“ڕاستییە مێژووییەکان و بەڵگە سەلمێنراوەکان”
زاراوەی “جینۆساید”، کە لە وشەی یۆنانیی کۆن genos (ڕەگەز، نەتەوە یان خێڵ) و لاتینی caedere (“کوشتن، لەناوچوون”) دروستکراوە، بۆ یەکەمجار لەلایەن ڕافایل لێمکین، زانای یاسایی پۆڵەندی – جوولەکە، لە کتێبەکەیدا لە ساڵی ١٩٤٤یدا “حوکمڕانیی میحوەر لە ئەوروپای داگیرکراودا Axis Rule in Occupied Europe” لەبنەڕەتدا بە مانای “لەناوبردنی نەتەوەیەک یان گرووپێکی ئیتنیکی/ نەتەوەیی” دێت. لە ساڵی ١٩٤٦دا کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە بڕیارنامەی ٩٦دا جینۆساید وەک تاوانێک بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپاتکردەوە و تێیدا هاتبوو کە “جینۆساید ڕەتکردنەوەی مافی بوونی تەواوی گرووپە مرۆییەکانە، بەو پێیەی کوشتن ڕەتکردنەوەی مافی ژیانە لە تاکەکانی مرۆڤ و نکووڵی کردنی مافی بوون ویژدانی مرۆڤایەتی تووشی هێدمە و دشۆک دەکات و … پێچەوانەی یاسای ئەخلاقی و ڕۆح و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە”.
لە ٩ی دیسەمبەری ١٩٤٨دا، کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٢٦٠ئە، یان “ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆسایدی” Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide پەسەند کرد، کە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٥١ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارنامەکە تێبینیی ئەوە دەکات کەوا “لە هەموو قۆناخەکانی مێژووی جینۆسایددا زیانێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە”. ماددەی دووەمی ڕێککەوتننامەکە بە ڕوونی جینۆساید پێناسە دەکات کە هەر یەکێک لەم کردەوانەی خوارەوە بە مەبەستی لەناوبردنی، بەشێک یان تەواوی، گرووپێکی نیشتمانی، ئیتنیکی / نەتەوەیی، ڕەگەزی یان ئایینی ئەنجامدراوە، بەم شێوەیە: (ئە) کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە، (بێ) زیان گەیاندنێکی جیددیی جەستەیی یان دەروونی بە ئەندامانی گرووپەکە، (جیم) بەئەنقەست سەپاندنی بارودۆخی ژیان بەسەر گرووپەکەدا کە حیسابی بۆ کراوە بۆ هێنانەدی لەناوچوونی فیزیکی بە تەواوی یان بەشێکی، (دال) سەپاندنی ڕێوشوێنی ڕێگریکردنی لەدایکبوون لەناو گرووپەکەدا، (هێ) گواستنەوەی منداڵانی گرووپەکە بە زۆرەملێ بۆ گرووپێکی تر. ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕێککەوتننامەکەی پەسەند کرد.هەروەها جینۆساید لە یاسای ناوخۆیی ئەمریکادا بە ڕوونی پێناسە کراوە. یاسای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەشی ١٠٩١ی ناونیشانی ١٨دا، جینۆساید بە هێرشی توندوتیژ پێناسە دەکات بە مەبەستی تایبەت بۆ لەناوبردنی، بەشێک یان تەواوی، گرووپێکی نەتەوەیی، ئیتنیکی، ڕەگەزی، یان ئایینی، پێناسەیەکی هاوشێوەی “ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید”. Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide.
