“ڕاستییە مێژووییەکان و بەڵگە سەلمێنراوەکان”
هیندییەکانی ئەمریکا لە قەیرانی جیددیی مانەوە و گەشەکردندا:
جینۆسایدکردنی هیندییەکان لەلایەن حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووانی کۆمەڵگا هیندییەکان، تێکچوونی بارودۆخی ژیانیان، نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، دابەزینی پێگەی ئابووری، هەڕەشەکردن لەسەر سەلامەتییان و دابەزینی کاریگەریی سیاسییان.
- دابەزینی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووان:-
پێش هاتنی نیشتەجێبووانی سپی پێست لە ساڵی ١٤٩٢وە، پێنج ملیۆن هیندی لێرە هەبوون، بەڵام تا ساڵی ١٨٠٠ ژمارەکە بۆ ٦٠٠ هەزار کەس دابەزی. بەپێی ئاماری بیرۆی سەرژمێریی ئەمریکا، ژمارەی خەڵکە ڕەسەنە ئەمریکییەکان لە ساڵی ١٩٠٠دا تەنها ٢٣٧ هەزار کەس بووە، کە کەمترین ژمارەیە لە مێژوودا و لە نێویاندا زیاد لە دە دوانزە خێڵی وەک پیکۆت، مۆهێگان و ماساچوسێتس، بە تەواوی قڕکران و لەناوچوون. لە نێوان ساڵانی ١٨٠٠ بۆ ١٩٠٠دا، هیندییە ئەمریکییەکان زیاد لە نیوەی دانیشتووانیان لەدەستدا و ڕێژەکانیان لە کۆی سەرجەمی دانیشتووانی ئەمریکا لە ١٥,١٠% بۆ ٣١,. % دابەزی. بە درێژایی سەدەی نۆزدەهەم، لەکاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکا لە هەر ١٠ ساڵێکدا بە ڕێژەی ٢٠ – ٣٠% زیادی کردووە، ژمارەی دانیشتووانی هیندی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە ئێستادا، دانیشتووانی هیندی و خەڵکی نەیتیڤ یان ڕەسەنی ئالاسکا تەنها ٣,١%ی کۆی دانیشتووانی ئەمریکا پێکدەهێنن.
- تێکچوون و داتەپینی بارودۆخی ژیان و گوزەران:-
هیندییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە پاڵیان پێوەنرا بۆ ڕۆژئاوای ڕووتەن و زۆربەی مۆڵگەکانی پارێزگاریی هیندییەکان reservations لە ناوچە دوورەدەستەکاندا بوون کە بۆ کشتوکاڵ شیاو نەبوون و زۆر نەشیاوتریش بوون بۆ وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی پیشەسازیدا. زۆربەی خێڵەکان کە لە مۆڵگەی پارێزگاریی پەرش و بڵاودا بوون بە قەبارەی جیاجیاوە، نەیانتوانی زەوی و زاری گونجاو بۆ گەشەپێدان بەدەستبهێنن و لەو سۆنگەیەوە تووشی کۆسپ و ئاستەنگی توندی گەشەکردن بوون. لە ئێستادا نزیکەی ٣١٠ مۆڵگەی پارێزگاریی (محمیات reservation) ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە کە نزیکەی ٢.٣%ی خاکی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن و هەموو خێڵەکانی دانپێدانراوی فیدراڵی مۆڵگە یان ناوچەی پارێزگاریی خۆیان نییە. ئەم مۆڵگانە زیاتر لە ناوچە دوور و ڕووتەنەکاندا هەڵکەوتوون کە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان خراپە و دەستڕاگەیشتن بە ئاو و سەرچاوە گرنگەکانی دیکە گونجاو نین و لەوێ ٦٠%ی سیستەمی ڕێگاوبانەکان ڕێگای خۆڵ یان چەوڕێژن. ئێستا لە ڕووکەشدا، هیندییەکان چیتر بابەتی “قڕکردن” نین، بەڵکوو تەنها “لەبیرکراون”، “نەبینراون” و “جیاکارییان لەگەڵ کراوە”، بەڵام لەڕاستیدا، ئەوان سووک و ئاسان تەنها لەوێ بەجێهێڵراون بۆ خۆ لەناوبردن.
