لەماوەى نیوسەدەى رابردوودا؛ ژمارەیەک لە دەوڵەتان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژى و جینۆسایدى گەلانى ژێردەستیان، بە فەرمى داواى لێبووردنیان لە کەسوکارى قوربانیەکان کردووە، تەنانەت هەندێکیان هەوڵى قەرەبووکردنەوەشیان داوە، بەڵام تائێستا دەوڵەتى ئێراق لەهەمبەر جینۆساید کردنى گەلى کورددا، داواى لێبووردنى نەکردوە. داوای لێبووردنی فەرمی، بریتییە لە گوتار یان نامەیەک کە ئاراستەی لایەنی زیان لێ کەوتوو دەکرێت، دەربڕینی پەشیمانی و داوای لێبووردن لەخۆدەگرێت، لەبەرانبەر ئەو زیانە ماددى و مەعنەوییانەى کە بەهۆی بڕیارێک، سیاسەتێک، یان کارێکەوە کە لەلایەن ئەو لایەنەی داوای لێبوردن دەکات ئەنجامدراوە. لە چوارچێوەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگەی مرۆیی بە گشتی و لایەنی زیان لێ کەوتوو بە تایبەتی، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی زیان لێ کەوتووان و گەڕاندنەوەی متمانە بە دادپەروەری و یەکسانى لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، پێویستە داوای لێبووردنی فەرمی لەلایەن کەسایەتى یان دەزگایەکی فەرمییەوە بە ئاشکرا بڵاوبکرێتەوە. تاوەکو ببێتە هۆکارێک بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی و ناڕەزایی لایەنى زیان لێ کەوتوو، هەروەها رێگەش لەسەرهەڵدانى گرژی لەنێوان لایەنى ئەنجامدەر و قوربانيدا بگرێت. بۆیە بە سەرەتاى هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییە مێژووییەکان بە شێوەیەکی دۆستانە و شارستانیانە دادەنرێت.
لەڕووی مێژووییەوە سەرهەڵدانى نەریتى داواى لێبووردنى فەرمى، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٠٧٧)ی زایینی، کاتێک “هێنری چوارەم” ئیمپراتۆری ڕۆمانی داوای لێبووردنی لە “پاپا گریگۆر”ی حەوتەمی ڕۆما کرد، بەهۆی ئەو ململانێیانەی کە لەنێوان دەوڵەت و کڵێسادا سەریان هەڵدا، وەکو قەرەبوویەکیش بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە پێی پەتى لەناو بەفردا بووەستێت.
“ژاپۆنییەکان و داواى لێبووردن”
لە مێژووى نزیکدا، وڵاتى ژاپۆن خاوەنى دیارترین و زۆرترین داواى لێبووردنە لە دەوڵەتانى دیکە، هەرچەندە لەمیانى جەنگى جیهانى دووەمدا هەردوو شارى هێرۆشیما و ناکازاگى کەوتنە بەر هێرشى ئەتۆمى سووپاى ئەمەریکا و بەهۆیەوە زیاتر لە (200) سەد هەزار کەس کوژران. لەدواى تەوابوونى جەنگى جیهانى دووەم، سەرۆک وەزیرانى ژاپۆن لەوتارێکدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەهەمبەر ڕۆڵی وڵاتەکەى لە جەنگی جیهانی دووەمدا، داوای لێبووردنی لە هەموو وڵاتانی زیان لێ کەوتوو بەتایبەتی ئەمەریکا کرد، بەهۆى هێرشى سووپاکەى بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا لە بەندەرى پێرل هاربەردا. بەڵام ئەمەریکا لەبەرانبەر بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە هێرۆشیما و ناگازاکی، داوای لێبووردنی نەکرد. کەچى رۆناڵد ریگان سەرۆکى ئەمەریکا لە (1981 – 1989) داوای لێبووردنی لە ئەمەریکییە بەڕەچەڵەک ژاپۆنییەکان کرد، بەهۆی دەستبەسەرکردنیان لەکاتى جەنگی جیهانی دووەمدا، بەتۆمەتى لایەنگرییان بۆ ژاپۆن، بڕى بیست هەزار دۆلاریشی وەکو قەرەبوو بە هەر قوربانییەکی ڕزگاربوو بەخشی.
