كانگاى دوو گرانترین کانزایە: ئەڵماس، زێڕ، کەچى ساڵانێکە لە ریزبەندى هەژارترین وڵاتانى جیهانە، شەڕى ناوخۆ و کودەتا بڕستیان لێ بڕیوە، نەک هەر هێزە ناوخۆییەکان، سەرۆکى وڵاتەکانى هاوسێشى لە جەنگەکەیەوە تێوەگلاون، بەڵام دواجار ناچاربوون چیرۆکى ئاشتى بنووسنەوە، ئەمە چیرۆکى وڵاتى سیرالیۆنە. لە دەوروبەرى ساڵی (١٧٨٧)، بەمەبەستى بەرەنگاربوونەوەى کۆیلایەتى، فەوجێکی سوپای بەریتانیا لە لاى باکووری نیمچە دوورگەی سیرالیۆن نیشتەجێبوون، بەڵام سرووشتی شوێنەکە بەجۆرێک ئارەزووی ئینگلیزەکانی وروژاند لە ساڵی (١٨٩٦)، سیرالیۆنیان وەکو پارێزگایەکی پارێزراوی بەریتانیا ڕاگەیاند. لێرەوە سەرەتاى ئاڵۆزى و ناکۆییەکان دەستى پێکرد و تائێستاش لێکەوتەکانى بەردەوامن.
“بەریتانیا: دووبەرەکى و ئاژاوەگێڕى”
بەریتانیەکان لە ماوەی داگیرکردنى سیرالیۆندا، پەنایان بردە بەر دابەشکردنی سیرالیۆن بەسەر چەند میرنشینێکى بچووکدا، تاوەکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کۆنترۆڵیان بکەن، دەسەڵاتى میرنشینەکانیشى بە دیارترین سەرۆک هۆزە ناسراوەکان سپارد، بەتایبەتی ئەوانەیان کە ئارەزوویان دەکرد سەرۆکایەتی بۆ هەمیشە بۆماوەیی بێت. بەریتانیەکان دوای دابەشکردنى وڵاتەکە، ئینجا دەستیانکرد بە چاندنی تۆوی جیاکاری، لەلایەک هانى کێبڕکێی نێوان سەرکردە دیارەکانیان دەدا، لەلایەکى دیکەش پشتیوانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانیان دەکرد تاوەکو ململانێکانى نێوانیان توند و خوێناوی بێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا چاوپۆشیان لە پێشلکارییەکانى سەرۆک هۆزەکان و زیادەڕۆییەکانیان لە سەپاندنى باج و کاری زۆرەملێ و دوورخستنەوەی توێژە گرنگەکانى وەکو گەنجان و ژنان لە کایەی گشتی وڵاتدا دەکرد، بەم هۆیەوە گرژی لە گوندەکاندا تەشەنەى سەند، ئەم سیاسەتەش یارمەتیدەر بوو لە دانانی بناغەی دەوڵەتێکی شکستخواردوو، چونکە هاووڵاتییانى والێکرد هەموو توڕەیی و ناڕەزاییەکانیان لەسەر لەپى دەستیان دابنێن و بۆ هەر کارێکی تووندوتیژی ئامادەبن، سەرۆک هۆزەکانیش لە بەرامبەر بەردەوامبوونى هەژمون و باڵادەستییاندا، سڵیان لە تۆقاندنى خەڵکى و تێکدانی شار و گوندەکان نەدەکردەوە.
