بوونیادی دەوڵەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای سەربەخۆیی و بەشداری کردنى هەرێمەکان لە دەسەڵات بنیات نراوە. بۆیە ئەگەر دەوڵەتی فیدراڵی بە هەر ڕێگەیەك هاتبێتە كایەوە بەرەنجامێكی هاوبەشی لێ دەکەوێتەوە، کە بریتییە لە بەرجەستەكردنی سەربەخۆیی بۆ هەرێمە پێكهێنەرەكانی لە ئاستی فەرمانڕەوایی خودییدا. هەرێمە فیدراڵییەکان لە بەرەنجامی ئەو هەوڵانە دروست بوون، کە پێکهاتەکانی ناو دەوڵەتە فرەییەکان داویانە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خودی لە چوارچێوەی دەوڵەتە فیدراڵییەکەدا، لەم پێناوەشدا هەوڵی دروست کردنی کۆمەڵە دامەزراوەیەکی یاسایی و سیاسی دەدەن. ئەم پرێنسیپى سەربەخۆییە بۆ هەرێمە فیدراڵییەکان ئازادی ڕێکخستنی خودی بۆ هەرێمەکان دەچەسپێنێت، بە جۆرێک هەر هەرێمێکی ناو دەوڵەتە فیدراڵییەکە دەسەڵاتی تایبەت بەخۆی هەیە کە سەربەخۆیانە پراکتیزەی دەکات، بەدەر لە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی ناوەند.
لێرەوەیە دەبینین لە چوارچێوەی دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا، زیاتر لە کیانێکی سەربەخۆ دروست دەبێت، بە ڕەچاوکردنی سەروەری دەوڵەت. بەو پێیەی هەرێمەكان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا یەكەیەكی سیاسی پێكهێنەرن و بەشێكن لە پێكهاتەی قەوارەی سیاسی و یاسايی دەوڵەت، ئەوا بۆ بەڕێوەبردن و پیادەكردنی تایبەتكارییە پێبەخشراوەكانی، پێویست دەكات كە خاوەندارێتی تەواوی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێ كردن و دادوەری بكات. هەر لەبەر ئەمە جگە لە پێویست بوونی چوارچێوەی دەستووری بۆ دامەزراوە دەستوورییە فیدراڵیيەكان، پێویستە لە سنووری دەسەڵاتی یاسایی هەرێمەكانیش دەستوورێكی هەرێمی هەبێت بۆ دیاریكردنی دەسەڵاتەكان و ڕێكخستنی پەیوەندییەكانیان. لەبەر ئەوە دەبینرێت لە سیستەمی فیدراڵیدا دەرفەت ڕەخسێنراوە بۆ هەرێمەكان بۆ ڕێكخستنی دەستووری، وە گرنگترین سیمای سەربەخۆیى یەکە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتە فیدراڵییەکان ئەوەیە کە مافی هەبێت دەستووری تایبەت بەخۆیان هەبێت.
لە ڕاستیدا بناغەى سەربەخۆیى دەستوورى بۆ هەرێمەکان لە دەوڵەتى فیدراڵیدا دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاریی کردن لە تایبەتمەندى بارودۆخى نەتەوەی و سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى خودى هەرێمەکان بەڕێگەى دەقى دەستوورى، هەروەها دۆزینەوەى چارەسەر بۆ کێشە و گرفتەکانى تایبەت بە هەرێمەکان و ڕێکخستنى سیاسى لە هەرێمەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەستوورى هەرێمەکان ڕەچاوى سەرپێچى نەکردنى دەستوورى فیدراڵى بکەن. هەروەها دەکرێت بڵێین، یەکێکی دیکە لە ڕوخسارەکانی پرێنسیپی سەربەخۆیی هەرێمە فیدراڵییەکان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا ئەوەیە، کە هاوشێوەی هەموو دەوڵەتێکی سەربەخۆ مافی پێکهێنانی دامەزراوە دەستوورییەکانی فەرمانڕەوایی هەیە، کە خۆی دەبینێتەوە لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێ کردن و دادوەری. دەوڵەتانی فیدراڵی وەک بنەما لە میانەی ئەو سەربەخۆیەی بە هەرێمەکانیان بەخشیوە، ئەو مافەیان داوە بە هەرێمەکان کە پەرلەمانی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، کە بە ئەرکی یاسادانان بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناوخۆییی هەرێمەکە هەستێت.
لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی سەربەخۆی خۆشیان هەبێت، بۆ جێبەجێ کردنی ئەو یاسایانەی لە هەرێمەکاندا لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمەکەوە دەرچووە، لە هەمان کاتدا هەرێمەکان مافی پێکهێنانی دامەزراوەی دادوەریشیان هەیە، کە پێکهاتە و جۆر و پلەبەندی و پەیکەری ڕێکخستنیان بەپێی دەستوور و یاسای هەرێمی دیاری دەکرێت، تاکوو ئەرکی یەکلایی کردنەوەی ناکۆکی، گرفت و کێشە یاساییەکان لە ئەستۆ بگرێت. بە هەمان شێوە، پرێنسیپى سەربەخۆیى هەرێمەکان لە دەوڵەتى فیدراڵیدا وا دەخوازێت حکوومەتى هەرێمەکان سەرچاوەى دارایى پێویستیان لە بەردەست بێت بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکەکانیان، لەبەر ئەوەى سەرچاوەى دارایى بە یەکێک لە پێداویستییە گرنگەکان بۆ ڕایى کردنى کاروبارەکانى هەر حکوومەتێک دادەنرێت بەبێ جیاوازى ئەوەى ئەو حکوومەتە، حکوومەتى فیدراڵی، یان حکوومەتى هەرێمەکان بێت. بۆیە هیچ حکوومەتێک ناتوانێت بەبێ سەرچاوەى دارایى پێویست هەڵسێت بە جێبەجێ کردنى ئەو کارانەی کە لە ئەستۆى دایە. لەسەر ئەم بنەمایەش پێویستە هەموو هەرێمێک لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، بودجەیەکى تایبەت بە خۆى هەبێت و سەربەخۆ بێت لە بودجەى حکوومەتە فیدراڵییەکە.
بەگشتی دەکرێت بڵێین، پرێنسیپى سەربەخۆیى هەرێمە فیدراڵییەکان لە دەوڵەتى فیدراڵیدا خۆی لە چەند بوارێکدا دەبینێتەوە، کە بریتییە لە:
سەربەخۆیی دەستووری هەرێمەکان، سەربەخۆیی دامەزراوە دەستوورییەكان لەسەر ئاستی هەرێمەكان، لەگەڵ سەربەخۆیى پرسی دارایى لە هەرێمە فیدراڵییەکان.
پەراوێز و سەرچاوەکان:
بەگشتی دوو ڕێگە بۆ دروست بوونی دەوڵەتی فیدراڵی هەیە: یەكەم، دروست بوونی دەوڵەتی فیدراڵی لە ئەنجامی یەكگرتن و هاتنە پاڵ (الاتحاد بالتجمع والإنضمام): بە گوێرەی ئەم ڕێگەیە كۆمەڵێك هەرێم بە بڕیارێكی هاوبەش بڕیاری یەكگرتنێكی فیدراڵی دەدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان. لە ئەنجامدا یەك دەوڵەتی فیدراڵی سەربەخۆی خاوەن سەروەری دروست دەبێت. لە نموونەی ویلاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ساڵی 1787، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو لە ساڵی 1971 و سویسرا لە ساڵی 1848.
دووەم، دروست بوونی دەوڵەتی فیدراڵی لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوە یان دابەشبوون (الاتحاد بالتفكك): بە گوێرەی ئەم ڕێگەیە دەوڵەتێكی سادە دەگۆڕدرێت بۆ دەوڵەتێكی ئاوێتە و دابەشی سەر چەند هەرێمێک دەبێت، پاشان بە گوێرەی دەستووری فیدراڵی یەك دەگرن و دەوڵەتێكی فیدراڵی پێكدەهێنن. وەک فیدراڵییەتی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی 1922 و ئێراق لە دوای ساڵی 2005.
(١) سۆران علی حسن، دامەزراوە دەستوورییەكان بۆ گەرەنتی مافی هەرێمەكان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا “ئێراق بە نموونە”: توێژینەوەیەكی شیكارییە، دكتۆرانامە، كۆلێژی یاسا، زانكۆی سەلاحەدین- هەولێر، ئایاری 2019.
(٢) د. چواس حسن رسول، الهيئات المستقلة المتخصصة بضمان مبدأ المشاركة في النظام الفدرالي: دراسة في إطار الدستور العراقي الدائم لسنة 2005، مجلة قەڵای زانست، جامعة اللبنانية الفرنسية أربيل، العدد (1)، المجلد (4)، شتاء 2019