“گهشتێک بهناو بهرههم و بیرکردنهوهی ئالبێر کامۆدا”
2.گنۆسییەکان
لە ئامۆژگارییەکانی گنۆسییەکان دا رێگەچارەیێکی رادیکاڵتر بۆ پرسی شەڕ لە جیهان دا خرابووە روو. گنۆسییەکان فەیلەسووف و مامۆستاگەلێکی دینی بوون کە لەسەدە سەرەتاییەکانی دوای لەدایک بوونی مەسیح کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبوو. گنۆسییەکان دووانەباوەڕ(سەنەوییەت باوەڕ)انێک بوون کە دەیانگووت وجوود دوو قەڵەمڕەوی هەیە: قەڵەمڕەوی خودایی نوور، کە خەیرە و قەڵەمڕەوی جیهانی تاریکی کە شەڕە. دەیانگووت ئینسانەکان لە قەڵەمڕەوی شەڕ دا، کەوتوونەتە داوەوە و بۆ رزگارکردنی “ئینسانی دەروونی” و گەیشتن بە رزگاری پێویستییان بە زانستی غەیبی«گنۆسیۆس» هەیە. ئەم زانستە زۆربەی کات لەزمانی رێوڕەسمە رازئامێزەکانەوە دەپێچرا و دەخرایە روو. زۆربەی گنۆسییەکان توخمگەلێکیان لە مەسیحییەتەوە هێنابووە نێو ئامۆژگارییەکانیان. بەڵام هەندێکیشیان ئامۆژگاریگەلێکیان لە دینەکانیتر، بەتایبەتی دینی زەردەشت، وەرگرتبوو. کامۆ لە میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی دا ئایینی گنۆسی مەسیحی دەخاتە چەقی سەرنجی خۆیەوە و بەیەکێک “لە سەرەتایی ترین هەوڵەکانی تێکۆشانی هاوبەشی یۆنانی-مەسیحی” باسی دەکات..(Essais،1250)
کامۆ ئیدیعای ئەوە دەکات کە بە پێچەوانەی جیاوازییەکانی نێوان گنۆسییەکان، لە کۆی مەزهەبی گنۆسی دا ناوەرۆکگەلێکی بنەمایی دەدۆزرێنەوە: “پرسی شەڕ، رزگاریی لە گوناە، تیۆرەی نێونجییەکان، و خوداوەند بە باس نەکراو و نەهاتنەسەر زار زانین”. (Essais،1252) کامۆ ئەو کات سێ گنۆسی مەسیحی دەخاتە ناوەندی سەرنجی خۆیەوە: باسیلیۆس، مارکیۆن، و والنتینۆس. سەبارەت بە باسیلیۆس دەڵێت: “ئەگەر راست بێت کە پرسی شەڕ لە ناوەندی کۆی ئەندێشەی مەسیحی دا بێت، کەواتە ناشێت هیچ کەس قووڵتر لە باسیلیۆس بزانرێت”. (Essais،1252-3)
ئەو سێ تێزی بنەڕەتی بە هی باسیلیۆس دەزانێت:-
(1) ئینسانەکان بەشێوەیەکی سرووشتی ئامادەی گوناهکردنن (2) گوناە بەردەوام بە سەر سزادانی ئینسان دا دەشکێتەوە. (3) رەنج بەردەوام بە داشۆرینی ئینسان لە گوناە و چاکسازیی مرۆڤ گرێی خواردووە. ئەم تێزەی سێیەمیان بەتایبەتی جێی سەرنجە چونکوو بەشێوەیەکی ژێرەوانکێ و زارەکییانە بەم مانایەیە کە شەهیدانی مەسیحییەت و تەنانەت خودی عیسای مەسیح ئەو رەنجانەیان بۆیە تەحەموول کردووە تاکوو لە گوناهانیان داشۆرێن و پاک ببنەوە. کامۆ دەنووسێت:«تەنانەت مەسیح ناتوانێت لە یاسای گشتی گوناە هەڵبێت» .(Essais،1254) مارکیۆن، هەروەها کە کامۆ بە بیرمانی دێنێتەوە، لەسۆنگەی ئەم تیۆرەیەوە شایانی سەرەنج و گرینگی پێدانە کە دەڵێت: دوو خودا بوونی هەیە: “خودایەکی سەرتر کەلەسەر جیهانی نادیار حاکمە و خودایەکی نەویتر کە خودای ئەم جیهانەیە”. (Essais،1255) “مارکیۆن” ئەم خودایەی دووەم لەگەڵ خودای چاخی کەونینە بەیەکێک دەگرێت و بە خودایێکی بێ بەزەیی و جەنگ خوازی دەزانێت. ئەو خودایەک بوو کە یەعقووبی ئازاردا تاکوو دەسەڵاتی شەیتان بخاتە بەر تاقیکردنەوەوە، کە تینووی خوێن و جەنگ بوو، کە یاسایە (شەریعەت)کی نووسی بووە هۆی سەرکوت کردنی خەڵکی یەهوود. خودای سەرتر خودایەکی پەنامەکییە کە تەنها ئەو کاتە ئاشکرا بوو کە عیسا ئەوی ناساند. ئەگەرچی ئینسانەکان بوونەوەرگەلی ئەم جیهانە نزم و نەوییەن، بەڵام تۆوی خودای سەرتر تێیاندایە و بۆیەش بوونیان دەبێتە پانتای جەنگی نێوان خودای هێرشبەر بەڵام نەویتری ئەم جیهانە و خودای سەرتر بەڵام دوورتری ئەو جیهانە نادیارە. لە راستیدا ئەرکی رزگاری و بەختیاری ئینسان خراوەتە سەر شانی نێونجییەک:
عیسا لێرەدا، لەم خوارە دا ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە دەگەیەنێتە ئەنجام. ئەگەر ئەو ئێمە لە گوناهەکانمان پاک دەکاتەوە، لە راستیدا بە کێبڕکێ و بەربەرەکانێ لە گەڵ خودا بێبەزەییەکەیە کە ئەم کارە دەکات. ئەو کە هەم رزگارکەر و هەم وەرگرەوەی گوناهەکانمانە. ئامێری جۆرێک کودیتای میتافیزیکییە. .(Essais،1256) والنتینۆس، گنۆسییەکی سەر بە بەرەی دووەم، بەرگری لە پێکهاتێکی چڕوپڕتری داڕێژراو لە نێونجییەکان، کە لەخۆگری تاقمێک لە فریشتەکانە، دەکرد. کامۆ پێکهاتەکەی بە «ئۆڵێمپیایی مەسیحی» ناو دەبات. .(Essais،1259) والنتیۆس بۆ ئەم پرۆسێسە ئاوەها باسکارییەک دەدات بەدەستەوە کە وەبیرخەری بەخشاوەیی و بەشینەوە بەردەوامەکانی فلۆتینە. خودای والنتینۆس، وەکوو خودای فلۆتین، تاقانە و کامڵە، سەرڕێژێکی بەرین لە وجوود کە لە دەرەوەی زەماندایە. پاشماوەی وجوود گەڕیان و بەشینەوەیەکە لە کەماڵی خوداوەند. بەڵام ئەم پرۆسێسە هێمن و هەمین ناچێتە پێشەوە. سۆفیا (حیکمەت) بەرپرسی خراپ بەڕێوەچوونی کاروباری مرۆییە، دەقاودەق بەو چەشنەی کە سەرچاوەیەکی کاکێشانی تر(جیهان ئافرێن- Demi-urge) جیهانی ماددی و ماکی دەئافرێنێت و لەئاکامدا سێ پلەی جۆراوجۆر لە ئینسانەکان بیچم دەگرن. کامۆ روونی دەکاتەوە کە دیاری کردنی ئەم پلانە دەگەڕێتەوە بۆ رێژەی ئاگایی تاکەکان لە سەرچاوە و بنەڕەتیان:- رۆحانییەکان کە لەرێگەی گەیشتن بە خودا دان، ماددییەکان کە نە بنەوان و بنەڕەتی خۆیان دەزانن و نە گوێشی دەدەنێ، و توێژی نێونجی ئەم دووانە، سرووشت خوازگەلێکی ڕاڕایی و گومانئامێزن کە لە هیوا و ئارەزووی ژیانی خاو و فشۆکی هەستەوەرییاندان بە ئەوپەڕی دڵەکورکێوەن بێ ئەوەی بزانن لەکوێدا دەبێت بگیرسێنەوە. .(Essais،1260)
کامۆ دەڵێت رێگەچارەی والنتیۆس بۆ پرسگری شەڕ زۆر ساکارە. چوون سۆفیا شکست دەخوات، رۆحی ئینسانی لە ئیرادەی ئازاد بێ بەری دەبێت. تەنها کەسانێک کە رزگار دەبن ئەوانەن کە بەردەوام لەسەر بنەڕەتی خۆیان ئاگادار دەمێننەوە: رۆحانییەکان«یان گنۆسییەکان». ئەگەرچی کامۆ ئەمە ناڵێت، بەڵام وێکچوونێکی سەیر لەنێوان سێ پلەبەندییە ئینسانییەکەی والینتینۆس و پلەگەلی لەش، زەین و میهرەبانی لای پاسکال دا هەیە. لە روانینی پاسکالیش دا، وەکوو والینتینۆس، تەنها ئەوانەی وا لەسەرترین و بەرزترین پلە دان زانیاری پێویستیان بۆ جمان و جووڵان بەرەو رزگاری هەیە.
گنۆسییە مەسیحییەکان لە وەڵامی ئەم پرسیارە دا کە “بۆچی بوونەوەرێکی تەواو جیهانێکی ناتەواو دەئافرێنێت؟” هاودەنگ و هاوڕان و دەڵێن خودای تەواو نەبووە کە ئەم جیهانەی ئافراندووە. ئافەرێنەری جیهان بوونەوەرێکی نەویتر، خودایەکی پلەدوو بووە کە دەتوانێت بێ بەزەیی و تەنانەت دڕندەش بێت. لە لایەکی دیکەوە، گنۆسییە مەسیحییەکان لەم بارەیەوە کە بۆچی بوونەوەرێکی تەواو بوار دەدات بوونی جیهانێکی ناتەواو درێژەی هەبێت نە هاودەنگ و ڕان و نە وەڵامیشیان رۆشنە. رەنگە تەنیا شتێک کە بەکۆ دەکرێت بگووترێت و گشتگیر بێت ئەمەیە کە بوونەوەری تەواو،خودای راستەقینە، وەها لەم جیهانە دوورە و ئاوەهاش موجەڕەدە کە وێنا ناکرێ دەست تێوەردانی تاکەکەسی بکات. خەبات لە دژی قەڵەمڕەوی تاریکی دەبێت نێونجییەکان بەڕێوەی ببن.” چۆنچۆنی و لەرێگەی چ ئامێرێکەوە ئینسان دەتوانێت لە شەڕی ناتەواوییەکانی ئەم دونیایە هەڵبێت و پەیوەست و هەڵپێکراو بێت بە کەماڵی ئیلاهییەوە؟” لەم بارەشەوە گنۆسییە مەسیحییەکان تەبا و هاوڕان و دەڵێن “گنۆسیۆس”، زانیاریی غەیبی لە خودا، کلیلی رزگارییە. “بۆچی بەڵاگەلی خراپ بەسەر ئینسانە چاکەکان دا دێت؟” وەڵامی گنۆسییەکان ئەوەیە کە “ئاوەها شتێک روو نادات”. ئینسانەکان ئامادەی گوناە کردنن و رەنج، سزای گوناهەکانە. بەڵاگەلی خراپ بە سەر مرۆڤە خراپەکان دا دێت. لە نێوان نووسراوەکانی دواتری کامۆ دا، مانا و مۆتیڤە گنۆسییەکان بە تۆخییەکی تایبەتەوە لە باشترین شانۆنامەکەی،واتە کالیگوولا، و لەچیرۆکی کورت و بەهێزی”مورتەد12“، و لە شانۆنامەی خەیاڵئاوی شاری گەمارۆ دا دەنگ و رەنگی داوەتەوە.