“کۆماری هەژاریی و ئەڵماس”
کۆماری سیرالیۆن وڵاتێکی بچووکە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، لە کەنارەکانی زەریای ئەتڵەسی، ڕووبەرەکەی نزیکەی (٧١ هەزار و ٧٤٠) کیلۆمەتر دووجایە، بە سامانە سروشتییەکانى، وەک ئەڵماس، زێڕ، ئاسن، ماسی، قاوە و کاکاو دەوڵەمەندە، کەچی لە ساڵی (١٩٩١) وەک یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان پۆلێنکرا. سیرالیۆن لە باکوورەوە لەگەڵ كینیا و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ لیبریا هاوسنوورە، پایتەختەکەی فریتاونە کە بەریتانیەکان لە ساڵی (١٧٨٧) دروستیانکرد. گرنگترین شارەکانی سیرالیۆن بریتین لە کۆیدو و ئویۆ و کێنما. ناوی سیرالیۆنیش دەگەڕێتەوە بۆ گەشتیارێکی پورتوگالی بە ناوی پێدرۆ سینترا، ئەو ناوەی پێداوە کە پێکهاتووە لە وشەی سیرا و لیۆن، (سیرا) واتە لوتکە و لیۆن واتە شێر، واتە لوتکەى شێر.
ژمارەى دانیشتوانى زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسە. کۆمارێکى دەستورییە و سەرۆک راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت. شانزە نەتەوە لە سیرالیۆن نیشتەجێن، دوو گەورەترین و کاریگەرترینیان تەمنێ و مێندێن. نزیکەی (2%) دانیشتوانی وڵاتەکە کرێۆلین. ئینگلیزی زمانی فەرمییە کە لە قوتابخانەکان و فەرمانگەکاندا بەکاردێت؛ لەکاتێکدا کرێۆل زۆرترین زمانی قسەکردنە لە سەرانسەری سیرالیۆندا کە (٩٧%) دانیشتوانی وڵاتەکە قسەی پێدەکەن. لەڕووى ئایینیەوە (78%) دانیشتوان موسڵمانن و (22%) مەسیحین. سیرالیۆن دەوڵەتێکى عەلمانیە، ئیسلام و مەسیحى ئایینى فەرمى وڵاتن. پێکەوەژیانى ئایینى تیایە و خەڵکى بەهۆى ئایینەوە لەکاتى شەڕەکانیشدا نەکوژراون. هەموو سەرۆکەکانى مەسیحى بوون، جگە لە ئەحمەد تیژان کابا کە موسڵمان بوو.
“سەربەخۆیى و دووبەرەکى”
لە (٢٧/نیسان/١٩٦١) هێزەکانى بەریتانیا سیرالیۆنیان بەجێهێشت. پزیشک و سیاسەتمەدار و دامەزرێنەرى پارتی گەلی سیرالیۆن میڵتۆن مارگای سەرپەرشتی سەربەخۆیی وڵاتەکەى کرد، ئەو لە (1954) تا ساتى مردنى لە (1964) وەک سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەى کاری کرد، مارگای پشتگیری خەڵکی سیرالیۆنى بە هەموو چین و توێژەکانیەوە هەبوو، هەموان ڕێزیان لە ڕەوشتی نەرم و ڕەفتاری دۆستانە و شارەزایی سیاسی ئەو دەگرت. دواتر ئەلبێرتى برای پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت. لەدواى مردنى مارگاى، هەموو دامەزراوەکانى دەوڵەت تێکچوون، چینێکی گەندەڵ لە سیاسەتمەدار و سەرۆک هۆزەکان پێگەى خۆیان لە دەسەڵاتدا قایمکرد، بەدوور لە چاوی خەڵکى و دامەزراوە شەرعییەکانی چاودێریکردن، درێژەیان دا بەچالاکییە نایاساییە کانزاکارییەکانیان لە بەڕێوەبردنی کەرتى ئەڵماسدا. مۆڵەتی کانگاکان بەسەر سەرمایەدارە لایەنگرەکانى دەسەڵاتدا دابەشکرا، ئەفسەرانی سوپا بە تایبەتی سەرکردە باڵاکانیان، لەبری بەهێزکردنی سوپا و باشترکردنی توانای شەڕکردنیان، روویانکردە سیاسەت و سوپا بووە دامەزراوەیەکی سیاسی، بەجۆرێک سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان خۆی بۆ پەرلەمان کاندید کرد.
