زۆربەی حەکیمە ئیسلامییەکان جەخت لەسەر گرنگی و پێگەی ئاوەز (ئەقڵ) دەکەنەوە، لە ترادسیۆنی ئیسلامییدا ئاوەز بایەخ و ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە، یەکەم درووستکراوی خودایە و تەواوی جیهان دەرکەوتەی ئەوە و هەر ئاوەزیشە کە ڕوخسار دەداتە جیهانی ماتریاڵ و بەرزفت (تصرف) بەسەر جیسمەکاندا دەکات، نەک هەر پێگەی ئاوەز لە سەرووی هەموو شتەکانی ترەوەیە بەڵکو لە ڕووی پلە و مەقامەوە پێشەوایەتی نەفسیش دەکات و نەفس لە هەنتەش (حضور)ی ئاوەزدا وەرگرە و ڕووناکی و درەوشانەوە لە ئاوەزەوە وەردەگرێت. لە لای حەکیمە مەشائییەکان (فارابی و ئیبن سینا) کە بە ئەرستۆییەکانیش ناو دەبرێن، ئاوەز پلەبەندی هەیە و قۆناغ بە قۆناغ مرۆڤ دەتوانێ دەستی بگاتە ئەو پلە و مەرتەبانە.
لای ئیشراقییەکانیش بەرئاوەزەکان (معقولات) دە دانەن. هەقایق لە ئاوەزی یەکەمەوە دێنە خوار تا دەگەنەوە بە ئاوەزی دەیەم کە پێی دەوتری ئەقڵی کارا (عقل فعال). ئەمەی کۆتایی لە لای عاریفان پێی دەگوترێ فریشتەی مەعریفەت و ڕۆحی پیرۆز کە لە کڵێشە دینییەکەدا بە جوبرەئیل (فریشتەی وەحی) ناوزەد دەکرێت. بینا لەسەر ئەم ترادسیۆنە دەستڕاگەیشتن بە ئەقڵەکانی دیکە کارێکی دژوارە و مرۆڤ هەرچەند خۆی پەتی بکاتەوە هێشتا ناتوانێ لێیان تێ بگات و دەستی پێیان بگات، چونکە تینی ڕووناکی و ئاستی پەتیبوونەکەیان هێند زۆرە کە هیچ پەتییەکی دی ناتوانێ هەڵکشێتە لایان و لێیان تێ بگات، بەڵام ئەقڵی کارا کە کۆتا لۆی ئەو جیهانە درەوشاوەیە وەک نوێنەرایەتی هەموو ئەقڵەکانی تر و وەک بەرزەخ و پەیامهێنی ئەو جیهانە درەوشاوەیە دەتوانێ لەگەڵ هەندێ لە مرۆڤەکاندا پەیوەندی درووست بکات کە یەکێک لە وێنەکانی ئەو پەیوەندییە لە نامەی باڵی جوبرەئیلدا و لە میعراجنامەکەی حەکیمی کورد شەهابەددینی سوهرەوەردییدا دەردەکەوێت و بە وردی بەر تایبەتمەندییەکانی دەکەوێت و لەسەریان ڕادەوەستێت.
سوهرەوەردی لە میعراجنامەکەی خۆیدا ئاماژە بەو پەیوەندییە دەکات و لەو گفتوگۆیەی خۆیدا کە لەگەڵ ئەقڵی کارادا سازی داوە هەوڵی ئەوە دەدات، هەموو ئەو پرس و بابەتانە شەن و کەو بکات کە مرۆڤێکی ڕووناک هەیەتی و دەیەوێ سەر لەو جیهانە باڵایە دەر بکات کە ئەقڵی کارا هەیەتی، هەروەها هەندێ هێما و کۆدەکانیشی بکاتەوە. قوتابخانەی ئیشراق و قوتابخانەی مەشائی دوو قوتابخانەی جیاوازن و خودان دونیابینی و پەیڕەوبەندی سەربەخۆ، هەرچۆن کڵێشە ئیشراقییەکە سەبارەت بە جیهان و گەردوون لێکچوونێکی وردی هەیە لەگەڵ ئەفسانە و مرۆڤ کاتێ بەر ئەم پنتە وردانە دەکەوێ ئاوایش دونیابینیبە مەشائییەکە بنەما و پەیڕەوبەند و سیستەمی خۆی هەیە.