لە کالیگوولا دا، ئیمپراتۆری گەنجی رۆم بە هۆی مەرگی خوشک و خۆشەویستەکەیەوە، واتە درۆسیلا13، ناچار دەبێت بە دوای چارەسەرێک بۆ پووچی جیهانێک بکەوێت کە تێیدا “ئینسانەکان دەمرن و بەختەوەر نییەن” و دەیەوێت بگاتە لای مانگ و ئامۆژگارییەکانی بە خەڵکەکەی بڵێتەوە کە ژیان لە جیهانێکی پووچ دا بە چ مانایەکە. بە هەمان شێوە کە پۆل ئارشامبۆ دەڵێت، کالیگوولا، دەشێت وەکوو هەمان ئەزموونێکی سەیر و سەمەرەی ئایینی گنۆسی بخوێنرێتەوە. ئەو راستییە بەرزتر و سەرترەی کە ئیمپراتۆری لاو ئارەزوویەتی “نەکردە” (محال)، “مانگ”، “ژیانی هەتاهەتایی”، دەتوانین بە هەمان رووبەر و پانتای خودای بەرزتر و سەرتری بزانین. کالیگوولا لە شوێنێک لە شانۆنامەکەدا دەڵێت: “ئامانجی من و ئەو شتەی کە بە دڵ و بەگیان دەیخوازم شتێکی واڵاتر، زۆر سەرووتر لە خوداکانە”. (CTOP،16) بەم پێیە دەشێت حکوومەتی بێڕەحمانە و بەلاڕێداچووی کالیگوولا وەکوو پراکتیک کردن و گەورەنوێنی ئەو تاریکییە زاتییەی ئەم جیهانە بزانرێت. بەڵام خودی کالیگوولا دەتوانرێت مامۆستایەکی گنۆسی یان تەنانەت “نێونجییەک”ی مومکین ئەژمار بکرێت کە ئەرکی گواستنەوەی زانستی غەیبی بۆ خەڵکەکەی بە ئەستۆیە. “چونکوو دەزانم ئەوان چییان نییە، ئەوان زانست و مەعریفەیان نییە و مامۆستایەکیان دەوێت کە بزانێت چ دەڵێت”. لە دیمەنێکی جاویدان دا، کالیگوولا گرووپێک لە پاتریسینەکان (دانیشتووە رەسەنەکانی رۆمی کۆن کە بە شاسواران ناویان دەرکردبوو و ئەم وشەیەش هەر بەو واتایە دێت، و) پێمل دەکات تا لە رێوڕەسمێکی رازئاوی دا ئەو پەرستش بکەن. کالیگوولا بە جل و بەرگی ونووسەوە لە سەر پێی پەیکەرەیەک رادەوەستێت. بەڵام ئەو ونووسەی کە کالیگوولا وا دەنوێنێت کە خۆیەتی ئیلاهەی ئەشق نییە. دەڕبرینێک کە لەم رێوڕەسمەدا لە ستایش و هەڵگووتنی ئەم “ونووس”ە بەکار دەبرێت ئەو وەکوو خودای جیهانی نزم و نەوی مارکیۆن دەنوێنێت.”ئێمە لە بەزەیی و رەحمەتەکانی خۆت سەرڕێژ کە؛ دڵڕەقی ناکۆتا و نەفرەتی بێ رووخسارت ئاراستەی روخسارمان بکە؛ لەسەر چاوەکانمان دەستەکانت بکەرەوە کە لێوانلێوە لە گوڵ و مەرگ”.(CTOP،42)
لە شاری گەمارۆ دا، خودای جیهانی نزم و نەوی مارکیۆنی گنۆسی لە شێواز و قەوارەی کەسایەتییەکدا دەردەکەوێت کە ناوی “تاعوون”ە. ئەگەر چی ئەم کەسایەتییە لە سەرەتادا وەکوو ئینسانێک دەردەکەوێت کە خوازیاری حوکمڕانی رەها لەسەر شاری قادیسە، بەڵام تۆزێک دواتر ئاشکرا دەبێت کە بەڵای پەتاکە گشتگیرە و چووەتە هەناو و کڵێشەی تاکەوە. لە کۆتایی شانۆنامە دا، کاتێک کە دەسەڵاتی ئەو لە هەمبەر شۆڕش و رابوون تێک دەشکێت، درک و تێگەی یەهوودی-مەسیحی لە خودا دەخاتە گیروگرفت(چالش) و بە بەڵگەیەکی زۆر دیاری گنۆسی، پاساوی خۆی دەداتەوە: پێشتر دەتانگووت کە لە خودا و چڵێسییەکانی دەترسێین. بەڵام، خودای ئێوە “ئانارشیست”ێک بوو کە هەموو جۆرە لۆژیکەکانی پێکەوە تێکەڵ کرد. وایدەزانی دەتوانێت هەم دیکتاتۆر بێت و هەم میهرەبان- بەڵام با پێتان بڵێم کە ئەمە خەیاڵێکی خاو بوو. من بەڵام باشتر دەزانم. من دەرکەوتە و هێمای دەسەڵاتم، تەنها دەسەڵات. (CTOP،226) سەرەڕای ئەمەش،”تاعوون” چونکوو بڕوای وایە کە زۆربەی ئینسانەکان زانست و مەعریفە«گنۆسیۆس»، خواستی خەیر، و سەربەخۆیی پێویستیان بۆ رزگاری خۆیان پێ نییە لەدواجار دا هیوای گەڕانەوەی دووبارەی بۆ سەر دەسەڵات هەر دەپارێزێت: ئەمانە ئەربابە کۆنەکانی ئێوەن کە دەگەڕێنەوە، و دەبینن کە بەردەوام، وەکوو هەمیشە، چاویان لەهەمبەر برینی ئەوانیدی دا بەستراوە، بەهەمان شێوەش نغرۆی سستی و فەرامۆشین و کاتێک دەبینن کە گەمژەیی بێ هیچ ململانێ و کێبڕکێیەک دەیباتەوە بێ هومێد دەبن. بۆیە هەر بەرز و بەڕێز بن گەمژەکان کە رێگای من پاک دەکەنەوە. (CTOP،227) هەڵبەت “تاعوون” دەکرێت بە توتالیتاریسمی خزاو لە پێست و کڵێشەی تاکێکیشەوە بزانرێت. ئەو دیکتاتۆرێکی فاشیست، نازی، یان کۆمۆنیستێکە کە بە کوشتن و قڕکردن حوکمڕانی دەکات. لە شاری گەمارۆ دا، راستەوراست وەکوو رۆمانی تاعوون، کامۆ بەڵای پەتای گشتگیر دەکات بە هێما و نوێنەری شەڕی سیاسی و هەروەهاش شەڕی سرووشتی و بان سرووشتی.