بەپێی تۆمارە مێژووییەکان و ڕاپۆرتە میدیاییەکان، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ڕێگەی کوشتن و ئاوارەکردن و ئاسیمیلەکردنی (تواندنەوەی) زۆرەملێ، هیندییەکانی لە مافەکانی ژیان و مافە سەرەتاییە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانیانی زەوت کردووە، لە هەوڵیدا بۆ بنبڕکردنی جەستەیی و کولتووریی ئەم گرووپە. لەمڕۆشدا هیندییەکان هێشتا هەر ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیددیی ژیان دەبنەوە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا ناوخۆییەکانی، ئەوەی ئەمریکا بەرامبەر هیندییەکانی کردووە، هەموو ئەو کردەوانە دەگرێتەوە کە پێناسەی جینۆساید دەکەن و بەبێ مشتومڕ جینۆساید پێکدەهێنن. گۆڤاری “فۆرن پۆلیسی Foreign Policy“ی ئەمریکی بە سەرنجدان لەسەر ئەوەی کە تاوانەکانی دژی ئەمریکییە ڕەسەنەکان بەتەواوی لەگەڵ پێناسەی جینۆساید یەکدەگرێتەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئێستا. گوناهی قووڵی جینۆساید پەڵەیەکی مێژووییە کە ئەمریکا هەرگیز ناتوانێت پاکی بکاتەوە و کارەساتی ئازاربەخشی هیندییەکان وانەیەکی مێژووییە کە نابێت هەرگیز لەبیر بکرێت.
“بەڵگە لەسەر جینۆسایدی حکوومەتی ئەمریکا دژی هیندییەکان”
- کردەوەی سەرکردایەتیی حکوومەت:-
لە ٤ی تەممووزی ١٧٧٦، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جاڕنامەی سەربەخۆیی دامەزرا و بەئاشکرا باسی لەوە دەکرد کە “ئەو (واتە پاشای بەریتانیا) یاخیبوونی ناوخۆیی لە ناو ئێمەدا ورووژاندووە و هەوڵی داوە دانیشتووانی سنوورەکانمان، کە هیندییە کێوییە بێبەزەییەکانن” و بوختانیان بۆ خەڵکە ڕەسەنە ئەمریکییەکان دەکرد کە “دڕندەی بێبەزەیی هیندین”. حکوومەت و سەرکردەکانی ئەمریکا بە باوەڕبوون بە باڵادەستیی سپی پێستەکان مامەڵەیان لەگەڵ ئەمریکییە ڕەسەنەکان دەکرد و کەوتنە لەناوبردنی هیندییە سوورەکان و هەوڵیان دا لە ڕێگەی “جینۆسایدی کولتوورییەوە” ئەو ڕەگەزە بنبڕ بکەن. لە کاتی جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکادا (١٧٧٥ – ١٧٨٣) و جەنگی دووەمی سەربەخۆیی (١٨١٢ – ١٨١٥) و شەڕی ناوخۆ (١٨٦١ – ١٨٦٥)، سەرکردەکانی ئەمریکا، بە تامەزرۆییەوە بۆ گۆڕینی ئابووریی کێڵگەکان وەک یارمەتیدەرێک بۆ کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی و بۆ فراوانتر کردنی خاک و ناوچەکانیان، چاوی تەماحیان بڕیبووە زەوییە بەرفراوانەکانی هیندییەنیان و هەزاران هێرشیان کردە سەر خێڵە هیندییەکان و سەرۆک و سەرباز و تەنانەت خەڵکی سڤیلی هیندییان سەردەبڕی و زەوی و زاری هیندییەکانیان بۆ خۆیان زەوت دەکرد.
لە ساڵی ١٨٦٢دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاسای هۆمستیدی دەرکرد Homestead Act و تێیدا هاتبوو کە هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە تەمەنی سەرووی ٢١ ساڵەوە بێت، بە تەنها کرێی تۆمارکردنی کە ١٠ دۆلاری ئەمریکییە، دەتوانێت تا ١٦٠ دۆنم (نزیکەی ٦٤.٧٥ هێکتار) زەوی لە ڕۆژئاوا بەدەستبهێنێت. بە هۆی ئەم زەوی بەخشینەوە دەمی خەڵکی سپی پێست چەور کرا و پەلاماری ناوچە هیندییەکانیان دا و دەستیان بە کۆمەڵکوژییەک کرد کە هەزاران هیندیی تێدا کوژران. سەرکردەکانی حکوومەتی ئەمریکا لەو کاتەدا بە ئاشکرا ئیددیعایان دەکرد کە دەتوانرێت پێستی هیندییەکان کەوڵ بکرێت و پێڵاوی پووتی درێژی لێ دروست بکرێت. بەم پێیە دەبوو هیندییەکان لەناوببرێن یان بنێردێنە شوێنێک کە کەس نەچێتە ئەوێ و دەبوو بە خێرایی قڕبکرێن و بسڕدرێنەوە، بەو باوەڕەی کە تەنها هیندییە مردووەکان هیندیی باشن. سەربازە ئەمریکییەکان سەربڕینی هیندییەکانیان بە مەسەلەیەکی سروشتی و تەنانەت شەرەفێک دەبینی و پشوویان نەدەدا تا هەموویان نەکوژرێن. قسە و باسی هاوشێوەی ڕق و دڕندەیی زۆرن و لە زۆرێک لە مۆنۆگرافییەکانی قڕکردنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان یان نەیتیڤەکان بە باشی بە بەڵگە کراون.
