“پۆست مۆدێڕنیتە، هەستی کۆتایی پێهاتن و ئاپۆکالیپس”
وا دەردەکەوێت بەشێک لە جیهانی مۆدێڕن گەیشتۆتە دۆخی تێک قوچاو و رۆچووی(ئاپۆریای) خۆی لە ئاستی مەرگ و نەماندا. سەرەڕای کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان، هەنووکە بەشێک لە جیهانی رۆژئاوا، نەک هەمووی-رەنگە بەشێکی بچووکی-روانین و نیگای بۆ ئینسان و جیهانی ئینسانی بە ئاراستەی بێمانا بوون، ناهزرمەندی، ئاوابوونی هزر و ئاپۆریای کۆتایی شکڵی گرتبێت. هەڵبەت رۆژئاوا، بەتایبەت رۆژئاوای غەیری ئەوروپایی کە لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا دوور لە بەرەکانی جەنگ و کارەسات ژیاوە و لە پانتایی بەربڵاوی خۆیدا کە ئێستاکە لە پرۆسێسی بەجیهانی بووندا، رۆژهەڵات و باقی وڵاتانی تری گۆی زەوی گرتۆتەوە، لە پێناوی ئامانجەکانی مۆدێڕنیتە و یان لەهەوڵی دەستخستنیان، بەلەز و پەلە رێگەی خۆی دەپێوێت و بەردەوام روانین و نیگای بۆ ژیان و پێشڤەچوونی ئینسانی ئاوەزمەند بڕیوەتەوە ئاسۆیەکی گەش، ئەگەرچی بەتووندی و تووندڕەوانە خواستی دەسەڵاتی کردۆتە مەبەست تەنانەت بە شێوەیەک کە بنەماکانی مۆدێڕنیتەشی رووشاندووە و گڵاوی کردووە. بەڵام بێگومان بەشێک لە رۆژئاوا بە تایبەتی ئەو بەشەی کە لە شۆڕشی گەورەی فەرانسە بەم لاوە کە بەردەوام لە گەڵ جەنگ و قەیرانە ئابووری-سیاسییەکان، گۆڕانکاری لە سنوورە جوگرافییەکان و ئاڵووگۆڕی شوناسی نەتەوەیی دا دەستەویەخەبوون، لە جەنگی جیهانی یەکەم تەنانەت پێشتر لەویش، بەرە بەرە بەڵام راشکاوانە، دڵەڕاوکێی نابوودی(annihilation anxiety)، ترسی لەیەک هەڵوەشان(disintegration fear)، کۆتایی و مەرگ لە هەناو و بنجی وجوودی خۆی هەست پێدەکات و ساتێک بەهومێد یان بێ هومێد، گوایە درێژە بە ژیانی داسەپاو دەدات، تاکوو مەرگی حاشالێنەکراو وە دێر و پاشتر بخات!
هەندێک دەسپێکی ئەم قۆناغە دەخەنە پاڵ(خودا مردووە)کەی نیچەوە و یان رەنگیشە بیگەڕێننەوە بۆسەردەمی کۆتایەکانی سەدەی نۆزدەهەم-Fin de Siecl- بەڵام زۆرتر چاویان بڕیوەتە جەنگ؛ بۆ سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەم، لەو شوێنەیدا کە فرۆید بە فریو داتەکاندن(disillusionment)ی زەینی رۆژئاوایی لە پێوەندی بەو وێنەیەی کە لە خۆی و شارستانییەتی مۆدێڕن نیگاری کردبوو، هاتە ئاخافتن؛ ئاکارێکی سووکەڵە و بن بۆش کە دەوڵەتەکان لە دەور و رۆڵی خۆیان وەکوو(پارێزەرانی پرەنسیپە ئەخلاقییەکان) لە خۆیان دا وەدەریاندەخست و (دڕندەخووییەک) کە هاووڵاتییە رۆژئاواییەکان وەکوو ئەندامی(باڵاترین شارستانییەتی مرۆڤایەتی) نواندیان و پیشانیان دا.117 و زۆرتر لەمەش رەنگە لە کۆتایی جەنگ دا بێت کە بەرەبەرە هاتنەوە سەر خۆیان و ناباوەڕانە شارستانییەتی هاوچەرخی خۆیان خستە بەر داوەری و حوکمدانەوە.
جەنگی گەورە، پۆل والێری(1919) هاملێت ئاسا بە ئاخ و ئۆفێکی قووڵەوە لە سەر لەرزۆکی و سست بوونی بنەمای شارستانییەتەکان ئاگادار کردبووە؛ بە لەرزۆک بوونی شارستانییەتی رۆژئاوا وەکوو شارستانییەتەکانی رابردوو وەکوو شارستانییەتی نەینەوا، بابل و تەختی جەمشید! بۆیە لەسەر (مەرگی ئەورووپا) و ( مەرگی شارستانییەتی رۆژئاوا) بیری دەکردەوەو دەینووسی: “ئێمە دوا شارستانییەتەکان، ئێمەش هەنووکە دەزانین کە دەمرین118.”
بەم پێیە، دوای(مەرگی خودا) و (مەرگی ئەوروپا) دەگەیینە(مەرگی ئینسان) کە ئاندرێ مالرۆ لە چیرۆکێکدا لە زمانی ئینسانێکی ئاسیایی بەگوێی هاوڕێیەکی ئەورووپاییدا دەگەیەنێت119. هەڵبەت ئینسانی باسکراوی مالرۆ، ئینسانی ئاوەزمەندی مۆدێڕنیتە بوو کە ئەگەر تا ئێستاکەش نەمردبوو، بەو جەنگە کاولکار و دڕندانە، نیشانەکانی سەرەمەرگ و بەرەمەرگ تێیدا دەردەکەوتن، یان رەنگە ئەوان وا تێدەگەییشتن! ئۆدێن(W.H.auden) پەرژایە سەر دڵەڕاوکێی ئینسانی تەنهای جیهانی مۆدیڕن و لە چاخی دڵەڕاوکێ دا(1947) ئەمەی لەپێوەندی لەگەڵ ژیانی بێ ئامانجدا لێکدایەوە. تی.ئێس.ئێلیۆتیش ئینسانی بۆشی(1925) نووسی. دەروون ناسان دەیانگووت کە مرۆڤ کەمتر لەوەی وا تێدەگات، ئاوەزمەندە. فرانتز ئەلێکساندێر120 سەرۆکی ئەنیستیتۆی دەروون ناسانی شیکاگۆ، نیشانەکانی لاڕێیی و داکەوتن لە ساڵەکانی نێوان دوو جەنگی جیهانی لە چاخی بێ ئاوەزی دا ئاوەها دەگێڕێتەوە:-
لە ئەورووپا دا من شاهیدی ئەوەبووم کە دونیای لاوەتیم بەخێرایی و تووندی لە یەک هەڵدەوەشێتەوە و پێوەر و ئایدیالگەلێک کە وەکوو سرووشتی دووهەمی من لە قەڵەم دەدرا لە چاوان ون دەبوون و ئاودیوی ئاسۆکان دەبوو. وەکوو زۆربەی چاودێرانی ئەوروپایی ئەم ساڵە بارگرژ و پڕ ئاشۆیانە، شایەتحاڵی پرۆسێسی پووچەڵ بوونەوەی سەردەمێکی کولتووری بووم، بەدواداهاتەکانی چی بوون، روون نەبوو. بەڵام شتێک کە روون بوو، ئەوە بوو کە شتگەلێک خەریک بوو لە ناو دەچوو، واڵاترین پرەنسیپ و نرخگەلێک کە تا ئەو کات دەمناسی، هەر کەسێک لە چاوەڕوانی خراپترینەکان دا بوو؛ نیگەران، لەژێری زەخت و خۆخولاوەیی، بەرەو داهاتوویەکی نادیار و بە کێشەی پراکتیکی و دڵەڕاوکێی هەنووکەیی، دروشمی(سەرەتا بژی و دواتر تێفکرە) بوو بە بنەمایەکی زاڵ و سەپێنراو.
