نالی لە شیعرێکدا بەراوردی بوون لەگەڵ یارەکەیدا دەکات لەگەڵ چوون بۆ چین، کاتێک دەنووسێت: خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین. پاشان دەڵێت: دەڕێژێ میسک و عەنبەر لێرە تا چین. یەکەمجار بیرم لەم شیعرە کردەوە کاتێک لە سەر کتێبەکەم، “بەخێربێن بۆ سەردەمی چینی” کارم دەکرد. پاڵنەرم بە دوای گەڕان بەدوای چین لای شاعیرانی کورد ئەوە بوو، کە بزانم ئایا چۆن لە کۆندا وێنای چین کراوە. شیعرەکە سەرەتا هێندە مایەی سەرنج نەبوو. بەڵام پاشان لە چاپتەری کتێبێکدا دەربارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و چین بە زمانی ئینگلیزی گەڕامەوە سەری، ئەو کاتە ئەو قۆناغەم بە فەنتازیا ناوبرد. نالی فەنتازیای دەربارەی چین هەبووە، بەڵام پاش لێکۆڵینەوەی زیاتر، هەست دەکەم، فەنتازیا گونجاو نییە. کاتێک زیاتر بە دوای مانای چین و ماچیندا گەڕام، مێژوویەکی ئاڵۆزم بۆ ڕوون بووەوە. دەربارەی ئەمە لە زۆر لە نالی-ناسانی کوردم پرسی، کەس زانیارییەکی ئەوتۆی نەبوو.
چین و ماچین وەها نەبینراوە کە دەکرێت لە زمانی ترەوە هاتبێت یان مانای تری هەبێت، بەڵکو وەک یارییەکی زمانەوانی بینراوە و بەس. لە ڕاستیدا، وەک پاشان دەرکەوت، ئەمە هەژارییەکی زۆرە. ئێستا بڕیارم دا جارێکی تر بگەڕێمەوە سەر ئەم دێرە شیعرە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو قۆناغانەی کە کورد وێنای چینیان کردووە. دەکرێت ئەم چین و ماچینە لەگەڵ باسکردنی بۆنی میسک و عەنبەر و ڕێگای دوور هەتا چین ئاماژەی زۆری تر بن. وەک دەزانرێت کە میسک وەها بینراوە کە لە جۆرە ئاسکێک دەردەهێنرێت کە لە چین هەبووە. هەروەها ئاماژەیە بۆ بوونی ڕێگا و بازرگانی کە دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ ڕێگای ئاوریشمینی کۆن. بەڵام ئەوەی زیاتر جێگای سەرنجە چین و ماچینە. سەرەتا لە میانەی پشکنینمدا توێژینەوەیەکی ستفین هاو-م بەرچاوکەوت لە گۆڤاری East Asia Study، کە لە ساڵی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە. لەوێدا ستیڤن باس لە زمانی فارسی دەکات لە سەردەمی بنەماڵەی یون، کە بنەماڵەیەکی مەغۆلی بوون.
دامەزراندنی ئەم بنەماڵەیە هاوسەردەمە لەگەڵ گەشتنی هۆلاکۆ بە بەغدا. لەوێدا چین و ماچین وەک دوو ناوچەی جیاواز لە لایەن فارسەکانەوە بەکارهاتووە. ماچین زیاتر بۆ ئەو ناوچانە بەکارهاتووە کە کەوتوونەتە ژێردەستی بنەماڵی سۆنگ، لە باشور. پێکەوە گرێدانی چین و ماچین، پێکەوە زۆربەی خاکی ئێستای چین دەگرێتەوە. کە مارکۆپۆلۆی ڤینیسیایی سەردانی چین دەکات، ماچین بە مانزی ناودەبات. Machin, i.e. Southern China, called also Manzi, the Marco Polo لێرەدا پێویستمان بە میتۆدێکی تایبەت بوو بۆ هەڵکۆڵینی ئەم ناو و دەربڕینە. بۆ ئەم مەبەستە دیدی ئارکەلۆجیا یان شوێنەوارناسی وشەم بەکارهێنا. جۆرێک لە ئەو میتۆدەی کە جۆرجیو ئەگامبین لە کاری فەلسەفیدا دەیکات. بەم پێیە کاتێک بەر وشەیەک دەکەوین، دەگەڕێینەوە بۆ ڕەچەڵەکی، پاش زانینی ڕەچەڵەک، لێرەدا تەنیا ڕەچەڵەکی زمانی یان ڕێزمانی نا، بەڵکو مێژووی بەکاربردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شوناسیش.
