دەوڵەت گرنگییه‌كی زۆری لە دیدگای بیرمەند و فەیلەسووفەكانەوە هەیە، بە جۆرێک لە ڕوانگەی بیرمەندی ئینگلیزی؛ (تۆماس هۆبز/ (Thomas Hobbes، دەوڵەت دروستكراوی دەستی تاكە لە دەرەنجامی گرێبەستی كۆمەڵایەتی. بە واتایەكی دیكە، “هۆبز” سەیری دەوڵەت دەكات وەك ئەوەی كیانێكی دروست كراوە و مروڤ هێناویەتییە بوون. واتە دەوڵەت گەشەیەكی سرووشتی نییە، بەڵكوو پەیدابوونێكی دروست كراوە لە لایەن مرۆڤەكانەوە. لێرەوە “هۆبز” ئەوە دەردەبڕێت كە دەوڵەت لە بەرامبەر تاكەكاندا دەسەڵاتی ڕەهای هەیە. بە ڕای “هۆبز” مرۆڤەكان لە دۆخی “بێ دەوڵەتی”دا چارەنووسیان دیار نییە؛ واتە تەنیا لە ناو دەوڵەتدا مرۆڤەكان چارەنووسیان دیارە، چونكە بە ڕای هۆبز پێش دروست بوونی دەوڵەت، كۆمەڵگە لە دۆخی سرووشتیدایە. لای فەیلەسووفی ئەڵمانی (فریدریك هیگل/ (Friedrich Hegel، دەوڵەت بەرزترین قۆناغی گەشەسەندنی كۆمەڵگا‌ی مرۆڤایەتییە. لەم دۆخەدا مرۆڤەكان پێوەرە ڕەوشتییەكان بەرامبەر بە یەكتر پەیڕەو دەكەن، چونكە هەر تاكێك بە تاكێكی دیكەوە بەستراوەتەوە. دەوڵەت بۆ پارێزگاری كردن لە مۆڵكداریی تایبەت دروست دەكرێت. بە لای “هێگڵ”ه‌وه، لە دۆخی دەوڵەت بووندا تاك بە ئازادی دەگات. هه‌روه‌ها “هیگل” پێی وایە تاك لە دەرەوەی دەوڵەت هیچ نرخێكی نییە؛ كەواتە بوونی تاك، پەیوەستە به بوونی دەوڵەتەكەیەوە. لای “هیگڵ” كەسەكان ناتوانن گوزارشت لە خۆیان بكەن تەنیا لە دەوڵەتدا نەبێت و، تاكەكان هەموو بەها ڕۆحی و ڕاستییەكان لە دەوڵەتەوە وەردەگرن.
فەیلەسووفی ئینگلیزی (جۆن لۆك/(John Lockeـیش پێی وایە كاری دەوڵەت تێپەڕاندنی دۆخی سرووشتیی نییە بە تەنیا، بەڵكوو پاراستنی مافە سرووشتییەكانی تاكەكانیشە. “لۆك” ڕای وایە ڕاستە كە ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە پەیمانێكی كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام ئەم پەیمانە مانای ئەوە نییە كە دەوڵەت لە لێپرسینەوە بێبەری بكەین. لای “لۆك” سەروەری، بەشێكی دانەبڕاوی ئەو پەیمانە كۆمەڵایەتییەیه، كە دەبێت دەوڵەت خۆی پێوەی پابەند بێت؛ واتە بەرامبەر بە هەڵە و كەموكورتییەكانی بەرپرسیار بێت. بۆ ئەم مەبەستەیش “لۆك” سیستەمی دابەشكردنی دەسەڵات دەهێنێتە ناو پرسی فەلسەفەی دەوڵەتدارێتییەوە، كە خۆی لە چەمكی لیبراڵیزمدا دەبینێتەوە. دابەشكردنی دەسەڵات لە نێوان ئەو ئۆرگانەی یاسا دادەنێت و ئەو ئۆرگانەی كە یاسا جێبەجێی دەكات، گەرەنتییەكە بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئازادی و مافەكانی تاك. هەروەها فەیلەسووفی دیاری فەڕەنسی (ئیم‌یل دۆركهایم/ (Émile Durkheim، گوزارشت لە دەوڵەت دەكات لەسەر بنەمای دابەشكردنی كار لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە. ئەم ڕوانینەی “دۆركهایم” بۆ دەوڵەت، سرووشتێكی ئابووری بە دەوڵەت دەبەخشێت، بە مەبەستی ئەوەی دەوڵەت سەروەت و سامانی كۆمەڵگە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر تاكەكان دابەش بكات. لە دیدگەی (یۆرگن هابرماس/ Jürgen Habermas)ـەوە، چه‌مكی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه بریتییه له په‌یوه‌ندیی نێوان دوو شێواز، یان دوو فۆرمی جیاواز له كۆبوونه‌وه و كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی، ئەوانیش: ده‌وڵه‌ت وه‌ك بوونیادێكی سیاسی و یاسایی، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه له ڕوانگه‌ی هه‌ست و سۆز و ئینتیما بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك كه خاوه‌ن چه‌ند بنه‌ڕه‌ت و بنچینه‌یه‌كی هاوبه‌شن.
