ڕێکخراوی یونێسکۆ ساڵی ۱۹۹۹ بڕیاری دا، کە ۲۱ی فێبرەوەری [۲ی ڕەشەمێ]ی هەموو ساڵێک، ببێت بە ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک [International Mother Language Day]. دەستنیشانکردنی ئەو رۆژە بۆ ڕێزگرتن لەو قوتابیانەی نێو بزووتنهوهی زمانیی بهنگلایی [Bangla Language Movement] دەگەڕێتەوە، کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی ۲۱ی مانگی فێبرەوەری ساڵی ۱۹٥۲ بە تەقەی پۆلیسی پاکستانی و بە فەرمانی دەوڵەت، کوژران و گیانیان لەدەست دا. ئەم ڕێکخراوە وەکوو چەندان گەمژەکارانەی دیکەی خۆی، ڕووداوێکی ساکاری دووبارەنەبووەوەی بەنگلادییەکان دەکات بە ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماک، کەچی ئاوڕ لە نەتەوەی کورد و زمانی کوردی ناداتەوە، کە لە ماوەی سەتەی ڕابردوو هیچ نەتەوە و زمانێک هێندەی کورد و کوردی بەر داپلۆسین و تیرۆر و میلیشیایی فەرهەنگی نەکەوتوون.
لە زمانە ئۆیڕوپی و ڕۆژەڵاتییەکان، زاراوەی [زمانی دایک] دانراوە و بووە بە زاراوەیەکی جیهانی و نێونەتەوەیی:
ئەڵمانی: Muttersprache
ئینگلیزی: Mother tongue
فرەنسی: langue maternelle
ئیسپانی: lengua materna
عەرەبی: اللغة الأم
فارسی: زبان مادری
تورکی: ana dili
بەڵام لە زمانی کوردی، جگە لە بەکارهێنانەوەی [زمانی دایک] هەمان زاراوە، ئەوا [زمانی زگماک]یش بەکار دەهێنرێت. زگماک یان سکماک وشەیەکی کوردییە، زگ واتاکەی ڕوونە، وەک ماناش لێرە واتای وجوود دەبەخشێت، ماکیش واتە شەقڵ، ماکگرتن و ـ تەبع ـگرتن بە شتێک. هەردووک وشە پێکڕا واتایەکی نوویان درووست کردووە، کە بریتییە لە خواسایی/ الفطري/inborn. کاتێک کورد دەڵێت: [لە زگماکییەوە زمانم لاروپتە]، ئەوا واتە لە لەدایکبوونەوە بەو شێوەیەم. بەڵام پێوەندی واتایی و چەمکێتی لەنێوان زگماک و زمانی دایک چییە؟
نووسەر و زمانکارانی دوای ج١.ج۲، زۆر وردەکارانە ئەو زاراوەیان بەکار هێناوەتەوە. واتای دەستپێک و لەخۆوەچێبوون-یان دووبارە لە کێڵگە واتاییەکەی زگ-ماک خواستووە و لەگەڵ زمان بە واتای زمانی زگماک بەکاریان هێناوەتەوە. هیچ هەڵەیەکی واتایی بەدی ناکرێت، بگرە وردەکاریی بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە، یەکجار بالکێشە.
زمانی دایک چەند پێناسەیەکی هاوتەریبی بۆ کراوە، بەڵام پوختە و کورتەی پێناسی زمانی دایک بریتییە لە:
the language which a person has grown up speaking from early childhood.
ئەو زمانەیە، کە مرۆڤ لە قۆناخی زارۆکی و منداڵیی خۆی، فێری دەبێت و پێی گەورە و هەراش دەبێت.
لێرەدا بەوە دەگەین، کە زمانی دایک مەبەست لێی کتومت ئەو زمانە نییە، کە دایکی [بایەلۆجی] هەر مرۆڤێک پێی دەدوێت، بەڵکوو زاراوەی [زمانی دایک]یش ماناکەی خواستراوە و ئاوێتە کراوە بۆ ئەو زمانەی، کە مرۆڤ لە دەستپێکی گەشتی ژیان فێری دەبێت و فرچکی پێ دەگرێت.
ـ مرۆڤگەلێک لە ئەفریکا زمانی دایکیان بووە بە فرەنسی، لەکاتێک لە ژینواردا فرەنسی زمانی دایکەکانیان نییە و هەندێکیان یەک ڕستەشی لێ نازانن. بەڵام وەک چەمک، بەڵێ زمانی فرەنسی زمانی دایک/زگماکی ئەو مرۆڤانەیە.
ـ مرۆڤ هەیە لە تەمەنی کۆرپەلەیی یان زارۆکی دایکی دەمرێت، یان لە دایکی دوور دەکەوێتەوە. باوکی منداڵەکەش بە زمانێک دەدوێت، کە لە زمانی دایکی منداڵەکە جیایە. لەو دۆخەدا منداڵەکە لەسەر زمانی باوکی گەورە دەبێت، زمانی باوکی دەبێت بە زمانی زگماکی، بەڵام سەرباری ئەوەش ناوی ئەو زمانەی کە لە باوکی و کەسوکاری باوکی فێری بووە، هەر بە [زمانی دایک] ناو دەبرێت.
ـ لە تاراوگە منداڵانێک هەن، کە نە زمانی باوک و نە زمانی دایکیان بوون بە زمانی زگماک، لە دۆخێکی دوورەماڵباتی هەراش بوون و زمانی قوتابخانە و خەڵکی کۆڵانەکانیان بوون بە زمانی زگماکیان، بەڵام ئەو زمانەش هەر بە [زمانی دایک] ناو دەبرێت.
