جەنگى جیهانى دووەم بە شکستى ژاپۆن کۆتایى هات، بەڵام کاربەدەستانى ئەو وڵاتە لەڕێگەى ریفۆرمکردنى سیستمى پەروەردە و بوونیادنانەوەى کەسایەتى ژاپۆنى، بە سوود وەرگرتن لە کولتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکان و رووکردنە زانست و تەکنەلۆژیا، شکستیان گۆڕى بۆ سەرکەوتن و چیرۆکێکى ناوازەى سەرکەوتنیان نووسیەوە. ژاپۆن دەکەوێتە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیاوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای هێمن، لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ کۆریای باشوور و چین، لە باکوورەوە لەگەڵ ڕووسیا هاوسنوورە. کۆی ڕووبەرەکەی (٣٧٧ هەزار و ٨٧٣) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کەمێک لە ڕووبەری هەریەکە لە فینلاند و ڤێتنام و مالیزیا گەورەترە. پایتەختەکەی تۆکیۆیە، ژمارەى دانیشتوانى زیاتر لە (123) ملیۆن کەسە. وڵاتێکى یەک رەنگە و کەمایەتى نەتەوەیى و ئایدۆلۆژى ئەوتۆى تێدانییە.
“لە شەڕەوە بۆ ئاشتى”
لە مانگى ئابى (1945)، ژاپۆن بەخۆڕادەستکردنى بە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى، شکستى خۆى لە جەنگى جیهانى دووەمدا راگەیاند، بەڵام لە (15/9/1945) لە چوارچێوەى پلانێکدا کە بە (سیاسەتى فێرکردن بۆ بوونیادنانى ژاپۆنێکى نوێ) ناسرا، بڕیاریاندا بە قەدەغەکردنى هەر بیرۆکەیەک کە مەیلى سەربازییانەى هەبێت، وەکو وانەکانى راهێنانى سەربازى، پاشان هەموو کۆمەڵەکانى خوێندکارانیان هەڵوەشاندەوە کە لە سەروەختى جەنگەکەدا دروستکرابوون و زیاتر سرووشتێکى سەرباییانەیان هەبوو، لەبرى ئەوەى بڕیاریاندا بە دروستکردنى کۆمەڵەى خۆبەخشى گەنجان بۆ ئەنجامدانى چالاکى مەدەنى. هەروەها بڕیاریاندا رووبکەنە ئەو دیاردانەى کە سروشتێکى ئاشتیانەیان هەیە، بە ئامانجى کارکردن بۆ بنیاتنانى دەوڵەتێک کە هەوڵبدات بناغەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە جیهاندا بچەسپێنێت.
هەرچەندە لە سەروەختى جەنگى جیهانى دووەمدا، ئەمەریکا هەردوو شارى هێرۆشیما و ناکازاکى ژاپۆنى بە بۆمبى ئەتۆمى کۆمەڵکوژ کرد، بەڵام ژاپۆنییەکان لەدواى کۆتایى هاتنى جەنگەکە بڕیاریاندا سەرنجی خۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەروەردە و خۆشەویستی بۆ زانست و ئاشتی چڕ بکەنەوە، بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجەش بڕیاریاندا سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە کتێبى قوتابخانەکاندا بکەن، تاوەکو لەگەڵ سیاسەتى نوێى پەروەردەیى دەوڵەتدا بگونجێت، هەروەها راهێنان بە تەواوى مامۆستایان بکەن، تاوەکو لەگەڵ پێداویستیەکانی قۆناغی نوێدا بگونجێن. بۆ سەرکەوتنى پلانەکەشیان، بڕیاریاندا بە ریفۆرمکردنى پەیکەرى کارگێڕى وەزارەتى پەروەردە، تاوەکو لەگەڵ ئەو چاکسازییانەدا بگونجێت کە پلانى بۆ دانرابوو. لە قۆناغى دواى جەنگدا، ژاپۆنییەکان بڕیاریاندا لەبرى گرنگیدان بە پەروەردەی پیشەیی، زیاتر جەخت لە زانست و ناوەندەکانی توێژینەوە بکەنەوە. هەروەها بایەخ بە وانەکانى پەروەردەى جەستەیى بدەن کە سروشتێکى وەرزشییانەى هەیە، بەئامانجى زیادکردنى چالاکیە وەرزشییەکان کە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنى هەلى دۆستایەتى لەنێوان دەوڵەتانى جیهاندا.