مێژووی دەوڵەت-نەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لە کیشوەری ئەوروپا، دوای ئەوەی ئەوروپا لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە ھەنگاوی نا، بەتایبەت دوای سەرھەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسی، دەوڵەت-نەتەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان ھاتە بوون، لە مەبەدواوە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە بوو بە چەمکێکی باو لە ئەوروپا، دەوڵەت-نەتەوە داوای یەگرتنی سیاسی و ئابووری دەکرد بۆ کۆمەڵگا، واتە سەرەتا دەوڵەت-نەتەوە لە ئەوروپا سەری ھەڵدا دواتر بڵاوبوویەوە بۆ شوێنەکانی تر لە جیھان. له ڕوانگه‌ی یۆرگن هابرماسەوە بوونیادنانی ده‌وڵه‌ت له پێش بوونیادنانی نه‌ته‌وه دایه، بۆیه ده‌ڵێت: (ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی، له پشت زیادكردنی هه‌ستی نیشتمانی و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی تاكن). “هابرماس” پێی وایە ده‌وڵه‌ت ناتوانێت به شێوه‌یه‌كی باش به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه، به‌رده‌وام بێت، مه‌گه‌ر ته‌نیا له كاتێكدا نه‌بێت كه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و میكانیزمه جیاوازه‌كانی سیاسه‌تی گشتی به شێوه‌یه‌ك به‌كار بهێنرێت و گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، كه بتوانێت به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ قۆناغه جیاوازه‌كاندا خۆی بگونجێنێ. وەک دەبینیین له قۆناغەکانی سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتدا، ده‌وڵه‌ت ته‌نیا ئامرازێك بوو بۆ سه‌قامگیری و ئاسایش و ڕزگاربوون له شه‌ڕی هه‌مووان دژی هه‌مووان، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی کات، وه‌زیفه و ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت گۆڕاوه. پێویستی به‌وه كردووه كه هه‌موو پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌شداریی سیاسیان هه‌بێت، ده‌وڵه‌تی یاسا دابمه‌زرێت، ده‌وڵه‌ت سییفه‌تێكی شه‌رعی وه‌ربگرێت و ڕۆحییه‌تی هاووڵاتیبوون و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی تیایدا به‌رجه‌سته بكرێت.
