لە ساتى دروستکردنى دەوڵەتى ئێراقەوە تا کۆتایى ساڵى رابردوو، زیاتر لە سەد لە سەرۆکوەزیران و وەزیر و پارلەمانتار بە هۆکارى جۆراوجۆر، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە، کە زیاتر لە (٨٠%) لە سەردەمی پادشایەتیدا بووە، کەمترینیان لە سەردەمى دەسەڵاتدارێتى بەعسییەکاندا بووە. لەدواى رووخانى رژێمى بەعس لە ساڵى (2003)، جارێکى دیکە دەست لە کارکێشانەوەى بەرپرسان سەری هەڵدایەوە، کە دیارترینیان دەست لەکارکێشانەوەى “عادل عەبدولمەهدى” سەرۆک وەزیران لە ساڵى (2019) و زیاتر لە حەفتا پارلەمانتارى سەر بە رەوتى سەدر لە ساڵى (2022) بوو. لەدوای دانانی فەیسەڵی یەکەم بە پاشای ئێراق لە (٢٣ی ئابی ١٩٢١)، تا مانگێک پێش کۆتایی هاتنی سەردەمى پادشایەتى، نزیکەی (36) سەرۆک وەزیران و حەڤدە وەزیر و دە کابینەی حکومەت دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش کردووە، هەروەها (35) پارلەمانتار و یەک سەرۆکى پارلەمانیش دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
“دەستلەکارکێشانەوە وەک کردەیەکی ناڕەزایەتی”
هۆکارى دەستلەکارکێشانەوەى کاربەدەستان لە سەردەمى پادشایەتیدا زۆر و جۆراوجۆرن، بەڵام دیارترینیان ناڕەزایەتى بووە لە بەرامبەر کارەکانى پادشاى وڵات و دەسەڵاتدارێتى بەریتانیا لەو کاتەدا. ڕەنگە دیارترینیان دەستلەکارکێشانەوەی “جەعفەر ئەبو تمەنى” سەرۆکوەزیران بووبێت لە (٢٦ی حوزەیرانی ١٩٢٢)، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پەیماننامەی بەریتانیا و ئێراق. پاشتر “هیبەتدین شەهرستانی” وەزیری پەروەردە لە (١٤ی ئابی ١٩٢٢) وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بێتوانایی حکومەت لەبارەى بڕیاردان سەبارەت بە کۆمەڵکوژی وەهابیەکان، دەستى لەکارکێشایەوە. لە (٦ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢)، “عەبدولموحسین سەعدون” وەزیری ناوخۆ، بەهۆی پەسەندنەکردنی ئەو سیاسەتە تووندەی کە بڕیاریدا بیگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی، دەستى لەکارکێشایەوە. دواتر و لە ( 25ی نیسانی 1939) ناجی شەوکەت وەزیری ناوخۆ، وەک ناڕەزایی بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان لە وەزارەتەکەیدا کە سەرۆک وەزیران لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ تورکیا ئەنجامیدا، دەستى لەکارکێشایەوە.
لە دەیەى چلەکانیشدا و بە دیاریکراوى لە (٩ی ئازاری ١٩٤٠) ساڵح جەبرى وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، وەک ناڕەزایی بەرامبەر پاشەکشەی سەرۆک وەزیران لە جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ چاکسازى سیاسی، دەستى لەکارکێشایەوە. لە ( ٢٦ی کانونی دووەمى ١٩٤٦) محەمەد حەدیدى وەزیری تەموین و نوێنەری پارتی دیموکراتی نیشتمانی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستوەردانی حکومەت لە هەڵبژاردنەکان و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی سەرۆک وەزیران، دەستى لەکارکێشایەوە.