لە ماوەی نزیکەی حەڤدە ساڵدا؛ سیرالیۆن بوو بە دەوڵەتێکی تاک حزبی، پەرلەمان تێکچوو، دادوەرەکان بەرتیلیان وەردەگرت، خەزێنەی گشتی مایەپووچ بوو، حکومەت توانای پێدانی مووچەی نەما، لەبری دیالۆگ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و لەخۆگرتنی، ئەندامە چالاکەکانی لەسێدارەدان یان لانیکەم دەربەدەر کران بۆ دەرەوەی وڵات، ئەم پێشەکیانە بوون بە سەرەتاى شەڕێکی ناوخۆیى ماڵوێرانکەر، کە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ئەڵماس، سەرۆکى ئەودەمەى لیبریا چارڵز تایلۆر پشتیوانى لە یاخیبووانى سیرالیۆن دەکرد، لە ئاکامدا شەڕى ناوخۆ زیاتر لە پەنجا هەزار کوژراوى لێکەوتەوە، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانیش ئاوارە بوون.
“قۆناغى ستەمکارییەکانى ستیڤنز”
دوای کۆچی دوایی میڵتۆن مارگای لە ساڵی (١٩٦٤)، ئەلبێرت مارگای زڕبرای لەلایەن پەرلەمانەوە کرا بە سەرۆک وەزیران. لە ساڵی (١٩٦٧) لە شاری فریتاون ئاژاوەگێڕی لە دژی سیاسەتەکانی مارگای سەریهەڵدا. لە بەرامبەردا باری نائاسایی لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیاند. ئەلبێرت بە گەندەڵی و گرتنەبەری سیاسەتی جیاکاری لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی “مێندی” تۆمەتبار کرا. سەرەڕای هەبوونی پشتیوانی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی وڵات، داوای هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەی کرد.
لە هەڵبژاردنى ساڵى (1967)دا، پارتی کۆنگرەى جەماوەرى و سەرۆکەکەی سیاکا ستیڤنز بە جیاوازییەکى کەم بەسەر پارتی گەلی سیرالیۆندا سەرکەوتن، ستیڤنز لە (٢١/3/١٩٦٧) وەک سەرۆک وەزیران سوێندی یاسایی خوارد. چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربوونی، دەیڤد لانساناى سوپاسالارى سیرالیۆن کودەتاى بەسەردا کرد و ستیڤنز بەرەو گینیا هەڵات.
سیاکا ستیڤنز کورتترین ماوەى پۆستی سەرۆک وەزیران و درێژترین ماوەى سەرۆکایەتی لە مێژووی سیرالیۆندا هەیە. چونکە لە رۆژى سوێندخواردنى لە ساڵی (١٩٦٧) لە کودەتایەکی سەربازیدا دەستگیرکرا. ساڵێک دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی سەربازی، گەڕایەوە سەر پۆستەکەی و لە ساڵی (١٩٧١ تا ١٩٨٥) وەک سەرۆک کۆمار کاری کرد، لە ساڵی (١٩٨٥) لەلایەن فەرماندەی سوپاوە، ستیڤنز لەسەر کار لابرا. لە (٢٩ی ئایاری ١٩٨٨) لە شاری فریتاون کۆچی دوایی کرد.
ماوەى سەرۆکایەتی ستیڤنز بە ستەمکاری و چەندین تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەناسرێتەوە. چونکە نەیارەکانى سەرکوتکرد و میدیا رەخنەگرەکانى داخست و ژمارەیەک گەورە ئەفسەرى بەتۆمەتى پلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى کودەتا لەسێدارەدا. لە (19/4/1971) سیستمى پارلەمانى هەڵوەشاندە و سیرالیۆنى کرد بە کۆمارێکى سەرۆکایەتى. لە (1978 – 1985) پارتى کۆنگرەى گەل تەنها پارتى سیاسى یاسایى بوو لە وڵاتدا.