پاشان بە بونیادنان لە سەر ئەم پاشخانە دەگەڕێینەوە بۆ بەکاربردنەکەی نالی. بەم پێیە نالی لە سەدەی نۆزدەدا کاتێک باس لە وڵاتی چین دەکات، چین و ماچین بەکاردەهێنێت وەک زۆرێکی تر لە خەڵک لە کۆندا بەکاریان هێناوە. ئەم بەکاربردنە دەرخەریی ساتەوەختێکی تایبەتی مێژووی چینە کە ساتەوەختی ژیانی نالی نییە. کەواتە یەکەم، شت بۆمان ڕوون دەبێتەوە، ئەوەیە کە زانیارییەکانی نالی زانیاریی ناکاتین، بەو مانایە، ئەو چینەی کە نالی باسی دەکات، چینی ئەو کاتە نییە. لە ڕاستیدا چین لە ساڵەکانی ١٨٣٩ بۆ ١٨٤٤ کە ئەگەری هەیە کاتی نوسینی شیعرەکە بکەوێتە ئەو کاتەوە، چین بە یەکێک لە سەخترین ساتەوەختەکانیدا تێدەپەڕێت کە بە شەڕی ئەفیون ناسراوە. جەنگی ئەفیون ئەو جەنگەیە کە ڕۆژئاواییەکان، بە تایبەتی بەریتانییەکان بە زۆر چین ناچار دەکەن کە سنورەکانی بکاتەوە لە بەردەم ئەفیوندا. هۆکارەکەی ئەوەبوو کە بەریتانییەکان شتیان زۆر لە چین دەکڕی، بەڵام چین هیچی لە ئەوان نەدەکڕی، بۆیە لاسەنگییەک درووست بوو بوو. بۆ هاوسەنگکردنی ئەم لاسەنگییە، هەوڵیاندا کە ئەفیون بە سەر چیندا بسەپێنن.
ئەوەی پاڵپشتی ئەم ناکاتییەی وێناکان دەکات دێڕی بۆنی میسک و عەنبەرە و ئاماژەکردنە بۆ ڕێگا. ئەم ناکاتییەی زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە نالی ئەو وێنا و ئاگاییانەی بەکارهێناوە کە ئەو سەردەمە لە ناو خەڵک یان لە ناوچەکەدا باو بووە. ڕەگی ئەم وێنایانە دەگەڕێتەوە بۆ مەغۆلەکان. مەغۆلەکان ئەو لایەنەبوون کە لە کوردستانیش و چینیش لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی یوندا بوونیان هەبوو. لەمبارەوە لە هەوڵدام بۆ قسەکردن لەگەڵ بوریس جەیمس دا، کە لێکۆڵەری دۆخی پێش-مۆدێرنەی کوردە، هەروەها داڕێژەری چەمکی زۆنی کوردییە. ئەمە بۆ گرنگە؟ لە ڕێگای ئەم چەند وشەیەوە، ڕەنگە ئێمە یەک دوو کلیلی ئەو دۆخەمان دەست بکەوێت کە ئایا ئێمە لە کۆندا چۆن لە چینمان ڕوانیوە. هەروەها ئەو وێنا و خەیاڵ و دیدانە چیبوون کە دەربارەی چین هەبوون، چۆن بنەمایەک و سەرەتایەک بۆ ئەم پەیوەندییە و پاشان ئەم چیرۆکە درووست بکەین. کە دەڵێم چیرۆک مەبەستم لەو نەرەتیڤەیە کە ئەمڕۆ لە میانەی پەیوەندییەکەدا دێتە ئاراوە.
یەکێک لەو خەسڵەتانەی کە چین دەیەوێت بیکات بە مۆرکی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەیە کە چینییەکان چەندین هەزار ساڵە پەیوەندییان بەم ناوچەیەوە هەیە. ئامانج لە ئەمە ئەوەیە کە بڵێن ئێمە جیاوازین لە هێزەکانی تر، بە تایبەتی ڕۆژئاواییەکان کە نوێ و دەرەکین لەم ناوچەیەدا. دیارە ئەم چیرۆکانە ڕاستی و دروستییان گرنگ نییە، هێندەی چیرۆک بوونیان گرنگە. بۆ نمونە ئەکەر ئەسکەندەری مەقدۆنی یان ڕۆمانەکان یان یۆنانییەکان بە ڕۆژئاوایی وەربگرین ئەوا ئەوانیش بە هەزاران ساڵە لێرەن. گرنگییەکی تر ئەوەیە کە کاتێک کە لە ڕێگای ئەم لێکۆڵینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە ڕابردوودا دیدەکان بە سەدە وەک خۆیان ماونەتەوە و نەگۆڕاون، پێمان دەڵێت کە ئەم پەیوەندییە لە چ ئاستێکدا بووە. بە تایبەتی ساتی نالی گرنگە، چونکە ساتی درووستبوونی سلێمانی و شار و بنەماڵەی بابانە. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی داهاتوو لە زانکۆی شێفیڵد لە کۆنفرانسێکدا پێشکەش دەکەم. بەڵام بە نیازم کە لێکۆڵینەوەیەکی بۆ جۆرناڵێکی ئەکادیمی لە سەر بنووسم.