بۆیە ئەوەی لە رەوتی جەنگی یەکەمی جیهانی و ساڵەکانی دواتری بەدی دەکرا، ئاوابوونی هزر و سەرهەڵدانی ئاکارگەلی هزربێزانە بوو کە دواتر، لە قەوارە ی نازیسم و فاشیزم دەرکەوت و دروشمەکەیشی(هەر بژی مەرگ) بوو، و بە کوشتن و کاولکاری گەیشتە ترووم کوشتن و پاکتاوی رەگەزی و کوورەکانی مرۆڤ کوشتن. ئایدۆلۆژیا و حکوومەتێک کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بیرمەندان، بە هەڵبژاردنی ئازادی کۆمەڵانی خەڵک و بنەمای ئەقڵی گشتی(populist reason) پشت ئەستوور بوو، سەرێتی و سێبەری زاڵتری هەبوو! وادەردەکەوت تەواوی خەڵک مەرگیان هەڵبژاردبوو! بۆچی دەبێت مەرگ هەڵبژێرن؟ لەجەنگێک دا وەدەرکەوتبوون و ئەوکات قەیرانە ئابوورییەکان کە گەییشتبۆوە ئاستی هەژاری و شۆکی ئابووری و سەرهەڵدانی رزگارکەرێکی رەهای دەسەڵاتێک کە مزگێنی رزگاری و قوتاربوونی دەدا و خەڵک نە بیریان بەلای ئازادی و پێگەی راستەقینەی مرۆڤدا دەچوو و نە دەپرژانە سەر کولتوور و شارستانییەت، بەڵکوو سەرەنجیان دابووە بنەمایی ترین ئاتاجی خۆیان بۆ مانەوە، ئەگینا مەرگ، مەرگێک کە وەکوو چارەنووس سەپێنراو بوو؛ مەرگێک کە فرۆید لە(ئەوپەڕی پرەنسیپەکانی چێژ) دا، بکەر(یان گەڕاڵانی) لە ئینسان دا بەدی کرد؛ لانیکەم لە ئینسانی ئەورووپی سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم دا بەدی کرد و بەسەر تەواوی مرۆڤایەتی دا گشتاندی و بە دۆزێکی جیهانگیر(universal) دەیبینییەوە. ئەم دیاردەیە تاسووق و خواستی مەرگ بوو، بەو شێوەیەی لە هەندێک لە ئایینزا رۆژهەڵاتییەکان وەکوو هیندوئیزم، مانوئیزم، هەندێک لە رێبازە سۆفیگەری و عیرفانییەکان و …هتد. تەنانەت لە رێبازی مەسیحییەتیشدا ئاشکرایە؟
یان بە دەربڕینی شووپێنهاور، بە پێچەوانەوە، دەبێت بڵێین کە(خواستی زیندەگی) رێسایە و ئەوەی وا خواستی مەرگ دێتە بەرچاو، لەواقیع دا ئینکار و حاشای خواستی زیندەگییە. هۆ و بەڵگەی زانستیشی رەنگە ململانێی مانەوەی(مالتۆس) و (مانەوەی رەسەنتر)ی داروین بێت، کە لە بارودۆخێکی تایبەتدا بەسەر خواستی زیندەگی دا دەسەپێت و زاڵ دەبێت، چ ئەو تاکەی کە سەربەستانە و دڵخوازانە کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت، چ ئەو گرووپە مەزهەبییانەی سەدەی بیستەم کە روویان کردە خۆکۆژی بەکۆمەڵ، یان ئەو حیزب و ئایدۆلۆژییە تایبەتانەی کە لەتەشقی برەو و سەرکەوتنی سەردەمی خۆیان دا، دروشمی(هەر بژی مەرگ) یان دەگووتەوە، و یان ئەو نەتەوەیەی کە بە دەنگی ئازادی خۆی هەڵیبژارد و نەتەنها خۆی، بەڵکوو جیهانیشی بەرەو مەرگ راپێچا و ئاگری جەنگێکی خۆش کرد کە دوای میلیۆنان قوربانی و وێرانی و کاولکارییەکی زۆر، کۆتایییەکەی بە مەرگێکی کارەسات ئامێزیتر وەدەرکەوت؟ بە کارەساتی لەناو چوونی تەواو و رەهای دوو شار، کارەساتی هەراس و سامی لەناوچونی ئەتۆمی کە مرۆڤی رۆژئاوایی لە تەواوی ساڵەکانی شەڕی سارد-کە نیو سەدە درێژەی هەبوو- و تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردیش، هێشتاکەش بە هەمان ترس و سام لە نەمان و لەناوچوونی ئەتۆمییەوە بەرەو مەرگ هەنگاوی هەڵدەهێنا و دوا رووگەی بوو و لە دۆخێکی داقوچاو و تەنگەبەر و بێدەربازبوون، بە فەلسەفەی کۆتایی هاتن(Finitude) و چاوەڕوانی ئاپۆکالیپس، مەرگی لە تەواوی ئەو شتانەی خوڵقاندبووی دەهۆنییەوە و دەیچڕییەوە.
لە هەمان مەرگی ئەوروپا و مرۆڤەوە بگرە تا دەگاتە مەرگی سووژە و دانەر(مولف)، و هەردەم کۆتایی شتێک جاڕ دەدرێت؛ لە کۆتایی ئایدۆلۆژییەکانەوە بگرە تا کۆتایی شارستانییەت و تەنانەت کۆتایی مێژووش، بە وتەی هابرماس (فەیلەسووفەکانیش بۆ ماڵاواییەکانی خۆیان رێوڕەسم دەبەن بەڕێوە121 یەکێک خۆی پۆست شیکار دەزانێت، ئەویتریان خۆی پۆست پێکهاتە خواز یان پۆست مارکسیست) وا دەنوێنێت هەموو گەییشتوونەتە پۆست تەوەری(post-ism)، هەر بە هەمان شێوە کە لە شەستەکانی سەدەی بیستەم دا، دانیێل بێل، دوای پێشکەشکردنی (کۆتایی ئایدۆلۆژی) باسی لە (کۆتایی-تەوەری)(End-ism) هێنایە گۆڕێ، کۆتایی و مەرگێک کە لە ئەدەبیاتی کۆتایی سەدەی نۆزدەوە دەستی پێکرد تاکوو بە تێپەڕاندنی داستایۆفسکی و کافکا بگاتە ئاپۆریای پاڵەوانەکانی بێکت و زایەڵەی دوای مەرگی ئەدەبیاتی پۆست مۆدێڕن؛ ئاپۆکالیپسێک کە بە وێنەیەکی قووڵتر و بەرینتر لە ئەدەبیات، هونەر و فەلسەفەی سەدەی بیستەم و زۆرتر لە هەموویان لە ئەدەبیاتی چیرۆکی و روخساری ئەورووپای شەستەکان و دوای ئەویش بەدی دەکرێت. لەراستیدا وا دەنوێنێت کە گوایە روانین ونیگای ئۆلیۆسە کە لە هەموو جێیەکدا هەیە؛ لە ئۆلیۆسی جۆیسەوە تاکوو ئۆدیسەی فەزایی ئێستانلی کوبریک؛ روانینی ئۆلیۆسی هۆمەر بۆ مەرگێک کە لە هەموو شوێنێکدا خۆی لێ مەڵاس داوە و ئەو دەبێت بترسێت و لێی هەڵبێت.