- کۆمەڵکوژیی خوێنڕێژانە و ستەمکارییەکان:-
لەوەتەی کۆڵۆنیالیستەکان پێیان خستووەتە ئەمریکای باکوور، بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرفراوان ڕاوکردنی بیسۆنی ئەمریکییان کردووە، سەرچاوەی خۆراک و بژێویی سەرەتایی هیندییەکانیان بڕیوە کە بووەتە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی برسێتییەوە. ئامارەکان وای دەردەخەن کە لە دوای سەربەخۆیی ئەمریکاوە لە ساڵی ١٧٧٦دا، حکوومەتی ئەو وڵاتە زیاتر لە ١٥٠٠ هێرشی کردووەتە سەر خێڵە هیندییەکان و سەریانبڕیون و زەوییەکانیان زەوتکردووە و تاوانی بێشوماری ئەنجامداوە. لە ساڵی ١٨١٤ حکوومەتی ئەمریکا بڕیاریدا کە ٥٠ بۆ ١٠٠ دۆلار خەڵات بداتە هەر کەسێک لەبری ڕادەستکردنی کەللەسەری هەر هیندییەک. مێژوونووسی ئەمریکی فرێدریک تۆرنەر لە کتێبی “گرنگیی سنوور لە مێژووی ئەمریکادا” The Significance of the Frontier in American History کە لە ساڵی ١٨٩٣دا بڵاوکرایەوە، دان بەوەدا دەنێت کە هەر سنوورێک بە زنجیرەیەک شەڕی دژ بە هیندییەکان براوەتەوە و بەدەستهێنراوە.
هەروەها پەلەقاژەی بەدەستهێنانی زێڕ لە کالیفۆرنیا کۆمەڵکوژیی خەڵکە ڕەسەنەکەی کالیفۆرنیای لێکەوتەوە. پیتەر بێرنێت، یەکەم حاکمی کالیفۆرنیا، پێشنیازی شەڕی قڕکردنی کرد دژ بە ڕەسەنەکانی ئەمریکا و ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بانگەشەی لەناوبردنی هیندییەکان لەو ویلایەتەدا. لە کالیفۆرنیا لە ساڵانی ١٨٥٠کان و ١٩٦٠کاندا، کەللەسەر یان پێستی سەری هیندی بەهای ٥ دۆلار بووە، لەکاتێکدا تێکڕای کرێی ڕۆژانە ٢٥ سەنت بووە. لە ساڵی ١٨٤٦ تا ١٨٧٣ ژمارەی دانیشتووانی هیندی لە کالیفۆرنیا لە ١٥٠ هەزار کەسەوە بۆ ٣٠ هەزار کەس دابەزیوە. لە ئەنجامی ئەو ستەم و دڕندەییانەدا بێشومار هیندییەکان گیانیان لەدەستدا. هەندێک لە کۆمەڵکوژییە گەورەکان بریتین لە:-
- لە ساڵی ١٨١١دا سەربازانی ئەمریکا لە شەڕی تیپیکانۆدا سەرکردەی بەناوبانگی هیندی تێکۆمسێ و سوپاکەیان تێکشکاند و پرۆفێتستاونی پایتەختی هیندییان سووتاند و کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیان ئەنجامدا.
