ڤلادیمێر لینین یەکێک بوو لەهەرە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم، کە توانی جیهان بباتە سەر ڕێگایەکی ئایدیۆلۆژی دوو جەمسەری کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. گرنگی ئەو لە مێژوودا ناتوانرێت زیادەڕەوی تێدا بکرێت. سیاسەتمەدار و تیۆریستێکی سیاسی هەروەها شۆڕشگێڕێکی کۆڵنەدەر، لینین وەک یەکەم سەرۆک و دامەزرێنەری یەکێتی سۆڤییەت لە قەڵەم دەدرێت. سەرهەڵدانی بۆ سەر دەسەڵات، چیرۆکی ژیانێکە کە پڕە لە ململانێی بەردەوام، هەمیشە لە مەترسیدایە لەلایەن دوژمنە سیاسییەکانیەوە بکرێتە ئامانج. ڤلادیمێر لینین زۆر کەس ڕقیان لێیەتی، بەڵام لەلایەن زۆر کەسەوە ڕێزی لێدەگیرێت، چونکە کەسایەتییەکی سیاسی مشتومڕاوییە و کردەوە و بیروباوەڕەکانی هەتا ئەمڕۆش مشتومڕێکی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکەن.
“سەرەتای ژیانی ڤلادیمێر لینین”
ڤلادیمێر ئیلیچ ئولیانۆڤ (“لینین” لە ساڵی ١٩٠١ زیادکرا) لە خێزانێکی دەوڵەمەندی چینی ناوەڕاست لە ٢٢ی نیسانی ١٨٧٠ لەدایکبووە، ئەلێکساندەری برای کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر بیروباوەڕەکانی بە تایبەت لە بارەی سۆسیالیزم و شکستی قەیسەری. ئەلێکساندەر ئەندامی نارۆدنایا ڤۆلیا بوو، بە بەردەوامی سەرقاڵی کاری تیرۆریستی بوو دژی دەسەڵاتی پاشایەتی خۆسەپێنی ڕووسیا و لە ساڵی ١٨٨٧ دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە پیلانگێڕی بۆ تیرۆرکردنی قەیسەر ئەسکەندەری سێیەم، لە سێدارەدرا.
هەرچەندە ڤلادیمێر لینین پێش مردنی براکەی مەیلی شۆڕشگێڕانەی هەبوو، بەڵام لەسێدارەدانی براکەی لە ئامانجدا دوورخستنەوەی خێزانەکەی لە بازنە لیبڕاڵیەکاندا، تووندڕەوبوونی ڤلادیمێری زیاتر کرد، بەڵام تاکە تایبەتمەندی پێناسەکەر نەبوو. هەر پێنج منداڵی ئولیانۆڤ لەگەڵ پێگەیشتندا پەیوەندییان کرد بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕییەوە. سەرەڕای ئەوەی چینی ناوەڕاستی سەرەوە بوون، بەڵام ئەمە لە ڕووسیای قەیسەریدا شتێکی نامۆ نەبوو، چونکە تەنها خانەدانەکان مافی مەدەنی و سیاسی سەرەتایییان لێ زەوت نەدەکرا. کاتێک لینین تەمەنی ١٥ ساڵ بوو، باوکی کۆچی دوایی کرد، کە ئەمەش وای کرد لینین وەک سەرۆکی خێزانێک بەجێبهێڵێت کە چەواشەکارییان لێ دەکرا لەبەر ئەوەی تاوانبارێکی دەوڵەتیان بەرهەمهێناوە. سەرەڕای ئەوەش لینین هاوپەیمانێکی لە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکەیدا هەبوو، کە ئەویش باوکی ئەلێکساندەر کێرێنسکی بوو، کە دواتر سەرکردایەتی حکومەتی کاتی دەکات و لەلایەن لینینەوە لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە. کێرێنسکی نامەیەک بۆ لینین دەنوسێت کە یارمەتی دەدات بچێتە زانکۆی کازان و لەوێ یاسا بخوێنێت.
