لەماوەى نیوسەدەى رابردوودا، دەیان شەڕى ناوخۆیى لە وڵاتانى کیشوەرەکانى ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا روویانداوە، دواى کۆیهاتنى شەڕەکان، ئەو گەلانە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ تاوانبارانى جەنگدا کردووە؟ کام لەو شێوازانەى پەیڕەوکراون لە چارەسەرکردنى برینەکانى شەڕى ناوخۆ و بەدیهێنانى ئاشتەوایى کۆمەڵایەتیدا سەرکەوتووتر بوون؟ ئەم راپۆرتە بەدواداچوون بۆ وەڵامى ئەو پرسیارانە دەکات. یەکێک لەو پرسە مەترسیدارانەی کە کۆمەڵگاکان لەدوای دەرچوونیان لە دۆخی شەڕی ناوخۆ ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەویش پرسی چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ئەو شەڕانەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەی یادەوەری بەکۆمەڵ و دووبارە بنیاتنانەوەی شوناسێکی نەتەوەیی گشتگیر. دیارترین ئەو مۆدێلانەى لەدواى کۆتایهاتنى جەنگەکان پەیڕەوکراون، لێبوردنى گشتى و لیژنەى لێکۆڵینەوە لە راستى رووداوەکانن، بەگوتەى توێژەرێک مۆدێلى لێبوردنى گشتى لە زیاتر لە سى وڵاتدا پەیڕەوکراوە و مەترسی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە بەرمەبناى بێدەنگی و لەبیرچوونەوەیە، هەرچى مۆدێلى بەدواداچوونى راستیەکانە، لە ساڕێژکردنی برینەکان و بەدیهێنانى ئاشتەواییدا ڕۆڵی گرنگی بینیوە.
“لێبوردنی گشتی؛ ناشتن بەبێ دادپەروەری”
ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ میراتی شەڕە ناوخۆییەکان پەیوەستە بە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا و رێسا، کە ئامانجیان لێخۆشبوونە لەو تاوانانەی سرووشتێکی سیاسیان هەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا، ئیدى ماوەى شەڕی ناوخۆ بێت یان دەورانى حوکمڕانی دیکتاتۆری. یاسای لێبوردنى گشتى نوێنەرایەتی فۆرمێکی پێکەوەژیان دەکات بەبێ دادپەروەری، یان هەوڵی جدی بۆ گەڕاندنەوەی یادەوەری کۆمەڵایەتی، ڕێگا لە هەر جۆرە گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو سەردەمە و لێکەوتەکانى لەسەر ئاستی ماددی و ئەخلاقی دادەخات، بەو پێیەی هیچ گفتوگۆیەکى گشتی و ڕێکخراو لەبارەی ئەو رەفتار و کردەوانە نییە، کەواتە لەواقیعدا ناکۆکى و ململانێکان دەمێننەوە، ڕق و کینەش لەناخى مرۆڤەکاندا گەشە دەکات. نووسەر و ئەکادیمیستی فەرەنسی “پیێر بۆنیسا”، باس لەوەدەکات مۆدێلى لێبوردنى گشتى لە سەردەمی نوێدا لە زیاتر لە سی وڵاتدا پەیڕەوکراوە، کە بە شەڕى ناوخۆ یان حکومڕانى دیکتاتۆریدا بۆ ماوەیەکى درێژ گوزەریان کردوە.
ناوبراو کە نووسەری کتێبی (دروستکردنی دوژمن؛ یان چۆن بە ویژدانێکی ئاسودەوە بکوژین)ە، دەڵێت: ئەم شێوازە لە چارەسەرکردن لەگەڵ میراتی شەڕە ناوخۆییەکاندا، مەترسی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە لەسەر بنەمای “بێدەنگی و لەبیرچوونەوە” دامەزراوە، ئەمەش دژایەتییەکی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی دەکات و هۆشداری لە ئەگەری گەڕانەوەى تارمایى شەڕ لە هەر ساتێکدا دەدات. بۆنیسا لایەنە نەرێنیەکانى ئەم مۆدێلە بەم جۆرە رووندەکاتەوە: ئەم شێوازە نابێتە هۆی لەبیرکردنی شەڕی ناوخۆ و یادەوەرییە تاڵەکانی لەلایەک، نە دادپەروەری بۆ قوربانییەکان دەهێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگە نادات هیچ ڕێوشوێنێکی دادوەری بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدیبهێنرێت، بۆیە هەتا کینە و تۆڵەسەندنەوەی کەسی بەردەوام بێت، ئاشتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە.