- لە نۆڤەمبەری ١٨١٣ تا کانوونی دووەمی ١٨١٤، سوپای ئەمریکا شەڕی کریکی دەستپێکرد دژ بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان ، کە بە شەڕی هۆرسشو بێند ناسراوە. لە ٢٧ی ئازاری ١٨١٤دا نزیکەی ٣ هەزار سەرباز هێرشیان کردە سەر هیندییەکانی کریک لە هۆرسشو بێند (ناڵە ئەسپ) لە ویلایەتی میسیسیپی. لەم شەڕەدا زیاتر لە ٨٠٠ جەنگاوەری کریک سەربڕدران و لە ئەنجامدا هێزی سەربازیی کریکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بوو. بەپێی پەیماننامەی فۆرت جاکسۆن کە لە ٩ی ئابی هەمان ساڵدا واژۆکرا، کریکەکان دەستبەرداری زیاد لە ٢٣ ملیۆن ئەیکەر زەوی بوون بۆ حکوومەتی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
- لە 29ی نۆڤەمبەری 1864دا، قەشە جۆن چیڤینگتۆن هیندییەکانی لە ساند کریک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆلۆرادۆ کۆمەڵکوژ کرد، بەهۆی دژایەتیی چەند هیندییەک بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەخشینی زەوی. ئەوە یەکێک بوو لە بەدناوترین کۆمەڵکوژییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان. ماریا مۆنتۆیا، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی نیویۆرک لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە، کەوا سەربازەکانی چیڤینگتۆن ژنان و منداڵانیان کەوڵکردووە و سەریانبڕیون و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ دێنڤەر بە شەقامەکاندا نمایشیان کردوون.
جەیمس ئانایا، ڕاپۆرتدەری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی گەلانی ڕەسەن، دوای سەردانێکی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢دا و پێشکەش کردنی ڕاپۆرتەکەی، تێیدا هاتووە کە بەپێی گێڕانەوەی نەوەکانی قوربانییانی قەتڵ و عامەکەی ساند کریک، لە ساڵی ١٨٦٤دا نزیکەی ٧٠٠ سەربازی ئەمریکی هەڵیانکوتاوەتە سەر خەڵکی شاین و ئاراپاهۆ کە لە ناوچەی مۆڵدانی هیندییەکانی ساند کریک لە کۆلۆرادۆ دەژیان و تەقەیان لێکردوون. ڕاپۆرتە میدیاییەکان دەریانخستووە کەوا لەو کۆمەڵکوژییە لە نێوان ٧٠ بۆ ١٦٣ کەس لە کۆی زیاد لە ٢٠٠ ئەندامی ئەندامی ئەو خێڵانە کوژراون. دوو لەسەر سێی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون و کەسیش بەرپرسیارێتیی لەو کۆمەڵکوژییە هەڵنەگرتووە. حکوومەتی ئەمریکا لەگەڵ نەوەکانی ئەو ئەو خێڵانەدا گەیشتبووە ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوە، کە تەنانەت تا ئەمڕۆش پێیان نەدراوە.
- لە ٢٩ی دیسەمبەری ١٨٩٠دا لە نزیک شوێنێک بە ناوی وۆندد نی کریک (واتە ئەژنۆی بریندار) لە داکۆتای باشوور، سەربازانی ئەمریکا تەقەیان لە هیندییەکان کردووە و بەپێی تۆماری کۆنگرێسی ئەمریکا زیاد لە ٣٥٠ کەس کوژراون و بریندار بوون. لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە، بەرخودانی چەکداریی هیندییەکان تا ڕادەیەکی زۆر سەرکوت کرا. لە ئەنجامی ئەم شەڕەشدا نزیکەی٢٠ سەربازی ئەمریکی مەدالیای ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.
- لە ساڵی ١٩٣٠دا، بیرۆی کاروباری هیندییەنی ئەمریکا دەستی کرد بە نەزۆککردنی ژنانی هیندییەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی خزمەتگوزاریی تەندروستیی هیندییەکانەوە، بە ناوی پاراستنی تەندروستیی ژنە هیندییەکانەوە ئەم کارە دەکرا و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت بەبێ ئاگاداریی ژنان ئەنجام دەدرا. ئامارەکان ئەوە پیشان دەدەن کە لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا زیاد لە ٤٢%ی ژنانی هیندی لە تەمەنی منداڵبووندا نەزۆککراون. ئەمەش بووە هۆی نزیکبوونەوەی لەناوچوون بۆ زۆرێک لە خێڵە بچووکەکان و تا ساڵی ١٩٧٦ نزیکەی ٧٠ هەزار ژنە هیندی بە زۆرەملێ نەزۆک کرابوون.