کورتەچیرۆکی زۆر کارتێکەری “مورتەد” حەکایەتی میسیۆنێرێکی لاوە، پرۆتستانییەک کە بەسەر ئایینی کاتوولیک دا شکاوەتەوە و دەخوازێت خێڵێکی وەحشی بوت پەرست کە لە شارێکی داتاشراو لە خوێ کە لە سووچێکی دوورکەوتووی سەحرای ئەفریقای باکوور دەژین بێنێتە سەر ئایینی مەسیح. خەونی داگیرکردنی خێڵەکە بە دەسەڵات و لە رێگەی وشە، بەخێرایی پووچەڵ دەبێت. پاسەوانەکان لە ژوورێکی خوێکردی تاریک دا کە کەڵەبتی گاسەریان لەوێیە، زیندانی دەکەن. لەگەرمای بۆدڕنئاوی خنکێنەری ژووردا رووتی دەکەنەوە، تۆبەی پێدا دەدەن و دەمی دەبەستنەوە و دەم وچاوی دەدەنە بەر قامچی و دەیکەن بە قوربانی و پێشکەشی بۆ بتی گەورە. ئەو لەو ژوورەدا بە بەندکراوی دەمێنێتەوە و هەر رۆژ شایەتحاڵی رێوڕەسمێک دەبێت کە تێیدا جادووگەری خێڵ بەسەر ژنێکی بەچوار پەل دا کەوتوو دەپەڕێت و ئەتکی دەکات. رۆژێک جادووگەر ژنێکی تاڕادەیەک رووت لە ژوورەکە دا بە جێدێڵێت، و مسیۆنریش لەگەڵی تێکەڵ دەبێت. ئەوکات بە هۆکارگەلێک کە تەنیا ئەتوانن بۆچوون و مەزەندە بن “سزا، قوربانی، پاککردنەوە؟” کاهین و یاریدەدەرەکەی زمانی مسیۆنر دەبڕن. مسیۆنر کوێر لە دەرد و شەڵاڵ لە خوێنی خۆی، تاسە و ئارەزووی مەرگ دەکات، بەڵام مەرگ نایەت بۆ لای. بەرە بەرە برینەکانی ساڕێژ دەبن و هەنووکە لاڵ و بێزمان لە ژوورەکەدا، مەسیحییەت ئینکار دەکات و رۆحی خۆی پێشکەشی بتی گەورە دەکات کە لە وێنای ئەودا هێمای نەفرەت و نەبوونی بەزەییە. ئەو، وەکوو باسیلیۆس لای خۆی دەڵێت حەتمەن مەسیحیش شایانی ئەو سزایەی سەر خاچ بووە. و بەم شێوەیە، ئەم مسیۆنێرە، کە هاتبوو وەحشییەکان مەسیحی کات، خۆی دەچێتە سەر دینی وەحشییەکان، و مورتەد دەبێت. خاڵی سەرنجدار ئەوەیە کە هەرگیز نازانێت ئایا چەشنی باوەڕی ئەو بە بتی گەورە وەکوو باوەڕی ئەو خێڵە وایە یان نا. ئەوەی وا ئاشکرایە ئەمەیە کە ئەم ئینسانە ناتوانێت بێ ئەوەی خۆی بکات بە قوربانی و وەقفی خودایەک بژێت، ئیدی جیاوازی نییە ئەم خودا بێت یا ئەو خودا. کاتێک کە ئیدی ناتوانێت مانایەک لە جیهان دا بدۆزێتەوە، باشتر وا دەزانێت کە بتێکی گاسەر کە خودای توڕەیی و بێبەزەییە بپەرستێت تاوەکوو لەگەڵ پووچی جیهانێکی بێ مانا دا رووبەروو بێتەوە. بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی پێ نایەت. کاتێک کە سەربازە فەرەنسییەکان دێن تا شاری خوێ هێور کەنەوە، میسیۆنێری مورتەدبووگ دڵی بەم هیوایە خۆش دەکات کە یەخسیرکەرەکانی بێبەزەییانە و بێ ئامان لەگەڵ ئەم نامۆیانە دا بەشەڕ بێن، بەڵام ئەوان بەو شێوەیە ناکەن.