خەسڵەتێکى دیکەى ئەم مۆدێلە ئەوەیە دەکەوێتە بەر رەخنە و فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ئەوەش وادەکات ئەم چارەسەرە بە ئاراستەی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بەزۆری بکەوێتە ژێر گۆڕانکاری بەردەوامەوە، بە ئامانجى ئاشکراکردنی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییە ترسناکانەی کە لە قۆناغەکانی شەڕی ناوخۆ یان لە دەورانى دیکتاتۆریەتدا روویانداوە.
“ئیسپانیا لە فرانکۆوە بۆ خۆسێ”
ئەم مۆدێلە لە چەندین وڵات تاقیکراوەتەوە، بە نموونە لە ئیسپانیا و جەزائیر، یان لەدوای قۆناغەکانی دیکتاتۆرییە ستەمکارەکان کە بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمڕانییان کردوە و شوێنەواری هاوتای کاریگەرییەکانی شەڕە ناوخۆییەکانیان بەجێهێشتوە. وەک سەردەمی ژەنەڕاڵ پینۆشێت لە شیلی (١٩٧٣ تا ١٩٩٠). هەروەها لە ئیسپانیاش دوای لاچونى دیکتاتۆر فرانسیسکۆ فرانکۆ ڕوویدا، کە نزیکەی چوار دەیە لە (1939-1975) حوکمڕانی کرد. لە ئیسپانیا لە (١٩٣٦-١٩٣٩)شەڕی ناوخۆ روویدا، دواى کۆتایهاتنى شەڕەکە بە ماوەیەکی کەم، فرانکۆ بووە حکومڕانى ئیسپانیا. دوای مردنی فرانکۆ لە (1975)، دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا لە ساڵی (1977)، یاسای “لێبوردنی سیاسی”یان بۆ هەموو لایەنەکانی شەڕی ناوخۆ دەرکرد، یاسایەک کە تەرخانکرابوو بۆ کپکردن و لەبیرچوونەوەى هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە سەردەمی شەڕى ناوخۆ و لەماوەى حکومڕانى فرانکۆدا ڕوویاندابوو. دوای زیاتر لە سێ دەیە لە دەرچوونی ئەو یاسایە، لە ساڵی (٢٠٠٧) دۆخەکە بە تەواوەتى گۆڕا، کاتێک چالاکانى مەدەنى زیاتر لە (١٧٠) گۆڕی بەکۆمەڵیان هەڵدایەوە، فشاریان خستە سەر حکومەتە سۆسیالیستیەکەى خۆسێ لویس ڕۆدریگێز، تاوەکو یاسای یادەوەری مێژوویی پەسەند بکات. تەنانەت باپیری خۆسێ لەسەردەمى شەڕی ناوخۆدا، بەبێ دادگاییکردن گولەباران کرابوو.
یاسای یادەوەری مێژوویی، ڕێکارەکانى لابردنی شوێنەوار و پاشماوەکانی ڕژێمی فرانکۆی لەخۆگرتبوو؛ وەک شەقامەکان کە ناوی ژەنەڕاڵە “نیشتمانپەروەرەکان”یان لێنرابوو، تابلۆکانی یادکردنەوەی “شەهیدان” کە تێیدا وەک گیان بەختکردو “لەپێناوى خودا و نیشتمان”دا وێنا کرابوون، هەروەها لابردنی پەیکەری دیکتاتۆری پێشوو فرانکۆ، وەک ئەوەی لە شاری “سانتاندێر” ڕوویدا” هەر لە یاساکەدا ئەو قوربانیانەی لەو قۆناغەدا گیانیان لەدەستدابوو بە “قوربانی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی” ناوی بردوون، بۆیە حکومەتى ناچارکردبوو لە گەڕان بەدوای روفاتەکانیان و شوێنى ناشتنیاندا، هاوکارى خێزانەکانیان بکات.