- بەرەو ڕۆژئاوا کشان و کۆچی زۆرەملێ:-
ئەمریکا لە ڕۆژانی سەرەتای خۆیدا خێڵە هیندییەکانی وەک قەوارەیەکی خاوەن سەروەری دەزانی و لەسەر زەوی و بازرگانی و دادپەروەری و پرسەکانی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی پەیماننامەی دانوستانەوە و ناوبەناو لە ڕێگەی شەڕەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن. تا ساڵی ١٨٤٠ ئەمریکا زیاتر لە ٢٠٠ پەیماننامەی لەگەڵ خێڵە جیاوازەکاندا ئەنجامدا، کە زۆربەیان پەیماننامەی نابەرابەر بوون و لە ژێر فشاری سەربازی و سیاسیی ئەمریکا و لە ڕێگەی فێڵ و زۆردارییەوە ئەنجامدراون و تەنها دەبوو خێڵە هیندییەکان پێوەی پابەندبن. پەیماننامەکان وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ سوودوەرگرتن لە خێڵە هیندییەکان بەکاردەهێنران.
لە ساڵی ١٨٣٠دا ئەمریکا یاسای ڕاگواستنی هیندییەکانی دەرکرد، کە بە دامەزراوەییکردنی گواستنەوەی زۆرەملێی هیندییەکان بوو لە وڵاتەکەدا. یاساکە بە شێوەیەکی تەشریعی خێڵە هیندییەکانی لە مافی ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا بێبەش کرد، کە ئەمەش وایکرد نزیکەی ١٠٠ هەزار هیندی لە خاکی باوباپیرانیان لە باشوورەوە ڕوو لە ڕۆژئاوای ڕووباری میسیسیپی بکەن. کۆچکردنەکە لە گەرمای هاویندا دەستیپێکردووە و بە درێژایی زستان بەردەوام بووە کە پلەی گەرما تێیدا گەیشتووەتە ژێر سفر. ئەوان ڕۆژانە ١٦ میل بە خێرایی دەڕۆیشتن و ئەنجام هەزاران کەس لە ڕێگادا لە ئەنجامی برسێتی، سەرما، ماندوێتی، یان نەخۆشی و تاعوون گیانیان لەدەستدا. بەم پێیە خەڵکە ڕەسەنەکە یان هیندییەکان فەوتان و لەناوچوون و کۆچی زۆرەملێ بوو بە “کاروانی خوێن و فرمێسک”. ئەو خێڵانەی کە ڕەتیانکردەوە بڕۆن، حکوومەتی ئەمریکا بەجێیهێشتن بۆ سەرکوتکردنی سەربازی و دەرکردنی بەزۆر و تەنانەت کۆمەڵکوژییش.
لە ساڵی ١٨٣٩دا، پێش ئەوەی تەکساس بخرێتە سەر ئەمریکا، حکوومەت داوای کرد کە هیندییەکان دەستبەجێ ڕابماڵرێن یان ڕووبەڕووی تەواوی تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خۆیان و قڕکردنی خێڵەکەیان ببنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە چێرۆکی کە ڕەتیانکردەوە پابەندبن، دەستڕێژیان لێکرا و کوژران. لە ساڵی ١٨٦٣دا سوپای ئەمریکا سیاسەتی “زەوی سووتاو”ی گرتەبەر بۆ ڕاگواستنی خێڵی ناڤاجۆ بە زۆرەملێ و سووتاندنی خانووبەرە و بەروبووم و سەربڕینی ئاژەڵ و ماڵات و تێکدان و تاڵانکردنی موڵک و ماڵیان. لە ژێر چاودێریی سوپای ئەمریکادا، ناڤاجۆکان دەبوو چەند سەد کیلۆمەترێک بە پێ بچنە ناوچەیەکی مۆڵدان یان پارێزگاری reservation لە ڕۆژهەڵاتی نیومەکسیکۆ. ئەو ژنانەی دووگیان بوون و کەسانی بەساڵاچوو کە لەدواوە بەجێدەمان هەر لە شوێنی خۆیاندا دەستڕێژیان لێدەکرا و دەکوژران. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، نزیکەی هەموو هیندییە ئەمریکییەکان ڕاگوێزرانە ڕۆژئاوای ڕووباری میسیسیپی و لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە ناچارکران لە ناوچەکانی پارێزگاریی ئەمریکییە ڕەسەن یان نەیتیڤەکاندا بژین.