“وڵاتى کودەتاکان”
لە (٢٣/3/١٩٦٧) کۆمەڵێک ئەفسەری سوپای سیرالیۆن بە سەرۆکایەتی ئەندرۆ جوکسۆن سمیس دەستیان بەسەر حکومەتدا گرت و لانسانایان دەستگیرکرد و دەستووریان هەڵپەسارد. ئەو گروپە ئەنجومەنی نیشتمانی چاکسازییان بەسەرۆکایەتى سمیس دامەزراند و کردیان بە سەرۆکی وڵات. لە (١٨/4/١٩٦٨) کۆمەڵێک سەربازی پلە نزم لە سوپای سیرالیۆن کە خۆیان بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی دژە گەندەڵی ناودەبرد، بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ جۆن ئامادۆ بانگورا، ئەنجومەنی چاکسازی نیشتمانییان ڕووخاند. دەستووریان گەڕاندەوە و دەسەڵاتیان بۆ ستیڤنز گەڕاندەوە و پۆستی سەرۆک وەزیرانی گرتەوە دەست.
لە ساڵی (١٩٧٤)، پیلانێکی گوماناوی بۆ ڕووخاندنی سەرۆک ستیڤنز شکستی هێنا و سەرکردەکانی لەسێدارەدران. لە (19/7/1975) چواردە بەرپرسی باڵای سەربازی و حکومی لەسێدارەدران، لەنێویاندا دەیڤید لانسانا. پاشان بۆ لەناوبردنى هەر یاخیبوون و ناڕەزایەتییەک لەدژی حکومەتەکەی ستیڤنز، بەشی ئاسایشی تایبەت بە ستیڤنز لە سەرتاسەری سیرالیۆندا بڵاوەى پێکرا. ناوبراو لە (1978) لەڕێگەى پارلەمانەوە دەستوورێکى نوێى پەسەندکرد کە وڵاتى کردە تاک حزبى و حزبەکەى بووە تاکە حزبى وڵات. ئەم هەنگاوە خۆپیشاندانى گەورەى لێکەوتەوە، بەڵام لەلایەن سوپا و ئاسایشى تایبەتەوە سەرکوتکرا.
لە (1985) و دواى مانەوەى بۆ ماوەى هەژدە ساڵ، سیاکا ستیڤنز خانەنشین کرا، حزبەکەى لیوا جۆزێف سیدۆ مۆمۆى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى هەڵبژارد و لە (28/11/1985) دەستبەکاربوو. دواى هەوڵێکى گوماناوى بۆ لەکارخستنى لە ئازارى (1987)دا، مۆمۆ زیاتر لە شەست گەورە بەرپرسى حکومەتى دەستگیرکرد، لەنێویاندا جێگرى سەرۆک و بەتۆمەتى پلاندانان بۆ کودەتا لەگەڵ پێنج کەسى دیکە لە (1989) لەسێدارەدا.
لە سەردەمی حوکمڕانی مۆمۆدا، گەندەڵی و بێکارى تەشەنەى کرد، وڵاتەکە داڕمانی ئابووری بەخۆیەوە بینى، کەمی کەرەستە و کەلوپەلی سەرەتایی بەتایبەتی سووتەمەنی، لە فریتاونی پایتەخت و لە سەرتاسەری وڵاتدا سەریهەڵدا. حکومەت توانای پێدانی مووچەی بە فەرمانبەران و مامۆستایان نەما، بەو هۆیەوە خوێندن بۆ کۆمەڵەیەکی بچووکی دەوڵەمەندەکان سنووردار بوو. لەو کاتەدا سیرالیۆن وەک یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان پۆلێن کرا. بەهۆى فشارى ناوخۆیى و دەرەکیەوە، مۆمۆ لە ئۆکتۆبەرى (1990) لیژنەیەکى بۆ پێداچونەوەى دەستوور پێکهێنا. لە (1/10/1991) سیستمى فرەحزبى لەلایەن پارلەمانەوە پەسەندکرا. لە (29/4/1992) کۆمەڵێک سەربازى لاوى سوپا بە فەرماندەیى حەوت ئەفسەرى سوپا کودەتایان بەسەر مۆمۆدا کرد و رەوانەى كینیایان کرد. سەربازەکان ئەنجومەنى نیشتیمانى کاتیان پێکهێنا و ڤالنتین ستراسەر بووە سەرۆکى حزب و وڵات. ئەنجومەنى سەربازى دەستوورى هەڵپەسارد و هەموو حزبەکان و ئازادى رادەربڕین و رۆژنامەوانى قەدەغەکرد. سەربازەکان دەسەڵاتێکى بێسنووریان هەبوو.