دەوڵەت وەک ھەر دیاردەیەکی تر کە چۆن پەیدا دەبێت، دەکرێت کۆتایشی پێ بێت، بەھۆی ئەو کاریگەرییە جۆراو جۆرانەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەوڕووی دەبێتەوە، وەکوو کاریگەرییەکانی گلۆبالیزەیشن و پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیای زانیارییەکان، بێگومان دەوڵەتیش وەک کایەکی سەرەکی نێو زانستی سیاسەت بێ بەش نەبووە لە کاریگەرییەکان. له ڕوانگه‌ی هابرماسه‌وه به‌جیهانیبوون كاریگه‌ری خستۆته سه‌ر كه‌م كردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تان و، تایبه‌تمه‌ندییه كلاسیكییه‌كانی ده‌وڵه‌ت كه‌وتوونه‌ته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه وه‌ك: جیاكاری نێوان تایبه‌ت و گشتی، قۆرخكردنی هێز و تووندوتیژیی ماددی، سه‌پاندنی پێوه‌ره یاسایییه‌كان، پراكتیزه‌كردنی تاكلایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئه‌مانه‌ش وای له تیۆرسێنه‌كان كرد كه پشتگیری له دیارده‌ی به‌جیهانیبوون بكه‌ن و، بڵێن پێویسته له‌م چوارچێوه سیسته‌ماتیكییانه‌ی ده‌وڵه‌ت ڕزگار بین و سیسته‌مێكی نوێ بۆ ده‌وڵه‌تان دابنرێت كه به شێوه‌یه‌كی ته‌واو توانای خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ دیارده‌ی به‌جیهانیبوون و داواكارییه ئابوورییه‌كان له كۆمه‌ڵگا‌دا هه‌بێت. به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه، به‌شێكی بیرمه‌ندان گوتیان ڕاسته به‌جیهانیبوون سنووری ده‌وڵه‌تانی لاواز كردۆته‌وه، به‌ڵام نه‌بۆته هۆی مه‌رگێكی حه‌تمی بۆ ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه. كه‌واته، ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون، له سیسته‌می نیۆده‌وڵه‌تیدا ڕۆڵ ده‌گێڕێت. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه یه‌كه‌ی جیاواز و ناده‌وڵه‌تی له په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا په‌یدا بوون، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی ئه‌مانه‌وه ده‌كرێت دیسانه‌وه ئه‌م یه‌كه ناده‌وڵه‌تییانه به‌شێكیان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه ئاراسته بكرێن وه‌كوو كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و هه‌ندێك له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. بۆیه له ڕوانگه‌ی یۆرگن هابرماسه‌وه ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه، ده‌بێت ئه‌ركه‌كانی خۆی بگۆڕێت و كار له‌سه‌ر ئه‌و به‌هایانه بكات كه‌وا مۆدێرنیته‌ی سیاسی جه‌ختی له‌سه‌ر كردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی دیارده‌ی به‌جیهانیبووندا ده‌وڵه‌ت– نه‌ته‌وه بتوانێت خۆی بگونجێنێت.
بۆ ئه‌مه‌ش جه‌ختی له‌سه‌ر چه‌مكی ده‌وڵه‌تی نیشتمانی (الدولة الوطنية) و ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی (الدولة المواطن) ده‌كرده‌وه، كه به‌رمه‌بنای ده‌وڵه‌تی یاسا سیسته‌می سیاسی خۆی به‌ڕێوه ببات؛ به شێوه‌یه‌ك كه هه‌موو تاكه‌كان تیایدا به‌شدار بن به‌بێ ڕه‌چاوكردنی جیاوازی ڕه‌چه‌ڵه‌کی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی. هه‌موو بۆچوونه‌كانی “هابرماس” ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ت و به‌جیهانیبوون، بریتییه له ده‌رخستنی جیاوازی له نێوان ده‌وڵه‌تی دیموكراسی و نادیموكراسیدا. بۆیه “هابرماس” هه‌میشه جه‌ختی له‌سه‌ر چه‌مكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌كرده‌وه، وه‌ك فه‌زایه‌كی گشتی بۆ هه‌ر دوو ڕه‌هه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی. “هابرماس” پێی وایه له سه‌رده‌می گڵۆبالیزه‌یشندا ڕه‌هه‌ندی نیشتمانی، توانای كاری ده‌وڵه‌ت فراوانتر ده‌كات و، ده‌توانێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئامانجه هاوبه‌شه‌كان و دروست كردنی ناسنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ تاكه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌شداری له یه‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌تری ناده‌وڵه‌تیدا بكات؛ بۆ ئه‌مه‌ش، نموونه به یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌هێنێته‌وه. له كۆتاییدا ده‌وڵه‌ت وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی پێویست بۆ پاراستنی ناسنامه و سه‌قامگیری و پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو قۆناغێكدا ڕۆڵی خۆی ده‌گێڕێت و، گرنگی خۆی هه‌یه.
بەمجۆرە پێمان وایە چەمکی هاووڵاتى پۆست نەتەوەیى لای “یۆرگن هابرماس” هەوێنی پرسی پۆست ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وەیە. چونکە ئەو پێشکەوتنە سیاسییەى کە لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمەوە لە کۆمەڵگاکانى ڕۆژئاوادا بەدیهات واى لە هەندێک فەیلەسوف کرد ناوەڕۆکێکى نوێ بۆ هاووڵاتى دابهێنن لەسەر ئەو نموونەیەى کە هابرماس بانگەشەى بۆ دەکات کە بریتییە لە “هاووڵاتى پۆست-نەتەوەیى” یاخود “هاووڵاتى جیهانى”، چونکە لە دامەزراندن و گەشەسەندنى یەکێتى ئەوروپاوە ئەم نموونەیە لە سنورێکى پان و بەرینى جوگرافیدا بووە بە واقیع و داکەوتێکى کارا و زیندوو. بۆیە دەبینین “یۆرگن هابرماس” لە کتێبى (لە نێوان حەقیقەتەکان و پێوەرەکاندا: بەشدارى لە تیۆریى گوتارى یاسایى و ناوەڕۆکى دەستورى دیموکراتییدا) بانگەشەى دووبارە پێداچوونەوە و گونجاندنى چەمکى هاووڵاتى دەکات لە چوارچێوەى دەوڵەتى دیموکراتى هاوچەرخدا. بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجە داوا دەکات دوو ئەرکى بنەڕەتى ئەنجام بدرێت؛ ئەرکى یەکەم بریتییە لە دووبارە بوونیادنانەوەى چەمکى ماف. ئەرکى دووەم بریتییە لە دووبارە بوونیادنانەوەى پڕەنسیپى دەوڵەتى یاسا و دیموکراتى. ئەرکى یەکەم لە ڕێگاى جێگیرکردنى پەیوەندییەکى هاوبەشەوە لە نێوان پڕەنسیپى مافەکانى مرۆڤ و سەروەرى گەلەوە بەدیدێت، بەڵام ئەرکى دووەم لەمیانەى جێگیرکردنى مۆرکێکى کرداریى و ڕێکارییەوە لەپێناوى سەروەرى گەلدا جێبەجێ دەبێت. ئەمەش بە واتاى گواستنەوە دێت لە ئیرادەى گشتییەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنى ئیرادە لە نێوان هەموواندا.
بە گەڕانەوە بۆ بنەماکانى چەمکى هاووڵاتیبوون دەبینین ئەو چەمکە پشت بە چوار پڕەنسیپ دەبەستێت، ئەوانیش؛ (مافەکان، بەرپرسیارییەتى و ئەرکەکان، بەشداریکردن، ناسنامە)، کە هەموویان مۆرکى نەتەوەیییان هەیە. کەچى “یۆرگن هابرماس” دەیەوێت لە سنوورى هاووڵاتى نەتەوەییەوە بەرەو هاووڵاتى جیهانى بڕوات، کە لەمیانەى مافە مرۆییە جیهانییەکان و بەشداری کردن لەسەر ئاستە هەمەجۆرەکاندا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەت لە ڕووى سیاسییەوە. “یۆرگن هابرماس” زۆر جەخت لەسەر چەمکی بەجیهانیبوون دەکاتەوە، بە جۆرێک کە چەمکی هاووڵاتی جیهانی دەبەستێتەوە بە گلۆبالیزەیشن. بۆیە دەبینینن کە لەلایەنى سیاسییەوە “هابرماس” پێى وایە هاووڵاتى جیهانى لە سەردەمى جیهانگیریدا سنوورى نەتەوەکان دەبەزێنێت، بەجۆرێک ڕوانگەى شۆڤێنى بۆ ڕەگەز و ڕەنگ و کو‌لتوور تێدەپەڕێنێت، تا دەگات بەو ئاستەى هاووڵاتى مرۆیى