زاراوەی “زمانی زگماک” داهێنانی من یان کەسێکی ئەم ڕۆژگارەمان نییە، لەوەتی لەنێو لاپەڕەی کتێبە کوردییەکان چاوم کردووەتەوە، هەر “زمانی زگماک”م بەرچاو کەوتووە و پێمان و لێمان نامۆ نەبووە، کەچی بەو ڕۆژە گەیشتووین، کە نووسەری کورد فەتوا بدات و بڵێت: ئەوەی زاراوەی زمانی زگماک بەکار بهێنێت، ئەوا کوردی نازانێت!
ئەوانەی لەسەرەتا ئەم زاراوەیان مەزراند (لە نموونەی: د. ئاوڕەحمانی حاجی مارف و مەلای مودەڕیس و شێخی خاڵ…تاد) ئەوانە بوون، کە لە کوردیزانی و کوردیناسیدا سەرمەشقی ڕۆژگاری خۆیان بوون، بۆ ئێمەش بوون بە ڕێخۆشکەری بەکوردینووسین. ئەوانیش دەیانزانیی، کە واتای زگ و ماک چین و لە بێئاگاییەوەش زاراوەی “زمانی زگماک”یان دانەمەزراند. بەڵام تەمەنی زاراوەی “زمانی دایک” زۆر نییە، بەم دواییانە کەوتە نێو نووسین و میدیای کوردی.
ڕەخنەی سەرەکی ئەوەیە، کە زگماک واتایەکی دیکەی هەیە و نابێت بۆ ئەم چەمک/تێگەیە ببێت بە زاراوە. بەڵام ئەمە بەهانەی نازانستی و سەودای نازانستییە لەگەڵ زاراوەسازی و ڕێبازەکانی. بەو پێوانەیەی ئەوان بێت، دەبێت نیوەی زاراوە کوردییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە.
زمانی زگماک، زاراوەیەکی تەواو کوردی و خۆییانەیە بۆ چەمکی زمانی دایک. ئەگەر لە ماناشدا کتومت بە چەمکەکە تەبا نەبێت، ئەوا هێشتا لە زاراوەی زمانی دایک بە چەمکەکە تەبا و لەپێشترە. “زمانی دایک” ئەگەرچی بووە بە زاراوەیەکی جیهانی، بەڵام ئێستە هەر لەو جیهانەدا ئەم زاراوەیە ڕەخنەباران دەکرێت، هەڵبەت بە هۆی ناتەبایی واتایی نێوان زاراوە و چەمکەکە، هەروەتر لەبەر سەرهەڵدانی لە سەروبەند و هەڵومەرجە سیاسییە تایبەتەکەیەوە. لەنێو زمانکارانی جیهان، مشتومڕی بەردەوام لەسەر زاراوەی “زمانی دایک” لەگۆڕێدایە. نەخاسمە کە چەندە ئارێشەیەکی زمانییە، هەندەش ئارێشەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتییە.
لە زۆر وڵاتی ئەوڕوپی و ئاسیایی لەجێی زاراوەی زمانی دایک، زمانی یەکەم (L1)بەکار دەهێنرێت. لە هەندێ وەڵاتی تر، زاراوەی “زمانی کۆرپەلە/زمانی شیری” بەکار دەهێنرێت و جێی گرتووەتەوە.
سەرباری ئەوەش، چەندان ڕەخنە لە پاشخانی کولتووری و ئایدۆلۆژیایی ئەم زاراوەیە گیراوە. بە شیکارییەکەی فەلسەفەکار و ڕەخنەگری نەمسایی ئیڤان ئیللیش Ivan Illich بێت، ئەوا ئەوە ڕەبەنە کاسۆلیکییەکان بوون، کە بۆ هەوەڵین جار زاراوەی [زمانی دایک]یان بۆ ئەو زمانە تایبەتەی خۆیان داهێنا، کە زمانێکی جوایەز و جێگرەوەی لاتینی بوو و بەو زمانە لەسەر مینبەرەکان وەعزیان بۆ خەڵک پێشکێش دەکرد. “زمانی دایک”یش، مەبەستیان (کڵێسای پیرۆزی دایک) بوو، کە لە کولتووری کاسۆلیکیدا کڵێسا بە دایک هەژمار و پێناس دەکرێت. هەروەتر ئیڤان دەڵێت: داگیرکارەکان ئەم زاراوەیەیان بەنێو گەلانی داگیرکراودا بڵاو کردەوە.
با ڕاست بڕۆین، ئێستە زاراوەی [زمانی دایک] دووبارە لەو جیهانەدا کەوتووەتەوە بەر نەشتەر و ڕەخنە. وا وڵاتان بە شێوەی جودا، زاراوەی جێگرەوەی بۆ دەدۆزنەوە. بەڵام کە نووسەرانی سەت ساڵی ڕابردووی ئێمە، بە دوو زاراوەی جوان و گونجاوی وەک [زمانی زگماک] و [زمانی شیری] گوزارەیان لەم چەمکە کردووە، کەچی ئێمە بەهەندیان وەرناگرین. دێین سەرکۆنەی زاراوە خۆیی و کوردییەکانی خۆمان دەکەین و ئەوانەش، کە زاراوەی “زمانی زگماک” بەکار دەهێنن، بە کوردینەزان و نەزانیان دادەنێین.
لە جیهانی نوو زمان کێشەی زاراوەیی نەماوە، ئێستە لە قۆناخی پەرینەوە بەرەو زمانی کۆدییە، زمانێکی کورتبڕی خێرای گونجاو بە قۆناخە کاتبەندییەکەی گەشەی مرۆڤایەتی، کەچی مەخابن زمانی کوردی و زمانە دراوسێیەکانی، هێشتە لە قۆناخی زاراوە چەقیون، چەقینێکی پڕ لە گرفت و ئارێشەش.