لە (5/7/1994)، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنەکە، ژەنەراڵ سلێمان موسا، کە لە نێو خەڵکی و بەتایبەتى لە شاری فریتاون لایەنگرێکى زۆرى هەبوو، دوای تۆمەتبارکرنى بە پلاندانان بۆ کودەتایەک بۆ ڕووخاندنی ستراسەر، دەستگیرکرا و ڕەوانەی تاراوگە کرا. لە (16/1/1996)، دوای نزیکەی چوار ساڵ لە دەسەڵات، ستراسەر لە کودەتایەکدا لە بارەگای وەزارەتى بەرگری لە فریتاون لەلایەن هاوڕێ سەربازەکانی ئەنجومەنەوە دەستگیرکرا. پاشان بە هێلیکۆپتەرێکی سەربازی گواسترایەوە بۆ تاراوگە لە کۆناکری لە گینیا. لە یەکەم پەخشی گشتیدا دوای کودەتاکە، جەنەراڵ بیۆ ڕایگەیاند کە هۆکارەکانی کودەتاکە بۆ گەڕانەوەی سیرالیۆنە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی و کۆتاییهێنانە بە شەڕی ناوخۆ. بەڵێنەکانی گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی لەلایەن بیۆوە جێبەجێکرا و دەسەڵاتی ڕادەستی ئەحمەد تێژان کابا کرد.
دوای بەڕێوەچونى هەڵبژاردنەکان لە سەرەتای ساڵی (١٩٩٦)دا، سەرۆک کابا بە بەڵێنی کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ دەسەڵاتی گرتە دەست. بۆیە دیالۆگی لەگەڵ بەرەى یاخیبوان کرد و داوای لە فۆدای سانکۆ سەرۆکی بەرەکە کرد وتووێژی ئاشتی ئەنجام بدەن. لە (2002) کابا بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە. لە (2007) و (2012)دا ئیرنست کۆرۆماى سەرۆکى پارتى ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکى وڵات هەڵبژێردرا. لە (٢٥/3/١٩٩٧)دا حەڤدە سەرباز بە سەرۆکایەتی تامبا گبۆری کە لایەنگرى ژەنەڕاڵى دەستگیرکراو جۆنی پاوڵ کۆرۆما بوون، کودەتایەکی سەربازییان کرد و سەرۆک کابایان ناردە تاراوگە لە گینیا و ئەنجومەنی شۆڕشی هێزە چەکدارەکانیان دامەزراند. سەربازەکان دەستبەجێ کۆرۆمایان لە زیندان ئازاد کرد و بە سەرۆکی ئەنجومەن و سەرۆکی دەوڵەتیان دانا.
