فەیلەسوف و تیۆریستی کۆمەڵایەتی ئەمریکی لویس مۆرگان (1818-1881) لە کتێبی (کۆمەڵگەی کۆن)دا، کە یەکێک بوو لە سەرچاوە گرنگەکانی نووسینەکانی فەیلەسووف فریدریک ئەنگڵس لەسەر خێزان، دەنووسێت: ڕەگەزی مرۆڤ تاکە جۆرە کە دەتوانین بڵێین کۆنترۆڵی ڕەهای بەسەر بەرهەمهێنانی خۆراکدا بەدەستهێناوە. لە سەرەتاوە هیچ بوونەوەرێک یان جۆرێکی تر لەسەر زەوی ئەم کۆنتڕۆڵەی نەبوو. بەبێ فراوانکردنی دەرامەتی بژێوی، مرۆڤایەتی نەیدەتوانی بەسەر ناوچەکانی دیکەدا بڵاوببێتەوە کە هەمان جۆری خۆراکیان نەبوو، دواجاریش بەسەر تەواوی ڕووی زەویدا؛ لە کۆتاییدا، بەبێ کۆنترۆڵی ڕەها بەسەر جۆراوجۆری و بڕی خۆراکدا، مرۆڤایەتی نەیدەتوانی زۆر بێت و ببێتە نەتەوەی چڕ لە ڕووای دانیشتوانەوە. بەم پێیە، ئەگەری ئەوە هەیە کە سەردەمە گەورەکانی پێشکەوتنی مرۆڤ، کەم تا زۆر ڕاستەوخۆ، لەگەڵ فراوانبوونی سەرچاوەکانی بژێویدا دەستنیشانکرابن.
هەر لەسەر ئەم بنەمایە، پەنجەمۆری مرۆڤایەتی و جۆری پێشکەوتنەکانی، گرێدراوی سەرچاوەکانی خۆراک بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییەکی زۆر نالەباری بەسەر دەرامەتە سروشتییەکاندا بەجێهێشتووە. ئەوەتا ئەمڕۆ، بەچاوی خۆمان دەبینین چۆن سەرچاوە سروشتییەکان بەرەو کەمبوونەوە دەڕۆن و میکانیزمە خۆڕسکییەکانی کولتووری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک دەکرێنە قوربانیی کۆمپانیا زەبەلاحەکان. ئەوەی لەڕێگەی داگیرکاری و هێزی سەربازییەوە ئەنجام نادرێت، لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی خۆراکەوە، ئەنجام دەدرێت. زۆر وڵات، تیایاندا ئیراق و هەرێمی کوردستانی خۆمان، ئەگەر بۆ یەک ڕۆژ، سنوورەکانیان دابخرێن، تووشی قەیرانی گەورەی خواردن دەبن.
لە سەردەمی گوندی بێستان سوور-ەوە پێش نزیکەی (1000 هەزار ساڵ) پێش ئێستا، هێزی مانەوەی کۆمەڵگەکانی سەر خاکی کوردستان، گرێدراوی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک بووە. لەهیچ کاتێکدا، ترسی ئەوەیان نەبووە کە ئابڵوقەیەکی ئابووری توشی برسێتییان بکات، هەمووان خاوەن کارو سەلیقەو توانای بەرهەمهێنانی خۆراکی خۆیان بوو. دابەزینی گروپە کۆمەڵایەتییەکان لە چیاو بەرزاییەکانەوەو دەست هەڵگرتن لە ڕاوشکاری و کۆکردنەوەی بەربوومی سروشتییی ڕووەکەکان، بۆ کاری کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی خۆراک لە ناو دۆڵ و مێرگ و دەشتاییەکاندا، گەواهی و هێزی سەرەکییان بووە بۆ مانەوە.
ئەمڕۆ، شتێکی تر لە ئارادایە، تەنانەت گوندی بێستان سوور-یش لە ژێر هەڕەشەی پاشەکشێ و لەناوچووندایە. کۆمەڵگەی کارو بەرهەمهێنان، کرایە قوربانی سیاسەتێکی چەوت و ناڕێک و نا ڕەسەن، کە بەرمیلێک نەوت بە هەزار بەرمیل ئاو ناوگۆڕێتەوە. لە بری وەبەرهێنان لە خاک و ئاو و هەوادا، سیاسەتی کوردی سوپایەکی لە بێکاران لە دەزگاکانی حکومەتدا دروست کرد؛ ئەوەش تەنها بۆ مشەخۆری و ڕازیکردنی دڵی جەماوەرە حزبییەکان. دەرەنجامەکەشی ئەوەیە کە ئەمڕۆ، بەهۆی ئەم سوپا گەورە بێکارەی ناو حکومەت، پارەی مامۆستایانیشی پێ نادرێت. با باسی تەمەڵ و تەوەزکردنی کۆمەڵگا لەلاوە بوەستێت کە باجەکەی گرانەو گرنتریش دەبێت.
وێنە: گوندی بێستان سوور لە کاتی کارکردنی تیمە شوێنەوارناسەکان