وەک لە “مێژووی ئابووریی کامبریج لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا” Cambridge Economic History of the United States نووسراوە، لە ئەنجامی بەزۆر دەرکردنی دوایین هیندییەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە، تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لە هیندییەکان کە تاک تاکی هاووڵاتیی نەتەوەکە بوون، یان ئەو تاک تاک هیندییانەی کە لە کاتی دەرکردنی زۆرەملێدا خۆیان حەشاردابوو لە ناوچەکەدا مانەوە. جێی داخە کەوا بۆ سپیکردنەوەی ئەم بەشەی مێژوو، مێژوونووسانی ئەمریکا زۆرجار فراوانخوازیی بەرەو ڕۆژئاوا وەک بەدواداچوونی گەلی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە سنووری ڕۆژئاوا شکۆمەند دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێشکەوتنی دیموکراسی ئەمریکای خێراتر کردووە و خۆشگوزەرانیی ئابووریی باشتر کردووە و بەشداری لە پێکهاتن و گەشەسەندندا کردووە لە ڕۆحی نەتەوەیی ئەمریکیدا. ئەوان هیچ باسێک لە کۆمەڵکوژیی دڕندانەی ئەمریکییە ڕەسەنەکان ناکەن. ڕاستییەکەی ئەوە دوای کشان و فراوانخوازی بوو بەرەو ڕۆژئاوا کە شارستانیەتی گەشەسەندووی ئەمریکا شکستی هێنا و هیندییەکان وەک یەکێک لە چەندین ڕەگەزی گەورەی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی لەناوچوون و سڕینەوەی تەواو بوونەوە.
- ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ و لەناوچوونی کولتووری:-
بۆ بەرگریکردن لە کردەوە ناڕەواکانی حکوومەتی ئەمریکا، هەندێک لە زانایانی ئەمریکی لە سەدەی نۆزدەهەمدا بلوێری دووبەرەکیی “شارستانیەت بەرامبەر بە بەربەرییەت”یان لێدەدا و ئەمریکییە ڕەسەنەکانیان وەک گرووپێکی کێوی و خراپەکار و ئاست نزم نیشان دەدا. فرانسیس پارکمان، کە مێژوونووسێکی بەناوبانگی ئەمریکیی سەدەی نۆزدەهەمە، تەنانەت بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هیندیی ئەمریکی “فێری هونەرەکانی شارستانییەت نابێت و پێویستە خۆی و دارستانەکەی پێکەوە لەناوبچن”.
جۆرج بانکرۆفت، کە هاوچەرخی پارکمان و مێژوونووسێکی دیکەی ناسراوی ئەمریکییە، بە هەمان شێوە ئیددیعای دەکرد کە بە بەراورد لەگەڵ خەڵکی سپیپێست، خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکا “لە ئەقڵ و سیفەتەکانی مۆراڵدا ئاستیان نزمترە”، ئەوجا ئاماژەی بەوەش دەکرد کە ” ئەم ئاست نزمییە تەنها هەر پەیوەندیی بە تاکەوە نییە پەیوەستی ڕێکخراوە و خەسڵەتێکی تایبەتمەندی توخم و ڕەگەزیشە”. هەوڵێکی لەو چەشنە بۆ پاساوهێنانەوە و ڕەواییدان بە تاڵانی و ڕاوڕووتی کۆڵۆنیالیزم بە سووکایەتی کردن بە هیندییەکان جگە لە جیاکاریی ڕەگەزی هیچی تر نییە. لە ساڵانی ١٨٧٠کان و ١٨٨٠کاندا، حکوومەتی ئەمریکا سیاسەتێکی شەڕانگێزەتری “ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ”ی گرتەبەر بۆ سڕینەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و کولتووریی خێڵە هیندییەکان. کاکڵەی ئامانجی ستراتیجەکە بریتی بوو لە تێکشکاندنی پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی گرووپ و هەروەها ناسنامەی ئیتنیکی و خێڵەکیی هیندییەکان و گۆڕینیان بۆ تاکی ئەمریکی کە ڕەگەزنامەی ئەمریکی و هۆشیاریی مەدەنی و ناسینەوەیان لەگەڵ بەها سەرەکییەکانی ئەمریکادا یەکبگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش چوار ڕێوشوێن گیراوەتەبەر:-
