یادەوەری و ناسنامەی مێژوویی ئامرازێکی گرنگە لە دەستی دەستەبژێرە سیاسییەکان، بۆ بەرزکردنەوەی شەرعییەتی سیاسی و کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی جەماوەر بەشێوەیەکی گشتی، بەتایبەت لە کۆمەڵگە سوننەتییەکاندا، هەمیشە دەسەڵات وەک کاری لەپێشینەی خۆی سەیری بابەتی چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی جەماوەر دەکات، بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی مسۆگەرتر بکات، کە پێچەوانەی کۆمەڵگە کراوەکان و سیستەمە سیاسییە مەدەنییە پێشکەوتووەکانە، ئەمانە زیاتر جەخت لەسەر بابەتی بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتی دەکەنەوە، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بۆ هاووڵاتی.
ئێریک دەیڤس (Erik Davis)، نووسەری ئەمریکی لە کتێبی (Memories of State: Politics, History, and Collective Identity in Modern Iraq ) (بیرەوەرییەکانی دەوڵەت: سیاسەت، مێژوو و شوناسی بەکۆمەڵ لە عێراقی مۆدێرن، ٢٠٠٥)دا دەڵێت: “دەوڵەت دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرفراوانتر حوکمڕانیی خۆی بسەپێنێت، ئەگەر جەماوەرو ڕازی بکات ملکەچی دیدگای خۆی بۆ کۆمەڵگا بێت.” بۆیە ڕەنگە پرسیارێک لەو پێوەندییەدا بخرێتە ڕوو، کە بپرسین، ئایا سیستەمی سیاسیی ئێراق لەدوای ساڵی 2003، چۆن پرسی فرەچەشنی و شوناسی نەتەوەیی بەڕێوە بردووە، یاخود ئایا دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراق چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ فرە چەشنیی کۆمەڵگە کردووە؟
ڕەنگە گرنگترین بیرۆکە، کە لە کاتی قسەکردن لەسەر پرسی فرەچەشنی و فرەیی لە هەر وڵات و کۆمەڵگایەکدا سەرهەڵدەدات، لەو بۆچوونەدا بلووری بێت، کە “فەرەچەشنی فاکتەری بەهێزییە لە کۆمەڵگاکاندا.” فرەچەشنی بەگوێرەی جاڕنامەی جیهانی بۆ هەمەجۆریی کولتووری “هێزێکی بزوێنەر بۆ گەشەکردن پێکدەهێنێت، نەک تەنیا لەسەر ئاستی گەشەی ئابووری، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ زەمینەسازی و دەستەبەری ژینگەیەکی تایبەت بۆ گەشەسەندن هزری و کولتووری.
ئەگەر فرەچەشنی فاکتەری بەهێزە و هێزێکی بزوێنەر بۆ گەشەپێدان پێکدەهێنێت، کەواتە بۆچی لەدوای 2003 لە ئێراقدا ئەنجامێکی وامان نەبینی، کە گوزراشت بکات لە هێنانەکایەی دۆخێکی تایبەت بۆ بەیەکەوە سازان و بەهێزبوونی کۆمەڵگە، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگاکەی بە فرەچەشنی تایبەتمەندە؟
سەبارەت بە کێشەی شوناس لە ئێراقدا، بۆچوونی جیاواز هەیە، کەسانێک هەن بە کێشەیەکی پێکهاتەیی دەزانن کە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقدا دەرکەوتووە و هەندێکی دیكەیش بە کێشەیەکی دەستکردی دەزانن کە لەدوای داگیرکاریی ئەمریکاوە دەرکەوتووە. ئەگەر لەگەڵ ڕەوتی یەکەمدا هاوڕاین، نابێت چاوپۆشی لە سیماکانی ناسنامەی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە بکەین، کە لەسەروبەندی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا لە ئێراق ژیاون، بەتایبەتی ئەگەر بزانین، کە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەپێی بۆچوونی بورهان غلیون، سۆسیۆلۆجیستی سووری نیشتەجێی فەرەنسا دەڵێت؛ “یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکان لە جیهانی عەرەبیدا بابەتی شوناسەکانە”، کە بە تەواوی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی خستووەتە بەردەم ئاڵنگاریی گەورە و کاریگەر. گومانی تێدا نییە، کۆمەڵگەی ئێراق لەم قەیرانە بێبەری نەبووە، بەوپێیەی لەسەرەتای سەدەی ڕابردووەوە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقەوە دروست بووە و ئەم دەوڵەتە ئێراقییەش بەرهەمی ئەو هەژموونە کۆلۆنیالییە بووە کە لەو سەردەمەدا زاڵ بووە و بەرهەمی پێکهاتنی دەستەبژێرە سیاسییە ناتەباکان بوو، کە هەوڵیان دا ئێراق بنیات بنێن و مۆدێرنی بکەن.