ئەوان لە ئاست هێزی بەرزتری سەربازە فەرەنسییەکاندا سەری ستایش نەوی دەکەن و رازی دەبن کە منداڵەکانیان راسپاردەی دەستی میسیۆنێرێکی کاتوولیکی نوێ بکەن. مورتەد، تووڕە لەم خەیانەتە، و لێبڕاوی خزمەت بە بتی گەورە، تفەنگێک دەدزێت و لە رێگەدا مسیۆنێر دەداتە بەر گوللە. ئەو هەمدیس ناتوانێت ئەرکی سەر شانی خۆی تا کۆتایی جێبەجێ بکات. پیاوانی خێڵەکە لە ختوورە و ترسی تۆڵەکردنەوەی سەربازەکان، دەیبەستن بە زینی ئەسپێکی جەنگییەوە کە شێوازی لە خاچ دەچێت و لێی دەدەن تاکوو هەپڕوون بە هەپڕوونی کات. ئەو هاوار دەکات: “ئای، بتی گەورە، بۆ بەتەنها بەجێت هێشتم؟”. (EK،60) گزینگ کە بەسەر سەحرا دا دەڕژێت، مورتەد دەنگێک دەبیستێت. (رەنگە دەنگی ئەو مسیۆنێرە بریندارە) کە ئەو دووبارە بۆ سەر رێبازی مەسیحییەت بانگ دەکاتەوە. مورتەد کە لە گەڵ جادووگەر دا قسە دەکات، جارێکی دیکە دین و ئیمانەکەی دەگۆڕێتەوە: “لەنوێ و لەنوێوە دەست پێ دەکەین و شاری میهرەبانی دووبارە دەسازینەوە، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم”. (EK،61).
3.قیددیس ئاگۆستینۆس
کامۆ لە میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی دا وەسفێک لە کەسایەتی قیددیس ئاگۆستینۆس دەدات بە دەستەوە کە ئێمە دەخاتەوە یادی خودی کامۆ؛ پڕ لە جۆش و خرۆش، لێوانلێو لە شەهوەت، لەترسی ئەوەی نەواکوو نەتوانێت خۆپارێزی بکات “لە تێکەڵ بوونی جینسی خۆ ببوێرێت” هاتنەسەر رێبازی مەسیحییەتی خستە دێرترەوە. لە هەمان کاتدا داگەڕانێکی بۆ لای راستییە ئەقڵانییەکان هەبوو، بەڵام پرسگری سەرەکی کە زەینی داگیر کردبوو پرسی شەڕ بوو… و بیری مەرگیش تەنگی بە گیانی هەڵچنیبوو. .(Essais،1294-5)
کامۆ جیهان بینی ئاگۆستینۆسی بە خاڵی ترۆپک و کۆتایی و سەنتز و لێکەوتەی چوار سەدە ململانێ و مشت و مڕی هزریی نێوان مەسیحییەت و فەلسەفەی یۆنانی دەزانی. ئاگۆستینۆس بە پێچەوانەی فلۆتین و گنۆسییەکان، لەسەر ئەم ئامۆژگارییە یەهوودی-مەسیحییەی داکۆکی دەکات کە خودا هەم حاڵ”هەنووکە”ە (لەم جیهانە)و هەم موتەعالیشە (لە دەرەوەی ئەم جیهانە). خودای ئافرێنەر و حوکمدەری ئەم جیهانە، خودای رزگارکەری ئەزەلی و ئەبەدی و بوونی کامڵیشە. باوەڕی ئاگۆستینۆس بە کەماڵاتی خوداوەند، بە تایبەتی باوەڕی بەوەی کە خودا خێری ڕەها، قادری ڕەها، زانای ڕەهایە، و حازر و نازرە، بنەمایەکی بۆ دێنێتە ئاراوە تا بتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە پێشتر گەڵاڵە کران بداتەوە: بۆچی بوونەوەرێکی تەواو جیهانێکی ناتەواو دەئافرێنێت؟ بۆچی بوونەوەرێکی تەواو بوار دەدات بوونی جیهانێکی ناتەواو درێژەی هەبێت؟ بۆچی خەڵک دەست دەدەنە ئەنجامدانی کارگەلی خراپ؟ بۆچی بەڵاگەلی خراپ بەسەر ئینسانگەلی باش دا دێت؟. “چۆنچۆنی و لەرێگەی چ ئامێرێکەوە ئینسان دەتوانێت لە شەڕی ناتەواوییەکانی ئەم دونیایە هەڵبێت و پەیوەست و هەڵپێکراو بێت بە کەماڵی ئیلاهییەوە؟”.
