دوای ئەوەی کە مەسیحییەت لە ئەسکەندەرییەوە رووی تێکرد، واتە لە چاخی تراژێدی و رێبازی دیۆنیزیۆسی بەم لاوە، ئەمە بە تەنها ئەندێشەی سوقرات-ئەفلاتوون نەبوو کە لەسەر خواستی زیندەگی لە یۆنان دا کاری دەکرد، بەڵکوو ئەندێشەی ئێپیکۆری، رەواقی و ئەندێشە عیرفانییەکانی فلۆتین لە یۆنان بوو کە بەستێن ساز و دەرگاکەرەوەی ئەندێشەگەلی رەواقی بەرووی فەرمانڕەوا رۆمییەکان، وەکوو سیسرۆ، مارکۆس ئێلیۆس و ئەوانیتر بوو. مەسیحییەتێک کە لە ئەسکەندەرییەوە گەییشتە یۆنان و رۆم، مەسیحییەتێک بوو کە لە فیلتەر و پاڵاوگەی کولتووری هەس و توندی مەرگ ئەندێشی میسر تێپەڕیبوو. کولتوورێک کە دواتر بۆمان دەردەکەوێ کە بۆ ماوەی چەند هەزار ساڵ بە شێوەیەکی وەسواسی لەگەڵ ئەندێشەکانی مەرگ و دوای مەرگ سەروکاری هەبووە و کەڵکەڵەی مێشکی بووە. دەزانین کە میسرلە ماوەی چەند هەزار ساڵدا نەتەنها بە کولتوورێکی مەرگ ئەندێش بەڵکوو لەگەڵ پیشەی مەرگی ئووستوورەیی(Mythological Death-industry) دا دەژیا و دەیبردە سەر.
رۆژئاواش هەروەها لە تەواوی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست تاکوو سەرەتاکانی رێنێسانس، بە ئاوەها مەرگ ئەندێشییەک درێژەی دەدا و دەیبردە سەر. مەرگ ئەندێشی لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتدا ئاوەها بوو. ئەگەرچی لە ئێران و باقی وڵاتانی ئیسلامی دا، لەوانە میسر و ئیسپانیا و نێوان دیجلە و فورات کە بە بزووتنەوەی وەرگێڕان لەگەڵ زانست و فەلسەفەی یۆنانی کەونارا پێوەندیان پتەو کردبوو، رۆحییەتێکی بەربڵاوخواز، هاوئاهەنگ لەگەڵ پەرەسەندنی رۆژبەرۆژی ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامیش، تارادەیەک لەگەڵ رابردووی خۆی پێوەندی پچڕا بوو و بە خواستی زیندەگی چاوی بڕیبووە داهاتوویەکی گەش و لە واقیع دا چاخی زێڕینی یۆنانی کەونارای بە تێڕوانینی ئەرێنی و پۆزەتیڤی خۆی بۆ ژیان، قۆستبۆوە. بەم پێیە دیسانەوە بەپێچەوانەی تێگەی شووپێنهاور، لەم سەردەمەدا، ئەوە رۆژئاوابوو کە بەئینکار و حاشای خواستی زیندەگی دەژیا، و ئەمە رۆژهەڵات بوو کە تا هێرشی مەغول و تەیموور، خواستی زیندەگی دەئەزمووی. بەڵام بە هێرشی تەیموور و جەنگ و تاڵانکاری و نائەمنی و قات و قڕی، جارێکیتر ئەندێشەی مەرگ و حاشای خواستی زیندەگی و گەشەی ئەندێشە عیرفانییە ژیانبێزەکان بەسەر کولتووری رۆژهەڵاتدا زاڵ دەبێت. بەڵام لە رۆژئاوادا، بە عەقڵێکی نوێوە، خواستی زیندەگی، ئازادی و گەیشتن بە بلووغ و سەربەخۆیی، ئینسان شوناسێکی تازە بۆ خۆی وەدەست دێنێت.
بە ئەندێشەگەلێکی نوێوە مەرگ لە کەنارێکی کپ و هێمن وەدەردەخا تاکوو بپەرژێتە سەر ئەندێشەی ژیان و داهاتوویەکی روون و گەش. بە بزووتنەوەی رۆشنگەری دیسانەوە شۆڕشێکی نوێ لە رۆژئاوادا دێتە ئاراوە. ئالێرەدایە کە بیرمەندانێکی وەکوو هیگل و شووپێنهاور و پێشتر لەوانیش ئیسپیۆنوزا، دیکارت، کانت، رۆسۆ، هیوم و زۆرێکی تر، تێڕوانینی مرۆڤی رۆژئاوایی بۆ ژیان و مەرگ دەگۆڕن. لە وەها دۆخێکدایە کە شووپێنهاور رۆژئاوای بزۆز و ئازاد و پێشڤەچووی لەگەڵ رۆژهەڵاتی لەپێکەوتوو و دۆش داماو بەراورد دەکات و لەیەکێکیان ململانێ و جۆش و خرۆشی دڵهەژێنەر دەبینێت و لە ئەویدیان دا گۆشەگیری و مانگرتنێکی ئارام و هێمن و بەدوور لە ململانێ، کە بەحەز و ئەشتیاوە هەندێ جار میواندارێتی مەرگ دەکات، شووپێنهاور کولتووری رۆژهەڵات و حاشای خواستی زیندەگی ستایش دەکات، لایەنێک کە نیچە و زۆریتریان داکۆکی لە سەر ناکەن. هەموو رووگەیان ژیان بوو و تەنانەت بە حاشاکردنی مەرگ دەیانویست مەرگ لە بیر خۆیان ببەنەوە.
بەشێوەیێک کە مەرگ وەکوو شێتی و رەگەزێتی(جنسیت) لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەوە تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و دەستپێکردنی جەنگی جیهانی یەکەم، لەتەواوی کۆمەڵگای رۆژئاوادا و بەتایبەتی لەلایەن بیرمەندان و زانستمەندانی رۆژئاوا وەکوو تابۆیەک چاوی لێدەکرا. تەنانەت هەندێک باوەڕیان وایە کە تابۆ بوونی مەرگ لە رۆژئاوادا تا دوای جەنگی دووهەمی جیهانی درێژەی هەبووە، بەڵام ئەمە بابەتێکی باس هەڵگرە. ئەگەرچی دەزانین لە هەمان سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە هەمەوە هیگل، شووپێنهاور، فۆئرباخ و ئەوانیتر وتاریان لەبارەی مەرگ و هاوپێوەند لەگەڵیدا نووسی. بەهەر حاڵ شووپێنهاور لەو شوێنەی دا وا دەپەرژێتە سەر جیاوازییەکانی کولتووری رۆژهەڵات و رۆژئاوا، پێش بینیەکی سەیری هەیە کە بە سەرنج دان بەوەی کە لە سەردەمی پۆست مۆدێڕنیزم دا بەدی هاتووە و کارتێکەری بودیسم و هیندویسم لە کولتووری رۆژئاوا دیارکەوتووە کە هەڵبەت بە خوێندنەوەیەکی نوێ بە بودیسمی رۆژئاوایی ناوزەد کراوە، یان دوای سەردەمێکی زۆر کە جۆرێک لە رۆژهەڵات ناسی کۆلۆنیالیزە لە رۆژئاوا دا زاڵ بوو، بە ئەندێشەیەکی خودتەوەرانەوە، بەتەنها کولتووری سپی پێستەکانی رۆژئاوا بە شارستانی دەزانێ و ئەوەی وا لەگەڵیدا جیاوازی هەبوو بە کولتوورێکی دارستانی دەدا لە قەڵەم. ئەم روانینە خودتەوەرانەیە کە لە یۆنانی کەوناراوە تا سەدەی بیستەم لەسەر داوەری و حوکم دانی رۆژئاواییەکان لەمەڕ ئەوانی دییەوە زاڵ بوو و بەهەوڵ و تێکۆشانی بیرمەندگەلێک کە بەوتەی رابێرت یانگ، زۆرتر یا لەگەڵ کۆلۆنیالیزم دا بەجەنگ دەهاتن یان خۆیان لەوڵاتانی جیهانی سێیەم لەدایک بووبوون، نەرمەگۆڕانیان بە سەر داهات و ئاوەژوو کرانەوە91.