ژاپۆن لەدرێژەى هەڵوێستەکانیدا، لە ساڵى (1995) و لەڕێگەى تۆمیچی مۆرایاماى سەرۆکوەزیرانی سۆسیالیستەوە، بەناوی حکومەتی ژاپۆنەوە داوای لێبووردنى لە هەموو وڵاتانى کیشوەرى ئاسیا کرد، لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە سوپاى ژاپۆن لەپێش و لەکاتى جەنگی جیهانی دووەمدا ئەنجامیداوە. مۆرایاما وتیشى: “هەژموونی کۆلۆنیالیزم و دوژمنکارییەکانى ژاپۆن بووەتە هۆکاری ئازارێکی ترسناک بۆ وڵاتانی دراوسێ”، واتە چین و هەردوو کۆریاکە. لەیادى حەفتا ساڵەی جەنگى جیهانى دووەمدا، ئیمپراتۆری ژاپۆنی ئاکیهیتۆ بۆ یەکەمجار لەوتارێکدا وتی: “کاتێک ئاوڕ لە ڕابردوومان دەدەمەوە، هەست بە پەشیمانیەکى قووڵ دەکەم، لەناخى دڵەوە هیوادارم ترسناکییەکانی شەڕ هەرگیز دووبارە نەبنەوە، نزاش بۆ گەشەپێدانی داهاتووی وڵات و ئاشتی جیهانی دەکەم”. لەدواى قسەکانى ئیمپراتۆر، “شینزۆ ئابێى” سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، وتى: لەکاتى جەنگەکەدا سوپای ژاپۆن دڕندانە بەرامبەر دراوسێ ئاسیاییەکانی رەفتارى کرد. بۆیە جەخت لە داوای لێبووردنی راستەقینەى سەرۆکەکانی پێش خۆم دەکەمەوە”. وتیشى: “ژاپۆن چەند جارێک هەستی قووڵی پەشیمانی و داوای لێبووردنی راستەقینەی دەربڕیوە، لەسەر ئەو کارانەی لە کاتی جەنگەکەدا کردوویەتی. بۆیە نابێت منداڵەکانمان و نەوەکانمان و تەنانەت ئەو نەوانەش کە بەدوایاندا دێن، کە هیچ پەیوەندییەکیان بەم شەڕەوە نەبووە، مەحکوم بە داوای لێبوردن بکەین”.
لەلایەکى دیکەوە، “نائۆتۆ کانى” سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە (2010 – 2011)، بەهۆی ئەو “زیان و ئازارە بێئەندازەیە”ی بەهۆی داگیرکارى وڵاتەکەیەوە لەنێوان ساڵانی (١٩١٠ بۆ ١٩٤٥) لە نیمچە دوورگەی کۆریا روویانداوە، داوای لێبووردنی لە کۆریای باشوور کرد. بەڵام تائێستا هەردوولا لەسەر قەرەبووکردنەوەى قوربانییەکان ڕێکنەکەوتوون.
“داواى لێبووردنەکانى ئەڵمانیا”
ئەڵمانیا لەماوەى ساڵانى (1884 – 1920) وڵاتى نامیبیاى لە کیشوەرى ئەفریقیا داگیرکرد. لەکاتى هەوڵى دانیشتووانى وڵاتەکەش بۆ بەدەستهێنانى سەربەخۆیى، بەزەبرى هێز بەرەنگاریان بوویەوە و لەماوەى ساڵانى (1904 – 1908)دا دەیان هەزار هاووڵاتى ئەو وڵاتەى کوشت. لە ساڵی (٢٠٠٤) و لەیادى سەد ساڵەی ئەو کۆمەڵکوژییەدا، وەزیری یارمەتی و گەشەپێدانی ئەڵمانیا هێداماریا واچۆچ زول، سەردانی نامیبیاى کرد و داوای لێبووردنی لە گەلی نامیبیا کرد. لە ساڵى (2021) و دوای پێنج ساڵ لە دانوستان لەنێوان حکومەتى ئەڵمانیا و حکومەتى نامیبیا، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “لەبەر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتییە مێژوویی و ئەخلاقییەکانی ئەڵمانیا، داوای لێبووردن و لێخۆشبوون لە نامیبیا بەگشتی و نەوەکانی قوربانیان بەتایبەتی دەکەین”. هەروەها ئەڵمانیا بڕیاریدا بڕی (1.35) ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەى وڵاتەکەیان بە حکومەتى نامیبیا ببەخشێت.