لە ماوەی سێ مانگدا لینین دەردەکرێت بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی نایاسایی خوێندکاران. دووردەخرێتەوە بۆ موڵک و ماڵی باپیرەی لە کۆکوشکینۆ، هەمان ئەو شوێنەی کە خوشکە گەورەکەی ئانا دیپۆرتکرابوو بۆی. لە ساڵی ١٨٨٨ ڕێگەی پێدەدرێت بگەڕێتەوە بۆ کازان، بەڵام وەرگرتنەوەی بۆ ناو زانکۆ ڕەتدەکرێتەوە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ شۆڕشگێڕانی دیکە کۆدەبێتەوە و کاتێکی زۆری بە خوێندنەوەی مارکس و ئەنگڵس بەسەر دەبات، کە لە پرۆسەکەدا خۆی بە مارکسیست ڕادەگەیەنێت. دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان لە سامارا کرد و دوای داواکارییەکی بێوچان، دواجار ڤلادیمێر لینین ڕێگەی پێدرا تاقیکردنەوەکانی یاسایی ئەنجام بدات، دواتر بە بڕوانامەی پلە یەک دەردەچێت و لە هەموو بابەتەکانیدا پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت. بەهۆی ئاستە باڵاکەیەوە، ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە هەڵوێستە سیاسییەکانی لینین دەستبەردار دەبن و ڕێگەی پێدەدرێت وەک پارێزەرێک کار بکات. لە ساڵی ١٨٩٢ تا ١٨٩٣ کاری یاسایی دەکات و نوێنەرایەتی چینە هەژارەکانی دەکات. بەهۆی ئەوەی ناڕازی بووە لە دژی ئەو لایەنگرییە چەقبەستووەی کە لە سیستەمی یاساییدا لە بەرژەوەندی چینی دەوڵەمەندەکاندا هەبووە، ڕقێکی گەورەی بۆ پارێزەران دروست دەبێت.
“چالاکی و زیندانیکردن”
لە ساڵی ١٨٩٣ لینین ڕووی لە شاری سانت پترسبۆرگ کرد کە لەو کاتەدا پایتەختی ڕووسیای قەیسەری بوو. وەک یاریدەدەری پارێزەر کار دەکات، لەناو خانە مارکسیستەکاندا کە لە شارەکەدا چالاکیان هەبوو توانی بەرزبێتەوە بۆ ناوبانگ. کارێکی مەترسیدار بوو، چونکە سیخوڕەکانی حکومەت دزەیان دەکردە ناو ئەم خانانە. سەرەڕای ئەوەش لینین پابەند بوو بە بیروباوەڕەکانییەوە و لە ساڵی ١٨٩٤دا سەرکردایەتی بازنەیەکی کرێکاری مارکسیستی دەکرد. هەر لەو ماوەیەدا؛ مامۆستایەکی قوتابخانەی مارکسیستی بە ناوی نادێژدا (نادیا) کروپسکایا ناسی کە دواتر بوو بە هاوسەری.
هەروەها ڤلادیمێر لینین هەوڵیدا هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان بچەسپێنێت. گەشتی کرد بۆ سویسرا و لەوێ لەگەڵ مارکسیستە ڕووسیەکان کۆبووەوە و پاشان سەردانی پاریسی کرد و لەوێ لەگەڵ زاوای کارل مارکس کۆبووەوە. پاشان لینین بەرەو بەرلین گەشت دەکات و پاشان گەڕایەوە بۆ ڕووسیا و لەوێ ئەدەبیاتی نایاسایی مارکسیستی بەسەر کرێکارانی مانگرتوودا دابەش دەکات. لینین و ٣٩ کەسی دیکە دەستگیردەکرێن و بە تۆمەتی فیتنەکردن تۆمەتبار دەکرێن. بۆ ماوەی ساڵێک دەستبەسەر دەکرێت و دواتر بۆ ماوەی سێ ساڵ لە سیبیریا دەربەدەر کرا. بەو پێیەی تەنیا بە هەڕەشەیەکی بچووک دادەنرا، ئەو و بنەماڵەکەی لە کوخێکی جووتیاراندا مانەوە و سەرەڕای ئەوەی بەردەوام لە ژێر چاودێری بەردەوامدا بوون، ئازادییەکی زۆریان پێدرا. هەروەها لینین ڕێگەی پێدرابوو کە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی سانت پترسبۆرگدا هەبێت. لە ساڵی ١٨٩٨دا نادیا کروپسکایا بەهۆی ڕێکخستنی مانگرتنێکەوە دووردەخرێتەوە بۆ سیبیریا. نادیا تووانی دەسەڵاتداران ڕازی بکات کە ڕێگەی پێبدەن لە هەمان گوندی ڤلادیمێر بمێنێتەوە. دوای ئەوای بە یەکتر شاد دەبنەوە بڕیار دەدەن هاوسەرگیری بکەن. لەو ماوەیەی کە پێکەوە دەربەدەر بوون ئەدەبیاتی مارکسیزمیان وەردەگێڕا بۆ سەر زمانی ڕووسی و کاریان لەسەر ئەدەبیاتی خۆیان دەکرد. لینین نووسەرێکی بەرهەمدار بووە و بە درێژایی ژیانی بڕێکی زۆر ئەدەبیاتی سیاسی نووسیوە.
