کۆمەڵگەی کوردستانی و هۆزەکان؛ ئاوێتەکردنیان لە پێکاهەتەی نەژاد-نەتەوەیی کورد.
هۆزەکان رەگێکی قوڵیان هەیە لە پێکهاتەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و مێژویی و سیاسیی و ئابووریی کورد. سروشتی ناوچەکەش وایە، لە عوسمانی و سەفەوییەکانەوە تا ئینگلیز و ئێڕاقی دوای کۆلۆنیالیزم و تا ئێستا بە دەسەڵاتی خۆجێییش، نەتواندراوە مامەڵەیەکی ئاسایی و ژیرانەیان لەگەڵ بکرێت، زیاتر هەم هەوڵدراوە بەکاربهێندرێن و هەمیش هەوڵ دراوە بخرێنە نێو پارتەکانەوە ململانێ و دەرئەنجامی خراپیشی لە دووەم هەبووە و هەیە.
ئاساییە هۆز و بنەماڵە کوردستانیەکان تایبەتمەندی خۆیان بپارێزن و داکۆکی لە فەرهەنگی خۆجێیی و هەژموونی کۆمەڵایەتی خۆیان بکەن، پێویستە دامەزراوەکان و حکومەتیش ئەمە لەبەرچاو بگرن، بەڵام لە هەمان کات پێویستە لە سنوورە کۆمەڵایەتییە خۆجێییەکان رەت نەکەن و نەبنە لەمپەر لەبەردەم حکومەت و دامەزراوەکان و دژە دامەزراوە مامەڵە نەکەن، کە پاڵنەرێکە بۆ بەریەککەوتن و کێبڕکێی دەرئاسا و نایاسایی و سنووربڕ.
پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو هۆ (عەشیرەت) نامۆ نین بە کوردستان و ناوچەکە، بەڵام ئەوەی نامۆیە وێڕای بانگەشەی نەتەوایەتی و نەتەوە بوون و بە دامەزراوەیی بوون، تا ئێستا نەتواندراوە نەتەوە، کە چەمکێکی سیاسیی/فەرهەنگی/جوگرافییە، ببێتە چەتری کۆکەرەوە و پابەندیی هۆزەکان بۆ خاک و نیشتمان، لە بری ئەمە، وێنای جێگرەوە و یەکسان بە نەتەوە دەخرێنەروو کە ناکۆک و دژیەکە لەگەڵ چەمکی نەتەوە و نەتەوەی هاوچەرخ.
کورد وەکو پێکهاتەیەکی نەتەوەیی نەژادیی، لە هۆزەکان و خەڵکێکی زۆری دیکەش پێکدێن، کە یان ئاوێتەی ژیانی دوور لە هۆزەکان بوون، یاخود لەژێر چەتر و چوارچێوەی پێکهاتەی نەتەوەیی و نیشتمانی نما دەکەن.
گرنگە وێڕای پێدانی تایبەتمەندی و بەها و پایە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆزەکان، ئەوەشیان لێ پێشبینی بکرێت و وەبیریان بهێندرێتەوە، کە لە سەرووی هۆز نەتەوە و نیشتیمان هەن، کە مەرجە ناکۆکییەکان کاڵبکاتەوە و دواتر نەیانهێڵێت، نەک پەرەیان پێبدات و هانیان بدات.
وێرای ئەوەش، هۆزەکان مافی خۆیانە لە چوارچێوە خزماتیە بنەماڵەییەکان، کە رەگ و خەسڵەتێکی کوردانەشە، بتوانن بێ لەمپەر ئازادیی و سەربەخۆیی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتی خۆیان بەرجەستە بکەن و هەست بە بەئامانجگرتن و دوورەپەرێزیی و دابڕان نەکەن. هاوکات، زۆرجاریش ئەو جۆرە پێکهاتانە چاوتێبڕین و ئارەزووی بەشداری کایە جیاجیاکانیان هەیە، لەو نێوانەش دەکرێت باشترینەکانیان هەوڵی خۆسەلماندن بدەن و بەرەو بابەتەکە ئاقارێک نەڕوات لە نێوخۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکە جیاکاریی و دژیەکیی دروست بێت.
تاکی کوردیش، بەداخەوە، لەم سەردەمە ئاڵۆز و تێکەڵ و پێشکەوتووەدا خۆی لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییە خۆجێییەکاندا بۆی جیا ناکرێتەوە. هاوکات، کەمن وەکو پێکهاتەی نەژادی بیر دەکەنەوە و پێیان وابێت نەتەوە و نەژاد پێناسینە هاوچەرخ و رەسەن و مێژووییەکەیە لەسەرووی هەموو پێناسەکان، نەک پێچەوانەکەی و جێگرەوەی نەتەوە.
ئەوەی جێی سەرنج و توێژینەوەیە، دوای زیاتر لە سێ دەیە، ڕەگەزی نەتەوە بوونی نەژادیی لە هەرێمی کوردستان نەبۆتە ناوەند و ناوچە و هۆز زیاتر هۆگەلی لێکترازان و بەربەرەکانێن نەک یەکێتی و یەکرەنگیی و یەکدەنگیی (کاریگەری خراپی لەسەر بەشەکانی تری کوردستانیش، کەمزۆر، هەبووە). کەواتا دەتواندرێت بگوترێت نەتواندراوە سوود لە توانستەکانیان وەربگیرێت و ئەوانیش لە بەرامبەر وەکو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی هەست بە پەراوێز نەکەن.
بە کورتی، درەنگە و درەنگیش نیە، حکومەت بە راوێژ، پلانرێژیی و لێزانانە و لەبەرچاوگرتنی پێگە و رۆڵی هۆزەکان، کار لەسەر داڕشتنی سنوورە کۆمەڵایەتییەکانی هۆز و بنەماڵەکان بکات و ئاوێتەی نەتەوەبوونی هاوچەرخیان بکات، کە لە کۆتاییدا هەمووان هۆزی کوردستان بن، بێ جیاوازیی، جیاکاریی و بەریەککەوتن و هەستکردنی بەشێکیان بە پەراوێزخستن و دژاندن. کارکردن لەسەر توانستی سیاسی، ئابووریی، کارگێڕی، کۆمەڵایەتی و بازرگانی هۆزەکان، کە توانستێکێ نەبڕاوەیان هەیە و جۆشدراوە بە خزمایەتی و خۆشەویستی (مەرج نیە بەگشتی وابێت)، نابێت بەهیج جۆرێک گرنگی پێنەدرێت.