لە سەروەختى جەنگى جیهانى یەکەمدا، دەسەڵاتدارانى عوسمانى ئەرمەنەکانى وڵاتەکەیان کۆمەڵکوژ کرد، حکومەتى ئەڵمانیاش لەنزیکەوە ئاگادارى ئەو رووداوە بوو، بەڵام چاوپۆشى لێکرد. هەر ئەوەش وایکرد دواى نزیکەى سەدەیەک لەو رووداوە، بە دیاریکراوى لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (٢٠٠٥)دا، پەرلەمانی ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی فەرمى بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی کرد، لەهەمبەر هەڵوێستی ئەڵمانیای قەیسەرى، کە لە کاتى خۆیدا بۆ ڕێگریکردن لە قڕکردنی کەمینەی ئەرمەنەکان لە تورکیا هیچی نەکرد.
لە سەروەختى جەنگى جیهانى دووەمدا، ئەڵمانەکان پرۆسەى قڕکردنى جولەکانیان ئەنجامدا، کە دواتر بە هۆڵۆکۆست ناسرا، لەدواى تەواوبوونى جەنگەکەش تائێستا بەرپرسانى ئەڵمانیا چەندینجار داواى لێبووردنیان لە جووەکان کردوە، تەنانەت ژمارەیەک یاساشیان بۆ پاراستنیان دەرکردووە، نەک هەر ئەوەندە بگرە حکومەتی ئەڵمانیا لە ئەیلوولی (١٩٥٢) ڕێککەوتنامەیەکى واژۆکرد، تاوەکو لەماوەى (12) ساڵدا بڕى سێ ملیار مارک (یەک ملیار و نیو یۆرۆ) بدات بە ئیسرائیل وەک “میراتگری مافی قوربانیانی جولەکەکانی هۆلۆکۆست”. هەروەها ئەڵمانیا لە ڕێکەوتنامەی لۆکسمبۆرگدا بەڵێنیدا مانگانە خانەنشینی بدات بە هەموو ئەو جولەکانەی کە دەیسەلمێنن لەماوەی نێوان ساڵانی (١٩٣٣ و ١٩٤٥) لەلایەن ڕژێمی نازییەوە راوەدوو نراون.
ئەڵمانیا تا ساڵی (٢٠١١) بڕى (٣.٦) ملیار یۆرۆى بە جولەکان بەخشى. لە ساڵی (2012) ئەڵمانیا ڕێککەوتنێکی نوێى لەگەڵ ڕێکخراوی قەرەبووکردنەوەی جولەکەکان واژۆکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بەرلین نزیکەی نیو ملیار یۆرۆ قەرەبوو دەداتە هەشتا هەزار قوربانی نوێی هۆلۆکۆستی جولەکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.
لەلایەکى دیکەوە، پەرلەمانی نەرویج بەفەرمى داوای لێبوردنى لە ئەڵمانیا کرد، بڕیاریشدا قەرەبووى (١٢) هەزار ئەڵمانی بکاتەوە، کە منداڵی سەربازانی سوپای ئەڵمانیا بوون لەکاتى جەنگی جیهانی دووەمدا و نەرویجیان داگیرکرد، بەڵام لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە، ئەو کەسانە لە کۆمەڵگەی نەرویجیدا تووشی هەڵاواردن هاتن.
“بەخشین و قەرەبووکردنەوەى داگیرکارى”
بۆ ئەوەى داوای لێبووردنى فەرمى، ببێتە هۆى کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و کەمکردنەوەى کاریگەری تاوانەکانى جەنگ و جینۆساید، پێویستە قەرەبووی لەگەڵدا بێت، چونکە بنەماڵەی قوربانییەکان کە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ زیانیان لێکەوتووە، هیچ سوودمەند نابن لە دانپێدانانێک کە لەنێوان حکومەتەکاندا لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە دانوستانی لەسەر کراوە. لەو چوارچێوەیەدا، هەرچەندە هەندێک هەندێک لە دەوڵەتە ئەوروپییەکان دانیان بە ڕابردووی داگیرکارى خۆیاندا نا، بەڵام ئامادەنین قەرەبوویەکى شایستەى زیانەکان و کەسوکاری قوربانییەکان بکەنەوە، وەک لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتەکانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤدا هاتووە.