بەڵام رەنگە دوابەدوای هەستی گوناهبارییەک کە رۆژئاوا لەدوای جەنگی دووهەمی جیهانییەوە بەنیسبەت کەمینەی جوولەکە هەیبوو و ئەم هەستەی بە نیسبەت باقی کەمینەکانیتر-هەڵبەت لە روانگەی دەسەڵاتەوە نە وەکوو ژمارەوە-دەخرۆشا و گشتگیر دەکرد، وەکوو گشتاندنی بۆ سەر رەگەزی ژن، ئایین زا غەیرە مەسیحییەکان و کولتوورەکانی جیهانی سێهەم، و بەربڵاوتر، بەتێڕوانینێکی نوێوە کە بۆ ئەویدی(the other) و کولتووری ئەویدی وەدەستی هێناوە، هەنووکە رۆژئاوا دەتوانێت رۆژهەڵات نەک لەژێر ناوی بەربەرییەت یان بەدەوییەت پێناسە بکات بەڵکوو وەکوو کولتوور و شارستانییەتەکانی تر چاوی لێبکات و هەڵیسەنگێنێت کە ئەم دەسکەوتە بەرئەنجامی رەخنەی بەجێ لە مۆدێڕنیتە بووە. بەڵام بەشێک لە رۆژئاوا، و زۆرتر ئەو بەشەی کە لەژێر ناوی پوست مۆدێڕنیتەدا باس هەڵگر و خواس هەڵگر بووە- رەنگە بە مەبەستی قەرەبوو کردنەوەی هەمان هەستی گوناهباری، هەندێ جار دەگاتە ئەوپەڕی سەرەڕۆیی و پەڕگیرییەوە کە تێیدا هەرشتێک غەیری رۆژئاوایی یان ئەوەی لەگەڵ مۆدێڕنیتە دا بەدژە لە ژێر ناوی حەقیقەتی نوێدا جێگای بۆ بکاتەوە و ستایشی بکات.
لە واقیع دا لە هەندێک لە حوکمدان و داوەرییەکانی رۆژئاوای هاوچەرخ دا، بەتایبەتی ئەو بەشە لە ئەندێشەی رۆشنبیری ناکامی دوای 1968 ، لەدوای بزاڤی هیپی گەری، هەر بەهەمان شێوە کە لە دیمۆکراسییەوە بەرەو پۆپۆلیسم(Populism) هەنگاوی ناوە، لە هزرمەندیشەوە بەرەو هەواری ئەقڵێک رۆییشتووە کە شووپێنهاور بەو روانیینە ئاوەزمەندانە و ژیرێتی زۆروزەبەندەیەوە دوو سەدەی لەمەوپێش لە کتێبی چوارەمیدا “جیهان وەکوو ئایدیا و خواست” پێش بینی کردبوو: ئەقڵی سەرمەدی مرۆڤ بەو شتەی کە لەگالیلە دا رووی دا جێگیر نابێت، بە پێچەوانەوە ئەوە فەلسەفەی هیندییە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەورووپا و گۆڕانکاری بنەمایی لە شێوازی زانستوانی و ئەندێشەی ئێمەدا دێنێتە ئاراوە92.
“تابۆی مەرگ”
پۆرنۆگرافی سەرنج و خێی دابووە رەگەزییەت(جنسیت)، نێزیکایەتی جینسی و زاووزێ بە زمان ناگێڕدرێتەوە، بەم پێیە، لەسەدەی بیستەم دا، مەرگ وەکوو پرۆسێسێکی سرووشتی رۆژ دوای رۆژ بەزمان نەهاتووتر دەبێت، سەرقاڵبوونی زەینیی بە ئاوەها پرۆسێسێک نەخۆشی ئاسا و ناتەندرووستە، دەبێت هەموو خەڵکی لەم کارە دوور بخەینەوە93.
سێر جێفری گورر،1965
مردووەکان لەژێری زەمین دا نین، لەدارستانان، لەماڵەوەن، مردووەکان مردوو نین94.
ئەمە شیعرێکی ئەفریقایی، لەکولتوورێکی بەدەوییە کە حاشا لە بوونی مەرگ دەکات. بەتەواوی ئەمانەش شیعرگەلێکی زۆرمان لەئینسانی بەدەوی و سەرەتایی ئەفریقا، ئامریکا و ئۆسترالیا لەبەردەست دایە کە تێیدا نەتەنیا شاعیر لە بوونی مەرگ ئاگادارە، بەڵکوو لێشی دەترسێ و دەتۆقێت و لەم کۆتاییە دەردبار و ژانگرتووەی مرۆڤ ناشادومانە. ئێرنێست بێکر لە کتێبی ئینکاری مەرگ نووسی: ئەندێشەی مەرگ، ترسان لەمەرگ، زۆرتر لە هەر شتێکی دیکە زەینی حەیوانیی ئینسان داگیر دەکات: بزوێنەر و هەڵخڕێنەری سەرەکی چالاکی ئینسانە-چالاکییەک کە زۆرتر لە سەر دوورەپەرێزی و خۆپاراستن لە هێزی کوشندەی مەرگدایە تاکوو بە حاشا و ئینکاری ئەمەی کە مەرگ دوامەبەست و دواوێستگەی مرۆڤە، بەم ترسە کوشندەئامێزە سەرکەوێت95.