گەر یەکێک نەیەوێ لە دونیابینییە ئیشراقییەکە تێبگات سەرەتا وادەزانێ ئەمە جگە لە ئەفسانەیەک هیچی تر نییە، بەڵام وەختێ لێی ورد دەبێتەوە لەوە تێدەگات کە ئەم هاوکێشە زۆر هاوکێشەیەکی وردە و نزیکە لە ڕۆحی مرۆڤەوە و بوونی ئەفسانە و خەیاڵ لەم سیستەمەدا مانایەکی تری هەیە و هەروا بابەتکەلی بێ ناوەڕۆک نین. کاتێ مرۆڤ دەیەوێ لە ڕێگەی زانستی نوێوە دەست ببات بۆ تێگەیشتن لە کەون و گەردوون و دووری مەودای هەسارەکان و چاڵە ڕەشەکانی هاوکینگ دەبینێ بەو باوەڕە دەگات کە مەعریفە هەمیشە ئاریشە و کۆتی خۆی هەیە، چونکە وەک دەوترێ گەر کەسێ شارەزایی قووڵی لە کۆد و هێما زانستییەکان نەبێ جیاوازییەک نابینێتەوە لە نێوان هەمان دەنیابینییە نوێیەکە و دونیابینییە ئیشراقییە کۆنەکەدا سەبارەت بە گەردوون.
گەر بمانەوێ لە نێوان ڕێبازەڕ و قوتابخانە فەلسەفی و عیرفانییەکاندا کڵێشە یان هێڵبەندییەک بکەین ئەوا دەڵێین:
١_ لە ڕێگەی دڵەوە گەیشتن بە ئەقڵ، عیرفانە.
٢_گەیشتن بە ئەقڵ لە ڕێگەی نەفسەوە، ئیشراقە.
٣_گەیشتن بە ئەقڵ لە ڕێگەی ئیلهام و سرووشەوە (ڕۆحی پیرۆز، فریشتەی مەعریفەت) پێغەمبەرایەتییە.
٤_گەیشتن بە ئەقڵ لە ڕێگەی ئیستدلالەوە دزینی باڵی ئەوانی ترە.
ئیبن سینا دەڵێت گەیشتن بە ئەقڵ (ئەقڵی کارا) لە ڕێگەی ئیلهامەوە پێغەمبەرایەتییە، واتە تەنها پێغەمبەرێک ئەو توانایەی هەیە لە ڕێگەی ئیلهامەوە بگاتە ئەقڵی کارا، دەنا گەیشتن بە ئەقڵی کارا شتێک نییە هەروا بە ئاسانی مەیسەر بێت. ئەقڵ کە هەمان ڕووناکی داماڵڕاو و پەتییە،هەروەها هەمان ڕووناکی خودای باڵانواڕە و یەکەم هەبووی جیهانی فەرمانە، یەکەم درووستکراوی خوایە، یان بەو دونیابینییەی کە خۆم باوەڕم پێیەتی یەکەم زهووری جیهانی خیلقەتە، لەوێوە شتەکان دێنەوە خوارێ و بۆ لای ئەویش هەڵدەکشێنەوە. واتە ئەقڵ هەم پنتی دەسپێکە هەم پنتی کۆتایی، ئاوەز هەم قسەی یەکەم دەکات و هەم قسەی کۆتایی، جیهان کە زهووری ئاوەزە لە چوارچێوەی بەرهەستەکییدا (عین) هیچ نییە جگە لە دەرکەوتەی ئاوەز، یان ئاوێنەی ئاوەزە و تەنها ڕووناکی ئەو دەداتەوە.