هۆڵەندا بۆ ماوەی نزیکەی (٣٥٠) ساڵ ئەندەنوسیاى داگیرکرد. ئەندەنوسیا لە (17/ ئاب/ 1945) سەربەخۆیی خۆی لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالی هۆڵەندا ڕاگەیاند، بەڵام هۆڵەندا ڕەتیکردەوە دانى پێدا بنێت و تێکۆشا بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەریدا، تا لە (کانوونی دووەمی 1949) وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانی پێدانا. ئەندەنوسیەکان دەڵێن لە کاتی شەڕەکانى ئەو چوار ساڵەدا نزیکەی چل هەزار کەسیان لێ کوژراوە، بەڵام هۆڵەندییەکان ژمارەى قوربانیەکان تەنها بە نزیکەى (1500) کەس دەخەمڵێنن. لە ڕاپۆرتێکى هۆڵەندییەکاندا کە لە ساڵی (١٩٦٨) بڵاوکرایەوە، دان بەوەدا دەنێت کە “پێشێلکارى تووندوتیژانە” لە ئەندەنوسیا ڕوویداوە. لە ساڵی (٢٠١٣) باڵیۆزی هۆڵەندا لە جاکارتا، پەشیمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییانەی کە سوپای هۆڵەندا لەدژى نەیارانى داگیرکارى لە دوورگەکانی جاڤا و سولاوێسی ئەنجامیدا، دوای ئەوەی ئەندەنوسیا لە ساڵی (١٩٤٥) سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند. هەروەها مارک ڕوتەى سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، داوای لێبووردنی لە ئەندەنوسیا کرد بەهۆی بەکارهێنانی “تووندوتیژی سیستماتیک و زۆروزەوەند”، لەلایەن وڵاتەکەیەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، لەدوای جەنگی جیهانی دووەم. لە مانگی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٠)،شای هۆڵەندا ویلیام ئەلێکساندەر، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ جاکارتا، داواى لێبوردنى کرد بەهۆی “تووندوتیژی بێ ئەندازە” کە لە کاتی جەنگەکەدا بەکارهێنراوە.
لە ساڵی (٢٠٢٠)، فیلیپی شاى بەلجیکا لە پەیامێکیدا بۆ یادى شەست ساڵەی سەربەخۆیی کۆنگۆ، “پەشیمانییەکی قووڵ”ی دەربڕی بەرامبەر بەو پێشێلکارییانەی کە وڵاتەکەی لە کاتی کۆلۆنیکردنی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆدا ئەنجامیداوە، بەڵام داوای لێبووردنی فەرمی نەکرد و ئاماژەی بە قەرەبووکردنەوەش نەکرد. لەکاتێکدا بەپێی خەمڵاندنەکان لە ئەنجامی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەلجیکا، نزیکەى دە ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە. لە ساڵی (٢٠٠٨) سیلڤیۆ بێرلسکۆنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا سەردانی شاری بەنغازی لیبیاى کرد، لەوێ لەگەڵ موعەمەر قەزافی سەرۆکى وڵاتەکەدا کۆبوویەوە، بە فەرمی داوای لێبووردنی کرد لەسەر ئەو “برینە قووڵانەی” کە لە سەردەمی دەسەڵاتی داگیرکارى ئیتاڵیادا لە لیبیا روویانداوە. هەروەها بڕیاریدا بۆ ماوەى (٢٥) ساڵ، ئیتالیا ساڵانە (٢٠٠) ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەکانی ژێرخانی لیبیا تەرخان بکات، بەڵام دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەى قەزافی لە ساڵی (٢٠١١)، ئیتاڵیا ڕێککەوتنەکەی هەڵپەسارد.
لە ساڵی (٢٠١٣)، ویلیام هیگى وەزیری دەرەوەی پێشووی بەریتانیا، “پەشیمانییەکی قووڵی” دەربڕی بەرامبەر بەو ئەشکەنجە و ئازاردانانەی کە لەلایەن ئەفسەرانی بەریتانیاوە لە کاتی داگیرکردنى کینیا لە ساڵانی پەنجاکانى سەدەى رابردوودا ئەنجامدراون. پاشان بڕیاریدا بە تەرخانکردنى نزیکەی (٣١) ملیۆن دۆلار کە بەسەر (٥٢٠٠) قوربانی کینیادا دابەشکرا. نیوزلەندا لە (1914) تا (1962) دوورگەکانی سامواى لە باشووری زەریای هێمن داگیرکرد، لەو ماوەیەشدا دەستى لە ئازاردنى دانیشتوانى ئەو ناوچەیە نەپاراست، هەر بۆیە هێلین کلارک سەرۆکوەزیرانی پێشووی نیوزلەندا لە وتارێکیدا کە لە ساڵی (٢٠٠٢) لە ساموا بەبۆنەى سەربەخۆییان لە نیوزلەندا پێشکەشی کرد، داوای لێبووردنی لەو “ستەمکارییانە” کرد کە وڵاتەکەی لە ماوەی (48) ساڵى داگیرکاریدا ئەنجامیداوە. لە ساڵى (1992) جەنگى بۆسنە لەنێوان موسڵمانەکان و مەسیحیەکانى ئەو وڵاتەدا روویدا، لە ساڵى (1995) هێزە ئاشتى پارێزەکانى هۆڵەندا گەیشتنە شارى سرێبرینیکا. لە مانگى تەمموزى ئەو ساڵەدا، کاتێک هێزە سربیەکان هێرشێکى چڕیان کردە سرێبرینیکا، زیاتر لە (350) موسڵمانی بۆسنیایی بۆ خۆپاراستن، پەنایان بۆ بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان برد، بەڵام هۆڵەندییەکان ئەو کەسانەیان ڕادەستی هێزەکانی سربیا کرد و دواتر هەموویان کوژران.