“پێشەکی شۆڕشی ١٩٠٥”
دوای تەواو بوونی دەربەدەریەکەی، ڤلادیمێر لینین گەشت دەکات بۆ سویسرا و لەوێ دیسان لەگەڵ مارکسیستە ڕووسییەکان کۆدەبێتەوە. ڕێدەکەون لەسەر ئەوەی لە میونشنەوە دەست بە چاپکردنی ڕۆژنامەیەک بکەن بە ناوی “ئیسکرا (پریشکە)” کە بە قاچاخ دەهێنرایە ناو ڕووسیا و بوو بە بڵاوکراوەیەکی ژێرزەمینیی بەرفراوان. ئەم بڵاوکراوەیە وەک ئۆرگانێکی فەرمی بۆ پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووسی مارکسیست (RSDLP) کاری دەکرد. دوای ماوەیەک هاوسەری لینین لە میونشنەوە پەیوەندی دەکات و پێکەوە خەریکی وروژاندنی سیاسی و ئەدەبی بوون و لەهەمانکاتدا کاریان بۆ پێشکەوتنی RSDLP دەکرد. بۆ خۆدزینەوە لە پۆلیسی باڤاریا، لینین لە ساڵی ١٩٠٢ ئۆپەراسیۆنەکانی گواستەوە بۆ لەندەن، لەوێ لیۆن ترۆتسکی ناسی کە دواتر ڕۆڵی سەرەکی لە شۆڕشەکەدا دەگێڕێت. هەر زوو دوای ئەوە لینین نەخۆش دەکەوێت و بەهۆی ئەوەی نەیتوانی ڕۆڵی پێشەنگ لە دەستەی سەرنووسەری ئیسکرادا بگێڕێت، بڵاوکراوەکە دەگوازرێتەوە بۆ جنێف.
لەم ماوەیەدا، جیابوونەوەیەک لە RSDLP سەریهەڵدا لە نێوان ئەوانەی پشتگیریان لە بیروباوەڕی ڤلادیمێر لینین دەکرد و ئەوانەی پشتگیریان لە بیروباوەڕەکانی یولیۆس مارتۆڤ دەکرد. لینین بڕوای بە پێکهاتەیەکی دەسەڵاتی ناوەندیتر هەبوو، لە کاتێکدا شوێنکەوتوانی مارتۆڤ پێیانوابوو تاک پێویستی بە سەربەخۆیی زیاترە لەناو حیزبدا. ئەو فراکسیۆنەی کە پشتیوانی لینینیان دەکرد لە زۆرینەدا بوون و بە بەلشەفیکەکان (“زۆربەییەکان”) ناسرابوون، لە کاتێکدا ئەوانەی پشتگیری مارتۆڤیان دەکرد، بە مێنشەفیکەکان (“کەمینەکان”) ناسرابوون.
“شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥”
یەکەمین شۆڕشی ڕووسیا لە ٢٢ی ڕێبەندان (یەکشەممەی خوێناوی) دەستی پێکرد. ناوچە بەرفراوانەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیای گرتەوەو کرێکاران و جووتیاران چەکیان هەڵگرت و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە دەسەڵاتی قەیسەر نیکۆلاسی دووەم، لە کاتێکدا یاخیبوونی سەربازی بۆ پشتیوانیان لە شۆڕشەکە هاتبوون. ڤلادیمێر لینین داوای لە بەلشەفییەکان کرد کە ڕۆڵی زیاتر لە ڕووداوەکاندا بگێڕن. شۆڕشەکە شکستی هێنا، بەڵام لە ئەنجامدا قەیسەر زنجیرەیەک چاکسازی لیبڕاڵی دەرکرد. دوای ئەوەی گەڕانەوەی لینین بۆ ڕووسیا سەلامەت بوو. گەیشت بۆ سانت پترسبۆرگ و پەیوەندی بە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەیەکەوە کرد بە ناوی نۆڤایا ژیژن (ژیانێکی نوێ). لەم ڕێگایەوە داوای لە بەلشەفییەکان کرد کە بە تاڵان کردنی بانکەکان و پۆستەخانەکان و وێستگەکانی شەمەندەفەر دارایی خۆیان فراوانتر بکەن. ئەم پێشنیارانە بوونە ڕاستی کە تەنانەت جۆزێف ستالینیشی بانکێک تاڵان دەکات. ئەم کارانە سەرنجی زیاتری حکومەتی تزاری بەدوای خۆیدا هێنا و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سیاسییەکان جارێکی دیکە لینینی ناچارکرد هەڵبێت. بۆ ماوەی نۆ ساڵی دواتر بە ئەوروپادا دەگەڕێت و لە دوورەوە بەرخۆدانی سیاسی بەرامبەر ڕژێمی قەیسەری ڕێکدەخات.