با ئەم وێنە بە نموونەیەک بخەینە ڕوو، ئێمە دوو جیهان شک دەبەین یەکیان جیهانی زهن (دەرهەست) و ئەوی تریان جیهانی بەرهەست، ئەم دووە هەرکاتێ لێکچوون و پێکاوپێکی لە نێوانیاندا ڕوویدا ئەوە دەمە بەمە دەگوترێ وەڕاستگەڕان. بەڵام ڕەسەنایەتی بۆ ئاوەزە، چونکە جیهانی بەرهەست ئاوێنەی جیهانی دەرهەستە. لێرەدایە کە دێکارت دەڵێ سەرەتا من بیر دەکەمەوە ئەوجا من هەم، چونکە هێما و نیشانەی یەکەم ئاوەزە نەک چییەتی. واتە دەرهەست ئەوجا بەرهەست، تەنها ئەم قسە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین دێکارت فەیلەسووفێکی ئایدیالیستە.
عاریفان بۆ گەیشتن بە ئاوەز (ئەقڵ) پەنا بۆ دڵ دەبەن، چونکە دڵ لای ئەوان ڕاستەوخۆ ڕووناکی لە ئاوەزەوە وەردەگرێ، ئەوان بۆ دۆزینەوەیئاوەز پەنا بۆ ڕووناکی دەبەن و پێیان وایە ئاوەز ڕووناکییە و ڕووناکییش لە ڕووناکی پێوار نابێت. بەڵام هەرچی کەلامزان و فەیلەسووفانیشە ئەوا پەنا بۆ هێڵکاری و بۆ بەڵگە و ئارگیۆمێنت دەبەن، گەیشتن بە ئەقڵیش لە ڕێگەی بەڵگە و ئیستدلالەوە وەک ئەوە وایە تۆ بە باڵی ئەوانی تر بفریت، چونکە بەڵگە و ئارگیۆمێنت بۆ سەلماندنی شتێکە کە پێشتریش سەلماوە،یتن نەش سەلمابێ هەر هەبووە، تۆ بەم سەلماندنە هەمان یاری و کایەی ئەوانی ترە پاتەی دەکەیەوە، بەمەیش وەک ئەوە وایە تۆ باڵت نەبێ و بە باڵی ئەوانی تر بفڕی، قاچت نەبێ و بە دارشەق بڕۆی، بەڵام گرنگ ئەوەیە دەڕۆی.
لێرەدا مەولانا ڕەخنە لە فەیلەسووفەن دەگرێ و لە دوو جێگەی جیاوازدا ئاماژە بە تەختە و دارشەق دەکات، لە جێیەک دەڵێ:
پای استدلالیان چوپین بود
پای چوپین سخت بی تمکین بود
واتە قاچیان لە تەختەیە و قاچێکیش لە تەختەبێ ئەمانی نییە و زوو دەشکێ.
جارێکی تریش دەڵێ:
فلسفی چون منکر حنانە است
از حواس انبیا بیگانە است
واتە فەیلەسووف و بابای فەلسەفە زان چونکە بڕوای بە ئیلهام نییە (مەبەستی لە حەنانە ئەو دارەبوو کاتێ پێغەمبەری ئیسلام لە نزیکیا وتاری دەدا کە جێگەکەیان گواستەوە درەختەکە دەستی بە گریان کرد، ئەویش بڕیاریدا مینبەرێکی لێ درووست بکرێت) مەولانا دەیەوێ بڵێ فەلسەفی بڕوای بە ئیلهام نییە بۆیە لە هەستی پێغەمبەران تێ ناگات. لە هەردوو حاڵەکەدا ڕەخنەی مەولانا لە ئەقڵی ئیستدلالییە کە مەبەستی حیکمەتی دۆزەکییە (الحکمة البحثیة).
بێینەوە لای ئیشراقییەکان، ئەوان پێیان وایە عاڵەم وێنەی تەواوی ئەقڵە.هەرچی هەیە دەرکەوتووە لەودا و بە ئەو. کەواتە دەرکەوتن: یەکەم قۆناغی بوونە، کۆتا قۆناغیشییەتی. بوون یانی دەرکەوتنی ئەو، نەبوون واتە هێشتا ئەو ڕێگەی نەداوە بێتە دەرکەوتن. «نەبوون»: پشکی نیە لەدەرکەوتن بۆیە لەخرۆشانە بۆ ئەوەی بێتە بوون. نەبوون نە دیارە و نەناو و ئەلقابی هەیە و نەحزوور، نە پێوارە و نە پەسن و نە ستایشی هەیە.