یەکەم:- بێبەشکردنی تەواوەتیی خێڵە هیندییەکان لە مافی خۆبەڕێوەبردن. هیندییە ئەمریکییەکان بەدرێژایی ساڵان لە یەکەکانی خێڵەکیدا ژیاون و خێڵەکانیش سەرچاوەی هێز و پشتیوانیی ڕۆحییان بوون. حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە زۆر سیستەمی خێڵەکیی هەڵوەشاندەوە و تاکی هیندییەکانی خستە ناو کۆمەڵگەیەکی سپی پێستەوە کە نەریتی تەواو جیاوازیان هەبوو. هیندییەکان نەیانتوانی کارێک بدۆزنەوە و بژێویی ژیانیان دابین بکەن، بۆیە لە ڕووی ئابوورییەوە هەژار کەوتن و لە ڕووی سیاسییەوە بێبەش بوون و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە جیاکارییان لەدژ کرا. ئەوان تووشی دەرد و ئازارێکی دەروونیی گەورە بوون و قەیرانێکی قووڵی بوون و کولتوورییان بەسەردا هات. لە سەدەی نۆزدەهەمدا، خێڵە چێرۆکییە گەشەکردووەکان چێژیان لە ژیانێکی ماددی وەرگرت کە تا ڕادەیەک بەراورد دەکرا بە ژیانی سپی پێستەکانی سنوور. سەرەڕای ئەوەش، وردە وردە هەڵوەشاندنەوەی مافی خۆبەڕێوەبەری و سیستەمی خێڵەکییان لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە، کۆمەڵگەی چێرۆکی بە خێرایی داڕووخا و بوونە هەژارترین گرووپ لە ناو خەڵکە ڕەسەنەکەدا.
دووەم:- هەوڵدان بۆ وێرانکردنی مۆڵگەکانی پارێزگاریی هیندییەکان لە ڕێگەی دابەشکردنی زەوی و ڕاستەوخۆ تەرخانکردنی بۆ ئەو هیندییانەی لە ناوەوە و دەرەوەی مۆڵگەکانی پارێزگاریدا. یاسای داوەس Dawes Act کە ساڵی ١٨٨٧ پەسەند کراوە، دەسەڵاتی بە سەرۆکی ئەمریکا دا کە ناوچەکانی پارێزگاریی هیندییەکان هەڵبوەشێنێتەوە و خاوەندارێتیی زەویی خێڵەکییەکان لە مۆڵگەکانی پارێزگاریی بنەڕەتیدا هەڵبوەشێنێتەوە و ڕاستەوخۆ زەوی بۆ هیندییەکان تەرخان بکات کە لە ناوەوە و دەرەوەی مۆڵگەکانی پارێزگاریدا دەژیان، کە ئەمەش سیستەمێکی دیفاکتۆی تایبەتکردنی زەویی پێکدەهێنا. هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی زەویی خێڵەکیی کۆمەڵگا هیندییە ئەمریکییەکانی پەرت کرد و یەکێتیی ڕیزەکانیانی ترازاند و دەسەڵاتی خێڵەکیی بە شێوەیەکی جیددی هەڵتەکاند. وەک بەرزترین فۆرمی یەکێتیی خێڵەکی، ڕێوڕەسمی نەریتیی “سەمای خۆر” وەک “بیدعە” سەیر دەکرا و بەو هۆیەوە قەدەغە کرا. زەوی و زاری زۆربەی مۆڵگەگاکانی پارێزگاریی بنەڕەتی لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە درانە خەڵکی سپی پێست و ئەو هیندییانەی کە کەمتر ئامادەبوون بۆ کشتوکاڵ، زەوییە تازە دەستکەوتووەکانیان لەدەستدا لە ئەنجامی فێڵکردن و چاو و ڕاوی جۆراوجۆردا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان و گوزەرانیان دادەتەپی.