“دەستلەکارکێشانەوە بەهۆی فشارەوە”
هەر لە سەردەمى پادشایەتیدا، فشارەکانی بەریتانیا رۆڵێکى باڵای لە دەستلەکارکێشانەوەی بەشێک لە سەرۆک وەزیرانەکان، هەروەها قبوڵکردن و قبوڵنەکردنی دەستلەکارکێشانەوەی هەندێکی دیکەیاندا هەبوو، وەک دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولموحسین سەعدون، لە پۆستی سەرۆکوەزیران لە (٩ی کانونى دووەمى ١٩٢٦)، دوای فشاری بەریتانیا لەسەر کابینەکەی هات بۆ پەسەندکردنی پەیماننامەی بەریتانیا و ئێراق، دیسانەوە لە (٢٠ی کانونی دووەمى ١٩٢٩) بەهۆی هەموارەکانی بەریتانیا لەسەر پەیماننامەکە و لەژێر فشاری وەسى و باڵیۆزخانەى بەریتانیادا، جەمیل مەدفەعی لە (٢١ی ئەیلوولی ١٩٤١) دەستلەکارکێشانەوەی کابینەکەی راگەیاند. لەلایەکی دیکەوە فشاری فەرماندەکانی سوپای ئێراق، کاریگەرى لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت و دەست لەکارکێشانەوەى کاربەدەستان هەبووە، بەتایبەتی دوای کودەتاکەی “بەکر سدقی” لە ساڵی (1936)، وەک دەستلەکارکێشانەوەی یاسین هاشمی سەرۆک وەزیران لە (29ی تشرینی یەکەمی 1936) لەژێر فشاری سوپادا، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی هەریەکە لە وەزیرەکان، جەعفەر ئەبو تمەن، یوسف عیزەدین، کامیل چادرچی و ساڵح جەبر، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە خوێنڕشتن و بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بەبێ ئاگاداری ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەش ئاماژەیەکى روون بوو بۆ هەژمونى سدقی بەسەر سەرۆک وەزیران و حکومەتدا.
لەدوای کۆتایی هاتنی کودەتاکەى سدقى، فشارەکانی سوپا هەر بەردەوام بوو، بۆیە جەمیل مەدفەعی لە (٢٤ی کانونى دووەمى ١٩٣٨) دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرۆکایەتى وەزیران راگەیاند. پاشان لە (١ی نیسانی ١٩٤١) بەفشارى عەقید فەهمی سەعید یاریدەدەری سوپاسالار، تەها هاشمی سەرۆکوەزیران دەستلەکارکێشانەوەی خۆى راگەیاند.
“جیاوازى و ناکۆکی و هۆکارەکانی دیکە”
هۆکارەکانی دیکە کە بوونە هۆى دەستلەکارکێشانەوەى بەرپرسان، دەرکەوتنی نیشانەکانی لاوازی بوو لە شانشینی ئێراقدا. بەهۆى مامەڵەى جیاوازەوە تۆفیق خالیدی وەزیری ناوخۆ لە (٢ی ئابی ١٩٢٢) دەستى لەکارکێشایەوە. لەلایەکى دیکەوە، بەهۆى دروستبوونى دەمەقاڵێ لەگەڵ یاسین هاشمی وەزیری دارایی، ڕەشید عالی گەیلانی سەرۆکی ئەنجومەنى نوێنەران لە (٨ی ئایاری ١٩٢٦) دەستى لەکارکێشایەوە. هەر لە هەمان ساڵدا و دوای ئەوەی فراکسیۆنەکەى لە پەرلەماندا بوو بە کەمینە، موحسین سەعدون دەستى لەکارکێشایەوە. هەروەها لە (18ی ئازاری 1933) دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن هێرشیان کردە سەر کابینەکەی، ناجی شەوکەت دەستى لە پۆستى سەرۆک وەزیران کێشایەوە. بەهۆى بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ئیداری لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و لەسەر داوای مەلیک غازی، جەمیل مەدفەعی لە (25ی ئابی 1934) دەستلەکارکێشانەوەی دووەمین کابینەى خۆی پێشکەش کرد، پاشان لە (15ی ئازاری 1935) دەستلەکارکێشانەوەی کابینەى سێیەمی خۆی پێشکەش کرد، دوای ئەوەی زانی کە پاشا نایەوێت شەڕی هۆزەکان بکات و دەبێت لە بڕیارى کابینەکەى بۆ بەکارهێنانی هێز لە دژیان پاشگەزببێتەوە.
لەلایەکى دیکەوە، بەهۆی ناکۆکی لەسەر سرووشتی ئەو ڕێکارانەی کە دەبوو بەرامبەر بە کوشتنی ڕۆستەم حەیدەر وەزیری دارایی بگیرێتەبەر، نوری سەعید لە (١٨ی شوباتی ١٩٤٠) دەستلەکارکێشانەوەی کابینەکەی پێشکەش کرد، لە (29ی ئابی 1944)یش لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی لەگەڵ وەزیری بەرگری، حەمدی پاچەچی سەرۆک وەزیران دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەى راگەیاند. رۆژێک بەر لەوەش واتە لە (28ی ئابی 1944) تەحسین عەلی وەزیری بەرگری، دواى ئەوەى ڕەتیکردەوە (400) ئەفسەر لە هێزەکانی لەکاربخات، دەستى لەکارکێشایەوە. لە (٣٠ی ئایاری ١٩٤٦)، بەهۆى ناکۆکییەکانى لەگەڵ ئەنجومەنی پیران (ئەعیان) لەسەر پێدانی ئازادی بە ڕۆژنامەگەری و چاکسازییەکانى دیکە، تۆفیق سویدی دەستى لە پۆستى سەرۆکوەزیران کێشایەوە.
یەکێک لە رووداوە سەیرەکانى دەست لەکارکێشانەوە لە ساڵى (1946) روویدا، کاتێک هەریەکە لە سادق بەسامى وەزیری پەروەردە و ساڵح جەبرى وەزیری دارایی لە (٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦) دەستیان لەکار کێشایەوە، دواى ئەوەى لەلایەن وەزیری تەموین محەمەد حەدید و عەلی مومتاز وەزیری گواستنەوە، بە دەستوەردان لە کاروبارى هەڵبژاردن تۆمەتبارکران، کەچى دواتر حەدید و مومتاز وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دەستوەردان لە کاروباری هەڵبژاردن، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش کرد. لە (27ی کانوونی دووەمی 1948)، لە ترسی ناڕەزایى جەماوەر، سەرۆکوەزیرانی ئێراق ساڵح جەبر دەست لەکارکێشانەوەى خۆی پێشکەش کرد و دەستبەجێ بەغداى بەجێهێشت، لە کارێکی هاوشێوەدا نوری سەعیدیش ئێراقی بەجێهێشت و سەفەری تورکیای کرد.
“دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ”
یەکێک لە دیارترین دەستلەکارکێشانەوە بەکۆمەڵەکان، دەستلەکارکێشانەوەی زۆربەی وەزیرەکان بوو لە کابینەکەى عەبدولرەحمان نەقیب لە (١٥ی ئابی ١٩٢٢)، بەهۆی ناکۆکی نێوان شا فەیسەڵ لەلایەک و نوێنەری بەریتانیا و سەرۆک وەزیران عەبدولرەحمان نەقیب، لەلایەکی ترەوە. لە (19ی شوباتی 1934) کابینەى یەکەمی جەمیل مەدفەعی دەستیان لەکارکێشایەوە، بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لەناو کابینەکەیدا لەسەر دامەزراندنی پڕۆژەی ئەلغەرەف (لقێکی ڕووباری دیجلە لە نزیک کوت) ڕوویدا، لەسەر ئاستى پارلەمانیش لە (١١ی ئازاری ١٩٥٠) و لە کۆبوونەوەى پارلەماندا (35) پارلەمانتار دەستیان لەکارکێشایەوە.
“دەستلەکارکێشانەوە لە کۆمارەکەى قاسمدا”
لەگەڵ دەسپێکی کۆماری نوێی ئێراقدا، فەرهەنگی دەستلەکارکێشانەوە وردە وردە کەم دەبێتەوە. لەدواى شۆڕش “کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم” لە (١٤ی تەمموزی ١٩٥٨)، یەکەم دەستلەکارکێشانەوە کە پێشکەشکرا، دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولسەلام عارف بوو لە (١ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨)، کە یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی کودەتاکە، لە پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ دوورخرایەوە و ناچارکرا پۆستى باڵێوزی ئێراق لە ئەڵمانیا وەربگرێت. لە (10ی تشرینی یەکەم)ى هەمان ساڵ، حسێن جەمیل وەزیری ئیرشاد (رۆشنبیرى) دەستى لەکارکێشایەوە، دواى ئەوەى لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتێک، بڕیاریدا بە داخستنی ڕۆژنامەی (ئیتیحاد الشعب)، بەڵام فەرمانەکەى جێبەجێنەکرا. لە (١٦ی شوباتی ١٩٦٠) ئەنجومەنی وەزیران دەستلەکارکێشانەوەی ئیبراهیم کوبەى وەزیری چاکسازی کشتوکاڵی و دەستلەکارکێشانەوەی عارف عەبدولڕەزاق وەزیری کشتوکاڵى لە (١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٦٣)ی پەسەند کرد، ئەمەش دوایین دوو دەستلەکارکێشانەوە بوو لە ماوەی سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسمدا.
“دەستلەکارکێشانەوە لە سەردەمى بەعسیەکاندا”
لە ماوەى ساڵانى (1963) و (1968)دا، بەعسیەکان دووجار کودەتایان کرد و بوونە فەرمانڕەواى ئێراق، لەم قۆناغەشدا و بە دیاریکراوى لەدواى هاتنە سەر کارى سەدام حسێن لە ساڵى (1979)، تەنها لابردن و دوورخستنەوە هەبوو، چونکە دەستلەکارکێشانەوە باجەکەى ژیانى کەسەکە بوو. لەدواى کودەتاى یەکەمى بەعسیەکان، تاهیر یەحیا تکریتی دووجار دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیران کێشایەوە، جارى یەکەم لە (١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٤) و دووەمجاریش لە (٣ی ئەیلوولی ١٩٦٥).
لە حکومەتی کودەتاکەی دواتردا، پێنج وەزیر لە بزووتنەوەی ناسری لە (١٠ی تەمموزى ١٩٦٥) بەهۆی ناکۆکیان لەگەڵ عەبدولسەلام عارفى سەرۆکی کۆمار دەستیان لەکار کێشایەوە. لە (١ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥) وەزیری گواستنەوە لیوا ڕەشید موسلح، لە نامەیەکیدا بۆ سەرۆک کۆمار دەستلەکارکێشانەوەى خۆى راگەیاند، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی یاسای سۆسیالیزم کە مەرجی ئەو بوو بۆ وەرگرتنی وەزارەت. بەهۆى ململانێى نێوان باڵى مەدەنی و سەربازییەوە، عەبدولڕەحمان بەزاز لە (١٧ی نیسان و لە 6/ئابی ١٩٦٦) داواى دەست لەکارکێشانەوەى لە پۆستى سەرۆک وەزیران پێشکەش کرد، چونکە بەزاز هەوڵیدەدا ئێراق بەرەو حوکمڕانیەکى مەدەنی ببات، بەڵام باڵى سەربازی رێگربوون. لە (10ی ئایاری 1967) ناجی تالیب دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیران کێشایەوە. لە (3ی حوزەیرانی 1968) عەبدولکەریم فەرحان وەزیری کشتوکاڵ دەستى لەکارکێشایەوە، بەوتەى خۆى بەهۆی تەشەنەسەندنى گەندەڵی بووە لە هەموو داوو دەزگاکانى دەوڵەتدا بە سوپاشەوە، ئەمانەش دوایین دەستلەکارکێشانەوە بوون کە لە سەردەمی حکومڕانى حزبی بەعسدا پێشکەش کران.
لە (١٦ی تەمموزی ١٩٧٩) ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا و سەدام حسێن بووە تاقە فەرمانڕەواى ئێراق، تا لە ساڵى (2003) لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى دەسەڵاتەکەى لەناوبرا. لە ماوەی دە ساڵى حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانى پاش کودەتاکاندا، نزیکەی (15) دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش کرا، بەڵام لەگەڵ بەهێزبوونی تەواوەتی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا، بیرۆکەی دەستلەکارکێشانەوە کۆتایی هات، لەبرى ئەوە دەرکردن و دوورخستنەوەى وەزیرەکان و کابینە وەزارییەکان و ئەفسەرەکانى سوپا شوێنى گرتەوە.
“دەستلەکارکێشانەوە لە ئێراقى نوێدا”
دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی (2003)، لە سەردەمى کابینە راگوزەرەکانى ئەیاد عەلاوى و ئیبراهیم جەعفەریدا هیچ دەستلەکارکێشانەوەیەک رووینەدا، تاوەکو نوری مالیکی پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت، لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیەکەیدا (2006-2010)، هەر لە ساڵی یەکەمیدا کەریم مەهدی ساڵح وەزیرى گواستنەوە لە (٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٦) دەستی لەکارکێشایەوە، بەڵام هۆکارەکانى ئاشکرا نەکرد. هاشم شبلى وەزیرى داد بەهۆى هەڵوێستى سیاسى لە (31/3/2007) دەستى لەکارکێشایەوە. دواتر سەلام مالیکی نوێنەری ڕەوتی سەدر و سەرۆکی فراکسیۆنەکەى لە ئەنجومەنەکەدا – پێش ئەوەى لەلایەن رەوتەکەیەوە تەجمید بکرێت- لە (٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧) بەبێ ڕاوێژکردن بە رەوتەکەى دەستى لەکارکێشایەوە، لە (9ی نیسانی 2009) عەلی بەهادلی وەزیری کشتوکاڵ بە هۆکارێکی نادیار دەستى لەکارکێشایەوە. لە (20ی ئابی 2009) بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری سەرۆکی حکومەت بەهۆی کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت لە هەرێمی کوردستان دەستى لەکارکێشایەوە. دوایین دەستلەکارکێشانەوەش، لەلایەن کەریم وەحیدى وەزیری کارەبا بوو لە (21ی حوزەیرانی 2010)، دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە بەسرە و زیقار بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کەمى کارەبا، ناوبراو هۆکارى کەمى کارەباى بۆ شکستی حکومەت گەڕاندەوە.
لە کابینەى دووەمى مالیکیدا، لە (8/3/2013) وەزیرى کشتوکاڵ عیزەدین دەولە بەهۆى کوژرانى خۆپیشاندەران لە موسڵ دەستى لەکارکێشایەوە. لە (27/8/2012) وەزیرى پەیوەندییەکان محەمەد عەلاوى بەهۆى دەستوەردانى نووسینگەى سەرۆک وەزیران لە کارەکانى دەستى لەکارکێشایەوە. لە (1ی ئازاری 2013)، ڕافیع عیساوی وەزیری دارایی، لەبەردەم خۆپیشاندەران لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای ئێراق، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حکومەتی ئێراق ڕاگەیاند.
هەر لە هەمان ماوەدا و لە (8ی ئەیلولی 2011) دادوەر ڕەحیم عگێلی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، لە ئەنجامی فشاری لایەنە سیاسییەکان کە تۆمەتباریان دەکرد بە هەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵی دارایی، دەستى لەکارکێشایەوە. لە (٢٧)ی هەمان مانگدا عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار راگەیاند، بەهۆی ناڕازیبوونی جەماوەر و مەرجەعیەتى ئایینی لە پرسی دەنگدانی پەرلەمان لەسەر سێ جێگر بۆ سەرۆکى کۆمار.
“دەستلەکارکێشانەوە لە حکومەتەکەی عەبادیدا
حەیدەر عەبادى لەماوەى ساڵانى (2014 – 2018) سەرۆکى حکومەتى ئێراق بوو. لە (3ی ئایاری 2015)، موحسین شەممەری وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و نەسیر عیساوی وەزیری پیشەسازی، کە هەردووکیان لە ڕەوتی سەدر بوون، دەستلەکارکێشانەوەیان ڕاگەیاند. لە (24ی ئازاری 2016)، عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت و باقر جەبر سۆلاغ وەزیرى گواستنەوە، کە هەردووکیان سەر بە ئەنجوومەنی باڵاى ئیسلامى بوون، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند. ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەممار حەکیم لە (٢٤ی شوباتی ٢٠١٦)، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی فراکسیۆنەکەى خستە بەردەستی عەبادی، کە هەوڵیدەدا حکومەتێکی تەکنۆکرات پێکبهێنێت. دوای سێ ڕۆژ لە تەقینەوە بەناوبانگەکەی کەڕادە، وەزیری ناوخۆ محەمەد غەبان، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە (٥ی تەمموزی ٢٠١٦) پێشکەش کرد، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە تێکچوونى دۆخى ئەمنى و رادەست نەکردنى دۆسیەى تەناهى شارەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بە وەزارەتى ناوخۆ.
“دەستلەکارکێشانەوەى مەهدی”
لە (25/تشرینى یەکەمى/ 2018)، عادل عەبدولمەهدى بە فەرمى وەکو سەرۆک وەزیرانى ئێراق دەستبەکاربوو. لەم کابینەیەدا تەنها یەک وەزیر دەستى لەکارکێشایەوە، ئەویش وەزیرى تەندروستى عەلا عەبدولساحیب عەلوان بوو کە دووجار نامەى دەست لەکارکێشانەوەى پێشکەش کرد، تاوەکو دواجار لە (15ی ئەیلولی 2019) داواکەى پەسەندکرا. لە (1/10/2019) خۆپشاندان لە بەغداى پایتەخت و چەندین شارى دیکە بۆ داواکردنى خزمەتگوزارى دەستى پێکرد، خۆپیشاندانەکان گرژى لێکەوتەوە و دەیان کەس بوونە قوربانى، بەهۆى فشارى جەماوەرى و لەسەر داواى مەرجەعیەتى شیعەکان، عادل عەبدولمەهدى لە (29/11/2019) دەستى لە پۆستى سەرۆک حکومەت کێشایەوە. لەدواى دەست لەکارکێشانەوەى مەهدى، لە (7/ئایار/2020) تا (13/تشرینى یەکەمى/2022)، مستەفا کازمى وەک سەرۆک وەزیرانى ئێراقى دەستبەکاربوو. لەم کابینەیەشدا دوو وەزیر دەستیان لەکارکێشایەوە.
لە (25/نیسان/2021) ئاگر لە نەخۆشخانەى ئیبن خەتیب لە بەغدا کەوتەوە و بووە هۆى مردنى نزیکەى سەد کەس، دواى دەرچوونى راپۆرتى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، وەزیرى تەندروستى حەسەن تەمیمى لە (4/ئایار/2021) دەستى لەکارکێشایەوە. لەدواڕۆژەکانى تەمەنى کابینەکەشدا، عەلى عەبدولئەمیر عەلاوى لە (16/ئاب/2022) بە نامەیەکى دە لاپەڕەیى دەست لەکارکێشانەوەى لە پۆستى وەزیرى دارایى راگەیاند. لە (27/10/2022) محەمەد شیاع سودانى وەک سەرۆک وەزیرانى ئێراق دەستبەکاربوو. دواى ئەوەى دادگاى باڵاى ئێراق لە (14/11/2023) محەمەد حەڵبوسى لە پۆستى سەرۆکى پارلەمان دوورخستەوە، هەر سێ وەزیرى سەر بە فراکسیۆنەکەى کە پێکهاتبوون لە: محەمەد تەمیم وەزیرى پلاندانان، خالید بەتاڵ وەزیرى پیشەسازى، ئەحمەد بەدرانى وەزیرى رۆشنبیرى دەستیان لەکارکێشایەوە، بەڵام سەرۆکى حکومەت داواکەى پەسەند نەکردن و پاشتر گەڕانەوە سە ر کارەکانیان. دیارترین پرۆسەى دەستلەکارکێشانەوە لەم ماوەیەدا، کشانەوەى پارلەمانتارانى رەوتى سەدر بوو لە پارلەمانى ئێراق، کە لە مانگى حوزەیرانى (2022) و دواى هەشت مانگ لە بەرێوەچوونى هەڵبژاردن، (73) پارلەمانتارى رەوتى سەدر پێکەوە دەستیان لەکارکێشایەوە.
سەرچاوەکان:
- غسان البرهان: ثقافة الاستقالة في العراق.. من العهد الملكي حتى عبد المهدي، https://ultrairaq.ultrasawt.com/
- ماڵپەڕەکانى: الجزیرە، بى بى سى عربى، سکاى نیوز، العربیە، شفق نیوز، الحرە العراق، بغداد الیوم، الشرق الاوسط، ویکبیدیا.