یەکێکى دیکە لە تەوەرەکانى پلانەکە، رەخساندنى دەرفەتى خوێندن بوو بۆ کەسانى بەتەمەن، سەربارى جەختکردنەوە لە وانەکانى پەروەردەى خێزانى و بەهێزکردنى ئاستى رۆشنبیرى خوێندکاران، لەگەڵ پابەندبوون بە بەها ئاینییەکانى گەلى ژاپۆن، کە جەخت لە هەوڵدان بۆ دۆستایەتى و ئاشتى لەنێوان گەلانى جیهاندا دەدات.
“قۆناغى سەرەتایى لە ژاپۆن”
لە ژاپۆن سیستمى خوێندن بە شێوەى (6 – 3 – 3 -4) ساڵە، واتە شەش ساڵ لە قۆناغى سەرەتایى، سێ ساڵ لە ناوەندى و سێ ساڵ لە ئامادەیى و چوار ساڵ لە زانکۆ. یەکێک لەو وانانەى لە پۆلى یەکى سەرەتایی هەتا پۆلى شەش دەخوێنرێت بەناوی (رێگا بەرەو ئەخلاق)ە، لەڕێگەیەوە منداڵان فێری ئەخلاق و هونەری مامەڵەکردن دەکرێن. لە قوتابخانەکانى ژاپۆن، رۆژانە منداڵان بۆ ماوەی چارەکێک لەگەڵ مامۆستاکانیاندا قوتابخانەکانیان پاک دەکەنەوە، پاشان قوتابيان و مامۆستان پێکەوە لە قوتابخانەدا نان دەخۆن، ئەو ژەمەش هەر لە قوتابخانەکە ئامادەکرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە تام و پاکوخاوێنى خواردنەکەش، دەبێت بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشى هەموویان لێى بخوات. منداڵان فڵچەی ددان لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ قوتابخانە، بۆ ئەوەی دوای نانخواردن ددانەکانیان بشۆن، بەمەش هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری پاراستن و بایەخدان بە تەندروستییان دەکرێن.
لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا پۆلی سێیەمی ناوەندی دەرنەچوون (راسب)بوون نییە، چونکە ئامانجی ئەم قۆناغە تەنها فێربوون نییە، بەڵکو پەروەردە و بوونیادنانی کەسایەتى و چاندنی چەمکەکانە. لەم قۆناغەشدا ڕێگە بە مامۆستایان دەدرێت سزا لەدژی قوتابیان بەکاربهێنن، بەڵام بەکۆمەڵێک مەرج سنووردارکراوە، لەوانە سزای جەستەیی قەدەغەیە. تەواوى مامۆستایان و بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانیش دەبێت دەرچووى دامەزراوەکانی ئامادەکردنی مامۆستایان بن و کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی لاوازیان نەبێت. لەوەڵامى ئەوەشدا ئایا نهێنی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا لە ژاپۆن چییە، سەرۆک وەزیران وتى: مووچەی وەزیرێک و پارێزبەندی دیپلۆماتکارێک و شەرەفی ئیمپراتۆرمان بەخشى بە مامۆستایان و سەرکەوتنمان بەدەستهێنا.
“وەزارەت و سیستمى پەروەردە”
سیستمی پەروەردە لە ژاپۆن لەسەر بنەمای ناوەندگەرایی و لامەرکەزی دامەزراوە، بەو پێیەی ناوەندگەرایی کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی لە پەروەردەدا لەنێوان هەموو توێژەکانى خەڵکی ژاپۆندا، هاوکات لامەرکەزی کاردەکات بۆ ئەوەی دەستەیەکی بەڕێوەبردنی پەروەردە لە هەر پارێزگایەکی ژاپۆندا هەبێت کە لە پێنج کەس پێکهاتبێت. ئەو دەستەیەش بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن و کوالیتی خوێندن لە هەر پارێزگایەکدا. وەزارەتی پەروەردەی ژاپۆن بڕیار لە چوارچێوەی گشتی بۆ مەنهەجی ئەکادیمی لە هەموو بابەتەکاندا دەدات، تەنانەت بەوردی ناوەڕۆک و مەنهەجی هەر بابەتێک و ژمارەی کاتژمێرەکان بۆ فێربوون دیارى دەکات. واتە لە تەواوى ژاپۆندا یەک مەنهەج دەخوێندرێت.