ئاگۆستینۆس دەڵێت خودا و کۆی ئەو واقیعەی کە ئەو ئەفراندوویەتی خۆی چاکە. لە راستیدا، هەبوونی وجوود خۆی لەخۆیدا چاکە. بەڵام چاکی بوونەوەرەکان بەگوێرە و رێژەی کەماڵیان جیاوازە. خودا لە چاکەی خۆیەوە پلە و توێژگەلێکی بەرین لە بوونەوەرانی داهێنا کە هەموو چاکن، بەڵام رێژە و پلەی چاکییان جیاوازە. ئاگۆستینۆس بڕوای وایە هیچ شتێک لە سرووشت دا خۆی لەخۆیدا شەڕ نییە. شەڕ لە سرووشتدا تەنها ناوێکە بۆ نەبوونی “خەیر”. تاقانە شەڕی “وجوود” گوناهە و بەرپرسی گوناهیش ئێمەین نەک خوداوەند. ئەگەر شتانێک لەسرووشت دا وەکوو شەڕ دێنە پێش چاومان، بۆ ئەوەیە کە ئینسان لەژێر حوکمڕانی مەرگدا، کە حوکم و دادی راستەقینەی گوناهە، دەژی، و لەش و لاری ئاسیوهەڵگری ئێمە لە بەردەم ئاسیو بینینی بە هۆی کەڵک وەرگرتنی خراپ لە شتەکانی دەورووبەرمانە. بۆ نموونە، ئاگر خۆی باشە، بەڵام ئەگەر خراپ کەڵکی لێ وەربگرین دەسووتێنێت و دەکوژێت و وێران دەکات. تەنانەت بەڵا سرووشتییەکان وەکوو تاعوون و وشکەساڵی تەنها بەم هۆیەوە لە روانینی ئێمە دا شەڕ دێنە پێش چاو چوونکوو ناتوانین رۆڵیان لە پلانی گەورەتری خوداوەند دا ببینین. ئەمە لە جەلالی خوداوەندە کە هەموو ناتەواوی و نیوەچڵییەکانی سرووشت و تەنانەت گوناهی بوونەوەرەکانی خاوەن ئیرادەی ئازاد لە دواجار دا بەشێوەیێکی رەها و لێبڕاوانە دادەگەڕێتەوە سەر هەواری خەیر. “بۆچی بەڵاگەلی خراپ بەسەر ئینسانانی چاک دادێت؟” وەڵامی ئاگۆستینۆس ئەوەیە کە “ئینسانی چاک بوونی نییە”. (لەلاتین (nemo bonus).ئیرادەی ئینسانی بە هۆی گوناهی یەکەمەوە لە خشتە چووە و داڕزاوە و ئینسانەکان توانستی چاک بوونیان لەدەست داوە. کامۆ لە میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی دا ئەم روانینەی ئاگۆستینۆس ئاوەها روون دەکاتەوە: خودا ئیرادەی ئازادی حەزرەتی ئادەمی بە ئێمە دا، بەڵام ئیرادەی ئێمە ئالوودەی خواستی خزمەتکردن بە شەڕ بوو. ئێمە بە شێوەیەکی وەها قووڵ بەلاڕێدا کێشراوین کە تەنها بەهۆی خوداوەندەوە دەتوانین ئیرادەی ئازادمان لەرێگای دروست دا بەکار ببەین. ئینسان ئەگەر بۆخۆی لێی گەڕێی تەنها دەست دەداتە شەرارەت، فریو، و گوناە. .(Essais،1297) ئاگۆستینۆس دەڵێت: ئادەم و حەوا دەسەڵاتی هەڵبژاردن لەنێوان خێر و شەڕیان هەبوو. بەڵام تووخم و تروومی ئادەم ئەم دەسەڵاتی هەڵبژاردنەیان نییە. بێهوودەیە کە ئینسانەکان خۆیان بەتەنهایی لە رێگەی فەزیلەت دا تێبکۆشن و بیانەوێت بە کردارە باشەکانیان شایستەی رزگاری بن. هەر بەو شێوەیە کە کامۆ دەڵێت:«قیددیس ئاگۆستینۆس پێداگری لەسەر بێهوودەیی خودی فەزیلەت دەکات. سەرەتا رەحمەت ء دواتر فەزیلەت. .(Essais،1297).
چەمکی رەحمەت لە جیهان بینی “ئاگۆستینۆس” دا دەورێکی بنەڕەتی هەیە. ئەو باوەڕی وایە کە رەحمەتی خوداوەند تاقانەڕێگای رزگاری ئینسانە لە ناتەواوی ئەم جیهانە و لەسرووشتی گوناە ئالوودی خۆی و گەیشتن بە شاری خودا. بەڵام چۆناوچۆن دەتوانین لە رەحمەتی خوداوەند بەهرەمەند بین؟ وەڵامی ئاگۆستینۆس بەم پرسیارە باس و مشت و مڕێکی شانزە سەدەیی لە نێوان مەسیحییەکان دا هەڵگیرساند. بۆ نموونە، ئەمە لە باس و مشت و مڕە سەرەکییەکانی ژانسنیستەکان بوو کە زەینی پاسکال و بنەماڵەکەشی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. ئاگۆستینۆس دەڵێت: رەحمەتی خودا دیارییەکی خۆڕاییە. چون هیچ ئینسانێک شایانی وەرگرتنی رەحمەت نییە، کەواتە رەحم پژانی خودا بەسەر هەندێ لە عەبد و بەندەکانیدا تەنها بەرئەنجامی بەخشاوەیی و دەس واڵاییەتی. سەرەڕای ئەمەش، خودا لە ئەزەلەوە دەزانێت کە کام یەک لە عەبدەکانی هەڵبژێردراو و هەڵاواردوون، تاکوو بتوانن نیشتەجێی شاری خودا ببن. ئەگەرچی ئاگۆستینۆس داکۆکی دەکات کە خودا هۆکاری کرداری ئێمە نییە، بەڵام باوەڕی وایە کە خودا باش باش دەزانێت ئێمە لە هەر چرکەساتێک لە ژیانمان دا چ دەکەین و دەزانێت دوای مەرگ چیمان بەسەر دادێت. بەم پێیە کەسێک کە، وەکوو خودی ئاگۆستینۆس، هەڵدەخێزرێت کە تەرکی گوناح کات و بە ئیمان هاوردن و یاریدەی ئایین و ڕێساکانی کڵێساوە رزگاری ببێت، دەتوانێت هیوای هەبێت کە یەکێک لە هەڵبژێردراوانی خودایە،بەڵام، قەد ناتوانێت دڵنیا بێت کە داهاتووی چییە. بۆ کامۆ بیروڕای ئاگۆستینۆس لەبارەی رەحمەت و رزگارییەوە بەشێوەیهکی قووڵ تێکدەرانە و شێوێنەرانە بوو. بەتایبەتی ئەم باوەڕەی کە هەموو ئینسانەکان، تەنانەت منداڵان، شیاوی نەفرەت و لەعنن زۆر بۆی ئازاردەرانە بوو. لە میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی دا دەنووسێت:- ئێمە پەیوەستی رەحمەتی خوداوەندین. سەرەڕای ئەمەش، نەفرەتی ئەبەدی گیانی هەمووان لە خۆ دەگرێت. کۆی چەشنی مرۆڤ مەحکومە بە ئاگری دۆزەخ. تەنها هیوای ئینسان رەحمی خوداوەندە. کەواتە دەتوانین ئەنجام گیری بکەین کە تەنانەت منداڵانی غوسڵی تەعمید نەکراویش نەفرەت لێکراون. .(Essais،1301)
بەڵام، لە راستیدا، هەڵوێستی ئاگۆستینۆس سەبارەت بە نەفرەت لێکراوەیی منداڵانی غوسڵ نەدراو بەو زەقییە نەبوو کە کامۆ دەڵێت. ئاگۆستینۆس باوەڕی وابوو کە ئەگەرچی ئەم منداڵانە ناتوانن رزگار بن، بەڵام سزای ئەوان سووکترین و نزمترین سزاکان دەبێت. “لەسەدەی سێزدەهەم دا، قیددیس توماس ئاکیوناس منداڵانی غوسڵی تەعمید نەدراو و پاگانییە خۆپارێزەکانی بە بەرزەخی زانی، یانی بێبەش و بەری لە پاداشتەکانی بەهەشت، بەڵام پارێزراو لە ئاگری جەهەننەم”. بەهەر حاڵ، کامۆ زۆر شێلگیرانە هەڵپێچی ئەم بیر وڕایەی ئاگۆستینۆس بوو لەبارەی رەحمەتەوە، بە تایبەتی قەدەر و چارەنووسی منداڵانی غوسڵ نەکراو و ئەمەی بە نیشانەی بەرچاوی زەبروزەنگ و توندوتیژی و خۆبڵندبینی مەسیحییەت زانی. ئەگەر خوداوەند رەحمەتی خۆی لە بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی درێغ دەکات، کەواتە پێویستییەکی جیددی و حاشاهەڵنەگرە کە بە بێ یارمەتی خوداوەند لە خزمەتی نەفرەت لێکراوان دا بین. کامۆ لە بەرهەمە دواییەکانی دا، لەوێنەیەک کە لە باوکەپانێلۆ14 لە تاعوون دا رەنگڕێژی دەکات، لە راڤەی ئاگۆستینۆسیانەی مەسیحییەت کەڵک وەردەگرێت. پانێلۆ لەم رۆمانەدا قەشەیەکی یەسووعییە کە بە هۆی لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە قیددیس ئاگۆستینۆس و کڵێسای ئەفریقییەوە لەم رێبازە دا گەیشتۆتە پێگەیەکی بڵند. بەرپرسانی سەرووی پانێلۆ لەو دەخوازن کە سەبارەت بە تاعوونی خەیارەکی تەشەنەسەندوو لە شاری ئوورانی ئەلجەزایر دا خوتبەگەلێک بدات. خوتبەی ئەو لەخۆگری دڵنیایی و ئیمانی ئاوگۆستینۆسی ئەو بە گوناهکار بوونی چەشنی مرۆڤ و خواست(مشیت)ی بێ هەڵەی ئیلاهییە. ئەو خوتبەکەی بەم وشانە دەست پێدەکات: “برایانی من، بەڵا باریوەتە سەر سەرتان و برایانی من ئێوە شایانی ئەم بەڵایە بوون”. (Plague،84) ئەو تاعوون بە ئامرازی جێ بەجێکردنی عەدالەت دەزانێت و دەڵێت:- تاعوون خەرمانکوتی خودا و جیهانیش خەرمانەکەیەتی و ئەو ئەوەندە خەرمانەکەی دەکوتێ تاکوو دانەوێڵە لە کا جوێ بێتەوە و کا لە دانەوێڵە زۆرتر دەبێت. بانگ کراوان زۆر، هەڵبژێردراوان کەم. (Plague،87) چەند مانگ دواتر، پانێلۆ دوای بینینی مەرگی پڕئازاری منداڵێکی گیرۆدەی تاعوون، وەعزێکی دیکە دەکات. وەعزی دووهەمیش بەهەمان شێوەی تۆکمە لە داکۆکی خودایە، بەڵام راشکاوانە لەهەمبەر توانایی ئینسان بۆ فام و درکی داد “عەدالەت” و خواستی ئیلاهی گومان ئامێزانەیە. پانێلۆ بەردەوام باوەڕی وایە کە ئەگەر دەمانتوانی پەردەی زێڕکەفتی خودا بەتەواوەتی ببینین، دەمانتوانی تێبگەین کە جیهان پووچ نییە، بەڵام لە هەمان حاڵیش دا قبووڵی دەکات کە شتانێک لە جیهاندا هەیە، وەکوو رەنجی منداڵان، کە لە سەرووی فامی ئینسانە. دواتر لە بەشی پێنجەم دا دەگەڕێینەوە سەر باوکە پانێلۆ.