هەڵبەت لێرەدا مەبەستی ئێرنێست بێکر لە ئینکارکردنی مەرگ، چەمکێک نێزیک لە تابۆی مەرگ ناگرێتەوە؛ یانی بابەتێکی لەزمان نەگوراو و بەدەربڕین نەهاتوو کە دەبێت لێی وەدووربین و هەڵبێین. مەبەستی بێکر لە ئینکاری مەرگ بەمانای عەدەم و نەبوونە. بەڵام ئەو سەرەڕای ئەمەش، وەکوو زۆرێکی تر، لەمیشیل دۆمونتین و فرانسیس بیکەن لە چاخی رێنێسانسەوە تا دەگاتە ژۆرژ باتای لە چاخی ئێمەدا، ئەو بەشەش لە مۆدێڕنیتە کە بەرەو ئەندێشەی پۆست مۆدێڕنیزم شەقاوی ئەنگاوتووە، هەوڵیداوە تاکوو سامی مەرگ کە واقیع و راستیەکی بوون تەوەرانەی مرۆڤە قبووڵ بکات و بە جیهانگیری(universal) بزانێت، هەر بە هەمان شێوە کە خودی مەرگ وەکوو دیاردەیەکی سرووشتی، لەلایەن زۆرێکەوە بە بابەتێکی جیهانگیری و گشتی لە قەڵەم دراوە. بەپێچەوانەی ئەوەی کە زۆرتر لە دوو هەزار ساڵ-لە سوقرات، ئەفلاتوون، ئەپیکور، تا رەواقییەکانی رۆم و کڵێسای مەسیحی- تێکۆشابوون کە بە گۆڕینی مەعریفە، رێکخەری گوتارێکی تر بن کە مرۆڤ هەراس لە مەرگی ئینکار کردووە، تەنانەت لە دەرخستنیشی هەستێکی شەرمنۆکانە دایگرتووە. لەم سەردەمە هەزار ساڵەیەدا، کە بە سوقراتەوە دەست پێدەکات، مۆدێل و سەرچەشنێکیان بۆ مرۆڤی یۆنانی( رۆژئاوایی) پێشکەش کرد کە تێیدا فەیلەسووفان(بیرمەندان و ئاوەزمەندان) بە رواڵەت هەراس و سامێکیان لەمەرگ نەبوو، بەڵام ئەوە کۆمەڵانی خەڵک بوون کە بە هەراسەوە لە مەرگ هەڵدەهاتن. بەم پێیە لەم دووهەزار ساڵەدا، هەراس لەمەرگ، نیشانەی جەهل، ساویلکەیی، سووک وچرووکی و ترسنۆکی بووە- تابۆیەک کە دەبێت لێی هەڵبێی، یان لانی کەم نەیهێنیتە ئاستی زمان.
کەواتە راستییەکەی ئەوە بوو کە کۆمەڵانی خەڵک لە سەرتاسەری ئەم سەردەمە دا لە مەرگ دەترسان. چونکوو نەتەنها ئەقڵی باو پێیانی دەگووت کە بۆ پاراستنی “زات” دەبێت لەهەر مەترسی و خەتەرێک کە گیان و لەشیانی ئابڵۆقە کردووە، دووری بگرن و لەدەرد هەڵبێن، بەڵکوو سەرەڕای ئەوەش کە فەلسەفە پێیانی گووتبوو کە بۆ گەییشتن بە هەرمان و جاویدانەگی، دەبێت رۆح لەبەندی لەش رزگار بێت، ئەوان زۆرتر وەکوو مرۆڤی بەدەوی و سەرەتایی، یان وەکوو ئینسانی شارستانییەتە کەونینەییەکان بۆ نموونە میسر، لە خولیای هەرمان و جاویدانگی تەواو و رەهای خۆیان دا بوون؛ نەمری و هەرمانی رۆح و لەشیان پێکەوە دەخوازی. تەنانەت ئەگەر بڕیار وابێت کە لەش دوای مردن مۆمیایی بکەن و لە خەوش و گەندەڵی بیپارێزن، تاکوو (کا)96، واتە هاوزادیان بتوانێت جارێکی کە لەگەڵ لەشدا یەک بگرێتەوە. بەهەر حاڵ دەتوانین مەزەندەی ئەوە بکەین کە بۆچی لە میسری کەونارادا زانستی پزیشکی پەرەی سەند و بڵاو بۆەوە. چونکوو ئەوان بۆ لەش، رێز و حورمەتێکی زۆر قایل بوون و تەندرووستی لەش بە مەرجی نەمری و هەرمانی ئینسان لەقەڵەم دەدەن.
لە رۆژئاواشدا بەردەوام جمووجوڵێکی دژبەیەک دەبووە هۆی ئەوەی کە نەترسان لەمەرگ، دروشمی تاکەکان بێت و هەراس لەمەرگ لە تێڕوانینی کۆمەڵانی خەڵکدا، بوونێکی بەردەوامی هەبێت. بەم پێیە لە رۆژئاوادا بەردەوام دووجیهان و دووکولتوور بوونی هەبوو. لە سەردەمی سوقراتەوە تا سەردەمی هەژموونی و هەیمەنەی مەسیحییەت، تاکەکان(فەیلەسووفان و بیرمەندان)، مەرگیان بەهیچ لەقەڵەم دەدا و بڕیار وابوو بە حەز و تامەزرۆییەوە باوەشی پێدا بکەن، بەڵام کۆمەڵانی خەڵک بە تامەزرۆیی ژیان و سام وترسی مەرگەوە دەژیان و دەجووڵانەوە. لەچاخی مەسیحییەتدا، ئەم مەودایە کەمتر بووەوە، چوونکوو خەڵک باوەڕیان بە ئامۆژگارییەکانی کڵێسا هەبوو. ئەگەر چی دیسانەوەش لەهەر کڵێسایەکدا لەشی عیسا، لەسەر خاچ یان لەژێر داوێنی مریەمەوە، لەشێکی بەنرخ و خۆشەویست بوو و لەخاچ کێشانی عیسا واتە رەنج و ئەشکەنجەی لەش، گرینگترین بەشی رەنجی مرۆڤ بوو، واتە ئەو هەواڵ و ئامۆژگارییانەی کە ئیمانداران وەریاندەگرت دژواز بوو. بەڵام بیرمەندانی رێنێسانس دەبوایە واقع لەسەر بنەمای یاسا سرووشتی و بەرهەستەکان لێکبدنەوە، رێسای رەفتار و ئاکار، زۆرینە بوون نەک خواست و خەونی فەیلەسووف کە دەشێت مەرگ ئەندێش و مەرگ خواز بێت. کۆمەڵانی خەڵک کە زۆرینە بوون لەمەرگ دەترسان. هەر چەندە هەراس لەمەرگ بەپێچەوانەی دیعایەی ئێرنێست بێکر، ئێستانلی هال و ئۆتۆ رێنک، جیهانگیر(Universal) نەبێت بەڵام، رێسا و یاسا بوو. لێرەشدا بۆ سەلماندن و چەسپاندنی، پێویست نییە کە وەکوو ژۆرژ باتای، مێژووی هەراس لە مەرگ تاکوو دونیای ئێنسانی نئاندێرتاڵ بگەڕێنینەوە بۆ دواوە97 لەسەر بنەمای ئەم زانیاری و دەسکەوتە کە رەنگە ئەوانیش مردووەکانیان ناشتبێت، کەواتە لەشی مردووانیان بە ناپاک دەزانی یان نابێت دەستی تێوەربدەن، و ئەمە رەنگە هێمایەک لە تابۆ بوونی مەرگ بێت لە میلیۆنها ساڵی پێش ئێستا.