“جەنگی جیهانی یەکەم و شۆڕشی شوبات”
لە ساڵی 1914 جەنگ لە ئەوروپا هەڵدەگیرسێت و ڕووسیا دەچێتە ناو جەنگەکەوە لە دژی ئەڵمانیا و ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا. ڤلادیمێر لینین داوای لە پرۆلیتاریاتی ئەوروپا کرد کە ئەوەی لە بنەڕەتدا شەڕێکی ئیمپریالیستی بوو بیگۆڕێت بۆ ململانێی چینایەتی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە پاشایەتییەکان. لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩١٧دا جارێکی دیکە شۆڕش هاتەوە سەر ڕووسیا، کە بەشێکی بەهۆی ئەو قوربانییە زۆرانەی کە ڕووسیا لە کاتی جەنگدا تووشی ببوو (نزیکەی ٢.٥ ملیۆن کوژراو). ئەمجارە کرێکاران سەرکەوتوو بوون، قەیسەر نیکۆلاسی دووەم ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە، دوای ئەوە دومای دەوڵەت (پەرلەمان) دەست بەسەر وڵاتدا دەگرێت. لینین ئاهەنگی ئەم سەرکەوتنەی دەگێڕێت و پلانی گەشتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕووسیا دادەنێت کە درێژ و مەترسیدار بوو. سەرەڕای ئەوەش ئەڵمانیای بە دۆستی دۆزی خۆی دۆزیەوە. لینین بانگەشەی بۆ شکستی ڕووسیا دەکرد، چونکە یارمەتیدەر دەبوو بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش، ئەڵمانیاش بەم شێوەیە یارمەتی لینینی دا کە بە قاچاخ بۆ ناو ڕووسیای بەرێت بۆ ئەوەی یاخیبوون بوروژێنێت.
لە سویسراوە بە شەمەندەفەر گەشت دەکات، بە ئەڵمانیا و سوید و فینلانددا تێدەپەڕێت، تا دواجار دەگات پترۆگراد (سانت پترسبۆرگ). سەرەڕای ڕووداوەکان، لینین ناڕازی بوو لەو حکومەتە کاتیەی کە دامەزرابوو. ئەو وەک خیانەتێک لە پرۆلیتاریات سەیری دەکرد چونکە دەیەوێت ڕووسیا وەک کۆمارێک دابمەزرێنێت و گرنگتر لەوە، لە شەڕی دژ بە ئەڵمانیا نەکشایەوە. بەڵکو حکومەتە کاتیەکە درێژەی بە شەڕەکە دا و پشتیوانی بەریتانیا و فەرەنسای دەکرد بە پلاندانان بۆ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئەڵمانیا. ڕووسیا لەبری “دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریات” بووبوو بە “دیکتاتۆریەتی بۆرژوازی”. لینین دەستبەجێ دەستی کرد بە ڕێکخستنی بەرخۆدانی بەلشەفییەکان بەرامبەر بە حکومەتی نوێ و لە پرۆسەکەدا خۆی وەک دوژمنێکی سیاسی مەترسیدار نیشان دا. لینین لە ترسی ئەوەی بکوژرێت، هەڵات بۆ فینلاند، لەوێ خۆی لەو خانووانەدا حەشاردا کە لەلایەن لایەنگرانی بەلشەفیکەوە بەڕێوەدەبرا.