کۆرۆما، دەستوورى هەڵپەسارد، خۆپیشاندانى قەدەغەکرد، هەموو ئێزگەکانى داخست، داواى لە بەرەى شۆڕشگێڕان کرد بەشدارى لە حکومەتى ئەنجومەنى سەربازیدا بکەن و پۆستى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى سەربازى بە فۆداى سانکۆى سەرۆکى بەرەکە بەخشى. هێزەکانی گرووپی کۆنترۆڵکردنی سەر بە کۆمەڵەى ئابوورى دەوڵەتانى رۆژئاواى ئەفریقیا (ئیکۆواس) بە سەرۆکایەتی نەیجیریا، دوای نۆ مانگ ئەنجومەنى سەربازى یان لەکارخست. لە شوباتی (١٩٩٨)دا حکومەتەکەی سەرۆک کابا گەڕێنرایەوە، دواى دادگایکردنیان لە دادگایەکى سەربازى لە فریتاون، لە (١٩/10/١٩٩٨)دا (٢٤) سەربازی سوپای سیرالیۆن گولەباران کران، هەندێکیان بەهۆی ڕێکخستنی کودەتاکەی ساڵی (١٩٩٧) بوو کە سەرۆک کابای لە پۆستەکەی دوورخستەوە، هەندێکی دیکەشیان بەهۆی ئەوە بوو نەیانتوانیبوو یاخیبوونەکە پێچەوانە بکەنەوە.
“شەڕى ناوخۆ و رێککەوتنەکانى ئاشتى”
لە (٢٣/3/١٩٩١) بە ئەنجامدانى زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر گوندەکانی ناوچەی کیلاهون لە ڕۆژهەڵاتی سیرالیۆن کە دەوڵەمەندە بە ئەڵماس، لەلایەن بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕەوە، شەڕى ناوخۆ لەنێوان ئەو بەرەیە و حکومەت دەستى پێکرد و تا ساڵى (2002) بەردەوام بوو. لە دیارترین هۆکارەکانى سەرهەڵدانى شەڕى ناوخۆ، ئاستی نزمیی خوێندن و کەمبوونەوەی داهاتی تاکەکەس و چەوساندنەوەى بێکۆتایی و دەست بەسەراگرتنى کانەکانى ئەڵماس بوو لەلایەن یاخیبوانەوە، کە ئەڵماسە دەرهێنراوەکانیان بە قاچاخ دەبردە لیبریا و لەوێ بە نرخێکی کەم بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیان دەفرۆشت و بەو داهاتەى دەستیان دەکەوت چەکیان دەکڕی.
یاخیبووان لە چوارچێوەى بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕدا بە سەرۆکایەتی فۆدای سانکۆ، لەلایەن چارڵز تایلۆرى سەرۆکى لیبریاوە پاڵپشتى دەکران، ئامانجی یاخیبوونەکە بریتی بوو لە ڕووخاندنی حکومەتی جۆزێف مۆمۆ، تاوەکو سەرۆکی لیبریا بتوانێت دەست بەسەر ئەڵماسى سیرالیۆندا بگرێت. لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمی شەڕەکەدا، بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕی یاخیبوو، بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژهەڵات و باشووری سیرالیۆنی کۆنترۆڵکرد، ئەو ناوچانەش دەوڵەمەند بوون بە ئەڵماس. بەڵام لە کۆتایی ساڵی (١٩٩٣)دا حکومەت ئەو ناوچانەى کۆنترۆڵکردەوە و یاخیبووانى تا سنورى لیبریا راونا. حکومەتى سیرالیۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەى یاخیبووان، لە مانگی ئازاری (١٩٩٥) گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای سەربازی (Executive Outcomes) ئەنجامدا کە کۆمپانیایەکی سەربازی تایبەتی ئەفریقای باشوور بوو، بەڵام دواتر لە ژێر فشاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، حکومەتی سیرالیۆن گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە.