هەروەها نامانەوێت کە وەکوو گریس جێنتسێن98 لەسەر بنەمای سرووشتی سڕینەوە(denaturalization) کە میشیل فۆکۆ ئەمەی بۆ تەواوی بابەتە جیهانگیرەکان پێشنیار دەکرد هەتاکوو رەچەڵەک ناسی و کەونینە ناسی بۆیان دەست بدات؛ مەرگ کە بەهەر حال رووداوێکی سرووشتییە و – یان لانیکەم مردن بابەتێکی سرووشتی و بایۆلۆجیکاڵە- نکوولی و ئینکار بکەین، مەرگێک کە وەکوو لەدایک بوون سرووشتییە. یان لانیکەم دوو دیاردەن کە جیهانگیر بوون و گشتییەتیان ناکرێت ئینکار بکرێت، هەر چەندە ئەگەری ئەوەش هەیە لەدایک بوونێک لە رێگەی IVF یان چەشن سازی(cloning) روو بدات، یان باوەڕ و تێگەی خەڵکی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان و تێڕوانینیان بۆ مەرگ یان لە دایک بوون جیاواز بێت. بە هەرحاڵ ئەو بوونەوەرە چەشن سازە لە ساتێکدا لەدایک دەبێت و ئەویکەیان لە پرۆسێسێکدا دەمرێت، خۆ ئەگەرچی بینێژن یان بیسووتێنن، چ بە ژیانی پاش مەرگ باوەڕیان هەبێت و چ مەرگ بۆ ئەوان کۆتایی و عەدەم بخوێنرێتەوە. ئێمە رەنگە نەتوانین تەواوی دیاردەکانی جیهانی مرۆڤ دابەزێنینە سەر ئاستی زمان کە خۆی نە تەنیا تیۆرەیەکی گەورەی لێ ساز دەبێت، بەڵکوو سووربوون لەسەر جیهانگیربوونێتیەتی و بەم پێیەش هەردووکیان لە گوتاری زانستی ئەمرۆ بایەخ و نرخێکیان نییە. کەواتە بە پێچەوانەی میتۆدۆلۆژی خاتوو جێنتسێن لە رەچەڵەک ناسی توندوتیژی و مەرگ لەسەر بنەمای سرووشتی سڕینەوەی میشێل فۆکۆ، دەتوانین مردن وەکوو بابەت و دیاردەیەکی سرووشتی-بەمانا بایۆلۆجییەکەی- قبووڵ بکەین و ئەمەی کە قبووڵکردنی یان هەراس لێی لە مێژووی رۆژئاوادا لە سەرەتای چاخی هۆمەری دا- کە نووسینێکی گرینگی وەکوو ئیلیاد و ئۆدیسەمان لەبەر دەست دایە- تائێستاکە واتە لە مێژووی نووسراوەیی رۆژئاوادا ئاڵوگۆڕێکی زۆری هەبووە، بەڵام ئەوەی کە لەچ سەردەمێکدا مەرگ لە رۆژئاوادا تابۆ بووە کۆدەنگیەکی ئەوتۆ نییە.
زۆرێک لە توێژەران لە 1960 بەم لاوە “ئینکاری مەرگ” یان “تابۆی مەرگ” یان لە رۆژئاوا خستۆتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. دەستەواژەی جێفری گور لەلایەن زۆرێک لە نووسەران سەرەنج راکێش دەرکەوتووە و لە نووسینەکانی خۆیان دەکاریان کردووە. بۆ نموونە بڵاوکەرەوەی کتێبی “سەرەنجی ئینسان بۆ مەرگ” کە ئارنۆلد توین بی مێژوونووسی باوەڕپێکراوی ئینگلیسی لە 1968 پێداچوونەوەی لە سەر کردووە، لە پێش وتارەکەیدا دەڵێت: بیرۆکەی بڵاو کردنەوەی ئەم بەرهەمە دەگەڕێتەوە بۆ پێنج ساڵ لەمەو بەر، کاتێک باسی مەرگ بەراستی وەکوو پرۆنۆگرافیەکی نوێ دەهاتە پێش چاو، بابەتێکی رەمزی و شەرمنۆکانە، بەتەواوەتی لە بەربەرەکانێ و بەرەوڕووی خۆشییە ژیاندەرەکانی وەکوو سێکس، عیشق، ئازادی و نەمری99.
هەڵبەت دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە تابۆی مەرگ، لانیکەم تا ئەو کاتەی کە دە(١٠)فەرمان گەیشتە موسا، لەگەڵ رەگەز دا(جنسیت) دژایەتی نەبوو. [تەنیا لەم بابەتەوە کە رەگەزتەوەری لەئاقاری ژیان و زاو و زێ و چێژ دەجووڵایەوە و مەرگ لە بەستێنی توندوتیژی، وێرانکەری، نەمان و خەم دا دەجوڵا] ژۆرژ باتای لەنووسراوەکەی خۆی لە ژێر ناوی(پێوەندی تابۆکان و مەرگ) دا، دوو فەرمان لە دە فەرمانەکەی تەورات وەکوو نموونەی بەڵگەی پێش مێژوویی لەهاوپێوەندی پێوەندی نێوان مەرگ و رەگەز دەخاتە بەر باس: ( ئێوە نابێت قەتڵ بکەن) و ( ئێوە نابێت دەست بدەنە ئاکاری هەوەسبازانە تەنیا لە ژیانی ژن و مێردایەتی دا نەبێت)100. ئەمە هەر هەمان دوو ( نابێت)ێک بوو کە فرۆید بێ باکترین تابۆشکێنی سەدەی بیستەم، لەهەمان دوو دەیەی دەسپێکی دەروونشیکاری دا پەرژابووە سەریان. لە واقیع دا فرۆید، تەنها بەدوای، تابۆکان، “نابێت”ەکانەوە بوو، چونکوو تەواوی ئەو شتانەی کە نەوتراوەیی و بڤە بوو سانسۆر و دواخزاویی”سەرکوتکاری هۆ کارەکەی بوو”(repressed) دەبوو بە چارەنووسیان، دەکەوتنە رووبەر و پانتای ئیشی ئەوەوە کە زەینی ناوشیار بوو. فرۆید رۆڵەی مۆدێڕنیتە بوو و لە چاخی کولتووری ویکتۆریایی و جوولەکەی موحافەزە کاردا پەروەردە کرا بوو کە تێیدا رەگەز و عیشق و هەروەها شێتی و مەرگ، چوار تابۆی کەڵەگەت و گشتی دەهاتنە ئەژمار کە لەگەڵ پێگە و جێگەی هۆگرانی زانست و فەلسەفە وێکی نەدەگرتەوە کە قسەی لەسەر بکەن و بیدوێنن. بەڵام مانسێل پتسۆن بە راستییەکەوە ئەوە دەردەبڕێت کە (مەرگ هەمیشە لە کولتووری رۆژئاوا دا تابۆ نەبووە) دیدارێکی توریستی لە رۆژئاوا دا بوونی مەرگ لە نیگارەکان، پەیکەرەکان، هەڵکەندراوییەکان، گۆڕ و یادکردنەوەکاندا پیشان دەدا-زنجیرێکی مێژوویی لە سەرقاڵ بوونی زەینی شارستانییەتی رۆژئاوا لەگەڵ مەرگ لە سەرتاپای مێژووی کوولتووری ئێمە دەردەخات101.
لەواقیع دا، رەنگە لەسەرەتای مێژووی نڤیساری رۆژئاوادا، لە حەماسەکانی ئیلیاد و ئۆدیسە و چاخی تراژێدی تا هەیمەنەی مەسیحییەت لە ئەورووپادا مەرگ و تووندوتیژی، بەشێکی گرینگیان لە کولتووری رۆژئاوا پێک هێنابێت. لەم ساڵانەی دوایی دا کتێبگەلێکی گرینگ لەم بارەیەوە لە ئەورووپا و ئامریکا دا بڵاو کراونەتەوە. فیلیپ ئێریە، بنج و بناوان و سەرچاوەکانی توندوتیژی و مەرگ لە ئاسەواری جوولەکە-مەسیحی کولتووری رۆژئاوا دا دەبینێت کە مەرگی مرۆڤ لە ناوەند و چەقی ژیانی کولتووریدا بووە102. لەحاڵێکدا هەروەها کە ئاماژەی پێدرا، تەنانەت پێش لە پەرەسەندنی مەسیحییەت لە ئەورووپا کە لە رێگەی ئێسکەندەرییەوە گەییشتە یۆنان و رۆم، کولتووری یۆنانی کەونارا و ئیمپراتۆرییەتی رۆم، پێشتر لەکەڵ پرسی مەرگدا سەرقاڵ و سەرگەرم بوون.
لەسەرەتای رێنێسانس دا بوو کە بەرەبەرە ئەندێشەی ژیان جێگەی ئەندێشەی مەرگی گرت و لە سەردەمی میشیل دۆمونتین و فرانسیس بیکەن، “ئینکاری هەراس لەمەرگ” کە لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە لە رۆژئاوادا کەوتبووە خشتەی فێرکارییەوە، لەگەڵ قبوولکردنی هەراس لەمەرگ جێگۆڕکێیان پێکرا. کە دەگەیینە سەر دیکارت تامەزرۆیی بۆ ژیان و هەراسی مەرگ لەتەنیشت یەکدا بەجووتە دێنە ئاخافتن. ئەم هەراسە لەمەرگ کە بۆ تۆماس هابز ئەزموونێکی تاکەکەسی و تایبەتی جیددی دەهاتە ئەژمار، لە ئەندێشەی سیاسی وی دا سەرەڕۆیی(sublimation) بە خۆوە دیت. هابز مرۆڤی بە هۆی جەنگی هەمووان لەگەڵ هەموواندا و تۆخ بوونەوەی هەراس لەمەرگ و نائەمنی و بەبۆنەی دەستپێڕاگەییشتن بە ئەمنییەت و ئارامی، پێمل و گوێڕایەڵی قبووڵی لویاتان دەدیت. هەروەها کە پێشتر گوترا، هەراس لەمەرگ لە دیالیکتیکی پێوەندی خودا و عەبدی هیگل تیۆریزە کرا، و قبووڵکردنی مەرگ لە فەلسەفەی شووپێنهاوەر دا لە شێوازی(ئینکاری خواستی زیندەگی) بیچمی بەخۆوە گرتووە.
بەڵام نکووڵی و ئینکاری بیرۆکەی مەرگ لە بیرمەندگەلێک وەکوو ئیسپیۆنوزا و نیچە دا گەییشتە تەشق، بە تایبەتی تر دوای نیچە. لەم رووەوە هەندێک وای بۆ دەچن ئینکاری مەرگ لە نێزیک 1900 دا لە رۆژئاوا برەوی وەخۆوە دیت. فیفل(1963) بەڵگەگەلێک بۆ ئەم حاڵەتە روو دەکات، و دەڵێت کە: ( لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمە کە ئیدی مەرگ لە ئەندێشەی ئینسانی رۆژئاوایی دا بوونی نامێنێت، مەرگ تابۆ کراوە)103. پەتیسێن دەنووسێت: لە دەساڵی پێش تاکوو ئێستا، پرسی مەرگ و مردن هەم بۆ کۆمەڵانی خەڵک و هەمیش بۆ کۆمەڵەی زانستی، تابۆ کراوە. لە دە ساڵی رابردوودا کۆمەڵگای ئەمریکایی لەخەو راچەنی تاکوو بزانێت کە مەرگ لە کوولتووری ئێمەدا وەدەرکراوە و لە پرۆسێسی دەرکردنی مەرگ، ئێمە مردنمان دەرکردووە104. رۆز ماری گۆردۆنیش(1978) دەنووسێت: لانیکەم بۆ ماوەی نیو سەدە، مەرگ تابۆترین بابەت و پرس لە جیهانی رۆژئاوا دا بووە، زۆر زیاتر لە سێکس105.
ئەم وتەیە لەگەڵ ئەو شتەی دا وا فیفل دەیڵێت یەک دەگرێتەوە. دەزانین کە رەنگە تیۆرەی سێکسی فرۆید- سەرەڕای تەواوی شاڵاو و هیرشگەلێک کە کراوەتە سەری- کولتووری رۆژئاوای زیاتر گۆڕاوە تاکوو ئەو شتەی کە لە وتارەکانی خۆی دا دەربارەی جەنگ و مەرگ یان “گەڕاڵانی مەرگ” پێشکەشی کرد. لە واقیع دا وتاری “ئەوپەڕی ئەسڵی چێژ” ەکەی کە خواست و مەیلی مرۆڤی بۆ مەرگ دەردەخست، تەنانەت لە لایەن زۆرێک لە هۆگرانییەوە قبووڵ نەکرا. رەنگە بتوانین بڵێین کە قبووڵ کردنی مەرگ بۆ خودی فرۆیدیش زۆر ئەستەمتر لە باس و خواسی لەبارەی تابۆی جینسیەوە بوو. سەرەڕای ئەوەی کە یەکەمین زانستوان بوو کە لە هەمان ساڵەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی دا پەرژایە سەر پرسی مەرگ و جەنگ لە لایەک و پرسی(داخداری”پرسە” و مالیخولیا) لە لایەکی دیکەوە، بەڵام بۆ گەڵاڵە و پێشکەشکردنی وتاری(ئەوپەڕی ئەسڵی چێژ) ئەزموونی جەنگێک، لەکیس دانی هاوڕێیەک، مەرگی کچێک و نەوەیەکی پێویست دەینواند، ئەگەرچی بەر لە بڵاوکردنەوەی هاوڕێکەی بە شاهید گرتبوو کە پێش لە مەرگی کچەکەی وتارەکە کۆتایی پێهاتبوو، بەڵام سەرباری ئەمانەش ئاگاداری لە سەر نەخۆشییەکەی خۆی و یەکەمین نەشتەرگەری خۆی کە لە ساڵی 1918 دا روویدا -واتە تاکانە ترین ئەزموونی مەترسی و خەتەری مەرگ، بەهەر حاڵ هەر چییەک بوو دەریدەخست کە قسەکردن لەبارەی مەرگەوە بۆ زەین و رۆحی مۆدێڕن و قبووڵ کردنی ئەندێشەی مەرگ، بەردەوام ئەستەم بووە. تەنانەت رەوانپزیشکەکانیش کە بۆ هەستمەند بوون بە نیسبەت هەستەکانی مرۆڤ پەروەردە کراون لە سەر بابەتی مەرگ هەڵدەهاتن و دوورەپەرێزبوون106. والیش(Wahl) دەنووسێت: سەرەنج راکێشە کە دڵەڕاوکێی مەرگ، تەنیا ئەو کاتە لە دەقە رەوانپزشکییەکاندا بەدی دەکرێت کە زۆرتر لە ژێر ناوی رەهەندێک یان دیاردەیەکی دووهەمین باسی لێدەکرێ و زۆرتریش وەکوو شێوازێک لە خەساوەیی و نەزۆکی کە بەشێوازێکی قووڵ ئۆقرەی لەسەر دەگرین، پێناسە دەکرێت. خاڵی سەرنج راکێش لەوەدایە کە ئەم بیچمدان و رەنگڕێژی کردنە لە خزمەتی پێویستییە پاساودەرەکانی خودی رەوانپزیشکان لەقەڵەم بدەین107.