“شۆڕشی ئۆکتۆبەر؛ ڤلادیمێر لینین دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت”
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ پترۆگراد، ڤلادیمێر لینین دەستبەجێ دەستی کرد بە خۆشکردنی ئاگرەکانی شۆڕش. بانگەوازی بۆ بەلشەفیکەکان دەکرد و ڕوونیدەکردەوە کە حکومەتی کاتی ناتوانێت تەنانەت پێداویستییە سەرەتاییەکانی کرێکاران و سەرباز و جووتیارانیش دابین بکات. دۆخەکە ئاڵۆز بوو، بەو پێیەی حکومەتی کاتی لەسەر فەرمانی سۆڤێت (ئەنجومەنی یاسایی هەڵبژێردراو کە لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نەتەوەییدا هەبوو.) بوونی هەبوو، بەڵام سۆڤێتەکان دەسەڵاتیان بەخشیبوو بە حکومەت، لینین بانگەشەی بۆ شۆڕشێکی ئاشتیانەی دەکرد کە تیایدا سۆڤێتەکان دەسەڵاتیان لە حکومەتی کاتی وەربگرنەوە، حکومەتی کاتی لە مانگی ئازار تا ئەیلول پشتیوانییەکی زۆری لەدەستدا بەهۆی ماندوێتی جەنگ و سەختی ئابووری. لە هەمان کاتدا هێزی بەلشەفییەکان لە سەرانسەری سۆڤێتەکان لە پترۆگراد و شارە گەورەکانی سەرتاسەری ڕووسیا لە ژمارەدا گەشەی دەکرد، بەڵام گواستنەوەی دەسەڵات بە ئاشتیانە نەدەبوو. لینین داوای گواستنەوەی دەستبەجێی دەسەڵاتی کرد، هاوکات سەرۆکی حکومەتی کاتی، ئەلێکساندەر کێرنسکی ڕایگەیاند کە گواستنەوەی دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بەدەست دێت کاتێک دۆخەکە هێور بووەوە. لە هەمانکاتدا حکومەت لینینی بە بریکاری ئەڵمانی لە قەڵەمداو هەوڵیدا دەستگیری بکات. بۆیە لینین بڕیاریدا کە کاتی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات کاتی هاتووە.
لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەر دەستی کرد بە ڕێکخستنی ئەو کودەتایەک کە حکومەتی کاتی لە پۆستەکەی لادەدات. لە ٧ و ٨ی نۆڤەمبەردا پاسەوانی سووری بەلشەفییەکان و سەربازە شۆڕشگێڕەکانی دیکە کێرێنسکییان لە پۆستەکەی دوورخستەوە و لە پرۆسەکەدا بەرخۆدانێکی کەمیان بەرەوڕوو بووەوە. دەسەڵاتی دەوڵەت بە تەواوی گواسترایەوە بۆ ئەنجومەنەکانی سۆڤێت و لە ئەنجامدا نوێنەرانی سۆڤیەت دەنگیان بە قبوڵکردنی دەسەڵات دا و لینینیان وەک سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیساری گەل هەڵبژارد، بەمەش بوو بە سەرۆکی حکومەتی ڕووسیا.
“سەرهەڵدانی لینین”
سەرهەڵدانی ڤلادیمێر لینین بۆ دەسەڵات پرۆسەیەکی درێژخایەن بوو، کە لە سەرەتای تەمەنی گەنجیدا دەستی پێکرد. لە ژیانێکدا کە پڕبوو لە دراما، کە بەردەوام لە هەڵهاتندابوو لە دەستی نەیارەکانی، لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی کتووپڕو خێرا لە تەمەنی ٤٧دا توانی دەسەڵات بگرێتە دەست. دوای سەرکەوتنەکەی لینین دەڵێت: بەڕاستی چیرۆکێکە کە وات لێدەکات سەرت گێژبخوات.” بەڵام ئەو ئەرکەی لەبەردەمیدا بوو قورس بوو، هەوڵێکی زۆری دەویست بۆ چارەسەرکردن. بەڵام خۆشبەختانە بۆ لینین مێشکێکی خۆبەخش و پراگماتیزمی هەبوو کە توانی یارمەتی بدات بە سەرکەوتوویی یەکێتی سۆڤیەت ئاڕاستە بکات لە کاتی دروستبوونێکی مەترسیداردا.
سهرچاوه؛
https://www.thecollector.com/the-rise-of-vladimir-lenin-ussr/
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه؛ ئهحمهد ڕێبوار