دادگای باڵای هۆڵەندا لە مانگی تەمموزی (٢٠١٩) بەشێک لە بەرپرسیارێتى کوژرانى ئەو کەسانەى خستە ئەستۆى هێزەکانى هۆڵەندا، وەزیری بەرگری هۆڵەندا کاجسا ئۆلۆنگرێن لە مانگى تەمموزى (2022) بۆ یەکەمجار بەناوى حکومەتی هۆڵەنداوە “قوڵترین داوای لێبوردنی لە کەسوکاری قوربانییەکان” پێشکەشکرد، لەپاى ئەو ڕۆڵەی کە ئاشتیپارێزانی هۆڵەندی لەکاتى جینۆسایدەکەدا بینیویانە.
“داواى لێبووردنەکانى پاپاى ڤاتیکان”
لەماوەى ساڵانى (1990 – 1994)، بەهۆى شەڕى نێوخۆیى لەنێوان توتسى و هۆتۆ لە رواندا نزیکەى یەک ملیۆن کەس بوونە قوربانى. سەرۆکی ڕواندا لە مانگی ئازاری (٢٠١٧)داواى لە پاپا کرد بە فەرمى داواى لێبووردن بکات، بەهۆی ئەو تاوان و هەڵانەی کە کەنیسە لەکاتى جینۆسایدەکەى ساڵی (١٩٩٤) کردوویەتی. پاپا فرانسیسى پاپاى ڤاتیکان بەیاننامەیەکى فەرمى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: “جارێکی دیکە داوای لێبووردن لە پەروەردگار دەکەم بۆ گوناهو هەڵەکانی کەنیسە و ئەوانەی سەر بە کڵێساکەن، لەوانەش قەشە و پیاوانی ئایینی و ژنانی ئایینی کە خۆیان ڕادەستی ڕق و تووندوتیژی کرد و خیانەتیان لە پەیامی ئینجیلی خۆیان کرد”. لە کەنەداش لەماوەى ساڵانى (١٨٩٠ بۆ ١٩٦٩) کەنیسەی کاسۆلیکی دامەزراوەى قوتابخانە ناوخۆییەکانى کاملوپسى بۆ هیندییەکان لەبرى حکومەت بەڕێوەدەبرد، کە (139) قوتابخانەى لەخۆگرتبوو. نزیکەی (١٥٠) هەزار منداڵ بە زۆر لە خێزانەکانیان وەرگیران و لەو قوتابخانانە دانران، لەوێ ڕێگەیان پێ نەدەدرا بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن، بەمەبەستى ئەوەى لە ڕەگ و ڕیشەی کولتووری و خێزانییان دابڕێنرێن و تێکەڵ بە کۆمەڵگەی کەنەدى بکرێن. بەشێک لەو منداڵانەى لەو قوتابخانانە دانران، دووچارى دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی هاتن، کۆمیسیۆنی ڕاستی و ئاشتەوایی ئاشکراى کرد لانیکەم (٣٢٠٠) منداڵ لە ئەنجامی دەستدرێژی یان پشتگوێخستن گیانیان لەدەستداوە.