سیستمی پەروەردەی ژاپۆنی گرنگترین پێکهاتەکانی لە كولتوور و سرووشتی کۆمەڵگاکەی و ڕۆحی نەتەوەکەی و پێداویستییەکانی نيشتيمانەکەیەوە وەرگرتووە، ڕەنگدانەوەی مۆدێلی پەروەردەیی بیانی نییە. ڕێگە بە فرەیی مەنهەج و فەلسەفەی پەروەردەیی نادات، چونکە پەروەردە لە ژاپۆن بە خزمەتکردنى نیشتمان و ئەرکێکی نەتەوەیی دادەنرێت. هەربۆیە سەربارى فشار و رەخنەکانى ئەمەریکا و رۆژئاوا، ئاراستەیەکى لیبڕاڵى وەرنەگرتووە و پارێزگارى لە کولتوور و داب ونەریتى ژاپۆنییەکان کردوە، بە ئامانجى هێشتنەوە و پاراستنى تەبایى و یەکێتى گەلى ژاپۆن. ژاپۆنییەکان لە ساڵی (١٩٨٩)ەوە سەرکەوتوو بوون لە پێداچوونەوە بە بەرنامە پەروەردەییەکان و پاککردنەوەیان لە بەها تاکەکەسییە هاوردەکراوەکان، هەروەها لە زیادکردنی بەرنامەکانی ڕەفتار و ئەخلاق بە شێوەیەکی چڕوپڕ، هەر دە ساڵ جارێکیش پێداچوونەوەیەکى تەواوەتی بە سیستمى پەروەردەدا دەکەن.
ژاپۆنییەکان لە مانگی ئازاری ساڵی (١٩٤٧)ەوە یاساى بنەڕەتى پەروەردە و قوتابخانەکانیان داڕشت، تیایدا ئامانجى پەروەردەى وڵاتەکەیان دیاریکرد کە بریتییە لە گەشەپێدانی تەواوەتی کەسایەتی تاک، پەرەپێدانی خۆشەویستی بۆ حەقیقەت و دادپەروەری، بەرز نرخاندنی بەهاکانى ئەوانی تر، ڕێزگرتن لە کار و قووڵکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتی و پشت بەخۆبەستن و سەربەخۆیی، پەرەپێدانی ڕۆشنبیری لە ڕێگەی ڕێزگرتنی یەکتر و هاوکاری و ڕێزگرتن لە ئازادی ئەکادیمی و ژیانی ڕاستەقینە، هەروەها جەخت لە پێدانی دەرفەتی یەکسان بە هەموو لایەک بۆ بەدەستهێنانی خوێندن دەکاتەوە، دەوڵەتیش هاوکاری دارایی ئەو کەسانە دەکات کە ناتوانن بەردەوام بن لە خوێندن.
“تایبەتمەندى کەسایەتى و سیستمى کۆمەڵایەتى”
دەرەنجامى سیاسەت و بڕیار و رێکارەکانى دەسەڵاتدارانى ژاپۆن لەماوەى زیاتر لە حەفتا ساڵى رابردوودا، بووە هۆى ئەوەى تاکى ژاپۆنى کەسایەتییەکى بە دیسپلین بێت، کاتى بەلاوە پیرۆزە و رێز لە سیستم دەگرێت، داهێنانەکانى لە چوارچێوەى تیمدایە. بە تووندى پابەندە بە هونەرى مامەڵەکردن و رێسا باڵاکانى بازرگانى کە بریتین لە راستگۆیى و ئەمانەتپارێزى. لە ژاپۆن، یاسا بۆ لێپێچینەوە لە سەرپێچیکاران زۆر تووندە، یاسا بەسەر هەژار و دەوڵەمەند، وەزیر و فەرمانبەردا جێبەجێ دەکرێت. کاتێک سەرپێچیەک ئاشکرا دەبێت، لە هۆکارەکانى روودانى دەکۆڵنەوە و لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانى دەکەن. جگە لەوەى بەها کۆمەڵایەتیەکان داواى لێبوردنکردن بەسەر کەسەکاندا دەسەپێنێت. بۆیە پۆزش دەهێننەوە و لە زۆربەى کاتەکاندا دان بە هەڵەکانیاندا دەنێن. خێزانەکان لە ژاپۆن پێداگرى لەسەر بەها کۆمەڵایەتیەکان دکەن، بۆیە هەر لە منداڵیەوە منداڵەکانیان دەخەنە قوتابخانەکاتى تایبەت بە بەهاکانەوە، بەجۆرێک زیاتر لە (90%)ی منداڵانی ژاپۆن، بەر لەوەى بچنە قوتابخانە، لەسەر خەرجى باوانیان دەخرێنە باخچەکانى منداڵانەوە. هەروەها خێزانەکان لێبڕاوانە هەوڵدەدەن بۆ دابینکردنى کەشێکى گونجاوى خوێندن، تاوەکو منداڵەکانیان لە خوێندندا سەرکەوتووبن.