“بوتەفلیقە و دەیەى رەش”
بەرەی ڕزگاری ئیسلامی جەزائیر لە ساڵی (١٩٩١) لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیەوە گەیشتە دەسەڵات، بەڵام سوپای جەزائیر ئەو دۆخەى قبوڵ نەکرد و هەڵبژاردنەکەى هەڵوەشاندنەوە و باری نائاسایی لە وڵاتدا راگەیاند، بەو هۆیەوە شەڕى ناوخۆ هەڵگیرسا و نزیکەی دە ساڵ بەردەوام بوو، ئەم قۆناغەش لە جەزائیر بە “دەیەی ڕەش” ناسراوە.لە (١٦/ئەیلول/١٩٩٩)، عەبدولعەزیز بوتەفلیقەى سەرۆکی جەزائیر، لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی جەماوەرییەوە؛ بە دەرکردنی “یاسای هاوسەنگی مەدەنی”، کە لێبوردنی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی بەرەی ڕزگاری ئیسلامی لەخۆگرتبوو، کۆتایى بە دەیەى رەش هێنا. بوتەفلیقە لە ئەیلولی (٢٠٠٥)دا، “پەیمانی ئاشتی و ئاشتەوایی نیشتمانی” پەسەند کرد، کە لێبوردنی گشتی بۆ هەموو ئەو چەکدارانە لەخۆگرتبوو کە وازیان لە چالاکییە سەربازییەکان هێنابوو، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى هەر لێپێچینەوەیەکی یاسایی. هەروەها یاساکە لێبوردنی بۆ هەموو ئەو سەربازانە لەخۆگرتبوو کە بەشداریان لە شەڕەکاندا کردبوو. بە گوتەی پیێر کۆنێسا، ئەزمونی جەزائیر ئاماژە بەوە دەکات کە هاوبەشیکردن لە بێدەنگیدا بەبێ بەهەند گرتنى زانینی ڕاستیەکان یان گەیشتن بە دادپەروەری، مەرج نییە لەبیرکردنی ڕابردوو بەدیبهێنێت، ئەوەش وا دەکات کارەساتەکە بەردەوام بێت و دەرئەنجامەکانی ڕەنگە ببێتە هۆی یاخیبوون و دووبەرەکی، کە پەیکەری کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت و هەڕەشە لە ئاشتى ناوخۆیى دەکات.
ناوبراو بۆ بەڵگاندنى وتەکانى دەڵێت: ڕاگەیاندنی پێکهێنانی باڵێکی چەکداری ناسراو بە “ئەلقاعیدە لە مەغریبی ئیسلامی” لەلایەن ڕێکخراوی قاعیدەوە لە ساڵی (2006)، کە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر بەئامانجگرتنی دەسەڵاتدارانی جەزائیر چڕکردۆتەوە، دەرئەنجامی کورتهێنانە لە چارەسەرکردنى میراتیەکانی دەیەی ڕەش.
“لیژنەکانی ئاشتەوایى و دادپەروەریدا”
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بوونەتە بەربڵاوترین مۆدێل بۆ چارەسەرکردنی دەرهاویشتەکانى شەڕی ناوخۆ، لە هەریەکە لە ڕواندا و یوگۆسلاڤیا و باشووری ئەفریقا کۆمیسیۆنەکانی ئاشتەوایی و لێکۆڵینەوە، لە ساڕێژکردنی برینەکانى ساڵانی جەنگدا ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە. ئەرکەکانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە تاڕادەیەک لەنێوان دوو ئەرکی ناکۆکدایە: یەکەمیان دۆزینەوەی ڕاستییە مێژووییەکان و بنیاتنانی یادەوەرییەکی هاوبەشە سەبارەت بە سەردەمی شەڕی ناوخۆ؛ لەسەر بنەمای دادپەروەری بۆ قوربانییەکان، بەڵام بەبێ سەپاندنى دادپەروەری بەسەر ئەو کەسانەى کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانى تاوانەکان، ئەمەش مۆدێلی ئەفریقای باشوور بوو، کە تەنها دانپێدانان و دەربڕینى هەستی پەشیمانی سەرکردەکانی سەردەمی ئاپارتایدى لەبەردەم لیژنەکانى لێکۆڵینەوە و ئاشتەواییدا لەخۆدەگرت.