کامۆ هەندێكجار خۆی لەگەڵ ئاگۆستینۆس، هەڵبەت پێش ئەوەی بگاتە بەر تیشکی رەحمەت، بەراورد دەکرد. لە دواهەمین رۆمانی نووسراویدا، “بەربوونەوە”، بگێڕ(راوی)ی رۆمان هەڵگوشراوە و پێکەوەنراوەی گوناهکارێکی ئاگۆستینیۆسییە و هەڵبەت بە بێ رەحمەتی ئاگۆستینۆسی. ژان باتیست کلامێنس15 پارێزەرێکی پێشووی پاریسیە کە لە مەیخانەیەکی پۆخڵاوی و داڕزاوی ئامێستردام دا کە لێوانلێوە لە جاشوا (کرێکاری کەشتی) و گەواد و دز، هەر شەو دەیکا بە فەرتەنە و چاوەنۆڕی ئەو کڕیارانەی چینی ناوەڕاست دەبێت تاکوو لە هەمبەریان دا، دان بە گوناهانێکی زۆر بنێت و لەوانیش دانپێدانانگەلێکی هاوچەشن وەرگرێت. ناوبانگی ئاگۆستینۆسیش زۆرتر بە هۆی کتێبی ددان پێدانانەکان16ە کە بە سەرەتای وەرزێکی نوێ لە ئەندێشەی مەسیحی دا دێتە ئەژمار. کلامێنسیش پسپۆڕانە پێ لەگوناهەکانی دەنێت، بەڵام ئامانجی دابەزاندنی هەستی گوناهکارانەی خۆیەتی لەرێگەی«گشتاندنی مەحکومییەت، بە بێ رەش و سپی کردن و هەڵاواردن بەسەر هەمووان، تا لە زەخت و هێزی مەحکومییەت لە هەمان سەرەتاوە کەم بێتەوە. (Fall،130)
چونکوو کلامێنس بە پێی قسەی خۆی درۆزنە، ئەستەمە بتوانین بڵێین؛ کە ئەو لە راستیدا باوەڕی بە چییە. بەڵام ئەویش، وەکوو قیددیس ئاگۆستینۆس، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هیچ کەسێک چاک نییە: “ئێمە ناتوانین بێ گوناهی کەسێک بسەلمێنین، بەڵام لێبڕاوانە دەتوانین لە گوناهکار بوونی هەمووان بدوێین”.(Fall،110) کلامێنس رۆڵی دادوەرێکی تۆبەکاری داهێناوە تا لەسەرووی گوناهەکانییەوە بوەستێت و گوناهەکانی بکاتە داوێک بۆ فریواندنی گوناهکارانی دیکە تاکوو لەسەر خۆیان داوەری بکەن. ئەو هیچ بڕوبیانوویەک قبووڵ ناکات و هیچ لێبووردنێکیشی نییە. بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە دان پێدانانەکانی ئەوانی تر ئەم هەستە دەدەنە ئەو کە وەکوو«خودای باوک»ە. .(Fall،143) هەڵبەت ئەوەی وا لێرەدا نییە دەستی یاریدەدەری خوداوەندی رەحمانە. لەکۆتایی بەربوونەوەدا، کلامێنس ئاماژە بە بەفرێک کە لە ئاسمانەوە دەبارێت دەکات و دەڵێت؛ رەنگە ئەمانە پەیامهێنەرانێکی ئاسمانی بن کە دەست و دڵ واڵاتر لە فریشتەکانی ئاگۆستینۆس پەیامی رەحمەتیان هێنابێت: “چ هێرشێک! با هیوادار بین هەواڵگەلی خۆشیان هێناوە. هەموو رزگاریان دەبێت،ها؟- و نەک بە تەنها هەڵبژێردراوان”. (Fall،145) بەڵام ئەم ئاماژانە سەرسەری و دوو لایەنن. ئەوەی وا بە لێبڕاوەییەکی زۆر زۆرترەوە دەیزانین ئەمەیە کە کلامێنیس نە دەتوانێت لەو خۆخوازییە کوشندەیەی هەڵبێت و نە لە هەستی گوناهباریی لەم خۆخوازییەش. لەبەشی پێنجەم دا بە دوورودرێژییەکی زۆرترەوە مانا فەلسەفییەکانی بەربوونەوە هەڵدەکۆڵین. پاسکال، فلۆتین، باسیلیۆس، مارکیۆن، والنتینۆس، و ئاگۆستینۆس ئەو ریشەدینییانە بوون کە ئەندێشەی فەلسەفی کامۆ لەسەرەتاوە لێیانە پشکووت. باقی بیرمەندە دینییەکان، وەکوو داستایۆفسکی، کییەرکێگۆر، شیستۆف17، و یاسپێرس18 یش یارمەتیدەر بوون لەپێگەیاندنی ئەندێشەی کامۆ لە ساڵانی دواتر دا.
لەم ئەفسوون بوونە بەردەوامەی کامۆ بۆ دینێک کە رەتیشی دەکردەوە چیمان دەست دەکەوێت؟ وەڵامێکی ئاوەزمەندانە هەمان وەڵامێکە کە سارتەر بە کامۆی داوە “لە کتێبەکانی تۆ دا نەفرەتێک لە خودا هەیە، بەشێوەیەک کە دەبێت تۆ زۆرتر”دژە-خودا” بزانرێیت تاکوو’بێ خودا‘»..(Sartre،1965،99) بۆ بێ خودا، خودا شتێکی بێمانایە. بێخوداکان زۆربەیان وا بیردەکەنەوە کە ئیمان بە خوا دەبێت وەکوو ترس لەجادووگەر و جنەکان بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە. بەڵام دژە-خودا باوەڕی وایە غەیبەتی خوا، یان بێدەنگیی، یان نەبوونی رەحمەتەکەی بۆشاییەکی گەورەیە لە جیهاندا، گەورەتر لەوەی کە بشێت بخرێتە پشت گوێوە. کامۆش، وەکوو سارتەر، پێی وا بوو کە هۆیەکی سەلمێندراو بۆ باوەڕ بە خودا و هیچ هۆیەکیش بۆ باوەڕ بە ژیانی دوای مەرگ بوونی نییە. بەڵام ئەو بە پێچەوانەی سارتەرەوە دڵنیا نەبوو کە خودا نییە. کامۆ سێ ئەگەر و شیمانەی لە بەرچاو دەگرت کە هەر سێیان دەهری و تووڕەی دەکردن. یان خودایەک نییە و ئینسان لەجیهانێکی بێ سەرنج بە پێویستییەکانی ئینسانی بەرەڵڵا کراوە، یان خودا بێدەنگە، یان خودا تەنها لەگەڵ هەندێک لە «هەڵبژێردراوان» قسان دەکا و دەربازیان دەکات و باقی لەبەرچاو ناگرێت.
پەراوێزەکانی بەشی سێیهم:
1.Claude de Freminville
2.Pensees
3.Meursault
4.Paul Archambault
5.Basilides
6.Marcion
7.Valentinus
8.Summer in Algiers
9.Martha
10.Jan
11.Maria
12.‘The Renegade”
13.Drusilla
14.Father Paneloux
15.Jean-Baptiste Clamence
16.Confessions
17.Chestov
18.Jaspers
وهرگێڕان و پێشهکی: عادڵ قادری