ناسنامەی ئێراقی بە چەند قۆناغێکی مێژووییدا تێپەڕیوە، کە توێژەران باسیان لە بابەتی شوناس و یادەوەریی ئێراقی کردووە، وەک چۆن قۆناغی یەکەمیان وەک نەوەی کەوتن دەربڕیوە: (لەسەروبەندی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و داگیرکاریی بەریتانیا)، قۆناغی پاشایەتی، قۆناغی حوکمی کۆماری (کۆماری یەکەم 1958-1963) و کۆماری دووەم (1963-1968)، کۆماری سێیەم (1968-1979)، کۆماری چوارەم (1979-2003).
ڕژێمی ئێراق لەدوای 2003، زۆربەی ئەو هەڵانەی بە میرات گرتووە کە حکوومەتەکانی پێشوو ئەنجامیان داوە، گرنگترینیان بریتین لە کۆتا و تایفەگەری و ئەو باوەڕە زیادەڕۆییانەی کە کۆمەڵگەی ئێراق لە سێ گرووپی هاوچەشن (شیعە و سوننە و کورد) پێکهاتووە. ئەم کەڵەکەبوونانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر یادەوەری و ناسنامە و بەڕێوەبردنی هەمەجۆریی لە ئاستی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە سەرەکی و یاریدەدەرەکاندا لەدوای ساڵی 2003 بەجێهێشت. دوای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆماری چوارەمدا خوڵقێنەرێکی شوناس بوو بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵات، هێزە سیاسییەکان لەدوای ساڵی 2003 بوونە ڕووبەڕووبوونەوەی پرۆسەی دروستکردنی شوناس، بەوپێیەی هەموان ئاگاداری واقیعی کۆمەڵایەتیی گشتین، ئێراقییەک دەتوانێت شایەتحاڵی دیاردەی ئایینداریی جەماوەری و کاریگەرییەکانی لەسەر هۆشیاریی توێژێکی گەورەی هاووڵاتییان لە بڕیاردان و هەڵبژاردنی سیاسیدا بێت. هێزە ئایینییە جەماوەرییەکان، کە لەدوای ساڵی 2003 ڕۆڵیان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا زیادی کرد، بە چڕبوونەوەی بوونی خۆیان دەستیان بە کۆنترۆڵکردنی ژیان و هەڵسوکەوتی هاووڵاتی کرد، بە جۆرێک، کە هاووڵاتی نەتوانێت وەک بوونەوەرێکی مەدەنی گوزارشت بکات لە ڕوانگە و دونیابینیی خۆی، تا ئەو ئاستەی بەها مەدەنییەکانی کۆمەڵگە دەستیان بە دابەزین کرد.
بەشێکی زۆر لە ناسنامەی ئێراقی بە تایبەتمەندییەکانی دوای ساڵی 2003 تایبەتمەند بوو کە لەژێر کاریگەریی گوتاری لایەنە دەسەڵاتدارەکاندا بوون، ڕەنگە گرنگترینیان (تایفەگەری)بێت، چونکە بیرکردنەوە لە چوارچێوەیەکی تەسکی تائیفیدا بووەتە تایبەتمەندییەکی دیار لەنێو ژمارەیەکی زۆر کەمی گرووپە ئێراقییەکان و (پشکی دەسەڵات)، وەک ئەوەی لە قۆناغێکی پێشکەوتووی مێژووی هاوچەرخی ئێراقدا دەستی پێکرد، بەڵام لەدوای ساڵی 2003 ڕەگی داکوتا، تا بوو بە تایبەتمەندییەکی دیار لە بازنە سیاسییەکان و دامەزراوە حکوومییەکان. لێرەوە (توندڕەویی ئایینی و دابڕان لە ئەوانی دیكە)، کە دەرەنجامێکی ئاشکرای گوتاری تائیفییە و لایەنە سیاسییەکان بەکاری دەهێنن. لێرەوە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەپیتیان بۆ پەرەپێدانی توندڕۆیی و توندوتیژی دژی پێکهاتەکانی دیکە دۆزییەوە. شاراوە نییە لاوازی و داکشانی سیستەمی پەروەردەیی بەهۆی شکستەکانی سیستەمی سیاسی ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە دابەزینی هۆشیاریی کۆمەڵگە و سەرهەڵدانی شوناسێکی داخراو بەڕووی ئەوانی دیكەدا.
نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت، کە پیشەسازیی شوناس لەدوای ساڵی 2003 تەنیا لە پارتە سیاسییەکاندا سنووردار نەبووە، بەڵکوو سیستەمی خێڵەکیش ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم پرۆسەیەدا هەبووە. دوای ئەوەی سیستەمی سیاسی پێش ساڵی 2003 خەمی زیندووکردنەوەی یاسا و داب و نەریتی خێڵەکیی بوو و ڕۆڵێکی نەرێنی بە خێڵەکە لە کۆمەڵگادا بەخشی، دەسەڵات لەدوای ساڵی 2003 بەم شێوەیە بۆ مەبەستی سیاسی بەردەوام بوو، گرنگترینیان سەرکەوتنی هەڵبژاردن بوو، شێخی عەشایەری ئێستا کاریگەریی لەسەر هۆشی تاک هەبووە و بەمجۆرە ناسنامەی کۆمەڵێکی گەورەی ئێراقی تایبەتمەند بوو بە پەیوەندیی عەشایەری و ئەو جۆرە کەسانە كەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەوەی شێخی خێڵی پەیوەستە بە دەسەڵاتەوە. بەمجۆرە پەیوەندیی ململانێ و خزمەتگوزاریی نێوان دەوڵەت و شێخەکان یەکێک لە سیما سیاسییە گرنگەکانی کۆمەڵگای ئێراقی پێکهێنا، دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ئێراق، کە لە 18ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا، دیسان دەرەنجامەکان دڵخۆشکەر نەبوون سەبارەت بە پرسی شوناس لەسەر ئاستی دەوڵەت، وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی.
یادەوەریی مێژوویی، وەک ئاماژەمان پێ دا، ئامرازێکی گرنگە لە دەستی دەستەبژێرە سیاسییەکاندا بۆ بەرزکردنەوەی کۆنتڕۆڵ و شەرعییەتیان ڕژێمە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراق هەمیشە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناسنامەی تاکیان داوە و ئەمەش لە دوای ساڵی 2003 بە ڕوونی لەسەر دەستی لایەنەکان دەرکەوت، ئەقڵێکی بەکۆمەڵیان دروست کرد کە بە تائیفەگەری و توندوتیژی تایبەتمەند بوو. هەرچەندە فرەچەشنی هێزێکی سوودبەخشە بۆ گەشەپێدان، بەڵام لەدوای 2003 لە ئێراقدا ئەنجامێکی وامان نەبینی، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگاکەی بە فرەچەشنی تایبەتمەندە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەکتەرە بەشداربووەکانی پیشەسازیی ناسنامە و یادەوەری کاریان کردووە بۆ تێکدانی ئەم ڕۆڵە. گوتاری تایفەگەری وایکردووە زۆرینەی ئێراقییەکان بێ ناسنامەیەکی سیاسی بەتایبەتی لە پارێزگاکانی (ناوەند و باشوور)، کە هەموو دەرەنجامەکانی ئەو دەسەڵاتەی هێزە سیاسییە ئایینییەکان سەرکردایەتیی دەکەن، سەركۆنە دەکەن.
تائیفەگەری وەک تایبەتمەندییەکی بەرچاوی یادەوەری و ناسنامەی ئێستا – ڕێگە نادات فرەچەشنی ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێت. سەبارەت بە چارەسەرەکان، ئەوان لە جبەخانەی لایەنە ئێراقییەکاندان، ئەمڕۆ بە پاڵپشتیی جەماوەرییان و پشکێکی زۆر لە دەسەڵات دەتوانن پڕۆژەی بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی زیندوو بکەنەوە کە سیستەمی پاشایەتی پەیڕەوی کردووە ئەویش بە چاکسازی لە خۆیان و ڕەفتار و تێپەڕین لە دیدگا ئایدیۆلۆژییەکان، بەڵام هەموو ئاماژەکان بەپێچەوانەوە دەردەکەون، کە ئەم لایەنانە ناتوانن خۆیان لەو بازنە داخراوە تائیفییە ڕزگار بکەن، چونکە تائیفەگەری بووەتە نیشانەیەکی دیار لە یادەوەریی ئێراقیدا دەرەنجامی فرەیی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو دەرەنجامی دەستوەردانی نەرێنیی دەسەڵاتە لە بەڕێوەبردنی جەماوەر بۆ بەرژەوەندیی خۆیان.