ئەرکی دووەم: بریتییە لە بەدیهێنانی دادپەروەری و سەپاندنی سزا بەسەر ئەنجامدەرانی تاوانەکاندا، جا ئەمە هاوتەریب لەگەڵ بەدیهێنانی ئاشتەوایی مەدەنی ئەنجام بدرێت یان بەبێ گەیشتن بە ئاشتەوایی مەدەنی، ئەمەش لە هەردوو وڵاتی ڕواندا و یوگۆسلاڤیا ڕوویاندا، ئەو کەسانەی کە لە کۆمەڵکوژییەکانى سەردەم شەڕی ناوخۆ بەرپرسیاربوون، هێنرانە دادگاکان.
“دادپەروەری و جۆرەکانی”
بەوتەى پیێر کۆنێسا مۆدێلی دادپەروەری راگوزەر (عەدالەى ئینتقالی)، بایەخ بە بنیاتنانی یادەوەرییەکی مێژوویی هاوبەش و پەرەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتى دەدات، لەسەر بنەمای دانپێدانانی تاوانباران بە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بەو تاوانانەی لە ڕابردوودا ئەنجامیانداوە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە قۆناغی دەرچوون لە شەڕە ناوخۆییەکان، دوو جۆر لە دادپەوەرى سەریانهەڵدا کە دەتوانن بەشێوەیەکى هاوتەریب کار بکەن، ئەوانیش: دادپەروەری بنیاتنانەوە و دادپەروەری قەرەبووکردنەوەن.
دادپەروەری بنیاتنانەوە کە سرووشتێکی تۆڵەسێنانەى هەیە سەرنج دەخاتە سەر تۆمەتباران، چونکە ئەرکی یەکەمى دامەزراندنی دادپەروەری و بەدیهێنانی دادپەروەرییە بۆ قوربانییەکان، ئەوەش لەڕێگەى سەپاندنی سزا بەسەر تاوانبارەکاندا، کە گرووپێکى سنووردار دەگرێتەوە، زۆرتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە رۆڵى سەرکردایەتیان لە جەنگەکاندا هەبووە، ئەمەش لە رواندا روویدا. ئەم مۆدێلە گرژییەک لەنێوان پێداویستیەکانی گەیشتن بە دادپەروەری و پێداویستەکانى ئاشتەوایی مەدەنی دروستدەکات، کە زۆرجار پێویستى بە تێپەڕاندن و لێبوردن و بنیاتنانی گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە. هەرچى مۆدێلى دووەمە کە دادپەروەرى راگوزەر یان قەرەبووکردنەوەیە، جەخت لە گواستنەوە لە جەنگەوە بۆ ئاشتى دەکات، یان گواستنەوە لە سیستمێکى دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسى، بناغەى فەلسەفەکەى بریتیە لە: لەبەردەم دەستکەوتەکانى ئاشتى کۆمەڵایەتى و گەشەکردنى ئابورى و بەدیهێنانى دیموکراسى و چەسپاندنى دەوڵەتى قانوندا، دروستکردنى دادپەروەرى شتێکى ئەوتۆ نییە.
سەربارى ئەوانە، مۆدێلى دادپەروەرى راگوزەر بایەخ بە دروستکردنى یادەوەرییەکى مێژوویى هاوبەش و پەرەپێدانى هۆشیارى کۆمەڵایەتى دەدات، لەسەر بنەماى دانپێدانانى تاوانباران بە بەرپرسیارێتیان لەو تاوانانەى لە رابردودا ئەنجامیانداوە، هەروەها دەربڕینى پەشیمانى و لێبوردنیان لە قوربانییەکان، ئەمەش بۆ روونکردنەوەى راستیەکان و دادپەروەرییە بۆ قوربانییەکان لەلایەک، هەروەها بۆ رێگرتنە لە دووبارەبوونەوەى ئەو کۆمەڵکوژییانە لەلایەکى دیکەوە.
“راستى بەرامبەر لێبوردن”
لیژنەى راستى و ئاشتەوایى لە باشورى ئەفریقا پشتى بە بنەماى لێبوردنى مەرجدار بەست، واتە “راستى بەرامبەر لێبوردن”، ئەمەش بە دادپەروەرى لاوەکى ناودەبرێت، لێبوردنى مەرجدار لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە تاوانباران لەبەردەم کەسوکار و خزمانى قوربانییەکاندا دان بە تاوانەکانیاندا بنێن، لەبارەى ئەو پێشێلکارییانەى کە لە سەردەمى جیاکارى رەگەزى “ئاپارتاید”دا ئەنجامیانداوە، راستیە مێژوییەکان ئاشکرا بکەن و داواى بەخشین و لێبوردن بکەن.