ئەو خاڵەی کە واڵ لە پێوەندی لەگەڵ (دڵەڕاوکێی مەرگ) و (ترس لە نەزۆکی) دا دەریدەبڕێت، ئاماژەیە بۆ ململانێ و مقۆمقۆی فرۆید لە گەڵ هەندێ لە قوتابیانی خۆی وەکوو ئۆتۆ رانک و رەوانپزیشکگەلێک وەکوو ئێستانلی هال کە لەسەر هەراس و سامی مەرگ وەکوو بنەمایی ترین و تۆکمەترین دڵەڕاوکێی مرۆڤ داکۆکیان دەکرد، بەڵام فرۆید بنەمایی ترین دڵەڕاوکێ بە دڵەڕاوکێی خەساوەیی و نەزۆکی ناوزەد دەکات.
مێری ویلیامز، دەروونناسێکی دانیشتووی لەندەن، بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو وتارە بڵاوکراوانە لەمەڕ مەرگ، خۆکوژی و کوشتن و بڕین لە ساڵی 1961 و بە بەراوردیان لەگەڵ ئەو وتارانەی لە ساڵی 1931 دا بڵاو کراونەتەوە، پیشانی دا ژمارەی بڵاوکراوە لەمەڕ ئەو بابەتانەوە تۆفیرێکی ئەوتۆی نەکردووە و ژمارەی تاقمی یەکەم تۆزێک لە تاقمی دووهەم سەرترە. ئەمە لە حاڵێکدایە بەراوردی ژمارەی پسپۆڕانی بواری دەروون ناسی و دەروون پزیشکی و ئەو وتارانەی کە لەبوارگەلی تر دا بڵاو کراونەتەوە لەزیادبوون و گەشەسەندن دا بووە. بۆیە دەگاتە ئەم دەرئەنجامگیرییە کە: لە کوولتووری رۆژئاوا دا واقیع و راستی جیهانگیریی مەرگ، پرس و بابەتێکە کە بە شێوەیەکی رێژەیی لەقەوارەی تابۆ دا ماوەتەوە108. هەڵبەت ویلیامز، لە تۆژینەوەکەی خۆیدا وا تێدەگات کە لە کۆتایی ساڵەکانی 1950 دا لە رۆژئاوا لە پڕێکدا “تەقینەوەی سۆز و هۆگری بۆ مەرگ” بەرچاو دەکەوێت کە ئەو هەڵیدەپێکێت بە مەترسی نەمان و لەناوچوونی تەواوەتی بە بۆمبی هیدرۆجێنی و تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لە بۆشایی زەویدا، کە هەر هەمان واقیعێکە کە رۆزماری گۆردۆنیش داکۆکی لە سەر دەکات.
خەتەر و مەترسی بۆمبی هیدرۆجێنی وای لە خەڵک کردووە تاکوو ئەو راستییەی کە مەرگ جارێکی دیکە بە هەنگاوە درێژەکانی خۆی لە سەر زەوی دا جووڵەی دێت و پیاسە دەکات باوەڕبکەن، و هەروەهاش رەچەڵەک کوژی و پاکتاوی رەگەزی لە سەردەمی ژیانی ئێمەدا ئەگەرێکی راستەقینە و زانستێکی قەحپەیە کە لەگەڵ کوشتن و مەرگ دا بەهەمان ئەندازەی ژیان و تەندرووستی، نێزیکایەتی دەکات و دەچێتە پێخەفەوە109.
لەم رووەوە، رۆزماری گۆردۆنیش هاودەنگ لەگەڵ مێری ویلیلامز دا دەڵێت:بە تەواوی ئەمانەشەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هەم لە بڵاوکراوە جەماوەرپەسەندەکان، هەمیش لە رادیۆ و تەلەڤزیۆن و نووسراوە زانستییەکاندا، بابەت و پرسی مەرگ، لەناکاو لە دۆخی تابۆیی خۆی دەرچووە110. ئەگەرچی لە ساڵانی 1960 بەم لاوە، سەرەنج و بایەخدان بەمەرگ وەها زیادی کرد و رۆیشتە سەرەوە کە رەنگە بکرێت وەکوو گەڕانەوەیەک بۆ پێش لە مۆدێڕنیتە تەعبیری لێوە بکەین، هەڵبەت بەم جیاوازییەوە کە مەرگ ئەندێشی ئەم جارە لە رۆژئاوادا هاوڕێ بوو لە گەڵ هەراس و سامێکی زۆر لە مەرگ. نابێت لەوە دا هیچ گومانێکمان هەبێت کە بوونی بۆمبە ئەتۆمییەکان لە هەر دوو لای ئۆقیانووسی ئەتڵەسەوە و قەرەوڵ گرتنی مووشەکە ئەتۆمییەکانی یەکێتی سۆڤێت بەرەو شارەکانی رۆژئاوا و شەڕی سارد، کە بە کوشت و بڕین لە ڤییەتنام، جەنگی دوورگەی بەرازەکان و پرسی کوبا و ترس و سامی ئەوەی کە ئێستە نا ساتێکی تر شەڕێکی سەرتاسەری و کاولکەر دەست پێدەکات، هەراس و سامی لە مەڕ مەرگەوە لە رۆژئاوا بە رێژەی دووسێ قات بردە سەرەوە و دەرکەوتەیەکی راستەقینە و بەرهەستی بە خستە روو. بەڵام ئەوەی کە تابۆ بوونی مەرگ لە رۆژئاوادا بگەڕێنینەوە بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، دەبێت پارێز بکەین و بە شێوازێکی رەها حوکم دەرنەکەین.
هەروەها کە پێشتریش ئاماژەمان پێدا، جەنگی جیهانی یەکەم، “مەرگ”ی لە دۆخی تابۆیی و یاساغیی خۆی لە ئەورووپادا پەلکێش کردە دەرەوە. وتاری “ئەندێشەگەلێک شیاوی رۆژگاری جەنگ و مەرگ”ی فرۆید لە ساڵی 1985 ئاماژەی بۆ ئەم بابەتەیە و، بە تایبەتی لەو شوێنەدا کە داکۆکی لەوە دەکات کە جەنگ، رۆژئاوای لەفریوەکانی سڕیوەتەوە و دەمامکە بریقەداروخاوێنەکەی داماڵیوە و تێڕوانینێکی نوێی لە مەڕ مەرگەوە هانیوەتە ئاراوە. لە هەمان ساڵدایە کە یەکەمین وتار لە بارەی(داغداری”پرسە” و مالیخولیا) بڵاو دەکاتەوە. هەڵبەت ئەمەش راستە کە زۆرتر لە چارەکە سەدەیەک تێدەپەڕێت تاکوو جارێکی دی لیندمەن (Lindemann 1944)111 بپەرژێتە سەر بایەخی رەشپۆشی و داغداری و رووبەرووبوونەوە لە گەڵ مەرگدا، بابەتێک کە لە ساڵی 1951 دا بە تۆژینەوەکانی بالبی(Bowlby john) لە مەڕ ترسی جودایی و لە کیسدان و هەروەها تۆژینەوەکانی کالین ماری پاکێر(C.M.Parkers)112 لەبارەی داغداری و رەشپۆشییەوە، پەرەی سەند و گەشەی کرد.
