یەکێتیی شوهوود، ئەزموونە، باوەڕ نییە، پێوەندیی بە خودی ئەم یان ئەو سۆفییەوە هەیە. کە سۆفی گوتی: بێجگە لە خوا هیچ نابینم، ئەوە یەکێتیی شوهوودە، کە گوتی: سەرنجی هەر چییەک دەدەم، خوای تێدا دەبینم، ئەوە یەکێتیی وجوودە. یەکێتیی شوهوود: فەنایە، یەکێتیی وجوود: بەقایە. نە فەنا و بەقا، دوو حاڵەتی لێک جودان، نە یەکێتیی شوهوود و یەکێتیی وجوودیش، ئاخر سۆفی کە لە خوادا (فانی) بوو، لە خوادا (باقی)یە، بۆیە فەنا و بەقا دوو ڕووی یەک حەقیقەتن. یەکێتیی شوهوود و یەکێتیی وجوود، دوو ناوی دیکەن، بۆ فەنا و بەقا. کە لە قەیس دەپرسن: کوا لەیلا؟ دەڵێت: من لەیلام. واتا: من هەم لە لەیلادا فانی بووم و هەم بە هۆی لەیلایشەوە باقیم.
یەکێتیی وجوود، کە بریتییە لە دووانەی هەق و خەلق، دووانەیەکی پێکەوە گرێدراوە، یان دروستتر، دووانەیەکە لە یەکێکدا. دووانەی هەق و خەلق هەر یەکێکە، ئاخر هەق کە خوایە، ئەزەلییە و خەلق کاتەکی، ئاخر تەنیا هەق هەمیشەیییە، نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی. بۆچی هەق و خەلق، دووان نیین، یەکێکن؟ چونکە ئەگەر هەق نەبووایە، خەلق نەدەبوو، چونکە ئەگەر دووان بوونایە، خەلق دەیتوانی بەبێ هەق هەبێت. ئەو پێوەندییە پتەوەی نێوان هەق و خەلق، پێوەندییەکی جەستەیی و ماددی نییە، مەعنەوییە.
بە یەک بینینی وجوود، بەو مانایە نایەت خالیق و مەخلووق یەکێکن، بەڵکوو بۆ پێداگرتنە لەسەر پێوەندیی قووڵ و پتەوی نێوانیان، بۆ دداننانە بەو یەقینەدا کە لە غەیری خالیق، هەر چی دیکە هەیە، عەدەمە. ئەحمەد سەرهەندی (١٥٦٤ – ١٦٢٤) دەیگوت: (تا بە یەقینی یەکبوونی وجوود نەگەین، دەرک بە فرەیی ناکەین.) سەرهەندی پێی وابوو: (مەستبوون بە شەرابی عیشقی خوا، مەقامێکە وەلی پێی دەگات، بەڵام پەیامهێن کە ئیشی ئەوەیە، خەڵک بە پەیامی خوا ئاشنا بکات، هەمیشە هۆشیارە. وەلی بە ئومێدی هەڵکشانە بۆ لای نووری خوا، پەیامهێن دوای ئەوەی چاو و دڵی بەو نوورە ڕۆشن بوونەتەوە، بۆ ناو خەڵک شۆڕ بووەتەوە و نهێنیی خوڵقاندنی گەردوونیان بۆ دەگێڕێتەوە.)
بەستامی بۆ یەکەمین جار سۆفییانە (فەناء)ی بەکار هێناوە، کە لای وی دوو مانای هەبووە: یەک: بزربوونی سیفەتە خراپەکانی ئینسان. دوو: بزربوونی ئینسان لە زەریای ئەڤینی خوادا و بەیەکبوونی لەگەڵ هەقدا. ئەم دوو لێکدانەوەیش، یەکەمیان لە (نیرڤانا)ی بوودایی و دووەمیان لە فەلسەفەی (فیدانتا)ی هیندییەوە نزیکە. (گوڵشەنی ڕاز) کە شەبستەری (١٢٨٨ – ١٣٤٠) نووسیویەتی، کۆمەکێکی زۆری بە بڵاوبوونەوەی فیکری ئیبن عەرەبی کردووە. ئیبن عەرەبی پێی وابوو، عاشق و مەعشووق و عیشق یەکێکن، سۆفیگەری تەوحیدە، ئەوە جەهلە لێ ناگەڕێت دەرکی پێ بکەین، کە نووری حەقیقەت نابینین هی ئەوەیە لێمانەوە نزیکە. نەیارانی دەیانگوت: ئەوە زادەی مەستییە کە لای ئیبن عەرەبی دونیا لێوانلێوە لە خوا، خوا هەموو شتێکە، لە غەیری خوا، هیچی دیکە نابینێت و خوا لە هەموو بوونەوەرێکدا دەبینێت.
ڕینۆڵد نیکۆڵسن دەڵێت: (ڕازی و جونەید کە لە سەدەی سێی کۆچیدا ژیاون، بۆ یەکەم جار دەرسیان لەبارەی سۆفیگەرییەوە، بە نهێنی گوتووەتەوە.) نزیکەی هەموو عاریفەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی سۆفیگەری بە زەندیق لە قەڵەم دراون. بەستامی گوتوویەتی: (من خۆم فانی بووم، ئەوی بە زمانی من دەپەیڤێت، هەقە.) یان: (خۆم مەینۆش و شەراب و ساقیم. هەر خۆم عاشق و مەعشووق و عیشقم. عەرش و کورسی، لەوح و قەڵەم خۆمم.) ئەو گوتانە کە یەکێتیی بوون بەرجەستە دەکەن، تەنیا کەسێک بوێریی ئەوە شک دەبات بیانکات، کە لە خوادا فانی بووبێت و بە خواوە باقی بێت. دوا پلەی سۆفی، ئەو وەختەیە کە دەبێت بە وەلی، ئیدی ئەگەر قسەکانی وەک دیوی دەرەوە لە گەڵ شەرعیش ناکۆک بن، ئەوا لەگەڵ ڕۆحی شەرعدا کۆکن.