هەروەها حکوومەتی ئەمریکا بە شێوەیەکی سیستماتیکی مۆڵگە پارێزگاریی هیندییەکان بەکاردێنێت بۆ فڕێدانی پاشماوەی ژەهراوی یان ئەتۆمی لە ڕێگەی فێڵ و زۆرلێکردنەوە و ئەمەش وایکردووە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەر یۆرانیۆم و ماددە تیشکاوەرەکانی تر بکەون. لە ئەنجامدا، ڕێژەی تووشبوون بەشێرپەنجە و مردن لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا (کۆمیونیتی) بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزترە لە ناوچەکانی تری وڵات. کۆمەڵگا هیندییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بوونەتە “تەنەکەی خۆڵ” لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئەمریکادا. بۆ نموونە لە ناوچەی پارێزگاریی نەتەوەی ناڤاجۆدا کە گەورەترین خێڵی هیندییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، نزیکەی چارەکێک لە ژنان و هەندێک لە کۆرپە شیرەخۆرەکان بڕێکی زۆر ماددەی تیشکدەریان لە جەستەدا هەیە. لە ماوەی 40 ساڵ زیاتری پێش ساڵی 2009، بەپێی زانیارییەکان حکوومەتی ئەمریکا بەگشتی 928 تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لەو ناوچەیەدا ئەنجامداوە کە خێڵی شۆشۆنی هیندییەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێیە و نزیکەی 620 هەزار تۆن پاشماوەی ماددەی تیشکاوەری بەرهەمهێناوە، کە نزیکەی 48 هێندەی بڕی ئەو ماددە تیشکاوەرەی بۆردمانی ئەتۆمیی ساڵی ١٩٤٥ی شاری هیرۆشیمای ژاپۆنە.
- نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی:-
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە دەزگای خزمەتگوزاریی تەندروستیی هیندییەکان بڵاویکردووەتەوە، تەمەنی هیندییە ئەمریکییەکان 5,5 ساڵ کەمترە لە تێکڕا تەمەنی ئەمریکییەکان، هەروەها ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشی درێژخایەنی جگەر و ئالوودەبوون بە خواردنەوە کحوولییەکان ٢,٣ هێندە و ٦,٤ هێندە و 6,6 هێندەی تێکڕای ئەودوای ئەمریکییەکانە بە دوای یەکدا. توێژینەوە ئەکادیمییەکان دەریدەخەن کە لە نێوان هەموو گرووپە ئیتنیکییەکانی ئەمریکادا، هیندییەکان کورتترین تەمەنیان هەیە و زۆرترین ڕێژەی مردنی کۆرپەیان هەیە و ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کحوول لە نێوان مێرمنداڵ و هەرزەکارانی هیندیدا 13.3 هێندەیە و 1.4 هێندە زیاترە لە تێکڕای نیشتمانی و ڕێژەی خۆکوشتن 1.9 هێندەی تێکڕای نیشتمانی. ئەم دیاردانە پەیوەندییەکی نزیکیان بە وەبەرهێنانی کەموکورت و نابەرابەری حکوومەتەوە لە سەرچاوە تەندروستییە گشتیەکان و نایەکسانیی تەندروستیی بنەڕەتی و گەشە نەکردنی گشتیی کۆمەڵگە کەمینەکانەوە هەیە. حکوومەتی ئەمریکا هاوکاریی خوێندن و پزیشکیی سنووردار پێشکەش بە هیندییەکان دەکات. 99%ی ئەو جۆرە هاوکارییانە بۆ نیشتەجێبووانی مۆڵگەکانی پارێزگاری دەڕوات، بەڵام 70%ی هیندییەکان لە شارەکاندا دەژین و بەو پێیە ئەو هاوکارییە نایانگرێتەوە. بەدەر لە خزمەتگوزاریی تەندروستیی هیندییەکان، زۆرێک لەوان دەستیان بە بیمەی تەندروستی ناگات و زۆرجار لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە غەیرە هیندییەکان و ئاسانکارییە تەندروستییە ناخێڵەکییەکان تووشی جیاکاری و بەربەستی زمان دەبنەوە.