خەڵکی ڕەسەن یان “هندییە سوورەکان” نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کەسن کە دەکاتە (٤.٣%) کۆی دانیشتوانی کەنەدا. یەکەم گرووپ بوون کە لەو وڵاتەدا نیشتەجێ بوون. دوای دامەزراندنی کۆنفیدڕاڵی کەنەدا لە ساڵی (١٨٦٧)، یاسایەک دەرچوو کە دواتر بە “یاسای هیندییە سورەکان” ناسرا. حکومەتی کەنەدا سیاسەتی تواندنەوەی زۆرەملێى بۆ منداڵانی دانیشتوانە ڕەسەنەکان پەیڕەوکرد، دەیان قوتابخانەی فەرمی و بەشەناوخۆیی دروستکرا کە سەر بە کەنیسە بوون. دوای دۆزینەوەی ئێسک و پروسکى (215) منداڵ کە لە گۆڕەپانی قوتابخانەیەکى پێشوودا نێژرابوون، مارک میلەرى وەزیری خزمەتگوزاری دانیشتوانە ڕەسەنەکانی کەنەدا، ڕایگەیاند پێویستە پاپا فرانسیس داوای لێبووردنێکی فەرمی دەربکات، لەبەرانبەر ئەو ڕۆڵەی کەنیسەی کاسۆلیکی لە سیستمی قوتابخانە ناوخۆییەکانى کەنەدا بینیویەتی، میلەر وتی: پێموایە شەرمەزارییە کە هێشتا ئەو لێبوردنە نەکراوە. چونکە ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆی قەشە کاسۆلیکیەکانى کەنەدایە. دواى ئەم لێدوانە، سەرۆکى قەشەکانى ڤانکۆڤەر بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە و بە فەرمى داوای لێبوردنى کرد. حکومەتى کەنەدا لە ساڵی (٢٠٠٨) بەفەرمى داوای لێبوردنی لەو تاوانە کرد و بە “جینۆسایدی کولتووری” ناوزەدى کرد، هەروەها بڕى (١.٦ ملیار) دۆلاریشی وەکو قەرەبوو بە کەسوکارى ئەو قوتابیانە بەخشى.
“تاوان و لێبووردنەکانى سەدام حسێن”
سوپاى ئێراق بە فەرمانى سەدام حسێنى سەرۆک کۆمارى ئەوکات لە (2/ئاب/1990) پەلامارى کوەیتى داو داگیرى کرد، لەساڵی (2002) تەلەفزیۆنى فەرمى ئێراق بەیاننامەیەکى سەدامى بڵاوکردەوە کە تیایدا کوەیتیەکانى بە “برا” ناوبرد و داوای لێبوردنیشی لێکردن. ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەى بڕیارى ژمارە (692)، لەمانگى ئایارى (1991) لیژنەى قەرەبوکردنەوەى دامەزراند، بڕى (52) ملیار دۆلارى بەسەر ئێراقدا سەپاند کە دەبوو وەک قەرەبوو بیبەخشێت بە کوەیتیەکان، کە بەهۆى پەلامارەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو. لە بڕیارەکەدا هاتبووو کە (5%) داهاتى نەوتى ئێراق بۆ قەرەبووکردنەوەى کوەیتیەکان تەرخان دەکرێت. لە (13/1/2022)، حکومەتى ئێراق رادەستکردنى دوایین گوژمەى قەرەبووکردنەوەکەى بە لیژنەکە راگەیاند.
داواى لێبوردنەکەى سەدام و قەرەبووەکەى ئێراق لەکاتێکدایە، تائێستا ئێراق لەپاى تەواوى تاوانەکانى بەعس لە بەرانبەر کورد، هەر لە ساڵى (1963 – 2003)، داواى لێبووردنى لە گەلى کورد نەکردوە، هەرچەندە لە ماددەى (132)ى دەستوورى ئێراقدا کە لە ساڵى (2005) پەسەندکرا، دەوڵەتى پابەندکردوە بە قەرەبووکردنەوەى قوربانیانى تاوانەکانى رژێمى بەعس. حکومەتى هەرێم زیانى تاوانەکانى رژێمى بەعسى لەماوەى چل ساڵى دەسەڵاتیدا بە (380) ملیار دۆلار خەمڵاندوە. بەڵام تائێستا هیچ کام لە سەرۆکایەتیەکانى ئێراق، هەرچەندە هەندێکیان کورد باڵادەستە تیایاندا، نە داواى لێبووردنى فەرمیان پێشکەش بە گەلى کورد نەکردوە، نە قەرەبووى قوربانییەکانیان کردۆتەوە.
* بۆ ئامادەکردنى ئەم بەدواداچوونە، سوود لە ژمارەیەک راپۆرتى ماڵپەڕەکانى: (فرانس 24، مۆنتى کارلۆ، الصباح الجدید، دویچەڤیلە عربى، جریدە الاهرام المصریە، المجلە، نون پۆست، الشرق، یۆرۆنیوز، الجزیرە، بى بى سى عەرەبى، تەرەتە عەرەبى، ویکپیدیا) وەرگیراوە.