لە ساڵی 1966 دا جان هینتۆن113(J.Hinton) و دواتریش ئێلیزابێت کوبلێر-راس(Eliszbeth kubler-ross 1970) پەرژانە سەر پرسی رووبەرووبوونەوەی ئینسان لەگەڵ مەرگ لە نەخۆشە سەرەمەرگەکاندا کە باس و خواسێکی تری نوێ لە پانتای زانستی دەروون پزیشکی دەهاتە ئەژمار. هەر لەو کاتەوە کوبلێر راس بە دڕدۆنگی و نیگەرانییەوە دەیپرسی: ئەگەر ئێستاکە چاو لە کۆمەڵگای خۆمان بکەین رەنگە لە خۆمان پرسیار کەین کە کۆمەڵگایەک کە لەمەرگ غافڵە چ چارەنووسێکی بۆ دەبینرێتەوە114. کەواتە ئەم دوو رەهەندە بەرین و گشتییە، واتە رەشپۆشی و لەکیسدانی ئەویدی و رووبەرووبوونەوە لەگەڵ مەرگی خۆ دا لە نەخۆشیگەلێکی وەکوو شێرپەنجە و ئایدز دا دەردەکەوت، کە لە دەیەی 1960بوو بە هۆی شاڵاو و شەپۆلی وتار و کتێب لە بارەی مەرگەوە. بەڵام تابۆکەی لە هەمان ساڵەکانی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە داوەریبو و شکابوو.
رەهەندێکیتر، پەیوەست بوو بە ترس لە مەرگ و زیڕە و هەراسی نەمان و لەناو چوون کە بە وتارەکەی ئۆتۆ رانک لە 1914 و دواتریش مەرگهەراسی(thanatophobia) ئێستانلی هاڵ بیچمی گرت و وەدەرکەوت. ترس و سامی مەرگ هەڵبەت بابەتێکی نوێ نەبوو، کیێرکێ گارد لە سەدەی نۆزدەهەم بە نووسراوە فەلسەفییەکانی خۆی بەدواداچوونی لەسەر کردبوو و پەراژابووە سەری. ترس و لەرز(Fear&trembling) و ژانی بەرەو مەرگ(Sickness unto Death) دەرگایەکی تازەی بەڕووی فەلسەفەی رۆژئاوا دا کردەوە، کە گەشانەوە و تەشق گرتنی دەتوانین لە سەدەی بیستەم دا لە سەر دەستی فەیلەسووفان و نووسەرانی بەرجەستەی وجوود گەرا(Existentialist) ببینینەوە؛ لە سەرەوەی هەموویانەوە دەتوانین ئاماژە بە مارتین هایدگێر، کارل یاسپێرس، ژان پۆل سارتر، ئالبێر کامۆ و نووسەرانێکی وەکوو پۆل تیلیش و ئەوانیتر بدەین. مارتین هایدگێر، کەڵە کتێبی خۆی بە ناوی هەستی و زەمان، لە ساڵی 1926 دا نووسی و لەو کتێبەدابوو کە(دازاین)ی وەکوو بۆ(بەرەو) مەرگ بوون پێناسەکرد. لە واقیع دا ئەمە بە تەنها فرۆید نەبوو کە لە وتاری ئەو پەڕی ئەسڵی چێژ ئینسانی بە گەڕاڵانی مەرگ(death tribe) ناوزەد دەکرد و دواوێستگەی ژیانی بە مەرگ دەزانی، بەڵکوو ئەندێشەی ئەفلاتوونی بۆ مەرگ، جارێکی دیکە لە لایەن ئەوەوە لە بواری پزیشکی و دەروون ناسییەوە و لە سۆنگەی مارتین هایدگێریشەوە لە فەلسەفەدا، بۆ ناخی سەدەی بیستەم تەشەنەی کرد و تاوی سەند. هاوکات لە گەڵ ئەواندا ئەندێشەی مەرگ بە روودانی جەنگی جیهانی یەکەم لە ئەدەبیات دا گەشەی سەند و برەوی پەیدا کرد. پۆل والێری لە 1919 لەبارەی مەرگی ئەورووپا و مەرگی شارستانییەت دەینووسی و ئاندرێ مالرۆ لە (مەرگی ئینسان) دەدوا و پۆل تیلیشیش سەدەی بیستەمی بە(چاخی دڵەڕاوکێ) ناوەزەد دەکرد.
بەدواداهاتەکانی جەنگ و هەراس لە مەرگ لەسەر بەرهەمەکانی ئێکسپرسیۆنیستەکان، سوررئالیستەکان، مۆدێڕنیستە رۆژئاواییەکان کاریگەری دا نابوو. هەستی ترس، غەوارەیی و سەرلێشێواوی و نائەمنی، لە مەودای نێوان دوو جەنگدا رەنگە زۆرتر لە هەمووان لە بەرهەمەکانی کافکا و کامۆ دا دیار و بەرچاو بووبێت. بەڵام بێگومان کەسێک کە ساردی و ترس و تەنهایی مەرگی لە جەنگی جیهانی دووهەمەوە گواستەوە بۆ هەناوی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم و پێشڕەو و پێشەنگی رۆحییەتی مەرگ ئەندێشی لە رۆژئاوای پۆست مۆدێڕن دا بوو، سامۆئێل بێکت بوو. لە گێڕانەوە و رەوایەتی ئەو لە ئینسانی دوای جەنگە کە دەتوانین رووبەرووبوونەوەی سامدار و تۆقێنەری ئێنسانی رۆژئاوایی لە گەڵ مەرگدا هەست پێبکەین و درکی کەین. کریستۆفێر ریکس لە کتێبی “وتەی سەرەمەرگی بێکت” دا دەڵێت: زۆرینەی خەڵک، زۆر کات دەیانەوێت بۆ هەموو دەم بژین. بەڵام راستییەکیتر هەیە: حەزی لەیادکردن. هونەری سامۆئێل بێکت، رەنگاڵەیی، ژان گرتوو، گاڵتە و جەفەنگ، ئەم راستییەمان پێ دەچپێنێت، ئەم باوەڕە کەونینە جاویدە، کە مردن باشترە لە ژیان و لەو باشتریش، هەرگیز لەدایک نەبوون و نەژیان 115. بێکت خۆی بوو بە نووسەر ئەو کاتەی کە بە وتەی خۆی بنەوای مەرگی فام کرد116.