لە قوتابخانەکاندا قوتابیان لەسەر خوێندن تا ئاستى باڵا و وەرگرتنى نەریتى فێرکارى باڵا پەروەردە دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ژینگەیەکى فێرکارى بەرهەمهێنەر و سیستمێکى کاریگەریان بۆ دابینکراوە، جگەلەوەى لەدواى تەواوکردنى خوێندن، هەلى کارکردنیان بۆ دەڕەخسێنرێت، ئەوەش وایکردوە تاکى ژاپۆنى هەست بە ئارامى و دڵنیاییەکى زۆر بکات.
“بەرهەم و دەستکەوتەکان”
ئەو سياسەت و ڕێوشوێنانەى کاربەدەستانى ژاپۆن لەدواى جەنگى دووەمى جیهانى بۆ بووژانەوەى وڵاتەکەیان پەیڕەویان کرد، بووە هۆى ئەوەى لەئێستادا کۆمەڵگا و تاکى ژاپۆنى بەوە بناسرێتەوە کە وڵاتەکەى زۆر خۆشدەوێت و ئامادەیە لەپێناویدا خۆى بەخت بکات. هەروەها کار و کات بەلایەوە پیرۆزە، حەز و ئارەزویەکى زۆرى بۆ سەرکێشى هەیە و ئیرادەیەکى هەیە کە هیچ ڕێگایەک بە مەحاڵ نازانێت. لەشێوازى کارکردندا رۆحیەتى کارکردنى بەکۆمەڵ بەسەریاندا زاڵە، دڵسۆزییەکی زۆریشیان بۆ ئەو دامەزراوانە هەیە کە کارى تێدا دەکەن. جگەلەوەى بۆ وەرگرتن و خۆگونجاندن و تێکەڵاوبوون لەگەڵ کولتوور و ژیارەکانى دیکەدا، توانایەکی زۆر و زەوەندیان هەیە، بەبێ ئەوەی کلتورى ڕۆژهەڵاتیانەى خۆیان لەدەستبدەن. هەروەها بەردەوام لە هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی خود و حەز و خۆشەویستیەکی زۆریان بۆ لێکۆڵینەوە و زانین و خوێندنەوە هەیە.
ژاپۆنیەکان تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ چەمکی ئازادی هەیە، بۆیە لە هەموو بوار و کایەیەکى ژیاندا میانڕەوانە رەفتار دەکەن، بایەخێکى زۆریش بە دروستکردن و پتەوکردنی چەمکی دۆستایەتی لەگەڵ گەلانی جیهاندا دەدەن. لەسەر ئاستى ناوخۆش، هەستێکی قوڵى بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵیان هەیە، بەو مانایەى وەک چۆن مافیان هەیە، ئاوەهاش بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەیان ئەرکیان لەسەر شانە. بۆیە لە سایەى پەروەردە و کلتور و هەوڵى کاربەدەستەکانیان، گەیشتوونەتە ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
سەرچاوەکان؛
یەکەم: د. نادیە فاضل عباس فضلى: البنیە الاجتماعیە فى الیابان و الدروس المستفادە عراقیا، مجلە العلوم السیاسیە، العدد (55)، لە (31/7/2018)، لاپەڕەکانى: 269 – 299.
دووەم: د. کاظم هيلان محسن و جعفر عبدالله جعفر: سياسة التعليم الجديدة فى اليابان بعد انتهاء الحرب العالمية الثانية عام (1945)، مجلة ابحاث البصرة للعلوم الانسانية، العدد (1)، (2018)، لاپەڕەکانى (103 – 120).
سێیەم: نظام التعليم فى اليابان (تقرير مفصل)، موقع مصر اونلاين.
چوارەم: عشرە اسباب لتقدم الیابان، ماڵپەڕى (youandinfo.com)