بەهۆى شکستەکانیەوە، بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕی یاخیبوو، لە مانگی ئازاری (١٩٩٦) ڕێککەوتنی ئاشتی ئابیجانی لەگەڵ حکومەتدا واژۆکرد. سەربارى ئەو رێککەوتنە، بەڵام تووندوتیژی لە وڵاتدا هەر بەردەوام بوو. بۆ وەستاندنى شەڕو ئاڵۆزییەکان، هەوڵە دیبلۆماسیەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیکۆواسەوە بەردەوام بوون، لە بەرەنجامى ئەو هەوڵانەشدا لە سەرەتای ساڵی (1999) ڕێککەوتنی ئاشتی لۆمێ لەنێوان حکومەت و یاخیبواندا واژۆکرا. ڕێککەوتنەکە، ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی شەڕی ناوخۆ، چەکداماڵینی هێزە چەکدارەکانی کۆماری سیرالیۆن و بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕی لەخۆگرتبوو. جگەلە بەخشینى پۆستی جێگری سەرۆک و کۆنترۆڵکردنی هەموو کانەکانی ئەڵماس بە فۆدای سانکۆى سەرۆکی بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕ، لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە ململانێکان و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی داماڵینی چەک. ئەمەش ڕەخنەی بەرفراوانی لێ گیرا، بەهۆی رابردووى سانکۆ لە قاچاخچێتی ئەڵماسدا.
لە ئۆکتۆبەرى (1999)دا، نەتەوە یەکگرتوەکان شەش هەزار سەربازى هێزى ئاشتیپارێزى نارد، لە شوباتى (2000)دا ژمارەیان بۆ (11) هەزار سەرباز زیادکرا. لە (2002)دا کۆتایهاتنى شەڕ و لە (2004)دا کۆتایهاتنى پرۆسەى چەکداماڵین راگەیەنرا. بۆیە لە (2005)دا هێزە ئاشتى پارێزەکان کشانەوە. زیانەکانی شەڕی ناوخۆ بە زیاتر لە پەنجا هەزار کوژراو و ئاوارەبوونى زیاتر لە نیوەی دانیشتووان بۆ وڵاتانی دراوسێ دەخەمڵێنرێت، کە زۆرینەیان دووچاری کردەوەی تووندوتیژی و کوشتن و دزی هاتن.
سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی یاخیبووەکان لە ڕێککەوتنی ئاشتی لۆمێدا بەدەستیان هێنا، بەڵام بڕیاریان دا کە ڤیتۆی ڕێککەوتنەکە بکەن و بەردەوام بوون لە شەڕکردن و پێشڕەویکردن بەرەو فریتاونى پایتەخت. بەهۆى لاوازى حکومەتەوە، هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانى ئاشتی مەترسی شکستیان لەسەر بوو، بۆیە وەک پشتیوانییەک لە حکومەتی شەرعی، هێزەکانى بەریتانیا دەستێوەردانی سەربازییان لە سیرالیۆن ڕاگەیاند. ئۆپەراسیۆنى هێزەکانی بەریتانیا کە ناوى (پالیزەر)ى لێنرابوو، لە سەرەتاى مانگی ئایاری ساڵی (٢٠٠٠) ئەنجامدرا، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رێگەى پێدرابوو، هێزی ئاسمانی كینیاش پشتیوانیان دەکرد، بە شکستی بەرەی یاخیبووان و ڕاگەیاندنی سەرکەوتنى حکومەتی سیرالیۆن کۆتایی هات. لە (18/1/2002) حکومەت کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی لە سیرالیۆن ڕاگەیاند. لەگەڵ سەپاندنى زۆرترین فشار و سزای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەسەر ڕژێمی چارڵز تایلۆرى سەرۆکی ئەوکاتى لیبریادا، کە دامەزرێنەر و بزوێنەرى ڕاستەقینەی بەرەی جەماوەری یەکگرتوو بوو، هێزەکانی حکومەتی سیرالیۆن لە کۆتایی مانگی ئایاری (٢٠٠٠)دا توانیان فۆدای سانکۆ دەستگیر بکەن. لێرەوە داڕووخانى بەرەى یاخیبوان و پاشان ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەستیپێکرد.
“چارەنووسى سانکۆ”
فۆدای سانکۆ لە ساڵی (١٩٩٧) بەرەو نەیجیریا هەڵهات و لەوێ دەستبەسەر کرا، بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕ، سام بۆکاری جێگەی گرتەوە. سانکۆ لە ساڵی (١٩٩٩) گەڕایەوە سیرالیۆن. لە سەروەختى شەڕى ناوخۆدا، میلیشیاکەى سانکۆ بە “ئەنجامدانی کردەوەی کوشتن و دەستدرێژی بەکۆمەڵ و بڕینی بەشەکانی جەستەی خەڵکی سڤیل، لەنێویاندا منداڵان” بەناوبانگ بوو. سەربازەکانیشى هاندەدا هەرچییەکیان دۆزییەوە تاڵانى بکەن. هەروەها لە دروستکردن و شکاندنی ڕێککەوتنەکاندا دیارترین ڕۆڵی هەبوو، لەوانە ڕێککەوتنی ئاشتی ئەبیجان و ڕێککەوتنی ئاشتی لۆمێ لە ساڵی (١٩٩٩).
لە ساڵی (٢٠٠٠)، چەکدارەکانى سانکۆ ژمارەیەک خۆپیشاندەریان لە دەوروبەری ماڵەکەی لە شاری فریتاون کوشت. بەو هۆیەوە لەسەر راسپاردەى دادگایەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی ئایاری ساڵی (٢٠٠٠)دەستگیرکرا و ڕادەستی بەریتانیا کرا. سانکۆ، بە حەڤدە تۆمەتی تاوانی جەنگی تۆمەتبار کرا، لەوانە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، دەستدرێژی، کۆیلایەتی سێکسی و جینۆساید. بەڵام لەکاتی دادگاییکردندا، بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لەدەستدا.
“گەشەپێدان و دادگایکردن”
لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە لە ساڵی (٢٠٠٢)، ئابووری سیرالیۆن وردە وردە دەستی بە بوژانەوە کرد و لە ساڵی (٢٠٠٨)دا گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ڕێژەی (٧.٤%) تۆمارکرد، بەڵام سیرالیۆن سەرەڕای سامانەکەی، هێشتا یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکان.
بەپێی بڕیارنامەی ژمارە (١٣١٥)ی ساڵی (٢٠٠٠)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە تاوانی دژە مرۆڤایەتییان لە سیرالیۆن ئەنجامداوە، بەتایبەتی سەرکردەکان لەنێویاندا بیانییەکان، لە ساڵی (2002) دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە سیرالیۆن ڕاگەیەندرا. لە مانگی نیسانی (2012)، دادگاکە (11) تۆمەتى ئاراستەى سەرۆکی پێشووی لیبریا، چارڵز تایلۆر کرد، لەوانە: هاوبەشی لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، دەستدرێژی، کوشتن، چەکدارکردنى منداڵان لە کاتی شەڕی ناوخۆ لە سیرالیۆن. دادگایکردنەکەى پێنج ساڵى خایاند و لەکۆتایدا سزای پەنجا ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
سەرچاوەکان:
یەکەم: عبد العالم بجاش: تجربه سیرالیون فی إحلال السلام… هل تشكل نقطه مضیئه للیمن فی الخروج من مأزق الحرب؟ ماڵپەڕى مشاهدنت، له (18/يناير/2021).
دووەم: احمد فوزى سالم: سيراليون.. دولة الظل والمظالم التي أصبحت رمزا للتسامح، ماڵپەڕى نون بوست، لە (12/4/2021).
سێیەم: راپۆرتێکى ماڵپەڕى (الایام نیوز) لە (4/9/2003).
چوارەم: راپۆرتێکى ماڵپەڕى نەتەوە یەکگرتوەکان لە (26/2/2013).
پێنجەم: ماڵپەڕەکانى ویکیپیدیا و (calendarz.com)