هەستێت بە مافە جیهانییەکانى تاک لەسەر هێڵى سنوورى سەروەرى نەتەوە کە هەموو هەسارەکە لەخۆبگرێت، پاشان جێبەجێبوونى ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆى بزوتنەوەکانى کۆمەڵى مەدەنى دژى (ستەمکاریى، پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ، جیاکاریى ڕەگەزى، سیستەمى تاک جەمسەرى). “یۆرگن هابرماس” ئەم ناسنامە سیاسییە نوێیە بە (نەتەوەى دەستووریى) ناودەبات، لەمەوە نموونەیەک لە هاووڵاتى بەرهەمدێت بەناوى (هاووڵاتى دەستوریى) کە نوێنەرایەتى نەتەوە ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتى کولتوورێکى سیاسى دەکات، بە ناسنامەیەکى پۆست نەتەوەییەوە، کە دەخوازێت دۆگماى ڕابردووى هاوبەش و چارەنووسى هاوبەشى تاکەکان تێپەڕێنێت بەرەو پڕۆژەیەکى نوێ لەسەر بنەماى دۆزینەوەى بەهاى گەردوونى بۆ هاووڵاتیان، بەڵام “یۆرگن هابرماس” بە مەبەستى جێبەجێبوونى پڕۆژەى (هاووڵاتى دەستوریى) جەخت لەسەر کێشانى هێڵ لە نێوان دەوڵەت و گەلدا دەکاتەوە. ئەمەش بەو پاساوەى یەکانگیریى هاووڵاتیان پشت بە یەک کو‌لتوور و یەک نەتەوە نابەستێت. هەرچەندە جێبەجێبوونى ئەمەش بەستراوەتەوە بە یەکێتى لە نێوان هاووڵاتیاندا دەربارەى پڕەنسیپە بێگەردە یاساییەکان. ئەم کەڵکەڵەیەش بۆ نەتەوەى دەستووریى لە هزرى “یۆرگن هابرماس” دا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێى وایە زۆربەى دەوڵەتەکان بە کرداریى لەسەر ئەو ڕێچکەیە دەڕۆن، کە بریتییە لە ناسنامەى سیاسى پۆست نەتەوەیى.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو باوەڕەى کە “یۆرگن هابرماس” دەیەوێت بە مەبەستى تێپەڕاندنى مۆدێلى نەتەوەپەرستى یاخود نیشتیمانپەروەرى دەوڵەت بەرەو چەمکى دەوڵەتى پۆست نەتەوەیى یاخود جیهانگیریى بڕوات لەمیانەى دروست کردنى هاووڵاتى دیموکرات و بەجیهانیکردنى دیموکراتى و بەرفراوانکردنى تۆڕى پەیوەندییەکان لە نێوان هاووڵاتیاندا بە ئامانجى ڕووبەڕووبوونەوەى هەموو ئەو مەترسیانەى بەهۆى جیهانگیریی و گۆڕانکارییە خێراکانەوە بەرۆکى هاووڵاتیانى ئەم سەردەمەى گرتووە.
تێبینی: لە نووسینی ئەم وتارەدا سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:-
- ناودار زیاد رضا، کاریگەرییە سیاسییەکانی پانتایی گشتی لە ڕوانگەی “یۆرگن هاپرماس”ەوە: هەرێمی کوردستانی عێراق بە نموونە، نامەی ماستەر، کۆلێژی زانستە ڕامیارییەکان، زانکۆی سلێمانی، ٢٠١٩ .
- عبدالعزيز ركح، ما بعد الدولة – الأمة عند يورغن هابرماس، منشورات الاختلاف، الجزائر، 2011 .
- عەدنان مەجید محەمەد، پۆست ده‌وڵه‌ت– نه‌ته‌وه، ماڵپەڕی پێنووس، ٢١ی حوزەیرانی 20١٧.