بێکت شاعیری لەیادکردن، تەنهایی و بێهوودەیی بوو کە ئەم سێ کوچکەیە بە یەک ئەزموون دەگەییشت، ئەزموونی مەرگ و کۆتایی. کەواتە بێکت شاعیری مەرگ و کۆتایی بوو، و هەڵبەت چاوەڕوانی و گیانەڵڵا لە یەکەمین رۆمانی خۆی “مۆرفی” کە ساڵێک پێش جەنگ(1938) بڵاوی کردەوە، جووڵان بەرەو ئەم لەیادچوون و مەرگە بە نێزیکبوونەوە بە نێروانای بوودا دەگێڕێتەوە. مۆرفی دەخوازێت بە جوێکردنەوەی زەین لە لەشی خۆی بگاتە قۆناغی نێروانا یان مەرگ کە لە کۆتایی دا بە شێوازێکی پێکەنیناوی دەیگاتێ. سیانەی مەولەوی، مالوون دەمرێت و ناوهەڵنەگر کە لە خۆڵەمێشی جەنگی جیهانی دووهەم هەڵخێزان، هەموویان بە جۆرێک وەگێڕانی(روایت) مەرگن. دەنگێک لە دوور، لە زەینێکی شێواو و لە نێو وێرانەکاندا دەگاتە گوێ. هاوارێک کە لە “ناوهەڵنەگر”دا هاوارێکی بێ ناوە، (ناو نەگرێک کە کاتێکی ئەوتۆی بۆ ژیان نییە)، چریکەیەک لەو دیو شکست، بێدەنگی مەرگ، و رەنگیشە زایەڵەیەک لەو دیو گۆڕەوە کە لە ئەدەبیاتی پۆست مۆدێڕن دا دەگاتە گوێ؛ رەنگە دەنگی ئۆرفیۆس، ئەو چریکەیەی کەبەهۆی سەری بڕاوی ئۆرفیۆس لە جەوەڵان و بزووتن لە سەر رووباری زەماندا، دەگاتە گوێ. ئیهاب حەسەن سەبارەت بە ئۆرفیۆس و ئەدەبیاتی پۆست مۆدێڕن دەڵێت: رێبازێک کە ئێمە لە گەڵ ناوەکەیدا دەکاری دەکەین وشە و گۆشت لە سەمای وجوود دا تێکەڵ دەکات. ئەوەی کە ئورفیۆس دەچریکێنێت و چریکەکەی، بەردەکان، دارەکان و حەیوانەکان دەخاتە جووڵە، هۆیەکی ساکاری هەیە. ئۆرفیۆسی دەنگبێژ، خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ سرووشت و بە ژیان و ژینی رازاوی شتەکان دەجووڵێت و دەبزوێت.
بەڵام بێکت، بێدەنگی مەرگ دەنووسێتەوە، و لە زوڵومات و چاوەڕوانی دا دەگریەت. بێکت، بۆشایی نەبوون لە گەڵ سەمای وشەکاندا تێکەڵ دەکات. ئیتر لە سەمای هەستی خەبەرێک نییە، لە ژیانی رازاوی روخسارێک دیار نییە، هەموو شتێک کەمترین نیشانەیە بۆ پاشماوە و تڵتی ژیان. تەنها “لە بێدەنگی و بزاوتێک، ژانی بوون هەست دەکرێت”. ئێمە گەییشتوینەتە کۆتایی، کۆتایی جیهان، ئاپۆکالیپس گەیشتووینەتە لەیادکردن، هیچیی، نێروانا ئێمە گەیشتووینەتە تابۆیەکی دیکە، رەنگە لە رۆژئاواشدا وەکوو رۆژهەڵات مەرگئەندێشی زاڵ بووە هەر بە هەمان شێوە کە فرۆید پێش بینی کردبوو، جەنگ، مروڤی رۆژئاوایی گەیاندە ئەم باوەڕەی کە تێڕوانینی خۆی بگۆڕێت؛ مەرگ ببینێت، و وای لێکردووە تاکوو مەرگ ئینکار نەکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ جێگای شیاوی خۆی. بەڵام جەنگی دووهەم و هەراس لە بۆمبی ئەتۆمی کە هیرۆشیمای بەتەواوەتی خاپوور کرد، جەنگێکیتر بوو و پووچەڵ بوونەوەیەکی تر فریو و فێڵەکانی دەرخست، ترس لە خاپووربوونی ئەتۆمی، مەرگی لە رۆژئاوادا جارێکی دیکە جێگۆڕکێ پێکرد. مەرگ لە جێگای شیاوی خۆی کە کۆتایی بوو، هێنایە پێشەوە. وەکوو ئەو شتەی وا لە رۆژهەڵاتدا روویدا، مەرگ لە کۆتاییەوە هاتبۆوە سەرەتا! لانیکەم لە پۆست مۆدێڕنیتە دا، وەسوەسەی مەرگ، جێگەی ئینکار و حاشای مەرگی گرتەوە. هەنووکە پێشبینییەکانی شووپێنهاور دەبینین: رۆژهەڵات چووەتە رۆژئاوا و ئێستاکە ئاپۆکالیپس و کۆتایی و هەنووکە بودیسم، نێروانا، بیرکردنەوە و بیرنەکردنەوە بە هیچ و کۆتایی ئێنسانێک کە بوونی بەند بوو بە بیرکردنەوەوە “مۆرکی حەوتەم” ئینگمار بێرگمەن، “ساتیر روخسار”ی فێلینی، “سالۆ”ی پازۆلینی و ئێستاکە “ئاخرزەمانی” فرانسیس کۆپۆلا وەگێڕ و دیلماجی ئەم ئاپۆکالیپە مۆدێڕنە لە سینەما دا بوون کە تاکوو “قوربانی” تارکۆفسکی دەستهاوێژ دەبێت.
لە فیلمەکەی کۆپۆلادا فەرماندەیەکی ئەمریکایی کە دەبوایە نوێنەری سەرپەڕانەی خواستی زیندەگی و دەسەڵات بێت، لە کولتووری کامبۆجدا دەتوێتەوە و لە بیچمی سەرەتایی رێبەرێکی بودایی بەسەر خەڵکانێکی ئووستوورە ئاوەزی نێو دارستان فەرمان دەدات و تارکۆفسکی لە هەمبەر مۆدێڕنیتە دا لەگەڵ عیرفان و رازتەوەری” ئیسلاو” هاودەنگ و یەکانگیر دەبێت. نیچە زەنگەکەی زڕاند و بێکت ئاپۆکالیپسی مۆدێڕن، کایەی چاوەڕوانی و رەش و رووتی و نەگبەتی و نەهاتی ژیانی مەرگبار دەگێڕێتەوە و ژیانی زەوینی بێمانا دەبێت! بێ مانایی و کۆتایی-مەرگی ئینسان، مەرگی سووژە و مەرگی مانا راگەیەندراوە. ئایا گەییشتووینەتە تابۆیەکی نوێ؟ تابۆی ژیانی مۆدێڕن کە دەبێت لێی شەرمنۆک و رووڕەش بین؟ تابۆی پرۆنۆگرافی بوون؟ تاریکییەکانی شێداری ئەهرامی میسر؟ چی بەسەر ئەورووپای پۆست مۆدێڕندا هاتووە؟ ئینسانی ئاقڵی ئاوەزمەند چ بەڵایەکی بەسەردا هاتووە؟
نووسینی: دوکتور موحەمەد سەنعەتی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: عادڵ قادری