نەبوون بە بوون دەناسرێ و بێ ئەو ناخوێنرێتەوە، وەلێ بوون هەم دەرکەوتووە هەمیش خوو و سیفاتی هەیە، کە سرووشت نزمترین ئاستییەتی.
گەر “ئەقڵی سەرەتا” بێت و بیتوانیبا کە بوون لەم ئاست و پلەی کە هەیەتی، نزمتر لەوەی کە هەیە دەربخات نەدەکرا، بکرایە هەر ئەمە دەبوو کە هەیە، کە هەبوو. بوون هەیە، لێ هەبووە بەحیسابی ئەقڵی یەکەم. واتە کۆنە بەو حیسابە. نوێیە بەم حیسابە.
لای ئیشراقییەکان وێنە شتێکی باڵایە، وێنە لە ماددە باڵاترە، هەرچەندە لە بنچینەیا وێنەی بێ ماددەمان هەیە، لێ وێنە دەدابارێتە سەر ماددە، بۆیە باڵاترە. دابەزینی وێنە بۆ سەر ماددە و لێکجوداکردنەوەی ئەو دووە لەیەک تەنها وێناکردنێکی ئەقڵە، واتە خێرایی ئەقڵە، ئەو دەمەی کە ئەقڵ دەیەوێ پێش کەتوار -ڕیاڵ، واقیع- بکەوێ، دەنا ناتوانین لە واقیعدا وێنەی بێ ماددە وەچنگ خەین. ئەقڵ دەیەوێ لەوە بگات کە پێش بوون چ هەبووە، بەڵام لەوێدایە کە بە پنتێک دەگات: پنتی بەریەککەوتنی یەکەم سەرڕێژی خودی عئەقڵ. لێرەیا ئەقڵ و ئاقڵ و مەعقوول هەر یەکن، چونکە ئەقڵ پڕۆسەی تێگەشتنە لە بەرئاوەز (معقول) و ئاوەز (ئاقل) خوڵقێنەری پڕۆسەکە.
بەرئاوەز (معقول) بریتییە لە کۆی دیزاینەکە کە لە ئەقڵەوە دەرکەوتووە. واتە ئەم پڕۆسەیە بەسێ دۆخدا تێدەپەڕێ.
دۆخی یەکەم: کاتێ لەخۆیدایە و پەنگی خواردۆتەوە و دەرنەکەوتووە -عقل بالقوة-
دۆخی دووەم: کاتێ دەرکەوتووە و هاتۆتە دەرەوە -اعیان.
دۆخی سێیەیم: کاتێ خۆی تەوزیف دەکاتەوە و وێنای دەکەیتەوە -عقل.
پڕۆسەی تێگەشتن لە دەرکەوتووەکان بریتییە لە ئەقڵ. ئیشراق تەنها دیوێکی تێگەشتنە لەپڕۆسەکە. ئیشراق تێگەشتنە لە یەکگرتنەکەی هەرسێ ، بریتییە لەپڕۆسەی یەکگرتنەکە. ئیشراق و درەوشانەوە و تێگەشتن لە سەرڕێژ (فیض) لە چەندین ڕەهەندەوە دەچنەوە سر یەکتر. تەنها ئەوەیە ئیشراق دەرکەوتنەکەیە، درەوشانەوەی کاردانەوەکەیە، سەرڕێژ بەرەکەتی سەرەتا. پرشی زیایەیە کە لە ئەقڵ دەبێتەوە. ئەقڵ سەرڕێژ دەکات و خودان فەیزە، فەیزیش سیستماتیکی دادەبارێ و درک دەکرێ، واتە بەرئاوەزەکییە (معقول)، ئیشراق خولانەوەیەکی ڕۆحە لەناو پڕۆسەکە و لێ تێگەشتنیەتی.