سێیەم:- هەنگاونان بۆ سەپاندنی ڕەگەزنامەی ئەمریکیی تەواو بەسەر هیندییەکان و ئەو ئەمریکییە ڕەسەن یان نەیتیڤانەی کە وەک ڕەگەزی تێکەڵاو ناسێندرابوون، دەبوو دەستبەرداری پێگەی خێڵەکیی خۆیان ببن و ئەوانی تریشیان لە دۆخی “خێڵەکی داماڵران”، کە ئەمەش زیانێکی زۆری بە شوناسی هیندییەکان گەیاند.
چوارەم:- سڕینەوە و بنبڕکردنی هەستی کۆمەڵگەیی و ناسنامەی خێڵەکیی هیندییەکان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پەروەردە، زمان، کولتوور و ئایین و زنجیرەیەک سیاسەتی کۆمەڵایەتی. سەرەتا لە “یاسای سندووقی شارستانییەتی ساڵی ١٨١٩” Civilization Fund Act ئەمریکا قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا دامەزراند یان پارەیان بۆ دابین کرد و منداڵانی هیندییان ناچار کرد کە تێیاندا تۆمار بکرێن. بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی چارەسەرکردنی قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان، تێکڕا ٣٦٧ قوتابخانەی بەشە ناوخۆیی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەبووە. تا ساڵی ١٩٢٥، شەست هەزار و هەشتسەد و هەشتاونۆ (٦٠٨٨٩) منداڵی هیندی ناچار کراون بچنە قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکان. لە ساڵی ١٩٢٦دا ٨٣%ی منداڵانی هیندی لەو چەشنە قوتابخانانەدا ناویان تۆمارکراوە. بەڵام کۆی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە ناویان تۆمار کردووە تا ئەمڕۆش هەر بە ناڕوونی ماوەتەوە. ئەمریکا بە ڕێنمایی بیر و ئایدیای “هیندییەک بکوژە و مرۆڤێک ڕزگار بکە”، قەدەغەی خستە سەر منداڵانی هیندی کە بە زمانی زگماکی خۆیان قسە بکەن، جل و بەرگی نەریتیی خۆیان بپۆشن، یان چالاکییە نەریتییەکانیان ئەنجام بدەن و بەم شێوەیە زمان و کولتوور و ناسنامەیان سڕینەوە لە کردەیەکی جینۆسایدی کولتووریدا. منداڵە هیندییەکان لە قوتابخانەدا سزا و ئازارێکی بێئەندازەیان ئەزموون کردووە و بەشێکیان بەهۆی برسێتی و نەخۆشی و ستەم لێکردنەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش سیاسەتی “چاودێریی بەخێوکردنی زۆرەملێ”ی بەدوای خۆیدا هێنا کە تێیدا منداڵان بە زۆر دەخرانە ژێر چاودێریی سپیپێستەکانەوە، کە درێژەپێدەری سیاسەتی ئاسیمیلەکردن (تواندنەوە) و نکووڵی کردن بوو لە شوناسی کولتوورییان. ئەم کار و کردەوانە تا ساڵی ١٩٧٨ قەدەغە نەکرابوون، واتە تا ئەو کاتەی “یاسای خۆشگوزەرانیی منداڵانی هیندی” Indian Child Welfare Act پەسەند کرا. بە دەرکردنی یاساکە، لە کۆنگرێسدا دان بەوەدا نرا کە ژمارەیەکی هێجگار زۆر لە منداڵانی هیندی بەبێ مۆڵەت گواستراونەتەوە بۆ خێزان و دامەزراوە غەیرە هیندییەکان، کە ئەمەش تێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوەی خێزانە هیندییەکانی لێکەوتووەتەوە. وەک مێژوونووسانی بەناوبانگ دەیانگوت، بە ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ، یەکێک لە شتە هەرە نەفرەت لێکراوەکانی مێژووی ئەمریکا گەیشتووەتە لووتکە و ڕەنگە ئەمە بەدبەختترین فەسڵ بووبێت بۆ هیندییەکان.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی چین، ساڵی٢٠٢٢
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق