“لە فرۆیدەوە بۆ یۆنگ”
هاوکاری ئازیزم
نەمتوانی ئۆقرە بگرم و پێش ئەوەی توێژینەوەکانت لەبارەی داڕمانی دەستنیشانکردنم بۆ بنێریت، بەدەستم هێنا، بەڵام زۆر سوپاست دەکەم کە بۆتان ناردم. ئەوەی زۆر دڵخۆشی کردووم گەڕانەکانی کۆتاییتە لەبارەی دهروونشیکاری و ئەزموونەکانی داڕمان”ەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی هێزی ئەزموونکردنی تایبەتی خۆتت لەبارەیەوە باسکردبوو، هەموو ئەو شتانەی لەسەر ئەو لقانەی باست کردووە و تا ئێستا لە بوارەکەماندا ئاشکرا نەکراوە دەسەلمێنێت. دڵنیام تۆ هەمیشە دەبیتە پاڵپشت بۆم، بەڵام هەر ڕەخنە و ڕاستکردنەوەیەک لە تۆوە بێت بەدڵخۆشییەوە پەسەندی دەکەم.
تکایە ڕێزی زۆرم پەسەند بکەن، دکتۆر فرۆید.
بوورگوزلی [1]. زیورخ. ٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٠٦
“لە یۆنگەوە”
ئازیزەکەم پڕۆفیسۆر فرۆید
تکایە سوپاسگوزاریم بۆ ئەو دیارییەی ناردبووتان پەسەند بکەن. پێم وایە ئەرکی هەموومانە بە پێدانی ئەم توێژینەوە کورت و هەمەجۆرانە ڕێگا خۆشبکەین بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت ئاشنای شێوازی بیرکردنەوەت بێت. سەڕەڕای ئەو هەموو هێرشانەی کە لەلایەن ئاشنافنبۆرگەوە[2] و لە ناوەڕاستی ئەم هەموو ڕەخنەیە لە بیردۆزەکەت دەگیرێت و ئاڕاستەت دەکرێت و دەشێت پاڵنەری کەسی لە پشتەوە بێت، هیوادارم ژمارەی شوێنکەوتوانی ڕێگای زانستەکەت لە داهاتوودا زیاد بکات. ئەوەی مایەی نیگەرانییە لەبارەی ئەم هێرشانەوە بەڕای من ئەوەیە ئاشافنبۆرگ لەسەر شتە ڕووکەشییەکان وورد دەبێتەوە، لەکاتێکدا سوودی بیردۆزەکەت لە بواری دەروونی جێگەی خۆی هەیە، بەڵام زانایانی دەروونی و پزیشکانی دەروونی نوێ ناتوانن لێی تێ بگەن. لەم دواییەدا لەگەڵ ئاشافنبۆرگ لەبارەی بیردۆزەکەتەوە نامەی بەپێزمان ئاڵوگۆڕکردووە و بەم دیگایە گەشتووم کە دەکرێت هاوڕا نەبیت لەگەڵم پڕۆفیسۆر.
پێزانینێکی زۆرم هەیە بۆ بیروبۆچوونهكانت لە دهروونشیکاری، لە زانستی نەخۆشە دەروونییەکان یارمەتی داوین، بەڵام هێشتا دوورم لەوەی چارەسەرەکە و دروستبوونی هستریا هەزم بکەم، لەبەرئەوەی ئەو بابەتەمان کە پەیوەندی بە هستریاوە هەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان هێشتا لاوازە.
ئەمە مانای ئەوەیە چارەسەرییەکانت بە پشت بەستن لەسەر کاریگەرییەکانی دەرئەنجامی چارەسەری شیکاری دەروونی کورت نابێتەوە، بەڵکو پشتیش دەبەستێت بە هەندێک پەیوەندی کەسی، بەلای منەوە هستریا زۆر سێکسییه، بەڵام لەسەر یەک ڕەگەز کورت نابێتەوە، لێرەدا هاوڕاتم لەو بیردۆزەت کە پەیوەندی بە سێکسەوەهەیە. ئاشنافنبۆرگ بەشێوەیەکی وورد لەسەر ئەم پرسیارە هەستیار و بیردۆزییە چڕبۆتەوە، بەڵام یەک شتی لەبیرکردووە، ئەویش توێژینەوە بەنرخەکانتە لە زانستی دەروونی، کە ڕۆژێک دەروونناسی پاداشتی نەبڕاوە وەردەگرێت لەسەری. هیوادارم بەمزووانە کە گفتوگۆیەکم لەبارەی نەخۆشی دەروونی پێش وەختە و ڕوونکردنەوەی دەروونی لە دیدگای تۆوە دەکەم بە کتێبێک بۆت بنێرم. ئەو دۆخەش بەبوونی بنەماکانی تۆ کە سەرنجی “بلۆلری” ڕاکێشابوو سەڕەڕای دژایەتییە زۆرەکەی لەوکاتەدا ئەویشم بڵاو کردووهتەوە، بەڵام وەک ئەوەی دەیزانیت هەڵوێستی “بلۆلر” ئێستا بەتەواوی گۆڕاوە.
لەگەڵ سوپاسی زۆر
تکایە ڕێزی زۆری ک.گ. یۆنگ پەسەند بکەن.
“لەلایەن فرۆیدەوە”
هاوکاری ئەزیزم
نامەکەت بە جۆرێک دڵخۆشی کردم کە سوپاسگوزارم لەوەی توانیوتە ڕای “بلۆلر” بگۆڕی. بۆماوەیەکی درێژ نووسینەکانت وای لێکردم گومان لە ئاستی تواناکانت لە توێژینەوەکانم، لە زانستی دەروونی کە هەموو ڕاکانم دەربارەی هستیریا و بابەتی سێکسی کۆناکاتەوە دروست ببێت، بەڵام ئەو بوێرییەم هەیە کە بڵێم زیاتر لەوەی ئێستا پێشبینی دەکەی ساڵ بە ساڵ زیاتر لێم نزیک دەبنەوە. بەلایەنی هێزی شیکاری دەروونی کە لەبارەی دەماری دەروونی کردوومە، خۆت زیاتر دەزانی کە چۆن فاکتەرە سێکسییهكان وندەبن و چۆن لەکاتی دۆزینەوەیان دەبنە فاکتەرێکی یارمەتیدەر لە تێگەیشتن و چارەسەریان. هیوادارم ئەم لایەنەی توێژینەوەم جێگیر ببێت بەوەی شایستەترین و گرنگترینە.
لەبەر هۆکاری بنەمایی و لەبەرئەوەی کەسێکی ڕق هەڵگرە وەڵامی هێرشەکانی ئاشافنبۆرگ نادەمەوە. ڕوونە بڕیاردانی من لەسەری لە بڕیاردانی تۆ تووندترە. لە توێژینەوەکانی جگە لە پڕ و پووچێتی هیچی تر نادۆزمەوە. هێشتا لەگەڵ مەنهەجی خەواندنی موگناتیسی کە دەیان ساڵە فەرامۆشکراوە دەجەنگێت و هیچ هەزمکردنێک بۆ ساددەترین بنەما هێماییەکان دەرناخات، گرنگییەکەی لەوەدایە ئەگەر ئاماددە نییە بڕوا بە قسەکانی من بکات خوێندکارێکی زمانەوانی و شارستانی دەتوانێت بۆی ڕوون بکاتەوە. وەکو زۆرێک لەو ڕەخنەگرانەی کە هەمانە بەشێوەیەکی تایبەت هاندەدرێت بۆ سەرکوتکردنی پـاڵنەرە سێکسییهكان، ئەو فاکتەرە بێزارکەرەی کە لە کۆمەڵگایەکی باشدا پێشوازی لێ ناکرێت.
وەک ئەوەی دەیبینیت دوو بهرهی جەنگمان هەیە و بۆ هەمووان ڕوونە کە کێ بەمزووانە سەردەکەوێت و کێ دەدۆڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگایەکی درێژم لەپێشە و بەم پەنچا ساڵییەمەوە چاوەڕێی ئەوە ناکەم کۆتاییەکەی ببینم، بەڵام ئەوانەی دواتر دێن دەیبینن. هیوادارم و خۆزگە دەخوازم هەموو بتوانن لەناخیاندا زاڵبن بەسەر ئەو بەرگرییەی بەرامبەر ڕاستی هەیانە، هیواخوازن لە نێو شوێنکەوتووەکانمدا خۆیان دەرخەن و ڕزگاریان ببێت لە کۆتا پاشماوەی ترس کە جڵەوی گرتووە بەسەر بیرکردنەوەکانیاندا. ئاشافنبۆرگ ئەگەر ئەو توێژینەوەی نەبوایە من نەمدەناسی و وێنەیەکی خراپی لەلام دروستکرد. بەبێ ئۆقرەیی چاوەڕێی کتێبی دواتر دەکەم سەبارەت بە نەخۆشی دەروونی پێش وەختە. دەبینم پێویستە بەرهەمی تۆ بێت یان “بلۆلر” بەدەستی بهێنم، بەوەی کۆششی تەمەنێک بێ هوودە نەبووە هەستێکی گەورەم پێدەدات کە بە خۆشبەختی و ڕەزابوون قەرەبووناکرێتەوە.
لەگەڵ تەواوی پێزانینم، دکتۆر فرۆید
ئەوەی کە ناردوومە دەبێت ئەو کەلێنەی کە لە چارەسەری پەیوەندیدار لە پەیوەندی کەسییدا هەیە پڕ بکاتەوە.
٧ی ئۆکتۆبەری ١٩٠٦، ڤییەننا ٩، بیرگاسی ١٩
“لە یۆنگەوە بۆ فرۆید”
ئازیزەکەم پڕۆفیسۆر فرۆید
هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا لەبارەی هەمان بابەت کۆپییەکی دیکە کە دهروونشیکاری زیاتر لە خۆ دەگرێت بۆت بنێرم. پێم وانییە گۆشە نیگای من لە بابەتە سێکسییەکانەوە زۆر تووند بێت، لەبەرئەوەی هەر خۆی ڕەخنەگران ڕەخنەی خۆیان دەگرن. تێبینی ئەوەشم کردووە کە دەکرێت هۆکاری دەست گرتنم بە گۆشە نیگا دوور مەوداکانت لە کەمی ئەزموونمەوە بێت. بەڵام پێت وانییە هەندێک لایەنی جوداتری گونجاو پاڵنەری سەرەکی بن وەک برسێتی: بۆ نموونە خواردن و خواردنەوە ههندێكجار برسێتی، ئەمما ماچکردن زۆربەی جار سێکسییە. ئەو دوو گرێیەی کە لە هەمان کاتدا هەیە هەمیشە لە ناخی مرۆڤدا بڕیاری لەسەر دراوە بە ئاستێک کە یەکێکیان دەبێت بەرگەی ئەوی دیکەیان بگرێت. لەوانەیە مەبەستت ئەمە بێت و زیاتر نا، لەم دۆخەدا من بە هەڵە لێت تێگەیشتبووم و بەتەواوی هاوڕاتم. بەهەرحاڵ ناتوانم هەست بە نیگەرانی نەکەم لەو ئەرێنیەی کە پێشکەشت کردووە.
نەخۆشێکی ڕووسی تووشبوو بە هستریام هەیە خانمێكه، دۆخەکەی قورسە و لە ئێستادا بە بەکارهێنانی توێژینەوەکانی تۆ چارەسەری دەکەم، تەمەنی بیست ساڵە و شەش ساڵە بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنێت.
یەکەم شۆکی لە نێوان تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵی بووە، کاتێک بینیوێتی باوکی بە ڕووتی کێشاویەتی بە سمت و ڕانی برا گەورەکەی، ئەمەش وێنەیەکی بەهێزی لەلا بەجێهێشتووە و نەیتوانیووە ڕێگەی بیرکردنەوەی ئەوەی پیسایی کردۆتە سەر دەستی باوکی لە خۆی بگرێت. هەوڵەکانی پیسایکردنی لەسەر قاچەکانی لەنێوان تەمەنی چوار بۆ حەوت ساڵی بەم شێوەیە بووە؛ لەسەر زەوییەکە دادەنیشت و یەکێک لە قاچەکانی لەژێر خۆی دەنا و پێڵاوەکانی لە شوێنی پیسایکردنی نزیک کردۆتەوە، لە هەمان کاتدا هەم هەوڵی داوە پیسایی بکات و هەم نەشیکات. زۆربەی جار بەم شێوەیە بۆ ماوەی دوو هەفتە خۆی تووشی قەبزی کردووە. نازانم چۆن شتێکی وا سەیری بە مێشکدا هاتووە، دەیوت غەریزەیەکی پاکە، کە لە هەستی موچوڕکەیەکی خۆشەوە هاتووە. دواتر ئەم کردەوەیە بە دووبارەکردنەوەی بووە بە خوویەکی نهێنی.
زۆر سوپاسگوزار دەبم ئەگەر بە کورتی ڕای خۆتم لەبارەی ئەم چیرۆکەوە پێ بڵێیت.
لەگەڵ ڕێزی ک. گ. یۆنگ.
سهرچاوه؛ رسائل يونغ و فرويد/
[1] نەخۆشخانەیەکی دەروونییە لە زیورخ – سویسرا.
[2] گۆستاڤ ئاشنافنبۆرگ دکتۆرێکی دەروونی ئەڵمانییە دواتر ڕۆشتووە بۆ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا.
وەرگێڕانی له عهرهبییهوه: مەدینە ئەحمەد