لیژنەى راستى و ئاشتەوایى لە سێ دەستە پێکهاتبوو، یەکەم: لیژنەى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ، بەرپرس بوون لە بەدواداچونەکان لەبارەى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ، بەتایبەتى دیاریکردنى ناسنامەى قوربانییەکان و چارەنووسیان (یان روفاتەکانیان)، سرووشت و ئاستى ئەو زیانانەى پێیان گەیشتوە، دووەم: لیژنەى قەرەبووکردنەوەى زیانەکان، بەرپرس بوو لە کەسوکارى قوربانییەکان و خێزانەکانیان و پێشکەشکردنى قەرەبووى ماددى و مەعنەوى بۆیان، سێیەم لیژنەى سەربەخۆى لێبوردنى خودى، دادوەرێکى دادگاى باڵا سەرۆکایەتى دەکرد، هەروەها تواناى بەخشینى لێبوردنى هەبوو لە بەرانبەر دانپێدانانى تەواوەتى تاوانباران لەبەردەم ماڵباتى قوربانییەکاندا.
لیژنەى لێبوردن زیاتر لە حەوت هەزار داواکارى لێخۆشبوونى وەرگرت، زۆربەیان لە زیندانەکانەوە بوو کە لە سەروەختى جیاکارى رەگەزى “ئاپارتاید” لە دەزگا ئەمنى و سەربازییەکان کاریان کردبوو، گوێى لە زیاتر لە نۆزدەهەزار گەواهینامە گرت، کە تەنها (913) حاڵەت ئەو پێوەرە پێویستانەی کە لەلایەن لیژنەکەوە دانرابوویان تێدابوو؛ ئەمەش بە ئاشکراکردنی تەواوی ڕاستییەکان ئەنجام دەدرێت. ئەزمونى باشوورى ئەفریقا بە یەکێک لە سەرکەوتوترین و بەناوبانگترین ئەزمونە راگوزەرەکان دادەنرێت، چونکە رابردووى فەرامۆش نەکرد، بەڵکو چەندین پەند و وانەى سیاسى لێ وەرگرت، بوارى لەبەردەم کۆمەڵگەى مەدەنى بە تەواوى دامەزراوەکانیەوە کردەوە، تاوەکو لەبارەى ئەو سەردەمە و کردەوەکانى لە گفتوگۆ گشتیەکاندا بەشداربن، ئەمەش بووە هۆى پێکهاتنى یادەوەرییەکى هاوبەش و پەیمانێکى نوێى کۆمەڵایەتى.
“پوختەى ئەزموونەکان”
بەشێوەیەکى گشتى و بە سەرنجدان لە ئەزمونى گەلان و نەتەوەکانى دیکە، دەردەکەوێت کە رێکەوتن لەسەر بێدەنگى و لەبیرکردن و داپۆشینى رابردوو بەبێ دادگایکردنى، تەنانەت ئەگەر لەسەر ئاستى سیمبوڵى و مەعنەویش بێت، لەبیرکردنى رابردوو مسۆگەر ناکات و نابێتە هۆى بەدیهاتن و چوونە ناو پەیمانێکى نوێى کۆمەڵایەتیەوە، چونکە هەر کۆمەڵێک لە هاوڵاتیان هەوڵى پێکهێنانى یادەوەرییەکى تایبەت بە خۆیان دەدەن، تا وەکو لە کۆمەڵەکانى دیکەیان جیا بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆى گەشەکردنى رق و تۆڵەکردنەوە لەنێو چینە کۆمەڵایەتیەکاندا.
لەکاتێکدا ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو و ئاشکراکردنی و ئیدانەکردنی لایەنە بەشداربووەکان لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان، ڕێگە بە گەڕاندنەوەی یادەوەری کۆمەڵایەتی و تێپەڕین لە ڕابردوو دەدات، بە وەرگرتنی وانە لێیەوە و گەیشتن بە یەکگرتن لە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێدا.
سەرچاوە:
فريق التحرير: الذاكرة والنسيان أو كيف نتجاوز إرث الحروب الأهلية؟ موقع الجزیرە نت، 17/1/2017.