دۆخی فەرامۆشکردنی هیندییەکان لە چاودێریی تەندروستیدا زیاتر ئاشکرا بوو لە کاتی پەتای کۆڤید – ١٩دا . ئامارەکانی U.S. CDC دەریدەخەن کە تا ١٨ی ئابی ٢٠٢٠، ڕێژەی تووشبوون بە کۆڤید – ١٩ و حاڵەتی مردن لە نێوان هیندییەکاندا ٢.٨ هێندە بوو کەچی بۆ ئەمریکییە سپی پێستەکان ١.٤ هێندەی بووە. ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە مافی نیشتەجێبوونی گونجاو دەرچووە، کەوا بەپێی بڕیارنامەی ٤٣/١٤ی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکییە ڕەسەنەکان و ئەمریکییە ئەفریقییەکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری کۆڤید – ١٩یان لەسەر بووە، لەگەڵ ڕێژەی خەواندن لە نەخۆشخانە پێنج ئەوەندەی ئەمریکییە سپی پێستە نائیسپانییەکان بووە. ڕێژەی تووشبوون بە کۆڤید – 19 لە ناو نەتەوەی ناڤاجۆدا، کە لە گەورەترین مۆڵگەی هیندییە ئەمریکییەکاندان، تەنانەت لە قۆناغێکدا لە نیویۆرک تێپەڕی و گەیشتە بەرزترین ئاستی وڵاتەکە. لە ڕووی خوێندن و پەروەردەوە، بارودۆخی مۆڵگەکانی پارێزگاریی هیندییەکان زۆر خراپترە لە کۆمەڵگا سپی پێستەکانی ئەمریکا. بەپێی ئاماری ساڵانی ٢٠١٣ – ٢٠١٧ی بیرۆی سەرژمێریی ئەمریکا، تەنها ١٤.٣%ی هیندییە ئەمریکییەکان بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بەرزتریان بەدەستهێناوە، بەپێچەوانەوە ١٥.٢% بۆ ئیسپانییەکان و ٢٠.٦% بۆ ئەمریکییە ئەفریقییەکان و ٣٤.٥% بۆ سپیپێستە ئەمریکییەکان. زۆرێک لە مۆڵگەکانی پارێزگاریی هیندییەکان بەردەوام گرفتارن بەدەست قوتابخانەی وێران و سیستەمی پەروەردەی ناشایستە و نەشیاوەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە تەنها ٦٠%ی خوێندکارانی هیندیی ئەمریکی لە مۆڵگەی پارێزگاریی ویند ڕیڤەر خوێندنی ئامادەیییان تەواو کردووە، لەکاتێکدا ٨٠%ی خوێندکارانی سپی پێست لە ویلایەتی وایۆمینگ خوێندنی ئامادەیییان تەواوکردووە و ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لەو مۆڵگەیەدا ٤٠%ە، کە زیاترە لە دوو هێندەی تێکڕای ویلایەتی وایۆمینگ و هەرزەکارانی هیندیی ئەمریکی لەو مۆڵگەیەدا دوو هێندە زیاتر ئەگەری خۆکوشتنیان هەیە بە بەراورد لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتەکەدا.
- خراپیی بارودۆخی ئابووری و ئەمنی:-
زۆرێک لە مۆڵگەکانی پارێزگاری لە زەوییە ڕووتەن و بێ بەرهەمەکانی ڕۆژئاوای ناوەڕاستدا لەگەڵ چەقبەستوویی ئابووریدا دەجەنگن و بوونەتە هەژارترین ناوچەی وڵاتەکە. تەنانەت ڕێژەی هەژاری هەندێک لە مۆڵگەکانیش ٨٥%ی تێپەڕاندووە. بەپێی ئامارەکانی بیرۆی سەرژمێریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا، ڕێژەی هەژاریی هیندییە ئەمریکییەکان، کە ٢٥.٤% بووە، لە نێوان هەموو کەمینە ئیتنیکییەکان بەرزترین بووە، بە بەراورد لەگەڵ ٢٠.٨% بۆ ئەمریکییە ئەفریقییەکان، ١٧.٦% بۆ ئیسپانییەکان و ٨.١% بۆ سپیپێستە ئەمریکییەکان. تێکڕا داهاتی مامناوەندی خێزانە هیندییە ئەمریکییەکان تەنها 60%ی داهاتی خێزانە سپی پێستەکان بووە.