چونکوو روانینی ئینسانی هۆمەری بۆ ژیان و ئارەزووی گەڕانەوەشی بۆ باوەشی خاوخێزانە و ئەگەریش خۆی بداتە دەستی مەرگ، وەکوو ئاخیلیس، مەرگێکی جوانە تا قارەمانەکان لە شیعری شاعیراندا جاویدان و هەرماو کاتەوە. بەڵام ئینسانی پۆست مۆدێڕن نە وەک جەنگی بەشکۆ لەگەڵ چارەنووس، بەڵکوو بەشکۆیەکی پڕنەگبەت دەژی. (شکۆیەکی پڕنەگبەت) ئەمە دەربڕینی فرانک کێرمودە لە نووسراوەی بێکتدا، کە نەگبەتی و هەژاری مرۆڤ بە شکۆوە دەگێڕێتەوە. رەنگە هیچ کەسێک وەکوو کافکا رەمز و رازی ونبوونی ئینسانی قوربانی لە دۆخێکی تۆقێنەر بەڵام هاوکات لەگەڵ ترس و هومێد و سەرسووڕماندا لە جیهانێک وەکوو جیهانی نێوان دوو جەنگی جیهانی، ئاوەها شکۆمەند نەگێڕابێتەوە، و هیچ کەسێکیش وەکوو سامۆئێل بێکت، نەگبەتی، داماوی و سەرەمەرگی ئینسانی مۆدێڕن و خۆڵەمێش نشینی دوای جەنگی ئاوەها شکۆمەند رەنگڕێژی نەکردووە؛ هەستی نەگبەتی و دۆشداماوی کە ئینسانی ئەورووپایی دوای جەنگ لەگەڵ ئاگاداری لەسەر کۆتایی هاتن(finitude) و ساتییەت و چاوەڕوانی ناکۆتا و بێ ئاکامی-هەر بە هەمان شێوەش کە لە تراژێدی-کۆمێدی لە چاوەڕوانی گودۆ دا دەگێڕدرێتەوە- و هەروەهاش بە گەڕانەوەی ئەندێشە و باوەڕی ئاپۆکالیپتیک و کەوتنە داوی لە هێرمنۆتیکێکی زمانی ئاڵۆز دا ئەزموونی دەکات؛ هێرمنۆتیکێک کە دەبوایا بە پێکهات شکێنی خۆی رێگەی دەربازبوونێک بێت لە کێشەکانی مۆدێڕنیتە، هەنووکە خۆی بۆتە سنوور و کەوشەنێکی داخراو و تێک قوچاو! ئاپۆریایەک کەوەکوو بەندیخانەی بێمانای ژیانی ئینسانی پۆست مۆدێڕن و کۆردەرە و بن بەستێکی هەزار توێی بێ ڕامان، بێ پرسیار و بێ ناو دەرکەوتووە، کە نۆستالژیک دەنوێنێت.
تۆ دەڵێی پاڵەوانەکانی بێکت لە ناوەڕاستی خۆڵەمێش و بەرماوەکانی ئەو جەنگە دا سەریان هێنایە دەرەوە؛ بەردەوام چاوەڕوان! نیوە مردوو یان گیانەڵڵا لە ئاپۆریایەک کە رەنگە هێشتاش نەزانن بە چ مانایەک لێکدەدرێتەوە. بەڵام خاڵی هەرە گرینگ ئەوەیە وەکوو ئینسانی کافکایی بە پرسیارگەلێکی بێ وەڵامەوە داماو، سەرگەردان و نوقمەسار نییەن، بەڵکوو وەکوو ئینسانگەلێک کە دەزانن دەبێت لە کایەی ئەم هەڵواسین و هەڵپەسێردراوییەدا بسووڕێن! دەزانن هەموو شتێک بێمانایە، تەواوی راڤەکان، خوێندنەوەکان، پێدراوەکان، وشەکان، حەقیقەتەکان، رەنگە هەموو شتێک هەڵپەسێردراوە نەوەکوو سەرگەردان. ئەگەرچی هەندێ جار وەکوو بێ ئەنجام و دەستەوستان دێنە بەر دیدە، وەکوو لە چاوەڕوانی گودۆ دا بن، بەڵام ئەوەی وا دەگێڕدرێتەوە بێ ئەنجامی و دەستەوستانی نییە، چاوەڕوانییە کە دەبێت بژین، وەکوو کایەیەک کە کایەکار دەزانیت کایەیە، بەڵام هەر دەبێ دووپاتی کاتەوە. ئەوەی نەوتراو و بێناوە دەگووترێت و دەخوێنرێت!
ئێستاکە کوێ؟ ئێستاکە کێ؟ هەنووکە کام کەس؟ پرسیار لێنەکراو. من، بڵێ من. ناباوەڕ. پرسیارەکان، گریمانەکان، ئەوانە ئاوەها بخوێنەوە، درێژە بدە بە رۆییشتن، بە رۆییشتن، بیخوێنەو وەکوو رۆییشتن، بیخوێنەوە وەکوو بڕیار وایە چ بکەم؟ چی دەکەم؟ دەبێت چی بکەم؟ لەدۆخێکدا کە منم چۆن چۆنی بچمە پێشەوە؟ بە ئاپۆریای شاز و ساکار؟ یان بە داکۆکی و حاشاگەلێگ کە هەنووکە بێ بایەخ بوون؟ هەروەها کە هێنرایە سەر زمان یان زووتر یان دێرتر، ئەگینا بە تەواوەتی بێ هیوا، بەڵام بەتەواوەتی هیواداریش. دەبێت بیڵێم پێش لەوەی بچمە پێشترەوە، هەر چەندە بەرەو پێشتر بڕۆم، کە بڵێم ئاپۆریا بێ ئەوەی کە بزانم مانای چی، چاکتر وایە دەست پێ نەکەم. بەڵام من دەبێت دەست پێ بکەم، واتە بڵێم دەبێت درێژە بە رۆیشتن بدەم122. ئەم درێژەدانە لە ئاپۆرییایەکدایە کە مرۆڤ (بە سەخڵەتی تێیدا چەقیوە). لە راستیدا درێژە نەدان و بێ جووڵەییە! ئەمە رێگەی داقوچاوی نێوان لەدایک بوون و نەبوونە! شوێنێک کەنازانێت دەیەوێت چی بکات، یان چی دەکات، یان دەبێت چی بکات، ئاپۆریایەک کە تەنانەت نازانێت بەچ مانایەکە، بیر لەم دەکاتەوە یان لەویان، یان ببڕای بڕ بیری کردۆتەوە؟ یان گوتوویەتی؟ لە راستیدا من هیچم نەگووتووە، قەت قەت. بەڵام چپەیەکم بیست، شتێک بێدەنگی دەڕووشاند123.
ئالێرەدایە کە وادەردەکەوێ کە بیرۆکەکان لە بیرەوەکردن دادەمێنن. یان ئەو جێگایەیە کە(تێڕامان لە بیرکردنەوە) پێویستییە. یان( سەرتاپای ئەندێشە لە سەر نەبوونی خۆی بنیات نراوە.) ئالێرەدایە کە ئاپۆریای هیگل کۆتایی هاتنە لە ناکۆتایی دا، بۆ دریدا، دەق لە هیچی یان بوون لە نەبوون دایە و بۆ دلۆز، مانا لە بێمانایی و لەم رووەوەیە کە کۆنێر کونینگام124 ئاپۆریا بە یەکێک لە بنەما جیددیەکانی ئەندێشەی رۆژئاوایی دەزانێت و ئالێرەیە کە دریدا دەنووسێت: (بەشێوەیەک ئەندێشە مانایەکی نییە) و ژاک لاکان دەنووسێت: (تەواوی ئەو شتەی وا هەیە هەموو لە نەبوونی بوون دەژی)125. لێرەدا ئەندێشەی “هیچی” دەبێت بە بنەمای بوون. ژان پۆل سارتێر و ژاک لاکان لەم بارەیەوە لێک نێزیک دەکەونەوە- لە فەلسەفەی بوون و هیچی یان لە بۆشایی(void) ئەمری واقیع(the real) کە لاکان وەکوو کۆڵەکەی بیرۆکەی خۆی دادەنێت. ئەگەر لە تیۆرەی فرۆید دا ئینسان بەرەو مەرگ هەڵدەنیشت(driven) لە تیۆرەی ژاک لاکان دا ئینسان لە سۆنگەی مەرگەوە هەڵدەنرا. لە راستیدا ئیشتیا و تامەزۆر بۆ مەرگ جێگۆڕکێی پێکراوە126. موریس بلانشۆش دەنووسێت: (کارەسات ئاگادار و چاودێری هەموو شتەکانە)127 بۆ هایدگێریش گوترا کە دازاین بە(بەرەو مەرگ بوون) مانای وەرگرتووەە. هانس-گئۆرگ گادامێر لە وتووێژێکدا لەبارەی (هاوکێشەی نەرێنی ئەندێشەی رۆژئاوایی بە نیسبەت پرسیاری بوون و بە تایبەتی پرسیارگەلێک لە بارەی مانای ژیان و رازی مەرگ) دەڵێت: ئەوەی وا لەبارەی هایدگێرەوە سەرەنجی منی راکێشا بیرکردنەوەی دووبارە لەمەڕ میتافیزیکەوە بوو، لە راستیدا بە شێوەیەک کە پرسیاری بوون (هستی) و لەگەڵیدا پرسیاری زەمان و کۆتایی هاتن(Finitude) بوو بە بابەتی ئەندێشەی ئەو. بەڵام ئەگەر بمانەوێت، ئەوا ئێمە فەلسەفەی کۆتایی هاتنمان هەیە و هاوکات فەلسەفەی ساتییەت(temporality)128.
کۆتایی هاتن نە تەنها لە فەلسەفەی هایدگێر و گادامێر، بەڵکوو لە فەلسەفەی دریدا، لویناس و هەندێکی تر لە فەیلەسووفانی ئەورووپایی غەیری ئینگلیزی زمانی نیوەی دووهەمی سەدەی بیست، کە زۆرتر رەنگە لە ئاڵمان و فەرانسەدا بووبن، جێگە و پێگەیەکی بەربڵاوی وەرگرت. هەڵبەت دەبێت نووسەران و رەخنەگرانی رووبەری ئەدەبیات و بیرۆکەی کولتووریش زیاد بکەینە سەر ئەم گرووپە؛ ئەو نووسەرانەی کە لە هەردوو قاڕەی ئەورووپا و ئامریکا دا چالاک بوون. رابێرت یانگ گرووپێکیتر لە دانەرانی(مولف) پۆست مۆدێڕنیتە بە شێوازێکی دی پۆڵین بەندی دەکات و پەیوەستیان دەکات بە جەنگێکی دیکەوە. ئەگەر بە مانایەک(پۆست پێکهاتە تەوەری) بەرهەم هاتووی ساتێکی مێژوویی تاقانەیە، کەواتە ئەو ساتە مانگی مەی 1968 نییە، بەڵکوو جەنگی سەربەخۆیی ئەلجەزیرەیە لەو پێوەندییەدا، ئەوەی کە سارتر، ئالتووسێر، دریدا و لیوتار و ئەوانیتر هەموو یان لە ئەلجەزیرەدا لە دایک بوون و یان وەکوو تاک دەستەویەخەی رووداوەکانی ئەوێ بوون، گرنگایەتی هەیە.
ئەگەر تەنانەت بیرۆکە و باوەڕی رابێرت یانگمان لەبارەی ئەم دانەرانە و جەنگی سەربەخۆیی ئەلجەزیرەوە پێ بەرتەسک بێت و واهەست بکەین تەنگمان پێهەڵدەچنێت، بەڵام دەتوانین زۆرێک لە بیردۆزانی رووبەری کولتوور، ئەدەبیات و فەلسەفەی ئەم قۆناغە بە خاوەنی تایبەتمەندییەکی هاوبەش بزانین کە زۆرتر یان لە شوێنگەی چالاکی و ژیانی خۆیان غەوارە و (نامۆ) بوون، یان لانیکەم خۆماڵ و خانەخوێی ئەو کۆمەڵگایەی نەبوون وا تێیدا دەژیان؛ لە کامۆ، بێکت، یۆنسکۆ، ئارباڵەوە تا دەگاتە ئیدوارد سەعید، هۆمی بابا، ئیهاب حەسەن، سپیواک، کریستیوا. هەندێکیش بە هۆی تایبەتمەندییە تاکییەکانی خۆیانەوە بەردەوام بەم هەستەی غەوارەیی و تاراوگەییەوە دەژیان، وەکوو ئادۆرنۆ، فۆکۆ، ژێنە و هێلن سیزۆ(Helen cixous) کە منداڵی خۆی وەکوو کچێکی جوولەکەی فەرانسەوی لە ئەلجەزایر رابووارد، بوون لە سەرزەمین و کۆمەڵگای بێگانە و نامۆدا بە (چاولێنەکردن لەپێگەی مرۆڤێ دا) هاوسەنگ دەزانێت و هەروەها ئاماژە(بە سیحری دیالیکتیکێکی رووخێنەر) دەدات کە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی رۆژئاوا بە رەت کردن، وەلانان و یان بە کۆیلەکردنی ئەوەی نامۆ(strange) دەنوێنێت، دوو رەگەز بەدی دێنن و دابەشی دەکەن: (خودایان و عەبدەکان)129 و بەم هەستە کۆیلەئاوییەیە کە ئەم نامۆ و غەریبەیە ژیانی خۆی دەئەزمووێت و بەم پێیەش لە چەقی ئەو گێڕانەوەیەشدا دیسانەوە مەترسی حاشالێکردن، لەکیس دانی شوناس و لەناو چوون و نەدیتن، هیچ بوون و بێمانبوونی دەکەوێتە بەر، کە هاوڕێیە لەگەڵ هەستی عەبدایەتی و کۆیلایەتی و سەرکوتکاریدا؛ ئەو هەستەی کەوا دەتوانێت لە هەر کۆمەڵگایەکی سەرکوت کراو دا روو بدات. چەوساندنەوە، رەگەزپەرەستی، پاوان خوازی، هەڵاواردن و جەنگ و هەر جۆرە کارەساتێکی دیکەی لەم شێوازە دەتوانێت بە مەرجی هەبوونی ئاگاداری، دواوێستگەی خۆی لە هەستی کۆتایی، پووچی و مەرگ دا ببینێتەوە.
چەمکگەلێک کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بە زاڵ بوون و سەرکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ماشین بەسەر ژیانی مۆدێڕن دا بەرەبەرە گەییشتنە سەدەی بیستەم و لە سەردەمانی دوای جەنگ و دوای کۆلۆنیالیزم دا(Post-colonial) بە خێرایی گەشەیان سەند. بەم پێیە چ شاڵاوی ئەم چەمکانە بە سەر کولتووری رۆژئاوا بە هۆی زاڵێتی تەکنۆلۆژیاوە بۆ سەر ژیانی مۆدێڕن و خێرایی کات لە مۆدێڕنیتە دا بێت و چ بە هۆی ئامادەیی ئەم بیرمەندە غەوارانەوە بێت، و چ بە هۆی دۆخی جەنگ و قەیران، کە من بە باشی دەزانم بە دۆخی کارەساتئامێز ناوزەدی بکەم- دۆخێک کە بۆنموونە رۆژهەڵات بۆ ماوەی چەند سەدە دوای هێرشی مەغۆل و تەیموور ئەزموونیان کردبوو؛ ئەو دۆخەی کە تەنانەت تاکەکان لە سەرزەمین و نیشتمانی چەوسێنراو و پاوانکراویان دەشێت نامۆ بنوێنن و بەردەوام لە کەش و هەوایەکی نائەمن و مەرگەساتدا هەناسە بکێشن، واتێدەگەی کە کارەسات هەر رۆژ بۆیان دووپات دەبێتەوە! هەموو هێز و وزەی ژیانیان بۆ بەرگری خۆیان لە ئاستی مەرگ تەرخان دەکرێت، بێ ئەوەی شتێک بۆ خودی ژیان و چێژخواستن لە ژیان بەکار بهێنرێت. یان ئەگەریش دەکار دەکرا تەنها بۆ خوارترین و نزمترین ئاتاجی و پێویستییەکانی ژیان بوو. دەقاودەق وەکوو ئەو ئینسانانەی وا لە ژێری هێڵی هەژاریدان و ئەگەرێک بۆ گەشەی ئەندێشە و تایبەتمەندییە ئینسانییەکانی خۆیان نیە لە بەردەستیاندا، بۆیە بە ناچاری تەنها بیر لە ئەگەری کۆتایی، پووچی، نەمان، و لاڕێ و مەرگ دەکەنەوە؛ مەرگی خود و مەرگی ئەویدی و هەر رۆژیان دونیا ئاخرییەکە! داهاتوویەکیان نییە، مەگەر ئاپۆکالیپس.
بۆیە، پووچی لاڕێیی و لەخشتەچوون، نەمان، نەبوون، بێمانایی، بۆشایی و هیچی لە بوونی دەستنەرۆییشتووانەی هزرو ئاوەزەوە بۆ زاڵ بوون بەسەر پرسگەلی(بوون ناسی)(ontological) و (وجوود ناسی)(existential)، بە ناچاری هەستی کۆتایی بوون(Ending) یان کۆتایی تەوەری و پرسی کۆتایی هاتن(Finitude) و ئاپۆریای کۆتایی، نابیرمەندی و نێروانا دەدۆزێتەوە کە هەموویان پێوندییەکی تووندوتۆڵیان بە چەمکی مەرگ و نەمانە(non-being) وە هەیە؛ چەمکگەلێک کە دەگاتە سەر هەواری مەرگی من، مەرگی ئەویدی و دواتر مەرگی هەموو و نەمانی تەواوی جیهان و ئاپۆکالیپس، ئەو چەمکە کە رەنگە کەونینەترین لانکە و جوێنگ(لە جواندنەوە هاتووە، بەواتای بێشکەیە لە بنەڕەت دا،و) ەی شارستانییەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووبێت. لە رۆژئاواشدا بە هاتنی مەسیحییەت و چەمکی بابەتی مەسیحایی(Messianism)_کە لە کۆتایی کتێبی وەدەرخستن(مکاشفە) دا هاتووە- بوونێکی بەرچاو و زۆپی هەبووە. لە راستیدا ئاپۆکالیپس، میسیانیسم و کۆتایی هەزارە(Millennialism) لە کولتووری رۆژئاوا دا بەیەک مانا دەکار دەکرێن130.
ئەگەرچی بەرەبەرە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە-بە هەمان شێوە کە پێشتر ئاماژەمان پێدا- کۆتایی هاتن، هەستی دواهاتن و ئاپۆکالیپس لە کوولتووری مۆدێرنیتەدا بەرهەمهاتۆتەوە و لە ئەدەبیاتی چیرۆکی دا، وەکوو داستایۆفسکی دەتوانین شوێن پێی بگرین، بەتایبەتی تر لە بەرهەمەکانی نیچە دا لە کتێبی “ئاوەهای گووت زەردەشت” و تاکوو “ئاوابوونی بوتەکان” یان “دەجال”(Antichrist) هەر لەسەری بڕۆین، بەڵام تەشق و ترۆپکی بەرهەمهێنانەوەی ئەم وتەزایانە لە ساڵەکانی دوای جەنگی جیهانی دووهەمە و لە نووسراوەی کەسانێکی وەکوو بێکت و پۆل ئێستر و لە سینەمای سینەماکارانێکی وەکوو فێلینی و بێرگمان و تارکۆفسکی پرس و بابەتی چاوەڕوانی، مەرگ و ئاپۆکالیپس بەردەوام بوونێکی نکووڵی لێنەکراو و حاشاهەڵنەگری بووە، بە رادەیەک کە ئەو خاڵەی کە پۆست مۆدێڕنیتە، درێژەی پرۆژەی مۆدێرنیتەیە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بوونی مەرگ و دووبارە دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانی لە پۆست مۆدێڕنیتە دا، روخسارێکی نێزیک لە سەردەمی کڵێسا دەداتە کولتووری رۆژئاوا، و یان وەکوو کولتوورەکانی رۆژهەڵات و بە تایبەتی تر ئەوەی وا لە بودیسم، هیندوئیزم، تائۆئیزم، جێنیزم و عیرفان و سۆفیگەری و تەنانەت لە ئایینی زەردەشت و مەزهەبە سامییەکانیشدا پێی داکووتاوە و خۆی پێوەدەناسێت. بە هەبوونی بەربڵاوی بودیسمی رۆژئاوایی، تائۆیسمی رۆژئاوایی و سەرەنج و بایەخێک کە کۆمەڵانی خەڵک لە سەدەی بیستەم دایانە بودیسم و کولتوورە رۆژهەڵاتییەکان، و کاریگەری وەرگرتنی ئەندێشە پۆست مۆدێڕنەکان لەم کوولتوورانە، پێشبینیەکەی شووپێنهاور لە سەدەی نۆزدە دێتەوە یاد کە دەیگووت، ئەقڵی سەرمەدی رەگەزی مرۆڤ بە ئەو شتەی کە لە گالیلە دا رووی دا جێگۆڕکێ و ئاڵووگۆڕ ناکرێت، بە پێچەوانەوە ئەمە فەلسەفەی هیندییە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەورووپا. گۆڕانی بنەمایی لە شێوازی بیرکردنەوەی بیرمەند و زانستوانەکانی رۆژئاوادا هاتە گۆڕێ.
لە راستیدا کاتێک فرۆید لە(ئەوپەڕی ئەسڵی چێژ) دا بەدواداچوونی لەسەر بۆدا و نێروانا کرد و ئەسڵی چێژ-بێ چێژی(pleasure-unpleasure) هاوسان و هاوتا لە گەڵ نێروانا زانی و ئەوەیشی بە خواستی زاڵی زەینی بۆ دابەزاندن یان لەناوبردنی ململانێ و کێشە دەروونییەکان دا لە قەڵەم131 ، رەنگە یەکەمین گەڕانەوە بێت بۆ بودیسم لە نووسراوەی زانستی رۆژئاوادا. بەڵام ئەو ئەسڵی نێروانای نە لە بودا، بەڵکوو لەباربارا لۆڤ(Barbara Low) وەرگرتبوو. لە راستیدا ئەمە یۆنگ بوو کە لە 1929 ەوە تاکوو1944 بە شێوەیەکی بەربڵاو و قووڵ دەستی دایە تۆژینەوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی بودیسم و هندوئیسم و ئایینە رۆژهەڵاتییەکان. لە سەروبەندی ئەو ساڵانەدا سەرەنجی باقی رۆژئاواییەکان راکێشرا بەرەو رۆژهەڵات. والتێر بنیامین لە وتاری(سووررئالیسم) رووبەرووبوونەوەی خۆی لەگەڵ لامەیەکی تەبەتی دەگێڕێتەوە و دەڵێت کە ساتێکی سووررئالی گرینگە بۆی، لێوانلێوە لە ئیمکان و ئەگەری ئەفسووناوی. بەڵام ئەمانە ئاماژەگەلێکی کورت و تێپەڕن. کارتێکەرترین دانەر و نووسەر لەم بوارەدا یۆنگە کە رێگە بۆ ناسینی ئەم کولتوورانە دەکاتەوە. لە وتاری(یۆگا و رۆژئاوا)1936 دا دەڵێت کە رۆژئاوا کەمتر لە نیو سەدەیە کە لەگەڵ یۆگا دا ئاشنایەتی هەیە (یانی رەنگە لە هەمان سەردەمانێک کە شووپێنهاور راکێشراو و سەرسامی کولتوورە رۆژهەڵاتییەکان بووە). ئەگەرچی یۆنگ پێی وایە کە یۆگای رۆژئاوایی هیچ وێکچوونێکی لە گەڵ یۆگای راستەقینەدا نییە132. (یۆگا لە می فێریا شەقامی پێنجەم، یان لە هەر شوێنێکیتر دیکە تەلەفۆنی هەیە، زڕمانەوییەتە؛”معنویتی جعلیست”). قسەی ئەو لە راستیدا ئاگادارکردنەوەیەک بوو بۆ رۆژئاواییەکان کە نەوەکوو ئەندێشە مەعنەوییەکانی رۆژهەڵات بە رووکەشانەوە وەربگرن و بە توێکڵیانەوە بگیرسێنەوە133.
هەنووکە رۆژئاواییەکان بە شێوەیەکی بەرین روو دەکەنە رێبازی بودیسم، لە شەستەکان بەم لاوە کە شەپۆلی هیپیزم سەری هەڵدا و رێگای تەبەتی گرتە بەر، تائێستاکە زۆرێک لە رۆژئاواییان روویان هێناوەتە بودیسم. لە راستیدا دەڵێن کە بودیسم یەکێک لەو ئایینانەیە کە لە ئەمریکای باکوور، ئەورووپا و ئووسترالیا خێراترین گەشە و پەرەی بەخۆوە بینیوە134. هەندێک هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە ئایینێکی بێ خودایە و یان هەر بە تەنها رێچکە و رێبازێکە. بەڵام لە سەردەمی یۆنگەوە تا ئێستاکە هۆکاری سەرەکی بەوە دەزانرێت کە مرۆڤی رۆژئاوایی سیخناخ لە قەیران و کێشە و گرێ و گۆڵ لە ژیانی ماشینی، بتوانێت لەرێگەی یۆگا و قووڵبوونەوە(meditation) بگاتە سوکنایی و هێمنی و حەجمان. بۆیە لە سەرەتا دا بە یۆگا لە بووداوە نێزیک دەبێتەوە تاکوو نێروانا و ناهزرمەندی ئەزموون کات کە بۆ ئینسانی دیکارتی پشت ئەستوور بە ئەقڵ، رەنگە ئامانج کوژی بێت! بەڵام بە هەر حاڵ حاڵەتی نابیرمەندی نێروانا هاوڕێ لەگەڵ کێشەکوژییەکەی، دەتوانێت ئینسانی مۆدێڕنیتە نێزیک بکاتەوە لە زۆرێک لە چەمکەکانی پۆست مۆدێڕنیتە.
رەنگە سەدەهایە کە هەندێک لە بوداییەکان، ئووستوورەیەکیان لا قەبووڵە کە لە راستیدا پێشبینی گاڵتەبێژییەکی هیندییە لە سەدەی هەشتەمی زاییندا. کە گوایە سەردەمێک کە هەڵۆی ئاسنین باڵ دەگرێت و ئەسپەکان گارییەکان کێش دەکەن، خەڵکی تەبەت لە سەر هەموو زەویدا بڵاو دەبنەوە و دارما بەرەو سەرزەمینی خەڵکانی سوور مل دەنێت.(مەبەست لە خەڵکانی سوور هەمان خەڵکی رۆژئاوایە کە خاوەنی پێستی ئاڵن و هەڵۆی ئاسنینیش بە فڕۆکە لێکدەدرێتەوە.)
بەهەر حاڵ چ لە سۆنگەی ئەم ئەفسانەیەوە، گەشەسەندنی بودیسم و تائۆیسم لە رۆژئاوادا، گرێدراو و پەیوەستی قەدەرێکی مێژوویی رازئامێز بزانین و چ بە سەرەنجدان بە پێشبینیەکەی شووپێنهاور لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەم سەرهەڵدان و پەرەپێدانە وەکوو بەرئەنجامی پێویستیەکی فەلسەفی لە پرۆسێسی گۆڕان و دۆخ گۆڕی لە ئەندێشەی رۆژئاوا دا بزانین و یان پەرچەکردارێک بۆ پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان و پیشەیی بوونی ژیانی رۆژئاوایی لە قەڵەم بدەین، راستییەکەی ئەمەیە کە ئەندێشەی رۆژئاواییەکان چ لە رێگای یۆگا و رزگاربوون لە گرێ و گۆڵ و چ لە رۆچنەی نێروانا و قووتاربوون لە ئەندێشەوە، یان هەوار هەڵدان لە سەرزەمینی بۆشایی رزگارکەر و بابەتی ناهزرمەند! و چ راستەوخۆ پێڕەوکردنی ئەندێشەی کۆتایی و مەرگ، بە رێگایەک دا دەڕوات کە لە 25 ساڵی رابردوودا خەڵکانی رۆژهەڵات پێیدا رۆیشتوون و شێوەی ژیان و تێڕوانینی خۆیان بۆ ئینسان و جیهان لەسەری بنیات ناوە، بەڵام ئەمە رێگایەکە کە بودا بە ئاگاداری لەسەر رەنج و مەرگی ئینسان پێی تێ ناوە و رۆشنگەری لە رێبازی خۆیدا بە ئامادەبوونی مەرگ و مردن بە شیاو و مومکین زانی. لەم رووەوە کە نیگا و روانینی ئینسانی پۆست مۆدێڕن ئەگەر وەکوو نیگای بوودا بۆ کۆتایی و مەرگ لە لایەک و بابەتی ناهزرمەند و پرسیاربێز لە لایەکی دیکەوە بوونی هەبێت، لەگەڵ روانگەی ئینسانی مۆدێڕن کە نوقمی ژیان و ئەندێشە و ئایندە و زانستی پرسیارتەوەر بووە، مەودایەکی زۆر و زەوەندی هەیە.
لەراستیدا ئەم لایەنە لە پۆست مۆدێڕنیتە کە هەندێكجار بەشی سەرەکی و بنەمایی پێک دێنێت، هەروەها کە پێشتریش ئاماژەی پێدرا، نەدرێژەی پرۆژەی مۆدێڕنیتەیە و نە رەخنە لێگرتنیەتی، بەڵکوو گۆڕانی رادیکاڵ و بنەمایی پرەنسیپ و ئامانجەکانێتی! ئینسانی مۆدێڕن ناتوانێت لەسەر بنەمای بابەتی ناهزرمەند و پرسیاربێز پێناسە بکرێت و یان بە داکۆکی کردن لەسەر بێمانایی و بێهوودەیی ئەندێشە، مانایەک بۆ خۆی و جیهان شک ببات و ببینێتەوە، یان ناشکرێت بە ناسازڕێژی(paradox) یان (دژواز)ی هێرمنۆتیکی زمانێک کە ئامێری ئەم ئەندێشە بێمانایەیە و ئیشتیایەک(desire) کە بەتاڵی و بۆشایی(void) کردۆتە چەمک و دواتر سووژەیەک کە خۆی بۆش و بەتاڵە، بگەینە فام و درکێکی ئەوتۆی ئینسانی. ئیسلاوی ژیژک فەیلەسووفی دەروون ناس کە دەیەوێت دەروون ناسی بۆشایی-تەوەری ژاک لاکان لە فەلسەفەی ماتریالیسمی مارکس موتوربە بکات، ناوکۆی هاوبەشی سیستەمی ئەندێشەی لاکان و هزری بودایی چاو لێ ناکات. کاتێک لە کتێبەکەی خۆیدا سەبارەت بە لایەنی هێرشبەرانەی کوولتووری ئاسیایی لە ئەورووپادا دێتە ئاخافتن، دەڵێت: بۆیە دوا خاڵی پێکەنیناوی و ئایرۆنیکی پۆست مۆدێڕن، ئاڵووێرێکی سەیر لەنێوان ئەورووپا و ئاسیادایە: لە هەمان ساتدا کە لە ئاستی(ژێرخانی ئابووری)دا، تەکنۆلۆژیا و کاپیتالیسمی ئەورووپایی لە چوارقوڕنەی جیهان سەرکەوتنی بەخۆوە دیت، لە ئاستی (سەرخانی ئایدۆلۆژیک) دا ئاسەواری جوولەکە-مەسیحی لە خودی ناخی ئەورووپا دا لە لایەن هێرشی ئەندێشەی (ئاسیاییەوە) مەترسی کەوتۆتە سەر کە لە قەوارەگەلی جیاواز و رەنگاڵەیی جۆراوجۆر، لە بودیسمی رۆژئاواییەوە بگرە تا دەگاتە چەشنە جیاوازەکانی تائۆئیسم، خۆی وەکوو ئایدۆلۆژیای زاڵ(hegemonic) سەرمایەداری جیهانیی بونیات دەنێت135.
ئەو ئەم هێرشەی بودیسم بۆ سەر کولتووری رۆژئاوایی و یان قبووڵکردنی لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە وەکوو بەرئەنجام و ئاکامی دیاردەیەکی لەچەشن و هاوشێوەی(شۆکی ئایندە) و نەتوانین و بێدەربەستی خەڵک بۆ هاوتەریب بوون و هاوئاهەنگ بوون لە گەڵ خێرایی گەشەی تەکنۆلۆژیا و گۆڕانکارییەکانی دەزانێت؛ (شتەکان بە سانایی خێرایەکی زۆریان هەیە) و( پیلان داڕێژی مەعریفی) مومکین نییە و ناکرێت. بۆیە بودیسم و تائۆئیسم رێگەهەڵاتنێکە بۆ رزگاربوون لە کێشە و پێکدادانەکانی خێرایی ژیانی بەرهەم هێنەرانە و داهێنەرانە. ژیژک تەنانەت پێشنیار دەکات کە ئەگەر ماکس وبێر زیندوو بایە، کتێبێکی پاشکۆی کتێبی ئاکاری پرۆتێستان بە ناوی(ئاکاری تائۆئیست و رۆحییەتی جیهانی سەرمایەداری) دەنووسی! و لەوێوە بەم دەرئەنجامگیرییە دەگەیەت کە بودیسمی رۆژئاوایی بە تەواوەتی لەسەر شێوەی فیتیشیستی(fetishist) ئایدۆلۆژی سەردەمی(پۆست ئایدۆلۆژی) قاییمە و لە راستیدا(درۆیەکی ئایدۆلۆژیکە) کە وا هەڵگۆستە و خوێندنەوەی ئێمە بۆ واقیع شکڵ دەدات136.
هەڵبەت لایەنگەلی جۆراوجۆری ئەم کولتوورە ئاسیاییە، هەروەها کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، لەگەڵ هەڵسانەوە و خێزانەوەی ژیانی ئاپۆکالیپس و مەسیحی تەوەری(messianism) کە بەشی بنەمایی ئاسەواری جوولەکە-مەسیحی رۆژئاوایە، تەبا و هاونەوایە. لەو بیرمەندانەی کە لەم رێڕەوە دا بیروڕاکانی خۆیان دەربڕیوە، یەکێکیان ژاک دریدایە کە(پێکهات شکێنی) خۆی بە بابەت و ئەمرێکی (مەسیحایی) دەزانێت و لە ژێرکاریگەری والتێر بنیامین لە ئەمری مەسیحایی بە بێ مەسیح تەوەری137 دەدوا و دەڵێت کە هاوتای هەمان(دەسەڵاتی مەسیحایی لاوازە) کە ئەو هەوڵی دەدا لەگەڵ ماتریالیسمی مێژوویی پێوەندی بدا و دەیگووت کە دەبێت روانین و نیگایەکی مەسیحانەمان هەبێت بۆ بەرە و جیلی ئێستاکە138! دریدا دەڵێت ئەمری مەسیحایی(پێکهاتەیەکی ساوکەیی)(ساختار تجربی) انەیە کە پێکهاتێکی جیهانگیرە(universal structhre) و دەشێت بە (پێکهات شکێنی) بێتەئاراوە و لەراستیدا پێکهات شکێنی بابەتێکی مەسیحییانەیە139. بەم شێوەیەیە کە فەلسەفەی کۆتایی خوازی(finitude) هایدگر، لکان، گادامر، لڤیناس و دریدا هاوڕێ لەگەڵ سام و هەراس لە نابوودی و لەناوچوونی ئەتۆمی لە جەنگی جیهانی دا، ئەندێشەی ئاخرزەمان(ئاپۆکالیپس) و مەسیح تەوەری کە بنج و بناوانی لە ئایینە رۆژهەڵاتییەکاندایە، هاوڕێ لەگەڵ بودیسم، هیندوئیسم و ئەندێشە عیرفانییەکاندا سەربە ناو دونیای پۆست مۆدێڕنیتەوە دەکات، بەڵام ئەم ئەندێشانە بەرەبەرە دوای شەڕی سارد هۆگران و لایەنگرانی خۆیان تەنانەت لە مابەینی بیرمەندە پۆست مۆدێڕنەکانیشدا لە دەست دەدەن، لەم رووەوەیە کە بودریار لە “فریوسڕینەوەی کۆتایی” رەخنە لە ئەمری مەسیحایی و ئاپۆکالیپس دەگرێت.
هومێدی مەسیحایی لە سەر بنەمای واقیعی ئاپۆکالیپس جێگەی قایم کرا. بەڵام واقیعێکی دووهەم وەکوو بینگ بەنگ دەسپێک بوو. ئێمە نابێت هەرگیز وەها ئیشراقێکی دراماتیک قبووڵ بکەین. تەنانەت ئەندێشەی کۆتایی هێنان بە ئەستێرەی خۆمان بە جەنگێکی ئەتۆمی، بێهوودە و پووچە. ئەگەر بۆ هیچ کەسێک خودا یان ئینسان، مانایەکی نییە، ئەدی بە کەڵکی چی دێت؟ ئاپۆکالیپسی ئێمە راستەقینە نییە بەڵکوو درۆینەیە. لەداهاتوودا نییە بەڵکوو لە ئێستا و هەنووکەدایە. بومبە بازنەییەکانی ئێمە، ئەگەرچی بە مانای کۆتایی سرووشتی نییەن، بەڵام لانیکەم لەلایەن ئێمەوە دروستکراون و بەم گەڵاڵەیەوە کە کۆتایی بە هەموو شتێک بێنن. بەڵام لە راستیدا وا نەبووە: ئەوان درووست کران بۆ ئەوەی کە باشتر وابوو لە کۆتایی قووتارمان بێت. ئێمە ئێستاکە ئەو کۆتاییەمان لە وێنەکانی مانگی دەستکرد دا گونجاندووە، وەکوو هەموو ئەو کۆتایی و دوامەبەستانەی کاتێک ئەوپەڕبینینەوە(transceedent) وە باڵیان بەسەر دا دەکێشێ، ئێستاکە-شاز و سادە-تەوەر دەنوێنن140. بودریار بە لابزەوە چاو لەم فەلسەفەی کۆتاییە دەکات، ئەو کاتەی لە مەبەستی کۆتایی سەدەدا سەرسووڕماوە و دەڵێت: ئێمە ئەومان هەیە، حەراجی سەدە، مێژووی فرۆشراو، هەربەوشێوەیەش کە کۆتایی مێژوو. کۆمۆنیزم فرۆشرا هەر بە هەمان شێوە کە کۆتایی کۆمۆنیزم، تەواوی ئایدۆلۆژییەکانی رۆژئاواش پشتیان بە عەرزێ دا کەوت. هەر هەمووی دەتوانین لە چوار قوڕنەی جیهانەوە بیخەینە مەزاتەوە141.
بەم پێیە دەبینین کە بیرمەندانی پۆست مۆدێڕنیتە لە قبووڵ و پەسندکردنی ئەم گۆڕانکارییانەدا لە بەرە و هێڵێکدا یەک ناگرنەوە و ئەگەرچی لەماوەی چەند دەیەی پێشدا سەرەنجەکان بۆ کوولتووری ئاسیایی و گەڕانەوەی ئاپۆکالیپس و مەسیح تەوەری رۆژ دوای رۆژ زیادی کردووە، بەڵام وادێتە پێش چاو کە دوای شەڕی سارد و بە هاتنە ناو هەزارەی سێیەم و بە تایبەتی دوای رووداوی یازدەی سێپتەمبەر، ئاڵوو گۆڕ و گۆڕانکارییەکان ئاقارێکی دیکەیان گرتۆتە بەر. ئایا بە هێنانەوەی دەستەواژەی (کۆتاییی کۆتایی) لە ئالێن بادیۆوە و خوێندنەوەیەکی جیاواز لەمە دەتوانین بڵێین کە رەنگە لە سەردەمی کۆتایی فەلسەفەی کۆتایی و مەرگ نێزیک بووینەتەوە142؟
سهرچاوه و پهراوێز:
* ئەم وتارە لە گۆڤاری ئەرغەنوونی فارسی کە تایبەتە بە فەلسەفە و لەو ژمارەیەی کە لە ژێر ناوی فایلی مەرگ بڵاو بۆتەوە وەرگیراوە. چاپی یەکەم و دووهەم ١٣٨٨ی هەتاوی، تاران سازمانی چاپ و ئینتشارات ل١١ تا ٦٤
* لە باوەڕی میسرییەکانی کەونارا دا و بە پێی ئووستوورەی ئوزیریس لە کتێبی مردووەکان، ئەو بەشە لە مرۆڤە کە لە دوای مەرگ دەژی و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ناو لەش.
مجلە ارغنون، مرگ، نوشتە محمد صنعتی، درآمدی بەمرگ در اندیشە غرب ص ١تا ٦٤
نووسینی: دوکتور موحەمەد سەنعەتی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: عادڵ قادری