەی بوونە خاوەن ناوێکی ناسراو لە ڕۆژنامە و ناوەندە ئەدەبییەکان.
بیرۆکەی دواتر Bienveillance، واتە پەروەردەکردنی هەست و سۆزە باشەکان، پەرەپێدانی بیرۆکەی لێبوردەیی، وا دیارە ئەم بیرۆکەیە لای زۆرینە پەسەندە. بیرۆکەی دواتر Capitalocene، یان دادگایی کردنی سیستەمی کاپیتاڵیزم. لێرە پرسیارێک دەوروژێنین، کێ بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی؟ دوو وەڵام هەیە؛ هەموو مرۆڤایەتی، یان تەنها دەوڵەمەندان ئەم هەسارەیە لەناودەبەن. بیرۆکەی داهاتوو باس لە کەش و هەوا دەکات Climat، یان ئەندازیاریی جیۆلۆجی لەپێناو ڕزگارکردنی جیهان. ئاشکرایە کە پلەی گەرمی هەسارەی زەوی بەرز دەبێتەوە، بەڵام چۆن لەم کێشەیە ڕزگارمان ببێت؟ وەڵامی زانایانی ژینگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و سادە بانگەشە بۆ کەم کردنەوەی گەشەکردن دەکات. بەڵام ئەوانەی بانگەشەی بۆ دەکەن دەزانن ناتوانین خۆمان لە قیامەت یان کۆتایی جیهان بدزینەوە. بەڵام سیستەمی کاپیتاڵیزم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەو کێشانەی لە ڕێی تەکنەلۆژیاوە دروست دەبێت، دەبێت لە ڕێی تەکنەلۆژیا خۆیەوە بەرەنگاری ببینەوە. ئەمەیە بازاڕی سەدەی بیست و یەک؛ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی. دەبێت پێشبینی ئەو ئامرازە تەکنەلۆژیانە بکەین کە زەوی لە گەرمبوون ڕزگار دەکات.
لەو بیرۆکە باو و گرنگانە؛ Democrature “زۆرداری دیمۆکراتی”. ئەم ناونیشانە وامان لێ دەکات بڵیین دیموکراتی لە مەترسیدایە، بە گوێرەی ڕێکرخراوە ناحکومییەکان؛ چارەکە سەدەیەکە دیموکراتی هیچ بەرەوپێشچوونێکی بە خۆیەوە نەبینیوە لە جیهاندا؛ بەڵکو هەندێک سیستەمی دوانیزمی هەیە کە تیکەڵەیەکە لە دیموکراتی و خۆسەپاندن، لە وڵاتانی وەک (هەنگاریا و پۆڵۆنیا) گەشە دەکات. بەمەش ئازادی تاکەکەسیی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە “ڕادەربڕین، خۆپیشاندان، کۆبوونەوە، زۆربوونی دەزگا ڕۆژنامەوانییەکان…هد”. هەندێک ڕۆشنبیر هەن بە شێوەیەکی جددی پێشبینی “بەسەرچوونی دیموکراتی” دەکەن تەنانەت لە جیهانی ڕۆژئاوادا. بابەتەکە گەیشتە بەو ئاستەی ستیڤن هۆڵمز، مامۆستای ئەمریکی بەراوردێکی بایلۆجی ئەنجام بدات و دیموکراتی بە بوونەوەرێکی زیندوو دابنێت کە دەکرێت بمرێت. بەڵام ژان کلۆدی ڕۆژنامەنووس، زاراوەی Democrature بەکارهێنا بۆ ئەوەی وەسفی گۆڕانکارییە نوێیەکانی سەر دیموکراسی لە وڵاتاندا پێ بکات، وەک وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیتاڵیا و نەمسا، چونکە ئەم وڵاتانە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە دیموکراتی نییە، چونکە سەرکردەکانی جۆرێک لە خۆسەپاندن پیادەدەکەن.
لە ئێستادا ئێمە لە سەردەمی دیموکراتییەکی بێهیوایی داین. سەرەڕای ئەوەش، میلەتان هێشتا خوویان بە دیموکراتیەوە گرتووە. بە کورتی؛ ئەگەر زۆرێک لە پسپۆڕان وەک هاونیشتمانیان دان بە نەنگی و کەموکورتییەکانی دیموکراتی ڕۆژئاوایی بنێن، تەنها کەمینەیەک لە هاونیشتمانیان هەن کە سەرسامی سیستەمی دیکتاتۆرین. لە درێژەی فەرهەنگی بیرۆکە باوەکان، بیرۆکەی Epigenese یان تیۆری بەپیتکردن، ئەم تیۆرەش ئەو پرسیارە دەورۆژێنێت کە باس لە ڕۆڵی سەرەکی جینەکان دەکات لە دروستکردنی خانەی زیندوو. بیرۆکەی دواتر Happycratie یان سیستەمی دڵخۆشی. ئەم ناونیشانە پرسیارێک دەهێنێتە پێش: ئایا دڵخۆشی مەرجە؟ لە ڕاستیدا مەسەلەی دڵخۆشی بە تووندی بهرچاو خراوە، وەک ئەوەی تاک بە هەرشێوەیەک بێت، دەبێت دڵخۆش بێت، بەشێوەیەک کە خەمبار ببێت لەبەر ئەوەی لە هەندیک بارودۆخدا نەتوانێت دڵخۆش بێت، لە بارودۆخی تریشدا خەمگینە. مرۆڤێک چۆن دەتوانێت لە ژێر سێبەری سیستەمێکی زاڵی دڵخۆشی، دڵشاد بێت؟ ئایا تاک ئازاد نییە لە دڵخۆشی و خەمباریدا؟ یەکێکی تر لە ئایدیاکان کە کولتووری هاوچەرخدا بوونی هەیە؛ میواندۆستییە Hospitalite. ئەم بابەتە زیاتر پەیوەستە بە بابەتی پەناهەندەکان، هەروەها گرنگی دروستبوونی سیاسەتێکی تۆکمە کە پشت بە میواندۆستی ببەستێت، لە پاڵ کارکردن لەسەر هاندانیان بۆ دروستبوونی گیانی هاوکاری لەنێوان پەناهەندەکان و دانیشتووانە ڕەسەنەکان، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.
بیرۆکەی داهاتوو Hyperparentalite باس لە نەوەی ئێستای دایک و باوکان دەکات کە لە گرنگییەکی زۆر بە منداڵەکانیان دەدەن، بەشێوەیەک کە هەمووان دەیانەوێت منداڵەکەیان بە درێژایی تەمەنییان خۆشبەخت بن، هەروەها زیادەڕۆییەکی زۆر دەکەن لەوەی ئاگایان لە هەموو جموجوڵێکی منداڵەکانیان بێت. هەروەها دەبینین بۆ دایک و باوکی ئەم سەردەمە زانینی دەرد لە چارەسەرکردنی ئاسانترە؛ بۆیە هەوڵدەدەن باوکودایکێکی باش بن، دەشترسن لەوەی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵانێکی خراپ لە ئەستۆ بگرن. یەکێکی تر لەو بیرۆکانە، نێرسالارییە le masculinisme کە هێڕشێکی پێچەوانە ئەنجام دەدات؛ چونکە ڕەنگە جیهان بکەوێتە دەستی ئافرەتان. ئەمەش لەلایەن نێرسالارانەوە کە لە ڕێگەی تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە گوزارشت لە ترسی خۆیان دەکەن، هەروەها لە ڕێی دەنگی هەندێک لە ئەنجلۆساکسۆنییەکان، کە دەیانەوێت شکۆمەندی بۆ نێرسالاری بگەڕێننەوە. لەو بیرۆکە باوانەش کە باس لە کۆمەڵگای هەڵوەشاو دەکات No society. یەکێک لەو بابەتانەی خراونەتە سەر باس سەبارەت بەم پرسە، بابەتێکی زانای جوگرافی کریستۆف گویلوی کە پێی وایە ڕەنگە هەقیقەتی کۆمەڵایەتی دابەشکرابێت. هەر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، لەژێر کاریگەری سیاسەتی لیبراڵیزم، دووبەرەکیتیەکان مۆرکێکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەبوو، لەگەڵ نەمانی چینی مامناوەند، هەروەها لە ڕووی جوگرافییەوە، بەهۆی ئەو کەلێنە ڕۆشنبیریە گەروەیەی لەنێوان فەڕەنسای میترۆپۆلی و فەڕەنسای دەوروپشت هەبوو؛ وایان لێ هات فەڕانسایەکیان بۆ دروست ببێت کە لە چینی ڕۆشنبیر و سیاسی و دەوڵەمەند پێک بێت، کە هیچ بایەخێک بە (جیهانی دەوروپشت) نەدات.
یەکێک لەو ئایدیا باوانەی تری ئەمڕۆ le pothumanisme “پۆست مرۆڤایەتی”. لە ڕاستییدا ئارەزووی گۆڕینی مرۆڤ le transhumanisme پرۆسەی بەرەوپێشبردنی توانای جەستە و مێشک و ڕەوشتە بۆ مرۆڤ، ئەمەش لەڕێگەی تەکنەلۆژیای ئۆرگانی، بەڵام ئارەزووی (پۆست مرۆڤایەتی) شەپۆلێکی فیکرییە کە توانای دروستکردنی جۆرێکی نوێ دەخاتەڕوو لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە. یەکێک لە مژدەدەرانی ئەم شەپۆلە ئێریک دریکسلەرە کە لە ساڵی ١٩٨٦ لە کتێبەکەی بە ناونیشانی “بزوێنەرانی دروستکردن”، پێشبینی ئەوەی دەکرد کە لە رێگە تەکنەلۆژییەکانی “نانۆ” سەردەمێکی نوێ دروست ببێت، گۆڕانکارییەکی گەورەش بەسەر بوونەوەری مرۆڤدا بێنێت. سەبارەت بەم بابەتە، بیرۆکەیەک هەیە باس لەە مەترسیە ڕۆژێک دێت ئامێرەکان لە مرۆڤ زیرەکتر دەبن، لەوانەشە مرۆڤ لەناو ببەن. بەو شێوەیە جیهانی پۆست مرۆڤ مرۆیی نەبێت، بەڵکو لەژێر کۆنترۆڵی زیرەکی دەستکرددا بێت. لە ڕاستیدا دەبێت لەم بابەتە بترسین، هەرچەندە هیچ شتێک لە ئێستادا ئەوە ڕوون ناکاتەوە کە ئامێرەکان لە توانایاندایە سەربەخۆ ئیش بکەن. بۆیە ئەمەش وای کرد؛ هەندێک لە فەیلەسووفان خواستی “پۆست مرۆڤ” ڕەت بکەنەوە، کە باس لە بەرەپێشچوونی بوونەوەرە مرۆییەکان دەکات لە ڕێگەی بازاڕی کردنی.
سەرچاوە:
ما أهم الأفكار السائدة في الثقافة الغربية المعاصرة؟ د. حسن منصور الحاج، صحيفة الشرق الأوسط، 16/9/2023 .
نووسین: حەسەن منەسوور ئەلحاج
وەرگێڕان: ئەژین باجەڵان