لە سەردانێکیدا بۆ ناوچەی پارێزگاریی پاین ڕیج لە داکۆتای باشوور، ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ئاشکرای کرد کە ڕێژەی بێکاریی ناوخۆیی دەگاتە ٨٠%. زۆربەی هیندییەکانی ناوچە پارێزراوەکە لە ژێر هێڵی هەژاریی فیدراڵیدا دەژیان و زۆرێک لە خێزانەکان دەستیان بە ئاوی خواردنەوەوە و کارەبا نەدەگەیشت. بەو پێیەی کەوا یارمەتیی خۆراک کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دابینکرابوو بەگشتی لە شەکر و کالۆریدا زۆر بوو، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی ناوخۆیی هەشت هێندە زیاتر بوو لە تێکڕای نیشتمانی، و تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو تەنها نزیکەی 50 ساڵ بوو. خراپیی بارودۆخی ئابووری بووەتە هۆی کێشەی جیددیی یاسا و ڕێسا. لە ناوچەی پارێزگاریی پاین ڕیج، گەنجانی بێکار زۆرجار ڕوو لە کولتووری باندەکان دەکەن بۆ گەڕان بەدوای ناسنامە و سەربەخۆیی، لەکاتێکدا مەیخواردنەوە، شەڕکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگا ناوخۆییەکاندا باون. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دامەزراوەی نیشتمانیی دادپەروەریی ئەمریکا، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ژنی هیندیی ئەمریکی و ڕەسەنی ئالاسکا لە ئەمریکا، واتە 84.3%ی کۆی دانیشتووانی گرووپەکە، لە ماوەی تەمەنیاندا تووشی توندوتیژی بوون. جگە لەوەش زۆرێک لە یاساشکێنەکان سوودیان لە کەلێنەکانی یاسا ناوخۆییەکان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی تاوانکاری، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی زیاتری بارودۆخی ئاسایش لە ناوچە یان مۆڵگە پارێزراوەکاندا.
- پێگەی سیاسیی بێبەش:-
لە سیاسەتی سەرەکیی ئەمریکادا، هیندییەکان و خەڵکە ئەمریکییە ڕەسەنەکەی تر “بێدەنگی” هەڵنابژێرن، بەڵکوو لەلایەن سیستەمەوە “بێدەنگ” کراون و “بە شێوەیەکی سیستماتیکی سڕاونەتەوە”. هیندییە ئەمریکییەکان دانیشتووانێکی تا ڕادەیەک کەمیان هەیە و بەرژەوەندییەکی بەهێزیان لە سیاسەتدا نییە. بە کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە چاو نەتەوەکانی دیکە، زۆرجار بەرژەوەندی و داواکارییەکانیان لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە پشتگوێ دەخرێن. لەئەنجامدا هیندییە ئەمریکییەکان لە ئەمریکادا بۆ هاووڵاتیانی پلە دوو کەمکراونەتەوە و زۆرجار بە “کەمینەیەکی نەبینراو” یان “ڕەگەزی لەناوچوو” ناودەبرێن لە وڵاتەکەدا. تا ساڵی ١٩٢٤ هیندییە ئەمریکییەکان بە مەرج ڕەگەزنامەی ئەمریکییان پێدەدرا، بەڵام تا ساڵی ١٩٦٥ مافی دەنگدانیان پێ نەدرا.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا، سندووقی مافەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان و دامەزراوەکانی تر توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا لەسەر بەربەستەکانی بەردەم بەشداریی سیاسی کە ڕووبەڕووی دەنگدەرانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان دەبێتەوە، بە بەشداریی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پسپۆڕانی یاسایی و توێژەرانی سەرتاسەری وڵات. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە تەنها 66% لە 4.7 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکییە ڕەسەنەکان تۆمارکراون و زیاتر لە 1.5 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکییە ڕەسەنەکان کە شایستەن نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی مانادار مافی دەنگدانیان بەکاربهێنن بەهۆی بەربەستە سیاسییەکانەوە. بەپێی ئەنجامەکان، دەنگدەرانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان ڕووبەڕووی ١١ بەربەستی بەربڵاو دەبنەوە لەبەردەم بەشداریکردنی سیاسیدا، لەوانە کاتژمێرە سنووردارەکانی نووسینگەکانی حکوومەت، نەبوونی بودجە بۆ هەڵبژاردنەکان و جیاکاری. لە کۆنگرێسی ئێستای ئەمریکادا تەنها چوار ئەندام هیندیی ئەمریکین کە نزیکەی 0.74%ی ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا پێکدەهێنن. بەشداریی سیاسی و کاریگەریی ئەمریکییە ڕەسەنەکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کەمترە لە گرووپەکانی تری دانیشتووانی ئەمریکا.
کۆمەڵگاکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە مێژە تووشی پشتگوێخستن و جیاکاری بوون. زۆرێک لە بەرنامە ئامارییەکانی حکوومەتی ئەمریکا یان بە تەواوی جێیاندەهێڵن یان بە سادەیی وەک “ئەوانی دیکە” پۆلێنیان دەکەن. شانۆن کیلەر ئۆلۆفلین، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و پارێزەری کۆمەڵەی کاروباری هیندییە ئەمریکییەکان، دەڵێ کەوا گەورەترین ئاواتی ئەمریکییە ڕەسەنەکان بەدەستهێنانی ناساندنی کۆمەڵایەتییە. ئەمریکییە ڕەسەنەکان خاوەنی کولتوور و زمانی جۆراوجۆرن، بەڵام زۆرجار وەک گرووپێکی ئیتنیکی نابینرێن، بەڵکوو وەک چینێکی سیاسی کە سەربەخۆیی سنوورداریان لەسەر بنەمای پەیماننامەکان هەیە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا سەیر دەکرێن. بەم دواییانە دامەزراوەی بروکینگز بابەتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندبوو کە ڕاپۆرتی مانگانەی دامەزراندن لە ئەمریکا هیندییەکانی ئەمریکا پشتگوێ دەخات. خۆشگوزەرانیی ئابووریی ئەم گرووپە گرنگییەکی کەمی پێدەدرێت و تاڕادەیەکی زۆر لە باسەکەدا جێدەهێڵرێت. لە کالیفۆرنیا نزیکەی ٢٠٠ خێڵی هیندیی ئەمریکی هەن کە تەنها نیوەیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دانپێدانراون. هەرچەندە ئیدارەی بایدن یەکەم وەزیری کابینەی هیندییەکانی ئەمریکای دەستنیشانکرد، بەڵام ڕێژەی بەشداریی سیاسی و کاریگەریی سیاسیی هیندییەکان هێشتا زۆر نزمە بە بەراورد بە پشکی ئەوان لە چاو دانیشتووانی ئەمریکادا.
بەپێی ڕاپرسییەک کە لەلایەن قوتابخانەی تەندروستی گشتیی هارڤارد تی. ئێج. چان ئەنجامدراوە، زیاد لە سێیەکی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی لە شوێنی کاردا تووشی پشتگوێخستن و توندوتیژی و سووکایەتی و هەڵاواردن بوون و ئەو هیندییە ئەمریکییانەی کە لە ناوچەکانی دانیشتووانی هیندییەکاندا دەژین، زیاتر تووشی ئەم جیاکارییە دەبن لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ پۆلیسدا، لە شوێنی کار و لە کاتی دەنگداندا. بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، ئەگەری زیندانیکردنی هیندییە ئەمریکییەکان دوو هێندە زیاترە لە گرووپە ئیتنیکییەکانی تر. ڕێژەی زیندانیکردنی پیاوانی هیندی چوار ئەوەندەی پیاوانی سپی پێستە، ڕێژەی ژنانی هیندییش شەش ئەوەندەی ژنانی سپی پێستە. ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ئاماژەی بەوەدا کە لە دەرکردن و سەربڕین و ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێوە لە مێژوودا بۆ ئەو هەژاری و پشتگوێخستنە بەربڵاوەی ئێستا، هیندییە ئەمریکییەکان کە سەردەمانێک خاوەنی ئەم کیشوەرە بوون، ئێستا دەنگێکی زۆر لاوازیان لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا هەیە. نووسەری هیندیی ئەمریکی ڕیبێکا ناگڵ بە توندی ئاماژەی بەوە کردووە کە نەبینراو بوون جۆرێکی نوێی جیاکاریی ڕەگەزییە لە دژی هیندییە ئەمریکییەکان و گەلانی ڕەسەنی دیکە. ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مامەڵەی ناڕەوا لەگەڵ ئەمریکییە ڕەسەنەکان بە قووڵی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیستەمی یاسایی ئەمریکادا چەسپیوە.
- مەترسی لە سەر کولتوور:-
لە ساڵانی ١٨٧٠کان تا کۆتایی ساڵانی ١٩٢٠کان حکوومەتی ئەمریکا بە زۆر سیستەمی بەشە ناوخۆییەکانی هیندیی ئەمریکی لە ناوچەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان جێبەجێ کرد بۆ سەپاندنی خوێندنی ئینگلیزی و مەسیحی بەسەر منداڵانی هیندیدا. تەنانەت حاڵەتی ڕفاندنی منداڵانی هیندی و ناچارکردنیان کە بچنە ئەو قوتابخانانە لە زۆر شوێن هەبووە. سیستەمی بەشە ناوخۆییەکانی هیندیی ئەمریکی کە بەسەر خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکیدا سەپێندرا، وەک بەشێک لە مێژووی ئەمریکا، زیانێکی قەرەبوو نەکراوی گەیاندووە بەتایبەتی بۆ گەنجان و منداڵان. زۆرێک لە ئەمریکییە ڕەسەنەکانی نەوەی گەنج خۆیان بەو جۆرە بینیوە کە ناتوانن پێگەیەک لە کۆمەڵگەی سەرەکیدا بەدەستبهێنن و هەستیان بە زەحمەت دەکرد بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی کولتوور و نەریتی خۆیان، ئەمەش وایان لێدەکات کە سەریان لێ بشێوێت و دڵتەنگ بن سەبارەت بە کولتوور و ناسنامەی خۆیان.
لەم قوتابخانە بەشە ناوخۆییانەدا، پەلکی منداڵانی هیندیی ئەمریکی کە سیمبۆڵ و هێمای بوێری بوو، دەبڕدرا و جلە نەریتییەکانیان دەسووتێنرا. قسەکردن بە زمانی دایک بە توندی قەدەغە کرابوو و سەرپێچیکاران بە توندی لێیان دەدرا. لەم قوتابخانانەدا، بەڕێوەبردنی شێوازی سەربازی بەسەر منداڵانی ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا سەپێنرا کە نەک تەنها تووشی سزای جەستەیی دەبوون لەلایەن ڕاهێنەرانەوە، بەڵکوو بەدەست دەستدرێژیی سێکسیشەوە دەیانناڵاند. ژمارەیەکی زۆر لە منداڵە هیندییە ئەمریکییەکان بەهۆی شێوازە توندەکانی خوێندن و شێوازی ژیانی زۆرەملێ و بیرکردنی ماڵەوە و بەدخۆراکی نەخۆش دەکەوتن و تەنانەت گیانیشیان لەدەستدەدا.
هەروەها حکوومەتی ئەمریکا یاساگەلێکی دەرکردبوو کە ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئایینی قەدەغە دەکرد کە پشتاوپشت بۆیان مابووەوە و ئەوانەی لەو جۆرە چالاکییانەدا بەشدار دەبوون دەگیران و زیندانی دەکران. لە سەدەی بیستەمەوە و لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، پاراستنی کولتوور و مێژووی نەریتی ئەمریکییە ڕەسەنەکان تا ڕادەیەک باشتر بوو. بەڵام بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی کە پێشتر کەوتووە، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە زیاتر ئاسەوارە کولتوورییەکانن کە لەلایەن نەوەکانی دواترەوە پارێزراون لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزییەوە لەجیاتیدا.
ڕێبێکا ناگڵ پێی وایە کە زانیارییەکان سەبارەت بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە میدیای سەرەکی و کولتووری باودا لابراون. بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی نیشتمانی پەروەردە و خوێندنی هیندییەکان، 87%ی کتێبەکانی مێژووی ئەمریکا لەسەر ئاستی دەوڵەت باس لە مێژووی دوای ساڵی 1900ی خەڵکی ڕەسەن ناکەن. بەپێی ئاماری دامەزراوەی سمیسۆنی، ئەو شتانەی لەبارەی ئەمریکییە ڕەسەنەکانەوە لە قوتابخانەکانی ئەمریکادا فێردەکرێن، پڕن لە زانیاریی نادروست و شکستیان هێناوە لە خستنەڕووی وێنەی ڕاستەقینەی دەرد و ئازارەکانی خەڵکی ڕەسەن. ڕیک سانتۆروم، سیناتۆری پێشووی کۆمارییەکان لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، بەئاشکرا لە دامەزراوەی گەنجانی ئەمریکا وتی کەوا “ئێمە گەل یان نەتەوەیەکمان لە هیچەوە لەدایکبووە. مەبەستم ئەوەیە، لێرە هیچ نەبووە … بەڵام ڕاشکاوانە دەڵێم، کولتووری ئەمریکییە ڕەسەنەکان شتێکی ئەوتۆی لە کولتوری ئەمریکیدا نییە”. لێدوانەکانی ئەم پیاوە کاریگەریی خەڵکە ڕەسەنەکەی لە کولتووری ئەمریکادا ڕەتکردەوە و نکووڵیی لێکرد.
“ڕەخنە ناوخۆییەکان کە لەمێژە لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە پشتگوێ خراون لەسەر “جینۆساید”ی هیندییە ئەمریکییەکان”
یەکەم:_ کۆمەڵگەی ئەکادیمی بۆچوونێکی هاوبەشی هەیە لەسەر ئەم پرسە. هەر لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە، ئەکادیمیستە ئەمریکییەکان دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی زاراوەی “جینۆساید” بۆ سەرکۆنەکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە هیندییە ئەمریکییەکان. لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا، کتێبی “هۆڵۆکۆستی ئەمریکی: داگیرکردنی جیهانی نوێ” American Holocaust: The Conquest of the New World لە نووسینی دەیڤید ئی. ستاندارد، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هاوای و “مەسەلەیەکی بچووکی جینۆساید” A Little Matter of Genocide لە نووسینی وارد ل. چەرچڵ، پرۆفیسۆری پێشتر لە زانکۆی کۆلۆرادۆ، شەپۆلی هێدمە و شۆکی لە سەرانسەری کۆمەڵگەی ئەکادیمیدا بڵاوکردەوە. “خوێن و خاک: مێژوویەکی جیهانی جینۆساید و قڕکردن لە سپارتاوە تا دارفور” Blood and Soil: A World History of Genocide and Extermination from Sparta to Darfur لە نووسینی بێن کێرنان، پرۆفیسۆر لە زانکۆی یێڵ، باسێکی کورتی لەبارەی ئەو جینۆسایدانەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووییدا دژی هیندییە ئەمریکییەکان ئەنجامی داوە. هەروەها “جینۆسایدێکی ئەمریکی: ئەمریکا و کارەساتی هیندییەکانی کالیفۆرنیا، ١٨٤٦ – ١٨٧٣” An American Genocide: The United States and the California Indian Catastrophe نووسینی بنیامین مادلی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی UCLA، پەردەی لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان هەڵدایەوە لەلایەن حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لە کاتی پەلاماری زێڕی کالیفۆرنیادا.
ڕۆکسان دونبار – ئۆرتیز، کە مێژوونووسێکی ئەمریکیی تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە گەلانی ڕەسەن، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هەر پێنج کردەوەی جینۆساید کە لە “ڕێککەوتننامەی ڕێگری و سزادانی تاوانی جینۆسایددا” Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide هاتووە، دەتوانرێت لەو تاوانانەدا بدۆزرێتەوە کە ئەمریکا بەرامبەر بە هیندییە ئەمریکییەکان ئەنجامی داوە . بێ گومان ئەمریکییە ڕەسەنەکان قوربانیی جینۆسایدن و مەسەلەکە بایەخێکی بەرچاوی هەیە دان بەوەدا بنێین کە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە هیندییە ئەمریکییەکان لەڕاستیدا کردەوەی جینۆسایدن.
