پێش ئەوەی دەست بدەینە بەر ڕوانبینی “ئارێنت” بۆ ڕۆڵی هۆشیاری و کردەی تاک لەبەرامبەر سیاسەت و کۆمەڵگەدا، گرنگە شیکەرەوەیەکی پێشوەختە بۆ چەمکیبیرکردنەوە” یان “تێفکرین” بدەین. لەڕاستیدا، چەمکی بیرکردنەوە، یەکێکە لەو چەمکانەی گۆڕانکارییەکی ئێجگار گەورەی بەخۆیەوە دیوە لەدرێژەی گەشتکردنی بەناو سەردەمەکاندا. ئەگەر حوکمدانمان لەسەر ئەوەی کە خاڵی کۆتایی لەبەردەم ئەو ئاڕاستەیەی وەری گرتووە بەرە و ڕێرەوێکی نەرێنیمان دەبات لەبری ئەرێنیانە، ئەوە هەڵە ناکەین. بە هاتنی سەردەمی مۆدێرنیتە و سەرهەڵدانی سۆشیاڵ و داهێنان و بەرەوپێشچون و هێنانەکایەی کۆمەڵە سیستمێکی نوێ، هەموو ئەمانە بیرکردنەوەی تاکیان بەرەو ئاقارێکی دیکە برد. دواجار وای لێهات بیرکردنەوە چیدی لەپێناو بیرکردنەوە، لەپێناو تێفکرین و زانین نەبێت. بەڵکو خێرایی تێپەڕبونی کات لەبەرامبەر ژمارەیەکی ئێجگار زۆری زانیارییەکان، و سەرقاڵبونی وەهمی مرۆڤەکان و هاتنە ئارا و گرنگیدان بە دانپیانان و خۆدەرخستن، بوونە هۆی بنیاتنان و دانەپاڵی چەمکێکی نوێ بەرامبەر چەمکی بیرکردنەوە کە ئەویش “وەهمی بیرکردنەوە”یە. هەروەک نووسەری فەڕەنسی سەدەی نۆزدە “گۆستاف فلۆبێر”، ڕوانینێکی نەرێنیانیەی بەرامبەر بە ماس میدیا و بڵاوبونەوەی زانیاری لەسەردەمی مۆدێرنیتەدا هەبوو، کە دەڵێت “هەموو ئەم زانیاریانە بەڕێگایەک دەگەیەنن کە دەبێتە هۆی درووست بونی وەهمی تێگەیشتن لەلای خوێنەر، بەجۆرێک بەشێوازێکی ڕۆتینی ڕووبەروی زانین و ڕووداوە جیهانیەکان دەبنەوە، تەنانەت زۆر کات بەبێ ئەوەی پێویستت بەوەش هەبێت کە بیانزانی. ئەمەش ئاڵۆزیەک بەرامبەر بە زانیاریە پێویست و ناپێویستەکان دروست دەکات، تەنانەت زۆر کات وادەکات بە سادەییەوە بەرامبەر پێویستیەکانیش بڕوانین.”
بۆ “ئارێنت”، چرکەساتی بوون یاخود بنەمای بوونمان دەبەستێتەوە بە بەرهەمی بیرکردنەوە. بەتایبەت لەدوای ئەو ڕەخنە گەورەیەی بەرامبەر بە مۆدێرنیتە هەیەتی، هانمان ئەیات بۆ گەڕانەوە بەرەو ڕابردوو، کە بە تێفکرین و سەرنجدانێکی ڕەخنەگرانە لەسەری دەتوانێت بەرەو کرانەوەی کۆمەڵێک دەرگا بمانبات. هەروەک لە کتێبی لەنێوان ڕابردوو بۆ داهاتوو دەڵێت: ” لەدوای دابڕانێکی ئاگایی بەرامبەر بە مۆدێرنیتە، ڕابردوو دەتوانێت بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو بەڕووی ئێمەدا بکرێتەوە و کۆمەڵێک شت بە ئێمە ببەخشێت کە تاوەکوو ئێستا گوێبیستی ئەوانە نەبووین.”
سەرنجی “ئارێنت” لەسەر کردە و مامەڵەی مرۆڤەکانە، کە مامەڵەکردنیش بیرکردنەوە و تێڕامانی پێویستە. هەروەک لە کتێبەکەی “ڤیتا ئەکتیڤا” (١) دەگاتە ئەو پرسیارەی کە ئایا مرۆڤ سهرقاڵی كار و بهرههمهێنان بێت وهك دروستكردن و ژیانی پڕاكتیكی یاخود سهرقاڵ بێت به وردبوونهوه و تێڕامان و بیركردنهوه له ژیان؟ دواتر لە دۆخی مرۆیدا سەرنجەکانی زیاتر لەسەر کردە چڕدەکاتەوە و ژیانی تەرخانکراو بۆ کردە لەڕێگەی سێ چالاکیەوە شیدەکاتەوە، کە ئەویش ڕەنج و کار و کردەیە.(٢) لەم ڕێیەوە مرۆڤ دەخاتە پلەیەکی بەرزتر لە سرووشت، کردە بەیارمەتی وتە وەک ئاشکراکردنی شوناسی بکەر و بێهاوتایی خۆیان دەردەخەن. نە ڕەنج و نە کار هیچیان ناتوانن تاکەکان والێبکەن شوناسی خۆیان ئاشکرا بکەن. واتە تەنها لەڕێی کردەوەکانمان دەتوانین بگەینە بەردەم ئاشکراکردنی کێ بونمانەوە و بەرکەوتەکردنی ئەو پرسیارەی “من کێم؟” لە سرووشتی ئاژەڵ بوون جیاماندەکاتەوە و مرۆڤ دەگەیەنەتە پلەی مرۆڤایەتی.
“ئارێنت” لەم واقعیەتیەوە جەخت لەوە دەکاتەوە،” کردە وەک دەست پێکردن کە ڕەگی لە لە دایکبووندایە، هێنانەدی ئازادییە، چونکە شتێک دێنێتە بوون کە بەتەواوی چاوەڕوان نەکراوە. ئەمەش تایبەتمەندیە سەرسوڕهێنەرەکەی نێو هەموو دەست پێکردنێکە، بەوەی مرۆڤ دەتوانێت کارێک ئەنجام بدات کە چاوەڕوان نەکراوە، لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤێک تاقانەیە و لەئەنجامدا لەڕێی هەر لەدایک بوونێکەوە شتێکی تازەی تاقانە دەهێنێتە جیهانەوە. بەم شێوەیە لەدایکبوونی هەموو کەسێک مژدە بەخشی سەرەتایەکی نوێیە؛ کردە نواندن بەواتای ئاشکراکردنی خودێتێ خود و ئەنجامدانی کارە چاوەڕوان نەکراوەکانە.”
زۆر جار ڕۆڵی “مرۆڤ بوون” لەلام پرسیار ئەبوو، ئایا بازنەی تەواوکردنی خوێندن و وەرگرتنی کار و پێکهێنانی خێزانێک بەڕاستی ئەرکە یاخود بازنەیەکی سرووشتیە و تەنها بەدەوری دەسوڕێینەوە؟ دواتر بە سەرنجدان و خوێندنەوەی تیۆری ڕەنج و کار و کردەی ئارێنتەوە، دەرکەوت هەموو ئەم چالاکییانە کە لەم بازنە سرووشتیە دەسوڕێنەوە دەکەوێتە چوارچێوەی “بوون”ەوە نەک “مرۆڤ بوون”. بەو واتایەی سوڕانەوەی مرۆڤ بەدەوری ئەم بازنەیە تەنها شتێکی سرووشتیە و هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ زیندەوەرەکانی دیکەدا. دواجار هەموو بوونێک بەدەوری ئەم بازنەیە دەخولێتەوە، بەڵام خاڵی جیاکەرەوە لە تێڕامان و بیرکردنەوەیە کە دەست بەرەو مامەڵە و کردە، وشە و گفتوگۆکان، تا ئەگاتە ئازادی و ڕۆڵی تاک لە کۆمەڵگە و سیاسەتیشدا. “ئارێنت” دەڵێێت “ئەم جیهانە بوارێکە بۆ ئازادی و یەکسانی نەک مەیدانێک بۆ توندوتیژی و خۆسەپاندن و ستەمگەری، پانتاییەکە بیرۆکە و گفتوگۆکان بەشێوەیکی گشتی تێیدا دەخرێنە ڕوو، بەو واتایەی چەندە بەشداربوان زیاتر بن، ئەوەندە هزری ڕەخنەکاری زیاتر دەبێت و ڕووبەری ئاڵوگۆڕ و گۆڕینەوی بیرۆکە و ڕاوبۆچونکان فراوانتر دەبێت.”
پاشان دەتوانین بەرەو سوبێکتێکی بیرنەکەرەوە دەست ڕابکێشین، کە ئارێنت ئەم کەسانەی بە باشترین قوربانی بۆ سیستمی تۆتالیتاری داناوە. لە نمونەی ئەوە “سوبێکتی ئایشمانە” ئەو تاکەی بیرناکاتەوە بەڵکو تەنها جێبەجێکارە. ئەم جۆرە تاکانەش ئەوەی گرنگ بێت بەلایانەوە تەنها بەرهەمهێنانە. ئەوان ئازاد نین، بەڵکو فهرمان یاخود سرووشت ئاڕاستەیان دیاری دەکات، بەجۆرێک ئەوەنەی بیر دەکەنەوە فەرمانێک جێبەجێ بکەن، ئەوەنە بیر لە خزمەتکردنی ژیانی خۆی یان ئەوانی تر ناکەنەوە. تا ئەو پرسیارە بۆی بێتە بوونەوە کە ئەم فەرمانە لەلایەن کێ و تا چ ئاڕاستەیەک ئەڕوات؟ هەروەک “ئارێنت” دەڵێت (هەر کاتێک ئایشمان هەوڵی بیرکردنەوی دەدا، ڕاستەوخۆ بیری لە پۆستەکەی دەکردەوە) سوبێکتی ئایشمان مەبەست لە “ئادۆلف ئایشمان- Adolf Eichman” کە ئەفسەرێکی پلەبەرزی نازی بوو، لە ئیسڕائیل دادگایی کرا و پانزە تۆمەتی درایەپاڵ، لەناویشیاندا “تاوان دژی قەومی جوولەکە”، “تاوان دژی مرۆڤایەتی”، “تاوانی جەنگ لە سەردەمی ئەڵمانیای نازی دا”. لە ساڵی ١٩٦٢، هەر لەئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا
“ئارێنت” بە “خراپەکاری قێزەون” ناوی دەبات، خراپەکارێک وەک سرووشت یان سیفەتێک نا، بەڵکو وەک مرۆڤێک کە بە بیرنەکردنەوەی لە پلەی مرۆڤایەتی دەرەچێت و بەرەو بازنەی کۆیلە بوون دەست ڕائەکەشێت. بەشێوەیەک کە ئیتر خاوەنی خۆی نییە، بەڵکو بڕیارەکانی لەژێر کاریگەری ئەوی تردایە، هەروەک لە دادگایکردنەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات ” من تهنها ئهركی خۆم دڵسۆزانه بهرانبهر دهوڵهت جێبهجێ كردووه”. ئەم نمونەیەش زۆر بە ڕوونی لە هەناوی مۆدێرنیتەیا دەردەکەوێ، وێنەدانەوەیەکی ڕوونی ئەقڵی مۆدێرنەیە، کوێرانە هەنگاو دەنێن لەپێناو ئامانجی وەبەرهێناندا، هەروەک “ئارێنت” لەو پلەبەندیەی باسی دەکات، ئاماژە بەوە دەدات لە مۆدێرنیتەیا ئەمە گۆڕاوە بۆ ڕەنج و کار، چیتر لە قاڵبی کردەوە خۆی نانوێنێت. بەگوێرەی ئەوەی مرۆڤ بوون بریتیە لە بیرکردنەوە و قوڵبونەوە پێش ئەنجامدانی هەر کار و بڕیارێک.
بنیامین فرانكلین لە 1787، لە ئاخاوتنێك لەژێر ناوی “سازان” دەڵێ: “من لەمێژە سەرقاڵی كارم و بە بیركردنەوە و تێڕامانی قوڵ دەمەوێ ئەزمونی زۆر بەدەست بهێنم هەتا بتوانم دەنگ و بیروڕاكانی خۆم و تەنانەت لەبارەی گرنگترین مەسەلەكان بگۆڕم، ئەو روانگانەی كە سەردەمانێ بە راستم دەزانی ئێستا ئیدی بە راستیان نازانم. زۆرینەی مرۆڤەكان پێیانوایە ئەوان لەسەر حەقن و گەیشتوون بە هەقیقەت و لە هەر شوێنێك كە خەڵكانی دیكە روانگەیەكان هەیە بە هەڵەی دەزانن.”
سهرچاوهكان:
١. تێرامانێک لە جینۆساید، ڤیتا ئهكتیڤای هانا ئارێنت، ئیسماعیل حەمەئەمین*
٢. فەلسەفەی هانا ئارێنت، لە بڵاوکراوەی دەزگای ئایدیا
٣. ئازادی چییە؟ نووسەر: هانا ئارێنت، لە عەرەبییەوە: حەمە ڕەشید
٤. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە چەمکی ئازادی لە تیۆری سیاسی هانا ئارێنتدا و ڕەنگدانەوەکانی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا
https://www.kurdipedia.org/default.aspx/default.aspx?q=20221109142802444451&lng=11