دووەم:- میدیاکان ماوەیەکە داوای گۆڕانکارییان لەسەر ئەم بابەتە کردووە. لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات کە کۆلێژی یاسای زانکۆی یو سی هاستینگس UC Hastings بەناوی تاوانبارێکی جینۆسایدەوە ناونراوە، ئەمەش پرۆسەی گۆڕینی ناوی کۆلێجەکەی خێراتر کردووە. بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ABC News، ئاواتەکانی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی لە ئیددیعای سەروەرییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بیستنی دەنگیان. هەندێک لە بەشداربووان وتوویانە کە دزینی خاک و زەویی هیندییە ئەمریکییەکان و سڕینەوەی زمانە ڕەسەنەکان لەڕاستیدا جینۆسایدێکی سیستماتیکی بوون. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بابەتێکی بڵاوکردوتەوەوە و ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە هەرگیز بەفەرمی دان بەوەدا نانێت کە سیاسەتی جینۆسایدی بەرامبەر بە خەڵکی ڕەسەن گرتووەتەبەر. وتارێکی گۆڤاری فۆرن پۆڵیسی Foreign Policy لە بابەتێکی سیاسەتی دەرەوەدا داوای کردووە کە ئەمریکا دان بە جینۆسایدکردنی هیندییەکانی ئەمریکادا بنێت. فیلمی دیکۆمێنتاریی بۆنتی Bounty کە لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە کە تێیدا هەندێک لە نەیتیڤەکان یان ڕەسەنەکانی ئەمریکا بانگهێشتکرابوون بۆ خوێندنەوەی بەڵگەنامە مێژووییە فەرمییەکان لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا پاداشتی زۆریان بۆ کەوڵکردنی پێستی سەری هیندییە ئەمریکییەکان بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ڕەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتە قێزەونەکانی جینۆساید لە وڵاتەکەدا هێنایە ئاراوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی کردەوەی ئیجابی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، کۆمەڵگەی ئەمریکی کەوتە بیرکردنەوە لە پرسی هیندییە ئەمریکییەکان. حکوومەت بڕیارنامەیەکی دەرکرد و داوای لێبوردنی لە خەڵکی ڕەسەن کرد. لە ساڵی ٢٠١٩دا، گاڤن نیوسۆم،حاکمی کالیفۆرنیا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە بۆ داوای لێبوردن لە دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا و دانی بەوەدا نا کە کردەوەکانی ویلایەتەکە دژ بە خێڵە هیندییەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا جینۆساید بوون. بەهەرحاڵ، ڕەنگدانەوەی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە “پاڵەوانبازییەکی سیاسی” دەچێت، چونکە تا ئێستا بە فەرمی دانی بەوەدا نەناوە کە ئەو ستەمکارییە دڕندەییانەی بەرانبەر بە ڕەسەنەکانی ئەمریکا دەکریت، کردەوەی جینۆسایدن. بۆیە پێدەچێت گۆڕانکارییە ڕاستەقینەکان هێشتا زۆر دوور بن.
بەکورتی، ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا نەک هەر ژمارەیەکی هێجگار زۆریان لە هیندییەکانی ئەمریکایان سڕییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی داڕشتنی سیاسەتی سیستماتیکی و کردەوەی چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی کولتوورییەوە، فڕێیاندانە ناو بارودۆخێکی سەختی بێگەڕانەوەوە. کولتووری ڕەسەن لە بنەڕەتدا وردوخاش کرا و میراتی ژیان و گیانی ڕەسەنی نەوەکانی خستە ژێر هەڕەشەی توند و بێئامانەوە. ئەو سەربڕین و گواستنەوەی زۆرەملێ و ئاسیمیلەکردنی کولتووری و مامەڵەی ناڕەوا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە هیندییە ئەمریکییەکان ئەنجامی داوە، جینۆسایدی دیفاکتۆیان دروستکردووە. ئەم کار و کردەوانە بە تەواوی لەگەڵ پێناسەی جینۆساید لە “ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید” یەکدەگرێتەوە و سەدان ساڵە بەردەوامە تا ئەمڕۆش. بێگومان زۆر گرنگە حکوومەتی ئەمریکا دووڕوویی و دوو ستانداردیی خۆی لە پرسەکانی مافی مرۆڤدا لاببات و کێشە ڕەگەزییە سەختەکان و ستەمکاری و دڕندەییەکانی وڵاتەکەی خۆی بە جیددی وەربگرێت.
سەرچاوە:
وەزارەتی دەرەوەی چین ٢- ٣ – ٢٠٢٢
Source: https://www.mfa.gov.cn/eng/zxxx_662805/202203/t20220302_10647120.html
The American Genocide of the Indians – Historical Facts and Real Evidence
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی چین، ساڵی٢٠٢٢
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق